[گفتوگۆ لەگەڵ نیرۆدادا_بەشی یەکەم]

گفتوگۆکە لەلایەن ڕیتا گیبێرت سازدراوە
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: زانا عوسمان

بەشی یەکەم

پابلۆ نیرۆدا لە ٣٠ ی ئەیلولی ١٩٦٩ دا و لە میانەی وتاری پەسەندکردنیدا وەک بەربژێری (پارتی کۆمیونیستی چیلی) بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەڵێت، “من هەرگیز وا بیرم لە ژیانم نەکردۆتەوە کە لە نێوان شیعر و سیاسەتدا دابەش بووبێت. من هاوڵاتییەکی چیلیم کە بۆ دەیان ساڵە ئاگاداری بەدبەختی و نەهامەتییەکانی بوونی نەتەوەییمانم؛ کەسێک کە لە هەموو خەم و شادییەکی خەڵکیدا بەشداریی کردووە. من بەوان نامۆ نیم، لەوانەوە هاتووم، بەشێکم لە خەڵکی. لە خێزانێکی چینی کرێکارانەوە هاتووم … هەرگیز لەگەڵ ئەوانەدا نەبووم کە لە دەسەڵاتدان و هەمیشە وام هەست کردووە کە ئەرک و بەرپرسیارێتی من بریتییە لە خزمەتکردنی خەڵکی چیلی لە کارەکان و لە شیعرەکانمدا. من ژیانم لە نووسین و بەرگریکردن لەواندا بەسەر بردووە.”

بەهۆی دابەشبوونی چەپەکانەوە، پاش چوار مانگ لە هەڵمەتێکی توندی بانگەشە، نیرۆدا لە پێناو پاڵپشتیکردن لە بەربژێرییەکی یەکگرتووی پڕجەماوەر دەستی لە خۆپاڵاوتن کێشایەوە. ئەم گفتوگۆیە لە ماڵەکەی خۆیدا لە ناوچەی ئیسلا نێگرا لە مانگی کانونی دووەمی ١٩٧٠ دا و بەر لە دەستلەکارکێشانەوەکەی ساز دراوە.

ئیسلا نێگرا (دوورگەی ڕەش)، نە ڕەشە و نە دوورگەشە. هاوینەهەوارێکی کەناراوی دڵگیرە کە بە دووری چل کیلۆمەتر لە باشووری شاری ڤالپارایسۆ-وەیە و بە ئوتومبێل دوو کاتژمێر لە شاری سانتیاگۆ-وە دوورە. کەس نازانێت ئەم ناوە لە چییەوە هاتووە؛ نیرۆدا لەو بەردە ڕەشانە ڕادەمێنێت کە لە هەیوانەکەیەوە دەیانبینێت و لە شێوەی دوورگەیەکی ناڕووندان. سی ساڵ پێشتر، ماوەیەکی زۆر بەر لەوەی ئیسلا نێگرا ببێتە شوێنێکی باو، نیرۆدا، لە داهاتی کتێبەکانییەوە، شەش هەزار مەتر زەوی لە بەشی پێشەوە کەنار دەریاکەدا دەکڕێت، بە ماڵێکی بەردینی بچکۆلەوە کە کەوتۆتە لووتکەی بەرزاییەکی لێژ. “پاشان ماڵەکە دەستی بە گەورەبوون کرد، وەک ئەو خەڵکە، وەک درەختەکان.”

نیرۆدا ماڵی تریشی هەن: یەکێک لە گردی سان کریستۆباڵ لە شاری سانتیاگۆ و یەکێکی تریش لە شاری ڤالپارایسۆ. بۆ ڕازاندنەوەی ماڵەکەی، نیرۆدا لە ئەنتیکفرۆش و شڕوشیتاڵفرۆشەکاندا بەدوای شتی جۆراوجۆردا گەڕاوە. هەر شتێک داستانێکی وەبیر دەهێنێتەوە. “ئەوە بە ستالین ناچێت؟” پرسیی و ئاماژەی بۆ نیوەپەیکەرێک کرد لە ژووری دانیشتنی ماڵەکەی ئیسلا نێگرادا. “ئەنتیکفرۆشەکە نەیدەویست پێمی بفرۆشێت، بەڵام کاتێک بیستی من خەڵکی چیلیم، لێمی پرسی کە ئایا من پابلۆ نیرۆدا دەناسم. ئیتر بەو شێوەیە قایلم کرد پێمی بفرۆشێت.”

ئیسلا نێگرا بۆتە نشینگەی تاڕادەیەک هەمیشەیی بۆ پابلۆ نیرۆدا، “ڕێدۆزە زەمینی”یەکە و، هاوسەری سێیەمی، ماتیلدا (“پاتۆژا”، کە نیرۆدا سۆزدارانە وا بانگی دەکا، ئەو “ئیلهام”ەی زۆر شیعری ئەوینداریی بۆ نووسیوە).

بیچمێکی کەڵەگەت و گۆشتن، دەموچاوێکی زەیتوونی، خەسڵەتە دیارەکانی بریتیین لە لوتێکی دیار و دوو چاوی گەورەی قاوەیی و پێڵووی هەڵئاوساو. جوڵەکانی هێواش بەڵام جێگیرن (عادەتەن هاوشانی دوو سەگە چینییەکەی)، شاڵێکی درێژ بەسەر شانییەوە و گۆچانێکی ژەنگاوی بە دەستییەوە.

لە ئێسلا نێگرا، نیرۆدا میوانداری لێشاوێکی بەردەوامی سەردانیکەر دەکات و هەمیشەش لەسەر مێزەکە جێگایەک بۆ دواین میوان هەیە. زۆرینەی میواندارییەکانی لە باڕی ماڵەکەیدا دەکات، کە لە ڕاڕەوێکی بچووکی هەیوانێکی ڕوو لە دەریاوە دەچیتە ناوی. لە ڕاڕەوەکەدا، ئۆکۆردیۆنێکی کۆن و دەستشۆرێکی سەردەمی شاژنە ڤیکتۆریای لێیە. لەسەر لێواری پەنجەرەکە کۆکراوەیەکی بوتڵ دانراوە. باڕەکە وەک هۆڵی ناو کەشتییەک ڕازێندراوەتەوە؛ چرای دەریایی، تابلۆ و مۆبیلی داکوتراو بە ئەرزەکەدا. ژوورەکە دیواری شووشەیی ڕوولەدەریای تێدایە. لە سەقفەکەدا و لەسەر کاریتە دارینە یەکتربڕەکان دارتاشێک، لە شێوەی دەستوخەتی نیرۆدادا، ناوی هاوڕێ کۆچکردووەکانی هەڵکۆڵیوە.

لە پشتی باڕەکەدا، لەسەر ڕەفەی خواردنەوەکان، نووسراوێک هەیە کە دەڵێت (لێرە قەرز نییە). نیرۆدا ڕۆلێ خۆی وەک ساقییەک زۆر بە جدی وەردەگرێت و پێی خۆشە خواردنەوەی وەستایانە بۆ میوانەکانی ئامادە بکات، هەرچەندە خۆی تەنها سکۆچ و مەی دەخواتەوە. لەسەر یەکێک لە دیوارەکان دوو پۆستەری دژە-نیرۆدایی هەڵواسراون، یەکێکیان لە دواین گەشتیدا بۆ شاری کاراکاس هێناویەتییەوە. وێنەیەکی لەلاوەگیراوی خۆی تێدایە لەگەڵ درووشمی “نیرۆدا بڕۆرەوە ماڵەوە.” ئەوەی تریان بەرگی گۆڤارێکی ئەرجەنتینییە بە وێنەیەکی خۆی و دێڕێکەوە کە دەڵێت “نیرۆدا، بۆچی خۆی ناکوژێت؟” پۆستەرێکی گەورەی ئەکتەری ناودار تویگی لە سەقفەکەوە تا ئەرزەکە درێژ دەبێتەوە.

لە ئیسلا نێگرا، ژەمەخۆراکەکان بەزۆری چیلین. نیرۆدا لە شیعرەکانیدا ئاماژەی بە هەندێکیان کردووە: شۆربای مارماسی؛ ماسی بە سۆسی بەلەزەتی تەماتە و بەچکە قڕژاڵەوە؛ کێکی بەگۆشت. مەی لەوێ هەردەم چیلییە. یەکێک لە گۆزەی مەییەکان چینییە و لەشێوەی باڵندەدایە، لەکاتی مەیتێکردندا دەنگێکی خۆشی لێ هەڵدەستێ. لە هاویناندا، خوانی نیوەڕۆ لە هەیوانێکدا پێشکەش دەکرێت کە ڕووی لە باخچەیەکە کە فارگۆنێکی مەکینەداری کۆنی تێدایە. “چەند بەهێزە، بە مەکینەی دروێنەی گەنمەشامی دەچێت، چ ئامێرێکی بزوێنەر و فیلەکێدەر و بەنەعرەتە و بەشریخەیە … خۆشم دەوێت چوونکە لە واڵت ویتمان دەچێت.”
گفتوگۆکانی چاوپێکەوتنەکە بە دانیشتنی کورت کورت ئەنجام دەدرا. بەیانییەکەی، پاش ئەوەی نیرۆدا لە ژوورەکەیدا نانی بەیانی خوارد، لە کتێبخانەکەدا، کە باڵێکی تری ماڵەکە بوو، دانیشتین. من چاوەڕێم دەکرد تا ئەو وەڵامی پۆستەکانی دەدایەوە، شیعرەکانی بۆ کتێبە نوێیەکەی ڕێک دەخست، یان هەڵەکانی چاپێکی نوێی چیلیی دەفتەرەشیعری (بیست هۆنراوەی ئەویندارانە) ی ڕاست دەکردەوە. لەکاتی نووسینی شیعردا، بە مرەکەبێکی سەوز لە دەفتەرێکی ئاساییدا دەینووسی. ئەو دەتوانێت شیعرێکی زۆر درێژ لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بنووسێت، پاشتریش تەنها هەندێک هەڵەچنیی بچووک ئەنجام دەدات. دواتر، شیعرەکان لەلایەن هۆمێرۆ ئاکرێ‌ی سکرتێر و هاوڕێی پەنجا ساڵەیەوە تایپ دەکرێن.
پاشنیوەڕۆکەی، پاش سەرخەوە ڕۆژانەییەکەی، لەسەر کورسییەکی بەردین لە هەیوانە ڕوو لە دەریاکەدا دانیشین. نیرۆدا دەدوێت و مایکرۆفۆنی تۆمارکەرەکەی بەدەستەوەیە کە دەنگی دەریا وەک سێبەری دەنگی ئەو تۆمار دەکات.
دیمانەساز:
بۆچی ناوی خۆتت گۆڕی، بۆ ناوی “پابلۆ نیرۆدا”ت هەڵبژارد؟
نیرۆدا:
بیرم نایە. ئەوکات تەنها سیازدە چواردە ساڵانێک دەبووم. بیرمە ئەوەی کە دەمویست بنووسم باوکمی زۆر بێزار دەکرد. بە نییەتێکی باشەوە، وا بیری دەکردەوە کە نووسین وێرانی بۆ خێزانەکەم و بۆ خۆشم دەهێنێت و، لە هەمووی خراپتر، من ڕووەو ژیانێك لە بێسوودییەکی تەواو ئاڕاستە دەکات. ئەو، هۆکاری خێزانیی خۆی هەبوو تا بەو چەشنە بیر بکاتەوە، هۆکارگەلێک کە بۆ من بەهێز دەرنەدەکەوتن. یەکەمین ڕێکاری خۆپارێزەرانە کە بەکارم هێنا، گۆڕینی ناوەکەم بوو.

دیمانەساز:
ئایا بەهۆی شاعیری چیکی جان نیرۆداوە ناوی “نیرۆدا”ت هەڵبژارد؟
نیرۆدا:
کورتەچیرۆکێکی ئەوم خوێندبوویەوە. هەرگیز شیعرەکانیم نەخوێندۆتەوە، بەڵام کتێبێکی هەیە بەناوی (چیرۆکەکانی گەڕەکی مالا سترانا) کە دەربارەی خەڵکە خاکەڕاکەی ئەو گەڕەکەی شاری پڕاگە. ڕێی تێ دەچێت ناوە نوێکەم لێرەوە هاتبێت. وەک ئەوەی وتم، تەواوی بابەتەکە هێند کۆنە کە بیرم ناکەوێتەوە. سەرەڕای ئەوەش، چیکییەکان من وەک یەکێک لە خۆیان، وەک یەکێک لە نەتەوەکەیان دەبینن، هەروەها من پەیوەندییەکی هاوڕێیانەی زۆر باشیشم لەگەڵیاندا هەبووە.

دیمانەساز:
گەر بە سەرۆکی چیلی هەڵبژێردرایت، بەردەوام دەبیت لە نووسین؟
نیرۆدا:
بۆ من نووسین وەک هەناسەدانە. نە ئەتوانم بەبێ هەناسەدان بژیم و نەئەشتوانم بەبێ نووسین بژیم.

دیمانەساز:
ئەو شاعیرانە کێن کە چاویان بڕیوەتە پێگە باڵاکانی سیاسەت و سەرکەوتووش بوون؟
نیرۆدا:
سەردەمی ئێمە سەردەمی شاعیرە فەرمەنڕەواکانە: ماو تسی تۆنگ و هو چی مین. ماو تسی تۆنگ خەسڵەتی تریشی هەیە: وەک دەزانیت، ئەو مەلەوانێکی باشە، شتێک کە لە مندا نییە. شاعیرێکی مەزنی تریش هەیە، لیۆپۆڵد سەنگۆخ، کە سەرۆکی سەنیگالە؛ یەکێکی تر، ئامی سیزێر، شاعیرێکی سوریالیست، سەرۆک شارەوانی فۆرت دی فڕانسی سەر بە دورگەی مارتینیکە. لە وڵاتەکەی مندا، شاعیران هەمیشە دەستیان لە سیاسەت وەرداوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز شاعیرێکمان نەبووە کە سەرۆکی کۆماری چیلی بووبێت. لەلایەکی تریشەوە، نووسەرانێک لە ئەمریکای لاتیندا هەبوون کە سەرۆک بوون: ڕۆمیلۆ گایەگۆس سەرۆکی فەنزوێلا بوو.

دیمانەساز:
چۆن خەریکی بەڕێوەبردنی باگەشەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەتی؟
نیرۆدا:
سەکۆیەک ئامادە کراوە. هەمیشە سەرەتا گۆرانیی فۆلکلۆری لێدەدرێت، پاشان کەسێک چوارچێوەی کارنامە سییاسیە پڕوردەکارییەکەی بانگەشەکەمان ڕوون دەکاتەوە. پاش ئەوە، ئەو دەرفەتەی من بۆ قسەکردن لەگەڵ خەڵکەکەدا هەمە زیاتر ئازادانەیە و کەمتر ڕێکخراوە؛ زیاتر شاعیرانەیە. بەنزیکەیی هەمیشە بە خوێندنەوەی شیعرێک کۆتایی پێ دەهێنم. گەر هەندێک شیعر نەخوێنمەوە، خەڵکەکە دڵساردانە بڵاوەی لێدەکەن. بەدڵناییەوە، ئەوان دەشیانەوێت بیروڕا سیاسییەکانم ببیستن، بەڵام من زۆر لەسەر ڕەهەندە سیاسی و ئابووریەکە ناڕۆم، چونکە خەڵکی پێویستیشییان بە چەشنێکی تر لە زمان هەیە.

دیمانەساز:
کاتێک شیعرەکان دەخوێنیتەوە، کاردانەوەی خەڵکی چییە؟
نیرۆدا:
ئەوان بەهەستوسۆزەوە منیان خۆش دەوێت. لە هەندێک شوێندا ناتوانم بچمە ژوورەوە یان بێمە دەرەوە. پاسەوانێکی تایبەتم هەیە کە لە ئاپۆڕەکان دەمپارێزن چونکە خەڵکەکە ڕووەو من پاڵ دەنێن. ئەوەش لە هەموو شوێنێک ڕوو دەدات.

دیمانەساز:
گەر ناچار بیت لە نێوان سەرۆکی چیلی و خەڵاتی نۆبڵدا هەڵبژێریت، ئەو خەڵاتەی کە ناوی تۆ بۆ بردنەوەی زۆر بەرگوێ دەکەوێت، کامیان هەڵدەبژێریت؟
نیرۆدا:
ناکرێت پرسیار دەربارەی هەڵبژاردن لە نێوان شتە خەیاڵییەکاندا بکرێت.

دیمانەساز:
بەڵام گەر ڕێک لەسەر ئەم مێزەی بەردەمت سەرۆکایەتی و خەڵاتی نۆبڵ دانرابێت؟
نیرۆدا:
گەر ئەوان ئەو دووە بخەنە سەر مێزەکەی بەردەمم، ئەوا هەڵدەستم و دەچم لەسەر مێزێکی دی دادەنیشم.

دیمانەساز:
پێتوایە بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بە ساموێل بێکێت دادوەرانە بوو؟
نیرۆدا:
بەڵێ، پێموایە دادوەرانەیە. بێکێت شتگەلی کورت بەڵام جوان و نایاب دەنووسێت. خەڵاتی نۆبڵ، بە هەرکێ بدرێت، هەمیشە شانازییەکە بۆ ئەدەبیات. من لەوانە نیم کە بەردەوام لە مشتومڕی ئەوەدان کە ئایا خەڵاتەکە بەخشراوەتە کەسی دروست یان نا. ئەوەی دەربارەی ئەم خەڵاتە گرنگە-گەر هەر گرنگییەکی هەبێت-ئەوەیە کە ناونیشانێکی ڕێزدارانە بۆ پێگەی نووسەری دەهێنێت. ئەوە ئەوەیە کە گرنگە.

دیمانەساز:
بەهێزترین یادەوەرییەکانتان چین؟
نیرۆدا:
نازانم. ڕەنگە بەهێزترین یادەوەرییەکانم ئەوانە بێت کە پەیوەستن بە ژیانم لە ئیسپانیا-لەنێو ئەو برایەتییە مەزنەی شاعیراندا؛ هەرگیز نەمبیستووە کۆمەڵەیەکی وا گەرموگوڕانە لە دونیای ئەمریکای ئێمەدا هەبێت-وا پڕ بێت لە مقۆمقۆ، وەک ئەوەی لە شاری بۆینس ئایرس دەیڵێن. پاش ئەوە، زۆر بەژان بوو کە ببینیت ئەو کۆماری هاوڕێیانە لەلاین شەڕی ناوخۆوە تێک بدرێت، ئەوەش دەرخەری واقیعی سامناکی سەرکوتکاریی فاشیستییانە بوو. هاوەڵەکانم پەرشوبڵاو بوونەوە: هەندێکیان هەر لەوێ لەنێوبران-وەک گارسیا لۆرکا و میگێل هێرناندز؛ ئەوانی تر لە غوربەتدا مردن؛ هەندێکی تریش هێشتا هەر لە غەریبیدا دەژین. تەواوی ئەو قۆناغە لێوانلێو بوو لە ڕووداو، لە هەستی قووڵ، بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوانەش ڕەوتی ژیانمیان گۆڕی.

دیمانەساز:
ئێستا ڕێت پێ دەدرێت بچیتە ناو ئیسپانیاوە؟
نیرۆدا:
من بەشێوەیەکی فەرمی چوونە ئیسپانیام لێ یاساغ نەکراوە. جارێکیان لەلایەن باڵیۆزی چیلییەوە لە ئیسپانیا بانگێشت کرام تا دیدارێکی خوێندنەوە ساز بکەم. بەئەگەری زۆرەوە ڕێگەیان پێ دەدام بچم. بەڵام نامەوێت کارێکی لەو چەشنە بکەم، چونکە زۆر بە سادەیی ڕەنگە ئەوە شتێکی باش بێت بۆ حوکمەتی ئیسپانیا تا هەندێک ڕووی دیموکراسیانەی خۆی پیشان بدات، ئەویش بە ڕێگەدان بە کەسانێک کە پێشتر زۆر بەتووندی لەدژی جەنگاون. نازانم. لە ژمارەیەکی وا زۆری وڵاتان ڕێگام لێ گیراوە و خۆشم ڕووم لە ژمارەیەکی وا زۆری تر وەرگێڕاوە کە، هەر بەڕاستی، چیتر ئەو بابەتە بەو شێوەیە ناڕەحەتم ناکات کە سەرەتا دەیکرد.

دیمانەساز:
بە شێوەیەکی دیاریکراو، ئەو چامەیەی بۆ گارسیا لۆرکات نووسی، چامەیەک کە پێش مەرگی نووسیت، پێشبینی کۆتاییە تراجیدیاکەی ئەوی کرد.
نیرۆدا:
بەڵێ، ئەو شیعرە سەیرە. سەیرە چوونکە ئەو کەسێکی زۆر خۆشحاڵ بوو، بوونەوەرێکی ڕووخۆش. کەسانێکی کەم دەناسم وەک ئەو بن. ئەو بەرجەستەبوونی…باشە، با نەڵێین هی سەرکەوتن، بەڵام بەرجەستەبوونی خۆشەویستی ژیان بوو. ئەو چێژی لە هەر ساتێکی بوونی دەبینی- دەستبڵاوێکی مەزنی بەختەوەری بوو. لەبەر ئەو هۆکارە، تاوانی گولەبارانکردنی لۆرکا یەکێکە لە تاوانە لێخۆشبوونهەڵنەگرەکانی فاشیزم.

دیمانەساز:
تۆ زۆرجار لە شیعرەکانتدا ئاماژەت بەو داوە، هەروەها بە میگێل هێرناندزیش.
نیرۆدا:
هێرناندز وەک کوڕم وابوو. وەک شاعیریش، ئەو وەک موریدێکی من بوو، بەزۆریش لە ماڵەکەی مندا دەژیا. ئەو چووە زیندانەوە و هەر لەوێش مرد چونکە ڤێرژنە فەرمییەکەی مەرگی گارسیا لۆرکای ڕەت کردەوە. گەر ڕوونکردنەوەکەی ئەوان دروست بێت، ئەی بۆچی حوکمەتە فاشیستەکە میگێل هێرناندزی تا کاتی مەرگی لە زینداندا هێشتەوە؟ بۆچی تەنانەت ڕەتیان کردەوە بیگوێزنەوە بۆ نەخۆشخانە، وەک ئەوەی باڵیۆزی چیلی پێشنیاری کرد؟ مەرگی میگێل هێرناندزیش تیرۆرکردن بوو.

ئەم گفتوگۆیە لە ژمارە ٥١ی گۆڤاری پاریس ڕیڤیوو، لە بەهاری ساڵی ١٩٧١ بڵاوکراوەتەوە

Related Posts

Leave a comment