وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: زانا عوسمان
لەکاتێکدا بەردەوام خەریکی کارکردنین لەسەر سنووقی ئەرشیفی نێگەتیڤەکانی ئەنتۆنی کێرستینگ (زیاتر لە ٣٠٠٠ شریتی نێگەتیڤ لە ماوەی ١٩ ڕۆژدا)، دێمە سەر ئەو باوەڕەی کە بۆنی ترشە کمیاییەکەی ستۆدیۆکە دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە یادەوەریەکانی هاوینی ٢٠١٧، هەم بۆ من و هەم بۆ ئەو خۆبەخشانەش کە کار لەسەر نێگەتیڤەکان دەکەن و وێنەیان دەگرن.
هەرچەندە بەشێکی زۆری نێگەتیڤەکانی ئەرشیفەکە لە دۆخێکی باشدان، هەندێکیان لەماوەی ٥٩-٦٠ ساڵی ڕابردوودا بە پلەی گەرمی جیاوازدا تێپەڕیون و لە قۆناغی جیاوازی خراپبووندان. هەر لێرەشدایە کە بەدیجیتاڵکردن دێت و دەبێتە فریادڕەس. لە کڕۆکی هەر هەوڵێکی بەدیجیتاڵکردندا دوو ئامانجی سەرەکی هەن: بەخشین و گرنگیپێدان.
لە کڕۆکی هەر هەوڵێکی بەدیجیتاڵکردندا دوو ئامانجی سەرەکی هەن: بەخشین و گرنگیپێدان.
بەخشین، چوونکە ئەم وێنانە بۆ ماوەیەکی زۆر لە نێو ڕەفەکاند شاردرابوونەوە. هەر لەو ساتەوەی نێگەتیڤەکان دروست کراون، دەبێت چەند کەس زانیبێتی کوێی بەدوادا بگەڕێت، لە کێ دەربارەیان بپرسێت، لەچی بگەڕێت و چۆن چی بدۆزێتەوە؟ ژمارەی ئەم کەسانە زۆر لەوانە کەمترە کە لە ئینتەرنێتدا گەڕاون بۆ وێنەی مێژوویی زێدگەکەیان، بۆ وێنەی ئەو مۆنیومێنت و باڵەخانەنەی کە جەنگ و کارەساتە سروشتییەکان لەناوی بردوون، بۆ وێنەی کرێکارانی کارگە لە جامایکا (ئەمانە زۆر نایابن، ناتوانم چاوەڕێ بم تا بڵاویان بکەمەوە)، هەروەها بۆ وێنەی ئەو شوێنانەی بەگشتی سیمایەکی جوانیان هەیە.
بەڵام بەدیجیتاڵکردنی شتێک لەهەمان کاتدا گرنگی دانە بە شتەکە، پێدانی پشوویەکە پێی، ڕێگەدانە تا ڤێرژنێکی نوێتر و تازەتر و دەستپێڕاگەیشتووتر بێتە جێگەی. نێگەتیڤ و وێنە شۆردراوەکانی فۆتۆگرافەرەکە وەک ئەو ڕاکەرەی گۆڕەپان و مەیدان وان کە پاش ٧٠ ساڵ ڕاکردن لە یاریگادا ماندوو بوون و ئامادەن بگۆڕدرێن بۆ فایلێکی دیجیتاڵی، کە وێنەکە بۆ داهاتوو هەڵدەگرێت.
شانبەشانی گرنگیدان بە ئەرشیفەکە، گرنگیش بە ڤێرژنە ڕەسەنەکەی فۆتۆگرافەرەکە دەدرێت. کاتێک نێگەتیڤەکان لە ژینگەگەلی پڕئاڵنگاریدا تەمەن دەکەن، ڕوبەڕووی تێکچوون دەبنەوە لە کوالیتیاندا. ئەمەش بەو مانایەی، بەگوێرەی جۆری نێگەتیڤەکە، وێنە ڕەسەنەکە کوالیتی دادەبەزێت و زۆر جیاواز لەوەی مەبەست بووە دەردەکەوێت. بەدیجیتاڵکردن بەر لە ڕوودانی ئەمە، دڵنیایی ئەوە دەدات کە ڤیرژنی فۆتۆگرافەرەکە بۆ هەمیشە لە شێوەی دیجیتاڵیدا دەپارێزرێت و نێگەتیڤەکانیش دەتوانرێن ببردرێنە شونێکی جێگیرتر تا لەوە خراپتر نەبن.
وەلێ چی لەگەڵ ئەو نێگەتیڤانەدا بکەین کە پێشتر خراپ بوون؟ بەداخەوە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا چاککردنەوەیان کاری نەکردەیە. هەرکات ڕێی تێ بچێت، ئێمە وەک ئەوەی هەن بەدیجیتاڵیان دەکەین و بە کەموکورتییەکانیشیانەوە دەیاننرخێنین. خۆبەخشەکان دەیانپشکنن و ئامادەیان دەکەن بۆ بەدیجیتاڵکردن و لە نێو داتابەیسەکەماندا هەموو وردەکارییەکانی فیلمە شوشەییە شکاوەکان و نێگەتیڤە درزتێبووەکان تۆمار دەکەن. لەکاتی پشکنینی کوالیتی وێنە دیجیتاڵەکاندا، دەتوانن شوختە گەورەکان دیاری بکەن و مامەڵە لەگەڵ هێنانەوەی ڕەنگەکاندا بکەن.
هەرچەندە ڤێرژنە ڕەسەنەکان کوالیتیان دابەزیوە، بەڵام نێگەتیڤە خراپبووەکان خاوەنی جوانی تایبەت بە خۆیانن. لێرەدا هەندێک لەوانەی پێمان جوانە دەخەینە ڕوو.
کاتێک نێگەتیڤە لەترشهەڵکێشراوەکە خراپ دەبێت، پێکهاتەی سەرەکی نێگەتیڤەکە دەچێتەوە یەک و جەلاتینەکەی لێ جیا دەبێتەوە. لە نموونەکانی خوارەوەدا، تێکچوون و ڕێڕەوە درووستبووەکان وادەکەن دیمەنەکە وەک دیمەنێکی ژێر ئاو دەربکەوێت.
لە هەندێک لە نێگەتیڤەکاندا، دەکرێت ئەو ڕەنگانەی مادەی دژە سێبەرکردنیان تێدایە لەگەڵ ئەو ترشە کیمیاییەی بە نێگەتیڤەکەدا کراوە کارلێک بکەن و ڕەنگەکەی ببێتە شینباو یان پەمەییباو. ئەم وێنەیەی خوارەوە هەر وەک ئەوەی مەبەست بووە پاشتر دەکرێنە ڕەش و سپی، بەڵام بە ڕەنگاوڕەنگی دیمەنەکان خەونئاسا و هەژێنەرن.
درزبردن باوترین شێوەی خراپبوونەکانە. لە نموونەی یەکەمدا پێم خۆشە درزەکان وەک شوێنهەڵمی فڕۆکە وێنا بکەم. لە دووەم فۆتۆدا، درزەکان زۆر بە ئاسەواری بازدانی دۆلفین دەچن. سێیەم فۆتۆ زۆر سوریالییە، هەلومەرجێکی چاوەڕواننەکراو، سەرەڕای خراپبوونەکەش پەرجووی فۆتۆکە کاری خۆی دەکات.
سەرچاوە: ئینستیتوتی هونەری کۆرتاوڵد