[ گفتوگۆ لەگەڵ خانمە ئەکتەری سەرەکی فیلمی "کچی ڕەش پێست" دا ]

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

سینەما هات بۆ لای من. من نەچووم بە شوێنیدا و هەوڵی بۆ بدەم. من زیاتر حەزم بە کاری دورینی پۆشاک دەکرد و حەزم دەکرد بتوانم تیایدا سەرکەوتووبم. ئەوە یەکەمین فیلمم بوو کاری تیادا بکەم. چێژم لێ بینی. شتێکی نوێ و جیاوازم تیایدا تاقیکردەوە. چووم بۆ ئەکچوالیتیس تا فۆتۆگرافەرێک کۆمەڵێک وێنەم بگرێت. لەوێ سێمبیەنم بینی. خۆمان ناساند و پرسیاری لێکردم تاوەکو بزانێت من چ کارێک دەکەم. وتم من هونەر دەخوێنم. وانە دەخوێنم و لە ماڵیشەوە پۆشاک دەدورم. بیرم لەوە نەدەکردەوە بچمە ناو کاری سینەماوە. بەڵام وتم، بۆچی نا؟ یارمەتیم دەدات زیاتر بەرەو پێش بچم.
سێمبیەن چیرۆکەکەی بۆ گێڕامەوە کە دەربارەی ژیانی دیوانای لاو بوو کە لە مارسیلیا ژیانی بەسەر دەبرد. بیرم لە هەموو ئەو کچە لاوانە دەکردەوە کە لە داکار بە دوای کاردا دەگەڕان و دەچوون بۆ کار، کە ڕووبەڕووی ئەو کێشانە دەبوونەوە کە لە فیلمەکەدا دەیبینین. لە باتی ئەوەی کارێکی باشیان پێ بدەن، خەڵک کێشەیان بۆ دروست دەکردن. دیمەنی تیایە کە هیچ جیاوازی نییە لەو ڕەفتارە ڕەگەزپەرستیانەی خۆم ئەزموونم کردبوون.
لە نزیک خوێندنگەی جان داڕک لە داکار لەگەڵ پورێکم دەژیام. لە تەنیشت ماڵمان ژن و مێردێکی فەڕەنسی دەژیان. پیاوەکە زۆر کەسێکی باشبوو، بەڵام ژنەکە وەک مادامی ناو فیلمی کچی ڕەش پێست وابوو. وەک چۆن هەر لەو ساتەی نۆکەرەکە دەگاتە ماڵیان تا کار بکات، ژنەکە کچەکەی بە ناوی خۆیەوە بانگ نەدەکرد بەڵکو بە فاتوو بانگی دەکرد.
قسەی نەشیاو و ڕەفتاری نەشیاو بەکاردێت بەرامبەر ئەو کچە نۆکەرە، لە باتی ئەوەی بیربکەنەوە کە ئەو کەسەش لەو ماڵەدا دەکرێت کەمێک شایەنی ڕێز بێت. تەواوی فیلمەکە لە سەنیگال وێنەیگیراوە. پاشان سێمبیەن چووە مارسیلیا تا قۆناغەکانی تری فیلمەکە تەواو بکات. پێویست بوو کەسێکی تر بەکاربهێنێت بۆ دۆبلاژکردنی ئەو دێڕانەی کە لێرە هەمبوو. دۆبلاژەکەی لەلایەن تۆتۆ بیسانسییەوە لە پاریس ئەنجامدرا.
کارکردن لەگەڵ سێمبیەن ئاسان نەبوو. ئەو لە سەرەتاوە دەیزانی چی دەوێت. کاتێک شتێکی پێ دەوتیت، دەبوو بتکردایە. کە هەموو شتێکی پێ دەوتیت، ئیتر تەواو. کاتی لەوەدا سەرف نەدەکرد شتەکان دووبارە بکاتەوە. ڕۆڵەکەم بە باشی فێربووم. ڕۆبێرت فۆنتەین مامۆستای نواندنم بوو لە خوێندنگەی هونەری داکار و هاوکارییەکی باشی کردم بۆ ئەم ڕۆڵە.
خەڵک کە منیان دەناسی، دەیانزانی کە ئەوانە پۆشاکەکانی خۆم بوون کە لەبەرم دەکردن. سێمبیەن داوای لێکردم لەبەریان بکەم. دەیزانی کە من پۆشاک دەدورم. ئەم پۆشاکانەشی لەبەرمدایە خۆم دووریوومە. جگە لە درێسە خاڵ خاڵیەکەی لە فیلمەکەدا لەبەرمدایە، تەواوی پۆشاکەکانی تر هی خۆم بوون. هات و لە ماڵەکەمان چەند پۆشاکێکی هەڵگرت و هێشتاش هەندێکیانی پێم نەداوەتەوە. هەر دەڵێت: پۆشاکەکانتم لە ماڵەوە داناوە، بەڵام هەمیشە بیرم دەچێتەوە بیانگەڕێنمەوە.
ئەو دیمەنەی سەردەکەومە سەر مۆنومێنتەکە لە چواڕڕیانی ئازادی، ئەو دیمەنەم خۆشدەوێت، چونکە یادی منداڵیی خۆم دەکەوێتەوە. یادەوەری ئەو چوار ڕیانە دەگەڕێتەوە بۆ خێزانێک کە بەشێک بوون لە خێزانەکەی من. لەگەڵ سێمبیەن باسم کرد. وتم، سەرکەوتن بەسەر مۆنومێنتەکەدا؟ خەڵکی دواتر دەڵێن من سوکایەتی بە مردووەکان دەکەم! سێمبیەن وتی، هەرچۆنێک بێت هەوڵێکی لەگەڵدا بدە. زۆر بە باشی شارەزای ئەو جێگەیەی.
کاتێک سێمبیەن لەبارەی خۆکوشتنەکەوە قسەی لەگەڵ کردم، بیرۆکەی خۆم پێوت. ئەوەی لە فیلمەکەشدایە بیرۆکەی منە. وتم، سێمبیەن ئاو دەکەینە بانیۆکەوە و وا پیشانی دەدەم کە مردووم. بەڵام پێویستە هەندێک ڕەنگ لە دەرمانخانەکەوە بهێنین. سێمبیەن لێی پرسیم تۆ پێت باشترە دیمەنەکە لە ناو بانیۆکەدا بکەین؟ وتم، بەڵێ. چونکە ئاو باشە و پیرۆزە. زۆر بە سادەیی ئەنجاممدا. پڕکردنی بانیۆکە لە ئاو و ڕاکشان تیایدا و پیشانی بدەم کە شتێکی زۆر تراژیدی ڕوویداوە، بەلایەنی کەمەوە خوێندنی هونەر کەمێک سوودی هەبوو! کاری خۆم دەکرد و دەچومەوە ماڵ تاوەکو کاری دوورومانیەکەی خۆم بکەم تا درەنگانی شەو دەمامەوە و ئەو کارانەی لەسەرم کەڵەکە ببوون تەواوم دەکردن.
کاتێک کچی ڕەش پێست نمایشکرا، هەندێک لە سیاسییەکان پێی ناڕەحەت بوون، فیلمەکە بۆ سەرۆک نمایشکرا. ئەوە کاری سێمبیەن بوو کە بچێت لەگەڵ باپیرە سێنگۆر یەکلایی بکاتەوە، لەو کاتەدا ئەو سەرۆک بوو. وەک فیلمێکی شۆڕشگێڕی نەمدەبینی. هەستم دەکرد ڕاستییەکان لەبارەی ئەوەی کە چی ڕوویداوە پێش ئەوەی ئەو وڵاتە ئەفریقییانە سەربەخۆیی بەدەست بهێنن پیشان دەدات. کاتێک بۆ یەکەمینجار فیلمەکەم بینی، بیرم کردەوە کە من چیم کردووە و تا کوێ ڕۆشتووم! بە خۆم دەوت، بەردەوام دەبیت لە دروستکردنی فیلم؟ هەمووان ڕەخنەیان لێ دەگرتم! بە تەنیشت خەڵکدا دەڕۆشتم کە منیشیان نەدەناسی، قسەیان دەکرد. هەندێک دەیانوت، تەنها سۆزانییەکان لە فیلمدا نواندن دەکەن. تەنها کچی لەو شێوەیە لە فیلمدا دەردەکەوێت. زۆر سوکایەتیم پێ دەکرا! تەنها لەبەرئەوەی لە فیلمێکدا بووم، کە پێیان وابوو تەنها سۆزانییەکان تیایدا دەردەکەون. چینێک لە کۆمەڵگا هەبوو کە تێنەدەگەیشتن. بە هەندێک لە هاوڕێیانم وت، ئەگەر باوکم ئەوە ببینێت، چی پێ بڵێم؟ وتم، باوکە، لە فیلمێکدا نواندنم کردووە. هەموو شتێکم ڕوونکردەوە. وتم، هیچ شتێکی خراپم نەکردووە. باوکم هێواش بوویەوە و چوو دەستیکردەوە بە کارکردن لە ڕادیۆییەکانیدا. ئەو خەریکی کاری تەکنیکیی بوو. هاواری بەسەرمدا نەکرد و لێشی نەدام.
تەنانەت پێش وێنەگرتنیش، بە سێمبیەنم وت، فیلمەکە سەرکەوتوو دەبێت. سێمبیەن ماوەیەکی درێژ تەماشای کردم. ڕەنگە وا بیری کردبێتەوە و وتبێتی ئەم ژنە شێتە. پاش ئەوەی بیستم کە فیلمەکە خەڵاتێکی بەدەستهێناوە، سێمبیەنم بینییەوە و پێم وت، ئێمە ڕێکەوتنێکمان کرد و من بردمەوە. دیارییەکەم بدەرێ. پێکەنی. وتی، جاری داهاتوو کە بینیمیت پارەکەت دەدەمێ. وتم، وایە، ڕاست دەکەیت، تۆ هەمیشە بێ پارەیت! یەکێک لە پوورەکانم کە لەوێ بوو دەستیکرد بە پێکەنین. وتی، ئەم دوو کەسە وەک دووانە وان. خولەکێک هاوار بەسەر یەکدا دەکەن و خولەکی دوای ئەوە ئارامن و پێکەوە قسە دەکەن.
چیرۆکی کچی ڕەش پێست هێشتا بەردەوامە. هێشتا لەم ڕۆژگارەدا ڕوودەداتەوە. ئەو شتانە هێشتا ڕوودەدەن بەڵام دەشاردرێنەوە. کەسەکەی بەرامبەرت وەک تۆ ئینسانە. ئەمە چیرۆکی تەنها کەسێک نییە. خەڵک باسی ئەم شتانە ناکات بەڵام چیرۆکی دیوانا دەکرێت بەسەر هەر کەسێکدا ڕووبدات.
ئەم گفتووگۆیە لە ساڵی ٢٠١٦ لەگەڵ خانمە ئەکتەری سەرەکی فیلمی “کچی ڕەش پێست”ی “عوسمان سێمبیەن” ئەنجامدراوە.
سەرچاوە: کڕایتریەن

Related Posts

Leave a comment