[ گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆبەرت فڕۆستدا ]

سازدانی: ڕیچارد پۆیرییەر – پاریس ڕیڤیوو

لە ئینگلیزییەوە: هۆنیا ڕەشید

سکێچی هانس بێک

 

بەڕێز فرۆست بە جلێکی هاکەزایی و جوتێک نەعلی بەرزی پەڕۆینەوە هاتە نێو ژووری پێشەوەی ماڵەکەی لە شاری کامبریجی ویلایەتی ماسەچوسس و، بە شێوازێکی بێدەنگ و جیاوازی هاوڕێیانەوە سڵاوی دەبەخشیەوە. سەرباری ئەوەش ھیچ گومانێك لەوەدا نەبوو کە ئەو خاوەن کەسایەتییەکی تەواو بەھێز بوو. بەجۆرێک کە وای دەکرد دەستبەجێ لە هێزە پتە و توندوتۆڵەکەی جەستەی، تەنانەت ئێستاش کە ھەشتا و شەش ساڵە، ئاگادار بیت؛ بەهێزییەک کە لە ڕوخسیاریدا دیارە، لەڕاستیدا ڕوخساری زۆر لە وێنە قارەمانئاسا ناڕێکەکەی نێو فۆتۆکانی  پڕژیانتر و پڕهەستترە.

ئەو مۆرکی قەبەییە، کە سنووری جەستەیی تێپەڕاندووە، بەشێکە لەو وێنە گشتییەی ئەو دروستی کردوە و دەیپارێزێت. ئەوەی کە ئەم وێنەیە هەمیشە بەستراوەتەوە بە چەمکە باوەکانی (ئینگلتەرای نوێ)وە تەنها بابەتێکی سادەی پەیوەست بە خواستە جوگرافییەکانی ئەوەوە نییە. بێگومان بابەتی (ئینگلتەرای نوێ) لە ناونیشان و دیمەنی شیعرەکانیدا، لەوەش گرنگتر، لە مەیلە ئیمێرسۆنیەکانیدا هەیە. بۆ نموونە هەبوونی دژییەکی لە کارەکانیدا، توانای بۆ “بەتاڵکردنەوەی”ی مانای شیعرەکانی لە ڕێگەی چۆنییەتی خوێندنەوەیانەوە. لێکچوونە  تایبەتەکەی لەگەڵ (ئینگلتەرای نوێ)دا ئەوەیە کە توانیویەتی وێنەیەکی تەواوی دروستکراوی خۆی بەسەر جیھاندا بسەپێنێت. ئەوە ڕەخنەگرەکان نین کە پێناسەی فرۆست-یان کردووە، بەڵکو فرۆست خۆیەتی.

ئەو لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا بۆ چەند خولەکێک وەستابوو قسەی دەکرد، قژە سپییە پڕ و بژبووەکەی لەگەڵ تیشکی ڕوناکی درەنگانی دوانیوەڕۆکەدا کە لەسەر بەفری ڕێگاکەی دەرەوە دەدرەوشایەوە یەکی دەگرت. بۆ چەند ساتێك پرسیاری ئەوەت لا دروست دەبوو ئاخۆ  چۆن بەدرێژایی ئەم ژیانە درێژە هەرگیز ڕێگەی نەداوە ئەو وێنە تایبەتەی خۆی گۆڕانی بەسەردا بێت، سەرەڕای بەرکەوتنی بێئەژماری بە ڕووناکی جیاواز. لە جیھانی دەرەوەدا، لە چەندین دەرفەتدا توانیویەتی ڕێ لە خۆی بگرێت تا لەنێو شێوازێک یان بزوتنەوەیەکی ئەدەبی تایبەتدا ون نەبێت، وەک جۆرجییەکان، یان تەنانەت لەنێو بەشێکی کارەکانی خۆشیدا کە بۆ هەندێک لە خوێنەران و ڕەخنەگران بە شێوەیەکی نامۆیانە لە کۆی گشتی ئەزموونی ئەو ڕەنگاوڕەنگتر دەردەکەوێت. لە دیارترین بەشی چاوپێکەوتنەکەدا، فرۆست دەڵێت کە نایەوێت هەندێک لە شیعرەکانی “بێنە دەرەوە،” ئەو دەستەواژەیە، بەو پێیەی هەموو ئەو شیعرانە بڵاوکراونەتەوە، بەڵگەیەکی سەرسوڕھێنەر و نامۆیە بۆ پیشاندانی ڕادەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر کەسایەتییە شاعیرانەکەیدا. هەروەها نیشاندەری ئاگایی ئەوە لەوەی  کە دەکرێت ئەو هەوڵانەی دەیانەوێت ئەو وەک شاعیرێکی فەیلەسوفی تراجیدیی مرۆڤ و سروشت پێناسە بکەن زیاتر سنوردارکەرتر بن، چونکە ئەم پێناسەیە بەشێوەیەکی ئازاربەخشانە مانادارترە لەو پێناسانەی ئەو هەوڵانە دەیانەوێت ڕاستیان بکەنەوە.

زۆر بەدیاریکراوی، لە هەندێ ساتی چاوپێکەوتنەکەدا وا دەردەکەوت کە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ لە ئامێری تۆمارکردنەکەدا ببینێتەوە. بەشێوەیەکی سروشتی، سروشتی بۆ پیاوێك کە لە گێڕانەوەی یادەوەرییەکانیدا زمانپاراو و زۆرجار نەگریسیشە، فرۆست حەزی لە بیرۆکەی چەقبەستن نەبوو، کە پێشبینی کەوتنە ناو بارێکی لەو جۆرەی لێ دەکرا لە ماوەی دوو کاتژمێری گفتوگۆکەدا. لەمەش خراپتر، ئەو دەیزانی کە ھیچ دەستنووسێکی وەرگیراو لە ئامێری دەنگ تۆمارکردنەکەوە ناتوانێت بگات بە وردی ئەو دەنگەی کە ژیان و مانا دەکات بە بەری قسەکانیدا. لە وچانێکی چاوپێکەوتنەکەدا، بەڕێز ڕۆبەرت ئۆکلێری ھاوڕێ و ھاوکارم لە زانکۆی ھارڤارد کە ڕازی بوو وەك گەواھیدەرێك دابنیشێت لەوێ، دانی پێدانا کە ئەوەندە لە بەکارھێنانی ئامێری دەنگ تۆمارکردن نازانین. فرۆست، کە کورسییەکەی جێهێشتبوو بۆ ئەوەی بزانێت ئامێرەکە چۆن کار دەکات، دانی بە هەمان شتدا نا. بەپێکەنینەوە گوتی: “بەڵێ، تێبینی ئەوەم کرد و سوپاستان دەکەم بۆ ئەوە”_پاشان ڕاستەخۆ شتێکی وت کە ڕەنگە زیاتر مەبەستی بابەتەکە ئەمە بێت_ “ئەوان،” پێدەچێت مەبەستی کەسانی “دەرەوە” بێت، “دەیانەوێت خراپ لە بارەی ئامێرەکانەوە بدوێم.”

زانیارییەکی گشتی دەربارەی ئەو ڕێگایانەی جیهان لەڕێگەیانەوە دەیویست دەست بەسەر ئەودا بگرێت و، متمانە بەخۆبوونێك کە ڕێگاکانی خۆی دادپەروەرانەتر و ئازادیخوازترن لەم بەشە و لە تەواوی گفتوگۆکەدا بەدی دەکرا.

فرۆست زۆربەی کاتەکە لەسەر کورسییەکی شینی قەڵەوی ئاخنراو کە بۆ شت نووسین کڕیبووی دانیشتبوو. دەستی بە قسەکردن کرد، کورسییەکە دەسکی نەبوو و ئەوەش ئەو بۆشاییەی بۆ دەستەبەر دەکرد کە پێویستی بوو.

ڕۆبەرت فرۆست:

من لەسەر بۆردی شت نووسین نەبێت ھەرگیز نانووسم. لە ژیانمدا مێزێکم نەبووە و ھەموو جۆرە شتێك بەکار دەھێنم بۆ نووسین، ئەگەر بنی پێڵاوەکەشم بێت.

دیمانەساز:

بۆچی ھەرگیز ئارەزووت بە مێزی شت نووسین نەبووە؟  ئایا لەبەرئەوەیە کە زۆر گەڕاویت و لە زۆر شوێنی جیاوازدا ژیاویت؟

فرۆست:

تەنانەت کە گەنجتریش بووم ھەرگیز مێزم نەبوو. ھیچ کات ژوورێکیشم نەبووە بۆ نووسین.

دیمانەساز:

دەتوانین بڵێین کە لە ئیستادا کامبریج شوێنی بنەمایی نیشتەجێبوونتە؟

فرۆست:

لە زستاندا. بەڵام نزیکەی پێنج مانگە لە شارۆچکەی ڕیپتۆن-م لە شاری ڤێرمۆنت. لەوێ ھاوینێکی دوورودرێژ بەسەر دەبەم. بەڵام ئێرە نووسینگە و شوێنی کارمە.

دیمانەساز:

شوێنەکەت لە ڤێرمۆنت نزیکی قوتابخانەی برێد لووف-ە، وانییە؟

فرۆست:

سێ میل لێوەی دوورە، بەو ڕادەیە نزیك نییە کە لە بەرچاوم بێت. ڕێگایەک جیامان دەکاتەوە، بە چیاکەدا دادەگەڕێم و بە ڕێیەکی لاوەکیدا سەردەکەومەوە. ئەوانەش زیاتر بە شوێنەکەوە دەمبەستنەوە وەك لە خودی شوێنەکە. وانەیەك لە قوتابخانەکە و وانەیەك لە کۆنفڕانسەکە دەڵێمەوە. ئەوە هەموو شتێکە.

دیمانەساز:

تۆ یەکێك بوویت لە بنیادنەرانی قوتابخانەکە، وانییە؟

فرۆست:

وا دەڵێن، پێم وابێت من زیاتر پەیوەندیم بە دەستپێکی کۆنفڕانسەکەوە ھەبێت. زۆر بەشێوەیەکی ئاسایی بە سەرۆك[ی زانکۆی میدڵبوری]م گوت: “بۆچی کە قوتابخانە تەواو بوو ئەم شوێنە وەك شوێنێکی بچوکی گفتووگۆ بەکار ناھێنیت؟” من بیرم لە کارێکی بەردەوام نەدەکردەوە، نە پارەدان، نە هیچ شتێک، تەنھا بانگھێشتکردنی ژمارەیەك لە کەسانی ئەدەب‌دۆست بۆ ھەفتەیەک یان دووان. ستافی چێشتخانەکە ھێشتا لەوێ مابوون. بەڵام دواتر کردیان بە شوێنی بزنسێکی بەردەوام.

دیمانەساز:

کاتێك لەنێوان ساڵانی ١٩١٢ بۆ ١٩١٥ لە ئینگلتەرا بوویت، ھیچ بیرت لەوە کردبووەوە لەوێ بمێنیتەوە؟

فرۆست:

نەخێر. نەخێر، من چووم بۆ ئەوێ بۆ ئەوەی ماوەیەك ھەژارانە بژیم، ھیچی تر. بیرم لەوە نەکردبووەوە کە کتێبێك بە چاپ بگەیەنم. ھەرگیز لێرە کتێبم بە ھیچ کەسێك نەدابوو. ئەوکات سی و ھەشت ساڵان بووم، وانییە؟ شتێکی لەو بابەتە. ھەروەھا پێم وابوو گۆڤارەکان ڕێگای گەیشتنن بە کتێبێک. ھەرگیز بەختم لەگەڵ ئەوانەشدا نەبووە. ھیچ کەسێکیش ئاگاداری من نەبوو. تەنھا ئەوە نەبێ کە جارجارە چەکێکی بانکییان بۆ دەناردم. لەبەرئەوە پێم وانەبوو کە ئامادەبم بۆ کتێبێك. بەڵام من کاتێک چوومە ئەوێ سێ کتێبم نووسیبوو. ئەوانیش، (ویستی کوڕێك)، (باکوری بۆستن) و بەشێك لە کتێبی داھاتووم [مەودای نێوان چیاکان] لەسەر کۆمەڵێک وەرەقەی پەرتوبڵاو.

دیمانەساز:

وردەکاری یەکتربینینی تۆ و ئیزرا پاوند کاتێک لە ئینگلتەرا بوون چۆن بوو؟

فرۆست:

ئەوە لە ڕێگای فرانك فلینت-ی کۆنە ئیمیجست و وەرگێڕەوە بوو. ئەو ھاوڕێی پاوند بوو و سەر بەو کۆمەڵە بچوکەی ئەوێ بوو. لە کتێبخانەیەك چاوی بە من کەوت و گوتی: “ئەمریکییت؟” منیش گوتم: “بەڵێ، چۆنت زانی؟” گوتی: “پێڵاوەکان”. شوێنەکە کتێبخانەیەکی شیعریی ھارۆڵد مۆنرۆ بوو کە تازە داینابوو. گوتی: “شیعر؟” منیش گوتم: “ئەو مژدەیە قبوڵ دەکەم”. دواتر گوتی: “دەبێت یەکێك لە ھاونیشتمانییەکانی خۆت بناسیت، ئێزرا پاوند”. منیش گوتم: “ھەرگیز ناویم نەبیستووە”. ھەرواش بوو، ناویم نەبیستبوو. گۆڤارە ئەدەبییەکانم زۆر نەدەخوێندنەوە، زۆربەیانم دەپەڕاند؛ ئەو مقۆمقۆیانەش، خۆت دەزانیت، زۆر گرنگیان پێ نادەم. دواتر گوتی: “من بەو دەڵێم کە تۆ لێرەیت”. دواتر کارتێکم بۆ ھات لەلایەن پاوندەوە؛ بۆ دوو تا سێ مانگ دوای ئەوە بەکارم نەھێنا.

دیمانەساز:

پاوند کتێبی (ویستی کوڕێك)ی بەر لە چاپکردنی بینی، ڕاستە؟ ئەوە چۆن ڕویدا؟

فرۆست:

کتێبەکە لەو کاتەدا لەلای بڵاوکارەکە بوو. ئەوکاتەی پاوندم بینی، سێ بۆ چوار مانگ دوای ئەوەی کارتەکەی بۆ ناردم، ھێشتا بڵاو نەکرابووەوە. کارتەکەم زۆر بەدڵ نەبوو.

دیمانەساز:

چی تێدا نووسرابوو؟

فرۆست:

تەنها نووسیبووی “لە ماڵەوە، لە مەجالێکدا”. پاوند ئاسا. بۆیە پێم وانەبوو ئەوە بانگھێشتێکی گەرموگوڕ بێت. تا ڕۆژێك لە ناوچەی کێنزینگتۆن بە کۆڵانی چەرچ واڵکدا تێپەڕیم، کارتەکەم دەرھێنا و چوومە ژوورەوە بۆ ئەوەی بەدوایدا بگەڕێم. ئەوم بینی، کەمێك نائاسودە بوو، لە شێوازە پاوندیەکەیدا، لەبەرئەوەی زووتر نەچووبووم. دواتر گوتی: “فلینت پێم دەڵێت کە تۆ کتێبێکت ھەیە”. منیش گوتم: “ڕاستییەکەی، دەبوو ھەمبا.” گوتی: “بۆ، نەتبینیوە؟” منیش گوتم: “نەخێر”. گوتی: “چی دەڵێیت بڕۆین و کۆپییەك دەست بخەین؟” بەپەرۆش بوو بۆ ئەوەی یەکەم کەس بێت قسە بکات. ئەوە باشترین شتە بتوانیت لەبارەی پاوندەوە بیڵێیت، دەیویست یەکەم کەس بێت بازبداتە ناو بابەتەکان. تەلەفۆنی بۆ خەڵك نەدەکرد تا بزانێ چۆن بازدەدەنە ناو بابەتەکان. ئەو بەپەرۆشەوە  بە  بێدەنگی  دەمایەوە.  ڕۆشتین  بۆ  لای  بڵاوکارەکە،  کتێبەکەی وەرگرت.  پیشانی  نەدام  و  خستییە  گیرفانیەوە. ڕۆشتینەوە بۆ ژوورەکەی. بە شێوەئاخاوتنە تاڕادەیەك بەریتانییەکەی گوتی: “خۆ کێشەت نییە بەدڵمان بێت؟” منیش گوتم: “ئۆو، فەرموو، با بەدڵت بێت”. دوای کەمێک بە شتێك پێکەنی. منیش پێم گوت کە دەزانم ئەوە لە کوێی کتێبەکەدایە، کە پاوند بەچی پێدەکەنێت. دەستبەجێ گوتی: “باشتر وایە بگەڕێیتەوە ماڵەوە، من خویندنەوەیەکی بۆ دەکەم”. منیش ھەر دەستم لێ نەدا. بەبێ کتێبەکەم ڕۆشتمەوە ماڵەوە و ئەویش لای خۆی ھێشتیەوە. ھەر بەدەگمەن لە دەستیشیدا بینیبووم.

دیمانەساز:

پێدەچێت پاوند یەکەم خویندنەوەی گرنگی بۆ کتێبەکەت کردبێت، وایە؟

فرۆست:

بەڵێ، لە ئەمریکا، لە ویلایەتی شیکاگۆ چاپکرا. بەڵام ئەوە زۆر یارمەتیدەرم نەبوو لە ئینگلتەرا. خوێندنەوە بۆ کتێبەکە ڕاستەوخۆ دوای دەرچوونی کرا. پێم وابێت زۆربەی ئەوانەی لە ئینگلتەرا خوێندنەوەیان بۆ کرد نەیان زانیبوو کە پێشتر لە شیکاگۆ خوێندنەوەی بۆ کراوە. وا دەرنەدەکەوت کە زانیبێتیان. بەڵام خوێندنەوەکەی پاوند کاریگەریی لەسەر سەرەتای ناوبانگدەرکردنم هەبوو. هەمیشە هەستێکی ڕۆمانسییانەم بەرامبەر ئەو شتانە هەبووە_ئەو جەربەزەکارییەی ئەو پێی بەخشیم. خۆت دەزانیت کە ئەو پێگەیەکی تێکەڵ و زۆر کونجۆڵی ھەبوو لەوێ. ھاوڕێی یتس و ھۆفەر [فۆرد مادۆکس فۆرد] و چەندانی تر بوو.

دیمانەساز:

ھۆفەرت دەناسی؟

فرۆست:

بەڵێ، لەگەڵ پاوند. یتسیش هەر لەگەڵ ئەو.

دیمانەساز:

چەندێك یتست دەبینی کاتێك لە ئینگلتەرا بوویت؟

 فرۆست:

ئۆو، کەمێك، بەڵام لەگەڵ پاوند نزیکی ھەمووکات—پێم وابێت ھەمووکات.

دیمانەساز:

کاتێك شاری لەندەنت بەجێ ھێشت بۆ ئەوەی لە کێڵگەیەك لە گلۆستێشیر بژیت، پێت وابوو بەوە بڕیاێك دژی ئەو کۆمەڵە ئەدەبییەی کە لە شار دۆزیبووتەوە دەدەیت؟

فرۆست:

نەخێر، هەرگیز بڕیارەکەم پەیوەندی بە ڕۆشتنم بۆ ئینگلتەراوە نەبووە. لەو ڕۆژانەدا ھەڵبژاردەکانم تا ڕادەیەك نائاگایانە بوون. ھەر نەمدەزانی کە ئایا پێگەیەکم لەم جیھانەدا ھەیە؛ من پێگەی خۆمم ھەڵنەدەبژارد. دەزانیت چۆنە! ئەو دەنگەی ناخم سەر بە ھیچ کۆمەڵ و لایەنێك نەبوو. ناخیشم دژی ئەوە بوو سەری لێبشێوێنرێت بە_چی پێ دەڵێن؟_ئەوانەی بە خۆیان دەگوت جۆرجییەکان یان ئێدواردییەکان، شتێکی لەو بابەتە، ئەو کەسانەی ئێدوارد  مارش  ئارەزووی  لێیان  بوو.  دەزانم  کە  ئەو  لە کتێبەکەیدا باسی  من  دەکات، بەڵام من ھەرگیز نەمبینیبوو.

دیمانەساز:

ئایا لەنێو ئەو کەسە ئەدەبدۆستانەی تۆ لە لەندەن دەتناسین دیاردەی هەستی سەربە-کۆمەڵەیەک-بوون زۆر بەدی دەکرا؟

فرۆست:

بەڵێ، ئۆو، بەڵێ. لەوێ دۆخەکە پێکەنیناوی بوو. پێم وابێت لێرەش ھەمان شتە. نازانم. من “سەر” بە ئێرە نیم. بەڵام ئەوان دەڵێن، “ئۆو، ئەوە ئەو کابرایەیە کە دەربارەی شتی سادە دەنوسێت بۆ فڵان جەماوەر یان فڵان جۆرە خەڵك”. ھیچ کەسێکی لەو جۆرەتان ھەیە لە ئەمریکا؟” وەك ئەوەی پێشتر بڕیاری لە سەر درابێت. وەك مەیزفێڵد—ئەوان لە گروپەکەدا نەیان دەزانی مەیزفێڵد کێیە، بەڵام، “ئۆو، ئەو ئەو کابرایەیە کە فڵانە شت دەکات، پێم وابێت، بۆ فڵانە جەماوەر”.

دیمانەساز:

ئێدوارد تۆماس باشترین ھاوڕێی ئەو ساڵانەت بوو؟

فرۆست:

بەڵێ، دیسان جیاواز لە ھەموو ھاوتەمەنەکانی. ئەویش وەك من دابڕاو بوو. کەس نەیدەزانی کە شیعر دەنووسێت. شیعری نەدەنووسی ھەتا ئەو کاتەی لە جەنگدا بەشداری کرد و ئەوەش پەیوەندی بە ژیانی من و ژیانی ئەوەوە ھەبوو. دەبوو ببینە دوو هاوڕێی مەزن. نەخێر، ناخم دژی ئەوە بوو ببم بە بەشێك لە ھیچ کام لەو کۆمەڵانەی تر. من ھاوڕێم ھەبوو، بەڵام کورت و پچڕپچڕ بوون، بەشێك لێرە، بەشێك لەوێ. خۆت دەزانیت، دەمتوانی… پاوند ھەفتەی جارێك لەگەڵ شاعیران فلینت و ئەدلینگتن و هیلدا دوولیتڵ کۆبوونەوەیەکی دوانیوەڕوانی ھەبوو، وابزانم پاشتریش تۆماس هیوم هاتە ڕیزیانەوە. هیوم لەگەڵ ئەوان دەستی پێکرد. هەفتەی جارێک یەکدییان دەبینی تا شیعرەکانی یەکدی دووبارە بنووسنەوە.

دیمانەساز:

تۆ جاروبار ھیومت دەبینی؟ ئایا ئەوە لە کاتی ئەو دانیشتنانە بوو کە شیعریان تێدا دەنووسیەوە، یاخود تۆ حەوسەڵەی ئەوانت نەبوو؟

فرۆست:

بەڵێ من ھیومم دەناسی، بە باشی دەمناسی. بەڵام ھەرگیز بۆ ئەو دانیشتنانە نەدەڕۆشتم. من بە پاوندم گوت: “چی دەکەن؟” گوتی: “شیعرەکانی یەکدی دەنووسینەوە”. منیش گوتم: “بۆ؟” گوتی: “بۆ ئەوەی ئاوەکەی بچۆڕێنینەوە”. منیش گوتم: “لەیاری میوانان دەچێت”. “منیش ھونەرمەندێکی جدییم”. بەگاڵتەوە، خۆت دەزانیت. ئەویش پێکەنی و جارێکی دی بانگھێشتی نەکردمەوە.

دیمانەساز:

ئەو پەیوەندییە تایبەتانەی لە ئینگلتەرا لەگەڵ پاوند و ئێدوارد تۆماس و ئەوانەی خۆت پێیان دەڵێیت جۆرجییەکان ھەتبوون— ئەوانە ھیچ پەیوەندییەکیان بە بنیادنانی ئەو ستایلە تایبەتەی خۆتەوە نەبوو، ڕاستە؟ تۆ خۆت ئەو کات سێ بەرگی یەکەمی شیعرەکانیشت نووسیبوون.

فرۆست:

دەتوانین بڵێین، دوو بەرگ و نیو. چەند شیعرێك ھەیە کە کتێبخانەی ھەنتینگتۆن بڵاوی کردوونەتەوە، دەبوو ئەوانەم لە ١٨٩٠ کاندا بنووسیبایە. یەکەم شیعری من کە هێشتاش چاپ دەکرێتەوە هی ١٨٩٠ کانە. ھێشتا چاپ دەکرێت و دەنگدانەوەی ھەیە.

دیمانەساز:

ئەو شیعرە لە کتێبی (ویستی کوڕێک)دا نەبوو، وابزانم کۆنترین شیعر کە لەو کتێبەدا هەبێت ساڵی ١٨٩٤ نووسراوە.

فرۆست:

نەخێر، لەو کتێبەدا نییە. یەکەم شیعر کە فرۆشتم لەوێدایە. یەکەم شیعرم کە چاپکرا، یەکەم شیعر بوو کە نووسیبووم. ھەرگیز شیعر و پەخشانم نەنووسیبوو ھەتا ١٨٩٠.  پێش ئەو کاتە ڕستەی لاتینی و یۆنانیم دەنووسی.

دیمانەساز:

بەشێك لە ڕەخنەگرە پێشینەکانی وەك گارنیك و پاوند زۆر دەربارەی شیعری گریکی و لاتینی دەدوان بە ئاماژەدان بۆ شیعرەکانی تۆ. تۆ نووسەرانی کلاسیکیت زۆر خوێندبوویەوە؟

فرۆست:

ڕەنگە زۆر لەوە زیاتر کە پاوند تا ئێستا خوێندبێتیەوە.

دیمانەساز:

ماوەیەک وانەی زمان و ئەدەبی لاتینییت نەدەگوتەوە؟

فرۆست:

بەڵێ، کاتێک پاش هەڵهاتنم لە کۆلێج گەڕامەوە، پێم وابوو دەتوانم بەرگەی دۆخەکە بگرم گەر تەنها خەریکی زمانی یۆنانی و لاتینی و فەلسەفە بم. ئەو ڕۆژانە تەنها سەرقاڵی ئەوە بووم.

 

 سەرچاوە: ژمارە ٢٤ی پاریس ڕیڤیوو، هاوین و پایزی ١٩٦٠

Related Posts

Leave a comment