[گفتوگۆ لەگەڵ عەباس كيارۆستەمى لەبارەی تامى گێلاسەوە]

لە فارسييەوە: ئارام ڕەشيد

ناونيشانى فيلمەكەت (تامى گێلاس) چ مانايەكى هەيە؟

من بيرم لە سێ ناونيشانى جياواز كردبووەوە [سەفەر بۆ بەرەبەيان] [خۆرگيران] و [تامى گێلاس]. ناونيشانی [تامی گێلاس] بۆ من بە ماناى نەرمونيانيى ژيانە! هەندێکجار منيش وەكو كەسانى ڕەشبين و واقيعگەرا بير لەم ژيانە دەكەمەوە، شتێكى زۆر دڵخۆشكەر نييە، بەڵام لە ئێستادا شتێكى ديكەمان بۆ جێگرەوەى ئەم ژیانە نييە.

بيرۆكەى خۆكوژى چۆن بە مێشكتدا هات؟

حەز ناكەم لەمبارەيەوە قسەبكەم، بەڵام بە پێى ئامارەكان، لە سەدا هەشتاى خەڵك لانيكەم بۆ جارێك لە ژيانياندا بيريان لە خۆكوژى كردووەتەوە. لە هەموو ئاينەكاندا ئەم كارە ياساغە و ياساغبوونيش فزووڵيى دەخوڵقێنێت، هەربۆيە لە ناخى دڵدا ئەم بيرۆكەيە بوونى هەيە و شياوى قسە لەسەركردنە.

بۆچى ئێستا؟ بۆچى ساڵانى پێشتر لەسەر ئەم بابەتە فيلمت دروست نەكرد؟ ئايا بەهۆى هەڵكشانى ڕێژەى خۆكوژىیە لەم ساڵانەى دوايدا لە ئێران؟

هێندەى من بزانم ئامارى خۆكوژى لە ئێران زيادى نەكردووە، وابزانم لە سويد بەرزترين ڕێژەى خۆكوژى هەيە.

لە فيلمەكەى ئێوەدا، (بەديعى) بڕيارى خۆكوژى داوە. ئەو چ پلەوپايەيەكى خێزانيى هەيە؟

خۆكوژى وەكو خۆى بۆ من بابەتێكى سەرنجڕاكێشە. بەدڵنياييەوە لە فيلمەكەمدا هۆكارى ئەم كارەم پەرە پێنەداوە؟ ساتێك هەيە كە (بەديعى) دەڵێت: (خۆ وشەى خۆكوژى تەنيا بۆ ناو فەرهەنگەكان نەنووسراوە. دواجار دەبێت لە شوێنێكدا بەكارببرێت.) كەسێكى نائومێد وەكو كەسێكى بەرپرسيار كاردانەوە پیشان نادات.

چەند ساڵێك پێش ئێستا، نووسەرێك پاش وەرگرتنى خەڵاتى پۆليتزەر خۆى كوشت، بەڵام پێش مردن لە نامەيەكدا نووسيبووى: (لەبەر ئەوەى ئيدى ناتوانم کەڵکم هەبێت، سوود لە مافى مەدەنى خۆم وەردەگرم و كۆتايى بە ژيانى خۆم دەهێنم.) بۆ نموونە، لە ژاپۆن ماناى خۆكوژى بە تەواوەتى شتێكى ديكەيە، هەندێکجار هاوماناى ڕەسەنایەتییە. ژيان وەكو هۆڵى سينەما وايە، دەرگاى ئێمیرجنسى هەيە، کاتێک بينەر چێژ لە بينينى فيلمەكە نابينێت دەتوانێت بچێتە دەرەوە. ئەگەر بڕواتە دەرەوە واتە دەيەوێت شتێكى لە كۆڵ ببێتەوە. كاتێك دەمانەوێت بژين و ئەم بژاردەيەمان هەڵبژاردووە، ئەوسا خۆكوژى ناكەين: دەبێت باشتر بژين. ژيان و مەرگ لە سێ فيلمى مندا ڕووبەڕووى يەكتر دەبنەوە، [ژيان و هیچی تر] [بە نێو درەختە زەيتونەكاندا] و [تامى گێلاس]. ڕستەيەكى (سيوران)ى فەيلەسوفم بيركەوتەوە كە دەڵێت: (ئەگەر بژاردەى خۆكوژى بوونى نەبووايە، زۆر پێشتر خۆم كوشتبوو.) فيلمەكانى [ماڵى هاوڕێ لە كوێيە]، [ژيان و هيچی تر] [بە نێو درەختە زەیتوونەکاندا] وەكو سێيينەيەك ناسراون، بەڵام بەبۆچوونى خۆم ئەگەر [ماڵى هاوڕێ لە كوێيە] دەربهێنم و [تامى گێلاس]ى بخەمە جێگە، دەبێت بە سێيينەيەكى باشتر. لەم سێ فيلمەدا زياتر ستايشى ژيان دەكەم تاوەكو مەرگ. لە سەرجەم چوارينەكانى خيام-يشدا لە پێناو ستايشكردنى ژيان، مەرگ پيشان ئەدرێت. هەروەك دەڵێت ناتوانيت حورمەتی ژيان بگريت، مەگەر ئەوكاتەى كە مەرگت لە بەرچاو بێت. ئەو بەشێوەيەكى شاعيرانە بيرى لە مەرگ دەكردەوە. ئەو بڕواى وايە زەوى بەهەشتە و دەبێت بە خۆشی تێيدا بژيت.

 

دروستكردنى (تامى گێلاس) وەكو (ژيان و هيچی تر)ە، بەڵام بازنەئاساتر. (بەديعى) گۆڕى خۆى هەڵكەندووە و تەوافى بە دەوردا دەكات. وەكو حاجييەك كە بە دەوورى كەعبەدا تەواف دەكات، ياخود وەكو پەپوولەيەك كە لە دەورى مۆمێك دەگەڕێت بۆئەوەى بڵێسەكەى بيسووتێنێت. پاڵەوانەكەتان وەكو بێگانەيەك دێت كە ئێمە هيچ شتێكى لەبارەیەوە نازانين و لە كۆتايشدا هەر بە نەناسراوى جێماندەهێڵێت.

 

بەنيازى دروستكردنى پاڵەوان نەبووم و حەزم نەدەكرد بينەر تەقەموسى لەگەڵ بكات و بۆ مردنى بگرى. ئەو قسەيەى كە ئێمە شتێكى زۆرى لەبارەوە نازانين ڕاستە. سەربارى ئەوەى كە زۆربەى كات لە گرتەى نزيكدا ئەو دەبينين، دەمويست دوور لە بينەر ڕايبگرم. ئەو نە كێشەكانى ڕووندەكاتەوە، نە هۆكارەكانيشى بۆ خۆكوژى باس دەكات. گرنگ ئەوەيە كە پاش مردنيشى ژيان بەردەوامە. لە زۆربەى خۆكوژييەكاندا يان دەمانەوێت تۆڵە لە خۆمان بكەينەوە ياخود لەوانى تر يان لە دونيا. هەندێك كەس پێيانوايە بە خۆكوژى ئەوانى تر تەمبێ دەكەن، بەڵام ئەگەر بيانزانيایە دواى مردنيان هيچ شتێك ناگۆڕێت، ئاقڵانەتر لەمبارەيەوە بيريان دەكردەوە. لەم فيلمەدا من هەوڵنادەم (بەسەرهات بگێڕمەوە) چونكە ڕێزێكى زۆر لە بينەر دەگرم. من فيلمەكەم بە ناتەواوى دەهێڵمەوە بۆئەوەى بينەر بتوانێت تەواوی بكات. دادپەروەرانە نييە كە من لە بەرێكەوە تاكە قسەكەر بم و بينەريش لە بەرێكى ديكەوە تاكە بيسەر بێت. ئەم كارە كارى پێغەمبەران و سياسەتمەدارانە. من هيچ وەڵامێكم بۆ بينەران نييە، بينەر دەبێت بە هۆشياريى خۆى وەڵامەكە بدۆزێتەوە.

جياوازيى نێوان سينەماكار و بينەر لەمەدايە، كە يەكەميان نێگەتیڤی فيلمەكەى لە بەردەستە و دووەم لەبەردەستى نييە. ئەمە بەو مانايە نييە كە بينەران لە ئێمە داهێنەرترنين. من لەسەر ئەم بنەمايە فيلمەكەم بە تەواونەکراوی جێدەهێڵم. من چاوەڕوانيم لە بينەران هەيە كە كارا بن، چ بۆ فيلمەكە چ بۆ خۆيان. من فيلمێكم بەدڵە كە لە هۆڵى سينەما بە بارمتەم نەگرێت، بەڵكو وردە وردە لە مندا جێگير ببێت تا كاتێك لێى بێمە دەرەوە. كۆتايى (تامى گێلاس) دەكرێت بۆ كۆمەڵێك غافڵگيركەر بێت لەبەرئەوەى نەناسراو و ناباوە.

ئايا لە فيلمەكانتدا هەموو شتێكت وتووە؟

بەدڵنياييەوە نا! هەر فيلمێك لە كاتى خۆى و بارودۆخى خۆيدا کڕۆکێکی هەيە. ڕوويداوە كاتێك فيلمێكم تەواو كردووە زانيومە بەو ڕادەيە نەبووە كە ويستومە بيڵێم. بەڵام وەختێ يەكەمين کۆپی لە تاقیگە دێتە دەرەوە، لێى دوور دەكەومەوە و هەرگيز ئەزموونى دووبارە ئەنجامدانەوەى كارێكم نەبووە.

لە بيرۆكەى سەرەتايى سيناريۆوە تاوەكو کۆپی يەكەمى فيلمەكە، لاى ئێوە پڕۆسەى گەشەسەندن چۆن ڕوودەدات؟

لە هەر قۆناغێكدا بابەتەكە دەگۆڕێت و فيلمەكە گەشەدەسەنێت. كاتێكى زۆر بۆ دۆزينەوەى لۆكەيشن بەسەردەبەم. پێش بەرهەمهێنان و لە كاتى وێنەگرتن و مۆنتاژيشدا بيرۆکەى نوێ دروست دەبن، كە نابێت بەرەنگاريان ببينەوە. دەبێت ڕێگە بدرێت لە شوێنى شياوى خۆيان جێگير ببن.

دەربارەى خەڵاتى چڵەخورماى ئاڵتوونى كان بۆ فيلمى (تامى گێلاس) چى دەڵێيت؟

چاوەڕوانى ئەوە نەبووم، بەڵام دوو هێندە خۆشحاڵم. هەم بۆ خۆم و هەم بۆ سينەمای لەمجۆرە. دەبێت پيرۆزبايى لە بينەرانيش بكرێت. بێ بينەرى باش، فيلمى باشيش بوونى نابێت.

Related Posts

Leave a comment