[ ماری شێڵتن هۆرنسبای: مۆزەخانەی ئایا سۆفیا لە چاوی کامێراکەی ئەنتۆنی کێرستینگ-ەوە ]

وەرگێڕان: زانا عوسمان

 

ئەنتۆنی کێرستینگ، فۆتۆگرافەری بەریتانیی سەدەی بیستەم، لانیکەم دوو جار سەردانی تورکیای کردووە، لە نێویاندا ساڵانی ١٩٦٣ و ١٩٩٥، و وێنەی زۆربەی شوێنە گرنگەکانی شاری ئیستەنبوڵ-ی گرتووە، ئەو شارەی کە بە قوستەنتین-یش ناسراوە. ئایا سۆفیا، ئەو تەلارەی ئەمڕۆ ئێمە بە وەستاوی دەیبینین (پێشتر شوێنی دوو کڵێسا و پەرستگایەکی بتپەرستان بووە) لەلایەن بێزەنتینیەکان و لەژێر فەرمانڕەوایی ئیمپراتۆر قوستەنتین-دا ساڵی ٥٣٢ بونیات نراوەتەوە.

 

ساڵی ١٤٥٣ تورکە عوسمانییەکان ئەم ناوچەیەیان داگیر کرد کە دەکاتە تورکیای ئەمڕۆ و کڵێساکەیان گۆڕی بۆ مزگەوت و چەند نۆژەنکردنەوەیەکیان تێدا ئەنجام دا، کە گرنگترینیان زیادکرنی چەند منارەیەک بوو. هەر وەک ئەوەی پێگەی فەرمی مۆزەخانەکە ئاماژەی پێ داوە، “لە ساڵی ١٩٣٤ دا مستەفا ئەتاتورکی دامەزرێنەری کۆماری تورکیا فەرمانی داوە کە مزگەوتەوکە بگۆڕدرێت بە مۆزەخانە،” و تا ئێستاش هەر وەک مۆزەخانەیەک ماوەتەوە. هەر لە ساڵی ١٥٤٣ وە مزگەتەکە بەردەوام بووەتە ئیلهامی تەواوی مزگەوتەکانی تری ئیمپراتۆریەتە تورکییەکە.

.هەندێک لە کارە فۆتۆگرافییەکانی ئایا سۆفیای ئەنتۆنی کێرستینگ

 

ئیستەنبوڵ لە نیگای کێرستینگ-ەوە: پاراستی مێژوویی وەک کاری لەپێشینە

 

وەک کێرستینگ نووسیویەتی، “هەر کەسێک یەکەم جاری بێت سەردانی ئیستەنبوڵ بکات ئەوەی لێ دەگیرت(چاوپۆشی لەوەی دەکرێت) کە بەلایەوە قورس بێت(بووبێت) پەی بەوە ببات ئەم شارە سەردەمانێک چەقی جیهانی شارستانییەت بووە، هەوەها ئەوەی کە ئەم شارە لەژێر ناوی بێزەنتین دا نەریت و وانەکانی کلتوری ڕۆمانیی بۆ نزیکەی هەزار ساڵ پاش ڕوخانی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی هەڵگرتووە…” تەواوی نووسینەکەی کرێستینگ دەربارەی ئەم بابەتە (هەروەها دەربارەی ناوچەکانی تری ئیستەنبوڵ) تا ئاستێکی زۆر بابەتیانە و پڕزانیارییە. پرسیاری ئەوەی ئەو هاوڵاتییە ئینگلیزییەی سەدەی بیستەم خۆی بەدیاریکراوی چۆن بیری لە ئیستەنبوڵ کردۆتەوە، بەبێ وەڵام دەمێنێتەوە.

 

لەگەڵ ئەوەشدا، دەکرێت شتێک لەو وتارە هەڵبکڕێنرێت کە خۆی ناونیشنای “گۆڕانکارییەکان لە ئیستەنبوڵ”ی لێناوە و ٪٩٠ی نووسینەکەی بۆ قسەکردن دەربارە مێژوی ئیستەنبوڵ (هەروەها ئایا سۆفیا) و دۆخی جارانی تەرخان کردووە. ئاگایانە و نائاگایانە، کێرستینگ تەواوی بەهای ئیستەنبوڵ دەگەڕێنێتەوە بۆ مێژووە دەوڵەمەندەکەی وەک لە بارودۆخی ئیستەنبوڵ لە کاتی/ماوەی سەردانەکانی خۆیدا. وا دەردەکەوێت ئەو دژی هەر بەمۆدێرنکردن و گۆڕانکارییەک بێت کە ئاماژەی پێ دەدات، بەدڵنیاییەوە جگە لە چاککردنەوەی باڵەخانە کۆنەکان. “ڕێگاگەلی نوێی ئۆتۆمبێل لە دروستکردندان و بەو هۆیەشەوە زۆرێک لە خانووە دارینەکان، کە پێشتر ئەدگارێکی دانسقەی شارە کۆنەکە بوون، بە بلدۆزەر ڕیشەکێش دەکرێن.”

 

ئایا دانیشتوانی ئەوکاتی ئیستەنبوڵ وەک کێرستینگ ئەو خانوانەیان وەک شوێنەوارگەلێکی پیرۆز تەماشا نەدەکرد؟ یاخود ئەوان ئەو خانوانەیان لا بەهادار بووە، بەڵام پێشکەوتن و بەمۆدێرنکردنیان وەک هۆکارێک بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ کۆنەکەی لەپێشتری ئیستەنبوڵ داناوە؟ تێڕوانینیی دانیشتوانە ڕەسەنەکەی ئیستەنبوڵ هەرچییەک بووبێت، وادیارە ئەم میوانە ئینگلیزە چاکردنەوە و بەردەوامیپێدان (وەک پێچەوانەی بەمۆدێرنکردن)ی لە شارەکەدا بە چاکتر زانیوە و، ڕەنگیشە هەمان بۆچوونی دەربارەی ئایا سۆفیا هەبووبێت.

 

نووسینە ڕۆژنامەییەکەی کێرستینگ: پاشخانێک دەربارەی ئایا سۆفیا

 

لە نووسینەکەیدا دەربارەی ئیستەنبوڵ، کێرستینگ ئاماژە تەنها بە دوو مزگەوتی ئیستەنبوڵ دەدات، کە یەکێکیان دەربارەی “ئایا” یان “سانتا” سۆفیایە. “ڕەنگە یەکەمین ئاماجی سەردانیکردنی هەر گەشتیارێک بینینی سانتا سۆفیا بێت. (بە بێ) گومان ئەمە یەکێکە لە گرنگترین باڵەخانەکانی جیهان. لە ساڵی ٥٣٢ دا وەک کڵێسایەک لەلایەن قوستەنتینەوە بونیاد نراوە و لەگەڵ داگیرکردنی شارەکە لەلایەن تورکەکانەوە گۆڕداراوە بۆ مزگەوت و ئێستاش مۆزەخانەیە. هەرچەندە ئازاری چەندین گۆڕانکاری چەشتووە و بەژێر زۆر گۆڕاندا تێپەڕیوە، بەڵام پێکهاتە بنەماییەکەی تەلارەکە بەشێوەیەکی ڕێژەیی هەر ئەوەی ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەرە و نەگۆڕاوە. لەکاتی گۆڕینی تەلارەکەدا بۆ مزگەوت لەلایەن تورکەکانەوە چوار منارەی بۆ زیاد کراوە. لەم ساتەدا منارەکان لەژێر چاکردنەوەدان.”

 

سانتا سۆفیای خاوەن گومەز بووەتە ئیلهامێک بۆ ئەو مزگەوتانەی پاش داگیرکردنی قوستەنتین لەلایەن تورکەکانەوە دروست کران.

ڕووی دەرەوەی ئایا سۆفیا لە ڕۆژهەڵاتەوە.

 

ئایا سۆفیا وەک ئەوەی لە چاوی کامیراکەی کێرستینگ-ەوە دیارە

 

تەنانەت بەم زانیارییە کەمەشەوە دەربارەی پاشخانی شوێنەکە، بینەر دەتوانێت هەر بە چاو فۆتۆکانی کرێستینگ شیکار بکات و تێبینی ئەو بژاردا بەئەنقەستانە بکات کە لە کاتی وێنەگرتنی ئەم ماڵە مەزنەی پەرستشدا کردوونی.

 

ئەو فۆتۆ شۆراوانەی ئێمە لە ئەرشیفەکەی کێرستینگ لە (گەلەریی کۆرتاول)دا هەمانن پێک هاتوون لە بیست و پێنج فۆتۆی جیاواز، بە ڕەچاوکردنی سیستمی ناولێنانە وردەکەی کرێستینگ. لانیکەم دوو فۆتۆی چاپکراو بۆ زۆرینەی ئەو وێنە جیاوازانەی کێرستین گرتوونی هەن، بەڵام تەنانەت ئەوانەی لە هەمان نێگەتیڤیشەوە شۆردراونەتەوە دەکرێت کەمێک لەڕووی ڕووناکی و بڕینەوە جیاواز بن.

 

یەکەمین بژاردەی بەئەنقەست[ی فۆتۆگرافەر] کە دەتوانین تێبینی بکەین ئەوەیە کە زۆربەی ئەو فۆتۆیانەی کێرستینگ گرتوونی بریتی بوون لە وێنەی دیوی ناوەوەی ئەم کەنیسە-گۆڕاو-بۆ-مزگەوت-گۆڕاو-بۆ-مۆزەخانەیە. زۆربەی ئەو فۆتۆیانە یان هیچ کەسێکیان تێدا نییە (زیاتر لە سێیەکی کۆی گشیی فۆتۆکان) یان وێنەی کەسانێکی تێدایە کە تەڵخن، بەربەستدارن، بچوکن یان بەئاستەم دیارن (نزیکەی نیوەی فۆتۆکان).

 

بڕیاری لەپێشتردانانی تەلارسازی بەسەر خەڵکیدا چەند مانایەکی هەیە: یەکەم، کێرستینگ وێنەکانی لەو کاتژمێر و وەرزانەدا گرتوون کە کاتژمێر و وەرزی قەرەباڵخی سەردانیکەران نەبوون. دووەم، کێرستینگ داوای ئەوەی کردووە کە مۆزەخانەکە لە خەڵکی چۆڵ بکرێت (لانیکەم ئەوەندەی بکرێت)، بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەو دەسەڵاتەی[کاریگەرییەی] بەسەر بەڕێوەبەرانی مۆزەخانەکەدا هەبووە. سێیەم، ئەو وێنانەی خەڵکانی تەڵخیان تێدایە ئەوە دەخەنە ڕوو کە کرێستینگ بەمەبەست چاوی کامێراکەی بۆ کاتێکی زیاتر بە کراوەیی هێشتۆتەوە، ئەمەش هەم بۆ ئەوەی فۆکەسی کامێراکە لەسەر ئایا سۆفیا خۆی (نەک هەر تەنێکی جوڵاو) بێت و هەمیش لەوانەیە بۆ ئەوەی ڕێگا بە زۆرترین ڕووناکی بۆناو کامێراکە بدات و وێنەی وەدەکارییەکانی ناوەوەی ئەم تەلارە تاریکە بگرێت.

 

ڕووی دەرەوەی ئایا سۆفیا و باخچەکەی بەردەمی.

 

تایبەتمەندییەکی تری بەرچاو کە دەتوانین تێبێنی بکەین ئەوەیە کە کێرستینگ بە گشتی شێوەی ئاسۆیی بۆ فۆتۆکانی ڕووی دەرەوەی مۆزەخانەکە هەڵبژاردووە. بەئەگەری زۆرەوە بۆیە ئەمەی کردووە چوونکە بڕیاری داوە[هەڵیبژاردووە] کە فۆتۆکانی ڕووکاری دەرەوە لە دوورییەکەوە بگرێت کە کۆی گشتیی پانیی پێکهاتەی مزگەتەکە دەربچێت. تەنها یەک فۆتۆی شرۆدراوەمان هەیە کە شێوەی پۆترێتی بۆ دیوی دەرەوەی تەلارەکە بەکار هێناوە. لەو فۆتۆیەدا، کێرستن لە ڕێگەی وێنەگرتن لە دوورییەکی نزیکترەوە و دەستنیشانکردنی منارەیەک (کە دەکەوێتە سێیەکی لای ڕاستەوە) وەک خاڵی سەرەکی، سەرنج دەخاتە سەر ڕەهەندی ستوونی باڵەخانەکە. تاکە فۆتۆیەکی تری دیوی دەرەوە کە لە شێوەی پۆترێتدایە، لە ژێر کۆمەڵێک پایەی سەرگیراودا گیراوە کە دەکرێت زیاتر وەک ناوەندێکی گوێزەرەوە ببینرێت وەک لەوەی بەشێک بێت لە ڕووکاری دەرەوە.

 

بەهەمان شێوە، گەر فۆتۆکە لە ڕووی دەرەوەوە گیرابێت، کرێستینگ زیاتر بەلای ئەوەدا چووە کە خاڵی سەرەکی بخاتە ناوەندی چوارچێوەی فۆتۆکەوە. جگە لەو فۆتۆیەی پێشتر باسکرا (وێنەی ٢)، هەموو ئەو فۆتۆیانەی لە ڕووی دەرەوەوە گیراون کۆی پێکهاتەی تەلارەکە پیشان دەدەن، کە هەمیشە خراوەتە بەشی پشتەوە و باخچەکانی مزگەوتەکەش لە پێشەوە و ناوەڕستدان. بەراوردکردنی ئەم گرتانە سەرنجڕاکێشن بەتایبەت بۆ خستنەڕووی ئەو گۆڕانکارییە تەلارسازیانەی بە درێژایی کات ئەنجام دراون.

 

بۆ فۆتۆکانی ڕووی ناوەوە، کێرستینگ بەزۆری یەکێک لە سورەیاکانی بەشێوەیەکی بلیمەتانە کردۆتە خاڵی سەرەکی. خاڵە سەرەکییەکە وەک جۆرێک لە پەنجەرە کار دەکات کە سەرەتا سەرنجی بینەر بۆ خۆی ڕادەکێشێت و پاشان بۆ ئەو باگراوندەی کە لە پشتییەوە پیتچنییەکی جوانی عەرەبی هەیە کە تەلارسازی نەریتخوازیی یۆنانی خستۆتە خزمەت خۆیەوە (وەک وێنەی ٤). بەهۆی ئەم جۆرە کارکردنەوە، بینەر بە ئەگەری زۆرەوە کۆی گشتی دیمەنەکە دەبینێت، نەک تەنها خاڵی سەرەکی. کێرستینگ دەیزانی گەر سەرنج بخاتە سەر تەنها بابەتێک ئەوا بینەر وێنەکە بەجێ دەهێڵێت بێ ئەوەی جگە لە خاڵی سەرەکی کۆی گشتی وێنەکەی نرخاندبێت.

ڕووی ناوەوەی ئایا سۆفیا

 

بۆ فۆتۆکانی ڕووی ناوەوە، کێرستینگ زۆرجار دەرگا و پایەکانی کردۆتە چوارچێوەی فۆتۆکانی، کە ئەمەش دیسانەوە تەکنیکێکی بلیمەتانەیە بۆ پێدانی پەیوەنییەکی ناوەکی بە فۆتۆکان و ڕاکێشانی چاوی بینەر ڕووەو خاڵی سەرەکی فۆتۆکە. کێرستینگ چوارچێوە ئامادەکانی شوێنەکەی بەکارهێناوە تا هەر لە دوورەوە چاوی بینەر ڕابکێشێت، بەتایبەت گەر چوارچێوەکە دژییەکییەکی بەهێزی سروشتیی لە نێوان ناوچە ڕووناک و تاریکەکاندا تێدا بێت (بۆ نموونە، لە فۆتۆی ٤ دا لای ڕۆژئاوای پرشنگداری فۆتۆکە بەو پایە تاریکانەی بوونەتە چوارچێوەی فۆتۆکە و بەشی پێشەوەدا پەخش بووەتەوە)

 

کێرستینگ دژییەکیی تاریکی و ڕووناکی دروست دەکات: دژیەکییە بەهێزەکەی نێوان ڕووناکی و تاریکی لە سوودی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ پێدانی قووڵی و ڕەهەندە دوورییەکان بە وێنەکە. (چونکە ئەو بە شێوەی ڕەش‌وسپی کاری دەکرد، ئەم دژیەکییانە پێکهاتەیەکی بنەڕەتی بوون تا وێنەکانی مانادار و سەرنجڕاکێش بکەن.) شێوازی چوارچێوەکردنی وێنەکانی وا دەکات ئەم مۆزەخانە زەبەلاحەی کە بۆ هەمووو کەس ئاوەڵایە (بەم هۆیەشەوە خەڵکانی سەر بە هەموو باوەڕ و پێشینەیەک ڕووی تێ دەکەن) زیاتر کەسی و نزیک دەربکەوێت. بە دەربڕینێکی تر، چوارچێوەی/[سنوری] فۆتۆکانی وادەکەن ئەم شوێنە مێژوویە کەمتر وەک ڕێبەریی گەشتیارە ئاساییەکان دەربکەوێت و زیاتر وەک بانگێشتێکی تایبەت بۆ ناوچەیەکی ئاوارتە وابێت.

ڕووی ناوەوەی ئایا سۆفیا و بەکارهێنانی ستوونەکانی لەلایەن کێرستینگەوە وەک فرەیمی فۆتۆکەی.

 

دواین تێبینیش ئەوەیە کە کێرستینگ چەندین جار بڕیاری داوە داربەست و پڕۆسەکانی چاکردنەوەی تەلارەکە لە فۆتۆکانیدا دەربچێنێت، کە دووبارە لە نووسینە ڕۆژنامەییەکەشیدا ئاماژەی پێ دەکاتەوە. بۆچی کێرستینگ بڕیار دەدات ئەو شتانە وێنە بگرێت کە ئەوانی تر بە شتانێکی ناشرین دەیبینن؟ ئایا ئەو دەیەوێت تیشک بخاتە سەر ئەو ڕووداوانەی لە هەمان کاتدا بەسەر خۆیدا دێن_تا وێنەی ئەزموونە بێهاوتاکەی خۆی بگرێت (کە پێچەوانەی ئەزموونی ئەو ملیۆنان سەردانیکەرانەی ترە کە بە درێژایی زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵی ئەم تەلارە هاتوون و دێن)؟ یاخود ئەو ویستوویەتی ئەم شتانە وەک بەشێک لە مێژوو تۆمار بکات و بۆ هەمیشە بیانهێڵێتەوە؟ یان بۆ پیشاندانی خواستی خەڵک و حوکمەتەکەیە بۆ پاراستنی بەشێک لە کەلەپوریان؟ وەڵامەکە هەرچییەک بێت، فۆتۆگرافەرەکە بەمەبەست وێنەی ئەم پڕۆسە مێژوییەی پاراستنی بەبەهاتین شوێنی ئیستەنبوڵ دەگرێت و نەیویستووە ئەم پرۆسەی چاکردنەوانە بپەڕێنێت و هەڵیانوێرێت، لە کاتێکدا ڕەنگە هونەرمەندانی تر ئەم بەشەیان وەک ناشرین و بێزارکەر بینیبێت.

 

ڕووی ناوەوەی ئایا سۆفیا.

 

سەرەڕای ئەم گریمانە بێوەڵامانە، ئێمە دەتوانین بەدڵنیاییەوە شتێک بڵێین: سەدان بژاردەی مەبەستداری لەم شێووەیە بوون کە وایانکردووە فۆتۆگرافیی تەلارسازیی کرێستینگ باڵاتر لە کارەکانی فۆتۆگراگەرانی تر بێت؛ بژاردەگەلێک کە بە شێوەیەکی سروشتی چاوی مرۆڤ و هرزی مرۆڤ ڕادەکێشن.

سەرچاوە: ئینستیتوتی هونەری کۆرتاوڵد

Related Posts

Leave a comment