بەشی دووەم
لە ئینگلیزییەوە: زانا عوسمان
دیمانەساز:
لەو ساڵانەی لە هیندستان بوویت چیت زیاتر بەیاد دێتەوە؟
نیرۆدا:
مانەوەم لەوێ ئەزموونێک بوو خۆمم بۆ ئامادە نەکردبوو. شانوشکۆی ئەو کیشوەرە لە ناخەوە جوڵاندمی، بەڵام هەستیشم بە بێچارەیی دەکرد، چونکە ژیان و تەنهاییم لەوێ زۆر درێژەی کێشا. هەندێک جار وام هەست دەکرد گیرۆدەی ناو فیلمێکی ڕەنگاوڕەنگم_فیلمێکی نایاب، بەڵام فیلمێک کە ڕێگەی چوونەدەرەم لێی نەبوو. هەرگیز ئەزموونی ئەو سۆفیزمەم نەکردبوو کە لە هیندستان ڕێبەریی ژمارەیەکی زۆری خەڵکانی ئەمریکای باشوور و خەڵکانی بیانی تری دەکرد. ئەو کەسانەی بۆ گەڕان بەشوێن ئاینێکدا کە وەڵامی نیگەرانییەکانیان بداتەوە دەچنە هیندستان، شتەکان بە ڕێگایەکی جیاواز دەبینن. سەبارەت بە منیش، بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان زۆر بە قووڵی کاریان تێکردم_ ئەو نەتەوە گەورە لەچەکداماڵێنراوە، بێبەرگری، وابەستەکراوی چەوساندنەوەی شانشینی بەریتانیا. تەنانەت کلتووری ئینگلیزیش، کە من تاسەیەکی زۆرم بۆی هەبوو، توڕەی دەکردم، چونکە ببووە کەرەستەی ژێردەستەیی هزریی بۆ ژمارەیەکی زۆری هیندوو لەو کاتەدا. تێکەڵی لاوە شۆڕشگێڕەکانی کیشوەرەکە بووم؛ سەرەڕای پۆستە ڕاوێژکارییەکەم، توانیم هەموو شۆڕشخوازەکان بناسم_ئەوانەی سەر بەو بزتنەوە مەزنە بوون کە سەربەخۆییان بەدەست هێنا.
دیمانەساز:
ئایا لە هیندستان دەفتەرەشیعری (نیشتەجێی زەوی) ت نووسی؟
نیرۆدا:
بەڵێ، بەڵام هیندستان کاریگەرییەکی هرزی زۆر کەمی لەسەر شیعری من هەبوو.
دیمانەساز:
ئایا لە شاری ڕانگوون-ەوە ئەو نامە جوانانەت بۆ نووسەری ئەرجەنتینی هێکتەر یاندی نارد؟
نیرۆدا:
بەڵێ، ئەو نامانە لە ژیانمدا گرنگ بوون، چونکە ئەو، نووسەرێک کە من ڕووبەڕوو نەمدەناسی، وەک سامرییەکی چاکەخواز ئەوەی لەئەستۆی خۆی گرتبوو کە لە دەنگوباس ئاگادارم بکاتەوە، کە ڕۆژنامە و گۆڤارم بۆ بنێرێت، کە هاوکارم بێت تا لەگەڵ تەنیاییەکەمدا هەڵبکەم. دەترسام پەیوەندی لەگەڵ زمانەکەی خۆمدا لەدەست بدەم، بۆ چەندین ساڵ کەسێکم نەبینی ئیسپانی قسە بکات. لە نامەیەکمدا بۆ ڕافایێل ئەلبێرت ناچار بووم داوای فەرهەنگێکی ئیسپانی بکەم. من بۆ پۆستی ڕاوێژکار دانرابووم، بەڵام پۆستێکی نزم بوو و مووچەیەکی وای نەبوو. لە سەخترین دۆخی هەژاری و تەنیاییەکی سەختتریشدا ژیام. بۆ چەندین هەفتە کەسێکی ترم نەدەبینی.
دیمانەساز:
ئەو کاتەی لەوێ بوویت پەیوەندییەکی ئەوینداریی ناوازەت لەگەڵ جۆسێ بلیس-دا هەبوو، کە لە چەندین شیعردا ناوت هێناوە.
نیرۆدا:
بەڵێ، جۆسێ بلیس ژنێک بوو کە جێپەنجەیەکی قووڵی بەسەر شیعرەکانمەوە جێ هێشت. هەمیشە یادی ئەوم کردۆتەوە، تەنانەت لە کتێبەکانی ئەم دواییانەشمدا.
دیمانەساز:
کەوابێ بەرهەمەکانتان بەتووندی ژیانی تایبەتیتانەوە بەستراونەتەوە.
نیرۆدا:
ئەوە سروشتییە. دەبێت ژیانی شاعیر لە شیعرەکانیدا ڕەنگ بداتەوە. ئەوە یاسای هونەر و یاسایەکی ژیانیشە.
دیمانەساز:
بەرهەمەکانت دەکرێت بەسەر چەند قۆناغێکدا دەبەش بکرێن، ناکرێت؟
دیمانەساز:
لەوبارەیەوە چەند بیرکردنەوەیەکی تەواو شپرزەم هەیە. من خۆم قۆناغم نییە؛ ڕەخنەگرەکان دەیاندۆزنەوە. گەر بتوانم شتێک بڵێم، ئەوەیە شیعری من تایبەتمەندی زیندەوەرێکی هەیە؛ منداڵانەیە، کاتێک مێردمنداڵ بووم، گەنجانەیە، کاتێک لاو بووم، بێچارانەیە، کاتێک خەمم چەشتووە، لاسارە، کاتێک دەبوو بچمە ململانێی کۆمەڵایەتییەوە. تێکەڵەیەک لەم مەیلانە لە شیعری ئێستامدا ئامادەیە. من هەمیشە لە پێویستییەکی ناوەکییەوە نووسیومە، واشدەزانم کە ئەوە بۆ هەموو نووسەرێک ڕاست بێت، بەتایبەت بۆ شاعیران.
دیمانەساز:
بینیومیت کە لە ئوتۆمبێلدا دەنووسیت.
نیرۆدا:
من لە هەر شوێنێکدا و هەر کاتێکدا کە بتوانم دەنووسم، بەڵام هەمیشە خەریک نووسینم.
دیمانەساز:
ئایا هەمیشە بە دەست دەنووسی؟
نیرۆدا:
لەو کاتەوەی توشی ڕووداوێک بووم کە تێیدا پەنجەیەکم شکا و نەمتوانی ئامێری تایپکردنەکە بۆ چەند مانگێک بەکار بهێنم، شوێن ئەو ڕەفتارەی سەردەمی لاویم کەوتووم و گەڕاومەتەوە بۆ نووسین بە دەست. کاتێک پەنجەم باشتر بوو و توانیم تایپ بکەمەوە، بۆم دەرکەوت کاتێک بە دەست دەنووسم شیعرەکانم هەستیار ترن؛ فۆڕمەکانی بەئاسانی دەکرا بگۆڕێن. لە دیمانەیەکدا، ڕۆبێرت گراڤێس دەڵێت کە کەسێت بۆ ئەوەی بتوانێت بیر بکاتەوە دەبێت کەمترین شتی لە بەردەستدا بێت کە بە دەست درووست نەکرابێت. دەکرا ئەوەش بڵێت کە شیعر دەبێت بە دەست بنووسرێت. ئامێری تایپکردنەکە منی لە دۆستاییەکی قووڵ لەگەڵ شیعردا جیا کردبووەوە، دەستەکانم منیان لەو دۆستایەتییە نزیکتر کردەوە.
دیمانەساز:
کاتژمێرەکانی کارکردنت کامانەن؟
نیرۆدا:
خشتەیەکی دیاریکراوم نییە، بەڵام بەیانیانم بەلاوە باشترە. با بڵێین گەر تۆ لێرە نەبوویتایە و کاتی منت (یان کاتی خۆتت) بەفیڕۆ نەدایە، ئەوا ئێستا خەیرکی نووسین دەبووم. لە ڕۆژدا زۆر ناخوێنمەوە. پێم باشترە تەواوی ڕۆژەکە بنووسم، بەڵام زۆرجار پێگەیشتوویی بیرۆکەیەک، دەربڕینێک، شتێک کە بەشێوەیەکی پڕهەراوهۆریا لە خۆمەوە سەرچاوە ئەگرێت_با زاراوە ناسراوەکە بەکار بهێنین، “ئیلهام”_ ئەو شتەیە کە وام لێ دەکات قایل، یان ماندوو، یان ئارام، یان بەتاڵ ببمەوە. واتە، چیتر نەتوانم بەردەوام بم. جگە لەوە، زۆر لەوە زیاتر حەزم لە ژیانە تا بەدرێژایی ڕۆژەکە لەسەر مێزێک دابنیشم. پێمخۆشە خۆم بخەمە ڕووداوەکانی ژیانەوە، ماڵەکەمەوە، سیاسەتەوە، هەوەها سروشتەوە. من هەمیشە دێم و دەچم. بەڵام کەی بتوانم و لەهەر کوێیەک بم ئەوا بەچڕی دەنووسم. گەر کەسانێکی زۆریش لە چواردەورم بن پێی بێزار نابم.
دیمانەساز:
تۆ خۆت بەتەواوی لە چواردەورەکەت دادەبڕیت؟
نیرۆدا:
تەواو خۆم دادەبڕم، گەر لەناکاویش شتەکان بێدەنگ بن، ئەوا ئەوە بێزارم دەکات.
دیمانەساز:
هەرگیز زۆر بەلای نووسینی پەخشاندا نەچوویت.
نیرۆدا:
نووسینی پەخشان… بەدرێژایی ژیانم هەستم بە پێویستیی نوسین لە شیعردا کردووە. دەربڕین بە پەخشان سەرنجم ڕاناکێشێت. من پەخشان بۆ دەربڕینی جۆرێکی تایبەت لە هەست و ڕووداوی تێپەڕ بەکار دەهێنم کە وا دەخوازن بگێڕدرێنەوە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕەنگە پەخشان وام لێبکات هەر واز لە نووسین بهێنم. هەربۆیە تەنها ناوەناوە پەخشان دەنووسم.
دیمانەساز:
گەر ناچار بیت کارەکانت لە ئاگرێک ڕزگار بکەیت، کامە کارت ڕزگار دەکەیت؟
نیرۆدا:
ڕەنگا هیچیان. چ پێویستییەکم پێیان دەبێت؟ پێم باشترە کیژێک… یان کۆمەڵەچیرۆکێکی پۆلیسی ڕزگار بکەم… کە زیاتر لە کارەکانی خۆم خۆشیم پێ دەبەخشێت.
دیمانەساز:
کام لە ڕەخنەکارەکانت باشتر لە کارەکانت تێگەیشتووە؟
نیرۆدا: ئاه! ڕەخەکارانی من! ڕەخنەکارەکانم منیان لەت لەت کردووە، بەو هەموو ڕق و خۆشەویستییەوە! لە ژیاندا، هەر وەک لە هونەردا، ناتوانیت دڵی هەموو کەس ڕازی کەیت، ئەوەش دۆخێکە بەردەوام لەگەڵ ئێمەدایە. خەڵکی بەردەوام ماچ و زلە، میهرەبانی و لێدانیان پێ دەگات، بۆ شاعیرانیش هەر وایە. ئەوەی پێمناخۆشە ئەو شێواندنەیە کە لە لێکدانەوەی شیعردا یان ڕووداوەکانی ژیانی کەسێکدا دەکرێت. بۆ نموونە، لە کۆبوونەوەی یانەی (P.E.N) لە شاری نیویۆرک، کە کەسانێکی زۆری لە شوێنە جیاوازەکانەوە کۆ کردبوویەوە، شیعرە کۆمەڵایەتییەکانم خوێندەوە، تەنانەت لە کالیفۆڕنیا شیعری زیاتریشم خوێندەوە؛ کۆمەڵێک شیعری پێشکەشکراو بە کوبا وەک پاڵپشتییەک بۆ شۆڕسی خەڵکی کوبا. کەچی نووسەرانی کوبا نامەیەکیان ئیمزا کرد و ملیۆنان دانەیەن لێ بڵاو کردەوە کە تێیدا بیروڕاکانم گومانیان خرابوونە سەر. هەروەها بەتەنیا منیان وەک بوونەوەرێک خستبوویە ڕوو کە لەلایەن وڵاتانی ئەمریکای باکوورەوە دەپارێزرێم؛ تەنەت ئەوەشیان وتبوو کە چوونەناوەوەی من بۆ ئەمریکا دیارییەک بووە. ئەوە تەواو بێمانایە، گەر نەشڵێم هەر هەڵیتوپەڵیتە. چوونکە زۆر نووسەر لە وڵاتە سۆشیالیستەکانەوە هاتبوون؛ تەنانەت هاتنی نووسەرانی کوباش چاوەڕوانکراو بوو. ئێمە بە چوونمان بۆ نیویۆرک کەسایەتیی دژە-سەرمایەدارانەی خۆمانمان لەدەست نەدا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوە ئەو شتانە بوون کە وترابوون، جا چ بەهۆی پەلەکردنەوە یان بڕوای خراپی نووسەرانی کوباوە بووبێت. ئەو ڕاستییەی کە من ئێستا بەربژێری پارتی کۆمیۆنیستم بۆ سەرۆکایەتی کۆمارەکە ئەوە پیشان دەدات کە مێژوویەکی شۆڕشگێڕانەی ڕاستەقینەم هەیە. شتێکی قورس دەبێت گەر تەنانەت یەک نووسەریش لەوانەدا بدۆزیتەوە کە ئەو نامەیەیان ئیمزا کردبوو کە بتوانی بەراوردیان بکەیت بە وابەستەیی منەوە بۆ نووسینی شۆڕشگێرانە، کەسێکیان کە یەک لە هەزاری ئەوەی کردبێت کە من لەپێناویدا جەنگاوم.
دیمانەساز:
کەسانێک ڕەخنەیان لە شێوازی ژیان و دۆخی ئابووریتان گرتووە؟
نیرۆدا:
بەشێوەیەکی گشتی ئەوە هەمووی ئەفسانەیە. بە مانایەکی دیاریکراو، ئێمە میراتێکی خراپمان لە ئیسپانیاوە بۆ ماوەتەوە، کە هەرگیز ناتوانن لەگەڵ ئەوەدا هەڵکەن کە خەڵکی خۆیان لە هیچ شتێکدا دەرکەون و دیار بن. ئیسپانییەکان کریستۆڤەر کۆڵۆمبۆسیان لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ ئیسپانیا قۆڵبەست کرد. ئێمە ئەوەمان لە وردە بۆرژوازیە حەسوودەکانەوە وەرگرتووە، کە بەردەوام لەبیری ئەوەدان ئەوانی تر چییان هەیە و چییان نییە. سەبارەت بە منیش، ژیانی خۆمم بۆ قەرەبوکردنەوەی خەڵکی تەرخان کردووە، هەروەها ئەوەی کە لە ماڵەکەمدا هەمە_کتێبەکانم_ بەرهەمی کاری خۆمە. کەسم نەچەوساندۆتەوە. شتێکی سەیرە. ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ مندا دەکرێت هەرگیز لەگەڵ ئەوانەدا ناکرێت کە بەهۆی خاوەندارێتی ڕەچەڵەکەوە دەوڵەمەند بوون. لەجیاتی ئەوە، ئەوان بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ مندا دەکەن، نووسەرێک کە خاوەنی پەنجا ساڵ کارکردنە. ئەوان هەمیشە دەڵێن، “سەیرکەن، سەیرکەن چۆن دەژی. ماڵێکی هەیە ڕوولەدەریا. ئەو شەرابی باش دەخواتەوە.” چ هەڵیتوپەڵیتێکە! جارێ ئەوە زۆر زەحمەتە لە چیلیدا شەرابی خراپ بخۆیتەوە، چوونکە هەموو شەرابەکانی چیلی باشن. ئەمە کێشەیەکە کە، بەشێوەیەکی دیاریکراو، دواکەوتوویی وڵاتەکەمان پیشان دەدات_بەکورتییەکەی، نزمی شیوازی ژیانمان. تۆ خۆت پێت وتم کە نۆرمان میلەر بۆ سێ وتار لە گۆڤارێکی ئەمریکای باکوردا نزیکی ٩٠ هەزار دۆلاری پێ دراوە. لێرە، گەر نووسەرێکی ئەمریکای لاتین ئەو بڕە پارەیە بۆ کارێک وەربگرێت، ئەوا لێشاوێکی ناڕەزایی لەلاین نووسەرەکانی ترەوە لێ دەکەوێتەوە؛ “چ زوڵمێکە! چەند سامناکە! ئەمە کەی تەواو دەبێت؟”، لەبری ئەوەی هەموون دڵخۆش بن کە نووسەرێک دەتوانێت داوای بڕێکی وا بکات. هەر وەک وتم، ئەمانە بەدبەختییەکن کە سەرچاوەکەیان پێنەگەیشتوویی کلتوورییە.
دیمانەساز:
ئایا هۆکاری تووندی ئەم تۆمەتبارکردنە ئەوە نییە کە تۆ سەر بە (پارتی کۆمیۆنیست)یت؟
نیرۆدا:
بەدیاریکراوی ئەوەیە. ئەو کەسەی هیچی نییە_ئەمە زۆر جار وتراوە_ جگە لە زنجیرەکانی هیچی تری نییە لەدەستی بدات. من هەموو خولەکێک، ژیانم، خۆم، ماڵەکەم، کتێبەکانم، هەموو ئەوەی کە هەمە دەخەمە مەترسییەوە. ماڵەکەم سوتێنراوە؛ خۆم هێرشم کراوەتە سەر؛ زیاتر لە جارێک دەستبەسەر کراوم؛ شاربەدەر کراوم؛ ڕێگای پەیوەنیم بەوانی ترەوە لێ گیراوە؛ هەزاران پۆلیس بەشوێنمەوە بوون. ئیتر ئاوایە. من زۆر بەوە ئاسوودە نیم کە هەمە. بۆیە ئەوەی کە هەمە دەیخەمە خزمەت دۆزی خەڵکییەوە، هەروەها ئەم ماڵەی ئێوەی لێن ماوەی بیست ساڵە هی (پارتی کۆمیۆنیست)ە، کە لە نوسراوێکی گشتیدا پێشکەشم کردن. زۆر بە سادەیی، من لەسایەی بەخشندەیی پارتەکەوە لەم ماڵەدام. ئێ باشە، با ئەوانەی ڕەخنەم لێ دەگرن هەمان شت بکەن، یان لانی کەم پێڵاوەکانیان لە شوێنێکدا بەجێ بهێڵن تا بۆ کەسانێکی تر بەجێ بمێنن.
دیمانەساز:
ئێوە چەندان کتێبخانەتان بەخشیوە. ئایا ئێستا بەشیك نین لە پڕۆژەی کۆڵۆنی نوسەران لە ئێسلا نێگرا؟
نیرۆدا:
من یەک کتێبخانەی تەواوم پێشکەشی زانکۆی وڵاتەکەم کردووە. لەسەر داهاتی کتێبەکانم دەژیم. هیچ پارەیەکی دانراوم نییە. هیچ شتێکم نییە تا بیبەخشم، جگە لەو پارەیەی بەهۆی کتێبەکانمەوە مانگانە وەری دەگرم. لەڕێگای ئەو داهاتەوە، لەم دواییانەدا پارچەزەویەکی گەورەم لە کەناردەریا بەدەست خستوە تا نووسەرانی داهاتوو بتوانن لەوێ هاوینەکانیان بەسەر ببەن و لە کەشێکی تایبەتی جوانیدا کارە داهێنەرانەکانیان ئەنجامبدەن. شوێنەکەش دەبێتە ڕێکخراوی کانتالاو، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی سەر بە زانکۆی کاسۆلیک، زانکۆی چیلی و کۆمەڵەی نووسەران.
دیمانەساز:
دەفتەرەشیعری (بیست شیعری ئەویندارانە و سترانێکی بێئومێدی)، یەکێک لە کتێبە سەرەتاییەکانت، لەلایەن هەزاران لە شەیدایانت خوێندراوەتەوە و بەردەوامیش دەخوێندرێتەوە.
نیرۆدا:
لە پێشەکی ئەو چاپەدا کە بەبۆنەی گەیشتنی کتێبەکە بە چاپی یەک ملیۆن_بەم زوانە دەگاتە دوو ملیۆن_ نووسیبووم، وتبووم کە لەڕاستیدا نازانم لەگەڵ ئەم کتێبەدا چ باسە؛ کتێبی ئەوین و خەم، ئەوین و ئازار، بەردەوام لەلایەن ئەو هەموو خەڵکەوە، ئەو هەموو لاوەوە دەخوێندرێتەوە. هەر بەڕاستی تێناگەم. ڕەنگە ئەم کتێبە بەرجەستەبووی دۆخی لاوێتی زۆر ڕاز بێت؛ ڕەنگە وەڵامدەرەوەی ئەو ڕازانە بێت. کتێبێکی ماتەمبارە، بەڵا هێشتا سەرنجڕاکێشییەکەی بەسەر نەچووە.
دیمانەساز:
ئێوە یەکێکن لەو نووسەرانە کە بۆ زۆرێک لە زمانەکان وەرگێڕداراون_بۆ نزیکەی بیست زمان. بۆسەر چ زمانێک کارەکانتان بەباشتریش شێوە وەرگێڕدراون؟
نیرۆد:
زمانی هیندی، ئەویش بەهۆی ئاشنایی ئەو دوو زمانە بە یەکتر. ئینگلیزی و فەڕەنسی، ئەو دوو زمانەی کە من جگە لە ئیتاڵی دەیانزانم، زمانگەلێکن کە زۆر ناچنەوە سەر ئیسپانی_نە لەڕووی دەنگەوە، نە لەڕووی ڕێکخستنەوە، نە لەڕووی ڕەنگەوە، نە لەڕووی قورسایی وشەکانەوە. شتەکە پەیوەندی بە دۆزینەوە هاوواتاوە نییە، دەکرێت ماناکە دروست بێت، بەڵام ئەم دروستێتیە لە وەرگێڕان و مانادا، دەکرێت ببێتە هۆی شێواندنی شیعرەکە. لە زۆرێک لە وەرگێڕانەکاندا بۆ سەر زمانی فەڕەنسی، ناڵێم هەموویان، شیعرەکەی من لەدەست دەچێت، هیچ نامێنێتەوە؛ ناشتوانیت ناڕازی بیت، چوونکە شیعرەکە هەمان شت دەڵێت کە من نووسیومە. بەڵام ئەوەش ڕوونە کە ئەگەر من شاعیرێکی فەڕەنسی-زمان بوومایە ئەوا ئەو شتەم نەدەوت کە لەو شیعرەدا وتوومە، چوونکە بەهای وشەکان زۆر جیاوازن. شتێکی تەواو جیاوازم دەنووسی.
دیمانەساز:
ئەی زمانی ئینگلیزی؟
نیرۆدا:
بۆ من زمانی ئینگلیزی بەجۆرێک جیاوازە لە زمانی ئیسپانی کە زیاتر لە جارێک مانای شیعرەکەی من دەردەبڕێت، بەڵام کەشی شیعرەکەم ناگەیەنێت. زمانی ئینگلیزی ڕاستەوخۆترە. ڕەنگە هەمان شتیش ڕاست بێت کاتێک شیعرێکی ئینگلیزی بۆ ئیسپانی وەردەگێڕدرێت.