دیمانەساز: شەن نیضام
ڕجا محمد عەلی لە ساڵی ١٩٦٥ لە هەڵەبجە لەدایکبووە و پەیمانگای هونەرەجوانەکانی لە سلێمانی تەواوکردووە. لە بواری هونەری شێوەکاری و ڕۆژنامەگەری و کاریکاتێر و ڕاگەیاندن کاریکردووە و ئێستایش پیشەی مامۆستایە.
ڕجا محەمەد دەربارەی چۆنێتی هەڵبژادنی ڕێگای هونەر و بەتایبەتیش شێوەکاری دەڵێت:
لە سەرەتاوە هەستەکانت، لەناخەوە نەستت داوات لێدەکات ڕێگای هونەر هەڵبژێریت، یان هەر کایە و بوارێکی تر تا خۆتی تیادا دەرببڕین، ئەویش بۆ ئەوەیە بتوانیت باشتر لەوەی هەیە، کاریگەرتر و قوڵتر گوزارشتی تەواو لە هەستەکانت بکەیت. هونەری شێوەکاری وەک هونەرێکی کاریگەر هەر لە سەردەمی منداڵییەوە لەگەڵ ئێمەدایە و یەکەم هەوڵی ئێمەیە بۆ دەربڕین، منیش وەک هەر هونەرمەندێکی تر هەوڵمداوە، تا ڕادەیەکیش توانیوومە لەم ڕێگایەوە ئەوەی ویستوومە بیڵێم کردوومەتە کارێکی هونەری و گوزارشتم لە هەستەکانی خۆم کردووە.
لەبارەی ئەوەی چ شتێک یارمەتیدەری ڕجا بووە بۆ ھەڵبژاردنی ڕێگای هونەر تا لەو ڕێگایەوە هەستەکانی تیادا دەرببڕێت، هونەرمەند دەڵێت:
هەڵبژاردنی ڕێگا ئەوەیە خۆت هەڵیبژێریت و بیکەیتە ڕێبازی کارکردنت، هونەریش ڕێبازێکە بۆ دنیابینییەکی نوێ، جوانترکردنی ژیان لەوەی کە هەیە، هەوڵێکە بۆ ئەزموونی نوێ و داهێنان و هێنانە کایەی تێڕوانینی جیاواز، کە بۆ ئەمانەش هونەر بەگشتی کاریگەرترینە.
ئایا پەیمانگە و ئەکادیمیا دەتوانن هونەرمەند دروست بکەن، یاخود ڕێگایەکی تر هەیە بۆ ئەوەی ببیتە هونەرمەند؟
مەرج نییە ئەوەی ناوەندە هونەرییەکانی تەواوکردبێت ببێتە هونەرمەند، دونیای هونەر جیاوازە لە هەموو کار و پیشەکانی تر. خوێندنی هونەریش بە ڕێگایەکی ئەکادیمی تا ببیتە هونەرمەند زۆر گرنگە، هونەرمەندە مەزنەکانی ڕابردوو زۆرینەیان لەو ڕێگایەوە توانیوویانە خۆیان پێ بگەیەنن و شاکاری گەورە لە دوای خۆیان جێ بهێڵن، بەڵام دەکرێت کەسێک پزیشک یان ئەندازیار یان هەر پیشەیەکی تری هەبێت بەڵام لە هەمان کاتیشدا هونەرمەندێکی باشیش بێت.
ئایا ڕجا ڕێبازێکی لەناو هونەردا هەڵبژاردووە تاوەکو کاری تیادا بکات، ئایا بۆچی پێیوایە ئەو ڕێبازە گرنگە و دەتوانێت لەو ڕێگایەوە بە باشترین شێوە هەستەکانی خۆی دەرببڕێت؟
هەموو هونەرمەندێک بەپێی کارو ئەزموونی خۆی ڕێگا و شێوازی جۆراوجۆر بەپێی قۆناغ تاقی دەکاتەوە و ئەزموونی دەکات تا دەگاتە شێوازێکی تایبەتی دەربڕین بە خۆی. ئێستا هەر لە ڕێبازی هونەری ئەبستراکتدا بە هەزاران هونەرمەند کاردەکەن، بەڵام هەریەکەیان بە شێوازی تایبەت بە خۆیان دەناسرێنەوە. من وەکو خۆم ئەزموونم وەکو کارکردن لەچاو هونەرمەندانی تر کەمترە، بەڵام بەم شێوازەی کاری لەسەر دەکەم تا ئێرە هێناومە و توانیوومە لەو ڕێگایەوە گوزارشت لەوەی دەمەوێ بیڵێم بەم شێوازە دەرمبڕیووە. مەرجیش نییە ئەم شێوازە گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت، بەڵکو گۆڕانکاری لە شێوازی کارکردندا پێویستە.
لەکاتێکدا کارەکانی ڕجا لە ئاستێکی بەرزدا دروست دەکرێن، بەڵام دەبینین هونەرمەند لە ئاستی پێویستدا دیارنییە، دیارنەبوونی ڕجا شتێکە خۆی هەڵیبژاردووە، یاخود هۆکارێکی دیکەی لە پشتەوەیە؟
گەر بڵێم ئەوە شتێکە خۆم هەڵمبژاردبێ ڕەنگە بەشێکی راستیم پێکابێت، بەڵام ئەمڕۆ هونەر وکایەکانی تری رۆشنبیری بەگشتی لە تەنگژە و قەیرانێکی جدیدایە. بەهۆی هەیمەنە و هێرش و شاڵاوی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنی دنیای سەردەمەوە، هونەرمەندێک ساڵانێکی زۆر وەکو دەڵێن خوێنی ئەبێت بە ئاو تا پێشانگایەک دەکاتەوە، کەچی لەدوای کردنەوەی پێشانگەکەیەوە چوارکەس نابینرێن تاوەکو بینەری کارەکان بن. مرۆڤبوون گۆڕانکاری زۆری بەسەرداهاتووە، ژیانی مادی و سەرمایەداری مرۆڤەکانی بەرەو بە ئامێربوون و بەرەو کائینێکی بەکاربەر دەبەن، دوای ئەمەش بەها و کایە جوان و ئیستاتیکیەکان بەرەو جۆرێکی تر دەگۆڕدرێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هونەر پێویستییەکی گرنگە و ناتوانرێ بە ئاسانی دەستی لێ بەربدرێت.
لەکاتی دەستپێکی ئەم هێرشەی کۆرۆناوە، زۆرێک لە هونەرمەندان لە سەرانسەری جیهانەوە هەوڵیان داوە لە ڕێگای هونەرەوە هەستەکانیان پیشان بدەن، بۆچی بۆ ئێوە گرنگە لەم دۆخانەدا هونەرمەند قسەی خۆی هەبێت؟ ئایا دەبێت کارکردنەکان بە چ ئاڕاستەیەکدابن؟
سەرەتا هونەر بێجگە لەوەی گوزارشتە لە بەها جوانەکان، دەکرێت لەگەڵ ئەوەشدا هەڵگری پەیامی هۆشیاری و ڕۆشنبیری و بە ئاگابوون بێت، ئێستا دەبینین لە کاردانەوەی کوشتنی بەناهەقی جۆڕج فلۆید لە ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکاندا هونەر چ ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەر دەگێڕێت. لە هاتنی پەتای کۆرۆناشەوە هونەر بەهەموو بەشەکانییەوە ڕۆڵی کاریگەری خۆی گێڕاوە، کە سەرەتا لە کاریکاتێرێکەوە دەستی پێکرد و ووڵاتی چینی زۆر توڕە و نیگەرانکرد، ئەوەیش ئاساییه کە هونەر لە هەموو پێشهات و ڕووداوەکاندا قسە و ئامادەیی خۆی هەبێت. پەتای کۆرۆناش ڕووداوێکی گاڵتە نییە، زۆرێکی لە هاوکێشە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئاوەژووکردووەتەوە، گۆڕانکاری ڕیشەیی تیایاندا دروستکردووە. هونەرمەندیش وەکو هەر مرۆڤێکی تر کاریگەری ئەو گۆڕانکاریانە لە سەری دروست دەبێت، بگرە کاریگەرییەکان زۆر زیاتریشن. هونەریش کایە و پانتاییەکی فراوانی ئازادی ڕادەربڕینە، کە هەر کەسە و بەو شێوازەی خۆی دەیەوێت گوزارشت لەم حاڵەتە دەکات. دیارە زۆرێک لە بیریار و ئەکادیمی و لێکۆڵەر و زاناکان، بگرە پزیشکەکانیش بۆچوون و تێڕوانینی جیاوازیان لەبارەی کۆرۆناوە هەیە و هێشتا فەزا و مەودای بینینەکە تەڵخ و لێڵە و پێویستی بەکاتی زیاترە بۆ بەرچاو ڕوون بوونەوە. ڕاستە لە فەیسبووک کارێکم بەناوی کوڤید نۆزدەوە بڵاوکردۆتەوە، بەڵام نوسیوومە (هەیە بەپیلانگێڕییەکی شەیتانانە پێناسەی دەکات، کۆمەڵێکی تریش هەن بە پیلانگێڕ ئەو کەسە دەناسێنێت کەوا بیردەکاتەوە.) ئەمە مەرج نییە بۆچوونی تایبەتی خۆم بێت. هونەر یەکێک لەکار و پیشەکانی ئەوەیە پرسیار بۆ زانینی زیاتر لای تاك دروست بکات، بەمەبەستی زیاتر هۆشیاربوون، ئەمەیش ڕەنگە بۆ هەموو هونەرمەندێک وانەبێت، بەتایبەت لە ڕۆژگارێکی جەنجاڵ و شێواو و پڕ ئاڵۆزی وەکو ئەمڕۆمان کە پێویستە مرۆڤەکان وەکو کورد دەڵێت چاوێک بکەن بە چوار چاو تا ڕاستییەکانیان لێ وون نەبێت.
لەبارەی سەرەتای کارکردنی هونەرمەند و ئەو پێشانگایانەی بەشداری تێداکردووە، ڕجا دەڵێت:
وەکو کارکردن دەکرێ بڵێم هەر لەدوای تەواوکردنی خوێندنی پەیمانگە کەم تا زۆرێک کارمکردووە، بەڵام ئەو بارودۆخە سەختەی ئێمەی تێدابووین زۆر جیاوازی لەگەڵ ئەمڕۆماندا هەبوو. دەتوانم بڵێم لە کاری هونەری شێوەکاریدا زۆر چالاک نەبووم و بگرە ساڵانێکی زۆر بەهۆی کارکردنم لە تەلەفزیۆن و رێکخراوی ناحکومی هەقی تەواوم بە بەهرەو تواناکانی خۆم نەداوە، بەڵام تەواو دابڕاویش نەبووم. وەکو پێشانگە تا ئێستا خاوەنی سێ پێشانگەم و لە پێشانگەی هاوبەشی هونەرمەندانیش لە شارەکانی هەڵەبجە و سلێمانی و هەولێر و دهۆک بەشداریم کردووە و خاوەنی بیرۆکە و پڕۆژەی مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەم و کارێکی تریش بەناوی وەرزی هەڵەبجە هەر لەوشارە هەیە و کاری منە، لەبواری کاریکاتێریش کارمکردووە و بەرهەمم لە گۆڤاری ڕابەر و پەیامی ڕاستی و لڤین و سیخورمە و ڕۆژنامەکانی هاوڵاتی و یەکگرتوو و ئاوێنە بڵاوکردووەتەوە. بۆمنداڵانیش لەگۆڤار و نامیلکە و چیرۆک وەکو نوسین وێنە و دیزاین کارمکردووە.