دوا شێو (The Last Supper)
وەرگێڕان و ئامادەکردن: هەڵگورد ئەحمەد محمەد
شاکارە هونەرییەکانی لیوناردۆ داڤنشی (Leonardo Da Vinci)، هەمیشە جێی مشتومڕی ڕەخنەگران بوون. لەپاڵ شاکارەکانیشیدا، خەڵکانێکی زۆری هاوسەردەمانی خۆی، لە ئاستی داهێنانەکانی تری ئەودا توشی شۆک بوون. بلیمەتی ئەو لە ئاستێکدابووە تا ئەو ڕادەی هەندێک بڵێن مرۆڤی کائینێکی ترە. داڤنشی لە ساڵی ١٤٥٢ لە دێی ڤنشی (Vinci)، سەر بە هەرێمی تۆسکان لە ئیتالیا لە دایک بووە. هونەرمەندێکی مەزنی سەردەمی ڕێنیسانی زێڕینە، لە ساڵی ١٥١٩، کۆچی دوایی کردووە.
کارە هونەرییەکانی هەمیشە جێگەی سەرنج و لێکۆلینەوەی ڕەخنەگران بوون، بەتایبەت تابلۆی مۆنا لیزا (Mona Liza)، و دواهەمین شێو (The Last Supper). ئەو کۆد و نهێنیانەی لە نێو تابلۆی دواهەمین شێودایە، گەلێک کەسی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، لەوانە ڕۆمان نوسی بەنێوبانگ دان بروان (Dan Brown)، ڕۆمانێکی مشتومڕاوی لەساڵی ٢٠٠٦، لەژێر ناوی کۆدی داڤینشی (Da Vinci Code)، سەبارەت بە کۆدەکانی ئەم تابلۆیە دەنوسێت. هەر ئەم ڕۆمانە وا لە هەردووک خانمە ڕۆژنامەنوسی بەنێوبانگ بێکی دایەمۆند (Becky Diamond)، و کریستن دریکسن (Kirsten Dirksen)، دەکات بەدواداچوونێکی ورد بکەن و چەندین ناوچەی ڕۆم و فەرەنسا و بەریتانیا بگەڕێن لەپێناو کەشفکردنی نیهێنیەکانی پشت ئەم تابلۆیە.
داڤینشی لە نێوان ساڵانی ١٤٩٥ – ١٤٩٨ ئەم نیگارەی بە پێوانەی ٤٦٠سم بە ٨٨٠سم کێشاوە. ئەم نیگارە دیواربەند (mural)ە، و بە تەکنیکی فیسکۆ کێشراوە. لە ئێستادا لە دێری سانت ماریا دیللە گراتزێ (Santa Maria Delle Grazie)یە، لە شاری میلانۆ لە وڵاتی ئیتالیا ئەم شاکارە پارێزراوە. بابەتی تابلۆکە ئایینیە و وێنای مەسیح لەگەڵ دوانزە شوێنکەوتووەکەی نیشان دەدات.
ئەم نیگارە دەکرێتە نێو خانەی قوتابخانەی شێوەکاری کلاسیک، بەو پێیەی خەسڵەتەکانی هونەری کلاسیکی تێدا ڕەچاو کراوە. وەک لە وێنەکەدا دیارە، مەسیح لە چەقی تابلۆدایە و هالەیەک لەسەر سەری هەیە و بەربینە (perspective)ی، تێدا ڕەچاو کراوە، بەشێوەیەک هەموو هێڵەکان لە پشتی سەری مەسیحەوە دەچنەوە سەر یەک خاڵ، هاوشان زانستی توێکاری تێدا بەکار هێنراوە و هەژمار بۆ ڕەنگ و هاوسەنگی کراوە، هەموو ئەمانەش مەرجن بۆ هونەری کلاسیک.
لە ڕووی مێژووییەوە ئەم نیگارە دوا ساتەکانی مەسیحمان بۆ وێنا دەکات کاتێک لەگەڵ دوانزە قوتابیەکەیدا شێوێک ئامادە دەکەن. ئەم خوانە لای هەریەکە لە مەتتا، مەرقۆس، لۆقا، یوحەننا لە ئینجیلی پیرۆزدا باسی لێوە کراوە. ئەمان چوار قوتابی مەسیح بوون بە بیست ساڵ دوای لەخاچدانی، وتەکانی مەسیحیان نوسیوەتەوە. ئەگەرچی سەدەها جۆری ئینجیل هەیە، بەڵام ئەمڕۆ زۆربەی زۆری مەسیحییەکان بڕوایان بەم چوار ئینجیلە هەیە.
لەم ئێوارەخوانەدا مەسیح بە قوتابیەکانی ڕادەگەیەنێت یەکێک لە ئێوە خیانەتم لێدەکات، هەروەک یۆحەننا لە ئیجیلەکەیدا لە زاری مەسیحەوە دەنوسێت، “ڕاستیتان پێ بڵێم، یەکێک لە ئێوە دەمدات بەدەستەوە.” ئیدی قوتابیەکانی دەکەونە گومان و مشتومڕەوە، دەڵێن ئەو کەسە کێیە خیانەت لە تۆ دەکات؟ وەک لە نیگارەکەدا دیارە، داڤنیشی زۆر لێهاتوانە ئەم چرکەساتەی وێنا کردووە، شڵەژاوی و ترس و گومان بە هەموویانەوە دیارە، پەرۆشن بۆ ئەوەی بزانن کێ خیانەکارە.
لەم تابلۆیە و چەندین تابلۆی تریشەوە، بۆمان ڕووندەبێتەوە کە داڤنیشی بەتەواوی لەژێر کاریگەری ئایدۆلۆجیای ئایینی مەسیحیەتدا کاری کردووە، بەڵام ئایا دەکرێت داڤنیشی لەپشت ئەم دیمەنە ئایینیانەوە کۆمەڵێک هێماو و کۆدی نهێنی بەجێهێشتبێت؟ هەندێک پێیان وایە لەپشت ئەم دیمەنانەوە کۆدی تر هەیە، بەتایبەت لەم تابلۆیەدا، کە ئەویش نهێنی خوێنی پیرۆز (Holy Blood)ە، کە هەوێنە بۆ دروستبوونی سەدەها کتێب.
خوێنی پیرۆز، یاخود کاسەی پیرۆز (Holy Grail)، ناوێکی خوازراوە بۆ شتێکی تر، دەنا مەبەست لە کاسەی پیرۆز کۆمەڵێک بەڵگەنامەیە، هەزاران دەستنوس، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش دەسەڵاتی قەیسەر کۆستەنتین. ئەم بەڵگانە بە دەستی پەیڕەوانی یەکەمی مەسیح نوسراونەتەوە، هاوشانی ئەم دەستنوسانەش تابوتێک کە ئیسکوپروسکی مریەمی مەجدەلی (Mary Magdalene)، تێدایە، پارێزراوە. لەنێو ئەم دەستنوسانەدا، هەندێکیان باس لە ماری دەکەن وەک هاوسەری مەسیح، هەر ئەوەش نا، بەڵکو پارێزەری ڕەچەڵەکی مەسیحیش. نهێنی هەبوونی وەچە لەلایەن مەسیحەوە گەورەترین نهێنیە لە مێژووی سەرجەم مرۆڤایەتیدا. کەواتە نهێنیە ترسناکەکە ئەم ئافرەتەیە و ئەگەر وابێت بناغەی ئایینی مەسیحیەت شلۆق دەبێت.
پاراستنی ئەم بەڵگەنامانە تا ئێستا هەر بە نهێنی دەکرێت، ئەویش لە ترسی کلێسای کاسۆلیکی، هەربۆیە کۆمەڵەی نهێنی تایبەت ئەرکی پاراستنی ئەم بەڵگەنامانەیان لەئەستۆ گرتووە. برایانی سایۆن (Priory of Sion)، ڕێکخراوێکی ڕاستەقینەی ئەوروپیە لە ساڵی ١٠٩٩، دامەزراوە، هەر ئەم ڕێکخراوەش داڤنیشی دەبەستێتەوە بەم بابەتەوە، چونکە داڤنیشی خۆی لە نێوان ساڵانی ١٥١٠ بۆ ١٥١٩ ئەندامی ئەم ڕێکخراوە بووە، هەر خۆی سەرۆک و مامۆستای هەرە گەورەی ئەم ڕێکخراوە بووە.
دان بروانی ڕۆماننوس زۆر بەڕەهایی نوسیویەتی، بەپێی بەڵگەکان داڤنیشی خۆی تەرخان کردووە بۆ پەرستنی مێینەی پیرۆز (خوداوەندی مێ)، تابلۆی دواهەمین شێویش دەربڕی هەمان بابەتە. لەم تابلۆیەدا کۆمەڵێک هێما و کۆد هەیە نزیکماندەکاتەوە لەوەی بڕوا بەم بانگەشەی دان براون بکەین. لێرەبەدواوە یەک لەدوای یەک ئاماژە بە هەر یەکەیاندەدەین.
یەکەم: بونی فیگەرێکی ژن لەنێو قوتابیەکاندا. هەبوونی ئەم ژنە لەنێو قوتابیەکانیدا جێی پرسیارە، چونکە بەپێی ئنجیل مەسیح دوانزە شوێنکەوتوی پیاوی لەگەڵدایە. ڕەخنەگران دەڵێن ئەم فیگەرە قژێکی سورباوی هەیە، پێستی ناسکە، سینگی بچوکە، دەستی ناسکە، ئەم تایبەتمەندیانە هی ژنن نەک پیاو، داڤنیشی شارەزایی تەواوی لە توێکاریدا هەبووە، مومکین نیە هەڵەی توێکاری بکات، هەربۆیە بەمەبەست فیگەری ئەم ژنەی کێشاوە، ئەویش کەس نیە جگە لە مریەمی مەجدەلی.
دووەم: بە نهێنی لەڕێی هێماوە لەنێو ئەم تابلۆیەدا ئاماژە دراوە بە کاسەی پیرۆز. پێشتر گوتمان کاسەی پیرۆز ناوێکی خوازراوە بۆ تەرمی کەسێک و هەزارەها دەستنوس. هەمیشە ئەم کاسەیە بەو کاسە زانراوە کە مەسیح لە دواهەمین شێودا بۆ خواردنەوە بەکاری هێناوە، ئەم کاسە لە زۆربەی ئەو فیلمانەی پشتبەست بە ئینجیلی لۆقا باس لە ژیانی مەسیح دەکات دەرخراوە، دواتر جۆزیفی لەپاش لەخاچدانی خوێنی مەسیحی تێدا کۆدەکاتەوە. لای برایانی سایۆن ئەم پیاڵە هەرگیز ئەو پیاڵە حەقیقیە نیە، بەڵکو بریتیە لەو گەنجینەی لەمێژە مرۆڤ بەدوایدا دەگەڕێت. ئەگەر لای داڤنیشی ئەو کاسە بەهایەکی هەبوایە، ئەوا لە تابلۆکەیدا بەرجەستەی دەکرد، بەڵام دەبینیت بەپێی ژمارەی کەسایەتیەکان کاسە هەیە، بەڵام کاسەی پیرۆز دیار نیە! دەبێت داڤنیشی بیری چوبێت؟ ئاشکرایە توانای داڤنیشی لە بواری نیگارکێشیدا لەئاستێکدا نەبووە ئەم هەڵەی بەسەردا تێپەڕێت. بەڵام ئاماژەدان بە پیاڵەی پیرۆز لای ئەم بە هێمایە، وەک لە تابلۆکەدا دیارە بەشێوەی دانیشتنی هەردووک فیگەری مەسیح و مەجدەلی، پیتی ڤی (V)، دروست بووە. لە ڕاستیدا ئەم هێمایە لای داڤنیشی و برایانی سایۆن ئاماژەیە بۆ کاسەی پیرۆز، چونکە ئەم هێمایە لە کۆندا هێمابووە بۆ ڕەگەزی مێ، کاتێک داڤنیشی ئەم هێمایەی بەشارەوەی وێنەکردووە، ویستویەتی لەڕێیەوە ئاماژە بۆ مەجدەلی بکات، ئەو خانمەی هەڵگری خوێنی شاهانەیە، واتە ڕەچەڵەکی مەسیح، بەدەربڕێنێکی تر خوێنی پیرۆز (Holy Blood).
سێهەم: دیسانەوە بەهۆی شێوازی دانیشتی هەمان دوو فیگەرەوە، واتە مەسیح و مریەم، پیتی ئێم (M)ی، ئینگلیزی دروست دەبێت. خانمە ڕەخنەگری ئینگلیزی لین پیکنێت (Lynn Picknett)، دەڵێت، “ئەمە ئەگەر ئاماژەدان نەبێت بە مەجدەلی کە ناوەکەی بە پیتی ئێم دەست پێدەکات، ئاماژەدانە بەچی.” دان بروان لە ڕۆمانەکەیدا دەڵێت، ئەم پیتە ئاماژەدانە بە وشەی هاوسەرگیری (Matrimony)، نێوان مەسیح و مەجدەلی.
چوارەم: داڤنیشی لەڕێی پۆشاکەکانیانەوە ویستویەتی جەخت لەسەر هەمان شت بکاتەوە. دەبینیت لەنێو هەموو کەسایەتیەکاندا تەنها مەسیح و مەجدەلی هەمان جۆر پۆشاکیان پۆشیوە، بەڵام بە ڕەنگی جیاواز، ئەمە جگە لە ئاماژەیەکی تر هیچی تر ناگەیەنێت. ئەمە جگە لەوەی لەو سەروبەندەدا دانیشتن لای ڕاستی کەسایەتیە گەورەکان بەواتای ئەوپەڕی نزیکایەتی دەهات لەو کەسە. دانیشتن لای ڕاستی مەسیحەوە لە خوانێکی وا گرنگدا زیاتر لەو بانگەشە نزیکمان دەکاتەوە. ئەگەرچی ڕەبەنی مەسیح لە ئینجیلدا هاتووە، بەڵام دەگوترێت بیرۆکەی هاوسەرگیری مەسیح بەجێتر وەک لە ڕەبەنی. چونکە مەسیح خۆی جولەکەبووە و نەریتی جولەکەش لەو سەردەمەدا وابووە ڕێگە بە ڕەبەنی نەدراوە، چونکە ئەم کەسە گونهبار دەبوو.
پێنجەم: بونی دەستێک کەوەک شمشێر لەسەر گەردنی مەجدەلی ڕاگیراوە، هاشان بەرجەستەکردنی کەسایەتیەکی توڕە بەشێوەیەک ئاڕاستەی دەموچاوی بەرەوە مەجدەلیە. لای داڤنیشی ئەو کەسە قەدیس پەترۆسە، کە هەمیشە ناکۆکبووە لەگەڵ مەجدەلیدا، چونکە پیاوسالاربووە، هاوکات مەسیحیش ناسرابوو بەوەی پشتگیری لە ژنان دەکرد و ویستویەتی داهاتووی کلێسا لەژێر دەستی مەجدەلیدا بێت، بەڵام پەترۆس خۆشی بەوە نەهاتووە. وادەردەکەوێت مەسیح ئاگای لە بیرکردنەوە و هەستی پەترۆس بوبێت، وەک لەم وێنەدا دیارە بەڕق و توڕەییەوە بەرامبەر مەجدەلی وەستاوە و دەستی وەک شمشێر لەسەر گەردنی داناوە، وەک بڵێیت دەیەوێت ملی بپەڕێنێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە ژمارەی دەستەکانە، هەر فیگەرێک دوو دەستی خۆی هەیە و ئەم دەستە زیادەیە، وەک ئاماژەیەک نیگارکراوە بۆ پیلانێکی ژێربەژێری پەترۆس بۆ لەناوبردنی مەجدەلی.
ئەگەرچی ئەم کۆد و هێمایانە وا لەهەندێکمان دەکات بڕوا بەو بانگەشەی دان بروان و کەسانی تر بکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک نیە لەسەر ڕاستی و دروستی ئەم بابەتە، هەموو زانیارییەکان وەک تابلۆی دواشێو خۆی بە پەنهانی ماونەتەوە. ڕیچارد لای (Richard Leigh)، دەڵێت: “کەس دڵنیا نیە لەو زانیاریانەی سەبارەت بە خوێنی پیرۆز دەخرێنە ڕوو.” هیچکات ڤاتیکان پشتڕاستی ئەم بەڵگانەی نەرکردووەتەوە، بەڵکو بەڕەهایی دەگوترێت، “هەرچیەک سەبارەت بە پیاڵەی پیرۆز دەگوترێت، ساختەیە و دورە لە ڕاستیەوە. میکایل ڕۆگ (Michael Rouge)، ڕێکخەری کلێسای سەینت سەلپیس (St. Sulpice)، دەڵێت، “ئەوانەی دانبروان سەبارەت بەم تابلۆیە نوسیویەتی، هیچ نین جگە لە دروستکردنی چیرۆکێکی خەیاڵی.” ڕەنگە ئەوانەی لەسەر ئەم تابلۆیە دەگوترێن هیچ ڕاستیەکی تێدا نەبێت، هاوکات هێماکانی داڤنیشیش هەر گاڵتەیەکبن تا بزەیەک بخەنە سەر لێوی مۆنا لیزا.
تێبینی:- ئەم بابەتە لە ژمارە ٣٨ی گۆڤای شاکار، لە ساڵی ٢٠٠٩، بڵاوبووەتەوە.