[ یادەوەری و بیرچوونەوە لە کارە فۆتۆگرافییەکانی ئەنتۆنی کێرستنیگدا ]

بریتانی ئێلیس

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

نازانم ناوی چییە. نازانم ناوی ئەو کچە لاوە چییە کە لەم کارە فۆتۆگرافییەی کەمێک لێوارە چەماوەکەیم بەدەستەوە گرتووە تەماشام دەکات. بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک تەماشای ئەم کارە فۆتۆگرافییەم کرد، دەگەڕامەوە بۆی و دیسانەوە لە کچەکەش ڕادەمام. زۆر جوان خۆی گۆڕیووە و ملوانکەی لە مووروو و خشڵی کانزایی دروستکراو بە قەبارەی گەورە لە مل کردووە.

باکووری عێراق، کچێکی ئێزیدی. فۆتۆگرافەر: ئەنتۆنی کێرسترینگ، ١٩٤٤.

 

بە گشتی قژی لە نێو کڵاوەکەیدایە و کەمێکیش لە قژی هاتۆتە سەر ڕووخسار و جەستەی. ئەوە ڕووخساریەتی کە هەمیشە لە یادەوەریمدا دەمێنێتەوە. چاوە گەورە و ڕەشەکانی، دەربڕینە ڕاستگۆیانەکەی، هێڵ و خاڵە ڕەشەکانی کە لەسەر چەندین شوێنی سەر پێستی دەبینرێن. لە لایەکەوە دەستیگرتووە بە ژنێکەوە کە نیوەی جەستەی لە وێنەکەدا دەرچووە. ئایا دەبێت ئەوە دایکی بێت یاخود هاوڕێی؟

وێنە بریقەدارەکە هەڵدەگێڕمەوە تاوەکو زانیارییەکی زیاترم دەست بکەوێت. لە بەشی سەرەوە بە قەڵەمێکی دار نووسراوە: “باکوری عێراق، کچێکی ئێزیدی”. کۆمەڵێک ژمارە هەن کە هێڵیان بەسەردا هاتووە و چەند ژمارەیەکی تریش لە خوارەوە نووسراون: (F48-57. F11-57). پاشان ناونیشانێک هەیە کە نووسراوە: ئەنتۆنی کێرستینگ، ڕێگای ٣٧ی فرێوین، لەندەن (S.W.18.)، بەڵام ناوی ئەو کەسەی وێنەیگیراوە نەنووسراوە، هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەوە نەکراوە کە ئەو کچە کێیە و چۆن وێنەیگیراوە. وێنەی ئەم کچە ئێستا لەگەڵ کۆمەڵێک وێنەی تری هاوشێوەی ڕەش و سپی تردا لە سنووقێکی شینی کاڵدا لەسەر ڕەفەیەکی یەکێک لە کتێبخانەکانی لەندەن پارێزراوە.

سنووقە شینە کاڵەکان بە هەزاران وێنەی تیادا پارێزراوە، پێکەوە لەگەڵ چەند سنووقێک کە سەرجەم نێگەتیڤی فیلمەکانی لەخۆگرتووە و ئەرشیفی تەواوی فۆتۆگرافەری بەڕیتانی ئەنتۆنی کێرستینگی تیادایە، ئێستا لە کتێبخانەی کۆنوەی لە ئینستیتوتی کۆرتاوڵد پارێزراون.

لە کاتی گەیشتنی ئەم ئەرشیڤە بۆ ناو کۆی کارە کۆکراوەکانی کتێبخانەکە، کارەکانی کێرستینگ سەرنجی زۆرێکی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە و زۆرێک لەوانەی سەرقاڵکردووە کە خەریکی کاری بە دیجیتاڵکردنن و لە هەوڵی بەردەوامدان تاوەکو لە مانای فۆتۆ و ژیانی فۆتۆگرافەرەکەی تێبگەن. زۆرینەی وێنەکانی کێرستینگ کارکردن بووە لەسەر شوێن و جێگەی تەلارسازی لە بەڕیتانیا و دەرەوەی بەڕیتانیا، بەڵام کۆمەڵێک سنووقی بچووکیش هەن کە ئەو وێنانە لە خۆدەگرن کە تیایدا کێرستینگ پۆرترەیتی خەڵکی گرتووە.

ئەم وێنانە لەو گەشتانەوە سەرچاوەیان گرتووە کە کێرستینگ بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەردەن و عێراق و ئێران لە ساڵانی ١٩٤٠کاندا کردوونی. تۆیم بیڵسۆنی سەرپەرشتیاری دیجیتاڵ میدیا لە کۆرتاوڵد و نووسەری بایۆگرافی کێرستینگ جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پۆرترەیتانەی خەڵک و وێنەی فێستیڤاڵ و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەکە چەندە جێگەی سەرسوڕمانە لە ناو سەرجەم کارەکانی کێرستینگدا چونکە بە شێوەیەکی گشتی پۆرترەیتی خەڵک لەناو کۆکراوەی کارە فۆتۆگرافییەکانی کێرستینگدا بە تەواوەتی خراونەتە دەرەوە و فۆتۆگرافەر بەردەوام خۆی لێ بەدوور گرتوون.

سنووقی وێنە چاپکراوەکانی ئەنتۆنی کێرستینگ لەسەر ڕەفەی کتێبخانەی کۆنوەی.

ئەو ماوە کورتەی لە کۆرتاوڵد بەسەرم بردووە لە ناو ئەو پۆرترەیتە زۆرانەی خەڵکدا ڕۆنیشتووم، بەشێکیشی لەبەرئەوەی کە لێکۆڵینەوەکەم لەبارەی کولتووری بینراو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوەیە هەروەها لەبەرئەوەشە کە ئەو وێنانە بە نادیارییەکانییەوە تووشی دڵەڕاوکێیان کردووم. تەواوی هەفتەیەکم لەوەدا بەسەربرد تا پرسیار لە بارەی نەزانراوەکانەوە بکەم، بەڵام بەداخەوە تەنها کۆمەڵێک زانیاری کەمم دەستکەوت.

چۆنیەتی کارکردن لەسەر ئەرشیفەکە

من ئەنترۆپۆلۆجیست و شوێنەوارناسم و حەزێکی تایبەتیشم بۆ مۆزەخانە و کەلوپەلی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک هەیە. بەڵام لە هەمان کاتدا من پەیوەندی نێوان شتەکان و ماناکانیشیان سەرنجم ڕادەکێشن، ئەو کاتەی شتەکان و خەڵکەکان لە بۆشایی و کاتدا دەجوڵێن.

بەشێوەیەکی چاوەڕوانکراو، وێنە و ئەرشیف بۆ من وەک نەعنای وشککراو وان. خۆیان شتێکی فیزیکین کە بە پێی کات لەلایەن خەڵک و ئینستیتوشنەکانەوە بەرهەمهێنراون و شێوەیان پێدراوە، لە کاتێکدا ئەوانە تۆماری بینراوی شوێن و چالاکی و خەڵکن. وێنە کۆکراوەکانی کێرستینگ هەم فۆتۆگرافەر و هەم بابەتەکانیشی دەپارێزێت، بە دڵنیاییەوە بەشێک لەو ئەرشیفە دەپارێزێت.

باکگراوندی من ڕێگەم بۆ خۆشدەکات تا بە شێوەیەکی دیاریکراو کار لەو وێنانە و لە مێژوو و کۆنتێکستی ناویان و بێدەنگی و کەرەستەکانی ناوی بکەم. ئەم کارکردنە جۆراوجۆرانە یەکتری تەواو دەکەن و لە هەمان کاتیشدا یەکتری ئاڵۆز دەکەن بەڵام ڕوونکردنەوەیەکی تەواو بۆ ئەو وێنانە بەردەست ناخەن.

کارە فۆتۆگرافییەکانی ئێران و عێراق

من بە شێوەیەکی دیاریکراو تیشک دەخەمە سەر ئەو وێنانەی کێرستینگ لە ماوەی ساڵی ١٩٤٤ لە عێراق و ئێران گرتوونی. لە تێڕوانینێکی مێژووییەوە، تێدەگەین کە کێرستینگ لە ئابی ١٩٤٤ سەردانی عێراقی کردووە. ئەو لە دەفتەری یاداشتەکانیدا ئەوەی تۆمارکردووە لە کوێ وێنەی چ شتێکی گرتووە. کێرستینگ ئەوەش دەخاتەڕوو کە بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی یانزە ڕۆژ لە عێراق بووە کە لە ئامێدی و موسڵەوە دەست بە گەشتەکەی دەکات و لە بەغداد کۆتایی پێ دەهێنێت. لە ماوەی ئەو گەشتەدا فۆتۆگرافەر وێنەی خەڵکی لە دهۆک و کەرکوک و هاترا و ئەلقوش و لالش گرتووە.

کێرستینگ وێنەی کچە ئێزیدییەکەی لە ماوەی کارکردنی لە لاش گرتووە، لەو کاتەی وێنەی فێستیڤاڵێکی دینی ئێزیدییەکانی لە ناوچەی پیرۆزی شێخ ئادی گرتووە. وێنەکانی سەما و موزیک و ئاهەنگی خەڵکی لە ناو فێستیڤاڵەکەدا پیشان دەدات. بە گوێرەی هەمان تۆمار، کێرستینگ بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەی ٩ ڕۆژ لە تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا سەردانی ئێرانی کردووە. بە گوێرەی نووسینی سەر وێنەکان بێت کێرستینگ بە ڕێژەیەکی فراوان لە ئێراندا گەشتی نەکردووە و زۆرترین کاتی لە تاران و ئەسفەهان و ڕای و دێلیجان بەسەربردووە.

پاسی نایرن.

چەند کۆپییەکی وێنەی پاسێکی ڕاف هەیە کە لە نێو بیابانێکدایە و ئەمەش میتۆدی گەشتەکانی کێرستینگ لەو ناوچەیەدا دەردەخات. لەسەر یەکێک لە پشتی یەکێک لە وێنەکانەوە کێرستینگ نوسیوویەتی “گەشت بەرەو ئێران،” لە کاتێکدا لەسەر یەکێکی تر نووسراوە، “گەشتی بیابانی هاوچەرخ. پاسی نایرن لە نێوان بەغداد و دیمەشق کار دەکات. کاتێک ئەم وێنەیە گیراوە، پاسەکە لەلایەن ڕافەوە بەکارهێنراوە.” بە حیبرێکی جیاواز نووسراوە، “پاسی نایرنی ڕاف: حەبانییە بەرەو دیمەشق.”

نووسراوە جیاوازەکانی سەر وێنەکان سەرت لێ دەشێوێنن. ئایا ئەمە لەسەر ڕێگەی نێوان حەبانییەی عێراق و دیمەشقی سوریا گیراوە؟ یاخود لە نزیکی بەغداد؟ یاخود لە ئێران؟ پرسیارەکە ئەوەیە لەو پاسە سەربازییەدا چی کردووە؟ ئەو خەڵکانەی تر کێن؟ هەندێکیان جلوبەرگی ڕەسمییان لەبەردایە، بەڵام یەکێک لە بەشی پێشەوەی وێنەکەدایە و ئەو جۆرە پۆشاکەی لەبەردانییە؟

تۆم بیڵسن پێی ڕاگەیاندم کە کێرستینگ بۆ ماوەیەک بەشێک بووە لە ڕاف، بەڵام ڕوون نییە کە ئایا لەو گەشتانەی کە بۆ عێراق و ئێرانی کردووە کاری سەربازی بۆ کردوون یاخود نا. بەدڵنیاییەوە ئەوە شتێکی ئاسایی نییە بۆ کەسێک کە لە دەزگای زانیاریدا کار بکات و کاری فۆتۆگرافی بۆ ڕووماڵی سیخوڕی بەکاربهێنێت، بەتایبەتی لە ماوەی ساڵی ١٩٤٤ و جەنگی جیهانی دووەم لەو ناوچەیەدا، کە ئەزموونی پەلاماری ئینگلیز و سۆڤیەتی بۆ سەر ئێران دەکرد و جەنگی ئینگلیزیش لەگەڵ عێراقدا تەنها سێ ساڵ پێشتر ڕوویدابوو.

ئەم مێژووە سیاسییە بە تەواوی لە فۆتۆگرافییەکانی کێرستینگدا نادیارە، جگە لە دوو کاری فۆتۆگرافی نەبێت کە لە دهۆک گرتوونی. فۆتۆی یەکەمیان کۆمەڵێک پیاو پیشان دەدات لەبەردەم بینایەکدا وەستاون، هەندێکیان پۆشاکی کوردییان لەبەردایە و ئەوانی تریش قات و تەنانەت شۆڕتیشیان لەبەردایە. لە پشتی فۆتۆکەوە کێرستینگ نووسیوویەتی:

“عێراق. کۆمەڵێک خەڵک نزیک لە ژووری خوێندنەوەی ئێم ئۆ ئای لە دهۆک، شارۆچکەیەکی کوردی لە نێوان ئامێدی و موسڵدا. ئالن، ئەفسەری پەیوەندییەکانی گشتی لە ئێم ئۆ ئای لە موسڵ، هاتوچۆی منی ڕێکخست، لە ناوەڕاستی کۆمەڵەکەدا وەستاوە. ئەنتۆنی کێرستینگ. ئۆگەستی ١٩٤٤.”

کۆمەڵێک پیاو لەبەردەم ژووری خوێندنەوەی ئێم ئۆ ئای لە دهۆک، عێراق. وێنەی ئەنتۆنی کێرستینگ، ١٩٤٤.

 

دەستوخەتی کێرستینگ لە پشتی وێنەکەوە کە تیایدا زانیاری دەربارەی وێنەکە نووسیووە.

 

ئێم ئۆ ئای زۆرجار وەک کورتکراوەی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی زانیارییەکان بەکاردەهات، هەرچەندە وا دەردەکەوێت لە کۆنتێکستی ژووری خوێندنەوەدا وەزارەتی زانیاری لێرەدا دروستتر دەربکەوێت. ئالن لە هیچ یەکێک لە وێنەکانی تری کێرستینگ یاخود لە یاداشتنامەکەیدا ناوی نەهێنراوەتەوە.

لە وێنەی دووەمدا، کۆمەڵێک پیاو پێکەوە ڕۆژنامە دەخوێننەوە، کە دەبێت ژووری خوێندنەوەکە بێت کە کێرستینگ لە وێنەی یەکەمدا ئاماژەی پێداوە. نەخشەی عەرەبی و ئینگلیزی لەسەر دیواری پشتیانەوە هەیە و نەخشەی جەنگی جیهانی دووەم پیشان دەدات. لەسەر یەکێک لە نەخشەکان نووسراوە “نەخشەی جەنگی ئەمریکا و یابان”.

ئەم وێنانە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ شوێنی مێژوویی کێرستینگ و تۆڕی پەیوەندییەکانی پیشان دەدات، کە کەسانی سەربازی و حکومی لە خۆدەگرن و ئەوان بوونەتە هۆی ئەوەی گەشتەکانی ئەو ناوچەیەی دروست ببن، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو وێنانە پرسیار لەبارەی هۆکاری گەشتەکانی کێرستینگ بۆ ئەو ناوچەیە دەوروژێنێت، کە لەو کاتەدا هێشتا ناوچەیەک بوو بۆ گفتوگۆ و لەژێر چاودێری سەربازی بەڕیتانیادا بوو.

کاتێک ئەمڕۆ تەماشای ئەو وێنانە دەکەینەوە، هێشتاش بەشێوەیەکی سیاسی پەیوەندیدارن، بەتایبەتی بەڕەچاوکردنی ئەو کوشتن و توندوتیژییەی کە هەم کوردەکان و ئێزیدییەکان لەم سەردەمەدا ڕووبەڕووی دەبنەوە. وێنەکانی کێرستینگ بینین و ژیاندۆستی کولتوری پیشان دەدەن، تۆمارێکن لە دابونەریتی ئەو کۆمەڵگایانە و تەمەن درێژیی و ئامادەییان.

کۆمەڵێک پیاوی نەناسراو ڕۆژنامە دەخوێننەوە و لە پشتیشیانەوە نەخشەی جەنگ هەڵواسراوە.

 

لە پاڵ ئەوەی هەوڵ دەدەم وێنەکان و کێرستینگ خۆشی لە ساتێکی مێژوویی و سیاسی تایبەتدا دابنێین، هەوڵیشمداوە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک تۆمارێکی کولتوریی تەماشای ئەو وێنانە بکەم. ئەوان لە هەمان کاتدا نمایندەی کۆمەڵگەیەکی نەتەوەیی و ئێتنی جیاواز دەکەن و تێگەیشتنی کێرستینگ و لێک جیاکردنەوەی ئەو گروپانە تۆماردەکەن.

بەتایبەتی وێنەکانی عێراق، پێموایە ویستی کێرستینگ لەو کۆمەڵگایانەی بینیوونی پیشان دەدەن. لە پشتی یەکێک لە کارە فۆتۆگرافییەکاندا کە وێنەی پیاوێکی کوردە، کێرستینگ نووسیوویەتی، “عێراق، کوردێکی ئاسایی، دانیشتووی کوردستان لە باکووری عێراق. شرواڵێکی ڕەنگداری لەبەردایە و چەکێکی لە شانە و مەخزەنێکیشی لە کەمەری بەستووە.” هەندێک باسی پۆشاکی پیاوەکەی کردووە لەگەڵ ئامادەیی جیوگرافی کوردەکان لە عێراقدا.

ئەو وێنانەی کێرستینگ لە فێستیڤاڵی ئێزیدییەکانی شێخ ئادی گرتوونی بە جۆرێک لە جۆرەکان ئیتنۆگرافیکن، کە هەوڵ دەدەن ئەزموونی ئەو خەڵکە یاخود لە ژیانکردنیان لە چالاکیەکی دیاریکراودا پیشان بدەن. وێنەکان دوکەڵی جگەرە و بغوردەکانیان پیشان دەدات لەگەڵ گۆرانی و موزیکەکانیان، سەماکەرەکان کە پێکەوە سەما دەکەن، منداڵەکان کە ڕا دەکەن، دایکەکان کە منداڵەکانیان بۆ پاکبوونەوە لە باوەش گرتووە. کێرستینگ تەنها تۆماری چالاکییەکی نەکردووە بەڵکو ئەتمۆسفێری جێگەشی وێنەگرتووە.

باکوری عێراق، موزیکژەنەکان موزیک بۆ سەمای دەبکە لە فێستیڤاڵەی ساڵانەی شێخ ئادیدا دەژەنن. کۆمەڵێک لە سەماکەران لە پشتەوە دیارن و هەڵدەپەڕن. فۆتۆگرافەر: ئەنتۆنی کێرستینگ، ١٩٤٤.

 

کۆمەڵێک پیاوی نەناسراو لە مەراسیمی فێستیڤاڵی شێخ ئادی ئامادەن و دانیشتوون. فۆتۆگرافەر: ئەنتۆنی کێرستینگ، ١٩٤٤.

 

لەگەڵ ئەوەشدا هەروەک ئەو وێنانەی لەلایەن ئەنترۆپۆلۆجیستەکانەوە گیراون و بەکارهێنراون لە سەرەتا و ناوەڕاستی سەدەی بیستدا، وێنەکانی کێرستینگ و نووسینەکانی بە شێوەیەکی سادە ڕووداوەکان دەردەبڕن. “کوردێکی ئاسایی”، “کچێکی ئێزیدی”، “پیاوێکی ئێزیدی”، “ئاشوورییەکی ئاسایی”. بەم نووسین و جیاکردنەوانە، وا دەردەکەوێت کێرستینگ زیاتر ویستی لە پیشاندانی خەڵکی ئاسایی بێت وەک لە تاکێکی دیاریکراو. لەگەڵ ئەوەشدا ناوی هیچ یەک لەوانەی نەنووسیووە کە وێنەی گرتوون.

دەپرسم کە ئایا کێرستینگ پەیوەندی و لێک نزیکبوونەوەی لەگەڵ ئەو خەڵکانەی بینیوونی و وێنەی گرتوون چۆن بووە. ئایا کێرستینگ ڕووخسەتی وەرگرتووە بۆ گرتنی ئەو وێنانە؟ ئایا خەڵکەکە بە گرتنی ئەو وێنانە دڵخۆش بوون یاخود نیگەران بوون؟ ئایا هەرگیز وێنەکانی خۆیان بینیووەتەوە؟ ئایا خۆیان یان خزمە نزیکەکانیان هەستیان چۆن دەبێت کاتێک دەزانن کە ئەم وێنە بێ ناونیشانانە لە سنووقێکدا لە لەندەن پارێزراون؟

کوردێکی ئاسایی، باکووری عێراق. فۆتۆگرافەر: ئەنتۆنی کێرستینگ، ١٩٤٤.

 

مادی بوونی ئەرشیفەکە

لە پاڵ ئەوەی کە ئەمانە وێنەی بینراون، ئەم کارانە بابەتی بەرجەستەشن. لە سنووق و ڕەفەکاندا شوێنیان گرتووە. لێوارە چەماوەکانیان و پەڵەی سەر وێنەکان تەمەن و دڕاوی و خراپبوونیان بە پێی کات پیشان دەدەن. هێما و نیشانەی قەڵەمەکانی کێرستینگیان پێوەیە، تۆماری جوڵەی دەستەکانیشی. هەندێک لە تیۆرینووسەکانی بواری ئەنترۆپۆلۆجی پێشنیاری ئەوەیان کردووە کە بیر لە بایۆگرافی کەرەستەکانیش بکەینەوە، ئەو ساتانەی هاتوونەتە بوون، بە جیهاندا سووڕاونەتەوە و لە کۆتایشدا “لەناوچوون”.

ئێزیدییەکی ئاسایی لە باکووری عێراق. ئەنتۆنی کێرستینگ، ١٩٤٤.

 

بایۆگرافی ئەو وێنانە پێویستیان بە ڕێگایەکی جیاوازترە بۆ کارکردن لەسەریان. دەتوانین بیر لە تەکنەلۆژیا و کەرەستە و توانا پێویستیەکان بکەینەوە تا دیسانەوە بەرهەمیان بهێنینەوە. کێرستینگ بە چەند کامێرایەک کاریکردووە، کە جێگەیان گرتووە و پێویستیان بە کەشوهەوای دیاریکراو بووە تا بە تەواوی کاربکەن. وێنەکان دەبوو لەسەر پلێتی شووشە جێگیر بکرێن و بە ڕێگەی کیمیایی بشۆردرێنەوە. دەبوو لەسەر کاغەزێکی جۆری تایبەت چاپ بکرێن و پێویستیان بە مادەی کیمیایی زیاتریش بووە تا وێنەکان لە شوێنێکدا جێگیر بکرێن.

پاش چاپکردن، کێرستینگ بەروار و ژمارە و وردەکاری و مافی خاوەندارێتی خۆی لەسەریان مۆرکردووە و نووسیووە، ناوی خۆی و ناونیشانی ژیانکردنی. لە کاتێکدا کە کۆپی چەند وێنەیەک ماون، هیچ دووانێکیان لە یەک ناچن چونکە پێناسەکانیان جیاوازە. هەندێک لە وێنەکان کۆپی زیادەیان هەیە. ئایا ئەم وێنانە بە چ پڕۆسەیەکی پێداچوونەوەدا ڕۆشتوون؟ بۆچی تەنها هەندێکیان نیشانەی ئەوەیان لەسەرە کە پێیداچووبنەوە و یاخود لەلایەن لایەنی سەربازییەوە تەماشاکراون؟

کچێکی عێراقیی ئاسایی، لە باکووری موسڵ. ئەنتۆنی کێرستینگ، ١٩٤٤.

 

جێی سەرنجە بیر لە درێژی مەودای ژیانی ئەم وێنانە بکەینەوە. ئایا کێرستینگ لە ئەلبوومدا هەڵیگرتوون یاخود لە ماڵەوە هەڵیواسیوون؟ ئایا ئەم وێنانەی لە کاتی گەشتکردندا گرتوونی پیشانی هاوڕێکانی داون؟ ئایا لەلایەن ڕێکخراوێکی دیاریکراوەوە جێبەجێ کراون؟ ئایا فۆتۆگرافەر ڕەچاوی ئەوەی کردووە کە ئەم وێنانە دۆکیومێنتی خەڵکی نامۆن لە وڵاتێکی دوورەوە، ساتی کەسین یاخود کاری هونەریی بەرزن؟ ئایا بۆچی هەندێکیان لەسەر پەڕەی بریقەدار شۆردراونەتەوە و هەندێکیشیان لەسەر پەڕەی مات؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن کە ئێمە وەڵامەکانیانمان لانییە. بەڵام لە داهاتوودا زیاتر لەبارەیانەوە دەزانین.

 وەکو سەرجەم کۆکراوە چاپکراوەکان و وێنەکانی کتێبخانەی کۆنوەی، ئەم وێنانە لە پڕۆسەی بە دیجیتاڵبووندان تاوەکو بپارێزرێن و بەشێوەی ئۆنڵاین بخرێنە بەردەست. پڕۆسەی بە دیجیتاڵبوونەکە کاتێکی زۆری پێدەچێت، پێویستی بە سەدان کەسی خۆبەخشە تاوەکو کارە فۆتۆگرافییەکانی ناو کتێبخانەکە جیا بکەنەوە و نیشانەیان بکەن و وێنەیان بگرن و دەستە دەستەیان بکەن.

بۆیە ئەم کارە فۆتۆگرافییانە تەنانەت پاش ئەوەی فۆڕمە چاپکراوەکانیان لەناودەچن، فۆڕمە دیجیتاڵییەکەیان هێشتا دەمێنێت. بەڵام ئایا کاتێک وێنەکە دەبێتە پیکسڵ و کۆد لە بری ئەوەی کارێکی فۆتۆگرافی لەسەر پەڕەی کاغەز ببینین ئەزموون و بەرکەوتنی ئێمە بۆ وێنە دەگۆڕێت؟ کاتێک تەماشای وێنەیەک دەکەم بە شێوەیەکی دیجیتاڵی ناتوانم هەمان ئەزموونی هەڵدانەوەی وێنەیەک بکەم و بەدەستییەوە بگرم تاوەکو چاوەڕێی زانیاری زیاتر بکەم لە پشتی وێنەکەوە. بەڵام بە دیجیتاڵ کردنی ئەم وێنانە بە کوالیتی بەرز لە کۆکراوەیەکی دیجیتاڵیدا وا دەکات زیاتر بەردەست بن، بەتایبەتیش کە ڕێگە بەوە دەدات ئەم وێنانە زیاتر لە کۆمەڵگەکانی ناو عێراق و ئێران بسووڕێتەوە و خەڵکی زیاتر بیانبینێت.

بێدەنگتر لە بێدەنگی

دەیڤد زێیتڵینی زانای ئەنترۆپۆڵۆجی بەو جۆرە باسی ئەرشیف دەکات وەک ئەوەی بۆشاییەک بن لە نێوان یادەوەری و لەدەستچووندا. ئەرشیف جێگەی پاراستنی زانیاری و چیرۆک و ساتەکانن، بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانن لە بابەتەکان خۆیان و لە دروستکەرانیشیان زیاتر بژین، ئەو کارانە دەبنە تارمایی خەڵک و ئەو جێگەیانەی لە ڕابردوودا هەبوون. کارکردن لە ئەرشیفدا زۆر پڕ چێژە چونکە هەلی ئەوەت دەداتێ تا شتی نوێ بدۆزیتەوە بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەکرێت نائومێدکەریش بێت هەر لەو کاتەی دەبنە هۆی وروژاندنی پرسیاری زیاتر و زیاتر.

هەتا زیاتر تەماشای ئەو وێنانە لە ڕێگەی چاوی جیاوازی لێکۆڵینەوەوە بکەم، زیاتر درک بەوە دەکەم کە چەندە نازانم و بەدڵنیاییەوە هەرگیزیش ناتوانم لەبارەیانەوە بزانم. لە ڕێگەی بە دیجیتاڵکردن و بەخشینی زانیاری و گەڕاندنەوەی ئەم وێنانە بۆ ئەو کۆمەڵگایانەی لێوەی هاتوون دەکرێت هەندێک لەوانەی وێنەیان گیراوە بناسرێنەوە، بەڵام هاندانەکانی کێرستینگ بە نەزانراوی دەمێننەوە.

وێنەیەکی ئێزیدییە موزیسیان و ئامادەبووەکانی فێستیڤاڵی ساڵانەی شێخ ئادی لە سەر مەزارگەی پیرۆزی ئەو شێخە کە  ئەنتۆنی کێرستینگ لە ساڵی ١٩٤٤ گرتوویەتی. من بە تەواوی سەرسامم بەو کوڕە لاوانەی لە سوچی لای چەپی وێنەکە تەماشای لێنسی کامێراکەی کێرستینگ دەکەن.

وێنەکان زیاتر لە تارمایی دەچن و جێی نائومێدی منن چونکە ئەوە پیشان دەدەن کە چەندێک لە ستایشکردنی ئەو ساتەی یان ئەو کەسەی کە وێنەی گیراوە لە دەستچووە. ئەمە نمایشی موزیکی “بێدەنگتر لە بێدەنگیی” مەهدی ئامینیان و موحەمەد زەعتەریم بیردەهێنێتەوە. لە تێکەڵکردنی ترادیسیۆنی موزیک و شیعری ئێران و سوریادا، لە کاری ئەم دوو پیاوەدا هاوڕێیەتی و لە دەستدان و ناکۆکی ڕەنگیداوەتەوە. ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەو ئازارەی لەگەڵ زانیندا دێت دەبێت لە ساتێکدا دەنگ یاخود ژیانێک هەبێت بەڵام نەتوانن بیدۆزنەوە، ئەزموونێک کە بێدەنگتر لە بێدەنگی پیشانی دەدات.

بۆ من بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم وێنانە بێدەنگتر لە بێدەنگیی دەردەکەون چونکە ئەو شوێنانە و ئەو خەڵکانە لەو کاتەدا نەوەستابوون و بێدەنگ نەبوون بەڵکو پڕبوون لە جوڵە و دەنگ و ڕەنگ و ژیان. هەرچەندە ئەوان لە وێنەکاندا وەستاون و بێدەنگ کراون و بەش بەش کراون. من تامەزرۆی ئەوەم کە ئەو وێنانە پڕ بکەمەوە لە دەنگ و بۆن و تام و دەست لێدان. کاتێک وێنەی کچە ئێزیدییەکە دەگرم بە دەستمەوە، بیر لە ملوانکەکانی دەکەمەوە کە بەر یەک دەکەون و خشە خش دروست دەکەن. خەیاڵم بۆ ئەو هەستە دەچێت کە لە دەوری ئەودا هەبووە، دەنگی ئاهەنگ گێڕانەکان و دەنگی داخستنی شەتەری کامێراکە.

 

 

سەرچاوە: کۆرتاوڵد

 

 

Related Posts

Leave a comment