[ئەم ئێوارەیە لە ژنێڤ مرد]

ئەدۆڵفۆ بیۆی کاسارێس (١)
لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر

– هەینی، ١٤ـی فێبریوەریی ١٩٨٦. فێڕاری(٢) پێی ڕاگەیاندم ماوەیەکە بۆرخێس دەنگی نییە و بۆی پەرۆشە. […] پاش قەیرێک درکاندی فانی(٣) بۆی گێڕاوەتەوە کە پزیشکە نوێیەکەی گوتوویەتی ئێستا بۆرخێس لە نۆڕینگەیەکی ژنێڤە. هەروەها بۆرخێس پێی گوتووە: ”هیچ-هیچ باش نیم. نازانم چیم لێ دێ. گرنگیش نییە لە کوێ دەمرم.” بە فانییشی گوتبوو: ”ئیشەڵڵا لەم گەشتەمدا دەمرم.” (پاشان بۆرخێس پەندە چینییەکەی بە زاردا هاتبوو: ”کەس ئەوەندە لاو نییە بەیانی نەمرێ، کەسیش ئەوەندە پیر نییە ساڵێکی دی نەژی.” سا مردنی بە ئاوات نەخواستووە؟ دیارە مەبەستی هەر ئەوە بووە چونکە دەربڕینی ویستی مردن لە ویستی درێژەپێدانی ژیان زۆر ساناترە. هەر بۆیە ئەوەی ئاوات بە مردن دەخوازێ فەیلەسووفێکی چاونەترسە، ئەوەیشی ئاواتەخوازی درێژەپێدانی ژیانە گەمژەیەکی بیرکۆڵ و خۆپەرستە).

– دووشەممە، ١٢ـی مەی. ئەمڕۆ لەگەڵ بۆرخێس دوام، لە ژنێڤە. لای کاتژمێر نۆ کە دەچووین ناشتا بخۆین تەلەفۆنی کرد. سیلڤینا(٤) هەڵیگرت. هەر زوو بۆم دەرکەوت لەگەڵ ماریا کۆداما(٥) دەدوێ. سیلڤینا لێی پرسی کەی دەگەڕێنەوە: ماریا بەرسڤی ئەو پرسیارەی نەدایەوە. سیلڤینا لەگەڵ بۆرخێسیشدا دوا و لێی پرسییەوە: ”کەی دەگەڕێنەوە؟”. بیستۆکەکەی دامێ و لەگەڵ ماریادا دوام. بڕێک قسەوباسی گرنگینەدان و پێشێلکردنی مافی نووسەرانم لەگەڵ کرد (بە ڕێزێکەوە خافڵاندم، بۆ ئەوەی تۆزقاڵێک ئەو بارودۆخەی لە بیر ببەمەوە). پێی ڕاگەیاندم بۆرخێس زۆر باش نییە، باش نابیستێ و بە دەنگی بەرز لەگەڵی دەدوێ. لەپڕ دەنگی بۆرخێس هاتە گوێم و هەواڵیم پرسی. وەرامی دایەوە: ”ئاساییم، زۆریش نا.” پێم گوت: ”زۆر تامەزرۆی بینینتم.” بە دەنگێکی نامۆ هاتە گۆ: ”من ئیتر ناگەڕێمەوە”. پەیوەندییەکە پچڕا. دواتر سیلڤینا بۆی گێڕامەوە: ”هۆن‌-هۆن دەگریا”. سا وا بزانم تەلەفۆنی کرد تا ماڵئاواییم لێ بكا.

– شەممە، ١٤ـی جوون. دوای خواردنی فڕاڤین لەگەڵ فڕانسیس کۆڕن(٦) لە لا بیێلا(٧)، بڕیارم دا تا لای کۆشکی ڕۆژنامەفرۆشیی ئاشاکوچۆ ئی ئالڤێیار(٨) بچم. لاوێکی کزۆڵ سڵاوی لێ کردم و بە هەناسەساردییەوە پێی گوتم: ”ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر تایبەتە”. کاتێک بۆ دووەمین جار ئەم ڕستەیەی پاتە کردەوە لێم پرسی: ”بۆ چی؟” دەقاودەق ئەم پەیڤانە لە زاری دەرپەڕی: ”چونکە بۆرخێس مرد. ئەم ئێوارەیە لە ژنێڤ مرد”. ملی ڕێم گرتەوە بەر. کۆشکەکەم جێ هێشت. چووم بۆ دانەیەکی تر لە کاشاو ئی کینتانا(٩). هەستم دەکرد ئەوە یەکەمین هەنگاوەکانمن لەو جیهانەی بۆرخێسی تێدا نەماوە. گەرچی لەو ئاخروئۆخرەدا بە دەگمەن دەمبینی بەڵام ئەو خووەم هەر تێدا مابوو: ”دەبێ ئا ئەمەی بۆ بگێڕمەوە، دڵنیام بەدڵی دەبێ و گاڵتەیشی لێ دێ.” بیریشم لەوە کردەوە: ”نێوانی مردن و ژیان پەردەیەکی تەنکە. ئەوەتا نزیکین، کەچی هەڵبڕاوین. کاتێک  بۆرخێس لە ژنێڤەوە نەگەڕانەوەی خۆی پێ ڕاگەیاندم و دەنگەکەی پچڕا و داخرایەوە، چۆن تێنەگەیشتم لەوەی بیر لە مردنی خۆی دەکاتەوە؟ قەت بڕوا ناکەین مردن ئەوەندە زوو بەرۆکمان بگرێ. ڕاستییەکەی وا دەنوێنین وەک بڵێی نەمرین. ڕەنگە نەتوانین بە شێوازێکی دی بژیین. دیارە مردنیش لە شارێکی دوورەدەست لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت. هەر خۆیشم کاتێک زۆر نەخۆش دەکەوم، جارجارە پڕبەدڵ حەز دەکەم تاک و تەنیا بم: وەک ئەوەی نەخۆشین و مردن سەرشۆڕی بن، ئێمەی مرۆڤ خوازیاری شاردنەوەیان بین.”

____

پەڕاوێزی وەرگێڕ:

  ١- ئەدۆڵفۆ بیۆی کاسارێس(Adolfo Bioy Casares): نووسەر و وەرگێڕ و بیرازکەر و ڕۆژنامه‌وانی ئەرجەنتینی. ساڵی ١٩١٤ لە بوێنۆس ئایرێس لە دایک بووە. هاوڕێی نزیکی بۆرخێس بووە. خاوەنی پتر لە ٤٠ پەڕتووکە. نووسەرێکی گرنگی ئەرجەنتینە و ساڵی ١٩٩٠ خەڵاتی سێرڤانتێسی بردووەتەوە. ساڵی ١٩٩٩ لە بوێنۆس ئایرێس کۆچی دواییی کردووە.

  ٢- ئۆسڤاڵدۆ فێڕاری(Osvaldo Ferrari): مامۆستای زانکۆ و هۆنه‌ر و وتارنووس و ڕۆژنامەوانی ئەرجەنتینی. ساڵی ١٩٤٨ لە بوێنۆس ئایرێس لە دایک بووە. خاوەنی زیاتر لە ١٢٠ دیمانەیە لەگەڵ بۆرخێس و لە دووتوێی سێ پەڕتووکدا بڵاوی کردوونەتەوە.

  ٣- فانی(Fanny): بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ کارەکەری ماڵی بۆرخێس بووە.

  ٤- سیلڤینا ئۆکامپۆ(Silvina Ocampo): چیرۆکنووس و هۆنەر و هونەرمەندی ئەرجەنتینی. ساڵی ١٩٠٣ لە بوێنۆس ئایرێس لە دایک بووە. ساڵی ١٩٤٠ لەگەڵ ئەدۆڵفۆ بیۆی کاسارێس ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە. خاوەنی پتر لە ٣٠ پەڕتووکی چیرۆک و هۆنراوەیە. ساڵی ١٩٩٣ لە ئەرجەنتین کۆچی دواییی کردووە.

  ٥- ماریا کۆداما(Maria Kodama): مامۆستای زانکۆ و نووسەر و وەرگێڕی ئەرجەنتینی. ساڵی ١٩٣٧ لە بوێنۆس ئایرێس لە دایک بووە. لە تەمەنی ١٦ ساڵییەوە پەیوەندیی لەگەڵ بۆرخێسدا هەبووە و دوای ٤٦ ساڵ، لە ڕێکەوتی ٢٦ـی ئەپڕێلی ١٩٨٦، چەند مانگێک بەر لەوەی بۆرخێس کۆچی دوایی بکا، لە پاراگوای ژیانی هاوبەشیان پێک هێنا. ساڵی ١٩٨٨، ڕێکخراوی خۆرخێ لویس بۆرخێسی دامەزراند. ئێستا تەمەنی ٨٣ ساڵە و نیشتەجێی بوێنۆس ئایرێسە.

٦- فڕانسیس کۆرن (Francis Korn): مامۆستای زانکۆ و نووسەری ئەرجەنتینی. خاوەنی پتر لە ١٠ پەڕتووک و ٧٠ وتاری ئەکادیمییە.

٧- La Biela

٨- Ayacucho y Alvear

٩- Callao y Quintana

_____

سەرچاوە:

(Esta tarde murió en Ginebra, Adolfo Bioy Casares, El País, 14 de octubre de 2006 (Traducido al kurdo por Jiyar Homer

Related Posts

Leave a comment