[ وێنە چاپکراوەکانی ئەنتۆنی کێرستینگی فۆتۆگرافەر بە دیجیتاڵ دەکرێن ]

ئۆلیڤیا کەتبێرت

وەرگێڕان: لاژە تەها

 

هەزارەها وێنەی مێژوویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ چەند تێبینییەکی گەشتکردنەکانی گەڕۆکێکی نادیاری بەڕیتانیی لەلایەن کتێبخانەیەکی لەندەنەوە بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوکرایەوە.

ساڵی ١٩٤٤ە، پیاوێکی دەشتەکی تفەنگ بەدەست و ڕووخسار داپۆشراو لەسەر لوتکەی چیای هارون لە پێترای ئەردەن، لەتەنیشت ژنێکی ڕۆژئاوایی نەناسراو دانیشتووە. زەردەخەندەکەی سەر ڕووخساری ئاماژە بەوە دەدات کە خەریکی گفتوگۆکردنن، هەرچەندە ئاشکرانییە ئەو ژنەی لە فۆتۆگرافیەکەدایە ئایا بە عەرەبی قسەی کردووە یاخود نا. لە پشتی فۆتۆگرافییەکە بە ڕەنگی شین و پیتی گەورەی ئینگلیزی نووسراوە کە ئەمە یەکەم خانمی ئەوروپییە بەسەر ئەم لوتکەیەدا سەرکەوتبێت، کە ئەم جێگەیەش شوێنێکی دەشتەکییە بۆ زیارەتکردن و لە کەسانی بیانی قەدەغەکراوە.

وێنەکە بەهەمان ئەندازەی وەڵامدانەوە، پرسیاریش دروست دەکات، ئەمەش زۆرکات تایبەتمەندیی ئەو دۆخەیە کە کارە فۆتۆگرافییەکانی ئەنتۆنی کێرستینگ دەیوروژێنن. کۆکراوەی کارە فۆتۆگرافییەکانی کێرستینگ بەڵگەی گەشتە فراوانەکانییەتی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ساڵانی ٤٠ و٥٠ اکانی سەدەی ڕابردوو. کۆمەڵێک کەسی کەم ئەم فۆتۆ چاپکراوانەیان بینیووە کە کێرستینگ لە ساتی مردنیدا لە ساڵی ٢٠٠٨ بۆ کتێبخانەی کۆنوەی لە لەندەن جێهێشتووە. بەڵام پرۆژەی بە دیجیتاڵکردنی تەواوی کارەکانی کێرستینگ، کە ژمارەیان نزیکەی ٤٢.٠٠٠ نێگەتیڤە، و خستنە خزمەتی گشت خەڵکێک، هاوشان لەگەڵ وێنە دەگمەنەکانی ئەم ناوچانە کە لەلایەن تۆماس ئێدوارد لۆرێنس و ڕۆبەرت بایرۆنەوە تۆمارکراون ئەم ڕاستییە دەگۆڕن.

کچێکی ئێزیدی لە عێراق، فۆتۆ: ئەنتۆنی کێرستینگ. (ئینستیتوتی هونەری کۆرتاوڵد)

 

تۆم بیلسۆنی سەرپەرشتیاری دەستەی دیجیتاڵ میدیا لە گەلەری هونەری کۆرتاوڵد، سەر بە کتێبخانەی کۆنوەی، دەڵێت، ئێمە هەستاوین بە دیجیتاڵکردنی یەکێک لە گەورەترین کۆکراوەی فۆتۆگرافی تەلارسازی و بڵاوکردنەوەیان بە شێوەی ئۆنلاین. وێنەکان ڕۆژهەڵاتی ناوەراست جیاواز لەمڕۆ پیشان دەدەن: پێش ئەوکاتەی پێترا پڕ ببێت لە گەشتیار، هێڵی شەمەندەفەری فەرامۆشکراوی حیجاز ئەو کات هێشتا لە کاردا بوو، شوێنەوارە دەگمەنە لەدەست چووەکان، ئەو شوێنە ئاینییانەی کە لە ئێستادا لەناوچوون، لە نێوانیاندا هەندێک لەو شوێنەوارانەی لەم ساڵانەی دواییدا لەلایەن داعشەوە لەناوبران. بەڵام ئەم ئەرشیفانە تەنها گۆڕانکارییە فیزیکییەکانیان دۆکیومێنت نەکردووە، بەڵکو وەک بیلسۆن دەلێت: ئەم ئەرشیفانە گرتەی شوێنن لەناو کاتدا، گرتەی کولتورن لەو خاڵە دیاریکراوەدا.

کێرستینگ بە هەموو جیهاندا گەڕاوە، بەڵام وێنەی ڕەش و سپی سەرکێشییەکانی لە عێراق و ئێران و سوریا و میسر و ئەردن، ئەو زەمەنە پیشان دەدەن کە لە ئەندێشەی نەوەی پێشوودا بوونی هەیە، کاتێک باسی ئەو ڕۆژانە دەکەن تیایدا مەسیحی و جولەکە و موسوڵمان و گشت باوەڕەکانی دیکە پێکەوە شان بە شانی یەکتری ژیاون. بە گەران بەناو فۆتۆگرافییە چاپکراوەکانی عێراقیدا بەو کوردانە ئاشنا دەبیت کە کاریان بۆ دەوڵەت کردووە لەسەر ڕێگەی موسڵ، کچانی گوندی کلدانییەکان لە تەل کیێف، خەڵکی لە کاتی سەمای فۆلکلۆری خۆیاندا لە فێستیڤاڵی ئێزیدییەکاندا، درەوی جوتیار لە ناو کێڵگەکان و چەندەها دیمەنی دیکەی تر کە ژیانی ڕۆژانەی نێو کۆمەڵگەی فرەنەتەوەی ئەو وڵاتە پیشان دەدات.

زۆرێک لە کارە فۆتۆگرافییەکانی ئەو ڕێژە زۆرە لە دانیشتوانی جولەکە پیشان دەدات کە ڕۆژانێک لە عێراقدا ژیاون بەڵام لە نیوەی سەدەی ڕابردوودا ژمارەیان بەرەو داکشان چوو. یەکێک لە بەهێزترین کارە پۆرترەیتیەکانی فۆتۆی ئێزیدییەکانن، لە نێویاندا پۆرترەیتێکی بێوێنەی کچێکی ئێزیدییە کە بە نیگایەکی جێگیر و وریاوە لە کامێراکە ڕاماوە. فۆتۆیەکی دیکەی کە لە ساڵی ١٩٤٦ لە ئوردن گیراوە، تێیدا ژنێکی پیری دەشتەکی میهرەبانانە بەڕووی ئەو منداڵەدا خەندە دەکات کە لە ئامێزیدا دەگری. بیڵسۆن کە چەندجارێک چاوی بە کێرستینگ کەوتووە و هێشتا ناتوانێت بە تەواوی لەوە بگات کە چۆن ئەم کەسایەتییە چوارشانە، ئەم کەسایەتییە تەواو سەیر و جیاوازە توانیوییەتی وێنەی ئەو ساتە هەستیارانەی کەسانێک بگرێت کە نەیتوانییوە بە زمانی ئەوان قسەی بکات. بەڵام ژیانی کێرستینگ، کە لە ئێستادا بیڵسۆن لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات بۆ نووسینی بایۆگرافییەکی نوێ، پڕە لە نهێنی.

ئەنتۆنی کێرستینگی فۆتۆگرافەر لە ساڵی ١٩٤٥دا.

ئەو یاداشتانەی لە دەفتەری تێبینییەکانی کێرستینگدا نووسراونەتەوە ژیانێکی نزیکە مەحاڵ ئاشکرا دەکەن، بۆ نموونە لە ٥ی مانگدا لە شاری پراگ بووە، دوو ڕۆژ دواتر لە کۆشکی هامپتۆن کۆرت بووە لە لەندەن، لە ١١ی هەمان مانگدا لە فینلەندا بووە. پرسیاری ئەوەی ئەم کەسایەتییە بێدەنگەی کە لە خێزانێکی زەنگینەوە نەهاتووە چۆن توانیوییەتی خەرجی ئەو گەشتە زۆرانە پەیدابکات، دەبێبێتە جێی گومانی هەندێک کەس کە ڕەنگە کێرستینگ سیخوڕ بووبێت، هەرچەندە هێشتا هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەمە لەبەردەست نییە.

جگە لەوە، بیڵسۆن باوەڕی وایە کە کێرستینگ پەیوەندییەکی هاوڕێیانەی لەگەڵ هێڵی ئاسمانی ڕۆیاڵ هەبووبێت، چوونکە پێشتر بۆ ماوەیەک لەگەڵیاندا کاری کردووە، وای بۆ دەچم یەکێک پەیوەندی پێوە کردبێت و پێی وتبێت، تۆنی فڕۆکەیەک هەیە سبەینێ دەچێت بۆ مەغریب و جێگایەکی بەتاڵی هەیە. وەک پیاوێکی سەڵتی سەربەخۆ، ئاسان بووە بۆ کێرستینگ جانتاکەی هەڵبگرێت و هەر کاتێک دەرفەت هاتبێتە پێشەوە سەفەر بکات. ئەمەش لێکدانەوەی سروشتی ئەو گەشتە هەڕەمەکییانە دەکات کە کێرستینگ کردوونی. هەروەها بیڵسۆن دەڵێت: بەڵام تەنها دوای ئەوەی هەموو دەفتەرەکانی کۆپی دەکەین و داتاکانی ناوەوەی شیدەکەینەوە تەواوی چیرۆکەکانمان لەبەردەست دەبێت و شوێنی ئامادەبوونی لە هەر ڕۆژێکدا دەستنیشان دەکەین.

کچانی گوندی کلدان لە تەل کیێف، نزیک موسڵ، عێراق.(ئینستیتوتی هونەری کۆرتاوڵد)

خۆشبەختانە لە پشتی بەشێکی زۆر لە فۆتۆگرافییەکانی بەروار و تێبینی نووسراون، ئەمانەش لە پرۆسەی دیجیتاڵکردنیاندا بە وردی تۆمارکراون تاوەکو هەستی ئامادەیی چاپە ڕاستەقینەکە بە بینەران و خوێنەران ببەخشن. تەنانەت ئەو هێڵە نادیارە قاوەییانەی لە پشتی فۆتۆکانەوە هەن یان هەر سەرنجێک لەسەر نێگەتیڤەکان هەبێت، بەهەمان شێوە تۆمارکراون و بەردەست خراون. بیڵسۆن دەڵێت: ئێمە هەموو ئەم شتانە تۆمار دەکەین چونکە ڕەنگە ڕۆژێک بۆ کەسێک مانای هەبێت، بە شێوەیەکی گشتیش مۆزەخانەکان بۆ ئەم جۆرە پڕۆژانە کارە چاپکراوەکان سکان دەکەن، بەڵام زۆرجار لە تۆمارکردنی وردەکارییەکاندا سەرکەوتوو نابن، کە ئەوانەش بۆ خۆیان چیرۆکی دیکەی سەربەخۆن.

بە هەمان شێوە وێنەی ئەو فۆڵدەرانەش دەگیرێن کە فۆتۆکانی تێدا هەڵگیراون. بیڵسۆن لەکاتی ڕوونکردنەوەدا دەڵێت: دەمەوێت خەڵکی بتوانێت ئەوە ببینێت کە ئایا ئەمە فۆڵدەرێکی گەورە و هەڵاوساوە کاتێک چەندەها جێ پەنجەی چەور لە تەنیشتەکانییەوە هەین یاخود پاکن چونکە هیچ کەسێک سەیری نەکردووە. ئەم وردەکارییانە هەموو ئەو ئاماژانەن کە ئێمە وەکوو لێکۆڵەر بە نائاگایی وەریدەگرین کاتێک دێینە کارکردن لەسەر کۆکراوەیەک، ئەزموونی ئۆنلاینیش بە تەواوی ڕێگەت پێ نادات ئەم کارە بکەیت.

کێرستینگ وێنەی مزگەوتی پێغەمبەر یونسی لەساڵی ١٩٤٤ گرتووە.

بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی وێنەکانمان بە بەرزترین کوالیتی تۆمار دەکرێن، تیمەکە لە گرتنی وێنە چاپکراوەکاندا کامێرای ئاست بەرز بەکاردەهێنێت. لە کتێبخانەی کۆنوەی دوو ستۆدیۆ هەیە کە تێیدا سەدان خۆبەخش کاری تیادا دەکەن بۆ بەدیجیتاڵکردنی نزیکەی ١٢٠٠ بۆ ١٤٠٠ چاپکراو لە ڕۆژێکدا. تەواوی پڕۆژەکە نزیکەی ١.٢ ملیۆن فۆتۆ لەخۆدەگرێت و لە ژێر (مۆڵەتی داهێنەرانەی گشتی) بڵاودەکرێنەوە و بە بێبەرامبەر بۆ داگرتن بەردەست دەبن، بەڵام چاپەکانی کێرستینگ، وەک بێڵسۆن دەڵێت: وەک یاری ئاگرین وەهان لە ئاسۆدا، وەک کۆتاییەکی سەرنجڕاکێش.

تۆمارکردنی هەموو وردەکارییەکان بەتەنها ڕێزگرتن نییە لە کەلەپوری فیزیکیی هەر چاپێک، بەڵکو دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئەو چاپانە وەک بەڵگەی مێژوویی بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو بمێننەوە. هەر لە ئێستاشەوە ئەم پەیوەندیەی نێوان ڕابردوو و ئێستا دەرکەوتووە. لە ساڵی ١٩٤٤ دا کێرستینگ وێنەی کوڕێکی ئێزیدی گرتووە کە میر تەحسین سەعید بەگە، هەر دوای ئەوە لە تەمەنی ١١ ساڵیدا دەبێت بە میری ئێزیدیان، دواتر ناچار دەکرێت لە مەنفادا بژی و هەموو ژیانی لە ئەڵمانیا بەسەر برد، بۆ ماوەی ٧٥ ساڵ لە دوورەوە حوکمی کرد. پێش مردنی لە کانوونی دووهەمی ٢٠١٩ دا، سەردانی لەندەنی کرد و بۆ یەکەمین جار وێنەکەی خۆی لەپاڵ چەندین وێنەی کۆمەڵگەکەی کە بە ناچاری جێی هێشتبوون پیشاندرا.

نزیکبوونەوە لە وێستگەی مەعان لەسەر هێڵی شەمەندەفەری حیجاز. کێرستینگ نوسیوییەتی: “بە گشتی هەوای پەرۆشییەکی گەورە هەیە. “

 

کێرستینگ بە وێنە ئەو شوێنانەی تۆماری کردووە کە لەم دواییانەدا لەلایەن داعشەوە روخێنران، لەوانە پەیکەری گای باڵدار یان لاماسوو. لە پشتی وێنەکەدا نووسراوە: “گای باڵدار لە نەینەوا، نزیک موسڵ، بارانێکی بەخوڕی نیسانی ١٩٤١ لە ناکاو سەری ئەم گایەی لەلای دەرگای باکوری شارەکەوە دەرخست، کە لەلایەن بەشی (شوێنەوارەوە) دەرهێنراوە. ئەمە نموونەیەکی باشی هەڵکۆڵینی ئاشورییەکانە بەڵام بە تەواونەکراوی ماوەتەوە. “

ئەو لاماسووەی کێرستینگ لە نیسانی ساڵی ١٩٤١ دا بینی کەمێک پاش ئەوەی کە بەهۆی زریانێکەوە دەردەکەوێت.

هەرچەندە هەندێک شوێنی دیکەی ناو وێنەکانی کێرستینگ هێشتا ماون بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو دوچاری تێکچونێکی زۆر بوونەتەوە. بیڵسۆن لە کاتی باسکردنی بەهای ئەم کۆکراوەیە لە پارێزگاریکردنی کەلەپوور و بیناسازی ئەم ناوچەیەدا دەڵێت: ئەما وێنانە چیرۆکی کێشەکانی پارێزگاریکردنیش دەگێڕنەوە.

بیڵسۆن دەشڵێت، وەک هەمیشە وانەی گەورەتر هەن تاوەکوو بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕابردوودا فێری ببین، پێموایە هەموومان دەتوانین سوود لە یادکردنەوەی ئەو مێژووە وەربگرین کە سەردەمی یەکتر قبوڵکردنی زۆرتر و پێکەوە ژیانی زیاتر بووە لە نێو جیاوازییەکی گەورەتردا.

 

سەرچاوە: وایەرد

Related Posts

Leave a comment