[گفتوگۆ لەگەڵ نیرۆدادا]

گفتوگۆکە لەلایەن ڕیتا گیبێرت سازدراوە

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: زانا عوسمان

 

بەشی سێیەم

 

دیمانەساز:

ئێوە گوتتان کە خوێنەرێکی باشی چیرۆکە پۆلیسییەکانن. نووسەرە دڵخوازەکانت کێن؟

نیرۆدا:

یەکێک لە کارە ئەدەبییە نایابەکان لەم بوارەدا بریتییە لە (تابووتێک بۆ دیمیتریۆس)ی ئیریک ئەمبڵەر. هەموو کارەکانی ئەمبڵەرم خوێندۆتەوە، بەڵام هیچیان ئەو بێخەوشییە بنەڕەتییە، ئەو پیلانە دەرئاسایە، ئەو کەشە نهێنیئامێزەی (تابووتێک بۆ دیمیتریۆس)یان نییە. جۆرج سیمۆنۆن نووسەرێکی زۆر گرنگە، بەڵام ئەوە جەیمس هاردڵی چەیس-ە کە لە بابەتەکانی ترس و تۆقین و ڕۆحییەتی وێرانکارانەدا هەموو ئەو شتانە تێ دەپەڕێنێت کە تا ئێستا نووسراون. (هیچ گوڵێک نییە بۆ خاتوو بلاندش) کتێبێکی کۆنە، بەڵام هێشتاش خاڵی وەرچەرخانە لە چیرۆکی پۆلیسیدا. لێکچوونێکی سەیر هەیە لە نێوان (هیچ گوڵێک نییە بۆ خاتوو بلاندش) و ڕۆمانی (نزرگە)ی ولیام فۆکنەر-دا (ئەو ڕۆمانە ناپەسەند بەڵام گرنگە)، بەڵام هەرگیز ناتوانم هیچکام لەو دووانە بە باشتر دابنێم. بێگومان هەر کاتێک باسی چیرۆکی پۆلیسی دەکرێت، من خەیاڵم بۆ داشیێڵ هامێت دەچێت. ئەو، ئەو کەسەیە کە ژانرەکەی لە وەهمێکی ئەدەبیی لاوەکییەوە گۆڕی و بووە پاڵپشتێکی بەهێز بۆی. ئەو ئەفرێنەرێکی مەزن بوو، دوای ئەو سەدان نووسەر دەرکەوتن. جۆن ماکدۆناڵد لە بلیمەترینەکانیانە. هەموویان نوسەری کارامەن و زۆر بەسەختی کار دەکەن. هەروەها بەنزیکەیی هەموو ئەو نووسەرانەی ئەمریکای باکور کە لە بواری ڕۆمانی پۆلیسیدا کار دەکەن لە ڕەخنەگرە سەرسەختەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداریی ڕووەوداڕوخانی ئەمریکای باکورن. لەو ڕۆمانە پۆلیسییانەدا شەرمەزارکردنێکی بێهاوتا هەیە دەربارەی گەندەڵی و ناپەسەندیی سیاسییەکان و پۆلیس، دەربارەی گاریگەری پارە لە شارە گەورەکاندا، دەربارەی ئەو گەندەڵییەی لە هەموو پارچەکانی ئەمریکای باکووردا، لە “شێوەژیانی ئەمریکایی”دا هەڵدەتۆقێت. ڕەنگە دراماییترین گەواهیدەر بێت لەسەر ئەو چەرخە، لەگەڵ ئەوەشدا وەک نەرمونیانترین تاوانبارکردن چاوی لێ دەکرێت، چونکە چیرۆکە پۆلیسییەکان لەلایەن ڕەخنەگرانی ئەدەبییەوە بەهەند وەرناگیرێن.

دیمانەساز:

چ کتێبێکی تر دەخوێننەوە؟

نیرۆدا:

من خوێنەری مێژووم، بەتایبەتی ڕووداونامەی کۆنی وڵاتەکەم. وڵاتی چیلی مێژوویەکی نایابی هەیە. نەک لەبەر مۆنیومێنتەکانی پەیکەرە کۆنەکان، کە لێرە بوونیان نییە، بەڵکو لەبەر ئەوەی چیلی لەلایەن شاعیرێکەوە داهێنراوە، لەلایەن دۆن ئەلۆنسۆ دێ ئیرکیلا یی زونیگا، یاوەری کارلۆسی پێنجەم. ئەو ئەرستۆکراتێکی نەتەوەی باسک بووە و لەگەڵ داگیرکارە ئیسپانییەکاندا هاتووە. ئەمەش شتێکی نائاساییە، چونکە ئەو کەسانەی نێردران بۆ چیلی ئەوانە بوون کە لە زیندانە ژێرزەمینیەکاندا هاتبوونە دەرەوە. سەخترین شوێن بووە بۆ ژیان. شەڕی نێوان خەڵکانی ئەراوکانیان و ئیسپانییەکان بۆ چەندین سەدە بەردەوام بووە، درێژترین شەڕی ناوخۆیە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا. خێڵە نیمچەدڕندەکانی ئەراوکانیا لەپێناو ئازادیاندا بۆ ماوەی سێ سەدە دژی داگیرکارە ئیسپانییەکان جەنگاون. دۆن ئەلۆنسۆ دێ ئیرکیلا یی زونیگا، هیومانیستێکی لاو، لەگەڵ ئەو کۆیلەدارانەدا هات کە دەیانویست هەموو ئەمریکا داگیر بکەن و داگیریشیان کرد، جگە لە ناوچەی دڕ و دڕکئاسای چیلی. دۆن ئەلۆنسۆ کتێبی (ئەراوکان)ی نووسی، درێژترین داستان لە ئەدەبیاتی کاستیلیایی-دا، کە تێیدا زیاتر لە هاوشانەکای خۆی، واتە سەربازانی کاستیلی، ڕێز لە خێڵی نەناسراوی ئەراوکان دەنێت، پاڵەوانگەلێکی گومناو کە ئەو بۆ یەکەمجار ناویان لێ دەنێت. (ئەراوکان) لە سەدەی شازدەیەمدا بڵاو دەکرێتەوە و پاشان وەردەگێڕدرێت و بەهۆی گەڕیدە جیاوازەکانەوە بە تەواوی ئەوروپادا بڵاو دەبێتەوە. هۆنراوەیەکی ناوازە لەلایەن شاعیرێکی ناوازەوە. بەم شێوەیە مێژووی چیلی هەر لە لەدایکبوونییەوە ئەم مەزنییە داستانییە و پاڵەوانبازییەی هەبووە. ئێمەی خەڵکی چیلی، بەپێچەوانەی خەڵکانی دووڕەگی چیلی و هیندی، لە سەربازە ئیسپانییەکان و دەستدرێژی و کەنیزەکەکانیانەوە نەکەوتوینەتەوە، بەڵکو لە هاوسەرگیری خۆویستانە یان بەزۆری نێوان ئەرواکانەکان و ئەو ژنە ئیسپانییانەی لەو شەڕە درێژخایەنانەدا بەدیل گیرابوون. ئێمە حاڵەتێکی ئاوارتەی تایبەتین. بەدڵنیاییەوە، پاشتر جەنگی خوێناوی سەربەخۆیی لە ساڵی ١٨١٠ هات، مێژوویەکی پڕ تراجیدیا، ڕاجیایی و ململانێگەلێک کە تێیدا ناوەکانی سان مارتن و بۆلیڤار، جۆزێ میگێل کارێرا و ئۆهیگینس بەردەوام دەبن لە زنجیرەیەک سەرکەوتن و بەدبەختی بێکۆتا. هەموو ئەمانە وام لێ دەکەن کە ببمە خوێنەری کتێبگەلێک کە هەڵیان دەکۆڵم و تۆزی سەریان دەتەکێنم، هەروەها لەکاتی گەڕان بۆ مەزنی ئەم وڵاتەدا خۆشنوودم دەکەن_دوور لە هەمووان، ناوچە دوورەدەستە سارد، چۆڵکراوەکانی… بیابانی ترشە نیتریتەکانی باشووری، ناوچە فراوانەکانی پاتاگۆنیاس-ی، بەفرێکی زۆر لە چیاکانی ئاندێس، گوڵوگوڵزار لە ناوچە نزیک‌دەریاکانی. ئەمە وڵاتەکەی منە، چیلی. من بۆ ئەبەد یەکێکم لەو چیلیانە، منێک کە، گرنگ نییە لە شوێنانی تر چەند باش مامەڵەم دەکەم، دەبێت بگەڕێمەوە بۆ وڵاتەکەم. شارە مەزنەکانی ئەوروپام پێ خۆشە. سەرمەستم بە دەربەندی ئارنۆ، بە هەندێ شەقامی شاری کۆپنهاگن و ستۆکۆڵم، هەروەها بە پاریس و پاریس و پاریس، بەڵام هێشتاش هەر دەبێت بگەرێمەوە بۆ چیلی.

دیمانەساز:

لە وتارێکدا بە ناوی “هاوسەردەمەکانم”، ئێرنێستۆ مۆنتێنێگرۆ ڕەخنە لە ڕەخنەگری ئۆرۆگوایی ڕۆدریگێز مۆنێگال دەگرێت بۆ دەربڕینی ئەو ئاواتە بێناوەڕۆکەی کە ئەگەر نووسەرانی ئەوروپا و ئەمریکای باکور دەیانەوێت نووسینی پەخشانیان نوێ بکەنەوە با بێن و لێکۆڵینەوە لە هاوپیشەکانینان لە ئەمریکای لاتین بکەن. مۆنتێنێگرۆ گاڵتەی بەمە دێت و دەڵێت وەک ئەوە وایە مێرولەیەک بە فیلێک بڵێت، “سەرکەوە سەر شانەکانم.” پاشان وتەیەکی بۆرخیس بە نموونە دێنێتەوە: “بە پێچەوانەی ئەمریکای دڕندەوە، ئەم وڵاتە (ئەم کیشوەرە) نووسەرێکی بەرهەم نەهێناوە کە کاریگەرییەکی جیهانی هەبێت_ئیمێرسۆن-ێک، ویتمان-ێک، پۆ-یەک_ هەروەها نووسەری نامۆی وەک هێنری جەیمس یان مێلڤیلی-شی بەرهەم نەهێناوە.”

نیرۆدا:

بۆ دەبێت گرنگ بێت گەر ئێمە لە کیشوەرەکەماندا نوسەرانێکمان لە چەشنی وات ویتمان و بۆدلێر و کافکا نەبێت؟ مێژووی داهێنانی ئەدەبی هێندەی مرۆڤایەتی فراوانە. ئێمە ناتوانین داب‌و‌دەستورێکی تایبەت بسەپێنین. ئێمە ناتوانین ئەمریکا، بەو ڕێژە بەرزەی خوێندەوارییەوە، ئەوروپا، بەو نەریتە دێرینەوە، بەراورد بکەین بە خەڵکانی ئەمریکای لاتین کە کتێب و هۆیەکانی خۆدەربڕینیان لە بەردەستدا نەبووە. بەڵام خۆسەرقاڵکردن بە ڕەخنەکردنی یەکترەوە، بەسەربردنی ژیان بە ئاواتی ئەوەی ئەم یان ئەو کیشوەر تێپەڕێنیت، بۆ من وەک هەستێکی هەرێمی دەردەکەوێت. بێ لەوەش، هەموو ئەم بابەتە دەکرێت وەک بۆچوونێکی کەسی چاوی لێ بکرێت.

دیمانەساز:

پێتان خۆشە قسەیەک لەسەر مژارە ئەدەبییەکانی ئەمریکای لاتین بکەن؟

نیرۆدا:

گەر سەیرێکی گۆڤارەکەن بکەین، گۆڤارەکان هەر لە هیندۆراسەوە تا نیۆرک، لە مۆنتیڤیدیۆوە تا گوایکویل، دەبینین هەموویان هەمان کەتەلۆکی ئەدەبیی باوی کاریگەر بە ئیلۆت و کافکا بڵاو دەکەنەوە. ئەمەش جۆرێکە لە کۆلۆنیالیزمی کلتووری. ئێمە هێشتا گیرۆدەی داب‌ودەستوری ئەوروپیین. بۆ نموونە لێرە لە چیلی،  خاتوونی ماڵ هەرچیەکی بەدەستدا بێت (بەزۆری قاپ‌وقاچاخی چینی) پیشانت دەدات و دەڵێت، “ئەمە هاوردە کراوە.” زۆرێک لەو کەلوپەلە فەخورییە ناحەزانەی لە ماڵەکانی چیلیدا نمایش دەکرێن هاوردە کراون. هەروەها جۆرەکەشیان خراپرینە، کە لە کارگەکانی ئەڵمانیا و فەڕەنسادا دروست دەکرێن. ئەم پارچە پڕوپوچانە تەنها لەبەرئەوەی هاوردە کراون وەک شتێکی نایاب چاویان لێ دەکرێت.

دیمانەساز:

ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ترسی ئاسوودەنەبوون؟

نیرۆدا:

بێگومان جاران هەمووان لە بیرۆکە شۆڕشگێڕییەکان تۆقیبوون، بەتایبەت نووسەرەکان. لەم دەیەیەدا، بەتایبەت پاش شۆڕشی کوبا، مۆدێلی باو ڕێک بە پێچەوانەوەیە. نووسەرەکان لەو ترسەدا دەژین کە ڕەنگە وەک چەپگەرێکی توندڕەو چاویان لێ نەکرێت، بۆیە هەر یەکێکیان پێگەیەکی گەریلائاسا دەدەنە خۆیان. زۆر نووسەر هەن کە تەنها ئەو تێکستانە دەنووسن کە تێیدا جەخت لەوە دەکەنەوە ئەوان لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگدان دژی ئیمپریالیزم. ئەوانەمان کە بەردەوام خەریکی ئەو جەنگە بوون بە شادییەوە ئەوە دەبینن کە ئەدەبیات خۆی لە بەرەی خەڵکیدا دادەنێت؛ بەڵام باوەڕیشمان وایە کە ئەگەر ئەمە تەنها پەیوەندی بە مۆدێل و ترسی نووسەرەوە هەبێت لەوەی وەک چەپێکی چالاک نەبینرێت، ئەوا ئێمە بەم جۆرە شۆڕشەوە شتێکی ئەوتۆ چنگ ناخەین. لەکۆتاییدا، هەموو جۆرە ئاژەڵێک لە دارستانی ئەدەبیاتدا جێگای دەبێتەوە. جارێکیان، ئەو کاتانەی بۆ چەندین ساڵ سوکایەتیم پێ دەکرا لەلایەن کەسانێکی ئازاردەری لاسارەوە کە پێدەچوو تەنها بۆ ئەوە بژین تا هیرش بکەنە سەر ژیان و شیعری من، گووتم: “با لێیان گەڕێین، لەم دارستانەدا جێگای هەمووان دەبێتەوە؛ گەر جێگای فیلەکان ببێتەوە، ئەوان کە شوێنێکی زۆریان لە دارستانەکانی ئەفریقا و سایلیۆندا گرتووە، ئەوا بەدڵنیاییەوە شوێنی هەموو شاعیرەکانیش دەبێتەوە.”

دیمانەساز:

هەندێک کەس بەوە تاوانبارت دەکەن کە هەڵوێستێکی دوژمنکارانەت بەرامبەر جۆرج لویس بۆرخیس هەیە.

نیرۆدا:

ڕەنگە هەڵوێستی دووژمنکارانەی من بەرامبەر بۆرخیس لە شێوەیەکی هزری و کلتووریدا بوونی هەبێت کە ئەویش لە ئاڕاستەگیرییە جیاوازەکەمانەوە سەرچاوە دەگرێت. دەکرێت بەشێوەیەکی ئاشتیانە بجەنگین. بەڵام من دووژمنی ترم هەیە، نەوەک نووسەرەکان. بۆ من ئیمپریالیزم دووژمنە، هەروەها دووژمنەکانی من سەرمایەدارەکان و ئەوانەن کە ناپاڵم بەسەر ڤێتنامدا بەردەدەنەوە. بەڵام بۆرخیس دووژمنی من نییە.

دیمانەساز:

نووسینەکانی بۆرخیست بەلاوە چۆنە؟

نیرۆدا:

ئەو نووسەرێکی مەزنە. ئەوانەی بە زمانی ئیسپانی دەدوێن شانازی بە بوونی ئەوە دەکەن، لەسەروو هەموویانەوە خەڵکانی ئەمریکای لاتین. بەر لە بۆرخیس، ئێمە تەنها چەند نووسەرێکی کەممان هەیە کە بتوانین بە نووسەرانی ئەوروپایان بەراورد بکەین. ئێمە نووسەرانێکی مەزنمان هەبوون، بەڵام نووسەرێک لە ئاستێکی گەردوونیدا، وەک بۆرخیس، لەم وڵاتانەی ئێمەدا زۆر نابینرێتەوە. ناتوانم بڵێم کە ئەو مەزنترین نووسەر بووە، هیواداریشم زۆرێک بێن و ئەو تێپەڕێنن، بەڵام ئەو بە هەموو شێوەیەک ڕێگاکەی کردۆتەوە و سەرنج و کونجکۆڵیی هزری ئەوروپای بۆلای وڵاتانی ئێمە ڕاکێشاوە. بەڵام من هەرگیز شەڕ دژی بۆرخیس ناکەم تەنها لەبەر ئەوەی هەمووان ئەوەیان لە من دەوێت. ئەگەر ئەو وەک داینەسوڕێک بیر بکاتەوە، ئێ ئەوە هیچ پەیوەندییەکی بە بیرکردنەوەی منەوە نییە. ئەو هیچ لەوە ناگا کە لە جیهانی ئەمڕۆدا دەگوزەرێت؛ ئەویش پێی وایە من هیچی لێ تێناگەم. ئیتر ئاوا لە چەندوچوونداین.

دیمانەساز:

ئەم شەممەیە ئێمە چەند لاوێکی ئەرجەنتینیمان بینی کە گیتاریان دەژەنی و هۆنراوەیەکی بۆرخیسیان دەچڕی. ئەوەت پێ خۆش بوو، وانەبوو؟

نیرۆدا:

هۆنراوەکەی بۆرخیسم زۆر پێ خۆش بوو، بەزۆری لەبەرئەوەی ئەو هۆنراوەیە نموونەیەکە کە چۆن شاعیرێکی تۆکمە_با ئەو زاراوەیە بەکار بهێنین_، شاعیرێکی وا ڕۆشنبیر و لێزان دەتوانێت ڕووبکاتە بابەتێکی میلی و بەو هەستە دڵنیا و ڕاستەقینەیەش ئاوێزانی بکات. ئەو هۆنراوەیەی بۆرخیسم زۆر بەدڵ بوو. دەبێت شاعیرانی ئەمریکای لاتین چاو لەو نموونەیەی ئەو بکەن.

دیمانەساز:

هیچ گۆرانییەکی فۆلکلۆری چیلیتان نووسیوە؟

نیرۆدا:

هەندێ گۆرانیم نووسیون کە لەم وڵاتەدا زۆر بەناوبانگن.

دیمانەساز:

لە شاعیرە ڕوسەکاندا کامیانت لە هەموویان زیاتر بەدڵە؟

نیرۆدا:

کەسایەتی باو لە شیعری ڕوسیدا هەر مایاکۆڤسکی-یە. ئەو لە بەرەی شۆڕشی ڕوسیادا بوو لەکاتێکدا واڵت ویتمان لە بەرەی شۆڕشی پیشەسازیدا بوو لە ئەمریکای باکوور. مایاکۆڤسکی کاریگەرییەکی وای لەسەر شیعر دانا کە بەنزیکەیی هەموو شیعری پاشتر وەک بەردەوامی ئەو دەردەکەوێت.

دیمانەساز:

چۆن لەو نووسەرە ڕوسیانە دەڕوانیت کە ڕوسیایان بەجێ هێشتووە؟

نیرۆدا:

گەر کەسێک ویستی شوێنێک بەجێ بهێڵێت ئەوا دەبێت بەجێی بهێڵێت. ئەمە تەواو کێشەیەکی کەسییە. ڕەنگە هەندێک لە نووسەرانی سۆڤیەت هەست بە ناقایلیی بکەن بەرامبەر دامەزراوە ئەدەبیەکان یان دەوڵەتەکەیان. بەڵام لە هیچ شوێنێکدا ناکۆکی نێوان نووسەران و دەوڵەت هێندەی وڵاتە سۆشیالیستەکان کەم نییە. زۆرینەی نووسەرانی سۆڤیەت شانازی بە پێکهاتە سۆشیالیزمییەکەوە دەکەن، بەو جەنگە مەزنەی ئازادی دژی نازیەکان، بەو ڕۆڵە گرنگەی خەڵکی لە شۆڕش و جەنگی مەزندا دەیگێڕن، هەروەها شانازی بەو ڕێکخستنانەوە دەکەن کە سۆشیالیزم دروستی کردوون. گەر نموونەی ڕیزپەڕ هەبێت، ئەوا بابەتەکە کێشەی کەسییە و هەربۆیە پێویستیشە هەر یەکێکیان بەجیا هەڵبسەنگێنین.

دیمانەساز:

بەڵام بەم شێوەیە کاری داهێنەرانە ناتوانێت ئازاد بێت. دبێت هەمیشە ڕەنگدانەوەی هێڵە فکرییەکانی دەوڵەت بێت.

نیرۆدا:

وتنی ئەوە زیادەڕەویکردنە. من نووسەران و شێوەکارانێکی زۆر دەناسم کە هەرگیز هیچ نیەتێکیان بۆ بەشان‌وباڵ هەڵدانی ئەم یان ئەو دەوڵەتدا نەبووە. دەسیسەیەک هەیە کە دەڵێت دۆخەکە بەو جۆرەیە. بەڵام بەو جۆرە نییە. بێگومان، هەموو شۆڕشێک دەبێت هێزەکانی ڕێک بخات. شۆڕش بەبێ پەرەپێدان بەردەوام نابێت: ئەو پشێویەی بەهۆی گۆڕانی کاپیتاڵیزم بۆ سۆشیالیزمەوە دەکەوێتەوە ناتوانێت بەردەوام بێت تەنها مەگەر شۆڕشەکە، بە هەموو هێزییەوە، داوای پشگیری لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا بکات، لەنێویشیاندا نووسەران و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان. بیر لە شۆڕشی ئەمریکی بکەرەوە، یان شەڕی سەربەخۆیی خۆمان دژی ئیسپانیا. چی ڕووی دەدا گەر دوابەدوای ئەو ڕووداوانە نووسەران خۆیان تەرخان بکردایە بۆ بابەتی وەک شانشینی، یاخود گێڕانەوەی دەسەڵاتی ئینگلیزی بۆ ویلایەتە یەککرتووەکان، یاخود دەسەڵاتی پادشای ئیسپانیا بەسەر داگیرکە پێشترەکانی. گەر هەر نووسەرێک بە شان‌وباڵی کۆلۆنیالیزمدا هەڵیبدایە، ئەوا تەنگی پێ هەڵدەچنرا. پاساوی پێویست هەیە بۆ ئەوەی شۆڕشێک کە دەیەوێت کۆمەڵگایەک لە سەرەتاوە بونیات بنێتەوە (لە کۆتاییدا، هەنگاونان لە سەرمایەدارییەوە یان لە خاوەندارێتی تایبەتەوە بۆ سۆشیالیزم یان کۆمیۆنیزم پێشتر تاقینەکراوەتەوە) دەبێت بە هەموو هێزیەوە هاوکارییەکانی عەقڵ ڕێکبخاتەوە. پڕۆسەیەکی لەم چەشنەش گرژی دروست دەکات: ڕوودانی ئەمەش بەشێکی سروشتی ئیسان و سیاسیەتە. بەڵام هیوادارم بەتێپەڕبوونی کات و جێگیربوونی ئارامی کۆمەڵگا سۆشیالیستەکان کەمتر پێویستیان بەوە بێت وا لە نووسەرەکانیان بکەن زیاتر بیر لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان بکەنەوە و بتوانن ئەو شتە دابهێنن کە خۆیان لەناخەوە ئاواتی پێ دەخوازن.

دیمانەساز:

چ ئامۆژگارییەکت بۆ شاعیرە لاوەکان هەیە؟

نیرۆدا:

هیچ ئامۆژگارییەک نییە کە بدرێتە شاعیرە لاوەکان. دەبێت خۆیان ڕێگای خۆیان بدۆزنەوە، دەبێت خۆیان ڕووبەڕووی بەربەستەکانی بەردەم خۆدەربڕینیان ببنەوە و بەسەریاندا سەر بکەون. ئەوەی من ئامۆژگارییان دەکەم نەیکەن، ئەوەیە بە شیعری سیاسی دەست پێبکەن. شعری سیاسییە خاوەنی قوڵییەکی سۆزداریی زیاترە لە شیعرەکانی تر_لانی کەم هێندەی شیعری ئەوینداری_ و ناشتوانرێت فشاری لێ بکرێت، چوونکە دوایی ناحەز و ناپەسەند دەردەچێت. شتێکی پێویستە کە پێشتر هەموو جۆرە شیعرەکانی تر تێپەڕێنیت تا ببیتە شاعیرێکی سیاسی. شاعیری سیاسی دەشبێت بەرگەی ئەو سەرکۆنانە بگرێت کە ئاڕاستەی دەکرێن_خیانەتکردن لە شیعر، یان خیانەتکردن لە ئەدەبیات. هەروەها شیعری سیاسی دەبێت خۆی پڕچەک بکات بە ناواخن و ناوەڕۆک و دەوڵەمەندییەکی سۆزداری و عەقڵانیی ئەوتۆ کە بتوانێت سووک لە هەموو شتێکی تر بڕوانێت. ئەوەش شتێکە دەگمەن بەدەست دێت.

دیمانەساز:

تۆ زۆجار گوتووتە کە باوەڕت بە ئۆرجیناڵێتی نییە.

نیرۆدا:

ئەوەی بە هەر نرخێک بێت شوێن ئۆرجیناڵێتی بکەوین شتێکی تایبەتە بە مۆدێرنە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، نووسەر دەیەوێت سەرنجی ئەوانی تر بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، ئەم سەرقاڵییە ڕووکەشە تایبەتمەنییەکی بتپەرستانە دەگرێتە خۆی. هەر کەسێک دەیەوێت ڕێگایەک بدۆێتەوە کە تێیدا خۆی دەربکەێت، ئەمەش نە بەهۆی قووڵێتییەوەیە نە داهێنان، بەڵکو هێنانەئارای جیاوازییەکی تایبەتی. هونەرمەندی ئۆرجیناڵ بەگوێرەی کات و سەردەم دەچێتە قۆناغی نوێوە. باشترین نموونە پیکاسۆیە، کە بە پێگەیاندنی خۆی لەسەر شێوەکاری و پەیکەرسازی ئەفریقا و هوونەرە سەرەتاییەکانە دەستی پێکرد و پاشان بەهێزێگی گۆڕانی واوە بەردەوام بوو کە کارەکانی وەک قۆناغەکانی زەوی‌ناسیی کلتووریی جیهان دەردەکەون، لەکاتێکدا خاوەنی ڕەسەنایەتییەکی درەوشاوەی خۆی بوو.

دیمانەساز:

کاریگەرییە ئەدەبییەکانی سەر تۆ چی بوون؟

نیرۆدا:

نووسەران بەردەوام بە شێوازێک لە ئاڵوگۆڕدان، هەر وەک چۆن ئەو هەوایەی هەڵیدەمژین هی یەک شوێن نییە. نووسەر بەردەوام ئەم ماڵ و ئەو ماڵیەتی: دەبێت کەلوپەلەکانی بگۆڕێت. هەندێک نووسەر بەمە نائاسوودەن. بیرمە کە فێدریکۆ گارسیا لۆرکا بەردەوام داوای دەکرد کە شیعرەکانمی بۆ بخوێنمەوە، کەچی لەناوەڕاستی خوێندنەوەکەمدا دەیگوت، “بۆستە، بۆستە! بەردەوام مەبە، نەکو کاریگەرییم لەسەر دابنێیت!”

دیمانەساز:

دەربارەی نۆرمان مایلەر. تۆ یەکێک بوویت لە یەکەمین ئەو نووسەرانەی قسەیان دەربارە کرد.

نیرۆدا:

ماوەیەکی کەم پاش ئەوەی ڕۆمانی (ڕووتەکە و مردووەکە) بڵاوکرایەوە، لە کتێبخانەیەک لە مەکسیک بینیم. کەس هیچی لەبارەوە نەدەزانی؛ کتێبفرۆشەکە تەنانەت نەشیدەزانی باسی چی دەکات. من بۆیە کڕیم چوونکە سەفەرێکم لەپێش بوو و ڕۆمانێکی نوێی ئەمریکییم دەویست. وام بیردەکردەوە کە ڕۆمانی ئەمریکی پاش نووسەرە بلیمەتەکانی کۆتایی هاتووە، کە بە تیۆدۆر ترێزەر دەستی پێکرد و بە هەمینگوای، ستێنبێک و فۆکنەر دوایی هات. بەڵام نووسەرێکم دۆزییەوە کە خاوەنی توندوتیژییەکی زمانی دەرئاسا و وردەکارییەکی نایاب و توانایەکی ناوازەی وەسفکردن بوو. من سەرسامم بە شیعرەکانی بۆریس پاستێرناک، بەڵام ڕۆمانی (دکتۆر ژیڤاگۆ) بەراورد بە (ڕووتەکە و مردووەکە) وەڕزکەر دەردەکەوێت، جوانیی (دکتۆر ژیڤاگۆ) تەنها بەهۆی چەند وەسفێکی سرووشتەوەیە، واتە بەهۆی شعرییەتەکەیەوە. ئەو کاتەم بیردێتەوە کە شیعری “با وردکەری داران* بەخەبەر بێتەوە.” ئەم شیعرە، کە لەیادی ئەبراهام لینکۆڵندا نووسراوە، بۆ ئاشتی جیهانی نووسرابوو. لە شیعرەکەدا دەربارەی ناوچەی ئۆکیناوا و شەڕی یابان قسەم کردبوو، ئاماژەشم بە نۆرمان مایلەر دابوو. شیعرەکەم گەیشتە ئەورووپا و وەرگێردرا. بیرمە ئاراگۆن پێی وتم، “زەحمەتێکی زۆری ویست تا بزانم ئەم نۆرمان مایلەرە کێیە.” لە ڕاستیدا، کەس نەیدەناسی، بۆیە هەستم بە شانازی دەکرد کە یەکێک بووم لەو نووسەرانەی سەرەتا ئاماژەیان بەو دابوو.

دیمانەساز:

دەتوانیت دەربارەی ئەو دڵبەستەییە بەهێزەی بۆ سروشت هەتانە بدوێن؟

نیرۆدا:

هەر لە منداڵییمەوە دڵبەستەی باڵندە، سەدەف، دارستان و ڕووەکەکان بووم. زۆر شوێن چووم بۆ گەڕان بەشوێن سەدەفی دەریادا، هەروەها کۆکراوەیەکی نایابیشم دەست کەوتووە. کتێبێکم هەیە نە ناوی (هونەر بۆ باڵندەکان). ئاژەڵنامە، زەمینلەرەی دەریایی، “گوڵی گیافرۆش”، تەرخانن بۆ گوڵ و چڵ و گەشەی ڕووەک. دابڕاو لە سروشت نەمدەتوانی بژیم. ئوتێلم بۆ دوو حەفتە بەدڵە؛ فڕۆکەم کاتژمێرێک بەدڵە؛ بەڵام لەناو دارستاندا، لەسەر لەمدا، یان لە کەشتیدا بەختەوەرم. بەختەوەرم کاتێک لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆدام لەگەڵ ئاگر، زەوی، ئاو، هەوادا.

دیمانەساز:

ئەم هێمایانە لە شیعری تۆدا دووبارە دەبنەوە، هەروەها بەردەوام لە فۆڕمی دەریا، ماسی، باڵندەدا… دەردەکەون.

نیرۆدا:

من باوەڕم بە هێما نییە. زۆر بە سانایی ئەوانە شتانێکی مادیین. بۆ من دەریا و ماسی و باڵندە بەشێوەیەکی مادی بوونیان هەیە. من بەهەندیان وەردەگرم، هەر وەک چۆن تیشکی ڕۆژ بەهەند وەردەگرم. ئەو ڕاستییەی کە هەندێ بابەت لە شیعری مندا بەرچاون، واتە بەردەوام دەردەکەون، پەیوەندیی بە ئامادەییەکی مادییەوە هەیە.

دیمانەساز:

کۆتر و گیتار ئاماژەن بۆ چی؟

نیرۆدا:

کۆتر ئاماژەیە بۆ کۆتر و، گیتاریش ئاماژەیە بۆ ئامێرێکی مۆسیقی کە پێی دەوترێت گیتار.

دیمانەساز:

مەبەستت ئەوەیە ئەوانەی هەوڵیان داوە ئەو شتانە شیبکەنەوە_

نیرۆدا:

کاتێک کۆترێک دەبینم، پێی دەڵێم کۆتر. کۆتر، چ ئامادە بێت یان نا، بۆ من خاوەنی شێوەیەکە، جا چ خودی بێت یان بابەتی. بەڵام لەوە تێپەڕناکات کە کۆترێکە.

دیمانەساز:

دەربارەی شیعرکانی ناو (نیشتەجێی زەوی) وتووتە کە “شیعرەکان هاوکاری کەس ناکەن تا بژی. هاوکاری کەسێک دەکەن تا بمرێ.”

نیرۆدا:

کتێبی (نیشتەجێی زەوی)، ساتێکی تاریک و ترسناکی ژیانی من دەخاتە ڕوو. ئەو کتێبە، شیعرە بەبێ ڕێیەکی دەرچوون. من دەبوو دووبارە لەدایک ببمەوە تا لێی بێمە دەرەوە. ئەوەی منی لەو هیوابڕاوییە ڕزگار کرد کە ئا ئێستاش قووڵییەکانی بۆ خۆم ئاشکرا نین، شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا و کۆمەڵێک ڕووداوی تر بوون کە بایی ئەوە جدی بوون ناچار بم دەستێوەردانیان تێدا بکەم. ساتێک لە ساتەکان وتبووم کە ئەگەر دەسەڵاتی پێویستم هەبووایە، ئەوا خوێندنەوەی ئەو کتێبەم یاساغ دەکرد و هەرگیز نەمدەهێڵا چاپ بکرێتەوە. ئەو کتێبە زیادەڕەوی دەکات لە پیشاندانی ژیاندا وەک بارگرانییەکی بەئازار، وەک چەوساندنەوەیەکی نەبڕاوە. بەڵام دەشزانم کە یەکێکە لە باشترین کتێبەکانم، لەو سۆنگەیەوە کە وێنەدانەوەی دۆخی ڕۆحیمە. هێشتاش، کاتێک کەسێک دەنووسێت، نازانم گەر ئەمە بۆ نووسەرانی تریش دروست بێت، دەبێت بیر لەوە بکاتەوە دێڕەکانی لەکوێدا دەگیرسێنەوە. لە یەکێک لە وتارەکانیدا، ڕۆبەرت فرۆست دەڵێت کە دەبێت شیعر خەم بکاتە تاکە ڕووگەی خۆی: “خەم بەتانها لەگەڵ شیعردا جێبهێڵە.” بەڵام نازانم ڕۆبەبرت فرۆست چۆن بیری دەکردەوە گەر پیاوێکی لاو خۆی بکوشتایە و کتێبەکەی ئەوی بە خوێن سوور بکردایە. ئەوە بەسەر مندا هات_ لێرە لەم وڵاتەدا. کوڕێک، پڕ لە ژیان، لە تەنیشت کتێبەکەی مندا خۆی کوشت. من بۆ مەرگی ئەو هەست بە بەرپرسیارێتی ناکەم. بەڵام ئەو لاپەڕە شیعرە خوێناویە بەسە بۆ ئەوەی وا لە شاعیرێک، بەڵکو هەموو شاعیران، بکات بیر بکاتەوە… بەدڵنیاییەوە، ڕکابەرەکانم ئەو قسەیەی منیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار هێنا، هەر وەک ئەوەی هەمیشە دەربارەی بەنزیکەیی هەر شتێک کە دەیڵێم وادەکەن، بەرژەوەندییەکی سیاسی لەو ڕەخنەیەی خۆم لە کتێبەکەی خۆمم گرت. ئەوان ئارەزووی نووسینی تەنها شیعری شاد و گەشبینیان دابوویە پاڵم. ئەوان لەو بەشە ئاگادار نەبوون. من هەرگیز دەربڕینی تەنهایی و ژان و دڵتەنگیم فەرامۆش نەکردووە. بەڵام حەزم بە گۆڕینی تۆنە، بۆ دۆزینەوەی هەموو دەنگەکان، بۆ شوێنکەوتنی هەموو ڕەنگەکان، بۆ گەڕان بە شوێن هێزەکانی ژیاندا جا لە هەرکوێیەکدا بن_لە چێکردن یان لەناوبرداندا.

شیعری من بە هەمان قۆناغەکان ژیانمدا تێپەڕیوە؛ لە منداڵییەکی تەنهاوە، هەروەها لە هەرزەکارییەکەوە لە سووچی وەڵاتە دوور و دابڕاوەکانەدا، ئەسپی خۆم تاو دا تا خۆم بکەمە بەشێک لە کۆمەڵی مەزنی مرۆیی. ژیانم پێگەیشت، ئەوەش هەموو شتێکە. ئەوە بەشێک بوو لە باوی سەردەمی سەدەی ڕابردوو کە شاعیران دەڵتەنگانی ئەشکەنجەدراو بن. بەڵام دەکرێت شاعیرانێک هەبن کە بزانن ژیان چییە، لە کێشەکانی بگەن، ئەوانەی دەتوانن بە تێپەڕپەڕین بەناو شەپۆلەکاندا بژین. هەوەها ئەوانەی بەناو دڵتەنگی و زەبەندەییدا تێدەپەڕن.

*مەبەست لە ئەبراهام لینکۆڵنە لەو وێنە بەاونبانگەیدا کە خەریکی دارشکاندنە.

 

ئەم گفتوگۆیە لە ژمارە ٥١ی گۆڤاری پاریس ڕیڤیوو، لە بەهاری ساڵی ١٩٧١ بڵاوکراوەتەوە

Related Posts

Leave a comment