[دوايينجار]

ئايدين ئاغداشلو

لە فارسييەوە: ئارام ڕەشيد

زوو زوو سەردانى عەباس كيارۆستەميم دەكرد، بەنزیکەیی ڕۆژ ناڕۆژێك. کاتێک لە نەخۆشخانە بوو بە پێ دەچوومە سەردانى، چونكە لە ماڵەكەمەوە نزيك بوو. كاتێك گواسترايەوە بۆ ماڵەوە، كارەكەم سەخت بوو، بەڵام بە تاكسى دەچووم بۆ گەڕەكى “چيزەر” و دەگەڕامەوە. خانووەكەى حەوشەيەكى گەورەى هەبوو، كە لە ئەرزى كۆڵانەكەوە قادرمە بوو تاوەكو دەگەيشتيتە بەر دەرگاكەى، لەوێشەوە دەبوو بە قادرمەيەكى باريكدا سەربكەويت، بەشى چەپى گەراجێك بوو كە بووبووە ستۆديۆى. زياتر لە پەنجا ساڵ بوو ئەم خانووەى هەبوو، خانوويەكى دڵگير بوو بەلامەوە، هەرچەند بە خۆشيى لەو ماڵەدا دەژيا، بەڵام خودى خانووەكە سارد و وشك و بێ ڕازاندنەوە بوو. بێ ڕازاندنەوە بوو وەكو فيلمەكانى، ئارام و بەويقاريش بوو وەكو خۆى. ئەگەر بۆ ژەمى ئێوارە بمابايەتەوە پێكەوە دەچووين بۆ كەبابخانەى سيلەى كۆڵانەكەيان و (نانى گەرم و كەبابى گەرم)مان دەخوارد و سەرم دەنايە سەرى دەمگوت بۆچى گەڕەكەكەيان ڕێستورانتێكى ڕاقى گرانبەهاى تێدا نييە تاوەكو بتوانين پاش نانخواردن شيرينيش بخۆين! بەڵام ئەو خانووەكەى نەدەگۆڕى. هيچ شتێكى نەدەگۆڕى. هيچ كەسێكى نەدەگۆڕى. هەميشە وەفادار بوو، بەڵام بە تۆزێك مەوداوە! تابلۆيەكى زۆر بە ديوارى ماڵەكەيەوە نەبوون، سەربارى ئەوەى شێوەكارەكان شێت و شەيداى بوون. لە قادرمەكانەوە دەچوويتە ژوورى ميوان، كە مێزێكى نانخواردنى تێدا بوو، ديسانەوە قادرمەيەكى ديكە دەچووەوە سەر نهۆمى سەرەوە بۆ ژوورێكى بچووك، (ژوورى نمايشكردنى فيلم) كە پێكەوە زۆربەى فيلمەكانيمان لەوێ تەماشا كردووە، هەر كاتێكيش بوارى قسەكردن و ڕادەربڕينى بدايە، دەمگوت هەڵيگرە بۆ دوايى…

كام دوايى! مەتبەخەكەى هەر لە نهۆمى زەمينى بوو، ديوارەكەشى پڕ بوو لەو ژمارە تەلەفۆنانەى نووسيبوونى، بۆئەوەى بيانناسێتەوە و وەڵامى تەلەفۆنەكانيان بداتەوە. من لەسەر ئەم كارەى سەركۆنەم دەكرد، تاوەكو دواتر كە زانيم ئەو لەسەر هەق بووە، چونكە نەدەكرا شەو و ڕۆژ وەڵامدەرەوەى ئەو هەموو موريد و لايەنگرە بيت. (ئيمرەڵا و مەرجانە) هاوسێى ديوار بەديوار و خۆشەويست و هاوڕێی بوون، هەندێك كات دڵخۆشى خۆم بەوە دەدايەوە كە تەنيا نييە و بە تەنيا نامێنێتەوە. ساڵانى پێشتر ئەو خانووەى كڕى، بەڵام هەر لە نزيكى “چيزەر” و “رۆستەمئاباد” دوور نەكەوتەوە. ئەوكاتانە چواردەورى “دروس” و شەقامى “دەوڵەت” و “رۆستەمئاباد” پڕ بوو لە مەزرا بۆ پاسەكردن و سەعيكردنى ئێمەى قووتابيانى “جەم قەلهەك”، كە كەمتر سەعيمان دەكرد و زياتر دەخوولاينەوە. هەر كامێكمان پاشناوێكيشمان هەبوو: من “ئايدينە شەل” بووم، چونكە تازە ئيفليجى قاچم چاك بووبووەوە، بەڵام هەر دەشەليم. “ئەمير پاڵەوان” وەرزشكار بوو. “كەمالە ورچە” زۆر قەڵەو بوو، عەباسيش “عەباسە ڕەش” بوو، چونكە پێستى زۆر تەڵخ بوو… هەندێکجار كە شەو دادەهات، دەچووين بۆ ماڵى عەباس و دايكى كە خانمێكى بە شكۆ بوو، “كۆتليت”ى دەنايە نێو پارچەيەك نان و ئەيدايە دەستمان. عەباس بەرامبەر گەڕەكەكەى وەفادار بوو، تەنانەت كاتێك ناوبانگى بە دونيادا بڵاوبووەوە و بووە سيمبول و نوێنەرى كولتورى هاوچەرخى ئێران، ديسانەوە لە “چيزەر”ەكەى دوورنەكەوتەوە! ئەو “چيزەر”ەى كە لەبەر خاترى عەباس بۆى دەچووم و هێندە گێل بووم هەر جارێك ناونيشانى كۆڵانەكەيم لێ تێكبچوايە، تەلەفۆنم بۆ دەكرد بۆئەوەى پێم بڵێت! “چيزەر”ێك كە ئيدى كارم بەسەريەوە نييە.

*

دەچووم بۆ تۆرۆنتۆ و عەباس تەندروستى باشتر بوو، دەكرا بە خەياڵى ئاسوودە سەفەر بكەم. تەلەفۆنم بۆ كرد گوتم دێم بۆ ماڵئاوايى. گوتى زوو وەرە، ديارييەكم بۆ داناويت. بە گاڵتەوە گوتم ديارى بەخشين بە من كارێكى هەروا ئاسان نييە ها! بە هەمان دەنگە تاساو و گيراوەكەيەوە گوتى تۆ هەقت نەبێت، وەرە! منيش بەڕێكەوتم. درەختەكانى حەوشەكە سەوز دەچوونەوە و لە هەيوانەكە كورسى و مێزيان دانابوو، كە سێ چوار ڕۆژ پێشتر عەباس لەسەر هەمان ئەو كورسيیانە دانيشتبوو هەواى دەگۆڕى. گوڵە ئۆركيدەيەكى گەورە لەناو گوڵدانێكى سەر مێزەكە بوو، لەگەڵ كۆمەڵێكى تر لە گوڵ. تازە قادرمەكانى گەيشتن بۆ ناو حەوشەكەم بڕيبوو، كە گەيشتمە قادرمەكانى هەيوان و دواتريش بۆ قادرمەكانی ژوورى پشوودانى عەباس. ژوورەكەيان بۆ گونجاندبوو، بە قەرەوێڵەى نەخۆشخانە و تەلەفزيۆنى هەڵواسراو بە ديوارەوە. پەنجەرەيەكيش بەسەر حەوشەكەدا دەيڕوانى، كە پەردەيەكى سەرانسەرى درابوو بەڕوويدا. تابلۆيەكى فرە گەورە هەموو ديوارى لاى چەپى ژوورە بچووكەكەى داپۆشيبوو: تابلۆیەکی “كلۆد مۆنێت”، برنجۆكێكى سپى درابوو بە سەر تابلۆكەدا، بەڵام بەشێك لە ناوەڕاستى پەردەكە لادرابوو، بۆيە پارچەيەك لە تابلۆ جادوييەكە لەو نێوانەوە دەبينرا. كارێكى ديجيتاڵيى و چاپكراو بوو. كارێكى ڕاچڵەكێن كە منى لاى خۆيەوە وەستاند. بەهمەنى كوڕى لە تەنيشتيەوە بوو و دوو سێ پەرستار و هاوكارە گەنجە باڵابەرزەكەشى هەر لە هاتووچۆدا بوو. بە سەر كە پرسيارم كرد، بزەيان هاتێ كە هەموو شت باشە. لەسەر قەراخى قەرەوێڵەكەى دانيشتم بۆ تەماشاكردنى ئەو پادشا داپۆشراو و بێدەنگە، پاڵيدابوو بە پشتييەكى گەورەوە. دێوێكى جوان بوو –وەك ئەحمەد شاملو دەيگوت-، لە كراسێكى خاوێن و بێ ئێخە، كە سپێتييەكەى ئاوى چاوى دەبرد و لەگەڵ پێستە زۆر ئەسمەرەكەى پارادۆكسێكى ئاشكراى هەبوو، پێستێك بە ناسكى توێكڵى پياز و بريسكەدەرەوە وەك دار ئابەنووس. دەستەكانى لە هەردوو بەرى جەستەيەوە، بە درێژايى جەستەى درێژى كردبوون و لەپى دەستەكانى كردبوونەوە. سيماى سڕ و بێجووڵە بوو، بە لووتێكى درێژ و ئەندامگەلێكى گونجاوەوە. زارى بە دژوارى بۆ قسەكردن دەكرايەوە، ئەوە بۆ زەردەخەنە هەر هيچ. بە پێچەوانەى ڕۆژەكانى نەخۆشخانەوە، هيچ سۆندەيەكى پێوە نەبەسترابوو، كە ئەمە جێى دڵخۆشيى بوو. هەر لە نەخۆشخانەوە فێر بووبووم، دەستى لێنەدەم. دەستم بە سەر باسكيدا هێنا و چاوم لەسەر لابرد، بۆئەوەى نيگەرانييان تێدا نەبينێت. (هەفتەى پێشتر، “بەهمەن پور” نامەيەكى بۆ ناردم كە: «لە دوايين ديدارم لەگەڵ عەباس، وتى چاوەكانى ئايدين زۆر ميهرەبانانە بوون بەرامبەرم. زۆر لە ساڵانى زوو ميهرەبانانەتر. نيگاكەى قەرەبووى نيگا ژێرچاوييەكانى كردەوە. وتم عەباس ئايدين هەردەم تۆى خۆشويستووە. عەباس وتى ئايدين سەربارى ئەو هەموو دوورييەش، هەر نزيكترين كەس بووە لە منەوە.») ئاماژەم بە ديوارەكە كرد و وتم، چ تابلۆيەكى جوانە. وتى ئەمانە كۆمەڵەيەكن و ياريدەدەرەكەى بانگ كرد بۆئەوەى پێكەوە لاپتۆكەكە كار پێ بكەن و كارەكان بەدواى يەكدا نمايش بكەن. کۆمەڵێک تابلۆی جوانى شێوەكارە ئيمپرسيۆنيستەكان بوون، هەريەكە و شاردراوە لە پشت پەردەيەك و پەنجەرەيەكەوە. جوانيەك بە كەماڵ و شاراوە و داپۆشراو (چاوانێك لە پشت عەينەكە ڕەشەكەوە؟ دەروونێكى داشاردراوى هەڵگيراو بۆ هەموو تەمەن؟) كارەكانم بەدڵ بوو. بۆچوونى خۆم وت و ئەويش دڵخۆش بوو. (دەنگى ناڕوون بوو کە لێی تێنەگەیشتم، دەبوو گوێم لە دەمى نزيك بكردايەتەوە. جارێكيان لە نەخۆشخانە هۆكارەكەيم لێ پرسى، وتى: دەزانيت چەند سۆندەيان كردبوو بە قوڕگمدا؟ ئەم تۆزە دەنگەش هێشتا زۆرە!) بەهمەنى كوڕى، كە سەرپەرشتى كاروبارەكانى دەكرد –بەپێچەوانەى جارانەوە قەلەقیی نەبوو- لەگەڵ پەرستارەكە هاودەنگ گلەييان كرد كە عەباس نان ناخوات و تەنيا شلەمەنى دەخواتەوە. دەستم نايە سەر شانى و وتم زۆر لاواز و بێهێز بوويت، دەبێت شتێك بخۆيت. قاپێكيان بۆ ڕاگرت و ئەويش بە نيشانەى ڕازيبوون سەرى لەقاند. هەروا بە دانيشتوويى لەسەر قەرەوێڵەكەى مامەوە، لاى قاچيەوە، يەكسەر لێمڕوانى. بۆ ساتێك ترسام ڕوانينەكەم ببێتە هۆكارى پرسياركردن –چاوم لابرد- بەڵام هەروا لێگەڕام دەستم، باسكى –لاواز و خەڵەتێنەرى- لەمس بكات و هەر لەوێ بمێنێتەوە. خەياڵم ئاسوودە بوو لەوەى، تاوەكو من دەگەڕێمەوە ئەو كەوتووەتەوە سەرپێ و سەرقاڵى كاركردن دەبێت. وەكو ئەو جارەى كە بۆ تەماشاى يەكێك لە فيلمەكانى بانگهێشتى ستۆديۆكەى كردم. لەسەر يەكێك لە بەشەکانی فيلمە تازەكەى كارى دەكرد، ئەو بەشەی كە تابلۆ ناوازەكەى (ڕاوچيانى بەفرى) “بروگێل” بوو، باش دەيزانى ئەو كارەم چەند خۆشدەوێت، تابلۆكە ديمەنێكى دڵبزوێنە لە ڕاوچيان و تانجيەكانيان كە لەناو بەفرێكى تۆپەڵ تۆپەڵ و لەنێوان کۆمەڵێک درەختى ڕێك و ڕەش و بەرزدا، بەدواى ڕێگايەكدا دەگەڕێن. تابلۆكە بۆ ماوەيەك لەسەر شاشەی لاپتۆپەكە بە جێگيريى مايەوە، تاوەكو ئەوەى هێواش هێواش بەفر، دەستى بە دابارين كرد! دواى تۆزێكيش باڵندە وەستاوەكانى سەر درەختەكان دەستيان بە فڕين كرد و تانجيەكانيش كەوتنەڕێ، لە لاى چەپيشەوە سەروكەلەى گايەلێك دەركەوتن و ژيان و جووڵە دەستى پێكرد و سەراپاى تابلۆكە، لە بارينى بەفرێكى سپيدا؛ تەڵخ بوو و ديارنەما. فيلمەكەم بەدڵ بوو، چونكە ئەو ژيانە خەوتوو و زیندانیکراوەی ناو تابلۆكەى “بروگێل” ڕەها بووبوو، پێشەنگتر لە من ئەو كارەى كردبوو. ئاخر من پێشتر كارم لەسەر هەمان تابلۆ كردبوو.

من دووراودوور و بێمنەتانە هێندە عەباسم خۆشدەويست، هيچ پێم ناخۆش نەبوو كە ئەو لە من بەناوبانگتر و خۆشەويستترە. شانازيم بەخۆمەوە دەكرد، كە ئەمە عەباسى منە! لە هەندێك شوێن گوتارم لەسەر نووسيوە، كە تائێستاش بڕوام پێيانە و ئەويش بە خوێندنەوەيان نيگەران نەبوو. بانگهێشت كرابوو بۆ زانكۆى “سەمنان” بۆ مەراسيمى ڕێزلێنان، داواى كرد منيش لەگەڵى بڕۆم. منيش ڕۆيشتم. “سەمەديان”يشمان لەگەڵ بوو، “حەميدە” شۆفێريى دەكرد. بە درێژايى ڕێگا ئێمە قسەمانكرد و پێكەنين. عەباس درەختەكانى پيشان ئەداين و بڕواى وابوو هەركاميان ڕۆحى تايبەت بەخۆيان هەيە! وەختێ گەيشتينە گۆڕەپانى زانكۆكە، بينيمان ڕيزێك لە خوێندكارەكان بوتڵى غازيان خستووەتە سەر شانيان و دێن و دەچن. بۆ ياد و يادەوەرى ديمەنى كۆتايى يەكێك لە فيلمەكانى! ئێ، ڕۆژى عەباس بوو و بڕيار نەبوو كەس گوێ بە ئێمە بدات، كەسيش گوێى بە ئێمە نەدا! بەڵام لە ستايشى كيارۆستەميدا گوتارێكى تێروتەسەلەم خوێندەوە… چەند خۆش بوو.

*

دونيا خەريكبوو تاريك دادەهات، دوو سێ خانم لە هاوڕێيان و هاوكارانى هاتن –بە گوڵ و شيرينييەوە-. دواى تۆزێك زانيم كە بە چ گوێپێنەدان و لووتبەزرييەكەوە ڕەفتار دەكەم، هەڵبەت ئەمە پێچەوانەى خوڵقوخووى من بوو. تەريق بوومەوە –تازە درەنگ بوو- هەر لەسەر ئەو ڕەفتارانەم بەردەوام بووم. هەستمكرد ناتوانم تەحەمولى ئەم (سات)ە بكەم. ناتوانم ئەم چركەساتە تێپەڕە نەگەڕێنراوانە لەگەڵ كەس بەش بكەم. لەگەڵ هەركەس كە پێموايە كەسى دەرەوە و تازە هاتووە، دەرەوە و تازەهاتوو بەراورد بە شەست ساڵ هاوڕێيەتيمان. لە چواردە ساڵييەوە زانيم كە ئەم كوڕە بێدەنگ و سەنگين و ڕەشتاڵەيە چەندە بە باشى مەوداى خۆى دەپارێزێت، چەندە بە وردى تەماشاى هەموو شتێك دەكات، چەند دڕدۆنگانە تێكەڵى بێكەڵكى و گەمژايەتى نابێت، كە تا كۆتايى تەمەنيشى تێکەڵی نەبوو.

*

كاتێك وتم دەبێت بڕۆم، وتى ڕاوەستە! ئاماژەى بە ياريدەدەرەكەى كرد و ئەويش ڤيديۆ ديسكێكى كەڤەر پلێكزى گلاسى دايە دەستى. عەباسيش منى بانگ كرد و ديسكەكەى بۆ ڕاگرتم و وتى: ((ئەمەش بۆ تۆ! ئەمە ئەو ديارييەيە كە وتبووم.)) كە تەماشام كرد، بينيم هەمان ئەو فيلمە نمايشنەكراوەى (ڕاوچيانى بەفرى) بروگێل”ە! وەختێ لە كەڤەرەكەيم ڕوانى بينيم بە ئينگليزى لەسەرى چاپ كراوە: ((پێشەكەشە بە ئايدين ئاغداشلو)). وامزانى گاڵتە دەكات، بەڵام کاتێک ڕووخسارى ياريدەدەرەكەيم بينى، بينيم هەر بە جدى ئەم فيلمەى پێشكەش بە من كردووە! نووقمى شادى و بەخۆنازين بووم و فيلمەكەم هەڵگرت. ياريدەدەرەكەى بەدواى زەرف و پاكەتدا دەگەڕا، كە ئاماژەم پێكرد نامەوێت. دەمويست بە درێژايى ڕێگاى گەڕانەوەم، پەنجە بە كەڤەرەكەيدا بهێنم. تاوێكى زۆر شانيم ماچ كرد. هيچ قسە و وتەيەكى حەكيمانە ياخۆ گرنگ لەنێوانماندا، نەوترا. لەڕووى گوێپێنەدانەوە سەرێكم بۆ ميوانەكان لەقاند و بەڕێكەوتم. كاتێك لە دەرگاى ژوورەكە هاتينە دەرەوە، لە بەهمەنم پرسى هەموو شتێك باشە؟ وتى هەموو شت باشە. وتم ئەركى فەرزەنديى خۆتت بەرامبەر باوكت تەواو كرد. حەوشەكە تاريك بووبوو، هێشتا گڵۆپەكانيان دانەگيرساندبوو، بايەكى هێواش گڕە و گەرماى دەهێنا. ويستم بڵێم دارو درەخت و گوڵەكان زۆر وشك هەڵهاتوون، دەبێت ئاويان بدەن؛ بەڵام پاشگەز بوومەوە بە ورياييەوە بە قادرمەكەدا چوومە خوارەوە.

*

عەباس لە نێوان ئێمەى منداڵانى “قەلهەك” و رۆستەمئاباد” و “چيزەر” دا -كە ساڵانێك پێش ئێستا گوندێك بوو- گەشەى كرد و گەورەبوو. ئێمە هەموومان پێكدەچووين. عەباسيش وەكو ئێمە بوو، وەكو هەموومان. ساڵەكان تێپەڕين و ئێمە هەروەك ڕەعيەتى “رۆستەمئاباد”ى “قەلهەك” ماينەوە، بەڵام عەباس بوو بە پادشا و بە پادشاييش ماوەتەوە تا هەتايە.

تێبينى/ ئايدين ئاغداشلو ئەم بابەتەى لە ساڵى 2016 نووسيوە.

Related Posts

Leave a comment