سازدانی: دۆناڵد هۆڵ
لە ئینگلیزییەوە: زامۆ بەکر
سکێچ: دی کامێڵ ١٩٥٩
بەشی یەكەم
گفتووگۆکە لە نیویۆڕك و لە ئەپاڕتمانی خاتوو لویز هێنری كۆهن لە هاوس ئۆف بوکس ئەنجامدرا, كە هاوڕێی بەڕێز ئیڵیەت و خاتوو ئیڵیەتە. ئەو کتێبانەی لە ژووری میواندارییەکەدا دەبینران كۆكراوەی کۆمەڵێک كتێبی نووسەرە هاوچەرخەکان بوون. لە سەر دیواری نزیك دەرگای هاتنەژوورەوەكە وێنەیەكی ئیڵیەت هەڵواسرابوو كە لەلایەن خاتوو هێنری وێر ئیڵیەتیی ژن خوشکییەوە کێشرابوو. وێنەیەكی ئیمزاکراوی ئاهەنگی هاوسەرگیری ئیڵیەت لە چوارچێوەیەكی زیویدا لەسەر مێزێك دانراوە. خاتوو كۆهن و خاتوو ئیڵیەت لە سووچێكی ژوورەكەدا لەسەر قەنەفەیەك دانیشتوون لەكاتێكدا بەڕێز ئیڵیەت و سازدەری گفتووگۆکە لە ناوەڕاستی ژوورەكەدا ڕوویان لەیەكدییە، مایكرۆفۆنی دەنگ تۆماركەرەكەش لەسەر زەوییەکە دانراوە و لەنێوانیاندایە.
بەرێز ئیڵیەت زۆرباش دیاربوو. پاش گەڕانەوەی لە گەشتەکەی لە ناساو لە ڕێگای گەڕانەوەی بەرەو لەندەن، سەردانێكی كورتخایەنی بۆ ویلایەتە یەگرتووەكانی ئەمریکا کردبوو. تیشکی خۆر كەمێك ڕەنگی پێستی تاریکتر کردبوو، وا دەردەکەوت كەمێكیش كێشی زیادی كردبێت بەراورد بە گفتووگۆی سێ ساڵ لەمەوبەری لەگەڵ دۆناڵد هۆڵ. بەتێكڕا، گەنجتر و دڵخۆشتر دەهاتە پێش چاو. جارجاریش لە ساتی ئەنجامدانی گفتووگۆکە ئاوڕێکی بۆ خاتوو ئیڵیەتی خێزانی ئەدایەوە، وەک ئەوەی بێ گوتن وەڵامێک لەگەڵ یەکتریدا بگۆڕنەوە.
گفتووگۆی پێشووی دۆناڵد لەگەڵ بەرێز ئیڵیەت لە لەندەن، لە ئۆفیسە بچووکەکەی دەزگای (فایبەر ئاند فایبەر) كە چەند مەترێك کەوتبووە سەروو مەیدانی ڕووسێڵ ئەنجامدرا. ئۆفیسەکەش کۆمەڵێک وێنەی فۆتۆگرافیی لەسەر دیوارەكانی هەڵواسرابوون: لە جێگەیەکدا وێنەیەكەی گەورەی ڤێرجینیا وۆڵف و پۆرترەیتێکی پیۆسی دوازدەهەم هەبوو, لە جێگەیەکی تر وێنەی ئای.ئەی. ڕیچاڕدس، پۆڵ ڤاڵێری، دەبلیو بی یتیس، گۆتە، ماریان مۆر، چارلس ویبڵی، جونا بارنس و كۆمەڵێكی تر هەڵواسرابوون. لەماوەی گفتووگۆکەدا زۆرێک لە شاعیرە گەنجەكان تەماشای ڕووخساری ناو وێنەکانیان دەكرد. یەكێك لەوان باسێکی هێنایە ناوەوە كە چاوەڕێ نەدەکرا بەشێک بێت لە گفتووگۆكەی بەڕێز ئیڵیەت. پاش كاتژمێرێک لە گفتووگۆیەكی ئەدەبی جدی، بەرێز ئیڵیەت كەمێك وەستا تا بیربكاتەوە لەوەی ئەگەر دێرێكی كۆتایی هەبێت بۆ ئامۆژگاری کردنیان. شاعیرە گەنجە ئەمریكییەکە، دەیویست لە زانكۆی ئۆكسفۆرد دەست بە خوێندن بکات وەک چۆن بەرێز ئیڵیەت چل ساڵ پێشتر هەمان هەنگاوی نابوو. ئیڵیەت ئەوەندە بە گرنگییەوە قسەیدەکرد وەک ئەوەی بیەوێت پێشنیاری خۆپارێزیت بۆ بکات، بەڕێز ئیڵیەت ئامۆژگاریی ئەوەی هەبوو کە پۆشاکی ژێرەوەی لە خوری دروستکراو بکڕێت چونکە دیوارەکانی ئۆکسفۆڕد هەمیشە شێدارن. بەڕێز ئیڵیەت لە توانایدایە وەك مامێك هاوڕێیانە و نەرم دەربكەوێت لە کاتێکدا باوەڕی وایە ڕەفتار و پەیام لێکجیاوازن.
بەهەمان شێوە، لە وەڵامدانەوەی سەرنجەکانی تردا ئاماژە گاڵتەئامێزەکانی لەسەر كاغەز دەرناكەون. هەندێکجار یش لە گفتووگۆیەکی گاڵتەئامێزی ناڕاستەوخۆوە بەرەو گفتووگۆیەکی تەواو پێكەنینهێنەر دەچوو. تۆماركەرەكە بەهۆی قاقای پێكەنینی بەڕێز ئیڵیەتەوە خشە خشی تێئەکەوت بەتایبەت لەساتی وەڵامدانەوەی ئەو ڕەخنانەی کە ئیڵیەت لە ئێزرا پاوەندی گرتبوو یان لە وەڵامی پرسیارێکیش دەربارەی شیعرە بڵاونەکراوەکانی بە ناوی كینگ بۆڵۆ کە لەو ڕۆژانەی خوێندکاری هارڤارد بوو نوسیبوونی.
دیمانەساز:
ڕەنگە باشتربێت هەر لە سەرەتاوە دەستپێبكەم. ئایا ئەو هەلومەرجانەت بیردێتەوە كە تێیدا دەستتكرد بە نوسینی شیعر لە سانت لویس لە تەمەنی مناڵیتدا؟
ئیلیەت:
پێموابێت لە تەمەنی چواردە ساڵیدا دەستم بە نووسین کرد، لەژێر كاریگەری عومەر خەیامەکەی فیتزجیڕاڵد، دەستم بە نوسینی چەند شیعرێکی چوارینەیی غەمگین و بێ باوەڕانە و نائومێدانە کرد، لەسەر هەمان شێواز، كە خۆشبەختانە بە تەواوەتی دامركایەوە، بە ڕادەیەک كە تەنانەت بوونیشیان نەما. هیچ كات پیشانی هیچ كەسێكم نەدان. یەكەم شیعری بینراوم ئەو شیعرە بوو كە لە ئەكادیمیای سمیس ڕیكۆرد و پاشانیش لە هارڤارد ئەدڤۆكەیت بڵاوکرایەوە، كە تەنها وەك ڕاهێنانێك بۆ مامۆستای زمانی ئینگلیزیم نووسیبووم و لاسایی شێوازی نووسینی بێن جۆنسنم كردبۆوە. پێیوابوو بۆ کوڕێکی تەمەن پانزە بۆ شانزە ساڵان ئەمە نوسینێکی زۆر باشە. پاشان كۆمەڵێك شیعری ترم لە زانكۆی هارڤارد نوسی، چەند دانەیەک تا بتوانم شیاوبم بۆ هەڵبژاردنی پۆستی سەرنووسەریی هاڕڤارد ئەدڤۆکەیت، کە زۆر چێژم لێوەرگرت. پاشان لە ساڵی دووەمی خوێندنی زانکۆم تا کۆتا ساڵی خوێندنم زۆر چالاک بووم، زیاتر پڕ بەرهەم بووم. سەرەتا لە ژێر کاریگەری بۆدلێر پاشانیش لەژێر کاریگەری جولێس لافۆرج، کە پێموابێت لە قۆناغی دووەمی زانکۆمدا ئاشنای بووم.
دیمانەساز:
ئایا كەسێکی دیاریکراو هەیە تۆی بە هۆزانڤانە فەڕەنسییەكان ناساندبێت؟ پێموایە ئیرڤینگ بابیتی ناگرێتەوە.
ئیلیەت:
نا, بابیت دواهەمین کەس بوو. تاكە شیعر كە بابیت زۆر لای پەسەند بوو “لاواندنەوە”كەی تۆماس گرەی بوو. شیعرێکی باشە بەڵام پێموایە ئەم خاڵە هەندێك سنوورداری کردبوو، خوا لێیخۆشبێت. من سەرچاوەكەی خۆمم بڵاوكردۆتەوە. پێموایە ئەوە كتێبەكەی سیمۆنسە لەبارەی شیعری فەڕەنسییەوە، كە بەڕێكەوت لە هارڤارد یونیەن بەرچاومكەوت. لەو سەردەمەدا هارڤارد یونیەن شوێنی یەكتر بینینی ئەو خوێندكارانەی زانكۆ بوو كە دەیانوویست بەشێک بن لەو زانکۆیە. كتێبخانەیەكی بچووكی قەشەنگیشیان هەبوو، هەروەك ئەو كتێبخانانەی كە ئێستا لەهەر ماڵێكی هارڤارد بوونی هەیە. ئارەزووی وتەكانی سیمۆنس بووم و چووم بۆ كتێبفرۆشێكی بیانی لە جێگەیەک لە بۆستن (ناوەكەیم لە یاد نەماوە و ناشزانم ئەگەر ئێستا مابێتیش) كە تایبەت بوو بە كتێبی فەڕەنسی و ئەڵمانی و كتێبی بیانی تر و ئیدی لەوێ كتێببی لافۆڕج و هەندێ شاعیرانی ترم بەرچاوكەوت. نەمدەتوانی وێنای ئەوە بکەم بۆچی ئەو كتێب فرۆشە کتێبی چەند ژمارەیەکی كەمی شاعیرانی وەك لافڕۆجی هەبوو. خوا ئەیزانێ لە كەیەوە ئەو بەرهەمانەیان هەبووە یاخود ئاخۆ داواكارییان لەسەربووە.
دیمانەساز:
كاتێک خوێندكاری زانكۆ بوویت، ئەوەندەی ئاگادار بیت هیچ شاعیرێکی بەتەمەنتر هەبوو کە ئامادەییەکی باڵادەستی هەبێت؟ لەمڕۆدا شاعیرە گەنجەکان هاوسەردەمی شاعیرانی وەک ئیڵیەت و پاوند و ستیڤنس دەنووسن. دەتوانیت هەستی خۆتت دەربارەی سات و ڕووداوە ئەدەبیەکان وەبیر بێتەوە؟ دەمەوێت بزانم گەر هەلومەرجی ئەو كاتی تۆش زۆر جیاواز نەبووبێت.
ئیلیەت:
پێموایە ئەوە زیاتر ئەرێنی و سوودبەخش بوو كە هیچ شاعیرێکی زیندوو لە ئەمریكا و بەریتانیادا نەبوو کە خەڵکی بایەخێکی تایبەتیان پێبدات. نازانم گەر وابوایە دۆخەکە چۆن دەکەوتەوە، بەڵام پێموایە هەبوونی کۆمەڵێک شاعیری باڵادەست، وەک ئەوەی خۆت وا ناویان دەبەیت، زیاتر وەک بیربڵاوییەکی کێشەساز دەکەوتەوە. بەڵام خۆشبەختانە ئێمە تووشی ئەو سەرئێشەی یەکتربێزارکردنە نەبووین.
دیمانەساز:
هیچ ئاگات لە کەسانی وەکو هاردی و ڕۆبنسن هەبوو؟
ئیلیەت:
کەمێک ئاگاداری ڕۆبنسن بووم، بەوپێیەی وتارێكم لە (گۆڤاری مانگانەی ئەتڵەنتیك) دەربارەی خوێندەوە كە تێیدا چەند پارچەیەک لە شیعرەکانی بڵاوكرابۆوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ زەوقی مندا نەدەهاتەوە. هاردی هیچ ناوبانگێكی وەك شاعیر لەو سەردەمەدا نەبوو. كەسانێك هەبوون ڕۆمانەكانی ئەویان دەخوێندەوە، بەڵام شیعرەکانی تەنها بۆ نەوەی دواتر بەناوبانگ بوون. پاشان ولیام یتس دەرکەوت، بەڵام یتس ئەو كات سەرەتای بوو. لەوە زیاتر بەرگەی کتێبە شیعری (زەردەپەڕی سکۆتلەندی) م نەدەگرت. لە ڕاستیدا هیچ شتێكی تێدا نەبوو جگە لەو خەڵکانەی ساڵانی ١٨٩٠ ەکان کە هەموویان بەهۆی خواردنەوەی مەی، خۆكوشتن، ئەم یان ئەو شتی ترەوە مردبوون.
دیمانەساز:
ئایا تۆ و كۆنارد ئایكن لە شیعرنووسیندا یارمەتی یەکتریتان دەدا كاتێك لە گۆڤاری (هارڤارد ئەدڤۆكەیت) پێكەوە سەرنووسەر بوون؟
ئیلیەت:
ئێمە هاوڕێ بووین، بەڵام باوەڕم وا نییە كە کاریگەریمان لەسەر یەكدی هەبووبێت. كاتێك باس دەهاتە سەر نووسەرانی بیانی، ئەو زیاتر مەیلی بەلای نووسەرانی ئیتاڵی و ئیسپانیدا دەچوو، منیش تەنها مەیلم لای نووسەرە فەڕەنسییەکان بوو.
دیمانەساز:
ئایا هیچ هاوڕێیەکی تر هەبوو شیعرەكانت بخوێنێتەوە و یارمەتیت بدات؟
ئیلیەت:
لەڕاستیدا، بەڵێ. پیاوێك هەبوو كە هاوڕێی براكەم بوو، ناوی تۆماس ئێچ تۆماس بوو و لە کامبریج دەژیا و هەندێک لە شیعرەکانمی لە گۆڤاری (هارڤارد ئەدڤۆکەیت) خوێندبۆوە. نامەیەکی پڕ جۆشوخرۆشی بۆ نووسیم و زۆر دڵخۆشی کردم. بریا هێشتا ئەو نامانەم مابان. زۆر سووپاسگوزاری هاندانەکانی ئەو بووم.
دیمانەساز:
پێموایە ئەوە كۆنراد ئایكن بوو کە تۆ و کارەکانتی بە ئێزرا پاوند ناساند؟
ئیلیەت:
بەڵێ وا بوو. ئایکن هاوڕێیەكی زۆر بەخشندە بوو. هاوینێکیان کە لە خوێندن تەواو بوو، هەوڵیدا هەندێ لە شیعرەکانم لەگەڵ ئەوانەی هارلۆد مۆنرۆ و هەندێکی دیدا لە لەندەن بڵاو بکاتەوە. هیچ كەس نەیدەویست شیعرەکانم بڵاوبکاتەوە. لەگەڵ دەستیدا شیعرەکانی بۆ هێنامەوە. پاشان پێموابێت هاوینی ساڵی ١٩١٤بوو کە هەردووكمان لە لەندەن بووین. كۆنراد پێی گوتم، “بچۆرە لای پاوند. شیعرەکانتی نیشان بدە.” پێیوابوو ڕەنگە پاوند لای پەسەند بن. ئایكن لای پەسەند بوو، هەرچەندە زۆر لە شیعرەکانی ئەو جیاواز بوون.
دیمانەساز:
ئایا وردەکاری یەكەم دیدارت لەگەڵ پاوند دێتەوە یاد؟
ئیلیەت:
پێموابێت یەکەمجار من سەرم لێدا. لەو باوەڕەدام لەو ژووری دانیشتنە سێگۆشەییەی کینگستن، کاریگەرییەکی باشم جێهێشتبێت. گوتی، “شیعرەکانتم بۆ بنێرە.” لە وەڵامدا نوسیبووی، “ئەمانە هێندەی ئەو شیعرە باشانەی تا ئێستا بینیومن باشن. سەردانێكم بكە و با گفتوگۆیان لەبارەوە بكەین.” پاشان شیعرەکانمی بۆ هارێت مۆنرو نارد و زۆری لێکردن بڵاویان بكەنەوە، ئەوەش كەمێك كاتی ویست.
دیمانەساز:
لە وتارێكی ئایکندا دەربارەی بەسەربردنی ڕۆژەکانت لە گۆڤاری (ئەدڤۆكەیت)، وتارێکی تایبەت بۆ ئەو كتێبەی لە ڕێزلێنانی یادی شەستساڵەی لەدایکبوونت ئامادە کرابوو، ئایكن لە نامەیەکی تۆدا کە لە ئینگلتەراوە ناردووتە دێڕێک دەخاتە ڕوو کە تێیدا وەک “تا ئاستێکی جێی بەزەیی کرچوکاڵ” ئاماژە بە شیعرەکانی پاوەند دەدەیت. بۆ من جێی پرسیارە کە کەی بیروبۆچوونتان لەو بارەیەوە گۆڕی؟
ئیلیەت:
ئەها! كەمێك ڕوودارانە بوو، وانییە؟ یەکەمجار سەرنووسەرێکی گۆڤاری (هارڤارد ئەدڤۆکەیت) بە ناوی دەبڵیو. جی تینکۆم-فێرناندێز شیعرەکانیی ئێزرا پاوندی پیشاندام، ئەو هاوڕێیەکی گیانیبەگیانی من و كۆنڕاد ئایكن و شاعیرانی تری ئەو قۆناغە بوو. دوو دەفتەرەشیعری بچووکی ئیزراپاوندی نیشاندام بە ناوەکانی (شادی) و (ڕووبەند) کە لەلایەن ئێلکین ماسیوسەوە بڵاوکرابوویەوە گوتی، “ئەمە بە دڵی تۆیە؛دەبێ بەدڵت بێت.” لەڕاستیدا, هیچ بەدڵم نەبوو. وەک شتگەلێکی خەیاڵی و كۆن و ڕۆمانسی دەهاتنە پێش چاوم، شتێکی نهێنیئامێز بوو. من هیچ پێیان سەرسام نەبووم. کاتێک چووم پاوند ببینم، من هیچ سەرسام نەبووم بە کارەکانی، بەڵام ئێستا ئەو كارانەی ئەو كاتە بینیمن بە دەستکەوتێکی گەورە دەبینم، دڵنیاشم كارەكانی دواتری نوسینی زۆر باشتریان تێدایە.
دیمانەساز:
لە چاپكراوێکتدا ئەوەت خستۆتە ڕوو كە پاوند “وێرانە خاک”ی لە شیعرێكی دوورودرێژەوە کورت کردۆتەوە بۆ ئەو شیعرەی ئێستا بەردەستە. تۆ بە شێوەیەكی گشتی سوودت لە ڕەخنەكانی وەرگرتووە دەربارەی شیعرەکانت؟ هیچ شیعرێکی تری تۆی كورت كردۆتەوە؟
ئیلیەت:
بەڵێ. لەو قۆناغەدا، بەڵێ. ئەو ڕەخنەگرێکی بێهاوتا بوو، چونكە هەوڵی نەئەدا بتکاتە کەسێک لاسایی ئەو بکەیتەوە، بەڵكو دەیویست بزانێت تۆ دەتەوێت چی بکەیت.
دیمانەساز:
ئایا هاوکاربوویت لە نووسینەوەی شیعری هاوڕێ شاعیرەکانتدا؟ بۆنمونە شیعری یەكێكی وەك ئێزرا پاوند؟
ئیلیەت:
هیچ نموونەیەکی وام لە خەیاڵدا نییە. بەدڵنیاییەوە، لە بیستوپێنج ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر پێشنیارم لەسەر دەستنووسی شاعیرە گەنجەكانی ئەوسەردەمە کردووە.
سەرچاوە: پاریس ڕیڤیوو
ژمارە ٢١، بەهار و هاوینی ١٩٥٩