[ ئەنتۆنی کێرستینگ لە ساڵی ١٩٤٤ سەردانی یەزیدییەکان دەکات ]

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

ئەنتۆنی فرانک کێرستینگ (٧ی نۆڤەمبەری ١٩١٦ – ٢ی سێپتەمبەری ٢٠٠٨) فۆتۆگرافەرێکی بەڕیتانییە و بە فۆتۆ تەلارسازییەکانی بەناوبانگە. ئەو فۆتۆگرافەرە لە ساڵی ١٩٤٤ سەردانی ئێزیدییەکان دەکات. هەرچەندە لە زمانیان تێنەگەیشتووە و بە داب و نەریتیشیان ئاشنا نەبووە، بەڵام دەتوانێت زۆر لە ئێزیدییەکان نزیک بکەوێتەوە و فۆتۆگرافیی تایبەتی ئەوان لە ساتی بەجێهێنانی فێستیڤاڵی ساڵانەی خۆیاندا بگرێت.

هەندێک لەو فۆتۆگرافییانەی ئەو گرتوونی لە فۆتۆ ئەرشیفی ئێزیدییەکان بە مۆڵەتی کتێبخانەی کۆنوەی بڵاوکراونەتەوە و لەڕێگەی ئینستیتوتی کۆرتاوڵدی هونەر لە لەندەن تەواوی فۆتۆکان بەدیجیتاڵکراون.

هەموو ساڵێک ئێزیدییەکان زیارەتی لالش دەکەن، کە لە دواییدا بە فێستیڤاڵێکی کۆبوونەوەی گشتی کۆتایی پێدێت، کە بە کۆبوونەوەی شێخ ئادی ناسراوە. فێستیڤاڵی کۆبوونەوەی ئێزیدییەکان ساڵانە ئەنجام دەدرێت و یەکێکە لە گرنگترین فێستیڤاڵ و کۆبوونەوەکانیانە.

کاتێک لە یەکەم ڕۆژدا ساتی زیارەتکردنی لالش دەستپێدەکات، ئێزیدییەکان پێش ئەوەی پردی سیلاس تێپەڕێنن و بگەنە بەشی سەرەوەی دەربەندی لالش پێڵاوەکانیان دادەکەنن و سێ جار دەستییان دەشۆن. هەموو شێخ و زاهیدە دینییەکانی ئێزیدی لەو پڕۆسەیەدا بەشداری دەکەن. کاتێک دەگەن بە پەناگەکەی شێخ ئادی، هەم زیارەتکاران و هەم شێخ و زاهیدە دینییەکان لەوێ کۆدەبنەوە. تەمبور و فلوت دەژەنن، پێکیشەوە سەما دەکەن و قەولی پیرۆز دەڵێنەوە. زاهیدەکان جلوبەرگە نەریتییەکانیان لەبەردایە و شێخەکانیشیان پۆشاکی سپی لەبەردەکەن، فەقیرەکان پۆشاکی قاوەیی و جامانەی ڕەش و قەواڵەکانیش پۆشاکی ڕەش و سپی. زیارەتکارانیش بە هەمان شێوە پۆشاکە ئێزیدییە نەریتییەکانیان لەبەردەکەن. ئەو نەریتانە لە ئەمڕۆدا کەمتر لە نێو ئێزیدییەکاندا باون، بەتایبەتی لە نێو چینی گەنجاندا. ئەو ئاهەنگانە هەموو ئێوارەیەکی ڕۆژانی فێستیڤاڵەکە دووبارە دەبوونەوە، لە پاڵ ئەوەشدا بازاڕەکان لە لالش دەکرانەوە، کە زیارەتکاران خواردن و خواردنەوە و دیارییان لێ دەکڕی.

 یەکێکی تر لە نەریتەکان کە ڕۆژانە لە ماوەی فێستیڤاڵەکەدا ئەنجام دەدرا بەخشینەوەی ژەمە خواردنێکی پیرۆزە کە بە سیمات ناسراوە. سیمات خواردنێکە لە گۆشتی کوڵاو و گەنم پێکدێت و بەسەر زیارەتکاراندا دەبەخشرێتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی میواندارییەکانی شێخ ئادییەوە لە لالشدا بووەتە باو. لە ڕۆژی شەشەمی فێستیڤاڵەکەدا ژەمە خواردنی سیمات جیل میران دەبەخشرێتە خەڵکەکە. ئەم ژەمە تەنها لە گۆشت پێکدێت و دەڵێن هێزێکی تایبەتی تیادایە: بە بڕوای ئێزیدییەکان، خواردنی پارچەیەکی بچووک لەو گۆشتە بەسە بۆ ئەوەی لە تەواوی ساڵەکەدا تەندروست و پارێزراو بتهێڵێتەوە.

یەکێک لە ڕووداوە دیارەکانی ئەو فێستیڤاڵە لە ڕۆژی پێنجەمیدایە کە تیایدا گایەک دەکەن بە قوربانی. لە ماوەی ئەو پڕۆسەیەدا، پیاوی هۆزی جیاواز هەوڵ دەدەن گایەکە بدزن. بەڵام لە ڕێگەی زیارەتکارانی ئامادەبووەوە کە هەریەکە و گۆچانێکیان گرتووە بەدەستیانەوە دووردەخرێنەوە، پاشان گایەکە وەک دیارییەک دەبەخشرێتە میر، کە ئەویش بەرەو شوێنی سەربڕینەکە دەیبات. گۆشتی گایەکە وەک سیمات بەسەر زیارەتکاراندا دابەشدەکرێت. لە شەشەمین ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا، یادی ئەو ڕۆژە دەکرێتەوە کە شێخ ئادی ئەم جیهانەی جێهێشت. لە هەشتەمین ڕۆژ و کۆتا ڕۆژدا ئاهەنگێکی سەمای شێخ و زاهیدەکان نمایش دەکرێت. قەواڵەکان موزیک دەژەنن و یەکێک لە زاهیدەکانیش بە پۆشاکە کۆنەکانی شێخ ئادییەوە دێتە ناویان. یەکێک لە زاهیدەکان بە پۆشاکی سپییەوە شوێنی دەکەوێت. ئەم نەریتی سەمایە نمایندەی حەوت فریشتە دەکات.

فێستیڤاڵەکە هەستی یەکێتی کۆمەڵگەی ئێزیدییەکان بەهێز دەکات بە کۆکردنەوەی گشت ئێزیدییەکانی عێراق و وڵاتانی تریش. هەر لەبەرئەوەیە کە ئەمە تەنها چالاکییەکی گرنگی ڕۆحی نییە، بەڵکو هەلی ئەوەش دەڕەخسێنێت تا خێزان و هاوڕێ لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە زیاتر تێکەڵی یەکتری ببن.

موسڵ

قادیبیلبان ئەلموسڵی (١٠٧٧- ١١٧٩)، کە بە پیر قادیبیلبان ناسراوە، یەکێکە لە زاهیدە ئێزیدییە بەناوبانگەکان. ئەو بە ڕەچەڵەک خەڵکی شاری موسڵە و شوێنکەوتووی ئێزیدیی مەزن، شێخ ئادییە. پەناگەی ئەم زاهیدە دەکەوێتە شاری موسڵ، بەڵام پاش هەڵهاتنی ئێزیدییەکان بەهۆی ڕاوەدوونانیانەوە دەکرێت بە مزگەوت. بەڵام هێشتا تەلارسازی ئێزیدی لە شوێنەوارەکەیدا جێمابوو. پەناگەکەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤ خاپوورکرا.

_____
سەرچاوە: ئەرشیفی فۆتۆی ئێزیدییەکان

Related Posts

Leave a comment