[وێنە بە ڕيوايەتى كياڕۆستەمى]

عەباس كيارۆستەمى

لە فارسييەوە: ئارام ڕەشيد

 

سەربارى ئەو ئازادييەى كە لە دروستكردنى فيلمدا هەستى پێدەكەم، بەڵام ئەو ڕاستييەش دەزانم كە دەبێت هەموو فيلمێك چيرۆكێك بگێڕێتەوە و كاراكتەرسازى تێدابێت، هەمووانيش بڕوامان بەو كورسيانە هەيە كە پێشتر لە هۆڵى سينەما دايانناون. ئەوەى ڕاستى بێت لە سينەمادا ناتوانيت هەست بكەيت تەنيا هەر خۆتيت، بەڵام بە كامێراى وێنە بە تەواوەتى سەليقە شەخسييەكانى خۆت جێبەجێ دەكەيت. خۆت و كامێراكەتيت و هيچ كەسێكت لە چواردەورنييە. دواى هەر فيلمێك بۆ حەوانەوە، پشوويەك بۆ كارى فۆتۆگرافيى بە خۆم ئەدەم، فۆتۆگرافييەكى دوورودرێژ. تەنانەت لە كاتى بەرهەمهێنانى فيلمى (كۆپى هاوتای ڕەسەن) تەقريبەن هەموو ڕۆژێك پاش وێنەگرتنى فيلمەكە، بە كامێراكەمەوە دەردەچووم و تا ڕووناكى هەبووايە وێنەم دەچركاند. زۆربەى وێنەكان هى ئەو سەردەمەن. كۆمەڵە وێنەیى (دەرگا) هى ئەو كاتانەن. (بە فۆتۆگرافيى ژيان دەگوزەرێنم و ماندوويم دەردەكەم.)

 

ئەگەر من دەستوەرنەدەمە وێنەیەکی سرووشت، لە دڵمدا دەمێنێتەوە. هەندێکجار درەختێك لە شوێنێك هەڵدەكەنم و دەيبەم لە شوێنێكى دى دەيڕوێنم، هەندێکجار دەرگايەك دەردەهێنم و دەيبەم لە كۆتايى كۆڵانێك دەيخەمە ناو ديوارێكى ديكەوە. ئەم دەستوەردانانەيە كە ئەو ڕێگەيەم پێدەدات فۆتۆگرافيم خۆشبوێت. واتا كەڵك لە هەمووى وەربگرم. هەڵبەت وابزانم 30 ساڵ پێش ئێستا بەم ڕادەيە خۆشحاڵ نەبووم. کاتێک وێنەیەكم دەچركاند ناچاربووم هەمان ئەو وێنەيە نمايش بكەم، بەڵام ئێستا دەستوەردانى ڕاستەوخۆى خۆم لە سەرجەم وێنەكانمدا مایەی خۆشحاڵيمە. كۆمەڵێك وێنەش هەن كە هيچ دەستوەردانێكم تێدا نەكردوون، بەڵام دوودڵم لەوەى بيانخامە ناو ئەلبوومى وێنەكانمەوە يان نا. لەبەرئەوەى بەخۆم دەڵێم، كەوايە ڕۆڵى تۆ لەم كارەدا چى بووە؟

 

كاتى خۆى دەيانوت، (ئامادەبوون لە كاتى خۆيدا، بڵاوكردنەوە و كامێرايەك بەسە.) بەڵام پێموايە ئەم قسەيە ئێستا کار ناكات، واتا دەبێت دەستوەردان بكەيت. ئەگەر كاتێك بووە وتووتە (خۆزگە ئەم شوێنەى بەمجۆرە بوايە)، ئێستا دەتوانيت ئەو ((خۆزگە))يە بەكارنەهێنيت. هەندێکجار بەوە تۆمەتبار دەكرێم كە وێنەى كۆمەڵايەتى ناچركێنم. زۆركەس دەڵێن بۆچى لە مرۆڤ هەڵدێيت؟ ڕاستييەكەى ئەوەيە كە من فۆتۆگرافەرى كۆمەڵايەتى نيم. 23 ساڵ پێش ئێستا، فۆتۆگرافيم بە سروشت دەستپێكرد، بۆ هەڵهاتن لە شار و بۆنە شارييەكان و دووركەوتنەوە لە شارنشينى. بەڵێ، بۆ هەڵهاتن لە شار. بەهەرحاڵ بەم تۆمەتەباركردنە ڕازيم كە بۆچى وێنەی كۆمەڵايەتى ناچركێنم، هەرچەند بەلامەوە باشترە كە وێنەیەک بچركێنم مرۆڤى تێدا نەبێت. باشتروايە يەك دوو دانە لە وێنەكان مرۆڤيان تێدا نەبێت، هەرچەند ئاسەوارى مرۆڤ لە وێنەكانمدا بەڕوونى ديارن.

 

من لە كاتێكدا كە دەڵێم بەوپەڕى ئازادييەوە لە سروشتدا وێنە دەچركێنم، بەڵام زۆر ڕێز لەوەش دەگرم كە جارێكى دى بەخت يارم بێت و كار لەسەر ڕاسپاردەيەك بكەم. بە بۆچوونى من ئەمە هەلێکی كەم نييە. ڕاستە كە ئەمڕۆ لاوەكان ئازادى ڕەهايان دەوێت، بەڵام ئێمە هيچ خێرێكمان لە ئازادى ڕەها نەبينى. هەرچييەكمان هەيە هى ئەو سەردەمەيە كە لە سنووردارييەكاندا كارمان كردووە، بە بڕواى من سنووردارييەكان هەميشە دروستكەرن. ئەمە لەو ڕستانەيە كە هەندێك كەس بە هەڵە لێكدانەوەى بۆ دەكەن، بەڵام من دەڵێم لێگەڕێ ئەوانە بە هەڵە لێكدانەوەكانيان بكەن. من لەگەڵ لێكدانەوە هەڵەكان دەسازێم و بە سنووردارييەكان بە خەلاقيەتێكى نوێ دەگەم.

 

لەمڕۆژانەدا فۆتۆگرافى ديجيتاڵى ئيمكانياتێكى نوێ دەخاتە بەردەستى ئێمە. ئەمە واتا تۆ وێنەكەت بچركێنە، تەنانەت ئەگەر ئێكسپۆژەرەكەشت تەواو نەبێت، تەنانەت ئەگەر ڕووناكى بەپێى پێويست نەبێت و تۆش نەتوانيت تاوەكو بەيانى لەو شوێنە بمێنيتەوە. وێنەكەت بچركێنە و بڕۆ بۆ تاقیگە و ئەو وێنەيەى لە کاتژمێر حەوت چركاندووتە و ڕووناكى نەبووە، بيگۆڕە بۆ کاتژمێر پێنج. واتا ئەو هەلەت هەيە كە دوو کاتژمێر بگەڕێیتەوە دواوە. چۆن دەتوانيت ئەمانە ناديدە بگريت؟ دەزانم هەندێك كەس دەڵێن نا، ئەو وێنەيەى دەستكارى نەكراوە و خودى خۆيەتى، شتێكى ديكەيە. بە بۆچوونى من ئەم قسەيە بۆ فۆتۆگرافەرى هەواڵيى ڕاستە. واتا واى بە حاڵى ئەو فۆتۆگرافەرە هەواڵييەى كە دەستكارى فۆتۆكانى بكات، بەڵام خۆ ئێمە فۆتۆگرافەرى هەواڵيى نين و دەتوانيت سروشت بە سەليقەى خۆمان بگونجێنين و دروستى بكەينەوە.

Related Posts

Leave a comment