[تابلۆ مێژووییەکانی پەتا و نەخۆشییەکان چیمان دەربارەی ئەمڕۆ پێ دەڵێن]

ئێمیلی کاسریەڵ

لە ئینگلیزییەوە: زانا عوسمان

کاتێک کۆمەڵگاکان لەلایەن دوژمنە نەبینراوەکانەوە تەوق دەدرێن، هونەرمەندان هەوڵ دەدەن لەو وێرانکارییە تێبگەن کە پەتا کوشندەکان لەگەڵ خۆیان دەیهێنن. لێکدانەوەی هونەرمەندان بۆ ئەو ڕووداوە تۆقێنەرانەی ئەزموونیان کردوون بەدرێژایی کات گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە، بەڵام ئەوەی وەک خۆی ماوەتەوە خواستی هونەرمەندانە بۆ کێشانی ناوەڕۆک و کرۆکی پەتا کوشندەکان. هونەرمەندان لەڕێگای کارە هونەرییەکانەوە پەتاکانیان وەک شتێک کێشاوەتەوە کە بەو شێوەیەش ناڕوون و نەزانراو و تۆقێنەر نین.

بەدێژایی بەشی زۆری مێژوو، هونەرمەندان تابلۆی پەتا کوشندەکانیان لە چوارچێوەی ئەو ژینگە ئاینییە توندەدا کێشاوە کە تێیدا ژیاون. لە ئەوروپادا، هونەرمەندان وێنەی نەخۆشی (مەرگی ڕەش)یان وەک سزا و ئاگادارکردنەوەیەک کێشاوە کە پەتاکە بۆ گوناهباران و کۆمەڵگاکانی دەهێنێت. سەدەکانی پاشتر لەگەڵ خۆیاندا ڕۆڵێکی نوێیان بۆ هونەرمەندان هێنا. ئەرکیان بەهێزکردنی هاوسۆزیی خەڵکی بوو بۆ قوربانیانی پەتاکە، بەجۆرێک پاشتر لەپێناو ستایشکردن و دڵگەرمکردنی یاوەرانی نەخۆشدا، قوربانیان پەیوەست کران بە مەسیح خۆیەوە. چێکردنی هەستوسۆزی بەهێز و خستنەڕووی هێزی دەرئاسا بۆ زاڵبوون بەسەر پەتاکاندا رێگاگەلێک بوون بۆ پاراستن و دڵنەواییکردنی کۆمەڵگا دەردەدارەکان. لە سەردەمی مۆدێرندا، هونەرمەندان لە ڕێگای کاری خۆوێنەکێشییەوە توانای خۆیانیان بۆ بەرەنگاربوونەوە و شاندانەبەر باری ئەو پەتایەی لە دەوریاندا تەشەنە دەستێنێت پیشانداوە، بەمەش جۆرێک لە هەستی خۆجڵەوگیرییان نمایش کردووە.

هونەرمەندان لەڕێگای توانای داهێنانیانەوە دەرگیری پرسیالگەلێک بوون دەربارەی ناسکیی ژیان، پەیوەنی مرۆڤ و ئاسمان، هەروەها ڕۆڵی ئەوانەی چاودێری نەخۆشەکان دەکەن. ئەمڕۆ، لە سەردەمی نەخۆشیی کۆرۆنادا، ئەم تابلۆ مێژوویانە دەرفەتێکمان پێ دەدەن تا لەم پرسیارانە ڕابمێنین و پرسیار لە خۆمان بکەین.

 

پەتا وەک ئاگادارکردنەوەیەک

لە سەردەمانێکدا کە خەڵکانێکی کەم خوێندەوارییان هەبوو، بەمەبەستی سەرسامکردن و مەدهۆشكردنی خەڵکی لەڕێگای پیشاندانی مەزنیی توانای خوداوەند بۆ سزادانی بێگوێیان، نیگارگەلی سەرسوڕهێنەری خاوەن هێڵی‌چیرۆکیی سەرنجڕاکێش دەکێشران. مردن بە پەتاکان نەک هەر تەنها وەک سزایەکی خوداوەند لەپای بەدڕەفتاریدا دەبینرا، بەڵکو وەک هێمایەکیش کە قوربانییەکە لە دونیای داهاتوودا توشی ئەشکەنجەیەکی نەبڕاوە دەبێت.

دەستنووسێکی وێنەداری دێرین دەربارەی پەتای مەرگی ڕەش

ئەم تابلۆیە یەکێکە لە نیگارە بەراییەکانی سەردەمی ڕینیسانس دەربارەی پەتای کوشندەی (مەرگی ڕەش) کە وا مەزەندە دەکرێت لە ساڵە زۆر سەختەکاندا ٢٥ ملیۆن کەسی لە ئەوروپادا کوشتبێت. لەم دەستنووسە وێنەدارەدا کە لە ناوچەی توسکانی-ی ئیتاڵیا و لە دواییەکانی سەدەی چواردەیەمدا کێشراوە، ڕۆحە خراپەکان بە تیرەکانیان دەرد و سام بەسەر کۆمەڵێک مرۆڤی شپرزەدا دەبارێنن. کرداری کوشتنەکە لە ساتی ڕودانیدا وێنە کێشراوە کە تێیدا یەکێک لە تیرەکان لە ئان‌وساتی پێکانی سەری یەکێک لە قوربانییەکاندایە. بەکارهێنانی تیر وەک هێمای هەڵگری نەخۆشی و بەدبەختی و مەرگ، پەیوەستە بەو ژمارە زۆرەی بەکارهێنانی هێماییانەی تیر لە پەیمانی کۆن و ئەفسانەناسی یۆنانیدا.

دکتۆر لویس مارشاڵ، شارەزا لە مێژووی هونەردا، دەڵێت کە لەم جۆرە وێنەکێشانانەدا ڕۆحە خراپەکان لەلایەن خوداوە نێردراون تا سزای مرۆڤایەتی لەپای تاوانەکانیاندا بدات. خەڵکانی سەدەکانی ناوەڕاست بە بینینی ئەم جۆرە بوونەوەرە باڵدارانە زراویان دەچوو، چوونکە وایاندەزانی ڕۆحە خراپەکان لە جیهانێکی ترەوە هاتوون تا بە هێزە دەرئاساکانیان ئەمان بترسێنن.

ئەم چەشنە گێڕانەوە وێنەییە ئەوەمان پیشان دەدات کە ئەم کوشت‌وبڕەی ڕۆحە خراپەکان بێ هەڵاوێردنە، ئەو ڕۆحە خراپانەی لە ژینگەی گەندەڵی پشت هەورە ڕەشەکانەوە هاتوون تا کۆی کۆمەڵگا بەئامانج بگرن. دکتۆر مارشاڵ دەڵێت، “ئەم وێنەیە تەنها وەک ئاگادارکردنەوەیەک بۆ فەوتانی کۆمەڵگایەک کار ناکات، بەڵکو بۆ لەناوچوونی خودی جیهان.” لەم جۆرە تێگەیشتنەدا بۆ پەتاکە، کردەی لەناوچوونەکە لەپێناو باشەی مرۆڤایەتی خۆیدایە، تا بەو هۆیەوە ئێمە لە هەڵەی کردەوەکانمان بگەین و لەڕێگای گرتنەبەری ژیانێکی مەسیحیانەی ڕاستەقینەوە خواستی خوداوەند بەدی بهێنین.

لەم تابلۆیەی سەدەی چواردەدا تاعوون وەک سزایەک وێنەی کێشراوە

چیرۆکی ڕزگاربوونی جولەکەکان لە دەستی میسرییەکان بەشێکە لە گێڕانەوە وێنییەکان دەربارەی سزای پەتا کوشندەکان، ئەو چیرۆکەی کۆمەڵگا جووەکان هەموو ساڵێ لە جەژنی فەتیرەدا دەماودەم دەیگێڕنەوە. ئەم تابلۆیە لە دەستنووسێکی وێنەداری سەدەی چواردەیەمەوە وەرگیراوە و نیگاری یەکێکە لەو دە تاعوونە کوشندەیەی توشی مسرییە گوناهبارەکان بوون. ئەم دەستنووسە لەلایەن جولەکەکانی کەتەلۆنیاوە بەکرد دراوە تا لە خوانی جەژنی فەتیرەدا بەکاری بهێنن. لێرەدا فیرعەون و یەکێک لە کۆشک‌نشینەکانی، لەپای تاوانی چەوساندنەوەی ئەو خزمەتکارە جولەکانەی کە میسرییەکان بە مێروویان دەچواندن، زیپکەگەلێکی زۆر لەسەر جەستەیان دەرهاتوون. دکتۆر مارک میشێل، پسپۆڕی ئایین و کلتوورە ڤیژوەڵەکان، ئەوە دەخاتە ڕوو کە “توندی سزاکە لە وردەکاریی وێنەکەدا نەخشێنراوە؛ ئەو سێ سەگەی برینە ڕوولەخراپبوونەکانی خاوەنە میسرییە گوناهبارەکانیان دەلێسنەوە.”

ئەو کارە هوونەریانەی لەماوەی پەتا کوشندەکاندا کێشراون، ناسکی و زووتێپەڕیی ژیانیان وەیاد کەسە زۆر بەهێزەکانیش هێناوەتەوە. لە زۆرێک لە تابلۆکاندا تیشک خراوەتە سەر لەپڕێتیی مەرگ. وێنەی (سەمای مەرگ) بەردەوام کێشراوەتەوە، کە تێیدا هەمووان لەلایەن بەرجەستەبوونی مەرگەوە هاندەدرێت تا بەسەماوە ڕووەو گۆڕەکەیان هەنگاو بنێن. هەروەها بەکارهێنانێکی فراوانی کاتژمێری لمینیش دەبینرێت بەمەبەستی وریاییدان بە باوەڕداران بەوەی کاتێکی سنورداریان لەبەر دەستە تا بەر لەوەی پەتاکە بێ هیچ ئاگارارکردنەوەیەک لە ژیان دایانبڕێت کاروکردەوە و ڕۆحیان ڕێکبخەوەنە.

پەتا وەک ئاودانی هەستی هاوخەمی

لەگەڵ نیگاری (تاعوون)ی مارکانتۆنیۆ ڕایمۆندی، کە لە سەرەتاکانی سەدەی شازدەیەم و لەسەر بنەمای کارێکی ڕافاێل کێشراوە، بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو لە هونەری پەتا و نەخۆشیدا دێتە پێشێ.

تابلۆیەکی سەدەی شازدە کە لەلایەن ڕایمۆندی-یەوە کێشراوە

بەگوێرەی دکتۆر شێیلا بارکەر، شارەزا لە مێژووی هوونەری پەتادا، “ئەوەی دەربارەی ئەم نیگارە چکۆلانەیە گرنگە ئەو تەرکیزەیە کە لەسەر هەندێک لە تاکەکانە، بەجۆرێک کە لەڕووی تەمەن و ڕەگەزەوە جیا دەکرێنەوە.” دیوی مرۆیی ئەم کەسانە بەجۆرێک زەقکراوەتەوە کە ناچارمان دەکات هاوسۆزی ژان و ئازاریان بین. کە دەبینین نەخۆشەکان مامەڵەیەکی وا نەرمونیانیان لەگەڵدا دەکرێت، ئیتر وا هەست دەکەین دەبێت ئێمەش بۆ سوککردنی ئازارەکانیان شتێک بکەین. لێرەدا کارێکی هونەری توانای ئەوەی هەیە بە کردنی شتێک قایلمان بکات کە لە ئەنجامدانی دەترسین، ئەویش گرنگیدانە بە ڕۆحە نەخۆش و بیمارەکان.

ئەم وەرچەرخانە لە هونەری پەتادا هاوشانی تێگەیشتنێکی نوێیە دەربارەی تەندروستیی گشتی؛ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا شایەنی ئەوەن بپارێزرێن، نەوەک تەنها ئەو دەوڵەمەندانەی دەتوانن بۆ تەلارەکانیان لە گوند هەڵبێن. ئەو پزیشکانەی بۆ سەلامەتی خۆیان لە شار هەڵدێن دەبێت سزا بدرێن.

ئەم تێمای هاوخەمییە لە سەدەی حەڤدە و هەژدەدا پتر گەشەی پێ دەدرێت، بە وابەستەییەکی زیاتری کڵێسای کاسۆلیکی بە کارنامەی تەندروستیی گشتییەوە. وردە وردە هوونەری پەتا لەناو کڵێسا و پەرستگاکاندا نمایش دەکران. ئیتر بیمارانی نەخۆشییەکان بە مەسیحەوە دەبسترانەوە. دکتۆر بارکەر دەڵێت کە مەبەستی پشتی ئەم جۆرە پێناسەکردنە “بۆ ئەوە بووە تا وا لە ڕاهیبەکان بکات بەسەر بۆنی ناحەزی جەستە مردەڵۆکەکان و گرانیی مەرگدا زاڵ ببن، ئەویش لەڕێگای خۆشویستنی قوربانییە بیمارەکانی پەتاکانەوە.” ئەوانەی بەدیار بیمارەکانەوە بوون و ڕەنگیشە لە دەرئەنجامدا ژیانی خۆیانیان بکردایەتە قووربانی بە کێشرانیان لە شێوەی قەدیساندا ڕێزیان لێ دەنرا.

 نیگاری (تاعوونی ئەشدۆد) لە ساڵی ١٦٣٠-١٦٣١ لەلایەن نیکۆلاس پۆوسین

 

هێزی شیفابەخش

لە سەدەی حەڤدەدا، زۆرێک باوەڕیان وابوو کە خەیاڵ خاوەنی هێزێکی ئازاردەر و شیفابەخشیشە. هونەرمەندی فەڕەنسی نیکۆلاس پۆوسین لە ناوەڕاستی بڵاوبوونەوەی تاعونێکدا لە ئیتاڵیا نیگاری ‘تاعوونی ئەشدۆد’ (١٦٣٠-١٦٣١)ی کێشاوە. دکتۆر بارکەر باوەڕی وایە کە لەڕێگای دووبارەکێشانەوەی دیمەنێکی تراجیدی دێرینی ناو ئینجیل کە دەبێتە هۆی هەستکردن بە ترس و پەژارە، “هونەرمەند ویستوێتی بینەر لە خودی ئەو نەخۆشییە بپارێزێت کە نیگاری کێشاوە.” لەڕێگای بزواندنی هەستوسۆزێکی بەهێزەوە بۆ پەژارەیەکی دوورەدەست، بینەران هەست بە سووکی و پاکبوونەوەیەکی دەروونی دەکەن، بەمەش خۆیان لەو ژانەی لە چواردەریاندایە دەپارێزن.

تابلۆیەک هونەرمەند یۆشیتۆشی کە جەنگاوەرێک لە ململانێ لەگەڵ ئاوڵەدا پیشاندەدات

 

بەدرێژایی چەندین سەدە پەتای ئاوڵە وڵاتی یابانی داڕماند. کارێکی هونەری کە ساڵی ١٨٩٢ کێشراوە جەنگاوەری ئەفسانەیی سامورای مینامۆتۆ نۆ تامێتۆمۆ دەخاتەڕوو کە بەرەنگاریی دوو خوداوەندی ئاوڵە، ئاوڵەی بچووک و ئاوڵەی گەورە، دەکات. جەنگاوەری ناسراو بە پشودرێژی و خۆڕاگری وەک بەهێز و بڕوابەخۆبوو کێشراوە؛ لە جلوبەرگێکی سووری پڕنەخش‌ونیگار و پڕچەک بە شمشێرێک و تیردانێکی پڕ لە تیر. بە پێچەوانەوە، خوداوەندانی ئاوڵە لە دۆخی هەڵهاتن و ترس و هیوابڕاویدا لە پەراوێزی تابلۆکەدا کێشراون.

 

 

ڕێنوینیکردنی ئازار لەڕێگای خۆوێنەکێشانەوە

هونەرمەندانی مۆدێرن و هاوچەرخ بەمەستی سەردەرکردن لە بەڵاو ئافاتەکانی خودی خۆیان و تێڕامان لە بابەتە باڵاڕۆکانی وەک ژیان و مەرگ کاری خۆوێنەکێشانیان دروست کردووە.

خۆوێنەکێشیی ئێدوار موندک لەکاتی نەخۆشی ئەنفلۆنزای ئیسپانیدا

کاتێک لەسەروبەندی جەنگی جیهانی یەکەمدا پەتای ئەنفلۆنزای ئیسپانی لە ئەوروپا دەدات، هونەرمەندی نەرویجی ئێدوارد مونک دەبێتە یەکێک لە قوربانییەکان. کاتێک هێشتا جەستەی لە زۆراندایە لەگەڵ ئەنفلۆنزاکەدا، وێنەی زامە دەروونییەکەی خۆی دەکێشێت_بێ‌ڕەنگ، تەنیا و ماندوو، بە دەمی داپچڕاوەوە. دەمە داچەقاوەکە دەمانخاتەوە یادی کارە ناودارەکەی مونک، تابلۆی(قیژە)، ڕەنگەیشە گوزارشت بێت لە هەناسەتوندی مۆنک لەوکاتدا. ئاوێتەبوونی کەسەکە و کەلوپەلەکان هەستێکی بەهێزی سەرلێ‌شێواوی و لەبەریەک‌هەڵوەشان پەخش دەکاتەوە. سەرچەفەکەی هونەرمەند لە تەرمێک یان نووستوویەکی خەو‌بچڕبچڕ دەچێت کە لە شەودا هەر ئەمدیو-و-ئەودیویەتی. بەپێچەوانەی هەندێک لە نیگارەکانی مونک دەربارەی نەخۆشی کە تێیاندا خۆشەویستانی دەردەدارەکە بە نیگەرانی و ترسەوە بەدیار نەخۆشەکەوە لە چاوەڕوانیدان، لێرەدا هونەرمەند نیگاری خۆی وەک قوربانییەک دەکێشێت کە دەبێت دابڕاو و تەنیا شان بداتە بەر ئازارەکەی.

د.ئێلیزابێس ئوتکا دەڵێت: “مونک تەنها ئاوێنەیەک بەرامبەر سروشت ڕاناگرێت، بەڵکو لەڕێگای دووبارەوێناکردنیەوە تا ئاستێک جڵەوی دەکات.” ئۆتکا باوەڕی وایە کە هونەر ڕۆڵی یاریدەدەرێکی دەروونی دەبینێت هەم بۆ هونەرمەند و هەم بۆ بینەر. “ڕەنگە بینەران لە چەرمەسەرییەکەی مۆنکدا هەست بە هاوسۆزی و ئاشنایەتییەکی قوڵ بکەن، ئەمەش وایان لێ دەکات ئاسانتر دڵتەنگییەکەیان چارە ببێت.”

تابلۆی(خێزان)ی هونەرمەد ئیگۆن شیلێ لێوڕێژە لە ژان

لە ساڵی ١٩١٨ دا هونەرمەندی نەمسایی ئیگۆن شیلێ کاری لەسەر کێشانی وێنەیەکەی خێزانیی خۆی و هاوسەرە دووگیانەکەی دەکرد. ئەو منداڵە بچوکەی لە نیگارەکەدا دیارە منداڵە لەدایکنەبووەکەی دوو هاوسەرەکەیە. ئەو پایزە، هەم ئیدس و هەمیش ئیگۆن بە ئەنفلۆنزای ئیسپانی مردن. منداڵەکەیان هەرگیز لەدایک نەبوو. شیلێ بایەخێکی زۆری بە خۆوێنەکێشان دەدا و لەڕێگای باری نامۆی جەستەییەوە ئەشکەنجە ناوەکییەکەیی دەردەبڕی. پێستە نیمچە ڕوناکەکەیان سەرڕێژی برینە، هەر وەک ئەوەی ئێمە لەبەردەم برینە ناوەکەییەکانیاندا بین. هەروەها لە ڕوخساریشیاندا کزی و لەهەمان کاتیشدا قایلی دەبینرێت.

داڤید هۆنارۆویز، هونەرمەند و چالاکوانی بواری نەخۆشیی ئایدز، خاوەنی کۆمەڵێک کاری هوونەرییە کە تێیاندا هەڵوێستێکی توندی ڕەخنەگرانەی بەرامبەر حوکمەتی ئەمریکا و کڵێسای کاسۆلیک هەیە لەپای ئەوەی نەیانتوانیوە زانیاری پێویست دەربارەی سێکسکردنی سەلامەت بخەنە بەردەست. داڤید لە یەکێک لە کارە زۆر کەسییەکانیدا لە مردەڵۆکی خۆی ڕادەمێنێت. شەش مانگ بەر لە مردنی بە نەخۆشی ئایدز، داڤید بە ئوتومبێل بەنێو دەربەندی مەرگ لە کالیفۆڕنیادا تێدەپەڕێت و داوا لە هاوڕێکەی دەکات بوەستێت. لە ئوتومبێلەکە دادەبەزێت و بە دەستە ڕووتەکانی بە تووڕەییەوە دەست دەکات بە هەڵکەندی زەویەکە و خۆی دەنێژێت.

دکتۆر فیۆنا جۆنستن، پسپۆڕی هونەری هاوچەرخ، پێیوایە هەر وەک ئەوەی لە کارەکەی مونک-یشدا دیارە، داڤید هۆنارۆویز لە هەوڵی پیشاندانی بەهێزی خۆیدایەتی. “لێرەدا داڤید لەڕێگای بەرپێگرتنییەوە جڵەوی ژیانی خۆی دەکات، لە نمایشێکی ناشتندا ململانێ بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکەی دەکات.”

  لەم خۆوێنەکێشانە بێناونیشانەدا داڤید لە مردەڵۆکی خۆی ڕادەمێنێت

لەسەرتاسەری جیهاندا هونەرمەندان وردە وردە خەریکن لە ماناکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و خۆدابڕین لە کەسانی تر دەگەن. شارەزایانی هونەری هاوچەرخ بە تاسەوە چاوەڕێی کاری ئەو هونەرمەندانەن. ئێمە کە بەناو ئەم پەتایەی سەردەمی مۆدێرنەدا تێدەپەڕین بەشێکین لەو وێنە هونەریانەی کە بەرهەم دەهێنرێن؛ ڕەنگیشە ئەم کارانە کۆنتڕۆڵی خۆیان بەسەر ئەو ئەزمونەدا بەدەستبهێنن کە بەشێکی زۆری مرۆڤایەتی و ژیانی بەجیهانیبوومانی خستە مەترسییەوە.

 

________

سەرچاوە: بی بی سی

Related Posts

Leave a comment