[ گفتوگۆ لەگەڵ میشێل هانیکەدا ]

سازدەری گفتووگۆ: لویزا زیلینسکی
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

بەشی یەکەم 

میشێل هانیکە لە ساڵی ١٩٤٢ لە دایکێکی نەمسایی و باوکێکی ئەڵمانیی لەدایکبووە. تەمەنی هەرزەکاری لە وینەر نیوشتاد لە ژێر چاودێری پوری و داپیرەیدا بەسەربردووە پێش ئەوەی بەرەو ڤییەنا بڕوات بۆ خوێندنی سایکۆلۆژی و فەلسەفە و دراما. چەند ساڵێکی پێدەچێت تاوەکو یەکەم فیلمی درێژی خۆی دروست بکات. کیشوەری حەوتەم (١٩٨٩) باس لە ژیانی گەنجێک دەکات لە خێزانێکی دەوڵەمەنددا کە خەونییان ئەوەیە بەرەو نەمسا کۆچ بکەن. ئەو بینەرانەی ئاشنان بە کارەکانی هانیکە دەزانن کە ئەم خەونە نایەتە دی. هەر بۆیە پارەکانیان دەخەنە ناو گونجی تەوالێتەکەیانەوە، لە پێشدا ماسییە ئاڵتوونییەکەیان دەکوژن و پاشانیش خۆیان.

فیلمەکانی سەرەتای هانیکە، ڤیدیۆی بێنی (١٩٩٢) و (٧١ بەشی زنجیرەی دەرفەت) (١٩٩٤)، نەیانتوانی سەرنجی بینەری جیهان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن. پاشان، لە ساڵی ٢٠٠١، فیلمی (مامۆستای پیانۆ) کە لە ڕۆمانێکی ئەلفرێد ژێلینێکەوە وەرگیرابوو، خەڵاتی گەورەی لە فێستیڤاڵی کان بەدەستهێنا و بەمەش فیلمەکە بەر بینەری جیهان کەوت. پاشان، لە ساڵی (٢٠٠٥) کاشێ_ی بڵاوکردەوە، دواتریش، فیلمی یارییە پێکەنیناوییەکانی لە ساڵی ٢٠٠٧ لە ئەمریکا دووبارە بەرهەمیهێنایەوە، کە هانیکە لەم فیلمەدا باس لە خۆپەرستی و بێمتمانەیی لە ڕاستگۆیی ئینسان دەکات، هەمان فیلم بە گێڕانەوەیەکی نەمسایی لە ساڵی ١٩٩٧دا بڵاوببۆوە. بۆ هەردوو فیلمی قردێلەی سپی (٢٠٠٩) و عەشق (٢٠١٢)، خەڵاتی پاڵمێ دۆری لە کان بەدەستهێنا، فیلمی عەشق خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی لە ئەکادیمیای ئۆسکار بەدەستهێنا. لە پاڵ ئەو کارانەی لە سینەمادا کردوونی، هانیکە کاری دەرهێنانی بۆ ئۆپێرا کردووە و لە وین فیلم ئەکادیمی وانە دەڵێتەوە.

بەشی زۆری ئەم گفتووگۆیە لەو ئەپاڕتمانە سازکراوە کە هانیکە و هاوسەرەکەی تێیدا دەژیان. هاوسەرەکەی ناوی سوسییە و کاری کۆکردنەوەی کەلوپەلی ئەنتیک دەکات. لە ماوەی دە مانگدا، هانیکە زۆر بە ئارامییەوە وەڵامی پرسیارە بەردەوامەکانمی دەدایەوە: لە ڕێگەی ئیمەیڵ، یان بە شێوەیەکی بەرفراوانتریش لە ڕێگەی تەلەفوونەوە. لە کاتی یەکتربینیندا، هانیکە بە بێ هیچ کەم و کورتییەک میوانداریی دەکرد، هەرچەندە هەندێک کات کەمێک توند دەبوو. لە شەوی یەکەمدا بەڵێنی پەرداخێک شەرابی پێمدا و دواتر هەر خۆی ڕەتیکردەوە: “دەبێت کار بکەین!” هەرچەندە لە شەوی دووەمدا خۆم گەیاندە بتڵێکی مایەر لە جۆری ئەم پفارپلاز وینەر گێمیشتەر ساتز، پێکەوە بتڵەکەمان تەواو کرد.

 

بە شەرابەوە یان بە بێ شەراب، هانیکە گفتووگۆکەرێکی حەماسییە، بە وریاییەوە نوکتەی دەکرد و قاقا پێدەکەنی. بە زمانێکی خاوی ڤیەننایی بۆرژوازیانە قسەیدەکرد، کە بۆ گوێیەکی پروشیی دەوڵەمەندانە و گران دەهاتە بەر گوێ، گفتوگۆکە پێویستی بە دووجار وەرگێڕان دەکرد—لە نەمساییەوە بۆ ئەڵمانی و پاشان بۆ ئینگلیزیی— کە هانیکە بۆ خۆیشی ئەمەی کردبوو بە نوکتە.

 

سازدەری گفتووگۆ:
کاتێک گەنج بوویت، تۆ بڵێ کە هەرزەکار بوویت، هەرگیز وێنای ئەوەت ئەکرد ببیتە فیلمساز، یاخود سەرنجت لەسەر هونەرەکانی تر بوو؟

 

هانیکە:
وەکو هەموو کەسێک لە کاتی ئازارە دەروونییەکانی ساتی باڵغبووندا، دەستمکرد بە نووسینی شیعر. لەڕاستیدا دەمویست واز لە خوێندن بهێنم و بۆ بوون بە ئەکتەر ڕاهێنان بکەم. من لە خێزانێکدا گەورەبووم هەموویان ئەکتەر بوون، دایکم خانمە ئەکتەر بوو و باوکیشم ئەکتەر و دەرهێنەر بوو. ڕۆژێک بڕیارمدا نەڕۆمەوە بۆ قوتابخانە و بەرەو وینەر نیوشتادتی ڤییەنا بڕۆم تا لە سیمینارێکی ماکس ڕێینهارد ئامادەبم. هەموو ئەوانەی لەوێ بوون دایکمیان دەناسی، منیش وا خۆم دەبینی کە بەهرەیەکی زۆرم هەیە و هەرگیز نەدەکرا کە وەرم نەگرن. بەڵام وەریاننەگرتم. زۆر تووڕەبووم و درکم بەوە کرد کە لە کۆتاییدا هەر دەبوو دیبلۆمی خوێندنەکەم بەدەستبهێنم. پاشان وەک خوێندکارێک، لە نووسیندا جدیتر بووم. بۆ ڕادیۆ و گۆڤارە جیاوازەکان وەک ڕەخنەگرێک کارم کرد، لەبارەی ئەدەب و فیلمەوە دەمنووسی هەرچەندە لەڕاستیدا شتێکی واشم نەدەزانی.
لە هەمان کاتدا، دەستمکرد بە نووسینی کورتە چیرۆک. کاتێک کوڕەکەم لەدایکبوو، دایک و باوکم بڕیاریاندا ئەو پارەیەی بۆیان دەناردم بیبڕن و ناچاربووم خۆم پارە پەیدا بکەم. هەوڵمدا لە دەزگای بڵاوکراوەکاندا بە دوای کاردا بگەڕێم و هەندێک لە چیرۆکەکانم نارد بۆ دەزگا بەناوبانگەکان. هەر زوو داوایان لێکردم زیاتر بنێرم. بەڵام ئەوەی من دەمویست ئەوەبوو کە وەک ئێدیتەرێک کاریان بۆ بکەم. بەڵام هیچ کارێکی وا بەردەست نەبوو. لەو کاتەدا بێتاقەت بووم، بەڵام هەروا دەستمکردەوە بە نوسینی خۆم.

 

سازدەری گفتووگۆ:
پاڵەوانە ئەدەبییەکانی تۆ کێ بوون؟

 

هانیکە:
ناوی کوڕەکەم دەیڤدە. بۆچی؟ چونکە خودای ئەدەبیی من لەو ڕۆژگارەدا نوسەرێک بوو بە ناوی دەیڤد هێربێرت لۆورێنس—ئەم نوسەرەش لە وڵاتانی ئەڵمان زماندا تەواو نەناسراو بوو. پێموابوو بلیمەتێکی ڕاستەقینەیە، هەرشتێکیشی بنوسیایە هەڵمدەلوشی. دەوروبەری ئەو کاتەی کوڕەکەم لەدایکبوو، دەستمکرد بە نوسینی ڕۆمانێک. لەم ماوەیەی پێشوودا دەستنووسی ڕۆمانەکە کەوتە بەردەستم کە لە جانتایەکی کۆنی هەورەبانی خانووەکەی دەرەوەی شارمان هەڵگیرابوو. چەند هەفتەیەک پێش ئێستا دیسانەوە ڕۆمانەکەم خوێندەوە چونکە ڕووداوەکانیم بیرنەمابوو. بەدڵنیاییەوە بیرمبوو کە ڕۆمانێکم نوسیووە چونکە کاتی خۆی هەلم بۆ ڕەخسا بەشێک لە ڕۆمانەکە لە هۆڵێکی بچکۆلەی ڤییەنادا بخوێنمەوە. ئەو چالاکییە گرنگییەکی گەورەی هەبوو بۆ ژیانی من، تەنانەت دایک و باوکیشم ئامادەبوون. بەهەرحاڵ، کاتێک جارێکی تر بەسەر خوێندنەوەی دەستنووسەکەمدا چوومەوە سەرسام بووم پێی چونکە لەڕاستیدا نوسینێکی یەکجار ئەوەندە خراپ نەبوو! ڕۆمانێک بوو لە ژێر کاریگەری خوێندنەوەی لۆورێنسەوە سەرچاوەی گرتبوو. تەواو هەستیارە، تەنانەت شەهوانییشە، وام هەستکرد کە تەنانەت منیش نەمنووسیبێت.

 

سازدەری گفتووگۆ:
ماوەیەکی زۆری ویست تاوەکو یەکەم فیلمی درێژی خۆت دروست بکەیت، تەمەنت چل و شەش ساڵ بوو. چۆن فێری ئەو پیشەیە بوویت؟

 

هانیکە:
کاتێک لاو بووم، سێ جار لە هەفتەیەکدا دەچووم بۆ سینەما. ئەو کاتانە تەواو بینەرێکی باشی فیلم بووم، تەواو پێچەوانەی ئەمڕۆژانە. هەموو ئەوانەی لەبارەی سینەماوە دەیزانم لەو ساڵانەدا فێریان بووم، لە تەماشاکردنی وردی فیلمەوە. زۆرجار بە خوێندکارەکانم دەڵێم کە ئەوان نازانن چەندێک بەختییان هەیە. لەمڕۆژانەدا، دەتوانیت دیڤیدییەک بکڕیت و دیمەن بە دیمەن تەماشای فیلمەکە بکەیت. کاتی لاویی من ئەم هەلانە بەردەست نەبوون. ئەگەر شتێک هەبووایە لێی تێنەگەیت یاخود هەندێک لە دیمەنەکان ڕوون نەبوونایە، دەبوو دە جار بچوویتایەتەوە بۆ سینەما. لەمڕۆژانەدا، دەتوانیت سەرنجی هەموو بەشێکی فیلمەکە بدەیت کاتێک لە ماڵەکەی خۆتدا پشوو دەدەیت. بە هەر حاڵ، کاتێک گەنج بووم، من ئالوودەی سینەما بووم.

 

لە وێستگەی تەلەفزیۆنی بەیدن بەیدن دەستمکرد بە کارکردن پاش ئەوەی دەزگای بڵاوکەرەوەکە وەریان نەگرتم. ئەم وێستگەیە بۆ ماوەی چەند ساڵێک بە دوای یەکێکدا دەگەڕان کاری دراماتۆرگییان بۆ بکات و دواتر منییان دامەزراند،  چونکە تا ئەو کاتە کەسی گونجاویان بۆ ئەو جێگەیە دانەمەزراندبوو. چووم تاوەکو ببمە گەنجترین ئەڵمان زمان کە لە تەلەفزیۆنێکدا کاری دراماتۆرگی بکات. ئەمەش سەرەتای حەزکردنم بوو بە کاری پیشەییانە لە فیلمدا. لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا، هەموو شتێک کە پێویست بوو دەربارەی نوسینی سیناریۆ بیزانم، فێریبووم. ئەوەی لە سەروو هەموو شتێکەوە فێری نوسینی سیناریۆی کردم، خوێندنەوەی سیناریۆی خراپ بوو. بۆ ماوەی دوو ساڵ لەو سێ ساڵەی لەوێ کارم کرد، هەموو ڕۆژێک ڕیزێک دەستنووسی نەخوازراو چاوەڕێی من بوون. خراپەکان ئەوانەبوون کە هەموو زانیارییەکیان تیابوو. لە خوێندنەوەی سیناریۆی خراپدا، سەرەتا درک بەوە دەکەیت کە شتێک لە جێی خۆی نییە، پاشان لە خۆت دەپرسیت دەکرێت ئەو شتە چی بێت کە وا لەم سیناریۆیە دەکات خراپ بێت؟ خوێندنەوەی سیناریۆی خراپ فێڵە گەورەکانت لێ ئاشکرا دەکەن. بەڵام سیناریۆ باشەکان هێندە سەرسامت دەکەن کە بیرت بچێتەوە کەشفی ئەوە بکەیت بۆچی ئەم نوسینانە باشن. ئەگەر ئەمڕۆ پێم بڵێن کە سیناریۆکانم پیشەییانەن، بە گشتی لەبەر کارکردنی ئەو ڕۆژانەمە کە زۆر شتیان فێرکردم، هەرچەندە هیچ خۆشحاڵییەکیان نەدامێ. لەڕاستیدا زۆر تاقەتپڕوکێنە کە تەواوی ڕۆژەکەت هەڵدانەوەی شتی بێنرخ بێت.

 

کاری دەرهێنانیش یەکێکی ترە لەو توانایانەی لە ڕۆژانی کارکردنم لە بەیدن بەیدن فێری بووم. یەکەمین جار کە پێم خستە ناو کارەکە لە هۆڵێکی شارۆچکەکەدا بوو، ئەو کات پەیوەندیم لەگەڵ خانمە ئەکتەرێکدا هەبوو کە لەوێ کاری دەکرد. ئەگەر بیرتبێت بەیدن بەیدن شارێکی ئارام و دوورەدەست بوو. ئەکتەرەکان کەسانی ئاسایی بوون، زۆری دەویست تا بتوانم وایان لێبکەم بە تۆنێکی ڕاست دەربڕین بکەن. دەرهێنان و کارکردن لەگەڵ خەڵکدا پەیوەندی بە ئەزموونەوە هەیە و من لەو شارۆچکە دوورەدەستەدا بە ڕێگە قورسەکەیدا تێپەڕیم. پێموایە لە ئەمریکاش خوێندنگە هەیە کە وانەی نوسین و دەرهێنان دەڵێنەوە، بە هەزاران کتێب لەسەر ئەم بابەتە بەردەستن. بەڵام خوێندنەوە بەس نییە، نوسین فێری نوسینت دەکات، دەرهێنان فێری دەرهێنانت دەکات. کتێبی باش فێرت ناکەن چۆن بنوسیت و کاری دەرهێنان بکەیت. هەڵە لێم تێ مەگەن، کتێبی چاک بەسوودن، بەڵام هەموو هونەرێک ئەزموونکردنی دەوێت.

 

دیمانەساز: زۆر باسی نووسینت کرد. وای دەبینم کە تەنانەت لە ئێستاشدا، وەک فیلمسازێک، هێشتا وابەستەی وشەی نووسراویت.

 

هانیکە:
بەڵێ، من بە گشتی وەک نووسەرێک بیر لە خۆم دەکەمەوە. زمانی فەڕەنسی وشەیەکی جوانیان هەیە بۆ ئەوە، (auteur)، بۆ ئەو فیلمسازانە بەکار دێت کە خۆیان بەرپرسیارن لە ناوەڕۆکی فیلمەکانیان. هەرگیز ئارەزووی ئەوەم نەکردووە دەرهێنان بۆ نووسینی خەڵکی تر بکەم.

 

دیمانەساز:
ئەی دەربارەی ڕۆمانەکەی ژێلینێک، (مامۆستای پیانۆ)، کە ساڵی ٢٠٠١ کردت بە فیلمێکی سینەمایی؟

 

هانیکە:
بەڵام هێشتا سیناریۆکە هەر خۆم نووسیم. بۆ من ئەوە مەسەلەی مەبدەئە کە هەرگیز کاری دەرهێنان بۆ سیناریۆی کەسانی تر ئەنجام نەدەم، تەنانەت ئەو کاتەشی کە لە تەلەفزیۆن کارم دەکرد بە هەمان شێوە بیرم دەکردەوە. هەندێک حاڵەت هەبوون کە سیناریۆنووسەکان بابەتیان بۆ ئامادە دەکردم، بەڵام من هەمیشە سەرلەبەریم دەگۆڕی بە شتێکی تر. ئەو نووسەرانە ئەوەیان پێ خۆش نەبوو، ئەمەش جێی سەرسوڕمان نییە، بەڵام وەک دەرهێنەرێک پێگەی باڵاترم هەبوو لە بڕیارداندا. هەر لەو کاتەشدا بوو درکم بەوە کرد کە من بۆ کاری پێکەوەیی نەخولقاوم. خەڵک هەیە دەتوانن پێکەوە لە سیناریۆیەکدا کار بکەن، بۆ نموونە، برایانی کۆین. بۆ من ئەوە زۆر ئەستەمە و وەک مەتەڵ وایە.

 

دیمانەساز:
کەمێک زیاتر دەربارەی پڕۆسەی گۆڕینی تێکستێکی ئەدەبی بۆ سیناریۆ قسەم بۆ بکە. (مامۆستای پیانۆ) تاکە نموونە نییە لە ژیانی هونەرییتدا. کارێکیشت هەیە کە بۆ تەلەفزیۆنت دروست کردووە و لە (کۆشک)ی کافکاوە وەرتگرتووە. ئەوەی دەربارەی دوواهەمینیان سەرسامم دەکات ئەوەیە کە بەرامبەر ڕۆمانەکە زۆر ڕاستگۆیانەیە.

 

هانیکە:
کاتێک (مامۆستای پیانۆ)م ئامادە کرد، ئەوە یەکەمینجار بوو کە ڕۆمانێک بکەم بە فیلم، ئەوەش خۆی لە خۆیدا ڕێکەوت بوو. من سیناریۆکەم بۆ خۆم نەنووسی، بەڵکو بۆ هاوڕێیەک کە مافی گۆڕینی بۆ سیناریۆی بەدەست خستبوو. هاوڕێکەم بۆ ماوەی دە ساڵ هەوڵی دا کە بودجەیەک کۆ بکاتەوە بۆ فیلمەکەی، بەڵام سەری نەگرت. لە کۆتاییدا، بەوە قایل بووم کە خۆم کاری دەرهێنانەکەی بۆ ئەنجام بدەم، هەرچەندە لە سەرەتادا ئەوە مەبەستی سەرەکی من نەبوو. بەو مەرجە قایل بووم بەوەی ئەو کارە بکەم کە ئیزابێل هوپەرت ڕۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا بگێڕێت. گێڕاشی.

بەهەرحاڵ، جیاوازی گەورە هەیە لە گۆڕینی کارێکی ئەدەبی بۆ کارێکی تەلەفزیۆنی یاخود سینەمایی. لە سەرەتادا پڕۆسەکە تەواو هاوشێوەیە؛ پێویستە کتێبەکە بخوێنیتەوە و شی بکەیتەوە و لە هێڵە جیاوازەکانی داڕشتنی چیرۆکەکە تێبگەیت، تاوەکو دواتر بە گوێرەی تێڕوانینی سینەمایی خۆت سەرلەنوێ ڕێکیان بخەیتەوە. سیناریۆی (مامۆستای پیانۆ) تا ئاستێکی زۆر لە ڕووی پێکهاتەوە لە ڕۆمانەکەوە دوورە، ئەمەش بەهۆی ئەو ڕاستییەوەیە کە ئەوە سیناریۆیە و بۆ سینەما ئامادەم کردوە. بەڵام هەر کاتێک کارێکی ئەدەبیم گۆڕیبێت بۆ کارێکی تەلەفزیۆنی، بەوەریاییەوە پابەندی کارە ڕەسەنەکە بووم. بەئاستەم لە (کۆشک)دا دێڕێک دەدۆزیتەوە کە دەقادەق لە ڕۆمانەکەوە وەرنەگیرابێت. سوپاسی زۆری ئەمەش  بۆ “دەستەی پەروەردەیی” ی تەلەفزیۆنی پاڵپشتیکراو لەلاین دەڵەتەوە لە ئەڵمانیا. کاری دەرهێنەرێکی تەلەفزیۆنی ئەوەیە وا لە بینەر بکەات بخوازێت ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە. ئەمەش تەواو جیاوازە لە کارێکی سینەمایی. لە کاری سینەماییدا ، کتێبەکە دەبێتە یاریگەی هزری فیلمسازەکە لە کاتێکدا ڕۆمان و نووسەرەکەی دەکشێنەوە بۆ باکگراوندی ئیشەکە.

 

دیمانەساز:
کاتێک دادەنیشیت بۆ نووسینی سیناریۆیەکی نوێ و سەرەقەڵەمەکانی دیمەنی یەکەم دەنووسیتەوە، ئایا هەر ئەوکات دەزانیت دیمەنی کۆتایی چۆن دەبێت؟

 

هانیکە:
زۆر زۆر لەوە زیاتریش دەزانم! تەنها ئەو کاتە دادەنیشم سیناریۆیەک بنووسم کە تەواوی فیلمەکەم وێنا کردبێت. پێش ئەوە، من بە گوێرەی میتۆدە کلاسیکییەکە کاردەکەم. کات بۆ کۆکردنەوەی گشت بیرۆکەکانم  تەرخان دەکەم، هەر جارێکیش هەستم بکەم بڕی پێویست بیرۆکەم هەیە، ئەوا دەست دەکەم بە دابەشکردنی هەموو ئەو بیرۆکە تاکانە لەسەر کاغەزی تێبینی بچوک، بۆ هەریەک لە کارەکتەرەکان کاغەزی ڕەنگ جیاوازم بەکاردەهێنا. پاشان دەست دەکەم بە ڕێکخستنەوەی ئەو کاغەزی تێبینیانە لەسەر بۆردێکی گەورە تاوەکو کرۆکی چیرۆکەکە بدۆزمەوە. لە کۆتاییشدا سێ لەسەر چواری کاغەزی تێبینییەکان فڕێ دەدەم، بەڵام تەنانەت ئەوەش ئاساییە کە بیرۆکە باشەکانیش فڕێ بدەیت، چونکە زۆر بە سادەیی ناتوانیت هەموو شتێک لەناو چیرۆکەکەتدا جێگا بکەیتەوە. تەنها ئەو کاتەی چیرۆکەکەم تەواو دەبێت، بەو مانایەی کە هەموو هێڵە سەرەکییەکانی داڕشتنی چیرۆکەکە سەبارەت بە کارەکتەرە سەرەکییەکان دەزانم، دادەنیشم و دەست دەکەم بە نووسین. ئەوەش زۆر خۆشە! لە ڕاستیدا ئەوە پڕۆسەیەکی زۆر دڵگیرە. کاتێک لەسەر هێڵە ڕاستەکەیت ئیتر دەتوانیت بۆخۆت پێی لێ ڕاکێشیت. پێش ئەوە لەبەر وردەکارییەکان ناتوانیت کۆی کارەکە ببینیت. کاتێک هەزاران هەڵبژاردەم لەبەر دەستدا بن، لەڕاستیدا هیچ هەڵبژاردەیەکم لەبەردەست نین. فیلم ئەوەت لێ دەخوازێت کە زۆر بە وردی ڕەچاوی وردەکاری پلانەکەت بکەیت، هەر بۆیە ئەمەش لە نووسینی ڕۆمانێک زۆر جیاوازە.

 

دیمانەساز:
دەتوانیت زیاتر لەسەر ئەو جیاوازییە بدوێیت، جیاوازیی نێوان دروستکردنی فیلم و نووسینی ڕۆماندا؟

هانیکە:
لەگەڵ فیلمدا، دەبێت زۆر بە وردی ڕەچاوی کاتبەندی بکەیت، چونکە کاتبەندی هەموو شتێکە. لە ئەدەبدا ئەمە جیاوازە. یەکێک لە کتێبە دڵخوازەکانم، کتێبی (پیاوێک بەبێ خەسڵەت)ی ڕۆبێرت موسیڵ، دەربارەی کاتبەندی شتێکی وای تیا ڕەچاو نەکراوە. مەگەر ئارەزووی وردەکارییە بچوک و لەبابەت-دەرچوونەکانی بیت، دەنا هیچ هۆکارێک بۆ خوێندنەوەی ڕۆمانەکە نییە. فیلم، لە ڕوویەکی ترەوە، ماوەی کاتژمێر و نیوێک یان دوو کاتژمێر دەخایەنێت، دەبێت توانای ئەوەت هەبێت لەو ماوە زەمەنییەدا چیرۆکەکەت بگەیەنیت. هەموو خولەکێک دەبێت کاری خۆی بکات. ئەمەش دەقاودەق هونەری فیلمسازییە، ئەو چاوەت هەبێت کە بزانیت ئایا شتێک کار ی خۆی دەکات یاخود نا. بۆ نووسەرانی تریش ئەم قسەیە هەر ڕاستە، لە لایەکەوە، تۆ بە تەواوی بە گومانیت لە دەرئەنجامی کارە هونەرییەکەت، لەکاتێکدا لە لایەکی ترەوە، بە هەریەک لە بیرۆکەکانت مەست دەبیت. “خۆشەویستانت بکوژە” یەکێکە لە وتە دڵخوازەکانم، ئەمەش ئەو شتەیە کە بەردەوام فێری خوێندکارەکانمی دەکەم، یەکجار ئەوەنە بە جدی هەر شتێک وەرمەگرە کە هات بە مێشکتدا. بیر لەوە بکەرەوە کە کاردانەوەت چۆن دەبێت ئەگەر دواتر تەماشای بکەیتەوە.

ئەگەر فیلمی واقیعی دروست بکەیت، کە خۆم وام، کاری تۆ ئەوەیە کە چیرۆکەکەت بگۆڕیتە سەر شتێک کە ڕاستگۆیانە و جێیباوەڕە.  فیلمی واقیعی بە داڕشتنی چیرۆکەکە دەست پێدەکات، جا گەر چیرۆکەکەت باوەڕپێهێنەر بێت یاخود نا. پاشان دێتە سەر ئەکتەرەکان، ئایا ئەوان دەتوانن چیرۆکەکەت بە چەشنێک بۆ بگوازنەوە کە واقیعییانە دەربکەوێت؟ ئەگەر وا نەبێت، بینەر هەرگیز دیمەنەکە پەسەند ناکات، جا ئیتر گرنگ نییە چەندە باش نووسیووتە. ئەمە قورسیی کاری منە، لە کۆتاییدا تۆ لە چەنیدن ئاستی جیاوازدا لەگەڵ واقیعدا لە ڕکابەریدایت. تۆ هەمیشە لە جەنگدایت بەرامبەر ئەزموونی کەسیی بینەریت. هەموو بینەرێک دەزانێت شێوەی کەسێک چۆنە کاتێک دوشێک دەکات یاخود کە لە دەرگا دەچێت بەودیودا. ئەزموونی ئەوان توانای ئەوەیان پێ دەبەخشێت کە بزانن ئایا دیمەنێک سەرکەوتووە یان نا. لە بەرامبەردا، بینەران بڕوا بە چیرۆکەکەت ناکەن گەر خۆت بڕوات پێ نەکردبێت. دەبێت مەشقێکی باشی بۆ بکەیت، نەک تەنها لە سیناریۆکەدا، بەڵکو لە هەموو وردەکارییەکی بچووکدا.

_______
auteur: موئەلیف یاخود دانەر.

ئەم گفتوگۆیە لە ژمارە ٢١١ی گۆڤاری پاریس ڕیڤیوو، زستانی ٢٠١٤ بڵاوکراوەتەوە

Related Posts

Leave a comment