[گفتوگۆ لەگەڵ هانیکەدا]

سازدەری گفتووگۆ: لویزا زیلینسکی
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

بەشی دووەم

دیمانەساز:
ئەگەر بۆ تۆ نووسین کۆتایی پڕۆسەکە بێت، ئەی دەستپێک چییە؟ بیرۆکەکانت لەکوێوە سەرچاوە دەگرن؟

هانیکە:
قورسە باسی ئەمە بکەم. ئیلهامی هەریەک لە فیلمەکانم جیاواز بوون، سەرچاوەی درووستبوونی بیرۆکەکانم هیچ خاڵێکی هاوبەشیان نییە. بۆ نموونە، فیلمی (قردێلەی سپی) لە بیرۆکەیەکەوە دروستبوو کە من بەر لە بیست و پێنج ساڵ هەمبوو. دەمویست فیلمێک لەبارەی منداڵە قژکاڵەکانی دەشتاییەکانی باکوری ئەڵمانییاوە دروست بکەم. ئەوە هەموو شتێک بوو. من وێنەیەکی سەرنجڕاکێشم لە مێشکدا بوو.

دیمانەساز:
تۆش تەنها ئەم بیرۆکەیەت لە مێشکتدا پاراست؟ لە ماوەی ئەو بیست و پێنج ساڵەدا ئەو بیرۆکەیەت چۆن گەشەپێدا؟

هانیکە:
بەبەردەوامی درکم بەو شتانە کرد و لەو شتانە تێفکریم کە لە شوێنێکدا نووسیبوومن. بەڵام لە سەرەتادا، تەنها وێنەیەک هەبوو. تەنها شوێنەکە هەبوو، لایەنە سیاسییەکانم زۆر لە دواتردا دیاری کرد، چونکە لە ڕاستیدا من هەر بیرم لەو ڕەهەندانە نەکردبۆوە. دەستم کرد بە خوێندنەوەی ژمارەیەکی زۆری کتێب دەربارەی ئەڵمانیای سەدەی نۆزدەهەم. بەشێکی زۆری بیرۆکەی فیلمەکە لە خوێندنەوەی ئەو کتێبانەوە هاتن کە باسییان لە ژیانی گوندی و تەکنیکی خێزانداری هاوچەرخ دەکرد. بۆ نموونە، بیرۆکەی ئەوەی کە وا لە منداڵ بکەیت قردێلەیەکی سپی ببەستێت، لە ڕاستیدا بیرۆکەی من نەبوو. لە ڕێنماییەکانی دایک و باوکانی سەدەی هەژدەوە وەرمگرت کە ئەوەی نیشان دەدا چۆن دایک و باوک منداڵەکانیان بە ڕۆحێکی پاکەوە پەروەردە بکەن. پێموابوو بیرۆکەکە زۆر زیرەکانەیە و منیش خێرا بەکارم هێنا! بەردەوامبووم لە کۆکردنەوەی تێبینی لەو ڕووەوە تا ئەو کاتەی هەستم کرد بابەتی پێویستم لەبەردەستن. لەگەڵ فیلمەکانی تریشمدا، لەو چرکەساتەدا دانیشتم و دەستم کرد بە ڕێکخستنی بیرۆکەکانم بە شێوەیەکی وردی یەک-بەدوای-یەکدا-هاتوو. تەواو سادەیە، بەڵام هەمیشە دەڵێم کە دەبێت بزانیت ئەو چیرۆکەی دەتەوێت بیگێڕیتەوە چۆن لەگەڵ کاتبەندی فیلمەکەدا دەیگونجێنیت، تەنها بەم ڕێگایە دەتوانیت فیلمێک دروست بکەیت کە بە درێژایی کاتی فیلمەکە سەرنجڕاکێش بێت و بەو شێوەیەش بمێنێتەوە.

دیمانەساز:
ئەی دەربارەی فیلمی (شاراوە)؟ فیلمی (قردێلەی سپی)، ئەمە ڕاست بێت یاخود نا، زۆرینەی کاتەکان وەک فیلمێکی سیاسی باس دەکرێت. ئایا تۆ سوودت لە مێژووی ناکۆکی نێوان فەڕەنسا و جەزائیر وەرگرتووە، یاخود ئیلهامەکەت لە جێگایەکی ترەوە بۆ هاتووە؟

هانیکە:
قورسە بڵێم کە چ شتێک ئیلهامی پێم داوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاستیەکەی ئەوەیە کە زۆرینەی فیلمەکانم کار لەسەر تێمای تاوان دەکات و ئەوەش کە چۆن خەڵک مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن. دەمویست فیلمێک دەربارەی پیاوێک دروست بکەم کە لە منداڵییەوە تاوانێک لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت. لە فیلمەکەدا کارەکتەری سەرەکی خیانەت لە هاوڕێی منداڵیی خۆی دەکات، ئەو شتەش دەرئەنجامی خراپی بۆ هاوڕێکەی لێ دەکەوێتەوە. بەڵام ئەوە بە تەنها کڕۆکی چیرۆکەکە نییە. منداڵان ڕێک بەو جۆرەن، کەسانی خۆپەرستن، هیچ تێڕوانینێکیشیان بۆ لێکەوتەکانی کردارەکانیان نییە. هیچ کێشەیەکیش لەوەدا نییە. ئەوە ئاساییە کە منداڵ خۆپەرستن و بەدڵخۆشییەوە کەانی تر دەکەنە قوربانی. بۆ من پرسیارە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە کە تۆ چۆن لەگەڵ تاوانێکی وادا مامەڵە دەکەیت کاتێک لە هەرزەکاریتدا دەگەڕێتەوە و وەک سێبەرێک دوات دەکەوێت.

کاتێک کارم لەسەر چیرۆکەکەی دەکرد، وا ڕێکەوت فیلمێکی بەڵگەنامەیی دەربارەی کۆمەڵکوژیی پاریسی ساڵی ببینم ١٩٦١ کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر جێهێشتم. هەڵسەنگاندی دۆخەکەم لەگەڵ تەمەنی دانیاڵ ئۆوتوێڵ-دا کرس، چونکە من کارەکتەرەکەم بۆ ئەو نووسی، زۆر بەباشیش گونجا. بەختێکی چاوەڕواننەکراو بوو کە فیلمەکە گرینگییەکی سیاسی لە سەروو کێشە کەسییەکانی هەریەک لەو دوو پیاوەوە بەدەست هێنا. لەگەڵ ئەوەشدا،  ئەوە ڕاستە کە تۆ دەتوانیت خاڵی شاراوەی لەو شێوەیە لە مێژووی کلتووری هەر وڵات یان کلتوورێکدا بدۆزیتەوە. پێشنیاری ئەوەم بۆ کرا کە فیلمەکە لە ئەمریکا دروست بکەمەوە، بەڵام لە ڕاستیدا خواستی ئەوەم نەبوو ئەو کارە بکەم، دڵنیاشم دەمتوانی شتێک بدۆزمەوە بەو جۆرەی دەمەوێت لەوێش کاربکات، بەڵام ئەوە ئەو شتە نەبوو کە من دەمویست.

دیمانەساز:
ئەگەر هەڵە نەبم گەورەترین نیگەرانی تۆ لەو کاتەدا دۆخی سایکۆلۆژی کارەکتەرەکانت بوو؟

هانیکە:
بەدڵنیاییەوە، لە ڕاستیشدا ئەوە تاکە شتە کە لەبارەیەوە دەزانم. هەرگیز پلانم نەبوو کە فیلمێکی سیاسی دروست بکەم. هیواخوازم فیلمەکانم ببنە هۆی بیرکردنەوە و بەرچاوڕۆشنی دروست بکەن، کە بە دڵنیاییەوە، ڕەنگە کاریگەرییەکی سیاسیش دروست بکەن.

هێشتاش قێزم لەو فیلمانە دێتەوە کە ئەجێندایەکی سیاسییان هەیە. مەبەستییانە بینەر هەڵبسوڕێنن، تا بەو ئایدۆلۆژیایەی هەیانە قەناعەت بە بینەر بهێنن. لە پاڵ ئەوەشدا، ئایدۆلۆژیا لە ڕووی هونەرییەوە سەرنجڕاکێش نییە. هەمیشە ئەوە دەڵێم کە ئەگەر شتێک بتوانرێت بۆ چەمکێکی ڕوون بچووک بکرێتەوە، ئەو ئیشە لە ڕووی هونەرییەوە مردووە. ئەگەر تاکە چەمکێک بتوانێت گوزارشت لە شتێک بکات، کەوایە هەموو شت چارەسەرکراوە، یاخود بەلایەنی کەمەوە وا دەردەکەوێت. ڕەنگە هۆکارەکە ئەوە بێت کە قورس بێت بۆم کورتەی فیلمێک بنووسم، ناتوانم ئەو کارە بکەم. ئەگەر لە توانامدا بووایە کە تەواوی فیلمەکەم لە سێ ڕستەدا جێبکەمەوە، کەواتە پێویست نەدەبوو فیلمەکە دروست بکەم و دەبوومە ڕۆژنامەوان، لەو سێ ڕستەیەدا دەچوومە ناو دڵی بابەتەکەوە، خوێنەرەکانیشم دەیانزانی کە ئیشەکە دەربارەی چییە. بەڵام ئەو شتە سەرنجی من ڕاناکێشێت.

تەماشاکە، ژیان خۆی بابەتی هونەرە. تۆ ئامانجتە کە جیهانێکی هاوتەریب لە ڕۆمان و شانۆنامەکەتدا دروست بکەیت. شتە سەرنجڕاکێشەکە ئەو چیرۆکەیە کە لە نێوان کارەکتەرە سەرەکیەکاندا کەشف دەبێت. بەدڵنیاییەوە ئەگەر کەسێک بۆچوونی سیاسی هەبێت، کە هەمووشمان هەمانە، هیچ ڕێگایەک نییە کە بۆچوونانە خۆیان نەخزێننە ناو کارە هونەرییەکەتەوە. بۆ نموونە سێلین توندڕەوێکی ڕاستڕەو بوو. لە کارەکەشیدا دیارە، بەڵام هێشتا وەک نووسەرێک کەسێکی گەمژە نەبوو. هەزاران نموونە هەیە، لە هەردوو لای چەپڕەو و ڕاستەوەکانیشدا. لە ئەکادیمیا، هەمیشە لەبارەی فیلمە پڕوپاگەندەکارە جیاوازەکانەوە  قسەدەکەم تا وا لە خوێندکارەکانم بکەم هەست بەو ڕێگا دیاریکراوە بکەن کە بۆ کارکردن هەڵیانبژاردووە. هەرچەندە لە فیلمەکانمدا سیاسەت تەنها لە ژێرەوە قسەی خۆی دەکات و هەرگیزیش خواستی من نییە کە بەو جۆرە بیانڵێم. تەماشاکە، ئەمە ئەو شتەیە کە دەمەوێت پێتی بڵێم، ئێستاش تۆ وەریبگرە. بابەتی کارکردنی من بابەتی ئینسانین، تا لەگەڵ بینەرەکانمدا دیالۆگێک دروست بکەم و وایان لێبکەم بیر بکەنەوە. شتێکی زیاتری وا نییە کە تۆ بتوانیت لە هونەری درامادا بەدەستی بخەیت. با ڕاستگۆش بم، ناشزانم کە بینەر پێویستە چی بەدەست بهێنیت.

دیمانەساز:
تۆ زۆرجار کارەکتەری بۆرژوازی هێمن و لەسەرخۆمان پیشان دەدەیت، زۆرێکیان شێوەکار، موزیسیان، ڕەخنەگری ئەدەبین، خەڵکانێک بە جۆرێک پێناسەی خۆیان دەکەن کە هەستێکی دیاریکراویان هەیە، ڕەنگە تەنانەت ئەو توانای بیرکردنەوەیەی کە هەر ئێستا باست کرد. لەگەڵ ئەوەشدا تۆ ئەوان وەک کەسانێک دەخەیتە ڕوو کە خۆیان لەو ڕاستیانەی کە بڕوایان وایە تێیگەیشتوون کوێر دەکەن. بۆیە لە سەروو سیاسەتەوە، دەپرسم ئاخۆ گرنگیپێدانێکی کۆمەڵایەتی هەیە کە وات لێ بکات بە دیاریکراوی پرسیار لەسەر بۆرژوازییەکان دروست بکەیت.

هانیکە:
ئەمە بەشێوەیەکی سروشتی ڕاستە، چونکە من خۆم منداڵی خێزانێکی بۆرژوازیم. من هەمیشە دەربارەی ئەو شتانەوە نووسیوومە کە بە شێوەیەکی نزیک تیایدا ژیاوم. بۆ نموونە، من هەرگیز فیلمێک لەبارەی بیناسازێکەوە دروست ناکەم چونکە من لە سایکۆلۆژیای ئەو تێناگەم. ناتوانم فیلم لەبارەی ئەو بابەتانەوە دروست بکەم کە بە من ئاشنا نین. ئەوەی دەبێتە جێی دڵەڕاوکێی من کێشە باوەکانی مرۆڤە، وەکو تاوان و بێباکی؛ ئەو شتانەی لە ژیانی ڕۆژانەی خۆماندا بەریان دەکەوین. بەدڵنیاییەوە، من هەمیشە پلان بۆ ئەوە دادەڕێژم کە دۆخێک دروست بکەم گرنگییەکی زیاتری هەبێت. ئەگەر هەلێک هەبێت تاوەکو ئەوە بکەم، وەک چۆن لە فیلمەکانی (شاراوە) و (قردێلەی سپی)دا کردم، من سوپاسگوزار دەبم. بەڵام خەمی یەکەمم هەمیشە ئەوەیە کە چۆن خەڵکی پەیوەندی لەگەڵ یەکدیدا دروست دەکەن. ئەمەش گرنگیپێدانی هونەری منە بە گشتی.

دیمانەساز:
بەڵام ئایا پێت وایە کە نووسینی چیرۆک لە ئەزموونی شەخسی و باکگراوندی خۆتەوە هەمیشە باشە، یاخود پێویستە؟

هانیکە:
من هەرگیز ئەنجامی باشم لەو خەڵکانەوە نەبینیووە کە هەوڵ دەدەن دەربارەی ئەو شتانە قسەبکەن کە خۆیان ئەزموونیان نەکردووە. باسی ئەفغانستان دەکەن، دەربارەی منداڵەکانی ئەفریقا، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوان تەنها ئەوە دەزانن کە لەسەر تەلەفزیۆنێکەوە بینیوویانە یاخود لە ڕۆژنامەیەکدا خوێندوویانەتەوە. هێشتاش وا خۆیان دەردەخەن_تەنانەت بۆ خۆشیان_ کە دەزانن باسی چی دەکەن. بەڵام ئەوە قسەی قۆڕە. من تەواو بڕوام بەوە هێناوە تەنها ئەو شتانە دەزانم کە لە چواردەورم ڕوودەدەن، ئەوەی دەتوانم بیبینم و ڕۆژانە وەریبگرم، هەروەها ئەوەی تا ئەمڕۆ لە ژیانمدا ئەزموونم کردووە. ئەوانە تاکە شتن کە دەتوانم پشتیان پێ ببەستم. هەر شتێکی تر هەبێت پیشاندانی زانیارییەکە بە بێ ئەوەی قوڵییەکی هەبێت. بەدڵنیاییەوە، من شتەکان ڕێک بەو جۆرە نانووسمەوە کە بەسەرم هاتووە، هەندێک ڕوویانداوە و هەندێک نا. بەڵام بەلایەنی کەمەوە هەوڵدەدەم چیرۆکێک بخولقێنم کە خۆم بتوانم بیناسمەوە.
لە هەمان کاتدا خوێندکارەکانم تەنها بابەتی زۆر ترسناک هەڵدەبژێرن. بۆ ئەوان دەبێت هەمیشە بابەتەکە لەسەر مەسەلەی هۆڵۆکۆست بێت. هەمیشە پێیان دەڵێم کە کەمێک بکشێنەوە. ئێوە خۆشتان نازانن باسی چی دەکەن. تەنها دەتوانن ئەوە بەرهەم بهێننەوە کە خوێندووتانەتەوە یاخود لە جێگەیەکی تر بیستووتانە. ئەوانەی کە تیایدا ژیاون زۆر باشتر باسیان کردووە لەوەی کە ئێوە هەرگیز بتوانن بەو جۆرە باسی لێوە بکەن. هەوڵ بدەن شتێک دروست بکەن کە بە شێوەیەکی سروشتی لە ئەزموونەکانی خۆتانەوە هەڵبقوڵێت. تەنها لەو کاتەدا هەلی ئەوە هەیە بەرهەمەکە ڕەسەن و سەنجڕاکێش بێت. هەر لەبەر ئەمەشە کە لە سات و سەردەمی ئێمەدا ئەو فیلمانەی لە وڵاتە تازە-پێشکەتووەکاندا دروست دەکرێن زۆر لەوانەی خۆمان سەرنجڕاکێشترن. ئەو فیلمانە ئەزموونێکی ڕاستەقینە پیشان دەدەن، بە سۆزێکی ڕاستەقینەشەوە دروست دەکرێن، لەکاتێکدا ئێمەی بینەر لە دەستی دوو و دەستی سێوە دەربارەی ئەم دەزانین. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەتوانین هەست بەوە بکەین کە شتێک ڕاستگۆیانەیە، وەک بینەرێک دەتوانیت خۆشی و نائومێدی دیمەنێکی دیاریکراو هەست پێ بکەیت. ئێمە، لە جیهانە بچووکە پارێزراوەکانماندا، زۆر زیاتر بێ هەست بووین، چونکە ئێمە بەختی ئەوەمان هەیە کە ڕۆژانە ئەزموونی مەترسی نەکەین. هەر ڕێک لەبەر ئەوەشە کە پیشەسازی فیلم لەو شوێنەی پێی دەوترێت جیهانی یەکەم بەوشێوەیە بۆتە ڕۆتین. دووبارەبەکارهێنانەوەیەکی زۆر هەیە. ئێمە توانای پیشاندانی ئەزموونی ڕاستەقینەمان نییە چونکە شتێکی زۆر کەم هەیە بۆ ئەزموونکردن. بە شێوەیەکی سەرەکی، هەموو ئەوەی لێرە جێی نیگەرانی ئێمەیە شتە مادیەکان  و خواستە سێکسییەکانمانن. لەڕاستیدا شتێکی زۆری وا لەژیانماندا نییە.

دیمانەساز:
پێت وانییە دەکرێت ئەوە شتێکی بەبەها بێت_هەرچەندە ئاسان نییە_ کە بەجۆرێک دەربارەی شتە مادییەکان و ئارەزووە سێکسیەکانمان بنووسین کە ژیان ببەخشێتە جیهانی ئەزموونەکانمان؟ ڕەنگە ئەمە ئاڵنگارییەکەی ئێمە بێت، لە نیۆرک، یان ڤیەنا یان بەرلین.

هانیکە:
لە کانگای دڵمەوە من لەگەڵ ئەوەدام.

دیمانەساز:
بۆ من وادەردەکەوێت کە لە چوارچێوەی کارەکانتدا فیلمی (عەشق) نیشاندەری کەمێک گۆڕانکارییە لەو شتەی کە بەردەوام کارت تیایدا کردووە. ئەگەر لە پێشتردا فیلمەکانت باسیان لە کێشەی پەیوەندیبەستن و دڵڕەقی کردبێت، ئەوا بەراورد بەوانە فیلمی (عەشق) بەشێوەیەکی سەرسامکارانە نیانترە، شتێکمان پیشان دەدات کە لە تێگەیشتن و عەشقی ڕاستەقینە دەچێت.

هانیکە:
تەنانەت لەم فیلمەشدائێمە کێشەی پەیوەندی دەبینین، لە نێوان باوک و کچەکەدا. بەڵام دەمویست لە ژیانی دوو هاوسەرەکەدا دۆخێکی نموونەیی دروست بکەم. بەڕاستی یەکیان خۆشدەوێت و ڕێزی یەکتری دەگرن و بۆ ماوەی زیاتر لە پەنجا ساڵ لە نزیکی یەکتر ماونەتەوە. بەدڵنیاییەوە ئەوە زۆر باو نییە، بەڵام پێویستم بەوە بوو تا لە ڕێگەیەوە چیرۆکەکەم بەرەو پێشەوە بەرم. گرنگ بوو کە دوو کەس بن کاتێک تۆ بیانبینیت بڵێیت، واو!  منیش حەزدەکەم بەو جۆرە بژیم. ئەمەش لە تێڕوانینی دراماتۆرگییەوە پێویستە. ئەگەر فیلمەکەم لە دۆخێکی کۆمەڵایەتیی وادا دروست بکردایە کە زەمانەتێکی دارایی تێدا نەبوایە، ئەوا بە تواوەتی دەبووە فیلمێکی جیاواز. کارەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمی عەشق هێشتا بەشداری لە چالاکییە کلتووریە باڵاکاندا دەکە و چێژی لێ وەردەگرن. ئەوان ئاسوودەن، لەگەڵ هاوڕێکانیان دەچن بۆ کۆنسێرت. دەمویست ئەم فیلمە لەبارەی کۆتایی ژیانەوە قسە بکات بێ ئەوەی ببێتە درامایەکی کۆمەڵایەتی. چونکە گرنگ نییە تۆ چەندە دەوڵەمەند و کەسێکی ڕووناکبیریت، ئەگەر نەخۆش بیت و نزیک مەرگ بیت، کاتێکی خۆش بەسەر نابەیت، ئەمەش ئەو شتە بوو کە من دەمویست بیڵێم. دەمویست بپرسم، چۆن دەتوانیت مامەڵە لەگەڵ ئازاری ئەو کەسەدا بکەیت کە خۆشت دەوێت؟ ئەوە دۆخێکی تەحەمولنەکراوە.

لە ژمارە ٢١١ی گۆڤاری پاریس ڕیڤیوو، زستانی ٢٠١٤ بڵاوکراوەتەوە

Related Posts

Leave a comment