«میوانێک لە سەرزەمینی دوورەوە» یان ماتەمێک بۆ مەرگی جوانی 

«میوانێک لە سەرزەمینی دوورەوە» یان ماتەمێک بۆ مەرگی جوانی

زەردەشت نورەدین

بەرایی: زیاتر له‌وه‌ی وتراوه‌

بەرهەمی ئەدەبی جیدی هەمیشە شتێک زیاتر لەوە دەگێڕێتەوە، کە گێڕاویەتییەوە، شتانێک زیاتر لەوە دەڵێت کە گۆی کردوون؛ لە ڕێگەی ئەوەی نیشانی دەدات، بەشی زۆری نیشاندراوی واقیعی بەر دیدەی هەمووان دادەپۆشێت بۆئەوەی هەندێ بەشی ئەوەی لە دیدە نادیار و داپۆشراوە نیشان بدات. چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، دیمەنێک نیشان دەدات، ڕووداوێک بەرهەم دەهێنێت، کاراکتەرێک دەئافەرێنێت، دیالۆگێک دەخاتەوە تاوەکوو دواجار شتێک بگێڕێتەوە کە لەناو ڕواڵەتی گێڕانەوەکەیدا نییە، دیمەنێک نیشان ده‌دات کە لەناو دیمەنە نیشاندراوەکانیدا نییە، لەڕێگەی ڕووداوە بەرهەمهاتووەکانییەوە، ڕووداوێکی تر بەرهەمبهێنێت کە بەرهەم نەهاتووە، لە ڕێگەی دیالۆگە وتراوەکانییەوە کۆمەڵێک دیالۆگی نەوتراو لەناو زیهنی خوێنەردا بخاتەوە کە لەناو دەربڕینە گۆکراوەکاندا نییە و…  ئەم ڕەهەندە داپۆشراوانە پەیامی دەق نییە، لەڕاستیدا دەقی ئەدەبی جیدی هەرگیز ناتوانێت بانگەشەی پەیامێک بکات وەکچۆن ناتوانێت بانگەشەی بێپەیامی بکات؛ لەبەرئەوەی لەڕووی ئەنتۆلۆژییەوە دەقی ئەدەبی جیدی وەکوو واقیع «فرەیە» و بۆ «یەک» کورت نابێتەوە و پەیامیش واتە «یەکایەتی دەق». ئاساییە دەقی نا-ئەدەبی پەیامی هەبێت کە زۆربەیان هەیانە و پەیام خۆبەخۆ شتێکی بێزراو یان دزێو نییە. تەنیا ئەوەیە ئەدەبی جیدی شوێنێکی بۆ پەیام نییە. ئەم ڕەهەندە داپۆشراوانە نەستی دەق، وەزیفەی دەق و تەنانەت هەڵوێستی نووسەریش نییە کە هەرکام لەوانە بابەتی سەربەخۆی  ناو کایەی ڕەخنەی ئەدەبی و تیۆری ئەدەبین و بەشێوەی جۆراوجۆر خراونەتەڕوو و گفتوگۆکراون و دەکرێن.

بە دەربڕینێکی تر دەتوانین بڵێین ئەم ڕەهەندە داپۆشراوانە، ناسەرەوەکانی دەقی ئەدەبی جیدین؛ دەشێت بەرهەمێکی ئەدەبی بخوێنینەوە وەکوو تەکنیک بەتەواویی شکڵی گرتبێت و بینا بووبێت و تەنانەت چێژ لە گەمە تەکنیکییەکانی وەرگرین و تووشی ڕامانی ئانوساتیمان بکات و بۆ ماوەیەکی کاتی لە خۆیدا نقووممان بکات و لە دەروروبەر دامانببڕێت، بەڵام لەگەڵ داخستنی کتێبەکەدا چێژ و ڕامانە ئانوساتییەکەشمان دابخرێت و کۆتایی پێ بێت و دەقەکە بۆ شوێنێکی تری ده‌رەوەی-دەقمان نەبات. لەم پنتەدا دەبێت پرسیاری داپۆشراوەکانی دەق قووت بکەینەوە و بڵێین سنورەکانی ئەم دەقە تا کوێ بوو؟ [سنورەکانی ئەم دەقە خودی دقەکە خۆی بوو]. لێرەدایە دەشێت ئەوەمان لا ڕوون بێتەوە دەقەکە ڕەهەندی داپۆشراوی نییە! هەرموو ئەوەی ویستی بیڵێت، وتوویەتی بۆیە پاش داخستنی کتێبەکە دەقەکە بێدەنگ دەبێت؛ لە کاتێکدا ئەو دەقانەی ڕەهەندی داپۆشراوی هەیە لە دوای داخستنی کتێبەکەوە دێتەگۆ.

هەموو ئاڵۆزییەکی تەکنیکی چەنێک سەرنجکێش و داهێنەرانەش بێت و وەکوو تەکنیکیش شکڵی گرتبێت، ئەگەر پەیوەست نەبێت بە ڕەهەندی داپۆشراوی دەقەکەوە جگە لەوەی فۆرمی تایبەت بەخۆی وەرنەگرتووە ئەوا دواجار لەگەڵ داخستنی کتێبەکەدا ڕووبەری کارکردنی خۆیشی دادەخات. بە تەنیشت ئەمانەوە مەرج نییە ئاڵۆزاندنی تەکنیکی، باسکردنی بابەت یان شتی تەواو نوێ و جیاواز و ڕەمزاندنی ڕەگەزەکانی دەق، بتوانێت ڕەهەندی داپۆشراوی دەق بەرهەم بهێنێت. لە بنەوەڕا بەبێ هیچ کردەیەکی زۆرەملێیانەی تەکنیکی، لێڵی مانایی و هێنانەبەرباسی شتێ جیاواز و نوێی بێ‌ڕەبت،ڕەهەندی داپۆشراوی دەق لە دەقی جیدیدا چێ دەبێت.

لەم سۆنگەوە دەتوانین چەند سەرنجێک لەسەر دەقی شانۆیی «میوانێک لە سەرزەمینی دووەرەوە»[1] بخەینە ڕوو. ڕواڵەتی دەقەکە لە ڕووی بابەت، تێما، پێشهات و… دووبارە یان ئاشنایە بۆ خوێنەر کە دەبارەی «جوانی، ئەنفال، غەنیمە، جەنگ، دەسەڵات و… »ـە، ئەمە بێگومان بۆ زۆرینەی هەرە زۆری دەقە ئەدەبییە گەورەکانی جیهانی ڕاستە؛ واتە ئەوە نوێیەتی بابەت، تێما، پێشهات و… هتد نییە کە دەقی داهێنەرانە دروست دەکات، بەڵکوو چۆنییەتی مامەڵەکردن و کارپێکردنی نوێگەرانەی پەیوەندیداری ئەوانەیە لە سیاقێکی دیاریکراودا. خوێنەری گۆشکراو بە چەشەی ژۆرنالیستی هەمیشە تێما، بابەت، پێشهاتی نوێ  و ڕواڵەتی نوێ بەگشتی سەرنجی ڕادەکێشێت، بۆ زانیاری نوێ لەبارەی شتی نوێوە دەگەڕێت؛ ئەمانەش سەر بە زانیاریی گشتین نەوەک ئەدەبیات کە لەم سەردەمەشدا بەهۆی تەقینەوەی زانیارییەوە و پەیوەندیگریی ناکۆتاوە بێمانا بوون.

شانۆنامەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێک دێت کە هاوکات سێ سیستەمی سیاسی-کۆمەڵایەتی جیاوازی هاوچەرخ بەرهەم دەهێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دوو سیستەمیان واتە بەشی یەکەم و دووەم لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبوون و هەن. لێرەدا بۆ تێگەیشتن لە دەقەکە و زەمینەسازکردن بۆ سەرنجەکانی دواتر بەناچار ناو لە هەرکام لەو سیستەمە سیاسی-کۆمەڵایەتییانە دەنێین؛ بەم شێوەیە، بەشی دووەم، یەزدانڕەوایی[2](تێز)، بەشی یەکەم بەعسیزم(ئەنتیتێز) و بەشی سێیەم، لیبرالیزمی ڕۆژهەڵاتی(سەنتێزی هەردووکی). کاتێک شانۆنامەکە دەخوێنینەوە هاوکات بەرهاوچەرخێتی و بەر مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لانیکەم لەسەردەمی داگیری ئیسلامەوە تاوەکوو ئێستا دەکەوین. ئەگەر بەشی یەکەم و دووەم و سێیەمی شانۆنامەکە بەپێی ڕیزبەندیی شانۆنامەکە بخەینە ڕوو؛ هاوچەرخێتی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان دەنوێنێتەوە و ئەگەر گۆڕانکارییەکی بچووکی تێدا بکەین و شوێنی یەکەم دووەم بگۆڕین مێژوویەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنوێنێتەوە.

ئەمەش پەیوەندی دیالەکتیکی هێگڵیانەی نێوان یەزدانڕەوایی و بەعسیزم دەخاتە ڕوو؛ هەم لە مێژووی ئیسلامیی و هەم لەمێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەردووکیان ئامادەییان هەیە و لە واقیعدا بەردەوام نەفی یەکتریان کردووە و یەکتریان بەرهەم هێناوەتەوە؛ لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت و زاڵبوونی تەواوەتی سەرمایەدارییەوه‌ هەردوو سیستەمەکە سەنتێزێکی نوێیان بەرهەمهێناوە کە دەشێت ناوی “لیبرالیزمی ڕۆژهەڵاتی” لێبنرێت. فۆرمی شانۆنامەکە لە هەناوی ئەم دیالەکتیکە هێگڵییەوە شکڵی گرتووە و دەبینین بەشی سێیەم و کۆتایی سەنتێزی دوو بەشەکەی ترە و کۆی شانۆنامەکەش بەسەر سێ بەشدا دابەش بووە. بەم بۆنەوە ئەگەر عێراق بە نموونە وەرگرین دەتوانین باشتر لەوە تێبگەین کە بۆچی بەعسیزم دەبێتە جێگرەوەی یەزدانڕەوایی و یەزدانڕەوایی دەبێتە شوێنگرەوەی بەعسیزم و هەنووکەش چۆن لە عێراقی فیدراڵدا هەردووکیان سەنتێزێکیان بەرهەمهێناوە. وەک چۆن لە شانۆنامەکەشدا دەبینین یەزدانڕەوایی وەکوو سیستەمی سیاسی دەبێتە جێگرەوەی بەعسیزم  و دواجار لیبراڵیزمی ڕۆژهەڵاتی هەردووکیان تێهەڵکێش دەکات. پرسیارە سیاسییە سەرەکییەکە لەپەیوەند بە سیستەمە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئەوەیە بۆچی تا ئێستا ئەڵتەرناتیڤی بەعسیزم و یەزدانڕەوایی دەرنەکەوتووە لە واقیعدا؟ سیستەمێک لە دەرەوەی دیالەکتیکی بەعسیزم و یەزدانڕەواییەوە نەوەک سەنتێزی ئەو دوانە. لێرەدا بۆ ئێمە لەم نووسینەدا ئەمە پرسەکە نییە و ئەم باسە تەنیا وەکوو پاشخان ئامادەیی هەیە. ئەوەی لێرەدا لەسەری دەوەستین پرسی جوانییه‌.

ئەنفال ڕووداوێکی فرە بنکە و دەشێت لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆری لێبکرێت؛ هەروەها پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی بە بەعسیزم و یەزدانڕەوایی ئسیلامییەوە هەیە؛ لە پەیوەند بەم باسەوە دوو لێکۆڵینەوەی گرنگ لە ئارادان یەکەمیان تاکنووسینێکی[3]خودی بەختیار عەلییە بەناوی «لێکۆڵینەوەیەک لەسەرچاوەکانی ئەنفال» کە لە پەیوەندیی بە بەعسیزمەوە نووسیویەتی و دووەمیان کتێبی «ڕەچەڵەکناسی ئەنفال؛ پێشەکییەک بۆ ئابووری سیاسیی ئیسلام»ـی مەنسور تەیفوورییە کە لە پەیوەند بە یەزدانڕەوایی ئیسلامییەوە لە ئەنفالی کۆڵیوەتەوە. خوێنەر دەتوانێت بۆ هەردوو نووسینەکە بگەڕێتەوە و لەپەیوەندیی ئەنفال بە بەعسیزم و بە یەزدانڕەوایی ئیسلامییەوە زیاتر تێبگات لەبەرئەوەی ئەم شانۆمایە تەنیا وەکوو پاشخانێك سوودی لێ بینیوە بۆ پرسه‌ سەرەکییەکەی کە «پرسی جوانی»ـیە.

بەشی یەکەم: فەتحی جوانی

ئەوانەی تا ئێستا باسکران دەکەوێتەوە ناو زانین و زانیاریی سیاقی دەرەکی بەرهەمهێنانی دەقەکەوە، کە بەرچاوڕوونی دەدەن بۆ تێگەیشتن لە دەقەکە و هەندێجاریش دەقەکە ڕێنوێنیمان دەکات زیاتر لە سیاقی دەرەکی تێبگەین. شانۆنامەکە بە گەڕانەوەی کۆمەڵێک سەرباز و سوپاسالار دەست پێدەکات کە  لە شەڕێک گەڕاونەتەوە، بە غەنیمەوە گەڕاونەتەوە؛ ئه‌مه‌ لەڕاستیدا بۆ خوێنەری کورد دیمەنی کارەساتی ئەنفال دروست دەکاتەوە و بەم جۆرە سەلیم کە سەرباز و خزمەتکاری سوپاسالارە جەنگەکەیان وەسف دەکات: «خۆتان دەزانن زەوییەکی زۆرمان لە ئاژاوەگێڕان و تێکدەران پاککردووەتەوە، سەدەها گوند و هەندێ شارۆچکەی بچووکیش…». مەروان کە شاعیری بارەگای میرییە بەم جۆرە لەسەر جەنگەکانی سوپاسالار دەدوێت: «دەمێک لە جەنگدا بوویت دەمێک شار و گوندەکانی دوژمنت خاپوور کرد، دەمێک لاشەی دووژمنەکانمان بە کاری تۆ دەبوونە خۆراکی شاهێن و داڵ…»[4].

وەک دەبینین هەموو شت باشە و وڵات لە کەشێکی ئاساییدا دەژی. سوپاسالار و سەربازەکانی غەنیمەیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و خودی غەنیمەش لە نەزمی بەشی یەکەم و دووەمدا حەڵاڵە و خۆ بەخۆ هیچ کێشەیەک دروست ناکات. لە سەرەتادا لەلای کاراکتەرەکانی ناو دەقەکە وادیارە «کیژێکی گوندەکی کە هەموو کەسوکارییان کوشتووە و خۆیشیان بە غەنیمەت گرتووە.»[5] بە بیری هیچ کاراکتەرێکدا نایەت غەنیمەیەک کە خودا و فەرمانڕەوا – شەرع و یاسا – حەڵاڵیان کردووە هیچ جۆرە کێشەیەک بخاتەوە؛ نەک هیچ کێشەیەک دروست ناکات، بەڵکوو دەچێتە خزمەت پتەوکردن و بەهێزکردنی نەزمە هەبووەکەوە. لە بەرانبەردا، لەگەڵ خوێندنەوەی زیاتری دەقەکەدا دەبینین «غەنیمەکە» نەوەک هەر کێشە دەخاتەوە، بەڵکوو دەبێتە هۆی نانەوەی ئاژاوە و تەنانەت ئاوەژووبوونەوەی نەزمی هەبوو.

دەبێت زیاتر لە سروشتی «غەنیمەکە» وردبینەوە بزانین بۆ کێشە دەخاتەوە؟  بێگومان جوانییەکەی، بەڵام کام جوانی و چ جۆرە جوانییەک ئایا هەموو جوانییەک ئەو مەترسییە دروست دەکات؟ دەبینین لە هەر سێ سیستەمی ناو شانۆنامەکەدا جوانیی تایبەت بە خۆیان بەرهەمدەهێنرێت و هیچ کێشەیەک دروست ناکات.

 غەنیمەکە «مێینەیەکی ئێجگار جوانە» بەڵام خۆ وڵاتەکە ئەگەر بە جوان قان نەدرا بێت ئەوا مێینەی ئێجگار جوانی تێدایە بەوپێیەی شاجوانیان هەیە. تایبەتمەندییەکی تری کە مێینەبوونەکەی و جوانییەکەی زیاتر زەق دەکاتەوە بریتییە لەوەی لە سەرزەمینێکی دوورەوە هاتووە واتە نامۆیە بۆ دانیشتوانی وڵاتەکە. ئەمەش وا دەکات جوانییەکەی خورافی بێت. دیلەکە لە «غەنیمە»یەکەوە دەگۆڕێت بۆ «مێینەیەکی خورافی جوان کە لە سەرزەمینێکی دوورەوە هاتووە و دواتر وەکوو حۆری دەناسێنرێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا چێژبەخشە». دەشێت بەم جۆرە سروشتی «غەنیمەکە» دابرێژینەوە؛ «ئەو جوانییەی هەم مێیە، هەم غەریبە و هەم چێژبەخشە». لێرە بەدواوە جۆری جوانییەکە هەندێ خەسڵەت وەردەگرێت: مێینەیی، چێژبەخشی و غەریبی.

سیستەمە ستەمکارە جیاوازەکان بەشێوەی جیاواز جوانیی قۆرخ دەکەن و بەرهەمی دەهێننەوە بەجۆرێک کە لەگەل تەواوی سیستەمەکەیاندا یەکبگرێتەوە و هیچ کێشەیەک دروست نەکات. وەک دەبینین لە بەشی یەکەمدا(بەعسیزم) جوانی پێناسە، پۆڵێن و قرخکراوە و بەگوێرەی پێویستیی نەزمەکە دابەش و بەرهەمهێنراوەتەوە. وڵات بە خۆشی و کامەرانی دەژی تاوەکوو جوانییەکی ئاوارتە و نامۆ دێتە ناو نەزمە هەبووەکەوە و وردە وردە گۆڕانکاری ڕوو دەدات. جوانی پێناسە و پانتایی جیاواز جیاواز لەخۆ دەگرێت و هەندێجار ئەوەندە فراوان دەبێتەوە کە قورسە خودی وشەی جوانیش ئەو هەموو جیاوازییە لە ژێر ناوی یەک تێگەدا کۆ بکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ بەردەوام بوون لە خوێندنەوەی دەقەکە جوانیی زیاتر خەسڵەت وەردەگرێت و کۆنکرێتی دەبێتەوە.

بەگوێرەی دەقە وەکوو پێشووتر ئاماژەمان پێدا جوانییەکە لێرەدا مرۆییە، لە پانتاییە مرۆییەکانیشدا؛ پانتاییە هەستەکییەکان لەخۆ دەگرێت. لێرەوە دەشێت  ڕەهەندە مەعنەوی و ناوەکییە نەبیراوەکانی کە گوزارشت لە چاکە و خێر دەکات لێی دابماڵین؛ واتە جوانی لێرەدا جوانیی ئەفلاتوونی نییە، هەروەها جوانی ئەخلاقیش نییە کە لە ئیسلام و نەزمەکانی ناو دەقەکەدا کۆڵەکەی ڕاگرتنی بەها زاڵەکانێتی و بەشی سەرەکیی و بەردەوامی لە ئەستۆ گرتووە. بەم مانایە «جوانییەکە» جۆرێکە لە «دژەجوانی» هەبوو. جوانییەکی ناباوە کە لەگەڵ پێوەر و پێناسە زاڵەکانی جوانیی نەزمی هەبوو یەکناگرێتەوە؛ هەر ئەمەشە وا دەکات کێشە دروست بکات.

نەزمی یەکەمی ناو دەقەکە کە دەشێت بە بەعسڕەوایی ناوی ببەین، جەنگ و جەنگاوەر گرنگترین خسڵەتی دەسەڵات پێکدەهێنن و کۆمەڵگا وەکوو سەربازخانەیەکی گەورە بینا بووە و لە جیاتی هاوڵاتی، ئەوە سەربازە وەکوو ماتەئەگەر لە هەموو تاکێکدا لە ئارادایە. ئاشکرایە لە بەشی یەکەمدا پەیوەندیی نێوان جوانی و جەنگ بە فراوانیی خراوەتە بەرباس. دەتوانین هەندێ دەربڕین لە دەقەکەوە لەمبارەوە بهێنینەوە و تاوەکوو مەترسییەکانی جوانی بۆ نەزمێکی وەها زیاتر ڕوون بکەینەوە: «پێش ئەوەی ببم بە سەرباز بەجۆرێکی ئاسانتر دەمتوانی ژنی جوان  و ناشیرین لە یەکتری جیا بکەمەوە…»[6] «جەنگ زەوقی زۆربەی پیاوەکانی تێکداوە، بەڵام ئێستا تەواو، ئێستا تەواو… ئیتر کاتێتی بیر لە جوانی و بەختەوەری بکەینەوە.»[7] «دەبینم زۆربەی ئەفسەر و پلەدارەکان جوان و ناشیرینیان بۆ لە یەکتری جیا ناکرێتەوە»[8]«نامەوێت تەنیا وەکوو جەنگاوەرێک سەرکەوتوو بم، دەمەوێت وەک مرۆڤێکی جوانناسیش بچمە مێژووەوە»[9] «ژنانی جوان لە هەموو شوێنێک و لە هەموو سەردەمێکدا ترسناکن، ئازاد بن یان دیل لە سەردەمی ئاشتیدا بێت یان جەنگ»[10].

ئەگەر جوانیی شەهوانیی و چێژبەخش لە ئارادا نەبێت، جەنگاوەران لە پێناو چیدا شەڕ بکەن؟ ڕاستە لە پێناو مەزنیی سەرۆک و شکۆمەندیی نیشتمان کە موڵکی تایبەتی سەرۆکە شەڕ دەکەن، بەڵام ئەم دوو فەزیلەتە لە دەرەوەی پانتایی هەستەکێتییە بۆیە هەرچەندە باڵا و شەرافەتمەندانە بێت هێشتا بەر جەنگاوەران ناکەوێت؛ ڕەنگە سەرکردەکان لەو فەزیلەتانە تێبگەن بەڵام جەنگاوەرەکان لەوە تێناگەن دەبێت شتێکی هەستەکی بێت و بەری بکەون تاوەکوو لە پێناویدا جەنگ بکەن؛ دواجار جگە لە جوانیی شەهوانی چێژبەخش کە لە مێینەدا بۆ جەنگاوەران چڕ دەبێتەوە هیچی تر ناتوانێت گوزارشت لەو پێویستییە قووڵە بکات. تا ئێرە هیچ کێشەیەک نییە و نەزمەکە خۆی پانتایی هەستەکێتی بەم جۆرە دابەشکردووە و جوانیی بۆ ئەو مەبەستە ئاراستە و دابین کردووە. لێرەدا ئەوە دەردەکەوێت کە جوانیی ڕامکراو، جوانی زاڵ و باو ڕاگری هەرە بنچینەیی نەزمەکەیە، هەر جۆرە درز یان کەلێن لەم دابەشکاری و پۆڵێنبەندییەی جوانیدا بە زیانی نەزمی هەبوو تەواو دەبێت وەکوو لە دەقەکەدا ئەوە دەبینین.

لە بەرانبەر ئەمەدا نەزمی بەشی دووەم یان یەزدانڕەوایی هەیە کە جیاوازییەکی بنەڕەتی لەگەڵ بەعسڕەوایی نییە تەنیا ئەوە نەبێت لە جیاتی ئەوەی سەرۆک موقه‌دەس بێت. خودا، پێغەمبەر و هاوەڵەکانی موقەدەسە، لە جیاتی ئەوەی لە پەیوەند بە حیزبی سەرۆکەوە، بەگوێرەی دوورو و نزیکی لێوەی شوناس وەرگرن؛ لە پەیوەند بە ئیسلامەوە شوناس وەردەگرن و… هەندێ وردە گۆڕانکاری تر. ئەمەش جارێکی تر جەخت لەوە دەکاتەوە بەعسیزم و یەزدانڕەوایی ئیسلامی لە پەیوەندییەکی دیالەکتیکیدا بەردەوام یەکتری بەرهەم دەهێننەوە. یەزدانڕەوایی ئیسلامی بە هەمانشێوەی بەعسیزم بۆ پرسی جوانی  دابەشکاری و پۆڵینبەندیی هەستەکی خۆی هەیە، کە بە عسیزم بە ئەندازەیەکی زۆر قەرزدارێتی.

وەک لە دەقەکەدا دەبینین ئەوکاتەی «جوانییە ئاوارتەکە» دابەشکارییە هەستەکێتییەکەی بەعسڕەوایی دەهێنیتە لەرزە و تووشی قەیرانی دەکات و ناتوانن لەناو تێگە ئامادەکانی خۆیاندا بۆ جوانی جێگەی بکەنەوە، سوپاسالار و بارەگاوانەکانی کۆ دەبنەوە و بڕیار لەوە دەدەن چۆن ئەو جوانییە ئاوارتەیە بە خەڵک بناسێنن بەبێ ئەوەی ڕەهەندە قەیرانسازییەکەی بگوازنەوە لەگەڵیدا؟ چۆن بتوانن بە خەڵکی ئاشنا بکەن بەبێ ئەوەی پێناسەی پێشوەختی جوانی لەلای خەڵک درزی تێبکەوێت و بڕواتە ژێر پرسیارەوە؟ چۆن بتوانن هاوکات هەم جوانییە ئاوارتەکەی بگوازنەوە بۆ ناو پانتایی هەستەکێتی خەڵک و لەگەڵ ئەوەشدا پانتایی هەستەکێتییان هەڵنەوه‌شێنێتەوە؟ ئەمەش گرنگترین چرکەساتی چارەنووسسازی ناو دەقەکەیە کە لە دوو بەشەکەی دواتردا بەشێوەی تر دەردەکەوێتەوە.

لێرەدا هەندێک لەو دەربڕینانەی سەر زاری کاراکتەرەکان لە دەقەکەوە دەهێنینەوە کە گوزارشت لەم چرکەساتە قەیرانسازەی جوانییە ئاوارتەکە دەکەن کە پانتایی هەستەکێتی نەزمە هەبووەکەی خستووەتەوە بەردەم هەڵوەشاندنەوە: «[سوپاسالار]: ویستم بزانم ئاخۆ ئێوەش هەمان ساتی سەرسامی دەژین، وەک من دەکەونە گومانەوە کە جوانیی ئەم کیژە سەر بەم دونیایە نییە»[11] «[مەروان]:ئەوەی من بینیم موعجیزەیەکی خودایی بوو… بەجۆرێک تا مردن دەمەوێت لەوێدا بوەستم و لێی ڕابمێنم، نەوەک چەند ساتێک بەڵکوو یەک چرکەی کورت بەسە بۆ ئەوەی مرۆڤ هەست بکات مرۆڤ تا ئێستا ڕوخساری وەهای نەبینیوە، یەک نیگا بەسە تا تێبگات تا مردن جوانیی وەها نابینێتەوە، من تەنیا سەرسام نیم وەختە بێهۆش دەبم و توانای قسەکردن لە دەست دەدەم.»[12] «[موحسین]: ئەوەی لەو چەند کورتە ساتەدا بینیمان هەر جێگای سەرسامی نییە، بەڵکوو شتێکە مرۆڤ بۆ هەتاهەتایە لەیادی ناکات، وەک ئەوە بوو تیشکێکی خودایی بەرم کەوتبێت و ڕووناکییەک لە ئاسمانەوە هاتبێت لێی دابێتم.»[13] «شاردنەوەی جوانیی وەها کارێکی دادپەروەرانە نییە و هەروەها دەرخستن و ئاشکراکردنیشی.» «ئەگەر دەیشاریتەوە خەڵکی چۆن بزانن تۆ خاوەنی ئەم پەریزادە تاقانە و بێوێنەیەیت و ئەگەر ئاشکراشی دەکەیت دەبێت بزانیت جوانیی ئەم مەخلوقە مەترسی خۆی هەیە.»[14] «بەدووری نازانم ئەگەر کەسانێک بیبینن هۆش و عەقڵی خۆیان لە ده‌ست بدەن.»

لە درێژەی گفتوگۆکەی سوپاسالار و بارەگاواناندا لەسەر ئەوە ڕێک دەکەون لەناو زاراوەیەکی ئێستاتیکی تەواو ڕیزپەڕ و شازدا جێی بکەنەوە بەبێ ئەوەی پانتایی هەستەکێتی باو هەڵوەشێنێتەوە؛ بۆ ئەم مەبەستە تەنانەت زاراوەی شازدە و شاژنیش ناتوانێت نازناو یان پێناسەیەک بێت کە  جوانییە ئاوارتەکە هەڵگری بێت. هەربۆیەش قەرزێکی ڕاستەوخۆ لە زاراوەسازی ئیسلام دەکەن کە ئەویش بریتییە لە «حۆری». حۆری بۆ ئیسلام هەمان میوانە کە لە سەرزەمینێکی دووردا(بەهەشت) چاوەڕێی جەنگاوەرە ئیماندارەکان دەکات. لەم چرکەساتە قەیراناوییەدا کرۆکی نەزمی بەعسڕەوایی بە تەواوی دەردەکەوێت کە نەک هەر ناتوانێت ئێستاتیکای ئیسلام تێپەڕێنێت، بەڵکوو بەوپەڕی هێزەوە بەرهەمی دەهێنێتەوە. نادیەخان بەم جۆرە پێشنیارەکەی خۆی بۆ جێکردنەوەی جوانییە ئاوارتەکە، لەناو سیستەمی جوانیی نەزمی هەبوودا دەخاتە ڕوو کە نە جوانییەکەی ئاسایی ببێتەوە و نە ئاوارتەبوونەکەی سیستەمەکە هەڵوەشێنێتەوە.

 «بیرۆکەکەی من شتێکی سادەیە، ئەم کیژە ئێجگار ئەفسوناوی و جوانە، هەم پیاوان و هەم ژنان سەرسامی دەبن، بە شەرمەوە دەیڵێم من وەک ژن زیاتر لە ئێوە چیژ لە بینینی دەبینم. ئەگەر وەک غەنیمە و دیلی جەنگ پیشانی بدەین، خەڵکی لەبری ئەوەی سەرسامی بن، بەزەییان پێدا دێتەوە، لەبری ئەوەی ستایشی سوپاسالاری گەورەمان بکەن بە چاوی ستەمکار لێی دەڕوانن. ڕاستی من ئەم کیژە وەکوو دیارییەکی خودایی بۆ جەنابی سوپاسالار سەیردەکەم. ئەم کیژە حۆرییەکی بەهەشتە و کەوتووەتە باغی ئێمەوە. گەورەم جەنابی سوپاسالار، خودای گەورەمان ویستوویەتی پاداشتی ڕەنجی ئێوە بداتەوە. کیژەکە لە ئاسمانەوە، لە بەهەشتەوە بەربووەتەوە ناو باغەکانی ئێوە، حۆرییەکی ڕاستەقینەیە. ئەمە تەنیا چیرۆکێکە بتوانێت تەفسیری جوانیی ئەم کچە بکات.»[15]

ئەم بیرۆکەیە لە سەرەتادا وەکوو چارەسەرییەکی گونجا دێتە پێشچاو و هەمووان قبووڵی دەکەن. دوای ئەوەی کە بەو جۆرە وەکوو «حۆری» ده‌یناسێنن و تەنانەت ناوەکەیشی لە ئایەتێکی قورئانەوە قەرزدەکرێت: سوندس[16]. زۆری پێناچێت کە دەردەکەوێت ئەم جۆرە ناساندنەی جوانە ئاوارتەکە دیوێکی تری جوانیی هەڵدەماڵێت کە پەیوەستە بە دەسەڵاتەوە. جوانی لەناو سیستەمی بەعسڕەوایی و یەزدانڕەوایی ئیسلامیدا پاک و بێگەرد نییە و لە دەسەڵات و قورخکارییەوە ئاڵاوە، بۆ مەبەستی سەرکوتکردن، کۆنترۆڵکردن و بەرهەمهێنانەوەی دۆخی هەبوو تەرخان کراوە؛ بەتایبەتی ئەگەر جوانییەکە مێینه‌یەتی و شەهوانییەتی لەخۆگرتبێت. بەپێچەوانەی ئەوەی چاوەڕوان دەکرا جوانە ئاوارتەکە ببێتە مایەی خۆشی و بەرەکەت بەسەر سوپاسالار و خەڵکەکەدا بڕژێت دەبێتە مایەی هەڵگیرساندنی حەسوودی، دووبەرەکی و ئاژاوە لەناو دەسەڵاتداراندا. بەم بۆنەیه‌وە بڕیار لە ونکردن و سڕینەوەی جوانە ئاوارتەکە دەدرێت نەوەک هەر بە فیزیکی و لەناو دەسەڵاتداراندا، بەڵکو وەکوو یاده‌وەریش لە زیهن و یادی خەڵکدا دەسڕدرێتەوە. جوانییە ئاوارتەکە بڕیار وابوو مزگێنی شادی و چێژ بۆ هەمووان بێنێت، به‌ڵام  دەبێتە سەرەخۆرەی دەسەڵاتداران و نەفرەت بەدوای خۆیدا دێنێت.

بەشی دووەم: سەرنجڕاکێش تر لە ژیان

پرسیارێک کە هەر لە سەرەتای دەقەکەوە هەست بە سێبەرەکەی دەکرێت لە کۆتایی بەشی یەکەمدا خۆی دەردەخات و لە پەردە دێتەدەر، لەگەڵ ئەوەشدا دەقەکە کۆتایی دێت وەڵامەکەی بەردەست نابێت. پرسیارەکە بەم جۆرەیە: جوانییە ئاوارتەکە(غەنیمەکە) بۆچی لە زێدی خۆی ئاژاوەی نەناوەتەوە، نەبووەتە هۆی پشێویی و ماڵوێرانی؟ ئایا جوانە ئاوارتەکە لە واری خۆی جوانێکی ئاسایی بووە یان ئەوەتا ئێستاتیکای ”گوندەکییە شاخاوییەکان”هەر لە بنەوەڕا جیاوازە لە ئێستاتیکای بەعسڕەوایی، یەزدانڕەوایی ئیسلامی و لیبرالیزمی ڕۆژهەڵاتی (سەنتێزی ئەو دووەی پێشوو) کە جوانی بەو تانوپۆیەوە نەک بۆ قەیران، بەڵکوو کێشەش سەرناکێشێت؟ ئەم پرسیارانە لەناو ئاسۆی دەقەکەدا وه‌ڵام وەرناگرنەوە وەکوو پرسیار دەمێننەوە و لە دەرەوەی دەق دەشێت بەشێوەی جۆراوجۆر وه‌ڵام بدرێنەوە لەبەرانبەردا لەجیاتی ئەو پرسیارانە دەشێت تیشکۆی پرسەکە بگوازینەوە بۆ سەر ئەو سیستەمەی ئێستاتیکا تێیدا فەتحکراوە و جوانیی تێیدا بووە بە غەنیمە: ڕەنگە ئەمە کرۆکی پرسەکە بێت لە سنوری دەقەکەدا. هەر ئەمەشە وا دەکات جوانییەکە دۆزەخی بێت و ئاژاوە و ئاوەژووبوونەوە بەدوای خۆیدا بهێنێت.

ئاماژەمان بەوەدا یەزدانڕەوایی(فەرمانڕەوایی ئایینی) ئیدی هەر جۆرێکی بێت (زەردەشتی، یەهوودی، مەسیحی یان ئیسلام) لەگەڵ بەعسڕەوایی(حوکمی بەعس) جیاوازیی بنەڕەتی نییە و لە هەندێ پنتی لاوەکیدا جیاوازن. ئەگەر ئەو کڵێشە باوە لێرەدا دووبارە بکەینەوە لەمەڕ هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتردا ئەوا بەعسڕەوایی دەبێتە خراپەکە و یەزدانڕەوایی ئیسلامی(ئیسلامی سیاسی) دەبێتە خراپترەکە. بەگوێرەی ئەمە دەتوانین بڵێین هەموو فۆرمەکانی ئیسلامی سیاسی کە خوازیاری حوکمڕانیی وڵاتن دواجار لە بەعسیزم ترسناکتر و کارەساتهێنترن. بەعسیزم هەموو هێزی خۆی لەسەر ئەوە چڕ دەکاتەوە تاوەکوو سیستەمێکی تەواو تۆتالیتار هەموو کون و قوژبنێکی ژیانی مرۆڤ داگیر بکات و بیخاتە ژێر ڕکێڤی خۆیەوە لەگەڵ هەموو هەوڵەکانیدا ناتوانێت دیوە ناوەکییەکەی مرۆڤ داگیر بکات؛ ئەگەرچی کپ و بێدەنگی دەکات لە بەرانبەردا یەزدانڕەوایی بەعسیزمێکی بەناوەکیبووە و تا هەناویترین پنتەکانی ناوەوەی مرۆڤی داگیر کردووە و هەر ئەمەشە وادەکات ئسیلامی سیاسی چەند قاتی بەعسیزم مەرگدۆستر و وێرانکەرتر بێت؛ «[ئەمیری ئیمانداران]: بەڵێ ئەوە نیازی دەوڵەتەکەی منە، هەموو شوێنێک ببێت بە دادگا، ناو ماڵەکان، سەر شەقامەکان، ناو خوێندنگەکان، سەرە ڕێگاکان. مرۆڤ مەخلوقێکی گوناهبار و ناشیرینە و پێویستە ئەوە لە هاوڵاتیانی دەوڵەتی نوێ تێبگەێنین.»[17]، «[ئەمیری ئیمانداران]: دەشزانیت من دڵڕەقم وەکوو شمشێر، بێبەزه‌یم وەک گورگی برسی، توڕەم وەک ئاوی بەربەستێک بەربێت و هەموو شت لەگەڵ خۆی ببات.»[18]، «[ئەمیری ئیمانداران]: دەشزانیت کتێبی پیرۆزی خودا ئەو ڕێگایەی بۆ کردوومەتەوە، چ سەرێک دەمەوێت بیپەڕێنم، چ جەستەیەکی فاسق هەیە ئاگری تێبەردەم، چی ببێتە ڕێگر لەبەردەم هێزی ئاینداراندا لەسەر زەمین بیسڕمەوە»[19]. ئەم دەبڕینانە جەخت لەو بۆچوونەی پێشوو دەکاتەوە.

ئەوەی لە دەقەکەدا گرنگە خودی سیستەمی بەعسیزم و یەزدانڕەوایی ئیسلامی نییە، بەڵکوو چارەنووسی جوانییە لەناو سیستەمگەلی لەو جۆرەدا. لە پەیوەند بەم باسەوە؛ سەرەتا هەندێک دەربڕین لە پەیوەند بە جوانیی غەنیمەکەوە لە بەشی دووەمی دەقەکە دەهێنینەوە، بە مەبەستی زیاتر ڕوونکردنەوەی بانگەشەکەی پێشوو، لە درێژەدا بەر ئەوە دەکەوین بە هەمانشێوەی بەشی یەکەم لە بەشی دووەمیشدا جوانە ئاوارتەکە سامناک و ترسناکە بۆ سیستەمە نوێیەکە و هەر بە باسکردنی نەوەک بینینی هەمووان تووشی دڵەڕاوکێ و شڵەژان دەکات: «[سەلیم]: ئەمیری پایە بڵندم، ئەوەی من هەمە شتێکی ترسناکە، سەرەتا دەبێت خۆتان بیبینن. حۆرییەکی ڕاستەقینەیە جوانییەکی سیحراوییە کە لە بەهەشتەوە هاتووە…»[20]

 هێشتا ئەمیری ئیمانداران جوانە ئاوارتەکەی نەبینیووە، کاتێک دەیبینێت بەم جۆرە گوزارشتی لێ دەکات و لەو بارەوە حوکمێک دەدات کە دەبێتە خاڵی جیاوازی نێوان بەعسیزم و ئسیلامی سیاسی؛ «ڕاستی ئەوە شتێکە بەدەر لە هێزی وەسفی مەخلوقاتی فانی، جوانییەکە دوورە لە توانای ستایشی مەخلوقێکی ناشیرینی وەک ئینسان. بۆیە فەرمانی یەکه‌ممان ئەوە بوو، هەرکەس بییەوێت بە شیعر یان وێنە نیگاری ئەم مەخلوقە عەجایەبەی خودا بکێشێت سزای توندی دەدەین». لە بەعسڕەوایی بەشی یەکەمدا لە جوانییەکەیدا وەبەرهێنان دەکرا و وەگەڕ دەخرا بە مەبەستی بەدەستهێنانی قازانج و لەو درێژەدا شاعیران، نووسەران، ڕۆژنامەوانان، فیلمسازەکان و دواجار میدیاكاران بە گشتی سودمەند دەکران تاوەکوو قازانجی زیاتر لە جوانییەکە بەدەست بهێنن. لە یەزدانڕەوایی بەشی دووەمدا هەموو جۆرە نواندنەوەیەک قەدەغە دەکرێت، ئەمە جگە لەوەی کرۆکی ئایینی ئیسلامە کە لە نواندنەوەی هونەرییانەی جوانیی تۆقیووە و تووشی هیستریا بووە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كه‌ چین و توێژە جیاوازەکان بەشدار و سودمەند نەبن لە بەدەستهێنانی قازانجەکانی پرسە خوداییەکاندا و تەنیا بۆ چینی ئاینیی پاوان بکرێت و لەناو ئەو چینەشدا لە ئەمیری ئیمانداراندا چڕ بێتەوە. دیوێکی تری ئەم پرسە وەکوو لە درێژەدا دەیبینین بۆ ئەوەیە جەنگاوەرەکان ڕاستەوخۆ و بەبێ میدیۆم بەر پارچەیەکی بەهەشت  بکەون و هەموو هۆش و گۆشیان بۆ مردن ئامادە ببێت.

لە بەشی یەکەمدا جوانییەکە بە پلەی یەکەم بۆ بەدەستهێنانی پارە و زیاتر کردنی سەرچاوەی دەسەڵات سودی لێ دەبینرا هەر ئەوەش بوو هەموو فەرماندەکانی تری لە سوپاسالار پڕ کرد و سکاڵایان بردە لای سەرۆک و ئەویش بڕیاری لەناوبردنی جوانە ئاوارتەکەیدا. بەڵام لە بەشی دووەمدا غەنیمەکە دەخرێتە خزمەتی خوداوە لەبەرئەوەی خودا بۆ چینی ئایینی و شەخسی ئەمیری ئیمانداران قۆرخکراوە، تاوەکوو ژمارەی بڕواداران زیاد بکات پێگەی چینی ئاینی و ئەمیری ئیمانداران تۆکمەتر دەبێت؛ «[ئەمیری ئیمانداران]: ئێمەی خەڵکانی ئیماندار دەبێت ئەم حۆرییە بەکاربهێنین تا بێبڕواکان باوەڕ بە خودای گەورە و دینەکەمان بهێنن، هەستدەکەم خودای تەبارەک و تەعالا بۆیە ئەم حۆرییەی ناردووە تا گومانی مرۆڤەکان بڕەوێتەوە. من بزانم حۆرییەکە بۆ واجبێکی ئایینی هاتووەتە سەر زەوی»[21]. لە درێژەدا بەر ئەوە دەکەوین، زۆرێک لە بێبڕواکان و ئەوانەی دژی ئیسلام کاریان کردووە بەهۆی حۆرییەکەوە وەردەگەڕێنە سەر دینی ئیسلام. هەروەها خەڵکانێکی زۆر بۆ ئەوەی بەر حۆرییەکە بکەون و لەگەڵی جووت بن، خۆیان ناونووس دەکەن بۆ جەنگ، ئەمەش وا دەکات بەلێشاو خەڵک بەرەو بەرەکانی جەنگ بڕۆن و ڕووبەڕووی دوژمن ببنەوە، تەنیا لەبەرئەوەی بمرن و زوو بە سەرزەمینی حۆرییە نەبڕاوەکان بگەن.

ئەگەر لە بەشی یەکەمدا جوانییە ئاوارتەکە کێشەی بۆ دەسەڵاتداران نابێتەوە و کەوتبێتنە ململانێیەکی کوشندەوه‌ بۆ ئەوەی بەهێزترینیان سەرچاوەکەی دەسەڵاتەکە واتە حورییەکە بەدەست بهێنێت ئەوا لە بەشی دووەمدا ململانێکە لە نێوان دەسەڵاتداراندا نییە، بەڵکوو لە نێوان بەهای ژیان و بەهای مردندایە، لەبەرئەوەی حۆرییەکە پێشوەختە تەرخانکراوە بۆ هەموو ئیمانداران؛ بۆیە کێشە لەناو چین و توێژەکاندا نییە، بەڵکوو لە نێوان بەهای ژیانکردن و بەهای مردندایە. «[دەوڵەمەند]: ئەوەی ئەو مەخلوقە دەبینێت خواستێکی سەیری تێدا دروست دەبێت، بۆ ئەوەی بمرێت. هەستێکی شەیتانی کە هەموو شتێکی ئەم دونیایە پووچە…»[22]، «[هاوکاری دەستە ڕاست]: بۆچوونەکانمان دروست بوون، شتێکی سامناکە. جەنگاوەرەکانمان تەنیا بۆ مردن ڕوو لە جەنگ دەکەن»[23]، «[هاوڕێی ئەمیر١]ئەمڕۆ هێزێک ڕەوانەی جەنگ دەکەین سبەینێ لاشەکانیان دێتەوە، ڕاستیتان دەوێت ئەم حۆرییە بووە بە بەڵایەکی گەورە…»[24]، «[ئەمیری ئیمانداران دەچێتە نزیکی چرپای حۆرییەکەوە و دەڵێت]: لەو ڕۆژەوەی تۆ دەرکەوتوویت، وێنەی ئەم گەردوونە گەورەیە لەبەرچاوم گۆڕاوە. دەزانم جەنگمان دۆڕاند، بەڵام دوای بینینی تۆ هەم من و هەم جەنگاوەرانم مردن وەکوو سەرکەوتن دەبینین»[25].

لە کۆتایی بەشی دووەمدا بەر هەمان پرسی کۆتایی بەشی یەکەم دەکەوینەوە؛ جوانی لەناو سیستەمی یەزدانڕەواییدا پاک و بێگەرد نییە، جگە لەوەش «جوانی وەکوو جوانی» هێشتا لەدایک نەبووە و سەربەخۆ نەبووە. جوانیش وەکوو هەر پانتایی یان تێگەیەکی تری مرۆیی بۆ خودا تەرخانکراوە و کراوە بە قوربانی تۆکمەکردن و بەردەوامی یەزدانڕەوایی ئیسلامی. بەتەنیشت فەتحی ئێستاتیکا و لاقەکردنی جوانی لەلایەن ئایدۆلۆژیای ئیسلامییەوە کە دواجار لەناو خۆیدا تەواو ملکەچ و دەستەمۆی دەکات و بەگوێرەی پێویستی خۆی لە ئاستە جیاجیاکاندا بەرهەمی دەهێنێتەوە، بەڵام وەک لە دەقەکە و لە مێژووی ئسیلامدا دەیبینین هەرگیز بەتەواوی لەم کارەیدا سەرکەوتوو نەبووە و نەیتوانیوە تەنیا بۆ مەرامی خۆی بەکاری بهێنێت وەک بڵێی جوانی شمشێرێکی بێ دەسکە، هەرچۆن بیگریت دەتبڕێت!

مەنسور تەیفووری لە کتێبی «ڕەچەڵەکناسی ئەنفال»دا باس لە چرکەساتێکی بەرایی ئێجگار گرنگی ئیسلام دەکات کە دواجار چارەنووسی کۆی داهاتووی ئیسلام دیاری دەکات، ئەویش ئێوارەی بردنەوەی یەکه‌م شەڕی موسڵمانەکانە لە جەنگی بەدردا، کێشەیەکی گەورە لەناو موسڵمانەکاندا دێتەپێشێ کە سورەتی «ئەنفال»ـی بۆ تەرخان کراوە. ئەویش دەربارەی کێشەی چارەنووسی ئەنفال(غەنیمە)کانی جەنگە. ئیسلام وەکوو ئاینێکی ئیبراهیمی کە نەریتێکی لەمێژینەی هەبووە و نەریتێکی سەرپێ خستووە، حوکمی لەبارەی ئەنفال(غەنیمە)وە ئێجگار ڕوون بووە؛ «ئەنفال یان غەنیمەکانی جەنگ بۆ کەس نییە دەبێت بسوتێندرێت». خودای ئیسلام غەنیمە بۆ پێغەمبەر و شوێنکەوتوانی حەڵاڵ دەکات، واتە بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئایینی ئیبراهیمیدا، دوای ئەو هەموو پێغەمبەرانە، پێغەمبەرێک کە ئاینێکی نوێ دروست دەکات، «غەنیمە یان ئەنفال حەڵاڵ دەکات» شتێک کە بەگوێرەی نەریت تا ئەو کاتە قەدەغە بووە.

ئەم چرکەساتە بەراییەی ئیسلام بە دیمەنێکی بەشی دووەمی ناو شانۆنامەکە گرێ دەدەینه‌وه‌ کە تێیدا سەلیم و تارمایی سوپاسالار لە دوای هەرەسی دوو سیستەمی دەسەڵات بەهۆی جوانییە ئاوارتەکەوە لەسەر جەوهەری جوانییە ئاوارتەکە دەکەونە گفتوگۆوە بەمشێوەیە: «[تارمایی سوپاسالار]: ئێستا کەوتوومە گومانەوە. سەرەتا وامدەزانی ئەم حورییە لە بەهەشتەوە هاتووە، ئێستا وەختە بڵێم لە دۆزه‌خەوە هاتووە.»، «[سەلیم ”پێدەکەنێت”]: تۆش جەنابی سوپاسالار، تۆش؟ دۆزەخی کوێ گەورەم؟ دۆزەخی چی؟ ئێمە هەموو کەسوکاریمان کوشت، گوندەکەیمان لەگەڵ زەویدا تەخت کرد، ئاگرمان لە تەواوی باغ و دارستانەکان بەردا، گەورەم کیژەکە لەو دۆزەخەوە هاتبوو».

ئەگەر لێرەدا لە پەیوەندیی نێوان پرسی ئەنفال(غەنیمە) و پرسی جوانی لەناو ئیسلام وردبینەوە، دەشێت بە دەرەنجامێکی سەرەتایی بگەین؛ جوانی تەنیا زاراوەیەکی ئەبستراکتی ناو ئێستاتیکا نییە، هەروەها ئێستاتیکاش بوارێکی دابڕاو لە ژیانی ڕۆژانە، کۆمەڵگا و شێوە ژیانی دیاریکراو نییە. لە سیستەمی یەزدانڕەوایی ئسیلامیدا ناکرێت «جوانی» لە هەمان پێگەی خۆیدا بمێنیتەوە و هەمان کارکردی خۆی هەبێت. شێوە ژیانێک لەسەر ئەنفال(غەنیمە) بینابووبێت بێگومان جوانی تێیدا، هەمیشە بە پێچەوانەوەی سروشتی خۆیەوە مامەڵە دەکات؛ لە جیاتی ئەوەی سەرچاوەی ژیان، شادی و چێژ بێت بۆ سەرچاوەی نیگەرانی، حەسوودی، ئازار و مەرگ وەردەگەڕێت، لە قەڵەمڕەویی ژیانەوە باروبنەی دەپێچێتەوە بۆ ناو قەڵەمڕەوی مەرگ و لەوێدا واری خۆی خۆش دەکات. ئەمەش بە ڕوونی لە شانۆنامەکەدا لە هەرسێ بەشەکەدا دەبینین کە بەشێوەی جیاواز جوانی ئاژاوە و ئاوەژووبوونەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لە بەشی یەکەمدا ڕوخساری دەسەڵات لە پەیوەند بە جوانییەوە هەڵدەماڵێت، ئەو دیوەی جوانی نیشان دەدات کە لە جیاتی ئەوەی کارکردی خۆی هەبێت کارکردی دەسەڵاتی وەرگرتووە. لە بەشی دووەمدا واتە لە یەزدانڕەوایی ئیسلامیدا جوانی بەهه‌مانشێوەی بەشی یەکەم لە کارکردی خۆی کەوتووە و کارکردی مەرگی هەڵگرتووە؛ دەبینین ئەمیری ئیمانداران بە جوانە ئاوارتەکە دەڵێت: «دوای بینینی تۆ هەم من و هەم جەنگاوەرانم مردن وەکوو سەرکەوتن دەبینین.» لە ئاستە قووڵەکەیدا خودی ئەنفال هەڵهێنانی یەکەم هەنگاوە بەرەو دۆزەخ، بەرەو مەرگدۆستی و ئەمە بەڕوونی تەنانەت لەناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینین کە سیستەمەکانیان یان بەعسڕەواییە یان یەزدانڕەوایی ئیسلامییە یان تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان.

 

بەشی سێیەم: جیهانە نوێیەکە

بەدرێژایی خوێندنەوەی دەقەکە، زیهنی خوێنەر – لانیکەم خوێنەری باشوری کوردستان – بەرەو مێژووی هاوچەرخ ئاراستە دەبێت و ئەم ئاراستەبوونە لە بەشی سێیەمدا بە لووتکە دەگات؛ تەریب بە جیهانی نێو دەقەکە و جیهانی دەرەوەی دەقەکەش ئامادەیی هەیە، پەیوەندی نێوان ئەو دوو جیهانە نە ڕاستەوانەیە و نە نواندنەوەی واقیعە وەکوو خۆی، بەڵکوو ئیشکردنە لە مێژووی هاوچەرخدا لەناو ئەدەبیاتدا و بە کەرەستەی ئەدەبی. بەدەربڕینێکی تر مێژووی لانیکەمی سەت ساڵی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پەیوەند بە کوردستانەوە دەبێتە ماتریاڵی ئەدەبی بۆ نووسەر و بەرهەمی ئەدەبی لێ دەئافرێنێت. لەم کردەی ئافراندنە، سەرەرای هەموو نزیکایەتی و لێکچواندنەکان کە دەشێت ئەمانە وەکوو کەرەستەی بینراو، بیستراو و خوێندراوە تەماشای بکەین، کە لە هەناوییەوە ڕەهەندی نەبینراو و کەشفنەکراوی هەمان واقیعی ڕۆژانە و واقیعی مێژوویی دەخرێتە ڕوو بە تەنیشت ئەوەشەوە، لەو بەینەدا بەهۆی ئەم بەریەک كەوتنەوە، ڕەهەندی داپۆشراوی خودی دەقەکە دەڕسکێت کە چیدی لە ئاستی مەتریاڵیشدا ناڕواتەوە سەر واقیعی ڕۆژانە یان واقیعی مێژوویی، بەڵکوو پانتاییەکی نوێ چێ دەکات کە لەو ڕێگەوە کۆی واقیعی ژیانی ڕۆژانە و واقیعی مێژوویی لەگەڵ جیهانی ئافرێنراوی سەر ئەو دوو واقیعە دەخرێنە نێو ڕامان و بیرکردنەوە. بۆ نموونە دەشێت وەکوو ڕووداو، کاراکتەر، دیالۆگ، فەزا، کات و شوێن هەر کامیان بەجیا لە چرکەساتێکی واقیعدا ببینینەوە، بەڵام هەموو ئەوانە پێکەوە بەم شێوەیە نابینرێتەوە؛ واتە هەموو ئەو ڕەگەزانە لە پێگەی ماتریاڵی ئەدەبیدا بوون و شتێکی نوێی لێ بەرهەم هاتووە، جگە لەوەش هەموو ئەوانە لە پەیوەند بە جوانییەوە خراونەتەگەڕ و ئەمە ئەو ڕەهەندە داپۆشراوەی دەقەکەیە کە لە بەرکەوتنی ماتریاڵ و ئافراندنەوەی ماتریاڵ چێ بووە و تووشی ڕامان و بیرکردنەوەی نوێمان دەکات بەرانبەر هەم دەقەکە و هەم واقیع؛ واتە هاوکات بیر لە هەردوو جیهانە تەریبەکە دەکەینەوە لێی ڕادەمێنین.

لەم سۆنگەوە لەسەر ئاستی فۆرم نووسەر جگە لە جیهانی دەرەوە، بەشی یەکەم و دووەمی خودی دەقەکە وەکوو ماتریاڵ بۆ بەشێکی نوێ، بەکار دەهێنێت کە بەشی سێیەم و کۆتایی لێ دەکەوێتەوە. ئەمە تەنیا گەمەیەکی ڕووتی فۆرم نییە، بەڵکوو گرێدراوی ئەو دیالەکتیکە هیگڵییەیە کە لەهەناوی هەرسێ بەشەکە یان بەدەربڕینێکی باشتر سێ جیهانەکە لەئارادایە. سەرەڕای ئەوەی زۆربەی ڕەگەزەکان لە بەشی یەکەم و دووەمەوە وەردەگیرێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە سیاقێکی تردا بەکاربراون بۆ ڕەگەزی نوێ وەرگەڕاون. لە وردبوونەوە لەم گەمە فۆرماڵەی دەقەکە دەشێت ئەم پرسیارە قووت بکەینەوە؛ ئایا جوانیی ئاوارتە لە جیهانی سێیەمدا کە خۆی وەکوو جیهانێکی نوێ قووت دەکاتەوە و هاوکات نەفی و سەنتێزی جیهانی یەکەم و دووەمە، سەر بۆ ئاژاوە و ئاوەژووبوونەوە دەکێشێت؟ ئایا ئەم لێکچوونەی جیهانی یەکەم و دووەم لەگەڵ جیهانی سێیەمدا تەنیا لەسەر ئاستی فۆرماڵە؟ ئەم گەمەکردنە بە فۆرم هاوکات توانستی دیالەکتیکی هیگڵی لەناو دەقێکی ئەدەبیدا تاو ئەوپەڕی سنووری خۆی بۆ ئافراندنی پرسی تەواو نوێ دەخاتە تاقیکردنەوە.

لە بەشی سێیەمدا دەبینین هیچکام لە  بەعسڕەوایی(بەشی یەکەم) و یەزدانڕەوایی ئیسلامی(بەشی دووەم) وەکوو سیستەمی حوکمڕانی لەئارادا نەماون و سیستەمێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە. هەر لە سەرەتای بەشی سێیەمەوە ئەو پرسیارە لە زیهنی خوێنەردا ئامادەیی هەیە کە داخۆ چارەنووسی جوانە ئاوارتەكه‌ چی لێدێت؟ لەگەڵ خوێندنەوەی زیاتری دەقەکەدا بەر ئەوە دەکەوین وێڕای گۆڕانی سیستەمی فەرمانڕەواییەکە هێشتا جوانە ئاوارتەکە هەر کێشەیە. بەر لە هەموو کەس سەلیم کە لە هەردوو ڕژێمی پێشوودا خزمەتکاری بارەگا بووە هەست بە مەترسی حورییەکە دەکات و بەرلەوەی دەسەڵاتی نوێ بانگی بکەن خۆی لە ترسی گیانی خۆیدا دەڕوات تەسلیمی سەرانی فەرمانڕەواییە نوێیەکەی دەکات.

وێڕای نەمانی ماشێنەکانی پروپاگەنده‌ی دوو ڕژێمەکەی پێشوو، کاربەدەستان، فەرمانبەران، دەربار و خەڵکانی ئاسایی زۆرینەی هەره‌ زۆریان باوەڕیان بەوە کردووە، کە جوانە ئاوارتەکە حۆری یان شتێکی نائاسییە. تەنانەت زۆرێک لە دەربار کە لە نزیکەوە ئاگاداری ساختەکردنی چیرۆکی بەحۆریکردنی غەنیمەکەن، کەچی باوەڕیان بەوە هێناوە کە حۆرییە. سەلیم بەم جۆرە چەندەها جار چیرۆکی ڕاستەقینەی ئەنفالەکە دووبارە دەکاتەوە، بەڵام باوەڕ بە ڕاستییەکە ناکەن: «ئاه وێنەگری بەڕێز، بەسە تکایە. کیژێکی ئاسایی بوو، کیژێکی تا بڵێی ئاسایی بوو. ئێمە لە جەنگ بووین، هەموو دیلەکانمان کوشت، پیرەکانمان کوشت، گەنجەکانمان کوشت، منداڵەکانمان کوشت، کە گەیشتە سەر ژنەکان، سوپاسالار ویستی یەكێکی جوانی بۆ هەڵبژێرم، بۆ خۆی… من ئەوەم بۆ هەڵبژارد… ببورن دەزانم ئەم چیرۆکەتان بیستووە، بەڵام من زوو زوو دەیگێڕمەوە، ئەگەرچی دەزانم نرخی نییە، بەڵام سوێند دەخۆم کیژێکی بەدبەختی ئاساییە.»[26]

لە ڕژێمە نوێیەکەشدا، دیسانەوە جوانە ئاوارتەکە سەر بۆ کێشە و ئاژاوە دەکێشێت؛ ئەمجارەیان ئاژاوەکە بەهۆی ململانێی دەسەڵاتدارانی سەرەوەی حوکمڕانییەکە  نییە، بەهۆی فەرماندە پلە باڵاکانیشەوە نییە، واتە بەهۆی هەڕەمی دەسەڵاتەوە نییە. ئەمجارەیان ئاژاوەکە زیاتر بەهۆی چین و توێژە مەدەنییەکانەوە، بەهۆی چینی ئایینییەوە، بەهۆی خەڵکانی ئاساییەوە ڕووی داوە. ئەمەش ئاماژە بەوە دەکات کە هەیکەلییەتی حوکمڕانی گۆرانکاری بەسەردا هاتووە، چیدی دەسەڵاتێکی تەواو هەڕەمی ئایینی یان سەرۆکپەرستی نییە، بەڵکوو لەسەرەوە بە هاوبەشی نوخبەیەکی سیاسی بە گەڕانەوەی هاکەزایی بۆ ڕای خەڵک کۆمەڵگا بەڕێوە دەبەن. بە سەرنجدان لە بەشی یەکەم ئەوە تێدەگەین خودی سەرۆک کوێرە و تەنیا ئەو کوێر نییە بە تەنیا، بەڵکوو هەموو سەرۆکەکانی دونیا کوێرن. لە بەشی سێدا نەوەک تەنیا سەرۆک، بەڵکوو هەموو پلەباڵاکان تێكڕا کوێرن. ئەم کوێرییە میتافۆرە بۆ خودی پشکی دەسەڵات؛ ئەوەی دەسەڵاتی هەبێت لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا ئەوا کوێر دەبێت واتە تەنیا کوێرەکان وڵات بەڕێوە دەبەن. گەڕانەوە بۆ دەنگی گەل بەمانای بەشداری پێکردنی ئەوان نییە لە دەسەڵاتدا، بەڵکوو بەمانای بەکارهێنانیانە. جیاوازی فەرمانڕەوایی بەشی یەکەم و دووەم لەگەڵ سێیەمدا ئەوەیە لە سێیەمدا ژمارەی کوێرەکان زیاتر بووە واتە لەسەرەوە دەسەڵات لەناو نوخبەیەکدا دابەش بووە.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەم گۆڕانکارییە تا چەند لە بەشی سێیەمدا دەستکاری تانۆپۆی دەسەڵات و بونیادی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و زیهنییەتی تاکەکانی کردووە، تا چ ئاستێک گۆڕانکارییەکان بۆ کەلتوور و دابونەریت شۆڕ بووەتەوە و لە هەناوی ئەم گۆڕانکاریانەوە چارەنووسی «جوانی ئاوارتە» بەچی گەیشتووە؟ لە بەشی یەکەم و دووەمدا دەبینین هەوڵێکی زۆر هەیە، بۆ ئەوەی جوانییە ئاوارتەکە لە ڕەهەندە دۆزەخییەکەی دابماڵن و بەو شێوەی خۆیان دەیانەوێت ئاراستەی بکەن بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو نابن؛ وەک ئەوەی بڵێیت وێڕای هەوڵە شکستخواردووەکانیان، وێڕای هەوڵە نائینسانییەکانیان بۆ قۆرخکردنی جوانییە ئاوارتەکە هێشتا جوانی ئاوارتە پرس بووە ئەگەر تەنانەت پرسێکی تۆقێنەر و سامناکیش بووبێت؛ بەڵام لە بەشی سێیەمدا بەهۆی جەوهەری حوکمڕانییە نوێیەکەوە کە هەموو پلە باڵاکان کوێرن هەر لە بنەوەڕا دەبینین جوانی ئاوارتە چیدی پرس نییە؛ هیچ جۆرە بایەخێکی بۆیان نییە، لەبەرئەوەی بۆ نوخبەی سیاسی هیچ مانایەکی نییە. دەشێت لە بەشی سێیەمدا جوانییە ئاوارتەکە جگە لە ڕەهەندە زاڵەکەی خۆی کە جوانییە میتافۆڕ بێت بۆ جیابوونەوەی سیاسەت لە فەزیڵەت لە سەردەمی نوێدا و داماڵینی سیاسەت بێت لە هەموو جۆرە فەزیڵەتێک و قەتیسکردنی تەنیا و تەنیا لە پانتایی ئابووریدا بە مەبەستی قازانجی زیاتر و زیاتر. ئەمەش پەیوەندی بە سەرمایەداری هەیە کە ئێستا لە جیهاندا باڵا دەستە.

لەم پنتەوە دەشێت جارێکی تر بچینەوە سەر وەختی دیالەکتیکی هیگڵی لەپەیوەند بەوەوەی کە ئایا ماتەئەگه‌ری پرسی تەواو نوێی لەخۆدا هەڵگرتووە یان نا؟ لە کۆتایی بەشی سێیەمدا کە سەنتێزی بەشی یەکەم و دووەمە، بەو دەرەنجامە دەگەین دیالەکتیکی هیگڵی ئەو توانستەی نییە پرسی تەواو نوێ بەرهەم بهێنێت؛ هەر بەسادەیی بەعسڕەوایی و یەزدانڕەوایی هیچ شتێکیان تێدا نییە بۆ نەفیکردن‌ وهەڵگرتنەوە؛ تاوەکوو لە هەناوییانەوە دۆخێکی نوێ لەدایک ببێت؛ هەربۆیەش لیبڕالیزمی ڕۆژهەڵاتی کە سەنتێزی ئەو دوو بەشەی پێشووە ناتوانێت سیستەمێکی نوێ بێت.

وەک دەبینین لە کۆتایی بەشی سێیەمدا لە ڕێگەی دروستکردنی لیژنە و گەڕانەوە بۆ دەنگی گەل واتە هەر لە ڕێگەی خودی گەلەوە بڕیار لە سوتاندن و سڕینەوەی جوانییە ئاوارتەکە دەدرێت. هەموو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە ڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە لە پرۆسەی لەناوبردنی جوانییە ئاوارتەکەدا بەشدارییان پێدەکرێت و دواجار جوانییە ئاوارتەکە دەسڕدرێتەوە و بۆ هەمیشە لەناو دەچێت. ئەوەی یەزدانڕەوایی و بەعسڕەوایی نەیانتوانی بە تەواوی بەرانبەر جوانی بیکەن بە هەموو توانا دڕندەییەکەیانەوە، سیستەمە نوێیەکە بەبێ ئەوەی بۆنی کارەساتێکی گەورە هەست پێبکرێت هەر لە بنەڕەتەوە لە ڕێگەی خودی خەڵکەوە جوانیه‌ ئاوارتەكه‌ ڕیشەکێش ده‌كات. نووسه‌ر ده‌یه‌وێت بڵێت، جیاوازی له‌ به‌عسڕه‌وایی و یه‌زدانڕه‌وایی و سیستمی نوێدا ئه‌وه‌یه‌؛ له‌ به‌عسڕه‌وایی و یه‌زدانڕه‌واییدا ده‌سه‌ڵات له‌ڕێگه‌ی هێزی سوپاوه‌ له‌ هه‌وڵدابوو، به‌ڵام له‌ سیستمی نوێدا له ‌ڕێگه‌ی خه‌ڵكه‌وه هێزی خۆی دەچەسپێنێت‌.  جیهانە نوێیەکەی ناو دەقەکە شوێنێکی بۆ هیچ جۆرە فەزیلەتێک تێدا نییە! ئەمەش بەمانای ئەوە دێت ئەم بەرهەمە ماتەمێکە بۆ پرسی «جوانی ئاوارتە» لە جیهانە نوێیەکەدا، ئەو جوانییەی لەگەڵ ئێستاتیکای جیهانە نوێیەکەدا یەکناگرێتەوە؛ مردووە!

 

 

 

[1] – ئەم دەقە، نوێترین بەرهەمی  ئەدەبی بەختیاری عەلی و دووەم بەرهەمی شانۆییەتی کە لە مانگی سێی ٢٠٢٣دا لە دوو توێی ٢٠١٩ لاپەرەدا، لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەندەوە، بڵاو کراوەتەوە. شانۆییەکە لە سێ بەش پێک دێت و هەر بەشێكیش لە چەندین دیمەن.

[2]– theocracy

[3] Monograph

[4]  میوانێک لە سەرزەمینی دوورەوە، ناوەندی رۆشنبیری ڕەهەند ٠٢٣. لاپەڕە ٣٠

[5] هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ٣٣

[6] هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٤

[7] هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٥

[8] هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٥

[9]  هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٦

 [10] هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٩

[11]  هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ٢٩

[12]  هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ٢٩

[13]  هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ٢٨

[14]  هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ٣٢

[15]  هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ٣٩

[16]– عَالِيَهُمْ ثِيَابُ سُندُسٍ خُضْرٌ وَإِسْتَبْرَقٌ ۖ وَحُلُّوا أَسَاوِرَ مِن فِضَّةٍ وَسَقَاهُمْ ڕبُّهُمْ شَرَابًا طَهُورًا ٢١

{رازاندنه‌وه‌ى به‌هه‌شتییه‌كان} [ عَالِيَهُمْ ثِيَابُ سُنْدُسٍ خُضْرٌ ] وه‌ جلو به‌رگیشیان پێ ئه‌درێ له‌ حه‌ریرێكی سه‌وزه‌ (سُنْدُسٍ) حه‌ریرێكی ته‌نك و ناسك و سه‌وزه‌ [ وَإِسْتَبْرَقٌ ] حه‌ریرێكی ئه‌ستوورو گه‌شاوه‌یه‌، كه‌ ئه‌وترێ سوندوسه‌كه‌: پۆشاكی ژێره‌وه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نك و ناسكه‌، وه‌ ئیسته‌بڕه‌قه‌كه‌ كه‌ ئه‌ستووره ‌و بریقه‌داره‌ پۆشاكی ده‌ره‌وه‌یه‌و هه‌ردووكی له‌ حه‌ریره‌ و سه‌وزه‌ [ وَحُلُّوا أَسَاوِرَ مِنْ فِضَّةٍ ] وه‌ به‌هه‌شتییه‌كان بازنیشیان له‌ ده‌ست ئه‌كرێ له‌ زیوه‌، ئه‌مه‌ سیفه‌تی چاكه‌كارانه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه‌ پێشه‌نگ و (موقه‌ڕه‌بن) هى ئه‌وان له‌ ئاڵتوونه‌ [ وَسَقَاهُمْ ڕبُّهُمْ شَرَابًا طَهُورًا (٢١) ] له‌ ڕووی ڕووكه‌شی و ده‌ره‌وه‌ خوای گه‌وره‌ به‌و شێوه‌یه‌ پاكی كردونه‌ته‌وه‌ و ڕازاندونێتییه‌وه‌، وه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ى ناوه‌وه‌یان خوای گه‌وره‌ شەرابی بێ خڵتەیان پێ ئه‌به‌خشێ كه‌ له‌ حه‌سوودی و ڕق و كینه‌و ئێش و ئازارو هه‌موو ڕه‌وشتێكی خراپ پاكیان ئه‌كاته‌وه‌.

[17]  هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٢٠

[18]  هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٢١

[19] هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٢١

[20] هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٢٢

[21] هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٢٩

[22]هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٥٠

[23] هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٦٦

[24] هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٦٦

[25] هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٦٩

[26] هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٧٨

Leave a comment