دەستێک بە شەش پەنجەوە 

دەستێک بە شەش پەنجەوە

نارین ڕۆستەم

کۆمەڵێک پەنجەی قرتاو لە زبڵخانەیەکدان

درێژترین پەنجە ھیی جەنگاوەرێکە،

شەڕێک قەوما و شەرەفی نیشتمان

ھاتە گۆڕێ و ئێ..

با دەست بە وشەوە بگرین.

تایەی لۆریی زبڵڕێژەکە

قرچەی لە شتێک ھەڵستاند:

پەنجەی مامۆستای بیرکاریمانە

گەنگەرین پەڕاندی..

تا ئەو وانەی پێ گوتین

پێنج کۆ پێنج نەبوو بە دە.

با فوو لە عەلاگەیەکی ڕەش دەکات

پەنجەی دۆکتۆرێکی تێدایە

دۆکتۆر ئالوودەی ھێرۆیین بوو،

سەماعە بە ملیەوە..

بۆ دۆزینەوەی سەرەسیفۆن

ھەناوی تەنەکەزبڵ نەما نەیپشکنێ

مووسێك پەنجەی ژەھراوی کرد.

ئەم کارتۆنە بێدەرگایە

پەنجەی مێژوونووسێکی تێدایە

مێژوونووس،

لەنێوان وشەکانی (سەرۆك) و (بەرمیل)دا

فاریزەی لە بیر چوو.

پەنجەی پێنجەم و شەشەم

خاوەنەکەیان لێبووکێکە،

خۆی قرتاندنی!

کە دەگری و پەنجەکانی دەموچاوی دەشارنەوە،

دەیەوێت لە کونێکی گەورەترەوە

پێکەنینی جەماوەر ببینێت.

Leave a comment