ڕیڤیووی: ئەندرو ڕۆبینسۆن
لە ئینگلیزییەوە: زانا عوسمان
شانبەشانی پیشەی فیلم دروستکردن لە سەرەتای ساڵانی ١٩٥٠ کانەوە تاکو ساتی مردنی لە ساڵی ١٩٩٢ دا، ساتیاجیت ڕای گرافیک دیزاینەرێکی دیار و وێنەکێشێکی هەڵکەوتووی کتێب و نوسەرێکی بەناوبانگیش بوو. نوسینە وێژەییەکانی بە زمانی بەنگالی لەڕووی ئابوورییەوە سەرکەوتوو بوون، بەتایبەت زنجیرە کورتەڕۆمانێکی دەربارەی دوو لێکۆڵەری هیندی کە تا ئاستێک لەسەر بنەمای هەردوو کارەکتەری شێرلۆک هۆلمز و دکتۆر واستن بنیات نراون. زۆرینەی ئەو کارانە پاشتر وەرگێڕدرانە سەر زمانی ئینگلیزی. دووان لەو کورتەڕۆمانانە لە ساڵانی ١٩٧٠ کاندا لەلایەن ڕایەوە کران بە دوو فیلمی سەرنجڕاکێش: فیلمی (قەڵای ئاڵتوونی) کە لە شاری ڕاجاسان ڕوودەدات و فیلمی (خوداوەندی فیل) کە لە شاری بێنارس ڕوودەدات. سەبارەت بە کارە ناوێژەییەکانیشی، وتارە ناوەناوەکانی دەربارەی هونەر و پیشەی سینەما بە هەردوو زمانی بەنگالی و ئینگلیزی یەکێکن لەو کارە ڕەوان و خاکەڕا و چێژبەخشانەی کە تا ئێستا لەلایەن هەر دەرهێنەرێکەوە نوسرابێت، وتارگەلێک کە لە بەهادا هاوشانی ئۆتۆبایۆگرافیاکەی دەرهێنەر ئاکیرا کۆرۆساوای هاوڕێ و سەوداسەریەتی.
یەکێک لە باشترین وتارەکانی ڕای بە ناونیشانی ‘ماوەیەکی درێژ لەسەر ڕێگا بچکۆلەکە’ ساڵی ١٩٥٧ لە گۆڤاری (سایت ئاند ساوند)ی سەر بە (پەیمانگای فیلمی بەریتانی)دا بڵاوکرایەوە. وتارەکە دەربارەی سەختی و ناڕەحەتییەکانی درووستکردنی یەکەمین فیلمیەتی کە دەکرێت ناونیشانەکەی بە (گۆرانیی ڕێگا بچکۆلەکە) وەربگێڕدرێت. ئەم وتارە جارێکی تر لەگەڵ ژمارەیەک وتاری تردا و لە یەکەمین کۆمەڵەوتاری ڕایدا بە ناونیشانی (فیلمەکانی ئێمە و فیلمەکانی ئەوان) ساڵی ١٩٧٦ لە هیندستان بڵاوکرایەوە. وتارێکی تر، ڕەنگە نایابترین وتاری ڕای بێت، بە ناونیشانی (لەژێر چاوانی ڕۆژئاواییدا)، کە دەربارەی تێڕوانینی خەوشداری ئەورووپی و ئەمریکییەکانە بۆ کلتووری هیندی و لەنێویشیدا سینەمای هیندی، ساڵی ١٩٨٢ لە گۆڤاری (سایت ئاند ساوند) دا بڵاوکرایەوە. ساڵی ٢٠١٢ بۆ یەکەمین جار لە کتێبێکدا، کە بریتیبوو لە دووەمین کۆمەڵەوتاری ڕای، بە ناونیشانی (تەرکیزی قووڵ: چەند تێڕامانێک دەربارەی سینەما) لە هیندستان بڵاوکرایەوە. ئێستا ئەم دووەمین کۆمەڵەوتارە لە ئەمریکادا لە لایەن چاپخانەی زانکۆیەکەوە کە خولیایەکی لەمێژینەی بۆ فیلم هەیە بە ناونیشانی (ساتیاجیت ڕەی دەربارەی سینەما) بڵاوکراوەتەوە.
گەر ئەم ناونیشانە بێتامە بخەینەلاوە، کتێبەکە بەبایەخە، هەم بەهۆی ناوەڕۆکەکەیەوە و هەم بەهۆی تابلۆ زۆروزەوەندەکانییەوە. کتێبی (ساتیاجیت ڕەی دەربارەی سینەما) زۆرینەی ئەو وتارە ئینگلزییانەی لەخۆگرتووە کە لە کۆمەڵەوتاری (سینەمای ئێمە و سینەمای ئەوان)دا نین. کتێبەکە لەلایەن ساندیپ ڕای کوڕی، کە ئەویش دەرهێنەری فیلمە، ئامادەکراوە و دەرهێنەر شیام بێنیگڵ پێشەکی بۆ نووسیوە. زۆرێک لەم وتارانە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا نێژرابوون؛ شتێکی باشە کە دەبینین بەسەرکراونەتەوە. کتێبەکە چەند تایبەتمەندییەکی تری تێدایە کە بە بەهاتری دەکات: وێنەگەلێک لە فیلمەکانی ڕایەوە، چەند پۆستەرێکی فیلم کە لەلایەن ڕایەوە دیزاین کراون و هەندێک کاریکاتێر کە بە قەڵەمەکەی کێشاونی، هەروەها هەندێک فۆتۆی ڕای لەکاتی کارکردندا کە لەلاین بەرهەمهێنەری فیلمی بەڵگەنامەیی دی بی گارگاوە وێنەگیراون، لەگەڵ هەندێک وێنەی دڵڕفێن کە ڕای خۆی گرتوونی.
ئەو ٢٢ وتارەی لەم کتێبەدان لەڕووی قەبارەوە لە درێژترینەوە بۆ کورتترین ڕێکخراون و لەڕووی ناوەڕۆکیشەوە لە بابەتی پیشەی فیلمدروستکردنەوە بۆ چێژی پڕدڵەڕاوکێی دانیشتن لە ڕیزی داوەرانی فیستیڤاڵی فیلمی سۆڤیەت، شانبەشانی وەڵامە شەخسییەکانی بۆ هاوڕێ دەرهێنەرەکانی وەک چارلی چاپل (لەگەڵ سکێچێکی نایاب لەلایەن ڕایەوە)، ژان لۆک گۆدار و ئیگمار بێرگمان (لەگەڵ پۆرترێتێکی فۆتۆیی زیرەکانە لەلایەن ڕایەوە). بەڵام ئەوەش درووستە کە بڵێین هەموو وتارەکان، چەند کورتیش بن، هەمیشە شتێک بە خوێنەر دەبەخشن. هەندێکیان چێژبەخشانە تەوسئامێزن، بەچەشنێک لە شێوازی فیلمە کلاسیکییەکەی ساڵی ١٩٧٠ی، فیلمی (شەوان و ڕۆژانێک لە دارستان).
لەگەڵ ئەوەشدا دوو وتار لابراون و ئەمەش جێی پرسیارە: وتاری ‘ژیانی من، کاری من’ کە وانەگوتارێکی پێنج بەشیی ئۆتۆبایۆگرافی-ئاسا و پڕزانیارییە و ساڵی ١٩٨٢ لە شاری کالکوتا پێشکەشکراوە، هەروەها وتاری ‘دەردەسەرییەکانی بێگانەیەک’، لێکدانەوە ڕۆژنامەییە پڕتوانجەکانی ساڵی ١٩٨٠ی دەربارەی چارەنووسی فیلمنامە خەیاڵی-زانستییە بەناوبانگەکەی لە هۆڵیوود لە کۆتایی ١٩٦٠ ەکاندا، کە زۆرێک باوەڕیان وایە بووبێتە سەچاوەی فیلمی بەناوبانگی (ئی تی) کە ساڵی ١٩٨٢ بەرهەمهات. لە ساتی مردنییەوە هەردوو وتارەکە لە کتێبگەلی دیکەی دەربارەی ڕایدا بڵاوکراونەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، کارێکی شیاو دەبوو گەر ئەو دوو وتارە لە کۆمەڵەوتاری (ساتیاجیت ڕای دەربارەی سینەما)شدا دابنرانایە.
وتارە دڵخوازەکانی من، بەدەر لە وتاری ‘لەژێر چاوانی ڕۆژئاواییدا’، بریتیین لە نوسینێکی شارەزایانە دەربارەی کەلەپووری گومبووی سینەمای بێدەنگی بەنگال، هەروەها وانەیەکی قسەلەڕووانە کە لە یەکەمین قوتابخانەی فیلمدا لە شاری پوونی هیندستان لە ساڵی ١٩٧٤ وتوویەتییەوە. نووسینی یەکەم بە یادەوەرییەکی سەردەمی منداڵی دەستپێدەکات سەبارەت بە مامێکی کە خەڵکی کالکووتایە و ساتیاجیتی تەمەن نۆ ساڵان، دەورووبەری ١٩٣٠، دەباتە بینینی یەکەم فیلمی (تەڕەزان)ی جۆنی ویسموولەر. بەڵام هەموو کورسیەکان گیراون، هەربۆیە مامەکە خوارزا ئومێدبڕاوەکەی دەباتە فیلمێکی بێدەنگی بەنگالی بەناوی (هاوسەرگیریی نەفرەتلێکراو)، کە بەداخەوە بۆیان دەردەکەوێت فیلمەکە “نموونەیەکی پێشکاتی سۆفت پۆڕنی هیندییە”، ڕای-ی لاویی لێوبەخەندە وا دەنوسێت. “پاڵەوانە ژن_یان تۆ بڵێی ژنە لەخشتەبەرەکان بووبێت؟_ و پیاوەکە تازە هاوسەگیرییان کردووە و لە جێگادان، پاشان دیمەنێکی کلۆزئەپ لاقی ژنەکە پیشاندەدات کە لە قاچی پیاوەکە دەخشێت.” ساتیاجیت، کەسێکی کونجکۆڵ بە خۆتەرخانکردنێکی زوو گەشەکردووەوە بۆ سینەما، بە “بێدەنگییەکی ساردوسڕەوە” وەڵامی “با بڕۆینەوە بۆ ماڵەوە” بەپەلە و ناوەناوەکانی مامی دەداتەوە.
وانەکەی (پەیمانگای پوون) قسەلەڕووانە ئەوە دەڵێت، بە ئاماژەدان بە سینەمای بەربڵاوی باوی هیندی کە بە ‘بۆڵیوود’ ناسراوە_جا ئەگەر فیلمەکە لە بۆمبای، کالکوتا یان مادراس بەرهەم هاتبێت_، کە “لانیکەم لە وڵاتەکەی ئێمەدا، فیلمەکان بەبێ هیچ بەشدارییەکی ڕاستەقینە لەلایەن دەرهێنەرانەوە بەرهەمدێن، یان لانیکەم بەبێ بەشدارییەک کە سروشتێکی ئەرێنییانەی هەبێت. دەرهێنەر هیچ شتێک ناکات چوونکە هیچ شتێک نازانێت”. ڕای دواتر ئامۆژگاری فیلمدرووستکەرە قوتابییە بەرزخوازەکان دەکات: ” گەر تۆ بەڕاستی بەهرەدار بیت، ئەوا زوو یان درەنگ بازاڕی خۆت دروست دەکەیت. گەر ئەو بەهرەیەشت نەبوو، بەڵام هێشتا هەر ویستت لە بازاڕدا بمێنیتەوە، تاکە یاسا کە دەبێت شوێنی بکەویت بریتی دەبێت لە یاساکانی سازشکردن”.
بەدڵنیاییەوە بۆ ڕای زۆرینەی سینەمای باوی هیندی شتێکی بێزراو بوو، بەدەر لە هەندێ گۆرانی نوێگەر و بەهرەی زۆرێک لە ئەکتەرەکان کە هەندێکیان ڕای لە فیلمەکانی خۆیدا بە کاریگەرییەکی نایابەوە بەشداری پێکردن، بۆ نموونە ئەمجەد خان لە ڕۆڵی واجید عەلی شاهی پادشای شانشینی ئاود لە فیلمی (یاریکەری شەترەنج) دا. شیام بێنیگڵ لە پێشەکییەکەیدا دەنووسێت کە هەڵوێستەکەی ڕای بە جۆرێک بێزراوانە بوو کە “جۆرێک بوو لە نوخبەخوازی”. من وەک نووسەری بایۆگرافیای ڕای، زۆرجار لەنێو فیلمدرووستکەرە هیندییەکاندا هەڵوێستی دوژمنکارانە بەرامبەر ڕای دەبینم، کە تەنانەت پاش دوو دەیەش لە مەرگی هەر درێژەی هەیە. ئەم هەڵوێستە شیاوی تێگەیشتن و تەنانەت هاوسۆزیشە، لانیکەم تا ئاستێکی کەم. سەرەڕای ئەوەش، ئەو ژیریی و وردبینی و دونیادیدەییەی لە کۆمەڵەوتاری (ساتیاجیت ڕای دەربارەی سینەما)دا هەیە ئەوە دەخاتەڕوو کە بەبێ ئەم بەکەم سەیرکردنەی سینەمای ئاستنزمی جەماوەرخرۆشێنی ‘بۆڵیوود’، فیلمی (گۆرانیی ڕێگا بچکۆلەکە) و شاکارە جیهانییە سینەماییەکانی تری ڕای هەرگیز نەدەهاتنە بوون.
سەرچاوە: جۆرناڵی ڕۆیاڵ ئاسیاتیک سۆسایتی، زنجیرەی سێیەم، ژمارە ٢، نیسانی ٢٠١٤، لاپەڕە ٣٤١-٣٤٢
لەلایەن زانکۆی کامبریدجەوە بڵاوکراوەتەوە