سازدانی: پشتیوان كه‌مال
له فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی دهۆك فیلمی زه‌ری كازم ئۆز نمایشكرا و فیلمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکە بوو. هه‌ر له‌وێ چاوم به ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه، کازم ئۆز، كه‌وت و ده‌ستمان به گفتووگۆ كرد دەربارەی ئه‌زموونی ئەو له سینه‌مادا و به‌تایبه‌تیش دەربارەی بەرهەمهێنانی فیلمی زه‌ر. زه‌ر فیلمێكە کە دەرهێنەر هه‌وڵیداوە لە ئاڕاستەیەکی جیاوازەوە مێژووی كوردت بۆ بگێڕێته‌وه. كاره‌ساتێك كه له ڕابردوودا به‌سه‌ر ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه هاتووه، ئه‌و هه‌وڵ ده‌دات لە ڕێگەی گۆرانیه‌كه‌وه چیرۆکەکەیت بۆ بگێڕێته‌وه. ئه‌و ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی تا ئێستا ئێمه‌ی كورد بینیوومانه و تیایدا ژیاوین له مێژوودا، له موزیك و گۆرانی ئێمه‌دا پارێزراون. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه كه موزیكی ئێمه و موزیكی گه‌لانی تر وه‌ك یه‌ك نین.
ئۆز ئه‌م قسه‌یه به بێ هۆكار ناكات. ئه‌و خه‌یاڵی دروستكردنی فیلمی زه‌ر_ی له ئه‌نجامی دروستكردنی فیلمێكی بەڵگەنامەییدا بنیاتناوه به ناوی، دوور. به دێهاته‌كاندا گه‌ڕاوه تا ئه‌و موزیك و گۆرانیه كوردییه به‌جێماوانه بدۆزێته‌وه كه فه‌رامۆشكراون. وه‌ك ئۆز خۆی ده‌ڵێت: بابه‌تی په‌یوه‌ند به كورده‌كانه‌وه ته‌نها له گونده‌كاندا ماوه، ڕه‌وشی ناو شاره‌كان زۆر خراپ بووه و هه‌موو شتێكی په‌یوه‌ندیدار به مێژوو و كلتووری ئێمەوە گۆڕانی گەورەیان بەسەردا هاتووە.
بۆ ژان، كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی فیلمه‌كه، ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی پیایدا ده‌ڕوات ده‌ریایه‌كه، له‌و ده‌ریایه‌دا به دوای مێژوو، جوگرافیا و ناسنامه‌ی خۆیدا ده‌گه‌ڕێت. دیمه‌نی كۆتایی فیلمه‌كه، كاتێك ژان له ناو ده‌ریایه‌كدا ده‌گه‌ڕێت و مێژووی خۆی ده‌بینێت، ڕاسته‌وخۆ ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌مان پێ بڵێت.
كه‌ی ده‌ستت به دروستكردنی فیلم كرد؟
ده‌ستپێکی من بۆ كاركردن له سینه‌مادا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بیست ساڵێك پێش ئێستا. له ساڵی ١٩٩٩ یه‌كه‌مین فیلمی خۆمم دروستكرد، ئه‌ویش كورته فیلمێك بوو. له ساڵی ٢٠٠١یش یه‌كه‌مین فیلمی درێژی خۆمم به‌رهه‌مهێنا. پاشان فیلمی بەڵگەنامەیی، ئیتر به‌و شێوه‌یه له كاركردن به‌رده‌وام بووم.
وه‌ك ده‌بینین تۆ فیلمی درێژ، كورته فیلم، بەڵگەنامەییشت به‌رهه‌مهێناوه، خۆت ده‌ته‌وێت له كامیاندا كار بكه‌یت؟
بۆ من هیچ جیاوازیه‌كی نییه. ئه‌وه په‌یوه‌ندی به چیرۆكه‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر چیرۆكێكی بەڵگەیی هه‌بێت ئەوا باشتره فیلمێکی بەڵگەنامەیی دروست بكه‌م. ئه‌گه‌ر چیرۆكه‌كه‌ش توانی له فیلمێكی درێژدا خۆی بنوێنێت، كه‌واته باشتره چیرۆكه‌كه بکەمە فیكشن. هه‌ندێکجار، بۆ نموونه له فیلمی هه‌بوو نه‌بوو_دا، چیرۆكه‌كه هێنده واقیعی بوو كه پێویست بوو فیلمێكی بەڵگەنامەیی دروست بكه‌م. بۆیه فیلمێكی بەڵگەنامەیم دروست كرد. هه‌رچه‌نده له فیلمی زه‌ر، زمانی بەڵگەیی هه‌یه، به‌ڵام پێویسته فیلمه‌كه وه‌ك فیكشن دروست بكرێت. ئه‌گه‌ر بیر له كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی فیلمه‌كه بكه‌ینه‌وه، ده‌بینین کە نەدەکرا فیلمێكی بەڵگەیی دروست بكه‌ین. ئێمه سه‌یری باس و چیرۆكی فیلمه‌كه ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر میتۆدی كاركردنمان بده‌ین كه ئایا بەڵگەیی بێت، یاخود فیكشن.
چۆن به دوای چیرۆكه‌كانتدا ده‌گه‌ڕێیت و ده‌یانكه‌یته فیلم؟ پاشان چۆن بڕیار له‌سه‌ر ستایلی كاركردنت ده‌ده‌یت بۆ دروستكردنی فیلمه‌كانت؟
ئه‌مه‌ش ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر فیلمه‌كه. هه‌ندێکجار فیلم له هه‌واڵێكه‌وه دروست ده‌كرێت، هه‌ندێکجاریش ڕه‌وشێك فیلم دروست ده‌كات، هه‌ندێکجار بابه‌تێك شی ده‌كه‌یته‌وه و ده‌یكه‌یته فیلم. هه‌ندێکجاریش چیرۆك ده‌كه‌یته فیلم، كه بۆ ده‌ستپێك ئه‌مه شتێكی باشه. بۆ نموونه من چیرۆكێكی جوان و به‌هێزم ده‌ست بكه‌وێت كه من بیبیستم یان تیایدا ژیابم یان هاوڕێیه‌كم تیایدا ژیابێت، ده‌كرێت ئه‌وه بۆ فیلمێكی ده‌ستپێك بشێت. بۆ قۆناغه‌كانی تریش، به پێی هه‌لومه‌رجه‌كه كار ده‌كه‌یت. ده‌مێك لێكۆڵینه‌وه پێویسته، ده‌مێكیش خه‌باتی دراماتۆرگی له‌سه‌ر میله‌تێك پێویسته، هه‌ندێکجاریش کارێکی دراماتۆرگی دروست ده‌كه‌یت و به‌و شێوه‌یه كاره‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت و تیایدا شارەزایی دروست دەکەیت.
پلانەکانت لە دروستكردنی فیلمی زه‌ردا چی بوون؟
چیرۆكی فیلمی زه‌ر ساڵی ٢٠٠٥ ده‌ستیپێكرد. ساڵی ٢٠٠٥ من ڕه‌شنووسی فیلمه‌كه‌م نوسی. كاتێك خه‌ریكی دروستكردنی فیلمێكی بەڵگەیی بووم به ناوی دوور، كه ئه‌و فیلمه له چه‌ندین فێستیڤاڵدا به‌شداری كرد. له ئه‌وروپا و كه‌ناڵی ئاڕتێی فه‌ڕه‌نسی نمایشكرا. له كاتی نمایشكردنی ئه‌و فیلمه بەڵگەنامەییەدا چه‌ندینجار خه‌یاڵی چیرۆكی فیلمی زه‌ر هات به مێشكمدا. فیلمه‌كه درێژ بوو. هه‌ركاره‌كته‌ره و به شێوه‌ی جیاواز شتێكیان ده‌زانی و ده‌یانگێڕایه‌وه. چیرۆكێكی خۆشه‌ویستی تیادا بوو. ته‌نانه‌ت فیلمە بەڵگەییەکە به‌م فیلمەم كۆتایی پێدێت. كۆتایی فیلمه بەڵگەییەکە گۆرانی فیلمی زه‌رە. چۆن كۆتایی دێت؟ بۆ نموونه، له كۆتایی فیلمه‌كه‌دا، وێنه‌ی دارێك پیشان ده‌درێت له لقه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی تا ڕه‌گه‌كه‌ی ده‌چێت و له‌وێدا فیلمه‌كه كۆتایی دێت. ئه‌مه‌ش وه‌كو چیرۆكی زه‌ر بوو. له فیلمی زه‌ردا من له بابه‌تێكی زۆر گشتییه‌وه ده‌ستپێده‌كه‌م و پاشان ورد ده‌بمه‌وه و ده‌چمه كڕۆكی فیلمه‌كه‌وه. من بۆ ماوه‌ی ده ساڵێك ئیشم نه‌كرد. ته‌نها چه‌ند فیلمێكی بەڵگەییم دروست كرد، ئه‌و چیرۆكه هه‌ر له سه‌رمدا بوو. چیرۆكێكی خۆش له سه‌ری مندا له دڵی مندا مابۆوه. ساڵی ٢٠١٣ ده‌ستمكرد به نووسینی سیناریۆی فیلمه‌كه. پاشان له كاتی لێكۆڵینه‌وه له چیرۆك و به‌ره‌و پێشبردنی چیرۆكی فیلمه‌كه، هێدی هێدی کارەساتی ده‌رسیم كه‌وته ناو چیرۆكی فیلمه‌كه‌وه. زۆربه‌ی ڕووداوه گرنگه‌كانی ناو فیلمه‌كه له كاتی به‌ره‌وپێشچوونی نوسینی سیناریۆكه دروست بوون. پاشانیش بووه ئەو سیناریۆیەی لە فیلمی زه‌ردا دەیبینین.
بۆچی هه‌میشه ڕه‌گێكی فیلمی بەڵگەیی له فیلمه فیكشنه کوردییە‌كاندا هه‌یه؟
ئه‌وه ڕاسته له سینه‌مای كوردیدا، زمانێكی بەڵگەیی هه‌یه، ئه‌ویش به‌هۆی واقعیی ژیانی كورده‌كانه‌وه‌یه. ڕه‌وشی گه‌لی كورد، گه‌لێك مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ند به گه‌لی كورده‌وه هه‌یه چاره‌سه‌ر نه‌بووه. بۆ نموونه میله‌تێكی وا گه‌وره نییه له دنیادا هێشتا ده‌وڵه‌تی خۆی نه‌بێت. سانسۆڕێكی زۆر هه‌یه له‌سه‌ر زمانی كوردان. له هه‌ر پارچه‌یه‌ك گه‌لێك هه‌یه دژی ئه‌م میله‌ته ده‌جه‌نگێت. کوردەکان خۆیان دەخوازن چیرۆکی خۆیان بگێڕنەوە. بۆ ئه‌و ئامانجه‌ش، زمانی بەڵگەیی گرنگترینه، ده‌توانن ڕاستیی حاڵی خۆیانی پێ بگێڕنه‌وه. پێم وایه هۆكاره‌كه ئه‌وه‌یه.
ئه‌گه‌ر باسی ڕابردوو بكه‌ین، ئه‌و كاته كورد له توركیا نه‌یتوانیووه به كوردیش قسه بكات، به‌ڵام ئێستا فیلم دروست ده‌كرێت كه باسی ئازاره‌كانی كورد ده‌كات، هەروەها باسکردنی ئەوەی کە چۆن تورك له توركیادا كورده‌كانی چه‌وساندۆته‌وه. پێتوایه هه‌لومه‌رجی ئێستا باشتره بەراورد بە هەلومەرجی ڕابردوو؟
نا به‌و جۆره نییه، بۆ نموونه له فیلم‌دا قسه‌كردن به كورمانجی هه‌یه، هه‌روه‌ها فیلمه‌كانی ئێمه له توركیا و كوردستانی باكوور نمایش ده‌كرێن. لەدەرەوە وادەردەکەوێت کێشەکان چارەسەر بوبن، بەڵام لە واقیعدا بەو جۆرە نییە. ئه‌گه‌ر له توركیا تێكۆشانێك نه‌بووایه و ئێستاش ئه‌و تێكۆشانه به‌رده‌وام نه‌بێت، بڕوا ده‌كه‌م له ماوه‌ی سێ ڕۆژدا كورمانجی به ته‌واوی قه‌ده‌غه بكرێت. ئه‌گه‌ر له كوردستانی باكوور، تێكۆشانێك هه‌میشه له ئارادا نه‌بێت، كورد پشتی یه‌ك نه‌گرێت و پشتیوانی یه‌كدی نه‌كه‌ن، ئه‌و شته‌ی كه ئێستا بەدەستهاتووە ڕه‌نگه بوونی نه‌مێنێت. به‌ڵام ئێستا له توركیادا كورمانجی خۆی مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگه، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد کارێک بكرێت، له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه هیچ هاوكارییه‌كی پێویست ناكرێت. بۆ نموونه ٢٥ ملیۆن كورد له توركیا ده‌ژی، به‌ڵام له توركیا ته‌نها ته‌له‌فزیۆنێكی كوردی هه‌یه، ئه‌ویش له ژێر كۆنتڕۆڵی ده‌وڵه‌تدایه و پڕوپاگه‌نده بۆ ده‌وڵه‌ت ده‌كات، ته‌نها ئه‌و كه‌ناڵه كوردییه، وه‌ك كه‌ناڵێكی فه‌رمیی. نا‌توانیت له هه‌موو كه‌ناڵه‌كانی تردا هه‌واڵێكی كورمانجی، فیلمێكی كورمانجی و به‌رنامه‌یه‌كی كورمانجی له ناو كه‌ناڵه‌كانی تردا ببینیت. ده‌توانین بڵێین كه مه‌سه‌له‌ی زمانی كوردی له چه‌ندین ڕووه‌وه وه‌ك خۆی ماوه و هیچ به‌ره‌وپێشچوونێكی به خۆیه‌وه نه‌دیووه.
ئه‌گه‌ر له توركیا، كورد پڕۆژه‌یه‌ك بكات، ده‌وڵه‌ت ڕێگه نادات، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت هاریكاری پڕۆژه‌یه‌ك بكات، كورد ناگرێته‌وه. ئه‌گه‌ر باسی ئه‌و كاته بكه‌ین كه چاره‌سه‌ری ئاشتی له گۆڕێ بوو، له‌و ده‌مه‌دا هه‌ندێك خه‌بات هه‌بوون، هه‌ردوولا هاوكاری یه‌كتریان ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا نییه.
له كاتێكدا فیلمه‌كه به ناوی گۆرانیه‌كی كوردییه‌وه‌یه، ئه‌فسانه‌ی كوردی له فیلمه‌كه‌دا باس ده‌كرێت. چۆن بڕیاری ئه‌وه‌تدا فیلمێك له‌بارەی كلتووری كوردییەوە دروست بکەیت؟
چیرۆكه‌كه چیرۆكی منه. ئه‌و كاته‌ی فیلمە بەڵگەییەکەم دروست ده‌كرد، ئیشی من گه‌ڕانه‌وه بوو بۆ گونده‌كان، چونكه ئێستا مه‌سه‌له‌ی كورد زیاتر له دێهاتەکان ماوه. ڕەوشی ناو شاره‌كان زۆر خراپ بووه و گۆڕاوه. به‌ڵام له گونده‌كان له زمانیاندا، جوڵه‌یاندا هێزێكی گه‌وره هه‌یه. ده‌مخواست فیلمێك دروست بكه‌م ڕه‌وتێكی جوگرافی ئه‌و جێگایانه له‌گه‌ڵ ڕه‌وته مێژووییه‌كه‌یان پیشان بده‌م. وه‌ك چۆن ژان ده‌چێته ده‌رسیم، به‌ره‌و كوردستان ده‌چێت، ده‌كه‌وێته ئه‌و جێگایه‌وه، ئه‌مه بۆ ژان ده‌ریایه‌كه، له‌و ده‌ریایه‌دا به دوای ناسنامه‌ی خۆیدا ده‌گه‌ڕێت.
پاش بینینی فیلمه‌كه ئه‌وه‌م بۆ ده‌ركه‌وت كه به‌شێكی فیلمه‌كه سه‌باره‌ت به ئاگاهاتنه‌وه‌یه. كاره‌كته‌ری ژان هه‌یه كه وانه‌كانی خوێندنگەی بێزاری ده‌كات، شه‌وان له باڕه‌كان به‌سه‌رده‌بات، ڕۆژێك داپیره‌ی گۆرانیه‌كی كوردی بۆ ده‌ڵێت، ئه‌ویش پاش مردنی داپیره‌ی ده‌ست ده‌كات به گه‌ڕان به دوای ئه‌و گۆرانیه‌دا، له‌و ڕێگایه‌وه به مێژووی خۆی و جوگرافیای خۆی ئاشنا ده‌بێت. به ئاگاهاتنه‌وه‌ی ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌ت چۆن به‌كارهێناوه؟
من ده‌ڵێم كێشه‌ی كورد زیاتر ئه‌وه‌یه كه خۆی ونده‌كات. بیركردنی مه‌سه‌له و مێژووی خۆی. ئه‌گه‌ر پێویست بێت شتێكی نوێ له ناو كوردا بكرێت، زانست و مێژوو زۆر گرنگن. بۆ كاره‌كته‌ری ژان هه‌مان شت هه‌یه. بۆ كوردی باكوور ئه‌م شته زۆر زیاتره وه‌ك له پارچه‌كانی تر. ئه‌و سیسته‌مه‌ی له توركیا هه‌یه، ئه‌و ناسیۆنالیستییانەی له توركیادا هه‌ن ئه‌وه‌نده‌ی كورده‌كان ناسیۆنالیستێكی توركن، توركه‌كان خۆیان وانین. ئاماده‌ن بۆ تورك خۆیان فیدا بكه‌ن، كه بە دوایدا دەچیت تەماشا دەکەیت ئه‌وانه‌ی ناسیۆنالیستن كوردن. ئه‌و سیسته‌مه‌ی حكومه‌تی تورك دایڕشتووه، ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌و تاكه‌ی به‌رهه‌م دێت زیاتر ناسیۆنالیست ده‌رده‌كه‌وێت. فیلمه‌كه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه باس ده‌كات. چیرۆكی فیلمه‌كه چیرۆكێكی جیهانییه، له جیهاندا زۆر چیرۆكی وا نووسراوه.
تۆ موزیكت به‌كارهێناوه تا ژان بگه‌ڕێته‌وه زێدی خۆی و به دوای كلتوور و نه‌ریتی خۆیدا بگه‌ڕێت. بۆچی موزیك؟
له فیلمه‌كه‌دا ده‌پرسین. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ كلتووری كوردی هه‌یه، زێده‌تر له گۆرانیدایه. گۆرانی یاده‌وه‌ری كوردانه. ئه‌گه‌ر له گۆرانیه‌كی كوردی بكۆڵینه‌وه ته‌نها گۆرانیه‌ك نییه و بەس، له ناویدا مێژووی كورد ده‌بینین، وێژه‌ی كورد ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌موو ئه‌وه‌ی كه ئێمه پیایدا ژیاوین و بینیومانه، له موزیكی كوردیدا هه‌یه. موزیكی كوردی و موزیكی گه‌لانی تر وه‌ك یه‌ك نین. ئه‌گه‌ر وێژه‌ی نووسینمان نه‌مابێت، ئه‌وه وێژه‌ی زاره‌كیمان له ناو گۆرانیه‌كاندا ماوه. ژان نه‌ك ته‌نها به دوای خۆیدا ده‌گه‌ڕێت به‌ڵكو به دوای داپیره‌یدا ده‌گه‌ڕێت، به دوای گوندی خۆیدا ده‌گه‌ڕێت، له مێژووی ده‌گه‌ڕێت. گۆرانیه‌كه هۆكارێكه تا كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی بكه‌وێته ڕێ و گه‌شته‌كه‌ی ده‌ستپێبكات.
دوای مردنی داپیره چی بۆ ژان جێده‌مێنێت؟
گه‌لێك پرس بۆ ئه‌و جێده‌مێنێت. گرنگترین شت بۆ جوڵانه‌وه پرسه. ئه‌گه‌ر یه‌كێك كارێك بكات، ده‌بێت سه‌ره‌تا پرسێك بكات. بۆ نموونه؛ من كێم؟ ئه‌و به دوای چیدا ده‌گه‌ڕێت؟ یان دنیا بۆ وایه؟ مرۆڤ هێدی هێدی له پرسی فه‌لسه‌فی نزیك ده‌بێته‌وه. ئه‌گه‌ر له سه‌ری هه‌ر مرۆڤێكیشدا پرسی فه‌لسه‌فی هه‌بوو، ئیتر ژیانێكی نوێ ده‌ست پێده‌كات. له‌به‌رئه‌وه‌یه ئه‌كرێ هه‌موو شتێك بگۆڕێت، هه‌ر شتە و مانایه‌كی نوێ وه‌ربگرێت. بۆ ژانیش هه‌ر به هه‌مان شێوه‌یه.
سینه‌مای كوردی بۆ تۆ چییه و ئێستا له‌كوێدایه؟
سینه‌مای كوردی، سینه‌مایه‌كی دره‌نگ كه‌وتووه، له ناو سینه‌مای هه‌موو دنیا و سینه‌مای گشت نه‌ته‌وه‌كانی دنیادا، سینه‌مایه‌ك كه دره‌نگ كه‌وتبێت، سینه‌مای كوردییه. سینه‌مای كوردی زیاتر له سینه‌ماكانی تری دنیا، سینه‌مایه‌كی سه‌ربه‌خۆیه. گه‌لێك خه‌بات هه‌یه له دنیادا، سینه‌مای پڕ هێژا هه‌یه، ده‌رهێنه‌ری پڕ هێژا هه‌یه، سینه‌مای نه‌ته‌وه‌یی هێژا هه‌یه، به‌ڵام سینه‌مای كوردی شتێكی تره كه ده‌یه‌وێت ڕێگایه‌كی نوێ ئاوه‌دان بكاته‌وه. جودایی سینه‌مای كوردی په‌یوه‌ندی به گه‌لی كورده‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژووی كورد بكه‌یت، گه‌لێك تراژیدیا، كۆمیدی، گه‌لێك هه‌ڵچوون و داچوون هه‌یه، هه‌ربۆیه سینه‌مای كوردیش به هه‌مان شێوه‌یه. شتێكی ئاسایی نییه، ژیان و سینه‌مای كوردیش ده‌خوازێت شتێكی ئاسایی نه‌بێت. چیرۆكی زۆرباش هه‌یه بۆ نمایش. جیاوازییه‌كی تری سینه‌مای كوردی، پڕ زمانی سینه‌مای كوردییه. ئه‌گه‌ر بۆ نموونه له‌م فێستیڤاڵه سه‌یری فیلمه‌كان بكه‌ین، كه‌م فیلمی كوردی ده‌بینین كه ته‌نها به زمانی كوردی كاری له‌سه‌ر كرابێت، به‌ڵكو زمانی تری دونیاشی تیادا به‌كارهاتووه. له‌به‌رئه‌وه ده‌توانین بڵێین سینه‌مای كورد، زیاتر له سینه‌مای دونیا پڕ زمانیترە. ئه‌وه‌ش هێزێكه كه سینه‌مای كوردی ده‌توانێت هه‌موو دونیا وه‌كو بینه‌ر ببینێت. ئه‌وه هێزێكی مه‌زنه چونكه ئه‌مه ئه‌وه پیشان ده‌دات كه چیرۆكی ئێمه ته‌نها چیرۆكی كوردان نییه، به‌ڵكو چیرۆكی توركه، چیرۆكی عه‌ره‌به، چیرۆكی فارسه، چیرۆكی ئه‌ڵمانه‌كانیشه. به هه‌ر هۆیه‌ك بێت ژیانی ئه‌وانیش تێكه‌ڵی ژیانی ئێمه ده‌بێت. ئه‌مه‌ش مانای وایه، سینه‌مای كورد، دونیا وه‌ك ئامانج ده‌بینێت. ئه‌مه هێزێكی گه‌وره‌یه.
تۆ له كۆمه‌ڵێك فێستیڤاڵی دونیا به‌شداریت كردووه و به‌ر ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ر و خه‌ڵكی بیانی كه‌وتووی، ئه‌وان چۆن سینه‌مای كوردی ده‌بینن؟
بۆ ئه‌وانیش شتێكی گه‌ورەی نوێ لە ده‌ركه‌وتندایە. چیرۆكی ژیانێكی جیا ده‌بینن. له فیلمی كوردیدا كاره‌كته‌ری وا هه‌یه، كه له دنیادا كاره‌كته‌ری وا نه‌ماون. داوایه‌كی فیداكارییان هه‌یه، خه‌بات ده‌كه‌ن، ژیانێكی پێكه‌وه‌یی، پشتگرتنی یه‌كتری، میوانداریی، سینه‌مای ئێمه پاڵه‌وان دروست ده‌كات، ئه‌مه‌ش شتێكی گرنگه. له هه‌لومه‌رجی زۆر دژوار‌دا سینه‌مای كوردی كار ده‌كات. بۆ نموونه ئێمه فیلمه‌كانمان به پاره‌یه‌كی زۆر كه‌م دروست ده‌كه‌ین. فیلمم دروستكردووه به پاره‌یه‌كی زۆركه‌م له فێستیڤاڵی زۆر گرنگدا به‌شداریم كردووه. كورته فیلمێكم به ٧٠٠٠ یۆرۆ دروستكردووه و به‌شداری فێستیڤاڵێكم كرد له پاریس له كاتێكدا فیلمه‌كانی تری به‌شداربوو زیاتر له ملیۆن دۆلاریان سه‌رف كردبوو، به‌ڵام ئێمه هه‌ردووكمان له هه‌مان پێشبڕكێدا بووین. ئه‌مه‌ش شتێكی گرنگه.
چۆن بیر له بینه‌ری كوردی ده‌كه‌یته‌وه؟
له سینه‌مای كوردیدا گرنگترین شت بینه‌ره چونكه له ناو میله‌تی ئێمه‌دا هێشتا بینه‌ری باشمان نییه و فیلمی ئێمه بینه‌ری دروست نه‌كردووه. ئه‌مه هه‌م بۆ فێستیڤاڵه‌كان ڕاسته وهه‌م بۆ فیلمی تایبه‌تیش. ئه‌گه‌ر من كێشه‌یه‌كم له فێستیڤاڵی دهۆك بینیبێت ئه‌وه‌یه، كه پێویسته هه‌موو فیلمێك كه نمایش ده‌كرێت، نه‌ك ته‌نها فیلمه كوردییه‌كان، بەڵکو هەموو فیلمێک به ژێرنووسی كوردی هه‌بێت و نمایش بكرێن. ئێمه ناتوانین به زمانی ئینگلیزی، سینه‌مای خۆمان به‌ره‌و پێش ببه‌ین. كۆمه‌ڵێك فیلمم بینی كه تایتڵی ئه‌وان ته‌نها به ئینگلیزییه. ئه‌مه هه‌ڵه‌یه. ده‌بێت به زمانی دایك بنووسرێن و ژێرنووسی ئینگلیزی بكرێت. یان به دوو زمان ئیشی له‌سه‌ر بكه‌ن. بۆ نموونه ده‌توانن ده‌رهێنه‌ر هه‌م به ئینگلیزی و هه‌م به كوردی له پاڵ یه‌كدا بنووسرێت. ده‌كرێت فێستیڤاڵ له هه‌ندێك به‌ش پاره كه‌م بكاته‌وه و له ژێرنووسی كوردیدا پاره‌كه‌ی سه‌رف بكەن، ئه‌مه ده‌کرێت به‌و جۆره بێت.
ئایا ده‌رهێنه‌رێك هه‌یه كاریگه‌ری هه‌بووبێت له‌سه‌رت؟
گه‌لێك ده‌رهێنه‌ر هه‌ن. ئه‌و ده‌رهێنه‌رانه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر من دروست كردووه. یه‌كێك نییه كه بڵێم له هه‌موویان زیاتره. بۆ نموونه، سینه‌مای ئیتاڵیی، نیوڕیاڵیزم، كه له ١٩٣٠یه‌كان كاریان ده‌كرد، من زۆر له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌واندا كارده‌كه‌م. دیسان سینه‌مای ڕووسیی، یاخود بڵێم ده‌ستپێكی سینه‌مای ڕووسیی، زۆر له ژێر كاریگه‌ریاندام. سینه‌مای فه‌ڕه‌نسا، له توركیا و سینه‌مای كورددا، یه‌ڵماز گونه‌ی، گه‌لێك كاریگه‌ری هه‌بووه به‌سه‌رمه‌وه. گه‌لێك ده‌رهێنه‌ری هێژا هه‌یه كه گشتیان مامۆستای منن.
چ شتێكی ئه‌و ده‌رهێنه‌رانه كاریگه‌ریی هه‌بووه له‌سه‌رت؟
كاتێك من سه‌یری فیلمه‌كانم كردوون، ڕۆڵی هونه‌ر چییه، من ئه‌وه‌م بینیووه، یاخود ئه‌وه تێگه‌یشتووم. هونه‌ر چۆن مرۆڤێك ده‌خاته فڕین. ده‌رهێنه‌رێك چۆن بابه‌تێك ده‌گێڕێته‌وه، یاخود چۆن كارێكی مێژوویی باس ده‌كات، ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ن كه وام لێده‌كات بكه‌ومه ژێر كاریگه‌رییه‌وه.