لە ئامێزگرتنی فەلسەفەی دیکارت (من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم)
پەروەردەیەک لە سەردەمی گومانەوە بۆ شۆڕشی زانست و تەکنەلۆژیا
نوسینی: ئارش سیوەیلی
ڕێنی دیکارت (١٥٩٦-١٦٥٠)، فەیلەسوف و بیرکار و زانای بەناوبانگی فەرەنسی، وەک کەسایەتییەکی سەرەکی لە مێژووی فەلسەفەدا وەستاوە. بیرۆکە داهێنەرەکانی نەک هەر بناغەی فەلسەفەی مۆدێرنیان دانا بەڵکو شۆڕشیان لە شێوازی تێگەیشتنمان لە جیهان و نزیکبوونەوەمان لە مەعریفەدا کرد. ڕەوتی بیرکردنەوەی سەردەمەکەی گۆڕی شێوازێکی نوێی بە بیرکردنەوەش دا لە سەردەمی مۆدێرن.
دیکارت کتێبەکەی بە ناوی “تێڕامانەکان لەسەر فەلسەفەی یەکەم” کە لە ساڵی ١٦٤١دا بڵاوکرایەوە لە سەردەمێکدا کە سەردەمی گومان و نادڵنیایی بوو. لەم کارەدا ئەو دێڕە بەناوبانگەکەی خۆی “من بیردەکەمەوە، کەواتە من ھەم” وەک بەردی بناغەی فەلسەفەکەی کاردەکات، لەڕێگەی فەلسەفەکەی خاڵێکی حاشاھەڵنەگر لەسەر خودی ئەقڵ و بیرکردنەوە دادەنێت و جەختی لەسەر دڵنیایی خودی بیرکەرەوە وەک خاڵێکی بنەڕەتی بۆ زانین کردەوە. دیکارت دەستی کرد بە گەشتێکی خۆدۆزینەوە، بەدوای ڕاستییەکی بنەڕەتیدا دەگەڕا کە بتوانێت وەک خاڵی دەستپێک بێت بۆ زانین. لە ڕێگەی ئەمەوە جەختی لە گرنگی هۆشیاری تاک و خۆئاگاداری وەک بنەمایەک بۆ تێگەیشتن لە واقیع کردەوە. دیکارت لە ڕێگەی زنجیرە تێڕامانەکانیەوە لە سروشتی واقیع و گومان و بوونی خودای کۆڵییەوە. ھەر ئەمەش بوو ڕێگەی پێدا چوارچێوەیەک بۆ تێگەشتن لە واقیع درووست بکات.
شێوازی گومانی دیکارت کە لە “تێڕامانەکان” و “باسی میتۆد” و بەرهەمەکانی دیکەدا ئاماژەی پێکراوە، ڕێبازێکی نوێی بیرکردنەوەی میتۆدۆلۆژی بۆ لێکۆڵینەوە دامەزراندووە. بانگەشە بۆ گومان دەکات وەک ئامرازێک بۆ پاڵاوتنی زانیاری. دیکارت بە خستنە ژێر لێکۆڵینەوەی توندی بیروباوەڕ و گریمانەکان و تەنانەت تێڕوانینە هەستیارەکان، هەوڵیدا ڕاستییەکان لە تۆڕی نادڵنیاییەوە هەڵبکێشێت بە هاندانی گومان و گومانکردن لە هەموو ئەو شتانەی کە دەکرا گومانیان لێ بکرێت وەک ھەموو ئایدیا پێشینەکان و پیرۆزکراوەکان، ئامانجی ئەوە بوو کە بگاتە ئەو ڕاستیانەی کە ڕەت نەکراونەتەوە و گومانیان لێنەکراوە. ئەم شێواز(میتۆد)ە ڕێگەی بە ئەقڵ دا وەک تاکە سەرچاوەی زانین بۆ بیرکردنەوەی دیسپلینکراو و لێکۆڵینەوەی سیستماتیکی خۆشکرد، کە ڕێبازی بیرکردنەوە بۆ بەدەستهێنانی زانین ڕاستەقینە لە قاڵب دا. لای دیکارت بە تەنھا پشت بەستن بە گومانی ئەقڵێکی داماڵراو لە ئایدیا پێشینەکان بیرکردنەوەیەکی پەتی کە تەنھا خودی ئەقڵ دەیبا بەڕێوە مرۆڤ دەتوانێت جیاوازی بکات لە نێوان زانینێک کە جێی متمانەیە و زانینێک کە ئیدیعای زانینە ڕاستەکەیە.
یەکێک لە پایە گرنگەکانی فەلسەفەی دیکارت چەمکی دوانەیی جیاکردنەوەی ئەقڵ و جەستە بوو. ئەو پێی وابوو ئەقڵ نامادییە و جیاوازە لە جیهانی فیزیکی، چەمکێک کە کاریگەری لەسەر دەروونناسی و زانستی مەعریفە هەبوو. بۆچوونەکانی رێگەخۆشکەربوون بۆ تێڕامانی زیاتر لەمەڕ بابەتی هۆشیاری و ئیرادەی ئازاد و پەیوەندی نێوان ئەزموونە دەروونی و جەستەییەکان.
ئەمڕۆکە دەتوانین چەندەھا سوود لە بیرۆکە و فەلسەفەی دیکارت وەربگرین لەوانە جەختکردنەوەکانی لەسەر گومان هانی تاک دەدات تەحەدای بیروباوەڕە دامەزراوەکان بکەن و هەڵوێستێکی گوماناوی بگرنەبەر. ھەروەھا بە خستنەڕووی بیرۆکەکانی وەک تاکێکی بیرکەرەوە لێکۆڵینەوەیەکی توندی بۆ پرسیارکردن لە پێشبینییە پێشوەختەکان و لەبەرچاوگرتنی دیدگا بەدیلەکان دانا، پەرەپێدەری گەشەی فیکری و بیرکردنەوەی کراوەبوو. ڕێگەدان بە شێوازی سیستماتیکی کارکردنی ئەقڵی پەتی وەک ئامرازێکی بەنرخ لە چارەسەرکردنی کێشە و بڕیاردان. جگە لەوەش جەختکردنەوەی دیکارت لەسەر بەهای عەقڵانییەتی تاک، هانمان دەدات بۆ چاندنی تواناکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و حوکمدانی ئاگادارانە لە جیھانێکدا کە پڕە لە زانیاری ھەڵە و ئیدیعای پشڕاستنەکراوە. بە ناسینی ئەقڵ لەناو گێژاوی زانیاریدا؛ زانینی ڕاستەقینە ھەڵبھێنجین و بزانین چی باوەڕپێکراوە و چی باوەڕپێنەکراوە.
لە کۆتایدا بەرهەمەکانی دیکارت بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە و جێپەنجەیەکی نەسراوەی لە مێژووی فەلسەفەدا دیاریکرد بەهۆی تێڕوانینە قوڵەکانی. جەختکردنەوەکانی لەسەر خوودئاگایی و لێکۆڵینەوەی عەقڵانی و گومان لە سەردەمێکدا دەنگ دەداتەوە کە زانیاری زۆرە بەڵام تێگەیشتن زۆر کەمە. میراتی دیکارت توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەچێنێت، لە ڕێگەی نووسینەکانییەوە نەخشەیەک بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و عەقڵانیەت دادەڕێت، ئیلهامبەخشە بۆ نەوەکانی دواتر بۆ ئەوەی بە ڕوونی و حوکمێکی عەقڵانییەوە لە ئاڵۆزییەکانی جیهان نزیکببنەوە.