تەقەڵ

تەقەڵ

نارين ڕۆستەم

 

کاتژمێر دزراوە و

دایکم دەیخاتە ملی دێوەکەوە.

 

لەو وێنەیەی دەیکێشم،

پاڵ کەوتووە.

بەڵام لە خەونەکانمدا ..

بە قۆچەکانی کارەبا دەکوژێنێتەوە و

ئاگردانەکە ئاو دەدات.

بێزاریش بێت،

لە ھەورەبان ساپساپانێ دەکات و

ساپیتەی کەلاوەکەمان کون دەبێت.

 

بۆ دۆزینەوەی دێوەکە،

تەپوتۆزی فانۆسەکان دەتەکێنم.

(عەلائەدین) بە مافوورێکی شەقوشڕەوە دەردەپەڕێت

چیڕۆکەکەی، وێسکیی بەسەردا ڕژاوە و

پاڵەوانە مەست و گەشەکان،

کورسیی خۆیان بۆ یەکتری چۆڵ کردووە.

 

تۆپەکەم دیار نییە!

ھەواڵی ناپرسم و دەزانم

لە سکی دێوەکەدا، چاوەڕوانی فیکەی کۆتاییە.

دێو برسی بێت،

ئەو ورتکەسەموونانەیش بۆ ناسینەوەی ڕێگەی ماڵەوە

ڕۆیان دەکەم،

حەپەلووش دەکات.

لەبەرئەوەیە، ناوەناوە ڕێگەم لێ تێک دەچێت و

بەرەو چۆڵەوانی شۆڕ دەبمەوە.

 

تا دەگەڕێمەوە،

گەردەلوول کەلاوەکەمان ھەڵدەلوشێت و

توێکڵەکەی تف دەکاتەوە.

ڕادەکەم، دێوەکە بدۆزمەوە

ناوی نازانم!

 

 

 

Leave a comment