بیرکردنەوەی ڕەخنەیی

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: هەڵگورد ئەحمەد

لە مەڵپەڕی: یونیڤێرستی ۆف پیوپڵ (University of People)ەوە، وەرگیراوە

 

 بۆچی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی گرنگە؟

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی گرنگە، چونکە هەر بڕیارێک کە لەسەر ژیانمان دەیدەین بەستراوەتەوە بەم کایەوە. هەروەها، ئەگەر ئەتەوێت ئەو ژیانەی بەسەری دەبەیت لەوپەڕی باشی و سەرکەوتووی و خۆشیدا بێت، ئەوا دەبێت یەکە بە یەکەی بڕیارکاتنت بە ئاگاییەوە بدرێت. ئەگەر هاتوو سەرت لەوەی ئەمڕۆ بە بیریی ڕەخنەیی ناسروە دەرکرد، ئەوا هەر شتێک لە ژیاندا بتەوێت دەستەبەری دەیکەیت. کەوایە، لێرەدا هەڵدەستین بە ئاماژەدان بەو خاڵانەی یارمەتیت دەدا لە پەرەدان بە توانستەکانی (سکیڵ)ەکانی بیری ڕەخنەیی خۆت و ئاڕاستەکردنت تا بڕیارێکی دروستی وا لەسەر شتەکان بدەیت کە هەرگیز لێی پەشیمان نەبیت.

 

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی چیە؟

دەڵنیام کەم تا زۆر دەستەواژەی “بیرکردنەوەی ڕەخنەیی”ت، بەرگوێ کەوتووە و شتێک لەبارەیەوە دەزانیت، بەڵام ڕەنگە بەتەواوی دڵنیا نەبیت مانا و مەبەستی ئەم دەستەواژە چیە، ئەویش لەبەرئەوەی گەلێک پێناسە و دیدی جیا جیای دراوەتە پاڵ. سەرباری ئەمەش، زۆربەی کات ئێمە وەک پرۆسەی شیکردنەوەی فاکتەکان لەپێناوی گەڵاڵەکردنی بڕیارێک، لەم بابەتە دەڕوانین. لە بنەمادا، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بریتیە لە بیرکردنەوە لە خودی بیرکردنەوە.

چۆن پێناسەی بیری ڕەخنەیی لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا بەم ئاستەی ئێستای گەیشتووە؟

بڕوا وایە یەکەم دۆکیومێنت لەسەر بیری ڕەخنەیی ئەو سەرە داوانە بێت کە فەیلەسوفی گریکی (پلەیتۆ)، سەبارەت بە تەکنیکەکانی (سۆکرەتیس)، بۆ ئەم باسە نوسیونی. بەڵام بەدرێژایی مێژوو، گۆڕانکاری بەسەر پێناسە و تێگەیشتنی ئەم کایەدا هاتووە.

ئەمڕۆ ئەم بابەتە لە لایەن فەیلەسوف و سایکۆلۆجیستەکانەوە تا ئەوپەڕی کاری لەسەر کراووە و گەیاندراوەتە ئاستێک ئیدی بووەتە چەمکێکی ئاڵۆز. لێرەدا، دوو لە قوڵترین پێناسە مۆدێرنەکان ڕیزدەکەین:

  • “بیرکردنەوەیەکی بەجێی و کاردانەوەییە لەپێناو جەختکردنەوە لەسەر بڕیارێکی دروست لەسەر باوەڕت یاخود کردارت.”
  • “چۆنێتی بڕیاردانە لەسەر ئەوەی چ شتێک ڕاستە و ئەبێ بەچی ئەرکێک هەستیت.”

گرنگی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی.

بۆچی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی گرنگە؟ پرسیارێکی بەجێیە! لێرەدا هەندێک هۆکاری حاشاهەڵنەگر دەخەینەڕوو سەبارەت بەوەی بۆچی گرنگە توانستەکانی بیری ڕەخنەیی لەخۆماندا ڕەنگپێبدەینەوە.

١-بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بابەتێکی گەردوونیە.

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بریتیە لە پانتاییە-گشتیەکەی شارەزایی بیرکردنەوە. مانای ئەم دەستەواژەیە چیە؟ ئەم دەستەواژە بەو مانایە دێت کە تۆ هەر ڕێگەیکی ژیانت گرتبێتەبەر، یاخود لە هەر بوارێکدا تایبەتمەندبیت، دواجار ‘شارەزایی لە بیرکردنەوەدا’ پێویستبوونی خۆی دەسەپێنێت و هاریکارت دەبێت بۆ سەرکەوتنی زیاتر.  شارەزایی لە بیرکردنەوەدا شتێک نیە تەنها و تەنها لە یەک بواردا سودی هەبێت، بەڵکو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا سودی هەیە.

٢-بیرکردنەوەی ڕەخنەیی زۆر گرنگە بۆ بواری ئابووری.

داهاتووی ئێمە بەندە لەسەر ئاستی تەکنەلۆجیا و زانیاری و داهێنانەکان. لەم نێوەندەدا، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی پێویستی خۆی دەسەپێنێت لەپێناو گەشەی-خێرای ئابووری و چارەسەری کێشەکان بە خێراترین و کاریگەرترین شێوە.

٣-‘بیرکردنەوەی ڕەخنەیی’ شارەزایی لە زمان و ئەدای قسەکردندا پێشدەخات.

لەپێناوی ئەوەی بە باشترین شێوە گوزارشت لە خۆمان بکەین، ئەبێت بزانین تا چ ئاستێک بە ڕوونی و سیستەماتیکی قسە دەکەین – ئەمیش بەو مانایە دێت دەبێت لەکاتی قسەکردندا ‘بیرکردنەوەی ڕەخنەیی’ بە پراکتیکی بێنیتە ناو قسەکانمانەوە! هەروەها، ‘بیرکردنەوەی ڕەخنەیی’ بەو مانایەش دێت کە تۆ چۆن تێکستێک دەخوێنیتەو و هەڵهێنجانی لێدەکەیت و لەخۆتتدا ڕەنگیپێدەدەیتەوە و توانای تێگەیشتنی خۆتی پێزیاد دەکەیت.

٤-‘بیرکردنەوەی ڕەخنەیی’ لەتر بە داهێنان دەدات.

هەر بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ‘بیرکردنەوەی ڕەخنەیی’ لەخۆتدا بەشێوەیەکی پراکتیکی، نەک هەر بوار لەخۆتدا دەکەیتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانت، بەڵکو بوار بۆ ئایدیای نوێ و داهێنەرانەش دەکەیتەوە. ‘بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بوار بۆ شیکردنەوەی ئەم ئایدیایانەش لەخۆماندا دەکاتەوە و هاریکارمان دەبێت چۆن ئەم ئایدیایانە لەگەڵ بوارەکەی خۆماندا بگونجێنین.

 ٥-‘بیرکردنەوەی ڕەخنەیی’ گرنگە بۆ ئەوەی بزانین چۆن پێداچوونەوە-بەخۆماندا دەکەین.

ئایا دەتوانین ژیانیکی مانادارمان هەبێت بەبێ تێگەیشتن لە ‘بیرکردنەوەی ڕەخنەیی’؟ لە ڕاستیدا، نەخێر، بەڵکو پێویستمان بەو شارەزاییە ڕەخنەییە هەیە تا پێداچوونەوە بەخۆماندا بکەین و ڕێگەکانی ژیان و ڕاو بۆچوونە جیاوازەکان لەگەڵ خۆماندا بگونجێنین. ‘بیرکردنەوەی ڕەخنەیی’ ئامرازی پێویست دەخاتە بەردەستمان تا بەو شیوەی پێویستە بەکاریانبهێنین لە هەڵسەنگاندنی خۆماندا، هاوشان سەرلەنوێ خۆمانی پێ بنیادبنێنەوە.

 ٦- ‘بیرکردنەوەی ڕەخنەیی’ بنەمایە بۆ زانست و دیموکراسی.

بۆ ئەوەی دیموکراسی و سەلماندنی فاکتە زانستیەکانمان بۆ بچێتەسەر، پێویستت بە ‘بیرکرنەوەی ڕەخنەیی’ دەبێت. دەبێت بە زانیاری پێویست و پەیوەندیدار پاڵپشتی لە تیۆریاکانت بکەیت. بۆ ئەوەی کۆمەڵگاکەت بەوپەڕی باشیەو بە ئەرکەکانی خۆی هەستێت، هاوڵاتیان دەبێت ڕا و بۆچوونی خۆیان هەبێت لەسەر ئەوەی چی ڕاستە و چی هەڵەیە، هەڵبەت پشتبەست بە بیری ڕەخنەیی.

 سودەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی

ئێمە باش دەزانین بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بەشێوەیەکی گشتی سودی بۆ کۆمەڵگا هەیە، بەڵام سودی ئەم بابەتە لەسەر ئاستی تاک چیە؟ بۆچی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە ژیانی ئێمەدا گرنگە؟

 ١-کلیلە بۆ سەرکەوتن لە پیشەکاندا.

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بۆ زۆربەی پیشەکان گرنگە. نەک تەنها بۆ زاناکان، بەڵکو بۆ پارێزەر و دکتۆر و پەیامنێر و ئەندازیار و ژمێریار و شرۆڤەکار (لەم پیشانە و  چەندین پیشەی تریشدا) بیرکردنەوەی ڕەخنەیی پێویستە.

لە ڕاستیدا، بەپێی هەڵسەنگاندنی ‘دەستەی ئابووری جیهان،’ بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە هەموو شارەزاییەکانی تر دڵخوازتر بۆ هەڵسوڕاندنی کاروبارەکان، لەبەرئەوەی یارمەتیدەرە لە شیکردنەوەی زانیارییەکان و وادەکات کەسێک لەدەروەی سنوری خۆی بیربکاتەوە و چارەسەر بۆ کێشەکانی خۆی بەشێوەیەکی لێهاتووانە  وداهێنەرانە دانێت و کارەکانی بەشێوەیەکی سیستەماتیکی ڕێکبخات.

٢- یارمەتیدەر لە بڕیاردانی دروستدا.

هیچ گومانێک لەوەدا نیە ‘کەسی بیرکەرەوەی ڕەخنەیی’ هەمیشە دروسترین بڕیار دەدات. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی یارمەتیدەر دەبێت لە دەستوپەنجەنەرمکردن لەگەڵ ئەو گیروگرفت و کێشانەی ڕۆژانە بەرۆکمان دەگرن، و هەندێ جار ئەم پرۆسە فکرییە لائیرادی کاری خۆی دەکات. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی یارمەتیمان دەدات تا سەربەخۆ بیربکەینەوە و متمانە بە هەستە زگمانکیەکانی خۆمان بکەین.

 ٣- ئەتوانێت خۆشبەخترت بکات!

زۆرجار تێبنی ناکەیت چەندێک دڵخۆشی بەوەی کاتێک ڕۆدەچیتەوە ناو خۆت و بەقوڵی تێدەگەیت لەوەی بۆچی بەو شێوەی ئێستات بیردەکەیتەوە. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی یارمەتیت دەدا تا قوڵتر لەخۆت تێبگەیت، دواتر یارمەتیت دەدا تا ڕێگری لە هەر بیروباوڕێکی نەرێنی و سنوردار بکەیت و واتلێدەکات زیاتر پشت بە خاڵە بەهێزەکانی کەسایەتی خۆت ببەستیت. ئەگەر بتوانیت بیرۆکە و فکرەکانت لەگەڵ کەسانی تر تاووتوێکەیت، ئەوا کوالیتی ژیانت زیاتر بەرز دەبێتەوە.

 ٤- بۆ فۆرمکردنی ڕا و بۆچوونەکانت بەشێوەیەک ڕێکخراو.

ئەو زانیاریانەی لە هەموو لایەکەوە بەرماندەکەون، تەواو  و بێکەمووکوڕین. بوارێک نەماوەتەوە زانیاری لەسەر نەبێت. کەواتە لەم بارەدا بەتەواوی پێویستمان بە بەکارهێنانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هەیە تا بڕیار لەسەر ئەوە بدین کام زانیاری جێگای باوەڕە. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دڵنیاماندەکاتەوە لەوەی کە ڕا و بۆچوونەکانمان دەبێت لەسەر بنەمای فاکتەکان بونیادنرابێت تا هاریکارمانبن لە سەروبەردەرکردن لەو فەوزایەی بەهۆی زۆر و زەبەندی زانیارییەکانەوە دروستبووە.

٥- بوون بە هاوڵاتیەکی باشتر.

یەکێک لە ئیلهامبەخشترین ووتە وەرگیراوەکانی ‘بیرکردنەوەی ڕەخنەیی’ بریتیە لەو ووتەی سەرۆکی پێشوتری ئەمەیکا تۆماس جێفەسن دەریبڕی: ” هاوڵاتیەکی پەروەردەکراو لەرهەر شتێک زیاتر پێویستە بۆئەوەی ئازادی ڕەها بۆ خەڵک فەراهەم بکەین.”

ئەوەی جێفەسن جەختی لەسەر دەکاتەوە ئەوەیە کەسێک پشت بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ببەستێت، هاوڵاتیەکی باشتر و کامڵتری لێدەردەچێت، چونکە ئەم جۆرە هاوڵاتیانە دەتوانن تەواوی وێنەکە وەک خۆی ببین بێئەوەی بکەونە ژێر کاریگەری لایەنگیریکردن و پرۆپاگەندەوە.

 ٦- بۆ توندکردنی پەیوەندییەکانت.

کاتێک وا تێگەیەنراویت کە بوون بە ‘کەسێکی بیرکەرەوەی ڕەخنەیی’ گیروگرفت بۆ پەیوەندیەکانت دروست دەکات، دوورە لە ڕاستیەوە! بوون بە کەسێکی بیرکەرەوەی ڕەخنەیی ناچارتدەکات زیاتر لە دید و دونیابینی بەرامبەرەکەت بگەیت و کراوەتر بیت بەرامبەر بیروبۆچوونی جیاواز.

٧- خولیات بۆ فیربوون زیاد دەکات.

کەسی بیرکەوەی ڕەخنەیی بەردەوام خولیای فێربوونی هەیە لەسەر هەموو ڕەهەندەکانی ژیان، دواجار وادەکەوێتەوە کە گرنگی یان حەزی بۆ گەلێک شت بۆ دروستدەبێت. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بەو مانایە دێت کە تۆ بەردەوام پرسیار بوروژێنیت و بتەوێت زیاتر فێربیت لەبارەی بۆچی، چۆن، کێ، لەکوێ، کەی و هەر شتێکی تر کە بەرچاوڕوونترت دەکات لەئاست بارودۆخ و کۆنسێپتەکان، هەرگیز قسە لەسەر شتێک ناکەیت لات ڕوون نەبێت.

 ٨- بواری داهێنانت بۆ دەکاتەوە.

کەسی بیرکەرەوەی ڕەخنەیی لەهەمان کاتدا کەسێکی بیرکەرەوەی تا ئەوپەڕی داهێنەرە و لەبەردەم ئەگەرەکاندا قەت دۆشدانامێنێت و بێسنور ئەگەر دەخاتە ڕوو. بە بەردوام لەهەوڵی پەرەدانە بە شتەکان، کە ئەمیش خاڵێکی گرنگە لە بواری کارکردندا.

٩- پەرەدان بە سکیڵەکانی چارەسەرکردنی کێشە.

ئەوانەی بیرکەرەوەی ڕەخنەیین، چارەسەرکردنی کێشە وەک تایبەتمەندیەکی زگماکی و سروشتی لە بونیادیاندا هەیە. کەسی بیرکەرەوەی ڕەخنەیی هەمیشە ئارام و لەسەرخۆیە و دەمودەست ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی، ڕێک وەک ئەلبێرت ئەنشتاین، کە نموونەی کەسێکی بیرکەرەوەی ڕەخنەییە. ئەم زانایە گوتوویەتی: “هەموو ئەوانەی پێیگەیشتووم لەبەرئەوەنیە کە کەسێکی زیرەکەم، بەڵکو لەبەرئەوەی لەگەڵ کێشەکاندا زیاتر هەوڵدەدەم.”

ڕەچاوکردنی سکیڵەکان لە چارەسەرکردنی کێشەی کەسی بیرکەرەوە، وادەکات باشتر لە کارەکەیدا دەرکەوێت و خەیاڵی بۆ چارەسەرکردنی گەورەترین کێشەی جیهان بچێت. هەر وەک ئەنشتاین، ئەم کەسە دەتوانێت دەقاودەق جیهان بگۆڕێت.

 ١٠- چالاکیە بۆ گەشەی مێشک.

چ ڕێکارێک دەگرینەبەر بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکانمان، بەهەمان شێوە مێشکیش پێویستی بە ڕاهێنان و ململانێکردنە. هیچ لەنگیەک لەوەدا نیە بڵێیت بیرکردنەوەی ڕەخنەییی چالاکیەکە بۆ گەشەی مێشک و ئەشبێت ڕاهێنانی پێبکەیت. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هانماندەدات بۆ پەرەدان بە گەلێک شارەزایی گرنگ، لەوانە بیرکردنەوەی لۆجیکی، بڕیاری دروستدان و بیرتیژکردنەوە.

١١- ئازادی فەراهەمدەکات.

کاتێک ڕەخنەییانە بیردەکەینەوە، پشت بە دیدی ڕەخنەیی خۆمان دەبەستین و ئەمیش وادەکات زیاتر متمانەمان بەخۆمان هەبێت. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی کلیلە بۆ گەیشتن بە ئازادی و خوێندکار هاندەدات بۆ بڕیاردان پشت بە بۆچوونەکانی خۆی ببەستێت.

١٢- شارەزاییەکی زۆر گرنگی ژیانە.

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تەنها لەبواری خوێندندا گرنگ نیە، بەڵکو بۆ ژیانی خۆشمان بەشێوەیەکی گشتی! خوێندن تەنها و تەنها ڕێگەیەک نیە بۆ ئامادەکردنی خوێندکار بۆ ڕووبەڕووبوونەی ژیان، بەڵکو خودی ژیانە. فێربوون پرۆسەیەکە لەگەڵ ژیانتا دێت کات لەدوای کات و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ.

چۆن بە شێوەیەکی ڕەخنەیی بیربکەینەوە؟

لە سەرەوە سودەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەییمان ڕیزکرد و ئێستا تۆ دەیانزانیت و کاتی ئەوەیە بپرسین چۆن ئەم بیرکردنەوەیە بە کرداری دەکرێت؟

  • ئەو زانیارییانە لەخۆت کۆکرەوە کە جێی باوەڕن و پشتیان پێدەبەسترێت: ئەبێت دڵنیابیت ئەو سەرچاوانەی بەکاریان دەهێنیت جێی باوەڕن و لایەنگرییان پێوە دیار نیە. بە پێچەوانەوە، ناتوانرێت وەک بیرکەرەوەیەکی ڕەخنەیی هەژمارت بۆ بکرێت!
  • پرسیارەکانت با بەجێ و دروست بن: هەموومان لە گرنگی پرسیار وورژاندن تێدەگەین، بەڵام دەبێت دڵنیابیت لەوەی پرسیارەکانت بەجێ و دروستن تا وەڵامی دروست وەرگریت.
  • توانای بینینی کورت و دوور مەودات هەبێت: کاتێک دەگەیتە چارەسەرێک، دەبێت بزانی ئەم چارەسەرە کاریگەرییە کورتخایەن و دوورخایەنەکانی چین. چونکە هەر یەک لە کاریگەرییەکان لەم هاوکێشەیەدا گرنگی خۆیان هەیە.
  • لە هەموو ڕەهەندەکانەوە لە دۆزەکەت بڕوانیت: هەرگیز نەبووە پرسیارەکان بە وەڵامێکی سادە کۆتاییان هاتبێت، ناتوانین بڵێین ئەم شتە ڕەشە یاخود سپیە، بەڵکو لە نیوانیاندا تۆنی تر هەیە. دەبێت هەرچی بژاردەیە سودیان لێببینیت و پێش ئەوەی بگەیتە دەرئەنجامێک دەبێت وورد لەو بابەتت ڕوانیبێت کە ئەنجامەکەت لێهەڵهێنجاوە.

 چۆن لەناو خوێندنگاکاندا پەرە بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دراوە؟

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە هەموو کایەکانی ژیاندا پەرەی پێدراوە. بەڵام زۆربەی سکیڵ یان تەکنیکەکانی ئەم کایە خزێنراونەتە ناو خوێندنگاکان، کە هەر ئەمەش کارە دورستەکەیە! بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هەر لەوەدا ناوەستێت بیرکردنەوەمان ڕوون بێت، بەڵکو دەبێت بیر لە بار و پێگە و بوونی خۆشمان بکەینەوە.

کاتێک مامۆستایەک لە پۆلدا پرسیارێک ئاڕاستە دەکات، ئەبێت هەڵ بە خوێندکاران بدرێت پە پێی تێگەیشتنی خۆیان وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە و سود لە پاشخانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی خۆیان وەرگرن و ئەو وەڵامە هەڵبژێرن کە خۆیان قەناعەتیان پێی هەیە. کاتێک بوار دەدەیت خوێنکاران بە گروپ و دەستەجەمی کار بکەن، ئەوا ناچاردەبن پێکەوە بکەونە گفتوگۆ و مامەڵەکردن، ئەمەش هەلێکی باش دەڕەخسێنێت تا مەودای بیرکردنەوەیان فراوانتر بکەن و سود لە شارەزایی و تەکنیکەکانی بیرکردەنەوەی ڕەخنەیی خۆیان وەرگرن.

 چۆن دەتوانین بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە پیشەکەماندا ڕەنگپێبدەنەوە؟

هەرکە خوێندن تەواودەکەیت و خۆت لە شوێنی کارەکەتدا دەبینیتەوە، ئیدی گەشتی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی زیاتر درێژەی دەبێت و لەم وێستگەی ژیانتەوە ئەم بیرکردنەوە زیاتر نەشونما دەکات و ئەوەندەی تر کامڵ دەبێت.

بە تواناکانت خاوەن کارەکەت سەرسام بکە.

هەمیشە خاوەن کارەکان بەهای زیاتر بۆ ئەو کارمەندانە دادەنێن کە بیرکەرەوەی ڕەخنەیین، بەردەوام پرسیاریان هەیە، پڕن لە بیرۆکەی داهێنەرانە، لەدواجاریشدا هەر ئەرکێکی قورسیان بەسەردادرێت ئامادەن بۆ چارەسەرکردنی. ئیدی گرنگ نیە پێگە و پۆستی تۆ لەناو کۆمپانیایەکدا لە چ ئاستێکدایە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە هەمیشە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی واتلێدەکات دیار و جیاواز دەرکەویت.

 ئەو پیشانەی دەخوازن بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تێدا ڕەچاوکرێت.

هەندێ لەو پیشانە بریتین لەمانەی خوارەوە:

  • بەڕێوبەر.
  • پسپۆڕی سەرچاوە مرۆییەکان.
  • پارێزەر.
  • بەرپرسی مارکێتین.
  • ڕاڤەکاری پیشە.

ئەوەی ڕاستی بێت، ڕەنگە ئەوە قورستربێت ئەو پیشانە ڕیزبکەین کە ئەم تەکنیک و سکیڵانەی ئەم کایەیان نەوێت!

ئایا ئەو شتانەی کەسی خاوەن بیرکرنەوەی ڕەخنەیی لەبارییاندا هەیە بیکەن چین؟

کەسێک کە خاوەنی تەکنیک و شارەزاییەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بێت ئەتوانێت بە مەنتقی و ڕوونی بیر لەو شتە بکاتەوە کە ئەگونجێت متمانەی پێهەبێت یاخود نا. ئەتوانێت بیرکردنەوەی خۆی لە چارەسەری کێشەکاندا بەگەڕبخات و کاردانەوەی هەبێت تا دەگاتە ئەنجامگیرییەکی تۆکمە.

کەسی بیرکەرەوەی ڕەخنەیی دەتوانێت لە پەیوەندی نێوان بیرۆکە و ئایدیاکان تێبگات و ئارگیومێنتەکانی لەسەر بنەمای بەڵگەهێنانەوە بەڕێوەبەرێت، هەروەها دەتوانێت لەکاتی سەلماندنی شتێکدا درکی هەڵەکانی بکات.

 پرۆسەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بە چی شێوازێکە.

پرۆسەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تا ئەوپەڕی سیستەماتیکیە.

 ئامانجەکانی کەسی بیرکەرەوەی ڕەخنەیی چین؟

کەسی بیرکەرەوەی ڕەخنەیی لە دیاریکردنی ئامانجەکانیەوە دەست پیدەکات، دەیەویت بزانێت کە ئەو شتەی ئەو هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی دەدات چیە.

دووربینی.

هەرکە زانیت ئەو کێشەی تۆ کاری لەسەر دەکەیت چیە، ئەتوانیت پێشبینی چارەسەریشی بۆ بکەیت و دواجاریش بەسودوەرگرتن لە دید و بۆچوونەکانت چارەسەریشی بکەیت.

 ئایا داهاتووی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دەگاتە کوێ؟

داهاتووی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بەندە لەسەر داهاتووی سروشتی پیشە و کارەکان. لەساڵی ٢٠٢٠دا، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە پلەی دووەمی سکیڵەکاندا هاتبوو.

ئێمە بەبەردەوام ڕووبەڕووی گۆڕانکاری پێشبینینەکراو دەبینەوە، ئەوەی ئەمڕۆ بە کارێکی سەرکەوتوو دەبینرێت، ڕەنگە بەیانی بە پێچەوانەوە بکەویتەوە. کەواتە ڕەچاوکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی کلیلێکە بۆ کردنەوەی هەر کێشە و گرفتێک کە ڕەنگە لەو ئیشەی لەداهاتوودا دەیکەین بێنە ڕێمان.

بۆچی بێئەندازە گرنگی بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دراوە؟

بۆچی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی گرنگە؟ بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هەر بەو گرنگیەوە ناوەستێت! چونکە یەکێکە لە گرنگترین ئەو سکیڵە هۆشەکیانەی کەسێک لەخۆیدا پەرەی پێدەدات.

کاتێک پەراوە بە بیرکردنەوەت دەدەیت، هەم بیرکردنەوەکانت، هەمیش بڕیارەکانت دەتوانن گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە ژیانتدا دروست بکەن، جا گرنگ نیە ئەو کەسە کەسێکە پسپۆڕی لە بابەتێکدا هەیە، یاخود کەسێکی ئاساییە. لەڕێی بەکارهێنانی تەکنیک و شارەزاییەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەییەوە دەتوانیت تا ئەو جێیەی لەبارتدا هەیە پەرە بە ژیان بدەیت.

Leave a comment