[ گفتوگۆ لەگەڵ عوسمان سێمبیەندا ]
ڕێیناڵد ووڵێری، جۆن سینگلێت و مانسیا دیاوارا
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال
عوسمان سێمبیەنی نوسەری سەنیگالی و دەرهێنەری فیلمی (کچی ڕەش پێست، بێگانە، کامپێک لە سیارۆیی) کە بوونە هۆکارێک بۆ دروستبوونی سینەمای ئەفریقا و سەرهەڵدانی فێستیڤاڵەکان لەو کیشوەرەدا، بەتایبەتی فێسپاکۆ ١٣، (فێستیڤاڵی فیلم و کاری تەلەفزیۆنی پان ئەفریقا، دێ ئۆواگادۆوگۆو، بورکینا فاسۆ). پۆشاکێکی شاهانەی شینی پۆشیبوو، بە هێواشی هەنگاوی دەنا و قومی لە پایپە شێوە چەماوەییەکەی دەدا کە ببووە مۆرکێک بۆی، هاتنی بۆ واگا گرنگی بەو تێکەڵییە گرنگەی نێوان هونەر و پیشەسازی و شێواز زیاد دەکات کە کۆمەڵگەی فیلمی نێونەتەوەیی بەرەو ئەو فێستیڤاڵەی کە لە کیشوەرەکەدا لەلایەن کەسانی شارەزاوە لە ماوەی دوو ساڵ جارێکدا ئەنجامدەدرێت، ڕادەکێشێت.
دواهەمین فیلمی سێمبیەن “خانەدان”، کە سەنتەری فیلمەکە لەسەر ئەو شەڕکەری ئازادییە کاسۆلیکییەیە کە دەکوژرێت و لە گۆڕستانێکی موسوڵمانان بەخاک دەسپێردرێت. فیلمەکە نەنێردراوە بۆ فێستیڤاڵ تاوەکو کێبڕکێی بردنەوەی خەڵاتەکان بکات چونکە عوسمان دەیخواست هەلێک بدات بە فیلمسازە نوێیە تازە دەرکەوتووەکان. کردەوەی لەم چەشنە خاسیەتی ڕابەری پێشەنگیی گێڕەرەوەی سینەمایی کیشوەری ئەفریقایە. فیلمی “خانەدان” لەگەڵ کورتە فیلم و درێژە فیلمەکانی تری سێمبیەندا لە چوارچێوەی پڕۆگرامی، “ڕۆژە مۆدێرنەکان، شەوە دێرینەکان: سی ساڵ لە فیلمسازیی ئەفریقا” نمایشکرا کە لەلایەن کۆمەڵگەی فیلمی سەنتەری لینکۆڵن و مۆزەخانەی بڕۆکلینەوە ڕێکخرابوو لە ماوەی ڕۆژەکانی ٢ی نیسان تاوەکو ٣٠ی نیسان.
ئەم چاوپێکەوتنە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا لە شەوانی تەنیشت حەوزەکەی ناو هۆتێلی سەربەخۆیی، هەروەها لە شوێنی پشوودانی سەرەکی ڕۆژنامەنووسان و فیلمسازان و شوێنکەوتووانی سینەما ئەنجامماندا. لەسەر شەقامەکە بە ڕێکەوت گۆرانی دڵخوازی گروپێکی دینی ناوچەیی کەوتە بەر گوێم کاتێک لەگەڵ هاوڕێی نزیکم ئەلیس واڵکەر بە هاوڕێیەتی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ ڤارگاس، ئاکوسیا بوسیا و لە کۆتایشدا جۆن سینگڵتن پیاسەمان دەکرد. قسەکانی کە لێرەدا دەردەکەون بە ڕەزامەندی مارسیا دیاوارا، سەرۆکی خوێندنی ئەفریقیی لە زانکۆی نیویۆرک، ڕۆماننووسی ئەفریقی نگوگی وا سیۆنگ کە لە واگایە بۆ بەرهەمهێنانی دۆکومێنتەرییەک دەربارەی فێسپاکۆ لە چاوی سێمبیەنەوە.
چاوپێکەوتن لەگەڵ عوسمان سێمبیەن لە ٢٥-٢- ١٩٩٣
ڕێیناڵد ولێری: فیلمی کامپێک لە سیارۆیی بە کۆکوژی گشت سەربازەکان کۆتایی پێدەهێنیت لەلایەن فەڕەنسییەکانەوە. لە بەرامبەریشدا، فیلمە نوێیەکەت دەستپێکەکەی هەزەلییە. زیاتر دەربارەی پەیوەندییەکانی ناو ئەفریقایە، کارکردن لە نێو کێشەی ئەفریقییەکان. چۆن لەوێوە هاتیت بۆ ئێرە؟
عوسمان سێمبیەن: لە فیلمی بێگانەوە کە دواهەمین فیلم بوو دە ساڵ پێش کامپێک لە سیارۆیی دروستمکرد، ماستەرپلانەکەم بووە بەوەی کە چارەسەری کێشەکانی ئەفریقا تەنها لە ئەفریقا خۆیەوە دێت. لەو تێڕوانینەوە هیچ شتێکم نەگۆڕیووە. ئەو خەڵکەی کە دێت بۆ فیلمەکانم هێشتا بۆ هەمان هۆکار دێت.
ڕێیناڵد ولێری: ڕۆمانەکانتم خوێندووەتەوە، پارچە تەختەکانی خودا و کرێکاری بەندەر و سەرسام بووم بە دروستکردنی کارەکتەری بەو جۆرە ئاڵۆز. هەمان دووریی دەهێڵیتەوە، ئەگەر نەڵێم وردەکارییەکانیش، لەسەر شاشەی سینەما. چۆن فیلم و چیرۆکەکانت دروست دەکەیت؟
عوسمان سێمبیەن: من خۆم بوونێکی پارادۆکسیم.
ڕێیناڵد ولێری: ئەوە دەزانم.
عوسمان سێمبیەن: پڕم لە دژیەکیی. مانسیا هەمیشە ئەو پرسیارەم لێدەکات، ناشزانم چۆن وەڵامی بدەمەوە. دڵنیات دەکەمەوە، هیچ نهێنییەکم نییە، بەڵام حەز ناکەم هیچ شتێک ڕوونبکەمەوە. باشە، من دیالێکتی مارکسیی بەکاردەهێنم بۆ هەوڵدان لە تێگەیشتنی هەنگاوی تاکێک لە نێو کۆمەڵگەکەیدا. داینامیکییەتی تیۆری ئابوری مارکس زۆر گرنگن بۆ دروستکردنی ئەم ئاڵۆزییە. مرۆڤ پێویستە نان بخوات، بەڵام ئایا خۆی ئەو خواردنەی بەرهەمهێناوە کە دەیخوات یاخود کەسێکی تر؟ ئەمە ئەو پرسیارانەن کە سەرهەڵدەدەن کاتێک دەنووسم. لە بامبارا پەندێک هەیە دەڵێت، ئەگەر توانیت بۆ ماوەی ساڵێک بێ ئەوەی دەست بۆ جزدانەکەت ببەیت نانی خۆت دابین بکەیت، چونکە بزانە کە تۆ لەسەر گیرفانی کەسێکی تر دەژیت. بۆیە ئەگەر پەیوەندیت لەگەڵ کەسێکی لەو جۆرەدا هەیە ، پێویستە تەواوی عەقڵیەتی و ئەو کۆمەڵگەیەی لە دەوروبەریەتی پێناسە بکەیت، تا تێبگەین چۆن بیر دەکاتەوە. بەو جۆرە من بەردەوام دەبم.
ڕێیناڵد: کاتێک مانسیا و نگوگی لە داکات وێنەیان دەگرتیت، لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری دواناوەندی کۆمەڵێک گفتوگۆتان ئاڵوگۆڕکرد. هەمووان سەرسام بوون بە پرسیارەکانیان. بە شێوەیەکی کرداری لە ئاستی خوێندکاری ماستەری ئەمریکادا بوون. بەڕاستی توشی ئاڵنگارییان کردیت بە پرسیارکردن لە سیمبولیزم و چۆنیەتی داڕشتنی ڕۆڵی فیلمەکانت. چۆن ئەم پەیوەندییەت لەگەڵ چینی گەنجدا یارمەتی پڕۆسە داهێنەرییانەکەت دەدات؟
عوسمان: بینینی خەڵکەکەی خۆم بەهێزم دەکات. ئازایەتیم دەداتێ. یارمەتیم دەدات خۆم ڕاست بکەمەوە و پرسیار لە خۆم بکەم. یارمەتیم دەدات شێوەیەکی تر بە خۆم بدەم. من حەفتا ساڵم و قسە لەگەڵ منداڵانێکی بیست ساڵان دەکەم. چۆن لە ڕووی عەقڵییەوە دەتوانم لەگەڵ ئەو گەنجانەدا مامەڵە بکەم؟ دەستییان خستۆتە ناو کایەی کلتوور.
ڕێیناڵد: تۆ ڕۆماننوس بویت پێش ئەوەی دەست بکەیت بە دروستکردنی فیلم. فیلمسازیت هەڵبژارد چونکە فیلم زیاتر بەردەست بوو لەو کیشوەرەی کە زۆرینە نەیاندەخوێندەوە. کاتێک یەکەمین فیلمی درێژی خۆت دروستکرد، کچی ڕەش پێست، لە ساڵی ١٩٦٥، دەبوو فیلمەکانت لە ئەوروپا نمایش بکەیت تا لە کۆتاییدا بتوانیت سترەکتۆرێک دابڕێژیت بۆ وڵاتە ئەفریقییەکان تاوەکو فیلمی ئەفریقی نمایش بکەن.
عوسمان: من نەبووم بە تەنها! سینەمای ئەفریقا هەوڵێکی دەستەجەمعی بوو. بە ڕاشکاوی پێت بڵێم، ئێمە زۆر لەوە لاوازترین کە بتوانین بە تەنها کار بکەین. گرنگ نییە تەمەنت چەندە، یاخود چەندێک سەرقاڵبوویت لە کایەی فیلمسازیدا، کاتێک لەگەڵ یەکێکدا بەشداری دەکەیت، لێیانەوە فێردەبیت. هەستەکانتیان لەگەڵ بەش دەکەیت. هەستێکی هاوبەشیی دروست دەکات. لەڕاستیدا ئەمە شتە گرنگەکەیە.
ڕێیناڵد: لەگەڵ ئەوەی هەستی یەکبوون لە نێوان فیلمسازە ئەفریقییەکاندا لە زیادبووندایە، لێرە ئاڕاستەی سینەما لەنگەر پێدەگریت.
عوسمان: ئەوە سروشتییە. لە نێو هەر ڕەوێکدا، گەمژەیەک هەیە. (پێدەکەنێت) کاتێک دەمریت، کەسێک جێگەی تۆ دەگرێتەوە. ئەمە ژیانە. کەسێک هەمیشە دەبێت ئاڕاستە بۆ ئەوانی تر ڕێکبخات. مەبەستم ئەوەیە، بۆچی کۆمەڵگەکان، لە سەرانسەری جیهاندا، هەست بە پێویستی هەبوونی هونەرمەند دەکەن و دانیان پێدا دەنێن؟
ڕێیناڵد: فیلمەکانت زۆر شتییان بە بینەران بەخشیووە، لە ڕووی تیشک خستنە سەر ئەفریقا و بە شێوەیەکی سینەمایی لە چوارچێوەدانی کێشەکانی پان ئەفریقا. چۆن کاری فیلمسازی کاریگەری هەبووە لە ئەزمونی ژیانتدا؟
عوسمان: ناتوانیت ژیان بکڕیت. ناتوانیت کاریگەری تیادا دروست بکەیت. ئەوەی دەیزانم لەو نەوەیەوە دێت کە پێش من هەبوون. بێ ئەو کۆمەڵگەیەی تیایدا دەژیم، من هیچ نیم. من بەرپرسم لە کۆمەڵگەکەم. چاوەڕوانی هیچ  ناکەم، چاوەڕوانی هیچ پاداشتێک نیم بۆ کارەکەم. کۆمەڵگەکەم قەرزارباری من نین.
٢٤\٢\١٩٩٣ گفتوگۆ لەگەڵ عوسمان سێمبیەن و جۆن سینگلێت
ڕێیناڵد: هەستم کرد کامپێک لە سیارۆیی باس لە هەریەک لە ئەفریقییەکان و ئەفریقییە ئەمریکییەکان دەکات. بۆ نموونە، فیلمەکە لە کەمپێکی دەستبەسەرداگرتنی خەڵکدا ڕوودەدات لە پاش جەنگی جیهانی یەکەم، موزیکی بلوز بەکاردەهێنیت تاوەکو جەخت بخەیتە سەر زۆرێک لە کردارەکان. سەربازە ئەفریقییەکان لەگەڵ فەڕەنسییەکاندا جەنگان لە جەنگی جیهانی یەکەمدا دەبوو جلوبەرگی سەربازییان لە سەربازە ئەفریقییە ئەمریکییەکان وەربگرن، کە دواتر کێشەی دەروونی بۆ دروستکردن. کارەکتەرێکی سەربازی ئەفریقی ئەمریکیشت هەیە کە بەداخەوە گەمژەیەکی هەقیقییە تا ئەو کاتەی بۆی دەردەکەوێت ئەوە برایەکی ئەفریقییەتی کە لێی داوە. لەم فیلمەدا، ویستووتە ڕاستەوخۆ شتێک بە ئەمریکییەکان بڵێیت یاخود زۆر سادەتر بە ئەفریقییەکانی تاراوگە؟
عوسمان: ئەوە یەکەمین ساتی پەیوەندی نێوان ئەفریقی و ئەفریقییە ئەمریکییەکانە. ئێمە لە جەنگدابووین. ناتوانیت خەیاڵی ئەو یەکەمین بەریەککەوتنە بکەیت. ناتوانیت بیری لێ بکەیتەوە. هەردوو لامان لە سوپایەکی کۆڵۆنیدا بووین. هەوڵ بدە بیر لەوە بکەرەوە. هیوادەخوازم ئەفرقییە ئەمریکییەکانی ناو سوپا خۆیان لە دەسەڵاتی کۆڵۆنی ڕزگارکردبێت. تۆی ئەفریقی ئەمریکی بەشێک نیت لە کۆڵۆنی سوپای ئەمریکا هەرچەندە تۆ لە دڵی ئەوێشدا بژیت. من خۆم لە دەسەڵاتی کۆڵۆنی ڕزگارکرد، بەڵام ئێستا دەسەڵاتی نیو کۆڵۆنیاڵیزم هەیە. ئێستا پەیوەندییەکەمان جیاوازە. شتەکان بەوجۆرە دەڕۆن.
ڕێیناڵد: مەبەستت چییە؟
عوسمان: ئەوروپا، بەتایبەتی فەڕەنسا، ئامانجی ئەوەیە دەسەڵاتی نیو کۆڵۆنیالیزم جێبەجێ بکات، گرنگ نییە دەسەڵاتەکە حکومەتێکی سۆشیالیست بێت یاخود دەسەڵاتێکی ڕاستڕەو بێت. سەرۆک میتەراند لەم ماوەیەی پێشوودا وتی بەبێ ئەفریقای فەڕەنسی زمان، فەڕەنسا هیچ میراتێکی سیاسی لە سەدەی بیست و یەکدا نابێت. بۆ من، هیچ شتێک نەگۆڕدراوە. لە ساڵی ١٩٨٥ تاوەکو ئێستا، هەموو شتێک لە ئەفریقا هەر وەک خۆیەتی. بە گوێرەی مێژوو سپی پێستەکان سێ جار درۆیان لەگەڵ ئێمە کردووە. پاش ئەوەی هیندستان و وڵاتە لاتین زمانەکانیان تاڵانکرد، ڕوویان کردە ئێمە، تاوەکو بە شارستانیمان بکەن، دینی مەسیحیەتمان بۆ بهێنن. ئەوە سێ سەد ساڵی پێچوو. لە ساڵانی ١٨٠٠دەکاندا هاتنەوە تاوەکو هێورمان بکەنەوە و ژیانی هاوچەرخمان بۆ بهێنن. لە ساڵی ١٩٦٠ ئەفریقایان بە شێواوی جێهێشت. ئێستا لە ساڵی ١٩٩٣ دەڵێن کە دیموکراسی و ژیانی شارستانیمان بۆ دەهێنن. سێ جار درۆیان لەگەڵدا کردین و هەوڵیاندا خۆیان بکەنە کۆڵۆنی ئێمە. هەر ئەفریقییەک ئەمە نەخەنە مێشکییانەوە ئەوا لە سەدەی داهاتوودا ڕووبەڕووی چەوساندنەوە دەبنەوە. لە ماوەی ساڵانی کۆیلایەتیدا، ڕەچەڵەکە ئەفریقییەکە نەمرد. ئەوەی لە کلتوورەکەمان بەجێما بەهێزترمان کرد. تاوەکو بمێنینەوە لە تاراوگەیی ئەمریکادا، دوو لە جوانترین شتەکانی سەر زەوییان داهێنا بۆ ئەوەی لە ناخەوە خۆیانی پێ تێر بکەن، جاز و بلوز. ئەمە دەربڕینی کلتوورییە. هێشتا نەبووە بە شارستانیەت. لە کۆمەڵگەوە هاتووە، بەڵام ئێستا جازی یابانی و جازی ئەوروپی هەیە. ئەوەمان بەخشی بە مرۆڤایەتی. ئێستا تەنانەت جازی کلاسیکیشیان هەیە. مایڵیس دەیڤیس، لویس ئاڕمسترۆنگ و چارڵی پاڕکەر: لەلایەن خەڵکی ترەوە بەکارهێنراونەتەوە. لە سەردەمی پیکاسۆوە، ئێمە تەواوی کلتوورمان دەستکاری کردووە. تەماشای ژنەکانمان بکە، منداڵ دەخەنەوە بێ گوێدانە ئەوەی چەندێک ئازار دەچێژن. ئێستا ئەفریقا هەوڵ دەدات خۆی تازە بکاتەوە. ئێستا تەنانەت پاپاش دەچێت بۆ بینینی قەشەی ڤودو. لە ڕابردوودا، بۆ ئەوەی پاپا ببینیت، دەبوو بچوویتایە بۆ ڕۆما. ئێستا ئەوە پاپایە کە دێت بۆ ئەفریقا. ئیسلامیش هەمان شت دەکات. هێشتا دەبێت بجەنگین، بەڵام ئێستا ئێمە لە سەنتەری جیهانداین. تەنها خەیاڵ بکە ڕۆژێک سکەیەکی شەمەندەفەر هەبێت لە داکاری باکوری ئەفریقاوە بچێت بۆ کەیپ تاون لە باشوری ئەفریقا. ڕێگایەکیش هەبێت لە کەناڵی سوێسەوە بۆ کۆناکری. ئەمە ئەگەری ڕوودانی هەیە، بەڵام تەنها ئەوەیە کە تا ئێستا ئەنجاممان نەداوە. ئەم کلتوورە هی ئێمەیە، بەڵام هەوڵ دەدەن پێمان بڵێن کە خۆیان سەرچاوەی ئەو کلتوورەن، سەرچاوەی هەر هەمووی. ئەوروپا هیچ شتێکی نییە فێرمان بکات. ئەوروپا بە دڵنیاییەوە هیچ شتێک نازانێت. پێیانوایە بە کوشتنی ئێمە، کلتورەکەشمان لەناودەبەن. هەوڵ دەدەن بمانکوژن، بەڵام پێویستە ئێمەش شەرم نەکەین لە کوشتنیان، بێ ئەوەی ڕێکبکەوین.
جۆن سینگڵتۆن: پێموایە دەتوانم لە ژیری ساڵەکانی تۆوە فێرببم. زۆر شت هەن کە تۆ ئەزموونت کردووە و من ئاگاداریانم بەڵام ئەوەی جیامان دەکاتەوە ئەوەیە کە تۆ ئەزموونت هەیە تیایاندا و منیش تەنها بیستوومن.
عوسمان: تەنها کۆمەڵێک وردەکارییە. هیچ شتێک لە یەکمانی دانابڕیووە. ئەمە دابونەریتی تۆیە.
سینگڵتۆن: پێموایە لەو کاتەی هاتوومەتە ئەفریقا، ئەزموونی شتێکی بێزارکەرم کردووە. عاشقی خەڵک و زەوییەکەی بووم. هەتا زیاتر عاشقی بم، زیاتڕ دڵتەنگتر دەبم. ڕەنگە پرسیارکردن لە خودی خۆم بێت یاخود ئەوەی کە بە نیشتیمان ناوی دەبەم. تەنانەت کە لە ناوەڕاستی باشور، لە لۆس ئەنجلس گەورەبووم، پرسیارم لە جێگەی خۆم لە جیهاندا دەکرد. ئێستا کە بورکینا فاسۆم دیووە، زیاتر پرسیار دەکەم. زیاتر هەست بە بێ نیشتیمانی دەکەم. بۆیە ئەوەی من پلانم بۆی داناوە بیکەم ئەوەیە هەوڵ بدەم کاتێکی زیاتر لێرە بەسەر ببەم، ڕەنگە دوو بۆ سێ مانگێک لە ساڵەکەدا.
عوسمان: هەر کات ویستت بێیت، ماڵەکەم بۆت کراوەیە.
سینگڵتۆن: حەزدەکەم دەست بکەم بە بیرکردنەوە لەوەی کە ئەمریکا شوێنێکە بۆ کارکردنم، بەڵام هەمیشە دەخوازم ڕەچاوی ئەوە بکەم کە ئەفریقا ماڵی منە.
عوسمان: ئەمە ڕێگای ژیانی هونەرمەندە. هونەرمەند هەمیشە پرسیار ئاڕاستەی خۆی دەکات. ئەم هەستە کە تۆ هەڵتگرتووە هەمان هەستی ئەو خەڵکەیە کە لە تاراوگەدا دەژی. تێدەگەم، بەڵام پێموایە تۆ دەوڵەمەندی. کلتورێکی ئەفریقی هەیە کە تۆ دۆزیوتەتەوە لە هەمان کاتدا کلتووری ئەمریکیش. پێویستە شتەکان پێکەوە ڕێکبخەین. ئەفریقای ڕابردوو هەرگیز جارێکی تر ناگەڕێتەوە. خەڵکی گەنجی وەک تۆ ئەفریقای نوێ دروست دەکەن.
سینگڵتۆن: دەخوازم یارمەتیدەربم لە دروستکردنی ئەفریقای نوێ.
عوسمان: ئەوە مافی تۆ نییە، ئەوە ئەرکتە. تۆ دەربڕی تەواوی کۆمەڵگەکەی. تۆ دەمی ئەو خەڵکەی کە ناتوانن قسە بکەن. تۆ چاوی ئەو کەسانەی کە ناتوانن ببینن. تۆ گوێی ئەو کەسانەی کە ناتوانن ببیستن، قاچی ئەو کەسانەشی کە ناتوانن بگەڕێن. تۆ و من، هیچ نین بێ کۆمەڵگەکەمان. هونەرمەند بێ کۆمەڵگەکەی هیچ نییە. بەڵام، کەس فەرمانی پێ نەکردووین ئەم کارە بکەین، لە هەمان کاتدا پێویستیشە بیکەین. هیچ کەس لە جێگەی تۆ ئەو کارە ناکات.
سینگڵتۆن: زۆرێک هەن لە ئەمریکا، باوەڕیان بە بۆچوونەکانم هەیە و بەو ڕێگایەشی کار دەکەم بۆ ئەوەی نامۆبم. بەڵام، هەمیشە ئەو بۆچوونانە لە ناو خۆمدا دەهێڵمەوە کە ئەوان لە بیری خۆیاندا کۆیلەن. بۆیە هەمیشە کۆشش دەکەم بۆ ئەوەی ئازادبم.
عوسمان: ئەمە سەردەمی نیو کۆڵۆنیاڵیزمە. ڕەشپێستەکانی ئەمریکا کۆڵۆنین.
سینگڵتۆن: بابەتەکە پەیوەندی بە کۆتکردنەوە نییە. (پەنجە بۆ سەری ڕادەکێشێت)
عوسمان: ئەوەتانێ! دەیانەوێت کۆڵۆنیالیزم لە مێشکماندا بچێنن. دەخوازن ئێمە تەنها بۆ سپی پێست بڕوانین و لە کاتێکدا پێویست ناکات کە ئەمە خاڵی ئاماژە بێت، سپی پێست خۆی خراپترین دوژمنی مرۆڤایەتییە. هەموو ئازاری مرۆڤایەتی لەوانەوە سەرچاوەی گرتووە. هیچ شتێکیان دانەهێناوە تاوەکو بەردەوامی بە ژیان بدات. هەر شتێک کە دەیکەن بۆ ئەوەیە زەمین وێران بکەن.
٢١\٢\١٩٩٣ چاوپێکەوتن لەگەڵ مانسیا دیاوارا
ڕێیناڵد وڵێری: هێنانی دوو لە گەورەترین نوسەر و سینەماکاری ئەفریقیی: عوسمان سێمبیەن و نگوگی وا سیۆنگۆ، ئەزموونێکی چۆن بوو؟
مانسیا دیاوارا: زۆر سەرنجڕاکێش بوو چونکە نەمزانیبوو کە نگوگی زۆر بە سێمبیەن سەرسامە. وەک نوسەر، هەردووکیان لێک دەچن. من هاوپیشەی نگوگیم. هەردووکمان لە زانکۆی نیو یۆرک کاردەکەین و ماوەی چەند ساڵێکە هاوڕێی یەکترین. کاتێک بڕیارماندا ئەم پڕۆژەیە ئەنجام بدەین، نگوگی پێی وتم، “تەماشاکە من تەنها ئەو کاتە بۆ ئەوە بەکاردەهێنم کە فیلمێک لەسەر دوو کەسایەتی دروست بکەم لە جیهاندا. عوسمان سێمبیەن و لاگونا، کە ئەویان کۆچی دوایی کرد.” نەمزانیبوو تا ئەو ڕادەیە بە سێمبیەن سەرسامە. وەک نوسەر، خەڵک بە بەردەوامی هەردووکیان پێکەوە دەخوێنن. پێشتر یەکیان بینیووە، دیارییان ئاڵوگۆڕکردووە. بۆیە کاتێک ویستمان ئەم فیلمە دروست بکەین بۆ ئێمە زۆر ئاسان بوو.
ڕێیناڵد: پێتوایە نەوە کۆنە فیلمسازەکەی ئەفریقا، وەک سێمبیەن، زۆر پشتیان بە ئەوروپا بەستبێت بۆ دروستکردنی فیلم؟ ئایا ئەوە کاریگەری هەبووە لەسەر ناوەڕۆکی فیلمەکان؟
دیاوارا: لە زۆر ڕووەوە، تەنها نەوە کۆنەکە نا، بەڵکو نەوە تازەکەش بە هەمان شێوە پشتیان بە دارایی ئەوروپا بەستووە. هەمان شت بۆ سەرجەم سینەمای جیهانی سێیەم لەسەرانسەری جیهان ڕاستە. هەلومەرجێکی زۆر ئاڵۆز و ئاسانە بۆ من باسییان بکەم چونکە من ڕەخنەگرێکم و پیشەیەکی جێگیرم هەیە. بۆ فیلمسازە ئەفریقییەکان، ئەگەر نەچن بۆ ڕۆژئاوا، ناتوانن فیلم دروست بکەن. ئەگەر بشچن بۆ ڕۆژئاوا، ئەو پرسیارە دروست دەبێت کە ئایا دەکرێت بە فیلمەکانییان بوترێت، سینەمای ئەفریقیی؟ کێشە گەورەکە ئەوەیە سینەمای ئەفریقیی بەشێکە لە پەیوەندی ئەوروپا بە ئەفریقاوە، بە هەمان شێوەی کە فرۆشتنی ئوتومبیل بە ئەفریقا بەشێکە لەو پەیوەندییە. بە تایبەتی فەڕەنسا، دەخوازن ئامادەیی کلتوورییان هەبێت لە ئەفریقا. ئەگەر لەسەر ئەمە ژیانی فەڕەنساشی لەسەر دابنێن، دەیانەوێت ئەو ئامادەییە بهێڵنەوە. لەبەرئەوە، نایانەوێت فیلمسازە ئەفریقییەکان گرنگی بدەن بە دروستکردنی پیشەسازی فیلم چونکە ئەمە دەبێتە هۆی دەرکردنی گشت فیلمە ئەوروپییەکان لەسەر شاشەکانی ئەفریقا. بەڵام لە ڕاستیدا، هیچ تاکێکی وڵاتێکی ئەفریقیی نییە، مەگەر تەنها نێجیریا، کە بەرگەی دروستکردنی دامەزراوەیەکی فیلمی نەتەوەیی بگرێت. تەنها کەمێک لە خەڵکی دەتوانن بچنە بینینی فیلم. بەڵام ڕاست نییە کە پێیان وایە لە سنوری ناوچەییدا توانای دروستکردنی دامەزراوەی سینەماییان نییە، وەکو ئەفریقای ڕۆژئاوا، یاخود ئەو وڵاتانەی لەلایەن فەڕەنساوە داگیرکرابوون، یاخود بەهەر شێوەیەک کە خۆت بخوازیت ڕێکیبخەیت. دەتوانیت دامەزراوەت هەبێت. فەڕەنسا بەڕاستی بە ڕێگەیەکی زیرەکانە ئەو یارییە دەکات. دەیانەوێت فیلمسازەکان بخەنە ناو ترادیسیۆنێکی فەڕەنسییەوە. کە ئەویش بریتییە لە بەکارهێنانی پارە، پێت دەڵێن ئەو جۆرە فیلمە دروست بکە کە دەیخوازیت. لە لایەکی ترەوە، پارە تەنها دەدەنە ئەو فیلم و فیلمسازانەی کە هەست دەکەن دەتوانن ئەفریقا ڕاستەقینەکە پیشانی فەڕەنسیی بدەن، نەک پیشانی بینەری ئەفریقیی لێرە. لە کاتی بەرهەمهێنانی فیلم لەلایەن فەڕەنساوە، پێش هەموو شتێک، ڕستەیەک لەسەر شاشەی سینەما دەبینیت، ئەم فیلمە لەلایەن حکومەتی فەڕەنساوە بەرهەمهێنراوە. ئەمە کەشێکی داگیرکاریی فەڕەنسی دروست دەکات: پێت دەڵێت فەڕەنسا و ئەفریقا هەمووی یەک شتن. هەروەها هانی فیلمسازەکانیش دەدەن هەتا دەتوانن بە فەڕەنسی قسە بکەن لە فیلمەکاندا. سێمبیەن زۆرجار وتویەتی، “ژیانم بریتی نییە لەوەی بگەڕێمەوە بۆ ئەوروپا. بڕیارەکانم لە ئەفریقاوە دەدەم.” بە دڵنیاییەوە هەندێک دژیەکیی هەیە لەو قسەیەدا. هەموومان دەزانین ئەوروپا بۆ سینەمای ئەفریقا زۆر گرنگە. بەڵام وتەکەی ئەویش زۆر گرنگە. هەموو شتێک فیلمسازە ئەفریقییەکان برەوی پێدەدەن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا لەلایەن دارایی ئەوروپاوە هاوکاری دەکرێت. خۆت دەزانیت، ژیان ئاڵۆزە. فەڕەنسا دەبێت ئەو کارە بکات کە دەیکات، ئەو شتە بێت کە ئێستا هەیە، فیلمسازە ئەفریقییەکانیش دەبێت هەمان کار بکەن. بۆ نموونە ئەگەر سەرۆکێکی نوێ لە فەڕەنسا هەڵبژێردرێت، ئەوا جۆرێکی نوێ لە سینەمای ئەفریقیی دروست دەبێت. بەتایبەتی ئەگەر حکومەتە ڕاستڕەو بێت. بەڵام سینەمای ئەفریقیی ناوەستێنن. تەنها پێناسەیەکی تری پێدەبەخشن، جارێکی تر فیلمسازەکان هەڵدەبژێرن تاوەکو شوێنی فیلمسازەکانی حکومەتەکەی میتەران بگرنەوە. دەزانم کە من سادەم سەبارەت بەم شتانە، بەڵام بیرم لێ کردوونەتەوە. دەزانم کە فەڕەنسا ماوەی سی ساڵە هەوڵ دەدات کەسێک بدۆزێتەوە بۆ شوێنی عوسمان سێمبیەن، تا پیشانی بدەن کە فیلمسازەکەی تریشیان ئەفریقییە. ئەمە لە ئەمریکاش بەرامبەر فیلمسازە ئەمریکییە ئەفریقییەکان ڕوودەدات. ئەو دەسەڵاتانەی دەیانەوێت گوێ لە جۆرێک نوسینی دیاریکراو بگرن. ئەمە سەرمایەدارییە. ئەگەر ئەوان نەتوانن لە تۆدا ئەو شتەی دەیانەوێت بەدەستی بهێنن، دەچن بۆ لای کەسێکی تر بە دوایدا دەگەڕێن و زۆر بە ئاسانی لەو کەسەوە بەدەستی دەهێنن.
ڕێیناڵد: کۆنگرەی فێسپاسی (فیدراسیۆنی سینەماکارانی هەموو ئەفریقا)، ئێستا کە ئێمە قسە دەکەین ئەوان لە کۆبوونەوەدان. دەکرێت هیچ بزوتنەوەیەکی ڕیفۆرمخوازی ڕاستیی بوونی هەبێت کە دەسەڵاتە کۆڵۆنیاڵەکانی پێشوو سەرمایەیەکیان تیادا سەرف بکەن بۆ ئەوەی ئیدارەی دەنگی ئەفریقیی پێ بکەن؟
دیاوارا: شتێک نییە کە فیلمسازە ئەفریقییەکان چارەسەری نوێیان هەبێت بۆ ئەم کێشانە، بەڵام خۆیان ڕێکدەخەن. کەوتوونەتە جوڵە و دەڵێن با هەموو هۆڵەکانی سینەما بە نەتەوەیی بکەین. ئەم جوڵەیە دەبێت بنێردرێت بۆ حکومەتەکان و ئەگەر حکومەتەکانیش پیشەسازییەکەیان بە نەتەوەیی کرد، دەبێت خۆیان لەگەڵ فەڕەنسادا ڕێک بکەون، چونکە خۆیان لە ئێستادا لە پەیوەندییەکی دوولایەنەن لەگەڵ فەڕەنسادا. ئەوان بادەم، شەکر، گوێز هیند و نەوتییان پێ دەفرۆشن، یان هەرشتێک تۆ بتەوێت. سینەماش دەبێت بچێتە ئەو مامەڵەیەوە. دەبێت ببەسترێتەوە بە
خواردن و موزیک و شتی ترەوە. زۆر ئاڵۆزە. فیلم خۆی لە بازنەیەکدا دروست نابێت.
________
سەرچاوە: ژمارە ٤٣ی گۆڤاری بۆمب، بەهاری ١٩٩٣. لاپەڕە، ٦٠ بۆ ٦٣.

Related Posts

Leave a comment