نووسینی: ئاكیرا كورۆساوا
لە فارسییەوە: ئارام ڕەشید
سینەما چییە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە. چەندین ساڵ پێش ئێستا ڕۆماننووسی ژاپۆنی (نائۆیا شیگا) بابەتێك كە لەلایەن یەکێک لە نەوەکانییەوە نووسرابوو، وەك یەكێك لە باشترین بەرهەمەكانی سەردەمی خۆی ناوی هێنا. ناونیشانەكەی ((سەگەكەی من)) بوو. بەرهەمەكە بەمجۆرە بوو: ((سەگەكەی من بە گوێدرێژ دەچێ، لە هەمانكاتدا بە چەقەڵ دەچێ، هەروەها بە ڕێویش دەچێ.)) هەر بەمجۆرە درێژەی پێ ئەدا و تایبەتمەندییەكانی سەگی دەژمارد، هەر تایبەتمەندییەكی سەگی بە ئاژەڵێكی دیكە بەراورد دەكرد، بەمجۆرەش لیستێكی تەواوی لە ئاژەڵان ئەدا بە دەستەوە. بەڵام گوتارەكە بەم ڕستەیە كۆتایی دەهات: ((بەڵام چونكە سەگە، زیاتر بە سەگێك دەچێ.))
لە یادمە وەختێ ئەم بابەتەم خوێندەوە كەوتمە پێكەنین، بەڵام خاڵێكی جدی لەم بابەتەدا هەیە. سینەما بە زۆرێك لە هونەرەكان دەچێ. سینەما تایبەتمەندی ئەدەبی و چلۆنایەتی شانۆ و لایەنی فەلسەفی و تایبەتمەندی شێوەكاری و پەیكەرسازی و موزیكیشی تێدایە. بەڵام لە كۆتاییدا سینەما، هەر سینەمایە.
***
كاتێك دەست دەكەم بە بیركردنەوە دەربارەی پرۆژەی فیلمێك، هەردەم ژمارەیەك بیرۆكەم هەیە پێموایە شتگەلێكن كە دەمەوێت فیلمیان لێ دروست بكەم. لەناو ئەواندا لە ناكاو یەكێكیان دەپشكوێت و شین دەبێت، ئەمە ئەو بیرۆكەیەیە كە پێوەی دەلكێم و برەوی پێ ئەدەم. هەرگیز ئەو پرۆژانەم قبووڵ نەكردووە كە بەرهەمهێنەر یاخۆ كۆمپانیای بەرهەمهێنان بۆیان پێشنیار كردووم. فیلمەكانی من لە لایەن قسەیەكی تایبەتەوە كە من دەمەوێت لە كاتێكی تایبەتدا بیڵێم، دروست دەبن. ڕەگی هەموو پرۆژەی فیلمێك بۆ من بەستراوە بەو پێویستییە دەروونییە و دواتر بەیانكردنی. ئەوەی كە خۆراك بەم ڕەگە ئەدات و درەختێكی لێ بەرهەم دەهێنێت، سیناریۆیە. ئەوەشی كە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو درەختە گوڵ و میوە بگرێت، دەرهێنەرە.
***
ڕۆڵی دەرهێنەر بریتییە لە ڕابەریی ئەكتەرەكان، وێنەگرتن، دەنگ، دیزاین، موزیك، مۆنتاژ و دەنگدانەر. سەرباری ئەوەی ئەمانە بە كاری جیاواز لە یەكتر دادەنرێن، بەڵام بە بۆچوونی من سەربەخۆ نین، بەڵكو گشت ئەمانە لە ژێر ناونیشانی دەرهێنەرییدا پێكەوە دەبەسترێنەوە.
***
دەرهێنەر دەبێت بڕوا بە كەسانێكی زۆر بهێنێت كە گوێرایەڵی بكەن و كاری لەگەڵ بكەن. وێڕای ئەوەی من كەسێكی سەربازیی نیم، بەڵام هەمیشە دەڵێم ئەگەر كاستێكی بەرهەمهێنانی فیلم بە سوپایەك بەراورد بكەیت، سیناریۆ ئاڵایە و دەرهێنەر فەرماندەی هێڵی پێشەوەی سەنگەر. لەو چركەساتەوەی كە بەرهەمهێنان دەستپێدەكات تاوەكو ئەو ساتەی كۆتایی دێت، ئاشكرا نییە چی دەقەومێت. دەرهێنەر دەبێت ئامادەی هەموو بارودۆخێك بێت، دەبێت هێز و توانای ڕابەریی تێدا بێت بۆ بڕواهێنانی سەرجەم كاستەكە بە كاردانەوەكانی.
***
سەرباری ئەوەی ڕێكخستنی دیمەنەكانی فیلم پێشتر دیاری دەكرێن، بەڵام ئەم شێوازە باشترین ڕێگای وێنەگرتن نییە. دەكرێت شتگەلێك بەڕێكەوت ڕووبدەن كە كاریگەرییەكی زۆر باشیان هەبێت. كاتێك ئەمانە بێ تێكدانی هاوسەنگی لە چنینی فیلمەكەدا رۆڵ دەگێڕن، گشتییەتی فیلمەكە سەرنجڕاكێشتر دەردەچێت. ئەم شێوازە وەك شێوازی دروستكردنی قازانێكی مسە لەناو كوورەیەكی ئاگر. خۆڵەمێش و پارچەكانی تر، لەگەڵ ڕەوتی دروستكردنی قازانەكەدا دەكەونە ناو مسە تواوەكەوە و دەرەنجامێكی پێشبینینەكراو و جوانی لێ دەردەچێت. بە جۆرێكی هاوشێوە كاریگەرییە بەرنامە بۆ دانەڕێژراوەكان -بەڵام سەرنجڕاكێشەكان- لە كاتی بەرهەمهێنانی فیلمێكدا دروست دەبن، هەربۆیە من ناوم ناوە ((گۆڕانكارییە كورەییەكان)).
***
دەرهێنەرێكی باش بە سیناریۆیەكی باش دەتوانێت شاكارێك خەلق بكات، بە هەمان سیناریۆ دەرهێنەرێكی مامناوەند فیلمێكی مامناوەند دروست دەكات. بەڵام بە سیناریۆیەكی خراپ، دەرهێنەرێكی باشیش ناتوانێت فیلمێكی باش دروست بكات. بۆ بەیانێكی سینەمایی ڕاستەقینە كامێرا و مایكرۆفۆن دەبێت بتوانن بەناو ئاو و ئاگردا تێپەڕن. ئەمە ئەو شتەیە كە فیلمێكی ڕاستەقینە دروست دەكات. سیناریۆ دەبێت شتێك بێت، كە توانای ئەم كارەی هەبێت.
***
بۆ سیناریۆنووسین دەبێت سەرەتا ڕۆمان و شانۆنامە گەورەكانی دونیا بخوێنیتەوە. دەبێت بزانیت بۆچی ئەوان زۆر باشن. ئەو هەستەی لە كاتی خوێندنەوەیان بەرهەمدێت لە كوێوە دێت؟ نووسەر دەبوو بە چ دەرەجەیەك جۆشوخرۆش و دیقەتی دەربخستبایە بۆئەوەی كارەكتەرەكان و ڕووداوەكان وەسف بكات؟ دەبێت بە دیقەتەوە بخوێنیتەوە، بۆئەوەی بتوانیت لەم شتانە تێبگەیت. دەبێت فیلمە زۆرباشەكان ببینیت. دەبێت سیناریۆی فیلمە زۆرباشەكانیش بخوێنیتەوە و ڕاوبۆچوونە سینەماییەكانی دەرهێنەرە گەورەكان لەبەرچاو بگریت و بە وردی تێیان بڕوانیت. ئەگەر ئامانجتان بوون بە دەرهێنەرە، دەبێت وەك مامۆستایەك فێری سیناریۆنووسین ببیت.
***
لە یادم كردووە كێ گوتویەتی خەلاقیەت یادگەیە. ئەزموونەكانی خودی خۆم و ئەو شتە جیاوازانەی كە خوێندونمەتەوە لە یادگەمدا دەمێننەوە و دەبنە پایەیەك كە لەسەر بنەمای ئەوان شتێكی نوێ دەئافرێنم. خۆ ناتوانم ئەم كارە لەسەر بنەمای هیچ یاخۆ بێ بنەمایی، بكەم. هەربۆیە، لە تافی لاویەتییەوە لە كاتی كتێب خوێندنەوە دەفتەرێكی یادنووس لەبەردەست دائەنێم. كاردانەوە و ئەو شتانەی كارم تێدەكەن لەناو ئەم دەفتەرانەدا دەنووسم. ژمارەیەك زۆر لەم دەفتەرانەم هەیە و كاتێك دەمەوێت سیناریۆیەك بنووسم، دەیانخوێنمەوە. هەمیشە شوێنێك لەم دەفتەرانەدا هەیە كە بە خوێندنەوەیان لە مێشكمدا كردنەوەیەك ڕووئەدات. تەنانەت بۆ دایالۆگە سادەكانی فیلمەكانم، ئیلهامم لەم دەفتەرانە وەرگرتووە. مەبەستم ئەوەیە كە بە ڕاكشانەوە لەسەر جێخەو، كتێب مەخوێننەوە.
***
من دەوروبەری ساڵی 1940 لەگەڵ دوو كەسی تر دەستمكرد بە نووسینی سیناریۆ. تا ئەو كاتە هەر بە تەنیا دەمنووسی، هیچ كێشەكیشم نەبوو. بەڵام لە پرۆسەی بە تەنیا نووسیندا ئەو مەترسییە بوونی هەیە كە تێگەیشتی تۆ لە مرۆڤێكی تر لەناو تاكلایەنەبووندا ئازار بكێشێت. ئەگەر لەگەڵ دوو كەسی تر دەربارەی ئەو مرۆڤە بنووسیت، لانیكەم سێ دیدگات دەربارەی ئەو هەیە و دەتوانن وتووێژ لەسەر ئەو خاڵانە بكەن كە كۆك نین لەسەریان. دەرهێنەریش حەزێكی سروشتی بۆ ئەوە هەیە كە پاڵەوان و پلۆتی سیناریۆكەی بەشێوەیەك بنووسێت كە كاری دەرهێنانی بۆ ئەو سادەترە. بەڵام بە نووسین لەگەڵ دوو كەسی دیكە، لەم مەترسییەش دووردەكەویتەوە.
***
ئەوەی كە دەبێت بە تایبەتی سەرنجتان لەسەری بێت ئەوەیە كە باشترین سیناریۆكان ژمارەیەكی زۆر كەم بەشی ڕوونكردنەوەیان تێدایە. زیادكردنی ڕوونكردنەوە بۆ بەشێكی وەسفی سیناریۆیەك مەترسیدارترین تەڵەیە. ڕوونكردنەوە و شیكردنەوە دەربارەی دۆخی دەروونی كاراكتەرێك، لە ساتێكی تایبەتدا سادەیە، بەڵام زۆر قوورسە لە ڕێگەی قەشەنگیی كردار و گفتوگۆوە ئەوە وەسف بكەیت. بەڵام مەحاڵ نییە. دەكرێت شتگەلێك لە دیقەتدانی شانۆنامە گەورەكانەوە فێر ببیت، بڕواشم وایە ڕۆمانە پۆلیسییە (ڕەسەنەكان) گەلێك فێركارن.
***
من لە ژووری خۆگۆڕینی ئەكتەرەكانەوە دەست بە پرۆڤە دەكەم. سەرەتا پێیاندەڵێم دایالۆگەكان دووبارە بكەنەوە و پاشان وردە وردە دەچینە سەر جووڵەكان. بەڵام ئەم كارە بە پۆشاك و مەیكئەپەوە لەسەرەتاوە دەستپێدەكات، پاشان هەموو شتەكان لەسەر دیكۆر دووبارە دەكەینەوە. كاملبوونی ئەم پرۆڤانە كاتی وێنەگرتنە سەرەكییەكە زۆر كورت دەكاتەوە. ئێمە تەنیا لەگەڵ ئەكتەرەكان پرۆڤە ناكەین، بەڵكو هەموو بەشی سەرجەم گرتەكان –جووڵەی كامێرا، لایتین و ئەوانی تر… پێکەوە پرۆڤە دەكەین.
***
خراپترین كارێك ئەكتەرێك بتوانێت بیكات ئاگاییەتی لە كامێرا. زۆربەی جار وەختێ ئەكتەرێك گوێی لێدەبێت ((كامێرا ئەكشن)) دەمارەكانی گرژدەبنەوە، ئاراستەی ڕوانینی دەگۆڕێت و خۆی زۆر نائاسایی نیشان ئەدات. ئەم ئاگاییە دەربارەی خود، بە تەواوەتی لە چاوی كامێراوە ئاشكرایە. هەمیشە دەڵێم: ((تەنیا قسە لەگەڵ ئەو ئەكتەرە بكە كە ڕووبەڕووتە. خۆ ئێرە شانۆ نییە تاوەكو قسەكانت بۆ بینەران بكەیت. پێویست بە تەماشاكردنی كامێرا ناكات.)) بەڵام لە كاتێكدا ئەكتەر دەزانێت كامێرا لە كوێیە، بێئەوەی خۆی بزانێت یەك لەسەر سێ یاخۆ نیوەی جەستەی بەرەو كامێرا دەسووڕێنێت. بەڵام بە چەند كامێرایەكی جووڵاو ئەكتەر ئەو بوارەی نییە بزانێت كامیان وێنەی دەگرێت.
***
بە درێژایی كاتی وێنەگرتن، دەبێت چاوی دەرهێنەر بچووكترین وردەكارییەكان بخاتە ژێر چاودێرییەوە. بەڵام خۆ ئەمە بە مانای ڕامان و وردبوونەوە نییە لە گرتەكە. وەختێ كامێرا دەست بە وێنەگرتن دەكات، من بە دەگمەن لە ئەكتەرەكان دەڕوانم، بەڵكو لەبری ئەوە تەماشای شوێنەكانی تری گرتەكە دەكەم. بەمكارە ئەگەر شتێك تەواو نەبێت دەسبەجێ پێی دەزانم. تەماشاكردنی شتەكان و شوێنەكانی تر بەو مانایە نییە كە چاویان تێببڕیت، بەڵكو دەبێت بە شێوەیەكی سروشتی هەستی پێبكەیت. پێموایە مەبەستی (زئامی) شانۆنامەنووس و تیۆریسەن لە چاخەكانی ناوین لە ((تەماشاكردن بە نیگای خودا)) هەر ئەمە بوو.
***
هەمووان زۆر قسەیان لەسەر ئەوە كردووە كە من لە كاتی وێنەگرتنی دیمەنێك زیاتر لە كامێرایەك بەكاردەهێنم. ئەم كارەم لە ((حەوت سامورای)) دەستپێكرد، چونكە لە دیمەنی -هێرشی چەتەكان بۆ گوندەكە، گوندییەكان لەبەر بارانێكی بەخووڕ- نەیاندەتوانی پێشبینی ڕووداوەكان بکەن. ئەگەر بە شێوەی گرتە بە گرتە وێنەم گرتبایە، هیچ گارەنتییەك نەبوو بۆئەوەی گرتەیەك وەك خۆی دووبارە بكرێتەوە. هەربۆیە بڕیارمدا ئەم تەكنیكە لەو گرتانەشی كە جووڵەی كەمتریان تێدا بوو بەكاربهێنم. كاركردن بە سێ كامێرا لە یەككاتدا بەو سادەییەش نییە. دیاریكردنی شێوەی جووڵەكانیان زۆر قوورسە. بۆ نموونە، ئەگەر لە دیمەنێكدا سێ ئەكتەر هەبن، هەرسێكیان لە حاڵی ئاسایی قسەكردن و جووڵەدان. بۆ نیشاندانی ئەوەی كە چۆن بۆ تۆماركردنی ئەم جووڵانە كامێرای (1 و 2 و 3) دەجووڵێن، تەنانەت دیاریكردنی دەقیقی بەردەوامیی گرتەكان بەس نییە. وێنەگرێكی ئاساییش لە پلانی جووڵەی كامێراكان تێناگات.
***
كاری لایتین كارێكی فرە خەلاقانەیە. من بڕوام وایە شێوەی ئێستای لایتینی فیلمە ڕەنگاوڕەنگەكان هەڵەیە. بۆئەوەی ڕەنگەكان بەرجەستە بن، گشت دیمەنەكە لە ڕووناكیدا نووقم دەبێت. هەمیشە دەڵێم لایتین دەبێت بەجۆرێك بێت وەك بڵێی بۆ فیلمێكی ڕەش و سپپییە. چ ڕەنگەكان زەق بن یاخود نا. بەمجۆرە سێبەرەكان بە باشی دەردەكەون.
***
زۆربەی جار بەوە تۆمەتبارم دەكەن كە زۆر تەركیز دەخەمە سەر لۆكەیشن و دیكۆر و كەرەستەی دیمەنەكان و بۆ بە بەڵگەیی بوونی ئەو گرتانە شتگەلێكم دروست كردووە كە لە كامێراشدا دەرنەكەوتوون. ئەگەر منیش ئەمەم نەوێت، كاستی فیلمەكە ئەم كارەم بۆ دەكەن. یەكەمین دەرهێنەر كە دیكۆر و كەرەستەی ئەسڵی و واقیعی بەكارهێنا ((كنجی میزۆگوشی)) بوو. دیكۆری فیلمەكانی شازن. لەوەوە شتگەلێكی زۆر دەربارەی فیلمسازی فێربووم، كە دروستكردنی دیكۆر گرنگترینیانە. چۆنییەتی دیكۆر كاریگەریی لەسەر چۆنییەكی ئەكتین هەیە. ئەگەر پلانی خانوویەك و دیزاینی ژوورەكان بە دروستی ئەنجامدرابن، ئەكتەرەكان دەتوانن بەشێوەیەكی ئاسایی تێیدا هەڵسوكەوت بكەن. ئەگەر بە ئەكتەرێك بڵێین ((بیر لە پەیوەندی ئەم ژوورە لەگەڵ باقی خانووەكە مەكەرەوە)) ئەو ئاسوودەییە ئاساییەمان لەدەست دەچێت. لەبەرئەمەیە ڕادەسپێرم ئەو دیكۆرانە دروست بكەن، كە كتومت وەك شتێكی واقیعی وان. ڕاستە ئەم كارە وێنەگرتن سنووردار دەكات، بەڵام حاڵوهەوای سەرەكی و بەڵگەییبوون چڕدەكاتەوە.
***
شێوازی بیركردنەوەی من دەربارەی هارمۆنیەت و هاوڕایی موزیك لەگەڵ وێنە، لەوكاتەوەی كە (فومیۆ هایاساكا) وەك ئاوازدانەر لە فیلمەكاندا دەستی بەكاركردووە، گۆڕانی بەسەردا هاتووە. تا ئەوكاتە موزیكی فیلم تەنیا هاوڕایی وێنەی دەكرد. بۆ دیمەنێكی غەمئامێز هەردەم موزیكێكی غەمئامێزم بەكاردەهێنا، كە ئەمەش هیچ كاریگەری و سوودێكی نییە. بەڵام لە فیلمی ((فریشتەی مەست)) بەدواوە بۆ هەندێك لە دیمەنە سەرەكییە غەمئامێزەكان موزیكی سووكەڵەم بەكارهێناوە و شێوازی بەكارهێنانی موزیكی من لەگەڵ ئەوانی تر گۆڕانی بەسەرداهاتووە. لەو شوێنەی كە زۆربەی فیلمسازان موزیك بەكاردەهێنن، من موزیك داخڵ ناكەم. بەهۆی كاركردن لەگەڵ ((هایاساكا)) بڕوام بە بەرامبەركێ و ڕووبەڕوویی دەنگ و ڕەنگ هێناوە نەك شێوازی یەكگرتوویی و هارمۆنیەتی دەنگ و ڕەنگ.
***
گرنگترین شت كە بۆ مۆنتاژ پێویستە دیدی بێلایەنییە. هەرچەند لە پێناو دروستكردنی دیمەنێك سەختیت كێشابێت، تەماشاكەر هەرگیز لەو سەختیەی تۆ تێناگات. ئەگەر دیمەنەكە جوان نەبێت، زۆر بەسادەیی ئەوە قبووڵ بكە كە جوان نییە و تەواو. ڕەنگە لە كاتی وێنەگرتنی گرتەیەك دونیایەك جۆشوخرۆشت هەبووبێت بەرامبەر ئەو گرتەیە، بەڵام ئەگەر ئەو گرتە پڕ جۆشوخرۆشە شایانی نمایشكردن نەبێت، دەبێت بە ڕادەیەك بێلایەنانە تەماشای بكەیت، كە بیسڕیتەوە.
***
زۆرجار لێمدەپرسن بۆچی ئەوەی كە بە درێژایی ئەم ساڵانە بەدەستمهێناون نایگەیەنم بە لاوان. ئەوەی ڕاستی بێت زۆر حەزدەكەم ئەم كارە بكەم. 99%ی ئەو كەسانەی كە یاریدەدەری دەرهێنەر بوون لە كارەكانی مندا، ئێستا خۆیان بوون بە دەرهێنەر. بەڵام پێموانییە هیچكامیان هەوڵیاندابێت گرنگترین شتەكان فێرببن.
* ئەم بۆچوونانەی (ئەكیرا كورۆساوا) لە ساڵی 1975 لە لایەن ((كۆمپانیای (توهۆ)ی سنووردار)) وەك ڕێنمایی بۆ ئەو لاوانەی كە دەیانەوێت بچنە ناو دونیای كاری فیلمسازییەوە، چاپ كرا. ئەم بۆچوونانە لە لایەن (ئادی ئەی. باك) ئیقتیباس كراون.
سەرچاوە:
مۆلف: ئاکیرا کورۆساوا
مترجم: امید روشنچمیر
ناشر: روزنه
سال چاپ: 1377