ئەزموونی وەرزشی –ئەزموونی هونەری

نوسینی: هەڵگورد ئەحمەد

 

   لە گەلێک ڕەهەندەوە خوێندنەوە بۆ جامی جیهانی تۆپیپێی ئەمساڵی قەتەر (٢٠٢٢)، کراوە، لەوانە متوربەکردنی جامەکە بە ئایین، ڕۆڵی بەرتیل و کڕین و فرۆشتنی جامەکە و لێوەشاوەیی یان نەوەشاوەیی ووڵاتی میواندار بۆ بەڕێوبردنی جامەکە هتد… ئەو ڕەهەندەی لێرەدا باسی لێوەدەکرێت بریتی نیە لە لێکەوتەکانی ئەم یارییە، بەڵکو وەستانە لەسەر چیەتی خودی ئەزموونی گەمەکە و جێکەوتی لەسەر مرۆڤ و بەراوردکردنی بە ئەزموونی هونەری. لێرەدا ئەزموونی هیچ کام لەم دوو کایە فەرز ناکرێت بەسەر ئەوی تردا، بەڵکو زیاتر دروستکردنی تێگەیشتنێکە لەنێوان هەردووک ئەزموونەکەدا، هاوشان کاریگەرییەکانیان لەسەر مرۆڤ.

  ئەزموونی تۆپیپێی ئەزموونێکە مرۆڤی تێدا فەنا دەبێت. یاسا و ڕێساکانی یارییەکە بەشێوەیەک دادەڕێژرێت تێیدا یاریزان دەبێت بۆ ئەوی تر یاریبکات. ئەمیش هەر لەسەرەتاوە یاسا و ڕێسایەکی ئەخلاقییە و هەر یاریزانێت تێیدا نابێت خۆی بەسەنتەر دابنێت، بەڵکو دەبێت بۆ ئەوی دی کۆشش بکات. بەدیوێکدا ئەکرێت بڵێم ئەم یارییە یەکێکە لە کاریگەرتین ڕاهێنانە ئەخلاقیەکان بۆ کوشتنی غرور، هەربۆیە تۆپیپێ بووەتە یەکێک لە باشترین ئامرازەکان بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی ڕەگەزپەرستی. کەمن ئەو تیمانەی یاریزانی نەتەوەکانی تریان تێدا نەبێت، بەتایبەت ئێستا دەبینین زۆربەی زۆری تیپە سپی پێستەکان ڕەشپێستێک یاخود زیاتری تێدایە. جا ئەوەی جێی سەرسامییە، ئەم یارییە هەر بەکوشتنی غرور کۆتایی نایەت، بەڵکو بە مانایەکی وجودی، مەودایەکە مرۆڤی تێدا وندەبێت، بەڵکو دەبیتە توێشوو بۆ بارستەی ڕووداوێکی گەردوونی، ڕاستر بڵێم، ڕوودەدەیت نەک ئەوەی خۆت هەستیت بە ڕوداوێک.

  تۆپیپێ کایەیەکە ماناکەی لەناو چرکەساتەکانی خۆیدایە و هەر لەو چرکەساتانەی خۆشیدا گرنگی خۆی هەیە. یاریزان کاتێک وەک مرۆڤێکی گیرۆدەی نەگبەتییەکانی ئەمڕۆی خۆی دەست بە گەمە دەکات، هەموو ئەو بەستەرانەی بە ڕابردوو و داهاتووەوە بەستونیەتەوە دەپچڕێن و داخڵ بە لەزەتی چرکەساتە ڕاگوزارە ئێستاییەکان دەبێت، جا بینەریش لەڕێی خۆتوڕدانە ناو هەمان مەوداوە خۆی لەدەستدەدات و دەبێت بە گورزەیەک لە لەزەتی ڕاگوزاری توێشوی ڕوودانەکە. پێوانە، ژمارە، ئەنجام هتد.. ڕەهەندێکی تری بابەتەکەیە و ئەکرێت بڵێم ناپەیوەندیداریشن بە خاڵی جەوهەری ئەم ئەزموونەوە، هەربۆیە دەکرێت بینەر لە دووری میلۆنان کیلۆمەتر لە یاریگاو و یاریزانەکانەوە چێژ لەو چرکەساتە وەرگرێت، ڕادەی چێژوەرگرتنەکەی بەندە لەسەر پچڕاندنی ژمارەی ئەو بەستەرانەی بە جیهانە مرۆڤکردەکەوە بەستیونیەتەوە، یاخود دەکرێن بڵێن بەندە لەسەر پچڕاندنی ژمارەی ئەو بەستەرانەی شەتەکیداوە بە ئایدیۆلۆجیا بەکەللتورکراوەکان.

   ئەوانەی ڕاستەوخۆ چوونەتە ناو یاریگاکانەوە بینەری یارییەکان بوون، بەتایبەت ڕێککەتووە لە کورسیەکانی دواوەوەبوون، دەزانن کە یاریزانەکان ئەوەندە بچووک دێنە بەرچاو بەئەستەم دەناسرێنەوە، هەرگیز ناتوانرێت بەوردی تێبگەیت چی دەوگوزەرێت لەناو گۆڕاپانی یارییەکەدا. بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەگەر لە کرۆکی ئەم بابەتە نەگەین بەوپەڕی گاڵتەجاری وەریدەگرین، بەڵام بینەر دەیەوێت بگلێتە ناو ئەم تقوس و هاتووهاورە، ئیدی گرنگ نیە یارییەکە و جوڵەی یاریزانەکان لە حوکمی چاوەکانی ئەودان یاخود نا. بڕیاردان بۆ خۆدانە دەست ئەو ڕووداوە وایلێدەکات هەستبکات ئەو بەشدارە لەم ڕووداوە، بەڵکو هەستبکات ئامادەگی ئەم ڕووداوەکەی دروستکردووە و تەواوی ڕووداوەکە لەناو ئەمدا ڕوودەدات، خودی گۆڕەپانەکە خۆیەتی، ئیدی ئێرە ئەو شوێنەیە خۆی هەموو شتێکە و لە تایبەتمەندی مرۆڤبوون دەرچووە. ئەزموونێکە مرۆڤ لەودیو سنوەرکانی جەستەی خۆیەوە پەراوە بە بوونی خۆی دەدات، وەک بڵێیت لەوێدا ئەزموونی بوونە حەقیقییە بێسنورەکەی خۆی دەکات، یەکەیەک نیە لەنێو گەردووندا، بەڵکە گەردوون خۆیەتی و سەراپا بریتیە لە ووزەی گەردوونی. زۆرجا بینەری ئەو بینەرانەبووم لێرەوە لە سکرینی تیڤییەوە تەماشای یارییەکیان کردووە و کاتێک هێرشبەر شوتی لێداوە بەرەو گۆڵ، ئەم لێرەوە هاوکات شەقی وەشاندووە لە هی هێرشبەرەکە بەگوڕتر، وەک بڵێیت ڕووداوەکە لەناوئەمدا ڕوودەدات ئەگەرچی ئەو هێرشبەرە لەسەر ئەرزی واقع لە دووری هەزاران هەزار کیلۆمەتری ئەم یاری دەکات. ڕاستیەکە ئەوەیە، وزە گەردوونیەکەی ناو ئەم بینەرە زۆر زیاتر لە سنور و شیمانەکانی جەستەی. تۆپ لەوێ چەقی ئەم گەردوونەیە و ئەوانی تریش وەک هاوکێشیەکی گەردوونی ناچارن بەدەوری ئەم چەقەدا بسوڕێنەوە.

   بەوپێیەی ئەم کایە کایەیەکی ڕاگوزاریی و ئێستەییە، مومکین نیە لەم کایەدا ئەوەی لەم چرکە ساتەدا مانای هەیە، لە چرکەساتی دواتری خۆیدا مانای تری هەبێت، بەڵکو هەر چرکەساتە و ماناکەی لەناوخۆیدا کۆتایی دێت. هۆکاری بینەرە بێشومارەکەی ئەم کایەش هەر لەم خاڵەدایە، ئەو دەبێت لەم چرکەساتەدا ئامادەگی هەبێت تا خۆی بدات بەدەم مەوجی چرکەساتە یەک لەدوا یەکەکان. هیچ کایەیەک هێندەی کایەی تۆپیپێ ناتوانێت لە ئان و ساتی ڕوودانیدا بینەر لەخۆی خڕبکاتەوە. ڕێککەوتووە لە سەرو ملیارەوە بینەری تەنها یەک یاری ڕاستەوخۆی نێوان دوو هەڵبژاردەبوون. بەڵام هەرگیز نەبووە ڕووداوێکی هونەریی لە چرکەساتی ڕوودانیدا چەند هەزارێک لەخۆی خڕبکاتەوە. هەرچەند ژمارەسازی و هەژمارکردنی بینەر پێوەر نیە بۆ بەرزی یان نزمی ئاستی هیچ کام لە کایەکان، هاوکات گرنگیشە هەڵوێستەیەک لەسەر ژمارەی بینەر و کوالیتی هەردووکیان بکەین. ئەوەی لە ئەزموونی هونەریدا ڕوودەدات، زۆرجار پێچەوانەیە، بەتایبەت لە ئەزموونی هونەرە نەریتیەکان، هونەرمەند لە کوچێکی وجوددا سەرقاڵی گەمەیەکی ترە، بەرهەمێکی هونەریی بەرهەمدەهێنێت بەبێ ئامەدەگی بینەر، بەڵام دواتر لەچوارچێوەی تقوسێکی هونەرییدا کە ئەکرێت پێشەنگایەکی هونەریی بێت، ژمارەیەکی سنورداری بینەر لەدەوری بەرهەمەکەی کۆبکاتەوە. بەڵام بینەری کارە هونەرییەکەی ئەم هونەرمەندە وەک هی تۆپیپێ لەوێدا کۆتایی نایەت، بەڵکو تا مرۆڤ (بینەر)، مابێت لەسەر زەوی دەشێت لەهەر کات و ساتێکی تردا بینەری هەمان ڕووداوی ڕابردووی ئەم هونەرمەندەبن. پرسیارەکە ئالێرەدایە، ئەو ڕاستەیە چیە بینەری تۆپیپێ والێبکات تەنها لەکاتی ڕوودانی یارییەکەدا مانای تێدا بدۆزێتەو و لەکاتێکی دواتردا بەشتێکی بێمانای بزانێت، هاوکات ڕەنگە هەمان بینەری یاری تۆپیپێ بینەری کاری هونەریش بێت و ئامادەبێت تا لە ژیاندا ماوە چەندین جار لەکاتی جاوازدا بگەڕێتەوە سەر کارێکی هونەری و هەرجارە و مانایەکی تریشی تێدا هەڵهێنجێت؟

    زۆرن ئەوانەی بینەرە بێشومارەکەی تۆپیپێ بە مرۆڤگەلێکی بەتاڵ و ساویلکە و دابڕاو لە واقع دەزانن و دوو هۆکاریش بۆ پاڵپشتی ئەم بانگەشەکەی خۆیان دەهێننەوە (١) یارییەکان تەنها لە چرکەساتی خۆیاندا مانایان هەیە و هەرئەوەندەی کەوتنە چرکەساتی دواتری خۆیان ئیدی کەڵکیان بۆ مرۆڤ نامێنێت. بۆ نموونە لەم جامەی قەتەردا، کاتێک سعودیا لە ئەرجەنتین دەباتەوە، تەنها لەو ساتەدا مانای هەبوو، ئەگەر لەهەر کاتێکی تردا جگە لەکاتی ڕوودانی یارییەکە، دووبارە لە شاشەی تەلەفیزۆنەکانەوە هەمان یاری پەخشبکرێتەوە، شتێکی بێفەڕ و پڕوپوچ و ناکاریگەر دەکەوێتەوە، تەنانەت سەرسەخترین هاندەری هەرکام لە تیپەکان ئامادە نیە جارێکی تر لە ئێستادا بەدیار یارییکەوە دانیشێتەوە. (٢) بینەر جگە لە هاتوهاور و هوتاف شێتگیربوون لەو چرکەساتەی تێیدایە، هیچ دەستکەوتێک، یان هیچ زیادەیەکی مەعریفی، یاخود هیچ دیسکۆرسێکی جدی لەیارییەکانەوە چنگناکەوێت. ئەم جۆرە لە تێڕوانین دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بیرمەندانەی کەللتورسازی دەکەن، یاخود ئەو کەسانەی لەگەڵ کەللتورسازیدان. لەڕاستیدا ئەگەر بە دیدێکی کەللتوری لەم دوو هۆکارە بڕوانین، ئەوا زوو دێینە سەر ئەو بڕوایەی تۆپیپێ کەخۆی بەجۆرێک کەرەستەیەکی کەللتورییە، هیچ خزمەت بە مەعریفە و کەللتورسازی و کەڵەکەکردنی توانا هزرییەکانی مرۆڤ ناکات، بەڵام ئایا بڕیارە ئاڕاستەی هەموو کایەکانی ژیان بچنە خزمەت ئەم کەللتورەوە؟ یاخود ناکرێت لەبنەمادا کەللتورسازی بەو شێوازەی ئێستا مرۆڤایەتی پێوەی سەرقاڵە بەربەستبێت لەبەردەم ئەزموونێکی تری دوور لەو ئەزموونەی کەللتور ناچار بەکردنیمان دەکات؟

  ئەکرێت تۆپیپێ وەک ڕاهێنانێک وەرگرین و بیکەین بە بنەمای جۆرێک لە مامەڵەی نوێ لەگەڵ دەوربەر و تێدا هەوڵی تێگەیشتن لە ئێستای خۆمان بدەین، یاخود بیکەین بە ئامرازێک بۆ خۆقوتارکردن لە کەللتور. ڕەنگە هیچ شتێک بەئەندازەی کەللتور مرۆڤی بێبەشنەکردبێت لە لەزەکردن لە ئێستای خۆی، بەڵکو ڕاستر بڵێم، بۆ تێگەیشتن لە بوونی خۆی. بەدیدێک کەللتور هیچ نیە جگە لە ئایدۆلۆجیا بەرجەستەکراوەکان بۆ چاوبەستکردن لە مرۆڤ خۆی، تەڵەیەکە مرۆڤ بۆخۆی دەنێتەوە تا ملی خۆی پێوەبێت. تارماییەکە لەبەر سۆمای چاومان. ئایا بەڕاست ناکرێت ئەو کەللتورەی بەلاڕێماندا دەبات وەلاینێین و هەوڵبدەین تێبگەین لە ئێستای خۆمان؟ چیدەبێت بۆ چرکەساتێک کەس لەخۆمان بەهۆشمەنتر نەزانین و ئایدۆلۆجیا تێپەڕینین و متمانەی لێسەنینەوە و خۆمان ڕاستەخۆ ئەزموون بکەین؟ بۆ نموونە چیدەبێت من خۆم وەک هونەرمەندێک کاتێک چوومە سەیری دیمەنە سروشتیەکان، تێگەیشتنی (سیزان)ی هونەرمەند لە زهینمدا نەبێت، یاخود کاتێک چوومە سەر لوتکەی پیرەمەگرن، نەزانم ئیمانیول کانت لەسەر (سەبلایم)، چی گوتووە و هەستی خۆم بکەم سەنگی مەحەک بۆ لەزەتبردن لە بەرزایی. ئایا بە خۆئازادکردن لە وەهمی کەللتور ئەزموونێکی ترمان دەستناکەوێت؟ ئەمانە تەنها پرسیارە و هەرگیز ڕێیتێناچێت کەللتور تێپەڕینین. هەموومان دەزانین تەنانەت خودی گەمەی تۆپیپێش بەم فۆرماتەی ئەمڕۆ بەرهەمی کەللتورە، بەڵام ئەوەی من باسی دەکەم ئەزموونی گەمەکەیە بەشێوەیەک پەلماندەگرێت و سەرێکمان پێدەکێشێتە ناو ئەو ئەزموونە و ئاگامادەکاتەوە لەوەی ئەکرێت بەم شێوەش مرۆڤ بەر بوونی خۆی بکەوێت.

  وەک گوتمان تۆپیپێ ئێستەییە، ڕاگوزەرییە، ناتبەسێتەوە بە ڕابردوو و داهاتووە، هەربۆیە وەک هونەر ڕەخنەی نیە شتێک نیە گەڵاڵەکرابێت و شتێکی تری بخەیتە سەر، دیسکۆرسی جدی نیە فێرمانبکات یاخود گۆشمانبکات چۆن لە گەمەکە بڕوانین، میراتی مێژووی مەعریفی کەڵەکەکراوی نیە تا خۆمانی لەسەر بونیاد بێین، بەڵکو ئەوەی هەیە خۆدابڕیینە لە دەوروبەر و خۆدانە دەست ئێستایە. ئەگەر قسەی لەسەر بکرێت، لە ئان و ساتی خۆیدا قسەی سەرپێی و پەیوەندیداری  لەسەر دەکرێت، بەرهەمەکەی ئەو یارییەیە کە ئێستا دەکرێت و چرکەیەک دواتر کەڵکی نیە، وەک شاکارێکی هونەری تا ئەبەد ناچینەوە سەری و مانای تری لێوەهەڵناهێنجرێت. هەموو و میدیا و ناوەند و تەنانەت گۆڕەپانە گەورەکانیشە لەپێناو دەستڕەسکردنی ڕووداوەکەیە بۆ زۆرترین بینەر لەکات و ساتی خۆیدا.

  وەک ئاماژەمان پێدا، تۆپیپێ مێژوویەکی کریتیکەڵی نیە، چونکە ئەوەی ڕوودات پەیوەندی بەو چرکەساتەوە هەیە و چرکەساتی دواتر تێپەڕیوە. هەربۆیە زۆرجار خوێندنەوەی ڕەخنەیی بۆ ڕووداوی وەرزشی ئەرزشێکی نیە، چونکە هەمیشە ڕووداوە وەرزشیەکان ئەنجامەکانیان چاوەڕواننەکراوە. بۆ نموونە کاتێک لەم جامەدا ئەرجەنتین وەک پاڵێوراوی یەکەمی جامەکە بەر سعودییایەک دەکەوێت کە ئەزموونێکی ئەوتۆی لە تۆپی پێدا نیە، دەبێت ئەنجام لە بەرژەوەندی ئەرجەنتین بکەوێتەوە، بەڵام پێچەوانە کەوتەوە و سعودیا دوو بە یەک لەم هەڵبژاردەی بردەوە، بەهەمان شێوە کرواتیا و بەرازیل، یاخود مەغریب و ئیسپانیا. هەربۆیە ڕاڤەی وەرزشی ئەگەر بکرێت تەنهاو تەنها لەسەروبەندی یارییەکاندا دەکرێت، یاخود لەنێوان هەردووک جێمەکدا، یاخود دەمودەست دوای هەردووک جێمەکە دەبێت ڕاڤەکارێک شیکاری ڕووداوەکە بکات، بەپێچەوانەوە هەر ڕاڤەیەکی دەرنگوەخت پەیوندییەکی ڕاستەخۆی بە ڕووداوەکەوە نامێنێت. ئەمیش ڕێک پێچەوانەی ڕاڤەکارییە لە کایەی هونەردا، کە بەردەوام لە ئەنجامی ڕاڤەکانەوە دەرئەجامی نوێ لەهەمان ڕوودای هونەری دەکەوێتەوە.

   هونەر کایەیەکی هۆشەکییە، کار لەسەر ئاگاکردنەوە دەکات. پەیامەکانی بە وریایەوە ئاڕاستەدەکرێن، کاتی دەوێت تا جێگەی خۆیان دەگرن. هاوشان، هونەر بێبڕانەوە بەپێی کات و شوێن و کۆنتێکستی جیاواز مانای نوێشی لێدەکەوێتەوە، بەسەرناچێت، بەڵکو تا ئەبەد دەکشێت، هەربۆیە پەلەپڕوسکێی تێدا ناکرێت، لەئانوساتی خۆیدا حەشاماتی لەدەور کۆنابێتەوە. وورد وورد کاریگەریەکانی خۆی دادەنێت، ماناکەی لەسەرخۆ دەدەمێت و هەرگیز ڕاگوزاری نیە. ئەگەر لەم تایبەتمەندییەی هونەر تێنەگەین، ئاوا زۆرجار گاڵتەمان بەو ئاکت و ڕووداوە هونەرییانە دێت کە لە پاناوپاسار و کوچ و کوژبنەکانی شاردا ڕێکدەخرێن. دەپرسین ئایا بەڕاست هونەر بەم ئاکتە بچوک و شەرمنانە و ترسناکانەی خۆیەوە، بەم ژمارە کەمەی بینەرەوە کە بە پەنجەی دەست دەبژێردرێن چی پێدەکرێت؟ یاخود چۆن بەراوردی بکەین بە کایەی وەرزشی تۆپیپێ کە وەک گەردەلولێکی گەردوونی لەگەڵ ڕوودانیدا هەموو مرۆڤی سەر زەمین لولدەداتە ناوخۆی. لەڕاستیدا هەڵپە لە هونەردا ناکرێت، چونکە (هونەرمەند)، هەموو ژیانی لە تێڕامان لە گەردووندا خەرجکردووە تا کۆی ئەو شتەی گەڵاڵەی کردووە لەچوارچێوەی کارێکی هونەریدا بەرجەستە بکات، هەربۆیە ئەو مانایەی کارێکی هونەری هەیەتی لە ئاستێکی باڵادایە و بەئاسانی بە (بینەر)، کەشفناکرێت و دوای کەشکردنیشی کاتی دەوێت تا هەزمی بکات. زۆرجار ڕێککەوتووە بیری هونەرمەند زۆر پێش بیری حەشامەتەکەی هاوسەردەمی خۆی کەوتووە، هەربۆیە لەسەربەندی خۆیدا هەزمنەکراوە و هەرگیز بینەری نەبووە. من زۆرجار بیر لە (ڤان گۆگ)، دەکەمەوە و دەڵێم دەبێت چ ئازاری چەشتبێت بەوەی کارەکانی جێی سەرنجی یەک بینەر نەبووە. ئەدی بۆ درەنگانێک دوای نەمانی خۆی کارەکانی ئەو حەشاماتەی لێکۆبووەوە و تا ئێستاش دەچینەوە سەریان. بۆ نموونە هۆکار چییە دوای پێنجسەد، شەشسەد ساڵ هێشتا ڕێز لە کارە هونەرییەکانی (دا ڤنیشی)، دەگرین و هێشتا دەڕۆین بۆ بینینیان و لێیانوردەبینەوە وەک ئەوەی هێشتا شتێکی تێدامابێت ئێمە نەمانزانیوە. ئایا ئەمە چیە هونەرمەند دەیترنجێنێتە ناو کاری هونەرییەوە و بۆ ئەبەد بەسەرناچێت؟

 گەڵێک گریمانە هەیە بۆ کەشفکردنی ئەو شتەی ئەبەدییەت دەدات بە هونەر، لەوانە ئیستاتیکا، وەک بڵێیت مرۆڤ لەپاڵ تێرکردنی پێویستییە دونیەوی و نەفسیەکانی، پێویستی ڕوحیشی هەیە، هەربۆیە هونەر ئەو ئامرازەیە کە دەتوانێت پێویستی ڕوحی ئێمە، یاخود تیونێتی ڕوحیمان بشکێنێت. یاخود دەگوترێت هونەر سەبوریدەرە و مرۆڤیش وەک بوویەکی تەنیا و دڵشکاو پێویستی بە سەبوورییە و ئەو سەبوورییە لە هونەرەوە وەردەگرێت، یان دەگوترێت ئاگاییە و ئاگایش تایبەتمەندی ئەبەدی هەیە هتد… لێرەدا ئەو شتەی بەردەوامی بە هونەردەدات هەرچی بیت با ببێت، بەڵام گرنگ ئەوە لەو خاڵە تێبگەین خڕبوونەوەی بینەر لە دەوری کاری هونەری کاتی دەوێت، چونکە ماناکانی پەیوەست نیە بە چرکەساتی دروستبوونی کارە هونەرییەکە خۆیەوە. مانای ڕاگوزەری دروستناکات، بەڵکو ماناکانی تا هەتاییە. مێژووی هونەری هاوچەرخ لێوانلێوە لە هەوڵی خڕکردنەوەی بینەری زیاتر و زیاتر لە دەوری هونەر خۆی، وەک بڵێیت کورتیەکە لە چۆنێتی نیشاندان، یاخود بەرجەستەکردنی هونەرەکەوە بێت. هەوڵدەدرێت هونەر لەم سروشتەی خۆی داماڵن و مامەڵەی ڕاگوزاری و ئێستایی لەگەڵ بکەن، هەربۆیە ستراتیجی خڕکردنەوەی بینەر لەدەوری هونەر دەگۆڕن. بۆ ئەمەش زۆرجار فریوی ستراتیجی کایەکانی تری خواردووە تا زۆرترین بینەر بەدەوری خۆیدا خڕکاتەوە. بۆنموونە هونەر لە گەلەری و شوێنە چەپەکەکانەوە براوەتە دەرەوە و ڕاستەخۆ بۆ ناو حەشامات، یاخود ڕاستەوخۆ لەناو حەشاماتدا ئاکتی هونەری کراوە، یان گێچەڵی بە دامودەزگاکان پێکراوە، بەڵام ئەمانە هیچ لە تایبەتمەندی کایەکە ناگۆڕن، دواجار هونەر بەو شێوە کاریگەری دادەنێت کە دایناوە. بەو پێیەی پشکی شێری مێژووی مرۆڤایەتی هونەرە، ئەوا هەر ئەمە گەواهیدەری ئەوەیە هیچ کایەیەک بەقەت کایەی هونەر کاریگەری لەسەر مرۆڤ دانەناوە، هاوشانی ئەمەش وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، بەو پێیەی هەر ئاکتێکی هونەری دەتوانێت تا هەتایە بینەر بۆخۆی دروست بکات، ئەوا هیچ کایەیەک هێندەی ئەم کایە نەیتوانییەوە بینەری هەبێت. هەربۆیە ئەگەر بڕیاربێت ئەو ئەزموونەی کەللتور بە مرۆڤی دەکات خراپ بێت، هونەر تاوانبارترین کایەیە.

   ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا، ئەزموونی دوو کایەبوو کە هەردووکیان دەورانێکە بەخۆیانەوە سەرقاڵیانکردووم. چەندین ساڵ خۆم یاریزانی تۆپی پێبووم و ئەزموونی ڕەهەندە گرنگەکەی ئەم کایەم کردووە. لە منداڵیەوە گرنگی بە سەریکردنی یاری تۆپیپێ دەدەم، ئەگەر گرنگ نەبووایە وەک هەر شتێکی تر دەمخستە لاوە، بەڵام ئەم کایە سیحرە بۆ تێپەڕاندنی ئەم جۆرەی مرۆڤە شکستخواردوو و ماندووەی ئەمڕۆی دەستکردی کەللتور و ئایدۆلۆجیا. بۆ نموونە نابینیت چەندێک ماندووین بەدەست کوردبوونمانەوە، ئەرێ ئەم شوناسە چیە و لەکوێوە بەبەرماندا کراوە. هاوڕێیانی فەیسبووک لەسەر ڕووکاری فەیسبوکەکانیانەوە دەنوسن، ئایا ڕەوایە هاونیشتیمانیانمان لە ڕۆژهەڵت و ڕۆژئاوا دەکوژرێن و ئێوە سەرقاڵی چێژبردنن لە تۆپیپێ؟ دەبینیت ئەم هاوکێشە لە دەسەڵاتی تۆدا نیە و دەشزانیت نەدەبوو بەو جۆرە بمانکوژن و بمانبڕن، دێیت خۆت لەو جۆرە مرۆڤە دەدزیتەوە کە مەحکومە بە کوردبوون. موتڵەقەن شوناس بەرهەمی کەللتور، هیچ پەیوەندی بە مرۆڤبوونەوە نیە. بینینی یاری، واتە بۆ چرکەیەک تێپەڕاندنی خۆت بەو شێوەی ئایدیۆلۆجیا و کەللتور فۆرمیکردوویت،  واتە ئەزموونی ڕەهەندێکی ئەزمووننەکراوی خۆت، واتە دەستدان لە بوونە حەقیقیەکەی خۆت، واتە پەراوەدان بە (خۆت)، لەودیو ئەو وێنەی درۆیینەی کەللتور بۆی نەخشاندوویت.

 بەڵام کاتێکیش یاری تەواودەبێت، دێیتەوە شەڕی مانونەمانی ئەو وێنەی کەللتور بۆی کێشاویت، دەکەیت، یاخود ململانێی هیزی دەکەیت، تێدەگەیت هونەر گرنگترین ئامرازە. هونەر لە ڕەهەندێکی ترەوە کاریگەری لەسەر مرۆڤ دادەنێت. ساڵانێکە پشکی شێری کاتەکانی خۆم داوەتە هونەر، کەمتازۆر ئاگام بەوەی لەم کایەدا چی باسە. هەربۆیە ئەوەی لەسەرەوە گوترا، لە ئەزموونی خۆم لە هەناوی هەردووک کایەکەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەمڕۆ هەموومان مەحکوومین بە ڕەوایەتیدان بەهەردووک کایەکە و هیچیان گرنگتر نیە لەوی تر، بەڵکو دەبێت وەک خۆیان وەریانگرین. هەرچەندە ئەگەر بیر لە دروستکردنی مەودایەکی ئایدیاڵی بکەینەوە و مرۆڤ تێیدا حەقی خۆی وەرگرێت، ئەوا وەرزش شیاوترە بۆ چنخستنی ئەو مەودایە.

 

 

تابلۆی هونەرمەند (لۆرانس ستیڤن لیوی)، ڕەنگکراوە، ناونیشانی تابلۆ (ڕۆیشتن بۆ سەریکردنی یاری)، ساڵ (١٩٢٨)، تابلۆکە لە مۆزەخانەی (لەوری)یە، لە شاری مانچستەر.
Lowry, Laurence Stephen; Going to the Match; The Lowry Collection, Salford; http://www.artuk.org/artworks/going-to-the-match-162423

 

تابلۆی هونەرمەند (لۆرانس ستیڤن لیوی)، ڕەنگکراوە، ناونیشانی تابلۆ (ڕۆیشتن بۆ تەماشاکردنی یاری)، ساڵ (١٩٢٨)، تابلۆکە لە مۆزەخانەی (لەوری)یە، لە شاری مانچستەر.

Related Posts

Leave a comment