لە ئینگلیزییەوە: شادیار شۆڕش
سەرچاوە: سایت ئاند ساوند
عەباس کیا ڕۆستەمی و جێف ئەندریو لەسەر سەکۆی فێستیڤاڵی فیلمی مەراکیش
کە لە ۲۱ی حوزەیرانی ساڵی ۱۹۹۹ بۆ یەکەم جار چاوم بە عەباس کیاڕۆستەمی کەوت، کاتەکەم بیرە چونکە شەوی پێش ئەوەبوو کە بۆ ڕۆژی دواتر لەسەر سەکۆی هۆڵی فیلمی نیشتیمانی گفتوگۆمانکرد، لە پڕۆگرامی لوتکەی وەرزی فیلمی ئێرانی کە لەلایەن ڕۆز عیسا و خوالێخۆشبوو شیلا وینگەرەوە ڕێکخرابوو. بە هیچ جۆرێک نەمدەزانی کە ئەم بینینەی کیاڕۆستەمی چەندە کاریگەری لەسەر حەڤدە ساڵی ئایندەم جێدەهێڵێت. دەبوو بمزانیایە کە بینینی کیاڕۆستەمی تەنها چاوپێکەوتنێکی سادە نییە و دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە، لە پاشاندا بە فیلمەکانی ئاشنابووم و هەر زوو گۆڕانکارییان لەسەر هزری من سەبارەت بەوەی کە سینەما دەبێت چۆن بێت. بەڵام خەیاڵی ئەوەم نەکردبوو کە ئەم فیلمسازە بێهاوتایە، کە بۆ من گەورەترین فیلمسازی زیندوی جیهانە، لەو کاتەوە تا دوێنێ، بە هاوڕێیەتی کردنی یەکتری شادومان بووین، پێشبینی ئەوەشمان نەکردبوو کە ئەگەر هەر ڕۆژێک بزانین کە هەردووکمان لە وڵاتێکداین هەوڵی یەکتربینین بدەین.
هەرگیز سەردانی تارانم نەکردووە بەڵام لە هەریەکە لە کان و بەرلین و تۆرینتۆ و سیسالۆنیکی و بەرشەلۆنە و پاریس و مەراکیش چەندینجار هەم دوو بە دوو و هەم بە شێوەیەکی کراوەش یەکتریمان بینیووە و گفتوگۆمان کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک کیاڕۆستەمی لە ساڵی ٢٠٠٥دا بەمەبەستی چەندین چالاکی جیاواز وەک سازکردنی ئاهەنگێک بۆ یەکێک لە فیلمەکانی و کۆکراوەی کارەکانی ڕابردووی و چاوپێکەوتنێک لەگەڵ پەیمانگای فیلمی بەڕیتانی، هەروەها ڕێکخستنی پێشانگایەکی فۆتۆگرافی لە قوتابخانەی فیلمی لەندەن و ئامادەبوونی لە بڵاوبوونەوەی توێژینەوەیەک لە پەیمانگەی فیلمی بەڕیتانی سەبارەت بە ڕەهەندە کلاسیک و مۆدێرنەکانی فیلمی ۱۰ سەردانی لەندەنی کرد، ئەو ماف و شادومانییەم هەبوو کە کاتێکی زۆری لەگەڵدا بەسەربەرم تەنانەت بۆ ئێوارە خوانێک سەردانی من و هاوسەرەکەمی کرد و (هەمیشە دەیووت کە هاوسەرەکەم لە جێنێفەر جۆنس دەچێت.)
بۆیە ئاماژەم بەم ئێوارەخوانەی کیاڕۆستەمی و ئێمە کرد چونکە تەنها پیشاندەری ئەوە نییە کە چەندە کەسێکی سادەیە بەڵکو لەبەرئەوەی ئەوە پیشان دەدات کە چەندە کەسێکی شەرمنە. بەشێک لەو هۆکارەی کە وای کرد بانگێشتەکەی ئێمە قبووڵبکات ئەوەیە کە هیوای دەخواست ئێوارەیەکی دوور لە چاوی کامێراکان بەسەربەرێت، هەروەک ئەوەی ئێوارەیەک پێشتر لە خوانێکی گەورەدا کە لەسەر شەرەفی ئەو رێکخرابوو پێداگری دەکرد کە من دەبێت لە تەنیشتییەوە دابنیشم ئەمەش نەوەک لەبەرئەوەی هاوەڵی کردنی من بۆ ئەو شتێکی خۆشبوو بەڵکو لەبەرئەوەی باشترە مامەڵە لەگەڵ کەسانێکدا بکەیت کە دەیانناسیت تەنانەت ئەگەر کەسانێکی نموونەیش نەبن. عەباس زۆر ڕێزی دەگرت لەو پشتگیرییانەی لەهەمبەر کارەکانی بەدەستی دەهێنا بەڵام زیاتر کۆبوونەوەیەکی بچووکی هاوڕێیانەی لە کۆبوونەوەی خەڵکانی زۆر لەلا پەسەندتر بوو. بۆ ئەو، ئەو بەناوبانگبوونەی کە چەپڵە هاودەمی دەکات وەک شمشێرێکی زۆر تیژ وەهابوو. ئەو کەسێک بوو زۆرینەی کات باسی لەوە دەکرد کە چەندە چێژ لەوە دەبینێت بە مەبەستی چرکاندنی چەند وێنەیەک بە تەنیا بەرەو شاخەکانی دەوروبەری تاران لێ بخورێت. کیاڕۆستەمی دیجیتاڵ میدیای لە ئامێزگرتووە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی بەشێک لە فیلمەکانی وەک ئەی بی سی ئەفریقیا (۲۰۰۱)، دە (۲۰۰۲) پێنج (۲۰۰٤) و شیرین (۲۰۰۸) ئەمە وای لە کیاڕۆستەمی کرد بەبێ بوونی هیچ هاوکارییەک و بەشێوەیەکی داهێنەرانە فیلمەکانی بەرهەم بهێنێت، فیلمێک کە شاعیرانن و وێنەکێشان و فۆتۆگرافەران کە ڕۆژێک لە ڕۆژان عەباس هەموو ئەمانە بووە چێژیان لێ ببینێ. بۆ کیاڕۆستەمی سینەما هەرگیز پیشەسازی نەبووە بەڵکو بۆ ئەو سینەما واتا هونەر.
چاوپێکەوتنی جێف ئەندرو لەگەڵ عەباس کیاڕۆستەمی لە ساڵی ۲۰۱۲ لە فێستیڤاڵی فیلمی مۆرێلیا
هێمن و هەستیار و کەمێک شەرمن، کەسێکی پڕ جووڵە و پڕ لە گاڵتەوگەپ، زۆر بە سادەیی عەباس کەسێکی زۆر جیاوازترە لە هەموو ئەو کەسانەی کە لە ژیانمدا بینیوومن. هەندێکجار زۆر تایبەتە و نهێنییەکانی دەرناخات بەڵام لە پڕێکدا دەتوانێت شۆکت بکات کاتێک زۆر بە ڕاشکاویی سەبارەت بە ناوەڕۆکی ژیان و بیر و هەستەکانی قسەت بۆ دەکات. عەباس کەسێکی زۆر خوێندەوار و بلیمەتە، بەڵام کەسێک کە دەخوازێت زانین و زانیارییەکانی بشارێتەوە و بە ئاسانی ئاماژەیان پێ نەدات. هەرچەندە کیاڕۆستەمی ئالوودەی وێنەی جوڵاو نییە بەڵام کەسێکە زۆر بە قووڵی زیاتر لە فیلمسازانی تر بیری لە سینەما و سنووردارییەکانی و ئاکارەکانی کردۆتەوە. کەسێکی بەهەست نییە بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر بەسۆزە؛ چێژت پێ دەبەخشێت بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر فەلسەفییە. ڕەنگە ئەوەی کە زۆر منی جوڵاندبێت، لە ماوەی ئەو ساڵانەدا ئەو تێڕوانینە ناباوەیەتی دەربارەی جیهان. جارێک پێی وتم، “ئەوە دەکەوێتەوە سەر ئەوەی کە تۆ چۆن تەماشای ژیان دەکەیت… ژیان واتە لێوردبوونەوە، گەر وردبیتەوە دەتوانیت شتی زیاتر بدۆزیتەوە. گەر وانەکەیت ئەوا بەدەستی ناهێنیت.”
عەباس کەسێک بوو کە بە وردی و ئارامییەوە لە هەموو شتێکی دەڕوانی؛ لە خەڵک و شوێن و ئەو پرسیارانەی کە چۆن ژیان بەسەر بەرین. گوێی دەگرت، بیری دەکردەوە. لەسەر شتە بچووکەکانیش تێبینی دەنووسی. (بۆ نموونە گەر تەماشای کۆتایی دە لەبارەی دە ( ۲۰۰۳)ەوە بکەین، کاتێک لەبارەی شانەی مێروولەکانەوە ئیلهامی بۆ دێت.) کیارۆستەمی مرۆڤێکی زۆر هۆشیار و بە ئاگا بوو. زۆر سەرسام بوو بە تێروانینی ئەوانی دی، وادەردەکەوت کە چیدی تێڕوانینی خۆی بەلاوە گرنگ نەبوو هێندەی ئەوەی کە تێڕوانینی ئەوانی تری بەلاوە گرنگ بوو. زۆرباشیش بوو لە خەیاڵکردنی ئەوەی خۆی بخاتە جێگەی ئاگاییە کەسییەکانی خەڵکانی تر کە زۆر لە خودی خۆیشی جیاوازتربوو.٫ لەوانەیە ئەمە دەرئەنجامی کارکردنی زۆری عەباس بێت لەگەڵ منداڵاندا لە سەرەتای کارکردنی لە پیشەی فیلم دروستکردندا. بەهەرحاڵ فیلەمەکانی لە بواری منداڵاندا پەرچوون لە هاوسۆزی و تێگەیشتن؛ هەروەک کاتێک سەردانی ئیتاڵیای کرد بۆ بەرهەمهێنانی کۆپی هاوتای ڕەسەن (٢٠٠٩) و پاشان بۆ ژاپۆن بۆ بەرهەمهێنانی وەک عاشقێک (٢٠١٢)، لە دوای بینینی ئەم کارانە هەست ناکەیت کە ئەمە خەیاڵی کەسێکی بیانی نەشارەزا بێت. (لە دواترین ستایشەکان بۆ ئەم کارە ڕەخنەگر و نووسەر تۆنی ڕاینس دەڵێت ئەم کارە ڕاستترین پیشاندانی ئاکار و رەفتاریی ژاپۆنییەکانە.)
وەک عاشقێک
گرنگە لێرەدا لە کورتە فیلمی نان و کۆڵان (١٩٧٠) وردبینەوە، بە تایبەت لە وردبوونەوە لەو گۆڕانکارییەی لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەدا ڕوودەدات لە کوڕێکی گەنجی ترساوەوە لە سەگێک بۆ بوون بە سەگێکی پەرۆش بۆ پارچە نانێک لە ئەو کوڕەی بەلایدا تێپەردەبێت. بە هەمان شێوە، سەرنجی ئەم هۆنراوەیەی خۆی بدەن:
چەند میهرەبانە
ئەو کیسەڵەی
کە فڕینێکی بێ حەسانەوەی بێچووی باڵندەیەک نابینێت.
ئایا ئەم هۆنراوەیە لەبارەی کیسەڵەکەوەیە، یاخود باڵندەکە، یان نووسەرەکە بیر لە نایەکسانییەکانی جیهان بیردەکاتەوە؟ ئەمە دەڵێم چونکە دەبێتە یادێک بۆ ئەو نووسەرەی کە نووسیویەتی. عەباس زۆر جار بە بیروبۆچوون و تێروانینەکانی تووشی شۆکی کردووم کە سەرەتا نامۆ دەردەکەوێت بەڵام دواتر کە زیاتر لێی ورددەبیتەوە ڕاستییەکی چاوەڕواننەکراو دەسەلمێنن. سەرنجێکی بچووک سەبارەت بە فیلمی کڵۆسئەپ (١٩٨٩) فیلمێک سەبارەت بە تاوانبارێکی فێڵزان کە وامان لێدەکات قایلبین بەوەی کەسی تاوانبار کەسێکی باشە و فیلمی تامی گێلاس (١٩٩٧) فیلمێک سەبارەت بە خۆکوژی دەبێت وەک سروودێک وابێت بۆ شادمانییە سادەکانی ژیان لەسەر زەوی یاخود فیلمی (دە) کە بەتەواوەتی لە نێو ئۆتۆمبێلێکدا تۆمارکراوە کە دەربارەی ئەو گێچەڵییانەیە کە خەڵکی لە تارانی مۆدێرندا بەرامبەر ژن دەیکەن.
ئایا عەباس وەک فیلمسازێک پلانەکانی داهاتووی بەرەو کوێی دەبرد؟ ئەو پلانی دوور مەودای هەبوو بۆ ئەوەی فیلمێک لە چین دروست بکات، وەک فیلمی (وەک عاشقێک) بەڵام لە ئێستادا تەنها خۆی کاری لە پڕۆژەی فیلمە ۲٤ چوار خولەکییەکەی دەکرد کە ئەدگارێکی کەسیی پێوە دیاربوو، کارێکیش بوو ئەزموونێکی سرووشتی کە داهێنەرانە کاری لە پەیوەندییەکانی نێوان واقیع و نوێنەرایەتی کردنی و وێنەی وەستاو و وێنەی جوڵاو و هەستکردن و داهێنەرانە و کات دەکۆڵییەوە.
دیسێمبەری ساڵی ڕابردوو لە فێستیڤاڵی فیلمی مەراکیش بۆ کۆتاجار کیارۆستەمیم بینی هەر لەو کاتەدا لە کۆمپیوتەرەکەی خۆیدا نۆ لەو هەژدە کورتە فیلمەی کە بەو دواییە بەرهەمی هێنابوو پیشاندام کە زۆربەی ئەو کورتە فیلمانە بە تابلۆی ڕاوچییانی بەفری وێنەکێشی کلاسیک برۆگیل یاخود تابلۆی درەوکەری وێنەکێش میلێت دەستی پێدەکرد کە دواتر عەباس پێناساندنی لەرێگەی ئەنیمەیشنی دیجیتاڵی بۆ دەنگ و دواتر بۆ چەند جوڵەیەکی کەمدەکرد. هۆکاری ئەم بیرۆکەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە عەباس دەیویست وێنای ئەوەبکات کە لەکاتی کارکردندا کە کەسی وێنەکێش بەراستی چی بیستووە و چی بینیووە و دەرئەنجامی ئەمەش داهێنان، ڕوونی، زیرەکی و بە تەواوەتیش جادووییانە بوو. لەهەمان کاتدا هەموو کورتە فیلەمەکان سەبارەت بە وێنەکێشان نەبوون، هەندێکیان گرتەی واقیعی بوون کە هاوشێوەی ئەمە لە چەند دیمەنێکی فیلمی (پێنج) دا دەبینرێن. بەهەرحاڵ هەموو ئەمانە بەڵگەی زیاتر بە ئێمە دەبەخشێت سەبارەت بە خواستە هەمیشەییەکەی کیارۆستەمی بۆ خستنە کاری ئامرازە سینەماییەکان بە خەیاڵ و ڕێگایەکی نوێ.
کیارۆستەمی هیوای خواست دوای تەواوبوونی کارەکەی، کاتێک هەر ٢٤ گرتەکە تەواوکرا لەسەر خواستی خۆی، ڕەنگە بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ بینەر بخرێنە بەردەست. پێیوابوو ئەم کارانە تەنها سەرنجی خەڵکانێکی کەم ڕابکێشێت بەڵام دواتر دەرکەوت دەبێت ئەم کارانە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆرتری خەڵکیدا بسازێنێت. بە سادەیی چێژی بینی لەم کارانە، هەر بەڕاستی ئەوەی دۆزییەوە کە کارکردن قورس نییە و لە زۆر رێگادا کارەکان بوون بە ژیانی.
بەهۆی کارە هونەرییەکانییەوە بوو ئاشناییەتیم لەگەڵ عەباس پەیدا کرد و ئەم شانازییە لەگەڵ داخ و پەژارەیەکی قووڵ و گەنجینەیەکی بەنرخی یادگاریی گەرم و دڵخۆشی بەجێی هێشتووم. جیهان بەڕاستی فیلمسازێکی مەزن٫ هونەرمەندێکی مەزن و ئینسانێکی مەزنی لەدەستدا.