[گفتوگۆ لەگەڵ فۆکنەردا]

سازدەری گفتووگۆ: جان شتاین
لە ئینگلیزییەوە: شادیار شۆڕش

 

بەشی یەکەم 

ویلیام فۆکنەر لە ساڵی ۱٨۹۷ لە نیو ئەلبانی، لە میسیسیپی لەدایک بووە. باوکی فۆکنەر بەڕێوبەری هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەربووە، کۆلۆنێل ویلیام فاکنەری باپیرە گەورەشی دروستکەری هێڵی ئاسنینەکەبوو، نوسەری ڕۆمانی (گوڵی سپی مێمفیس)یشە. دواتر ئەم خێزانە سەفەردەکەن بەرەو ئۆکسفۆرد و لەوێ دەژین، کە سی و پێنج میل لە زێدی خۆیانەوە دوورە، لەو جێگەیەی کە فۆکنەری لاو، هەرچەندە خوێنەرێکی بەجۆش بوو، لە تەواوکردنی هەندێک وانەی ئامادەیی شکیستیهێنا. ویلیام فۆکنەر لە ساڵی ۱۹۱٨ لە هێزی ئاسمانی ڕۆیاڵی کەنەدیی وەک خوێندکاری بەشی فڕۆکەوانی دادەمەزرێت. زیاتر لە ساڵێک وەک خوێندکاری تایبەت لە زانکۆی ئۆلی میس خۆی ناونووس دەکات، دواتریش وەک بەڕێوبەری پۆستە لە زانکۆی ستەیشن دەست بە کاردەکات تا ئەو کاتەی کە بەهۆی خوێندنەوەی کتێب لە کاتی کارکردندا لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە.
بە هاندانی شێروود ئەندرسن دەست بە نوسینی ڕۆمانی (ماڵئاوایی سەرباز) دەکات لە ساڵی ۱۹۲٦. ڕۆمانی (پەناگە) کە لە ساڵی ١٩٣١ نوسیویەتی دەبێتە پڕفرۆشترین ڕۆمانی فۆکنەر. ئەم ڕۆمانە چیرۆکێکی هەستبزوێنی هەیە و وەک خۆی دەڵێت بۆ پەیداکردنی پارە نوسیویەتی چونکە لە دوای زنجیرەیەک لە نوسینی ڕۆمانەکانی وەک مێشوولە (۱۹۲۷)، سارتۆریس (١٩٢٩)، هەرا و تووڕەیی (۱۹۲۹)، وەک مردووییەک پاڵکەووتوم (۱۹۳۰)، لە ڕابردوودا نەیتوانیبوو پارەیەکی وا کۆبکاتەوە کە پشتگیری خێزانەکەی پێبکات.

لە پاش ئەو کتێبە، فۆکنەر لە فرۆشتنی کتێبەکانی تریدا بەردەوام بوو. زۆربەی زۆری کارەکانی بۆ یۆکناپاتافا ساگای کارەکتەرێکی فیکشن لە هەرێمێکی فیکشندا نووسرابوو، وەک: ڕووناکی لە ئابدا (۱۹۳۲)، دەروازەی کۆشک (۱۹۳٥)، ئەبسالۆم ئەبسالۆم (۱۹۳٦)، نەبەزیوو (۱۹۳۸)، هاملێت (۱۹٤۰)، کۆمەڵە چیرۆکی دابەزە موسا (۱۹٤۱). بەرهەمە گرنگەکانی کە پاش جەنگی جیهانی دووەم نوسیویەتی بریتیە لە:  نامۆیەک لە غوباردا (۱۹٤۸)٫ ئەفسانە (۱۹٥٤)٫ شارۆچکە (۱۹٥٤). کۆبەرهەمی چیرۆکەکانی فۆکنەر لە ساڵی ۱۹٥۱ خەڵاتی کتێبی نیشتیمانیی بەدەستهێنا، ڕۆمانی ئەفسانەش لە ساڵی ۱۹٥۷ هەمان خەڵاتی بەدەستهێنا. فۆکنەر لە ساڵی ۱۹٤۹ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەب وەرگرت.

لەم دوواییەدا، کە مەبەست کاتی ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکەیە، هەرچەندە فۆکنەر دەستی لە کار کێشاوەتەوە، سەرقاڵی گەشتکردنە بە جیهاندا و لە خزمەتگوزاری زانیاری ویلایەتە یەکگرتووەکان وانە دەڵێتەوە. ئەم گفتووگۆیە لە سەرەتای ساڵی ۱۹٥٦ لە نیویۆرک ئەنجامدراوە.

دیمانەساز:
بەڕێز فۆکنەر ماوەیەک لەمەوبەر ئاماژەتان بەوەدا کە حەز لە ئەنجامدانی گفتووگۆ ناکەن.

ویلیام فۆکنەر:
هۆکاری ئەوەی حەز بە ئەنجامدانی گفتووگۆ ناکەم ئەوەیە کە توندوتیژانە وەڵامی پرسیارە کەسییەکان دەدەمەوە. ئەگەر پرسیارەکان دەربارەی کارەکەم بن ئەوا هەوڵئەدەم وەڵام بدەمەوە. ئەگەر دەربارەی خۆم بوون ڕەنگە وەڵامم هەبێت و ڕەنگە نەشمبێت. بەڵام ئەگەر وەڵامیش بدەمەوە و ڕۆژی دواتر هەمان پرسیارم لێبکرێتەوە، ڕەنگە وەڵامەکەم جیاوازبێت.

دیمانەساز:
ئەی دەربارەی خۆت وەک نووسەرێک؟

ویلیام فۆکنەر:
ئەگەر من بوونم نەبوایە، ئەوا کەسێکی تر من یان هێمنگوای یان دۆستۆڤسکی یان هەموومانی دەنوسییەوە. بەڵگەی ئەمەش ئەوەیە کە سێ پاڵێوراوی تر هەن بۆ بوون بە نوسەری شانۆکانی شەیکسپیر. گرنگ نییە کێ هاملێت و خەونی شەوی چلەی هاوینی نوسیووە بەڵکو گرنگ ئەوەیە کە کەسێک نوسیوونی. هونەرمەند هیچ گرنگییەکی نییە بەڵکو تەنها ئەوەی کە ئەیخولقێنێت گرنگە لە کاتێکدا هیچی نوێ نەماوەتەوە بۆ گوتن. شکسپیر و بەلزاک و هۆمەر دەربارەی هەمان بابەت نوسیویانە، ئەگەر یەک یان دوو هەزار ساڵێک زیاتر لە ژیاندا بوونایە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە پێویستییان بە کەسی تر نەدەبوو.

دیمانەساز:
بەڵام تەنانەت ئەگەر هیچی نوێ نەبێت بۆ گوتن، ئایا کەسایەتی نوسەر بۆ ئێمە گرنگ نییە؟

ویلیام فۆکنەر:
کەسایەتی نوسەر بۆ خودی نوسەر خۆی گرنگە. خەڵکانی تر لەوە سەرقاڵترن سەریان بپرژێتە سەر گرنگیدان بە کەسایەتی و کارەکتەری نوسەر.

 دیمانەساز:

ئەی دەربارەی نووسەرە هاوسەردەمەکانت؟

ویلیام فۆکنەر:

هەموومان لە خەونی گەیشتن بە ئاستی بێخەوشیدا شکستمان هێنا. بۆیە خۆمان لەسەر بنەمای شکستە بەشانوشکۆکانمان لە کردنی کارێکی مەحاڵدا پلەبەند دەکەم. بە بڕوای من، ئەگەر بتوانم دیسانەوە هەموو کارەکانم بنووسمەوە، لەو بڕوایەدام کە بتوانم باشتر ئەو کارە بکەم، کە ئەمەش تەندروستترین بارودۆخی هونەرمەندێکە. لەبەر ئەمەیە کە هونەرمەند بەردەوام دەبێت لە کارکردن و دووبارە هەوڵدان. هەموو جارێک پێیوایە کە ئەم جارە باشتر کارەکە ئەنجام دەدات و سەرکەوتوو دەبێت. بێگومان ئەوەش ناکات، هەر لەبەر ئەوەیە ئەم بارودۆخە تەندروستە. کاتێک کارەکەی بەئەنجام دەگەیەنێت، کاتێک کارەکەی لەگەڵ وێنە و خەونەکە هاوتا دەکات، لەوکاتەدا هیچ شتێک نامێنێتەوە جگە لە بڕینی گەرووی خۆی نەبێت، تا لە دیوەکەی تری ئەو لوتکەی بێخەوشییەدا بازێک ڕووەو خۆکوژی بدات. من شاعیرێکی شکست خواردووم. ڕەنگە هەموو ڕۆماننووسێک سەرەتا خواستی ئەوەی هەبێت شیعر بنووسێت، بۆی دەردەکەوێت ناتوانێت، پاشان هەوڵی نوسینی کورتەچیرۆک دەدەن کە باوترین فۆڕمی نوسینە پاش شیعر. شکستهێنان لەوەشدا دەبێتە هۆی ئەوەی هەوڵی نوسینی ڕۆمان بدەن.

دیمانەساز:

ئایا هیچ کڵێشەیەک هەیە کەسێک پەیڕەوی بکات تا ببێتە ڕۆماننووسێکی باش؟

ویلیام فۆکنەر:

لە سەدا نەوەد و نۆ پشت بە بەهرە دەبەستێت، لەسەدا نەوەد و نۆ بە دیسیپلین و لە سەدا نەوەد و نۆش بە کارکردن. نوسەر هەرگیز نابێت بەوە قایل بێت کە دەینووسێت. هەرگیز نووسینێک بەو باشییە نایەتە بەرهەم وەک ئەوەی نوسەرێک دەیخوازێت. هەمیشە خەون ببینە و بەرزتر لە توانای خۆت بڕوانە. گرنگی مەدە بەوەی لە نووسەرە هاوسەردەمەکانت یاخود پێشسەردەمەکانت باشتر بیت. هەوڵ بدە لە خودی خۆت باشتر بیت. هونەرمەند بوونەوەرێکە ڕۆحە خراپەکان ئاڕاستەی دەکەن. ئەو نازانێت بۆچی ڕۆحە خراپەکارەکان ئەو هەڵدەبژێرن و لەوە سەرقاڵتریشە بپرسێت بۆ.  هونەرمەند بۆ تەواوکردنی کارەکەی ئامادەیە لە هەرکەس و هەمووکەسێک تاڵانی بکات، بخوازێت، سواڵ بکات، یان بدزێت و لەمەشدا لەدەرەوەی بەها ئاکارییەکاندایە.

دیمانەساز:

مەبەستت ئەوەیە کە نوسەر دەبێت بە تەواوەتی کەسێکی بێبەزەیی بێت؟

ویلیام فۆکنەر:

تاکە بەرپرسیارێتی نوسەر هونەرەکەیەتی. ئەگەرکەسێک هونەرمەندێکی باش بێت دەبێت بەتەواوەتی بێبەزەیی بێت. ئەو خەونێکی هەیە. ئەو خەونەش بەچەشنێک ئازاری دەدات کە پێویستە خۆی لێ دەرباز بکات. تا ئەو ساتە هیچ ئارامییەک نادۆزێتەوە. هەمووشتێک دەستی لێ هەڵدەگیردرێت: شکۆ، شانازی، ڕەوشتبەرزی، دڵنیایی و دڵخۆشی، هەمووی، تا کتێبەکە بنووسرێت. ئەگەر پێویست بکات نوسەرێک دزی لە دایکی بکات ئەوا دوودڵ نابێت لە کردنی. (چامەی  نێو گۆزەیەکی یۆنانی) بەهای چەندین خانمی پیر دەهێنێت.

 

-(یەکێکە لە پێنج چامەکەی جۆن کیتسی شاعیر.)

دیمانەساز:

کەواتە ئایا دەکرێت نەبوونی دڵنیایی، دڵخۆشی، شکۆ، ببێتە هۆکارێکی گرنگ لە توانای داهێنەرانەی هونەرمەندێکدا؟

ویلیام فۆکنەر:

نەخێر. ئەمانە تەنها بۆ ئارامی و ئاسوودەیی خودی خۆی گرنگن، هونەریش هیچ پەیوەست نییە بە ئارامیی و ئاسوودەییەوە.

دیمانەساز:

کە وابێت باشترین ژینگە بۆ نوسەرێک چییە؟

ویلیام فۆکنەر:

هونەر پەیوەست نییە بە ژینگە و بە شوێنیشەوە. ئەگەر مەبەستت منە، ئەوا باشترین کارێک تا ئێستا پێشکەشم کرابێت، ئەوەیە بووم بە بەکرێدەری سۆزانیخانەیەک. بە بۆچوونی من ئەوە باشترین ژینگەی کۆمەڵایەتییە بۆ هونەرمەندێک تا کاری تێدا بکات. ئازادیی ئابووریی تەواوی دەداتێ، بەدوور دەبێت لە ترس و برسێتی، سەقفێکیش لە ژوور سەری هەیە و هیچی لەسەر نییە بیکات جگە لەوەی ئاگادری چەند حساباتێکی ئاسان بێت و مانگانی جارێک بڕە پارەیەک بدات بە پۆلیسی ناوچەکە. شوێنەکە لە کاتژمێرەکانی بەیانیاندا زۆر بێدەنگە، ئەمەش باشترین کاتی ڕۆژەکەیە بۆ کارکردن. لە ئێوارانیشدا هێندە بۆنە و ژیانی کۆمەڵایەتی هەیە، ئەگەر خۆی بیەوێت بەشدارییان تێدا بکات، تا لە بێزاری دووری بخەنەوە؛ لە کۆمەڵگەکەیدا پێگەیەکی دیاریکراو دەبێت، هیچ نییە بیکات چونکە خانمەکە کاروباری دەفتەردارییەکە دەکات، هەموو ئەو کەسانەی نیشتەجێی شوێنەکەن مێینەن و ملکەچی ئەم دەبن و بە ” گەورەم” بانگی دەکەن. قاچاغچییەکانی ئەو دەوروبەرەش هەر بە “گەورەم” بانگی دەکەن. هەروەها دەشتوانێت پۆلیسەکان بە ناوی یەکەمی خۆیانەوە بانگ بکات.

بۆیە تاکە ژینگە هونەرمەندێک پێویستی پێی بێت ئەو ئارامییەیە، ئەو تەنیاییەیە، ئەو چێژەیە کە ئەتوانێت بە نرخێکی کەم بەدەستی بهێنێت. هەموو ژینگەیەکی هەڵە بۆ هونەرمەند دەبێتە هۆی ئەوەی پەستانی خوێنی بەرزبێتەوە، کاتێکی زیاتر بە بێتاقەتی و تووڕەیی بەسەر دەبات. ئەزموونی خۆم وابووە کە ئەو شتانەی پێویستم بوون بۆ ئەنجامدانی کارەکەم بریتی بوون لە پەڕە و تووتن و خواردن و کەمێک ویسکی.

دیمانەساز: 

مەبەستت ویسکی بۆربۆنە؟

 

ویلیام فۆکنەر:

نەخێر، من بەوجۆرە بژاردەی تایبەتم نییە. لە نێوان ویسکیی سکۆچ و هیچدا، ویسکی سکۆچ هەڵدەبژێرم.

دیمانەساز:

پێشتر ئاماژەت بە ئابووریی سەربەخۆ کرد. ئایا نووسەر پێویستی پێیەتی؟

ویلیام فۆکنەر:

نەخێر، نوسەر پێویستی بە ئابووریی سەربەخۆ نییە. هەموو ئەوەی نوسەر پێویستیەتی قەڵەم و چەند پەڕەیەکە. هەرگیز پارچە نوسینێکی باشم نەخوێندۆتەوە کە سەرچاوەی نوسینەکەی پەسەندکردنی بڕێک پارە بووبێت وەک دیاری. نوسەری باش پەنا نابەتە بەر دامەزراوەیەک. ئەو تەواو بە نوسینەوە سەرقاڵە. کاتێک نوسەرێک بە شێوەیەکی گونجاو پێشوازی لێ نەکرێت خۆی بەوە هەڵدەخەڵەتێنێت کە بڵێت کاتی پێویست یاخود ئابوورییەکی سەربەخۆی نەبووە. دەکرێت دز، قاچاخچی، یاخود ئەسپسوار هونەرێکی باش بخولقێنن. خەڵکی دەترسن لەوەی بۆیان دەربکەوێت کە چەنێک دەتوانن بەرگەی قورسی و هەژاری بگرن. خەڵکی زۆر لەوە دەترسن کە بۆیان دەربکەوێت چەندێک دەتوانن بەرگەی سسەختی و هەژاری بگرن. دەترسن پەی بەوە بەرن چەنێک سەرسەختن. بەڵام هیچ شتێک ناتوانێت نوسەرێکی باش بڕوخێنێت. تاکە شت کە دەتوانێت جێگە بە نوسەر لێژ بکات مردنە. نوسەرە باشەکان کاتیان نییە بۆ بیرکردنەوە لە سەرکەوتن و دەوڵەمەندبوون. سەرکەوتن مێینەیە و لە ژن دەچێت؛ ئەگەر لە بەردەمیدا بترسی و بچیتەوە قاوغەکەی خۆت، ئەوا ئەویش زاڵ دەبێت بەسەرتدا. بۆیە شێوازی دروست بۆ مامەڵەکردنی بریتییە لەوەی کە فەرامۆشی بکەیت. پاشان ڕەنگە خۆی بەرەوڕووت بگەڕێتەوە.

دیمانەساز: 

ئایا دەکرێت کارکردن بۆ فیلم زیان بە نوسینەکانی خۆت بگەیەنێت؟

ویلیام فۆکنەر: 

هیچ شتێک ناتوانێت زیان بە نووسینەکانی نووسەرێک بگەیەنێت ئەگەر ئەو کەسە نووسەرێکی پلە یەک بێت.  ئەگەر کەسێک نووسەرێکی پلە یەک نەبێت ئەوا هیچ شتێک ناتوانێت هاریکاری بکات. کێشەکە بەسەر ئەو نوسەرانەدا پیادە ناکرێت کە نوسەرێکی پلە یەک نین چونکە ئەوان زۆر پێشتر ڕۆحی خۆیان بۆ ژیانێکی شاهانە فرۆشتووە.

دیمانەساز: 

ئایا دەکرێت نوسەر لە کاتی نوسین بۆ فیلمدا سازش بکات ؟

ویلیام فۆکنەر: 

بەڵێ هەمیشە دەتوانێت ئەوە بکات چونکە هاریکاریی و خۆگونجاندن لە سروشتی فیلمدایە، هەموو جۆرە هاریکارییەک سازش کردنە چونکە وشەکە ئەو مانەیەی هەیە، ببەخشە و وەربگرە.

دیمانەساز: 

ئەو ئەکتەرانە کێن کە حەزدەکەیت زۆرترین کاریان لەگەڵدا بکەیت؟

ویلیام فۆکنەر: باشترین ئەکتەر کارم لەگەڵدا کردبێت هەمفێری بۆگارتە، پێکەوە لە هەردوو فیلمی (هەتبێت و نەتبێت) و (خەوە گەورەکە) کارمان کردووە.

دیمانەساز:

ئارەزوو دەکەیت فیلمێکی تر دروست بکەیت؟

ویلیام فۆکنەر: 
بەڵێ، پێم خۆشە ڕۆمانی (١٩٨٤) ی جۆرج ئۆروێڵ بەرهەم بهێنم. بیرۆکەیەکم هەیە بۆ کۆتایی فیلمەکە کە دەبێتە هۆی سەلماندنی ئەو تێزەی کە بەردەوام دووبارەی دەکەمەوە: ناکرێت شکست بەو پیاوە بهێنرێت، ئەویش بەهۆی ویستە سادەکەیەوە بۆ ئازادی.

دیمانەساز: 
چۆن باشترین دەرئەنجام لە کارکردن لە فیلمەکاندا بەدەست دەهێنیت؟

ویلیام فۆکنەر: 
کارکردنی خۆم لە بواری فیلمسازییدا کەوا دەردەکەوێت باشترین جۆری کارکردنی من بێت، بەو شێوەیە ئەنجام دەدرێت کە ئەکتەرەکان و نوسەرەکە سیناریۆکە فڕێ دەدەنە لاوە و لە ڕاهێنانێکی ڕاستەقینەدا و ڕێک پێش ئەوەی کامێرا بخرێتە کار دیمەنەکە دەخولقێنن. گەر نەمتوانیبا، یان هەستم بکردایە توانام نییە، کاری فیلمسازی بە جدی وەربگرم، ئەوا لە سۆنگەی ڕاستگۆییمەوە بۆ کاری فیلمسازی و بۆ خۆیشم، هەر لەسەرەتاوە دەستم نەدەدایە. بەڵام ئێستا دەزانم کە هەرگیز نابمە سیناریۆنووسێکی باش، بۆیە بۆ من کارکردن لەم بوارەدا هەرگیز وەک بوارە تایبەتەکەی خۆم وابەستەییم بۆ دروست ناکات.

دیمانەساز:
سەبارەت بەو ئەزموونە ئەفسانەییەی هۆڵیوود کە تێیدا بەشدار بوویت هیچ سەرنجێکت هەیە؟

ویلیام فۆکنەر:
گرێبەبەستەکەم لەگەڵ کۆمپانیای بواری سینەما (MGM)دا تازە تەواو بووبوو و خەریک بوو دەگەڕامەوە ماڵەوە. ئەو دەرهێنەرەی کارم لەگەڵ دەکردم وتی، “گەر حەزت بە کارێکی ترە لێرە، ئەوا ئاگادارم بکەرەوە تا لەگەڵ ستۆدیۆکەدا دەربارەی گرێبەستێکی نوێ قسە بکەم.” سوپاسم کرد و گەڕامەوە ماڵەوە، شەش مانگ دواتر پەیوەندیم بە دەرهێنەرەکەی هاوڕێمەوە کردەوە و  پێم ڕاگەیاند حەزم بە کارێکی نوێیە. ماوەیەکی کەم دوای ئەو پەیوەندییە نامەیەکم لە بریکارەکەم لە هۆڵیودەوە پێگەیشت، کە مووچەی یەکەم هەفتەمی تێدا بوو. زۆرم پێ سەیر بوو، لەبەرئەوەی چاوەڕێی ئەوە بووم سەرەتا لە ستۆدیۆکەوە ئاگادارینامەیەکی فەرمی یان گرێبەستێکم پێ بگات. بە خۆمم گووت کە گرێبەستەکە دوا خراوە و لەگەڵ پۆستی داهاتوودا پێم دەگات. بەڵام لەبری ئەوە، پاش هەفتەیەک نامەیەکی ترم لە بریکارەکەمەوە پێ گەشت کە مووچەی دووەم هەفتەمی تێدا بوو. ئەمە لە  تشرینی دووەمی ١٩٣٢ دا دەستی پێکرد و تا ئایاری ١٩٣٣ بەردەوام بوو. دواتر لەلایەن ستۆدیۆکەوە تێلێگرامێکم پێ گەیشت کە دەیگووت: “ویلیام فۆکنەر، گەڕەکی ئۆکسفۆرد. تۆ لە کوێیت؟ ستۆدیۆی (MGM).”

دواتر تێلیگرامێکم نووسی: “ستۆدیۆی (MGM)، شاری کولڤەر، کالیفۆرنیا. ویلیام فۆکنەر.” بەڵام خانمە گەنجەکەی سەر هێڵی تێلیگرامەکە وتی”، بەڕێز فۆکنەر، کوا نامەکەتان؟” وەڵامم دایەوە، “ئەمە هەموویەتی.” ئەویش وتی، “ڕێساکان دەڵێن کە من ناتوانم بەبێ بوونی نامەیەک پەیامەکەتان بنێرم، بۆیە هەر دەبێت شتێک بڵێن.” ئیتر بەناو نموونەکانی ئەودا گەڕاین و دانەیەکم هەڵبژارد کە بیرم نەماوە_یەکێک لەو نامە ئامادەکراوانەی تایبەتن بە ساڵیادەکان. ئەوەم نارد. دواتر پەیوەندییەکم لەلایەن ستۆدیۆکەوە بۆ هات کە دوایان لێ کردم بە یەکەمین فڕۆکە بەرەو شاری نیو ئۆرلیانس بڕۆم و لای دەرهێنەر براونین ئامادەیی خۆم بسەلمێنم. دەمتوانی لە شاری ئۆکسفۆرد سواری شەمەندەفەر ببم و هەشت کاتژمێر دواتر بگەمە شاری نیو ئۆرلیانس. بەڵام شوێن ڕێنماییەکانی ستۆدیۆکە کەوتم و چووم بۆ فڕۆکەخانی مێمفیس کە جارجار فڕۆکەیەک لەوێوە دەچووە نیو ئۆرلیانس، پاش سێ ڕۆژ، فڕۆکەیەک هەبوو.

دەوروبەری کاتژمێر شەشی ئێوارە گەیشتمە هۆتێلەکەی بەڕێز براونین و لە هاتنەکەم ئاگادارم کردەوە. لەو کاتەدا ئاهەنگێگ بەڕێوە دەچوو. پێی وتم کە ئەمشەو باش بنووم و ئامادەبم بۆ دەستپێکێکی زوو لە بەیانیی سبەینێدا. لە بەیانیدا پرسیارم سەبارەت بە چیرۆکی فیلمەکە لێ کرد و وتی، “بڕۆ ئەو ژوورە، ئەوێ ژووری نووسەری کۆمەڵەکەیە و پێت دەڵێت چیرۆکەکە چییە.”

ڕۆیشتمە ئەو ژوورەی کە ئاماژەی پێدا و نووسەرەکە بەتەنیا لە ژوورەکەدا دانیشتبوو. خۆم ناساند و سەبارەت بە چیرۆکەکە پرسیارم لێ کرد. وتی: “کاتێک دیالۆگەکانت نووسی، ئەوکات پێت دەڵێم چیرۆکەکە چییە. گەڕامەوە ژوورەکەی براونین و ئەوەم بۆ باسکرد کە ڕووی دا. ئەویش وتی “بگەڕێرەوە لای و دووبارە قسەی لەگەڵدا بکەرەوە و گوێی مەدەرێ، پێویستە شەو باش بخەویت بۆ ئەوەی سبەی زوو دەست پێبکەین.”
بەیانی ڕۆژی دواتر هەموومان جگە لە نووسەری کۆمەڵەکە بە بەلەمێکی کەشخەی بەکرێگیراو ڕووەو دورگەی گراند ئایسڵ بەڕێکەوتین، ئەو شوێنەی فیلمەکەی لێ وێنە دەگیرا و سەد میلێک دوور بوو. لە کاتی نانی نیوەڕۆدا گەیشتینە ئەوێ و تەنها کاتی ئەوە مابوو کە دووبارە سەد میل بەرە نیو ئۆرلیانس ببڕینەوە تا پێش تاریکی بگەینەوە.

دوو بۆ سێ هەفتە بەم شێوەیە بەردەوام بوو. جاروبار کەمێک نیگەرانی چیرۆکەکە دەبووم، بەڵام هەمیشە براونین دەیگوت، ” خەمت نەبێت، شەو باش بنوو بۆ ئەوەی سبەی لە بەیانییەکی زوودا دەست پێبکەین.”
ئێوارەیەک دوای گەڕانەوەم بۆ ژوورەکەم هەر ڕێک ئەو کاتەی خۆم کرد بە ژووردا زەنگی تەلەفۆنەکەم لێیدا و براونین لەسەر هێڵ بوو. وتی کە هەر ئێستا سەردانی ژوورەکەی بکەم. منیش وام کرد. براونین تێلێگرامێکی پێگەیشتبوو کە دەیگوت: “فۆکنەر دەرکراوە. ستۆدیۆی(MGM).” براونین وتی، “نیگەران مەبە من پەیوەندیان پێوە دەکەم و نەک هەر وایان لێ دەکەم مووچەکەت بۆ بگەڕێننەوە بەڵکو بە نوسراو داوای لیبوردنیشت لێ بکەن.” لەو کاتەدا لە دەرگا درا، تێلێگرامێکی تریان هێنابوو کە دەیگوت، “براونین دەرکراوە.” بۆیە منیش گەڕامەوە ماڵەوە. وابزانم براونین-یش چوو بۆ شوێنێکی تر. پێم وایە هێشتا ئەو نووسەرەی لە ژوورەکەدا دانیشتووە و چەکی هەفتانەمووچەکەی توند لەناو دەستیدایە. ئەوان هەرگیز فیلمەکەیان تەواو نەکرد. تەنها گوندێکی ڕۆبیانیان دروست کرد_سەکۆیەکی درێژ لەسەر چەند پایەیەک و، چەند کوخێک_ شتێکی وەک ڕاڕەوی لەنگەرگە. ستۆدیۆکە دەیتوانی دەرزەنێک لەوانە بە چل بۆ پەنجا دۆلار بۆ هەر پارچەیەک بکڕێت، بەڵام لە بری ئەوە خۆیان دانەیەکیان دروست کرد، دانەیەکی خراپ. واتە، سەکۆیەک بە یەک دیوارەوە، بۆیە کە دەرگاکەت دەکردەوە و لێوەی دەڕۆیشتیت، ڕاستەوخۆ دەچوویتە نێو دەریاکەوە. لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنیاندا، ماسیگرێکی خەڵکی ئەو ناوچەیە لەنێو بەلەمە دارینەکەیدا دادەنیشت و لەبەر هەتاوە سوتێنەرەکەدا تەماشای ئەو سپیپێستە نامۆیانەی دەکرد کە سەکۆیەکی دووبارەیان دروست دەکرد. ڕۆژی دواتر ماسیگرەکە بە خۆی و بەلەمە بچووکەکەی و تەواوی خێزانەکەیەوە دەگەڕێتەوە؛ هاوژینەکەی کە خەریکی ساواکە بوو، منداڵەکانی تر و خەسووی پیاوەکە هەموویان لەبەر ئەو خۆرە گەرمەدا دانیشتبوون و لەو کارە گەمژانە و بێمانایەیان دەڕوانی. دوای دوو یان سێ ساڵ کاتێک کە لە نیو ئۆرلیانس بووم بیستم کە خەڵکی ئەو ناوچەیە تا ئێستاش لە دووری چەندان میلەوە دێن بۆ سەیرکردنی ئەو سەکۆی ڕۆبیانەی کە کەسانێکی سپیپێست بەپەلە هاتن درووستیان کرد و پاشان بەجێیان هێشت.

سەرچاوە: ژمارە ١٢، بەهاری ١٩٥٦

Related Posts

Leave a comment