[ لەبارەی ئەنتۆنی کێرستینگی فۆتۆگرافەری بەڕیتانییەوە ]

ئەو فۆتۆگرافەرەی گەنجینەی ئەرشیفێکی تەلارسازی بێ هاوتای لە بەریتانیا و وڵاتانی دەرەوە بنیاتنا

لە ئینگلیزییەوە: لاژە تەها

ئەنتۆنی کێرستینگ لە ٢ی کانوونی یەکەم لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ئەو یەکێک بوو لە فۆتۆگرافەرە پێشەنگەکانی بواری تەلارسازی نەوەی خۆی.

ئەو چەند کتێبە سوودمەندەی لە ٧٠ ساڵی ڕابردوودا لە بواری مێژووی تەلارسازی یان تۆپۆگرافییەوە بڵاوکراونەتەوە، شکستیان هێناوە لەوەی ناوی “کێرستینگ” وەک فۆتۆگرافەری ئەو وێنانەی بەکاریان هێناوە بهێنن. کێرستینگ وێنەی کاتێدڕاڵەکان (کڵێسای ڕۆمانییەکان)، کڵێساکان، خانووەکانی دەرەوەی شار، پەیکەرەکان و زۆر شتی تری تۆمارکردووە، نەک تەنها لە بەڕیتانیا بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و چەندین جێگەی دیکە.

ئەو ئەرشیفی وێنەیەی کێرستینگ بنیاتیناوە زۆر گەورەیە و بایەخێکی زۆری مێژوویی هەیە. مارک هاورف-بوث، ڕێکخەری پێشووی بەشی فۆتۆگرافیی مۆزەخانەی (ڤیکتۆریا و ئەلبێرت) سەرسامی خۆی بۆ کێرستینگ بەم جۆرە دەربڕیووە: “نموونەیەکە بۆ ڕۆڵی فۆتۆگرافی وەکو پاراستنی هونەریی سەرجەم هونەرەکان.”

بەڵام کێرستینگ تەنها کەسێکی پڕ بەرهەم و پڕ سەرچاوە نەبوو، گەشتی زۆریشی دەکرد. وەکو فۆتۆگرافەر زۆر سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو، لە گەڕانەکانیدا تەواو ئاگادار و ئارام بوو بۆ بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام لە وێنەکانیدا. گرنگییەکی زۆری بە ڕووناکی دەدا، بە بەکارهێنانی ڕووناکی دەستیی کە بە پاتری کاری دەکرد بۆ ئەو وێنانەی لە ناو باڵەخانەکاندا دەیگرتن، بە چەندین کاتژمێر چاوەڕوانی دەکرد تاوەکو هەورەکان بچنە ئەو جێگایەی ئەو دەیویست، لەگەڵ ئەو بابەتەی ئەو وێنەی دەگرت یەکانگیربێتەوە.

لەڕووی جەستەییەوە بەهێز و چالاک بوو، سەرێکی بەهێزیشی هەبوو بۆ جێگەی بەرز، هەروەها کەسێکی بەجەرگیش بوو لە دابینکردنی باشترین خاڵی چاودێریکردن. هەندێکجار بەسەر کرێنی ئیشکەرەکاندا سەردەکەوت تا دیمەنێکی بێوێنە لە بەرزییەوە بەدەستبهێنێت.

بڵاوکارە ئەڵمانییەکەی بەوە سەرسام بوو کاتێک زانی کێرستینگ کامێرای پلێت گەورە و ستاندی بەکارهێناوە، بە گوریسێکەوە سەرکەوتووە بەسەر تاشە بەردەکاندا و وێنەی دیمەنی دراماتیکی قەڵای نۆیشڤانشتاینی گرتووە، قەڵای پاشای شێت لودڤێــگ لە باڤاریا.

بۆ ئەوەی دیمەنی ڕاستەخۆی تازە-پاککراوەی بەشی ڕۆژئاوای پەرستگای ڕۆمانیی قەشە پاوڵ لە ساڵی ١٩٦٠ەکاندا بگرێت، دەبوو بەسەر بانیژەی ئەو جێگەیە هەڵبگژێت و پاشان لە لۆدجەیت هیڵ خۆی بەسەر بەربەستی بیناکەدا شۆڕ بکاتەوە.

ئەنتۆنی فرانک کێرستینگ، لە ٧ی نۆڤەمبەری ساڵی ١٩١٦، لە شەقامی ٣٧ی فڕۆین لە واندسۆرث، لە باشووری لەندەن وەک کوڕی فەرمانبەری بانکێک هاتۆتە دنیاوە. خانووەکەیان تازە لەلایەن هۆڵۆوەیەوە بنیاتنرابوو، کە کێرستینگ هەموو ژیانی تێیدا بەسەربرد. بەهەمان شێوەی سەردەمی ژیانی دایک و باوکی بە بێ هیچ گۆڕانکارییەک لە خانووەکەدا مایەوە، تەنانەت هەرگیز گەرمکەری ناوخۆیی بۆ خانووەکەشی دانەنا.

لە کۆلیجی دۆلیچ مامۆستایەکی بیرکاری هانی ئارەزووی تۆنی دەدات تاوەکو کاری- فۆتۆگرافیی بکات، سرووشیشی لەو کۆکراوە نێگەتیفانە وەرگرت کە لەلایەن مامییەوە بۆی بەجێمابوو، مامی کە لە جەنگی مەزندا کوژرابوو. گرتەی تیشکی-ژێرسووریی سەر پردی پەرستگای ڕۆمانی وێستمانستەر وەک ڕووکاری گۆڤاری ئالێینیان بەکارهێنرا و وێنەکەشی وەک بڕبڕەی پێشانگایەکی قوتابخانە لە ساڵی ١٩٣٤دا ناوبرا.

وەکوو قوتابییەکی کۆنی کۆلیجی دۆلیچ، کێرستینگ پاش جێهێشتنی قوتابخانە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە بانکێک دەست بە کارکردن دەکات پێش ئەوەی  بڕیار بدات لەو ئارەزووی کە پێشتر هەیبووە پیشەیەک بۆخۆی دروست بکات. لە ساڵی ١٩٣٦دا ئەمەی کرد، پاش ئەوەی لە لقی لۆیدس بانک لە سلۆیین کاریکرد، کاتێک وێنەکانی بازاڕی بینای پیتەر جۆنسی نوێ لەژێر نۆژەنکردنەوەدا لەلایەن ڕۆژنامەکانەوە کڕدرانەوە، یەکەمین یاداشتی خۆشی دەربارەی ئێرلی یەپریس دەربارەی کڵێسای کانتێربێری بە تایمس فرۆشت.

کێرستینگ بە ئەندام لە کۆمەڵەی فۆتۆگرافیی ڕۆیال لە ساڵی ١٩٣٧ بۆ ١٩٣٨ هەڵبژێردرابوو. وێنەی بۆ زنجیرە کتێبی پاشای ئینگلتەرای ئارثەر می گرتووە و سوپاس بۆ ئەو ئارەزووەشی کە لە تەلارسازی واریندا پەرەیپێدا، کە بە هۆیەوە گارالد کۆب توانی چەند وێنەیەکی بینا ڕوخاو و وێرانبووەکانی پێش جەنگ کە لەلایەن  کێرستینگەوە گیرابوون لە کتێبەکەی خۆیدا دەربارەی کڵێسا کۆنەکانی لەندەن بەکاربهێنێتەوە.

لە ساڵی ١٩٣٩ کێرستینگ وەک خۆبەخش لە ئاڕ ئەی ئێف دەست بە کار دەکات، لە ١٩٤١ بۆ کارێکی فۆتۆگرافی نێردرا بۆ میسر، تا لەوێ وێنەی چاودێریکردنی سەنگەری بەرامبەر بەرەوپێش ببات و باشتری بکات. بە باشترین شێوە کاتەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاردەهێنا، کاتی پشووەکانی لە گەڕانی فراوانتری ناوچەکەدا بۆ گرتنی وێنەی زیاتر بەکاردەهێنا. بەتایبەت ئەو وێنانەی لە عێراق گرتوونی لە ئێستادا جێگای سەرنجێکی گەورەن، کە لە ئێستادا زۆرینەی ئەو  بینا و شوێنانە ڕوخێنراون. هەروەها وێنەی قەڵاکانی مەسیحیەتی لەو ناوچانەدا گرتووە، کە کتێبێک بە بەکارهێنانی وێنەکانی کێرستینگ لەبارەیەوە لەلایەن ۆڵفگانگ مولەر وینەرەوە نووسراوە و لە ساڵی ١٩٦٦ بڵاوکراوەتەوە. کێرستینگ هەستێکی تایبەتی دەربارەی فەلەستین هەبوو، بەتایبەت لەدژی ئەو نادادپەروەرییانەی پێیوابوو بەهۆی شێوازی پاشەکشەکردنی بەڕیتانیاوە بەرامبەر بە خەڵکەکەی کراوە، لەگەڵ کاریگەرییەکانی دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیلیش. گڵەب پاشای بینی و لەگەڵیدا سواری پشتی حوشتربوون.

پێش ئەوەی لە میسر دزی لێ بکرێت، کێرستینگ دەیویست بە لایە بەرزەکەی هەرەمی مۆدومدا سەربکەوێت تا بزانێت ئەگەر هیچ نەخشێک لە سەرەوە کرابێت. لەبەر ئەوەی ئەم سەرکەوتنە پێویستی بە گوریس بوو، سەرەتا باوەڕی بە ئاڕ  ئەی ئێف هێنا تا هەوڵی هەڵدانی گوریس بدەن، بەڵام ئەمە سەرکەوتوو نەبوو. دواتر سەربازەکان ساروخیان تەقاند تاوەکو لە گوریسەکە دڵنیابن. کە ئەمەیان سەرکەوتوو بوو. بۆی دەرکەوت کە هیچ نەخشەیەک لە سەرەوە نییە.

دوای جەنگ کێرستینگ خۆی وەکو فۆتۆگرافەرێکی سەربەخۆ و پڕ سەرچاوەی تەلارسازی ناساند. چەندین وێنەی بۆ زنجیرە تەلارەکانی نیکۆلاوس پیسنەری لە ئینگلتەرا گرت و لە هەمان کاتدا کاری بۆ کەنتری ڵایف و متمانەی نەتەوەیی دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا وێنەی بۆ چەندین کتێب دەربارەی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە بەڕیتانیاوە هەبوو تەرخانکرد کە لەلایەن باتسفۆردەوە بڵاوکرانەوە، بوونە هۆی دروستبوونی چەند کتێبێکیش دەربارەی وێنەکانی کێرستینگ و لەگەڵ کۆمەڵێک نووسینی نوسەرانی تردا. وێنەکانی ناو کتێبانە پێکهاتبوون لە پۆرترەیتی کامبریج و ئۆکسفۆرد و وێستمینستەر و ئیدنبێرگ.

پاش مردنی هاوسەری ئۆلیڤ کووک، ئیدوین سمثی فۆتۆگرافەر و ئەنتۆنی کێرستینگ پێکەوە لەگەڵ ئۆلیڤدا لە پڕۆژەی ئینگلیش کۆنتری هاوس_دا پڕۆژەیەکی هاوبەشیان ئەنجامدا. کۆمەڵە وێنەیەکی پیتەرهاوس و کامبریج لە ساڵی ١٩٨٤ بڵاوکرایەوە، تێکستی کتێبەکە لەلایەن دەیڤد واتکینەوە نووسرا، کە باس لەوە دەکات فۆتۆگرافەر چ گرنگییەکی هەبووە لە گرتنی هەر یەک لە وێنەکاندا بە کامێرایەک کە ئێستا وەک شتێکی کۆنی خراپ تەماشا دەکرێت. کێرستینگ هەرگیز پێشوازی لە سەردەمی دیجیتاڵی نەکرد، بەڵام یەکێک بوو لە یەکەم ئەو کەسانەی کە وێنەی ڕەنگاو ڕەنگی لە بەریتانیا بەکارهێنا و بڵاوکردەوە، ئەمەش بوو بە کردەیەک کە هەم وێنەی ڕەنگاوڕەنگ بگرێت و هەم وێنەی ڕەش و سپیش.

کارەکانی کێرستینگ تەنها لە ناوخۆی ئینگلتەرادا نەمانەوە. بەردەوام خەریکی گەشتکردن بوو بە ئاسیا و ئەوروپادا (هەرگیز لە باکوری ئەمریکا کاری نەکرد)، زۆرینەی کاتەکان مارسدسێکی کۆنی لە کیشوەرەکەدا لێدەخوڕی و بەردەوام خەریکی گرتنی وێنە بوو. لە ساڵی ١٩٤٧ وەک ئەندام لە کۆمەڵەی جوگرافیای ڕۆیاڵ هەڵبژێردرا، بەتایبەت بۆ وێنەی تەلارسازییە ئیسلامییەکانی.

کاتێک کێرستینگ گەنجتر بوو شاخەوانێکی پڕ وزە بوو، کاتێکیش تەمەنی گەیشتە ٧٠ ساڵی یاری خلیسکانی سەر بەفری دەکرد. لە خووەکانیدا زۆر بە توندی هەوڵی دەدا، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاکەرێکی بەهێز بوو. لە ڕێگەی کۆمەڵەی ڕاکەرانەوە بوو کە هازل ویزەرهێدی هاوسەری ناسی، کە مردنە لەناکاو و زووەکەی لە ساڵی ڕابردوودا بۆ کێرستینگ کۆستێکی گەورەبوو.

تۆنی کێرستینگ لە ژیان و کارکردنیدا وردەکار و و زۆر ڕێکخراو بوو. گۆردۆن بیشۆپ، ئەوکەسەی بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ چاپی وێنە ڕەش و سپییەکانی کێرستینگی کردووە، بە “پیاوماقوڵێکی نموونەیی” وەسفی دەکات. لەگەڵ خانمان زۆر سەرنجڕاکێش و بە شێوەیەکی سەیریش شەرمن بوو.

ڕەسمی و خۆپارێز بوو، لەهەمان کاتدا دەیتوانی کەسێکی نامۆ بێت، خۆشبەختی ساڵەکانی چنینەوەی سێو بوو لە واندسۆرث کۆمۆن تا مرەبای شەکرەسێوی پێ دروست بکات.

سەرەڕای ئەوەی کارەکەی لەلایەن مێژوونوسان و لێکۆڵەرەوانی وێنەوە بەرز نرخێنرابوون، بەڵام هێشتا رەنگە ئەو سەرنجە گشتییەی کە شایەنییەتی بەدەستینەهێنابێت. لە مۆزەخانەی واندسۆرت لە ساڵی ١٩٩٩ پێشانگەیەک بۆ کارەکانی کرایەوە.

تۆنی کێرستینگ هەموو ئەرشیفی کار و فۆتۆ ڕەش و سپییەکانی خۆی بەخشیووە بە  کتێبخانەی کۆنوەی  لە ئینستیتوتی کۆرتالدی هونەری. لە ئێستاشدا کارە خراپبووەکانی بە دیجیتاڵ دەکرێن و هەڵدەگیرێن.

 

سەرچاوە: تەلەگراف

Related Posts

Leave a comment