[گفتوگۆ لەگەڵ ساتیاجیت ڕایدا]

لیندسای ئەندرسۆن
وەرگێڕانی: شنیار عومەر 

لە ساڵی ١٩٦٩ ساتیاجیت ڕای لە ئێن.ئێف.تی لەلایەن لیندسای ئەندرسۆنەوە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجامدراوە.
لەم چاوپێکەوتنەدا دەرهێنەر باس لە فیلمەکانی سەرەتا و کاریگەرییەکانیان دەکات، هەروەها ئەو ڕۆماننووسانەی کاریگەرییان لەسەر دروستکردووە، هاوکات باس لە  بەرەوپێشچوون و داهاتووی کاری فلیمسازیش دەکات.
لیندسای ئەندرسۆن: هەموو ئەو تێبینییانەم وەلاناوە کە هەڵەیەکی فرۆیدییانەیە چونکە فڕۆید ڕقی لەم جۆرە شتانە بوو منیش لە جێگەی ئەودابوومایە هەر ڕقم لێی دەبوو . بۆیە بەهەماهەنگی لەگەڵ تۆ هەوڵدەدەین شتێکی باش بکەین . پێموایە ئەوەی کە بەڕێز ڕای زۆر حەزی لێدەکات پرسیاری کۆنکرێتیە وەک لە پرسیاری تیۆری، چونکە وەکو هەموو هونەرمەندێکی تر هەرکەس دەتوانێت تەنها بە بەبینینی  کارەکانت باشترین وەڵام وەربگرێت.
من هەمیشە پێموایە، ئێمەی بەریتانی زۆر بێ ئاگاین لە مەسەلەی هیندستان ئەویش شتێکی ئاساییە بۆ نەتەوەیەکی کۆنە-ئیمپریالیست. مەیلێک هەیە بۆ ئەوەی وەک دەرهێنەرێکی هیندی بناسرێیت، لە کاتێکدا وا دروستترە کە بە دەرهێنەرێکی بەنگالی بناسرێیتەوە. ئەوە قبووڵ دەکەیت؟
ساتیاجیت ڕای: پێم وایە، بەڵێ.
لیندسای ئەندرسۆن: بەدەر لە فیلمەکانی تۆ ئێمە زۆر دەربارەی سینەمای هیندی نازانین. سێ ناوەندی بەرهەمهێنان هەن و هەریەکێکیان نوێنەرایەتی جۆرێکی زۆر جیاواز لە دروستکردنی فیلم دەکەن، من لە ڤیستیڤاڵی (٦٥ فیلمدا) کەمێک لەبارەیانەوە  زانیاریم وەرگرت. سەرنجمان  بۆ ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی مادراس و کالکوتا و بۆمبای ڕاکێشرا، جیاوازیش دەبینرا لە  نێوان فیلمی بۆمبای کە دەرهێنەرەکانی هیندین و فیلمی مادراس کە دەرهێنەرەکانی  تامیلین…
ساتیاجیت ڕای: وەهەروەها هیندیش…
لیندسای ئەندرسۆن: بەڵێ، بەڵام بە نەریتی زۆر جیاواز. بەڕاستی بۆمبای سەنتەری بازرگانی دروستکردنی فیلمە.
ساتیاجیت ڕای: مـادراسیش بەهەمان شێوە، و ئێمەش بە ڕێگای خۆمان هەوڵی بازرگانی دەدەین.
لیندسای ئەندرسۆن: ڕاستیەکەی، کەس نایەوێت لە کاری بازرگانی دوور بکەوێتەوە، چونکە ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە ببین بە  بازرگان. بەڵام بیرم لەوە کردەوە هەندێ پرسیار لەسەر سینەمای بەنگالی بکەم کە ئەویش کلتوری خۆی هەیە، ئایا کاتێک تۆ دەستت پێکرد هیچ کلتورێکی تایبەت هەبوو بۆ دەرهێنانی فیلم لە بەنگال؟
ساتیاجیت ڕای: پێموایە، لە١٩٢٠کانەوە کە هاوکاتە لەگەڵ سەردەمی سینەمای بێدەنگ، دەستمان بە دەرهێنانی فیلم کردووە. وابزانم یەکەم دەرکەوتن لە ساڵی ١٩١٣دا لە بۆمبای بوو، کە مێژووەکەی زۆر دوور نییە لە مێژووی دروستبوونی هۆڵیودەوە. بە ماوەیەکی کەم دوای ئەوە پیشەسازی سینەماش لە کالکوتا دەستی پێکرد. لەو سەردەمدا ژمارەی ئەکتەر و دەرهێنەری بەنگالی زۆر کەم بوون. سەرەتا پارسییەکانی بۆمبای لە کالکوتا دەستیان بە پیشەسازی فیلم کرد، دواتر بەنگالییەکان خۆیان ڕۆڵەکەیان گرتە دەست، لەوکاتەشەوە ئێمە خاوەنی پیشەسازیی بەرهەمهێنانی فیلمین. سینەمای بێدەنگیش هەروەک فیلمە بێدەنگەکانی تر بوو. زۆرێک لە فیلمە بێدەنگەکان لە دوو ئاگری گەورەدا سوتێنران چونکە بە شێوەیەکی باش نەپارێزرابوون لەبەرئەوە چیتر ناتوانین ئەو فیلمانە ببینین.
بەهەمان شێوە  فیلمی قۆناغی سینەمای دەنگدار زۆری نەبرد کە لە ١٩٣١ ەوە، دوای هۆڵیود دەستی پێکرد. بۆیە پێموایە دادپەروەرانەیە ئەگەر بڵێی بەڵێ لە بەنگال کلتوورمان هەیە نەک لەبەرئەوەی خۆم بەشێکم لەو کلتورە سینەماییە. کلتوور هەبووە چونکە لە بەنگال بەمانای کەلیمە خاوەنی کلتووری ئەدەبی بووین- سەرمایەیەکی دەوڵەمەندی چیرۆک و ڕۆمانمان هەبووە، کە ژمارەیەکی بەرچاویان لێکراوە بە فیلم. ئەو ڕۆمانانەی کە لە کۆتای سەدەی نۆزدەدا نووسرا، لەژێر کاریگەری بەریتانییەکاندا. لەو کاتەوە خاوەنی کلتوری ئەدەبی خۆمانین، تاگۆری کتێبێکی نووسی کە پێکهاتبوو لە ١٥٠٠ کورتە چیرۆک، سێ سەد بۆ چوار سەد دانەیان شاکارن و بۆ فلیم دروستکردن دەبن ، تا ئێستا نزیکەی نیوەیانم کردووە بە فیلم.
لیندسای ئەندرسۆن: تاگۆر لە سەردەمێکدا خاوەنی  ناوبانگێکی گەورە بوو لە ڕۆژئاوادا، بەڵام ئێستا زۆر ناسراو نییە.
ساتیاجیت ڕای: یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە  کە کارەکانی بۆ وەرگێڕان قورسن. هەروەکو زۆربەی شیعری بەنگالی کە ناتوانرێت وەربگێڕدرێن. هەروەک تۆ دەیڵێیت، زۆر ناسراو خۆشەویست نییە، ڕێزیشی لێ نەگیراوە وەک لە ١٩٢٠ کاندا لێی دەگیرا، بەڵام ئەو ڕاستییە هەر دەمێنێتەوە کە کورتە چیرۆکی زۆر سەرنج ڕاکێشی نوسیووە. زۆرێک لە دەرهێنەرەکان چیرۆکەکانی تاگۆریان هاوشان لەگەڵ چیرۆکەکانی نوسەرەکانی تردا بەکارهێناوە، بۆیە پێموایە دەرهێنەر بە هەبوونی چەندین چیرۆکی بەردەست یارمەتیدراوە تاوەکو فیلم دروست بکات.
من تائێستا حەڤدە بۆ هەژدە فیلمم دروستکردووە، تەنها دووان لەوان لە بناغەدا چیرۆکی سینەمایی بوون، هەموو ئەوانی ترم لە کورتە چیرۆک و ڕۆمانەوە وەرگرتووە، پێموایە نموونەیترین نوسین تا لە فیلمێکدا بەکاری بهێنیت کورتە چیرۆکە.
لیندسای ئەندرسۆن: ئایا ڕۆمانەکە خۆی چەند درێژ بوو (ئاپاراخیتۆی بیوتی بوسان بانێرجیی)؟
ساتیاجیت ڕای: خۆی  دوو کتێب بوو من سێ فیلمم لێ دروستکرد. بۆ یەکەم فیلم کتێبی یەکەمم بەکارهێنا، بۆ فیلمی دووەهەم  نیوەی یەکەمی کتێبی دووەمم بەکارهێنا، بۆ فیلمی سێیەمیش چەند بەشێکی نیوەی دووەمی کتێبی دووەمم بەکارهێنا.

لیندسای : کاتێک بڕیاری دەرهێنانی پاتەر پانچالیتدا، ئایا پێشتر خەونت بوو ئەو کتێبە بکەیت بە فیلم؟ چۆن هات بە مێشکتدا ئەو کتێبە ببێتە یەکەم فیلم کە ئیشی لەسەر بکەیت؟
ساتیاجیت ڕای: من هەمیشە برەوم بە خولیای نووسینی سیناریۆ داوە. دەگەڕام تا بزانم چی چیرۆکێک فرۆشراوە بۆ ئەوەی بیکەم بە فیلم و پاشان بە شێوازی خۆم دەمنووسیەوە و دواتر بەراوردم دەکرد. من باسی ١٩٤٧ دەکەم، چوار بۆ پێنج ساڵ پێش ئەوەی بێمە بواری فیلمم دروستکردنەوە. ڤێرژنەکەی خۆمم لەگەڵ ئەو ڤێرژنەدا بەراورد کرد کە لەسەر شاشە دەمبینی. هەمیشە دوو ڤێرژنم هەبوو، یەکێکیان پێشبینی کردنی ئەوە بوو کە دەکرێت چی لێ دەربچێت….
(پێکەنین)
لیندسای : بەڕاست؟
ساتیاجیت ڕای: بەڵێ. زۆر سوودی هەبوو.
لیندسای: وردەکاری زۆر بوو؟
ساتیاجیت ڕای: لە ڕاستیدا نەخێر. تەنها شێوازێکی پلاندانانی سەرپێیی بوو. هەندێکجار پڕ وردەکاریبوون، هێشتاش حەزدەکەم هەندێکیان بکەم بە فیلم. لە ساڵی ١٩٣٠ یا ١٩٣١ بڵاوبوەوە، بەڵام  لە ١٩٤٠کاندا خوێندمەوە، ئەو کاتەی کە هێشتا کاری پڕوپاگەندە و دیزاینی کتێبم دەکرد. داوام لێکرابوو کاری دیزاین بۆ چاپێکی تازەی کتێبێکە بکەم، ئەوە ڕێك ئەو کاتە بوو کە بیرمکردەوە ئەو کتێبە فیلمێکی نایابی لێ دەردەچێت.
لیندسای: ئایا ئەوە پێش فیلمی ڕووبار بوو؟
ساتیاجیت ڕای: بەڵێ، نزیکەی سێ بۆ چوار ساڵ پێش ڕووبار بوو.
لیندسای: بۆ یەکەم جار کە پەیوەندیمان پێتەوە کرد ئەو کاتە بوو کە بۆ بڵاوکراوەی سکوێنست دەنووسی.
ساتیاجیت ڕای: بەڵێ بۆ سکوێنسم دەنووسی لەسەر ئەو پێشنیارەی کە دەبوو لەبارەی ئالان ڕێنوارەوە بنووسم.
لیندسای: بەڵێ، ئەوە ساڵی ١٩٤٩ بوو.
ساتیاجیت ڕای: بەڵێ. ١٩٤٩. بیست ساڵ لەمەوپێش.
لیندسای: خوایە گیان.
ساتیاجیت ڕای: ئەوە کاتێک بوو کە هێشتا ڕێنوار دەستی بە وێنەگرتن نەکردبوو. هات بۆ ئەوەی بەدوای شوێندا بگەڕێت و لە قسەکانی وتەبێژەکەدا بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد ‘ بەڕێز ژان ڕینوار، دەرهێنەرە فەڕەنسیەکە لە شارۆچکەکەیە، پێویستی بە کچی ئەنگلۆ-هیندییە بۆ ڕۆڵگێران لە چەند بەشێکی فیلمەکەیدا .’ نوسینگەی پڕوپاگەندەکەم نزیکی ئەو هۆتێلە بوو کە ئەو لێی دەمایەوە، بۆیە ڕۆژێک چووم  بۆ لای و خۆمم پێ ناساند. پاشان وردە وردە زیاتر ناسیم، چونکە من گوندەکانی ئەو دەوروبەرە زۆر بە باشی شارەزا بووم و ئەویش پێویستی بە کەسێک بوو ڕێبەری بکات، بۆیە لە یەکشممان و کۆتایی هەفتەدا لەگەڵ خۆی دەیبردم.
لیندسای: وازت لە کارەکەت نەهێنا؟
ساتیاجیت ڕای: نەخێر تەنانەت ئەو کاتەشی کە خەریکی وێنەگرتن بووم چونکە بەشێکی موچەکەم بۆ فیلمەکە بوو.

(پێکەنین)
لیندسای: فیلمی ڕووبار لە ساڵی ١٩٤٩ یا ١٩٥٠  دەرهێنرا؟
ساتیاجیت ڕای: پێموایە، ١٩٥٠. لەڕاستیدا کاتێک من هاتم بۆ ئینگلتەرە ئەو خەریکی وێنەگرتنی ڕووبار بوو. پێم وت کە ئەم بیرۆکەیەم هەبووە بۆ ئەوەی ئەم چیرۆکە بکرێت بە فیلم، بەکورتی بۆم باس کرد. پێی وتم ‘ زۆر نایاب دیارە، بەردەوام بە’ بەڵام ‌هێشتا دەستم بە نووسینی دەستنووسەکە نەکردبوو. دەست نووسی یەکەمم لە ڕێگای گەڕانەوەم لە ئینگلتەرەوە بۆ سەر بەلەمەکە نووسی.
لیندسای: چاوپێکەوتنێک هەیە کە تێیدا باس لە شێوازی فلاهێرتی دەکەیت….
ساتیاجیت ڕای: چیرۆکی لویسانام لە ئینگلتەرە بینی. زۆر ئیلهام بەخش بوو. حەزم لە فیلمەکانی تریش بوو، بەڵام فیلمەکانی فلاهێرتی و فیلمەکانی ڕێنوار ، بەهۆی کات و شوێن و ئەو خەڵکەی کە تێیدا ڕۆڵیان دەگێڕا….لە سێیینەکاندا، لێکچوونێکیان دروستدەکرد لەگەڵ کارەکانم.
لیندسای: لەو کاتەدا ئەوە وەرچەرخانێک بوو کە فیلم لەسەر ئەو ڕێڕەوە دروست بکەیت، وانییە؟
ساتیاجیت ڕای: بەڵێ.
لیندسای: ئەی چۆن  پارەت بۆ پەیداکرد؟
ساتیاجیت ڕای: باشە، چارەسەرەکە، کتێبێکی وێنەیم پێ بوو، ئاسان نەبوو چونکە چیرۆکێکی تەقلیدی نەبوو، بۆیە قورس بوو سیناریۆکان بخوێنیتەوە و نەتدەتوانی وەسفی مەلەکردنی مێروو لە گۆمێکدا بکەیت و دەنگی بۆ دروست بکەی…

دەست پێکردن
لیندسای: ئایا فیلمی بەنگالی وەک فیلمی بۆمبای وابوو؟
ساتیاجیت ڕای: ڕاستیەکەی، فیلمی بۆمبای هەمیشە وەکو ئێستای نەبووە کە هەیە. بەڵێ پیشەسازی ناوخۆیی هەبوو. فیلمی ڕیاڵیستی بوون لە دیمەنی ناوخۆیی دروست دەکران. بەڵام بە تێپەربوونی ساڵ بە‌هێواشی گۆڕا. پێموایە لە ئێستادا بەتەواوی لەلایەن کەسانی پارەدارەوە کۆنترۆڵ کراوە. دەرهێنەرەکان گەورەی خۆیان نین، شوێنی کۆمەڵێک شێوازی دیاریکراو کەوتوون. بەڵام ئارەزوویان لە کردنی ئەو جۆرە کارانەیە چونکە پارەیەکی زۆریان لەو فیلمانەوە دەست دەکەوێت.
لیندسای: بەرهەمهێنەرەکان زۆر خۆشیان پێت نایە، وانییە؟
ساتیاجیت ڕای: لە کوێ؟
(پێکەنین)
پێموایە کاتێک کاردەکەم زۆر کەیفیان پێم دێت، لەبەرئەوەی من یەکێکم لە و دەرهێنەرانەی کە قازانجەکەیان بۆ دوایی هەڵدەگرم، چونکە تەنانەت ئەگەر فیلمەکانم لە ناوخۆشدا پارەی تێچوونەکانیان بۆ پەیدانەکات، هەر کە لە دەرەوەی هیندیستان پیشاندران ئیتر خەرجی تێچوونەکە پەیدادەکاتەوە.
لیندسای: یەکەم دانە کە دروست کرا…
ساتیاجیت ڕای: لەڕاستیدا،  ئێمە بە پارەی خۆمان دەستمان پێکرد چونکە دەمانویست وێنەی هەندێک فیلمی سینەمایی بگرین و بۆ بەرهەمهێنەرەکانی بسەلمێنین کە کارەکانی ئێمە ڕەسەنن. ئەوە بوو لە دوایدا پارەمان بەدەستەوە نەما.
حەزیان لەو گرتانە نەبوو کە ئێمە وێنەمان دەگرت، لەبەر هۆکارێک حەزیان لە ڕوخساری ئەو ژنە پیرە نەبوو.
لیندسای: ئایا ئەوە ئەو ماتریاڵانە بوو کە لە کۆتایدا بەکارت هێنا؟
ساتیاجیت ڕای: ئۆ، بەڵێ.  لە یەکەم و دووەم ڕۆژی وێنەگرتندا نا. هیچمان نەدەزانی. زۆرمان خوێندەوە و سەیری شتی زۆرمان کرد، بەڵام تەنها کاتێک فێردەبیت کە بە کامێراکەتەوە لە دەرەوە بیت و خەریکی وێنەگرتن بیت. لەگەڵ کارکردن لە ژووری مۆنتاژدا. ئەو هەڵانەی کە لە یەکەم و سێیەم ڕۆژی سەرەتادا کردمان هەوڵماندا ئیتر نەیکەینەوە. دەرکەوت کە مەتریاڵەکان دەتوانرێت کەمبکرێنەوە… بۆیە نزیکەی چل خولەکمان کەمکردەوە، سەردانی ژمارەیەکی زۆر بەرهەمهێنەرمان کرد، کە دەچووین بۆ لای هەر بەرهەمهێنەرێک، کەس بەدڵی نەبوو. دواتر زۆر بە زەحمەت هەندێک پارەی ترمان کۆکردەوە، هەندێک وێنەی ترمان پێی گرت و بۆ ماوەی دوو ساڵ بەو جۆرە بەردەوام بووین.
لە کۆتاییدا، دەبوایە داوای هەندێک یارمەتیمان بکردایە، ئەوەبوو دواجار حوکمەتی ڕۆژئاوای بەنگال ئەرکی بەرهەمهێنانەکەی گرتە ئەستۆ. پارەکەیان دابین کرد. سەرکەوتنێکی ناوخۆیی بوو.
لیندسای: لەو کاتەوە تۆ بەردەوام بوویت و کەم تا زۆر ئیشی خۆتت کردووە.
ساتیاجیت ڕای: بەڵێ.
لیندسای: هەمیشە لەگەڵ هەمان تیم کارت کردووە.
ساتیاجیت ڕای: کەم تا زۆر. هەر لە سەرەتاوە یەک دەرهێنەری هونەریم هەبووە، بانسی چاندراگوپتا، کە دەرهێنەری هونەری فیلمی ڕووباریش بوو. هەمان مۆنتێرم هەبووە، بەڵام لەگەڵ دوو وێنەگردا کارم کردووە، یەکەمیان سوبراتا میترا بوو، کە کاری وێنەگرتنی بۆ زۆربەی فیلمەکانم کردووە، کاریشی لەگەڵ جیم ئیڤۆریدا کردووە. هەروەها یاریدەدەری میترا، کە ئێستا وێنەگرێکی سەربەخۆیە و  دوور و نزیک بە هەمان ستایل کار دەکات.
لیندسای: لە کوێ ناسیتن؟ تەکنیکار بوون؟
ساتیاجیت: نەخێر، میترا تەنها لە کۆلێج بوو،  ئارەزوویەکی زۆری هەبوو بۆ ستیڵ فۆتۆگرافی، ئەو کاتەی ڕێنوار فیلمی ڕووباری دروست دەکرد ئەو لەو دەوروبەرە بوو، چونکە هیچ شتێکی نەبوو بیکات. بە پێچەوانەی منەوە، ئیشی ترم هەبوو بیکەم. حەزم دەکرد سەیری وێنەگرتنی ڕێنوار بکەم. پێم وابوو میترا زەوقێکی باشی هەیە و گوێم لێدەگرێت، ئێمە کەم تا زۆر هەمان ڕوانینمان هەبوو. هەردووکمان زۆر شەیدای کارتەر بریسۆن بووین، کە کاریگەریەکی گەورەی لە سەرمان دروستکردبوو.

نوسین و وێنەگرتن و مۆنتاژ

لیندسای: بە ڕاستی تۆ دەقی زۆر نزیک لەیەکەوە دەنووسیت.
ساتیاجیت ڕای: هەمیشە ژوورێک هەیە بۆ پینەکردن. کاتێک لە جێگەیەکدا وێنەدەگرم، لە خاڵ و گۆشەی جیاوازەوە بیرۆکەت بۆ دێت. گۆڕانی گەورە ناکەیت بەڵام گۆڕانکاری گرنگ دەکەیت کە ناتوانیت لە سەرەتادا بیکەیت. من بۆیە ئەوە دەکەم چونکە دەبێت ئابورییانە بیربکەمەوە.
لیندسای: وادەردەکەوێت کە ستایلی وێنەگرتن و ڕیتمی فیلم بە شێوازێکی کۆنکرێتی و ڕوون لە مێشتکدایە، وانیە؟
ساتیجیت ڕای: بەڵێ، خۆی هەر لە کامێرادا کورت دەبێتەوە. ئەوانە تەنها خاڵی وردن کە ئێمە لە ژووری مۆنتاژدا دەستکاری دەکەین.
لیندسای: ئایا کاتێک کە هاوکارییان دەکەیت، تۆ هیچ مۆنتاژ دەکەیت؟
ساتیاجیت ڕای: هەمیشە مەرج نیە. ئەو فیلمەی کە ئێستا وێنەی دەگرم، نزیکەی هەموو دیمەنەکانی خۆم وێنەم گرتوون و هەتا ئێستا تەنها ٢٠٠٠ دیمەنی مۆنتاژ نەکراوم بینیووە.
لیندسای: ئایا ڕێگە بە مۆنتێرەکە دەدەیت خۆی هەموو کارەکان بکات؟
ساتیاجیر ڕای: نەخێر ، من هەمیشە لەوێم. بە بێ ئامادەبوونی من هیچ شتێک ناکرێت، تەنانەت دەستکاری بچووکیش.
لیندسای: بە دڵنیاییەوە، وایە.
(پێکەنین)
ساتیاجیت ڕای: دەرهێنەر تاکە کەسە کە دەزانێت فیلمەکە دەربارەی چییە.
لیندسای: کاتێک بە ڕۆژدا وێنە دەگریت، قەت هەوڵتداوە لە ئێوارەکەیدا کاری مۆنتاژییان بۆ بکەیت؟
ساتیاجیت ڕای: نا، ئەوە زۆرە. زۆر ماندووکەرە.
لیندسای: بە شێوەیەکی ئابووری بیربکەینەوە، ئایا مەرجە لەسەرت هەمان ئەو خشتە ماندووکەرەی وێنەگرتن بەکاربهێنیت کە ئێمەش لێرە هەمانە؟ نەتدەتوانی ڕۆژێکی پشوو وەربگریت؟
ساتیاجیت ڕای: حەزدەکەم بە گوێرەی توانا وێنەبگرم. پێم خۆشە لە وێنەگرتن بەردەوام بم. هەندێکجار  لە یەکشەممانیشدا یان هەموو ڕۆژێکی هەفتە وێنەدەگرین، بەدڵنیاییەوە ئەگەر کەشوهەوا باشبێت.
لیندسای: ئەمە نیشانەیەکی ترە کە دەریدەخات میتۆدی تۆ لە زۆربەی زۆری دەرهێنەرەکانی تر جیاوازترە، وانیە؟
ساتیاجیت: بۆمبای ئەتمۆسفێرێکی تەواو جیاوازی هەیە. زۆرێک لە ئەکتەرە کچ و کوڕە بەناوبانگەکان لەوانەیە لە هەمان کاتدا لە دە بۆ دوانزدە فیلمدا ڕۆڵبگێڕن، بۆیە لەوانەیە هەر یەکی دوو سەعات بدەنە دەرهێنەرێک یان لە بەیانیاندا لە بۆمبای وێنەبگرن و لە ئێوارانیشدا لە مادراس. ئەوە ڕوودەدات.
هەندێکجار دەرهێنەر سەرقاڵی دروستکردنی سێ فیلمە لە هەمان کاتدا. بەدڵنیاییەوە لە مادراس وێنەی فیلمێک دەگرێت، لە بۆمبای دانەیەکی تر و ناتوانێت مادراس جێبهێڵێت چونکە هەندێ کاری وێنەگرتن ماوە بکرێت بۆیە بە تەلەفون کاری دەرهێنانەکەی بۆ دەکات، بە پێی بەرنامە دەڕۆن.
(پێکەنین)
لیندسای: ئایا حەزت لەوە نییە فیلمێک بە دوای فیلمێکی تردا لەسەر هەمان ستایل و بارودۆخ دروست بکەیت؟
ساتیاجیت ڕای: ئەوەم تەنها یەکجار کردووە. دوای پاتەر پانچالی ئاپاراخیتۆشم دروستکرد. بێگومان ئەوکاتە سێیینەم لە مێشکدا نەبوو. ئەوە تەنها دوای ئەوە دروستبوو کە پاتەر پانچالی لە ناوخۆدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا و منیش بڕیارمدا بەشی دووەم دروست بکەم، بەڵام نەمدەویست جارێکی تریش هەمان جۆری فیلم دووبارە بکەمەوە، بۆیە فیلمێکی مۆسیقیم دروستکرد. دوای ئاپاراخیتۆ ، پاراس پازەرم دروست کرد (بەردی فەیلەسوف)، کە کۆمیدییەکی گاڵتەئامێزە و ناوبانگێکی کەمی دەرکرد. خۆم چێژێکی زۆرم لە دەرهێنانی بینی.
لیندسای: سەرکەوتنی بەدەست هێنا.
ساتیاجیت ڕای: ناوی نانێم سەرکەوتنێکی گەورە، بەڵام تێچوونەکەی خۆی دەرهێنایەوە. شتێکم لە دۆخێکی جیاوازدا بۆ دەرکەوت. ئەگەر من فیلمێکی  قورسی تراجیدی دەربهێنم، زۆر هیلاکت دەکات و پێویستت بە هەندێک پشوو دەبێت.
لیندسای: ساڵانە بەردەوام بە تێکڕا تەنها فیلمێک دەردەهێنیت…
ساتیاجیت: ڕاستیەکەی دانە و نیویک،…  دانە و یەک لەسەر چواری. ئەگەر ڕاستیەکەیت ئەوێ.
لیندسای: ئایا کاتێک فیلمێک دەردەهێنیت، یەکسەر دوا بە دوای ئەوە کار لەسەر دانەیەکی تر دەکەیت؟
ساتیاجیت ڕای: گوێنادەمێ ئەگەر پشوویەکی سێ بۆ چوار مانگی وەربگرم، بەڵام لەبەر خاتری ستافەکەم ئەبێ بەردەوام بم، ئەوان چاوەڕێی فیلمی داهاتووی من دەکەن چونکە موچەیەکی جێگیریان نییە.
لیندسای: ئایا بۆ کەسانی تریش کار دەکەن؟
ساتیاجیت ڕای: هەوڵ دەدەن نەیکەن. وێنەگرەکەم کاری بۆ کەسی تر کردووە و هەروەها  مۆنتێرەکەشم، بەڵام هاوکارەکانم بە جۆرێک لە جۆرەکان حەزدەکەن لەگەڵ مندا بن. بۆیە ئەمە وادەکات فیلمێک بە دوای فیلمێکی تردا دروست بکەین.

بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی

لیندسای: فیلمە تازەکەی کە دەرتهێناوە بەجۆرێک لە جۆرەکان جیاوازییەکی تر پیشان دەدات، چونکە چیرۆکێکی ئەفسانەییە.
ساتیاجیت ڕای: باپیرم نوسەرێکی بەناوبانگی چیرۆکی منداڵان بوو، ئەو فیلمەش لە چیرۆکێکی ئەوەوە وەرگیراوە. نزیکەی شەست ساڵ لەمەوپێش نوسراوە، منیش لە گۆڤارێکی منداڵاندا خوێندمەوە کە باپیرم خۆی کاری سەرنووسەری بۆ دەکرد. گۆڤارەکەم زیندوو کردەوە، نزیکەی شەش ساڵ لەمەوپێشیش چیرۆکەکەمان چاپکردەوە. بە ئێستایشەوە هەمیشە ویستومە کاری لەسەربکەم، بەڵام چیرۆکەکە زۆر درێژە و موزیک و شتی زیادەی تری زۆر تێدایە…. وا پێدەچوو کە  تێچوونی فیلمەکە زۆر گران بێت، لەبەرئەوە دەبوایە چاوەڕێم بکردایە هەتاوەکو پاڵپشتییەکی ئابوریم بۆی دەدۆزیەوە.
وابڕیار بوو کە دوو ساڵ لەمەوپێش کاری دەرهێنانم بۆی بکردایە، ئاوازم بۆ گۆرانییەکان دانا و تۆماریشم  کردن، بەڵام لە خولەکی کۆتاییدا بەرهەمهێنەرەکە پاشگەزبوەوە و منیش هیچم پێنەدەکرا لەوبارەیەوە. کاری دەرهێنانم بۆ چیرۆکێکی پۆلیسیی کرد کە ئەویش هەڵبژاردنی خۆم نەبوو. لەو کاتەدا هاوکارەکانم دەیانویست شتێک بکەن، بۆیە مافی وەرگرتنی چیرۆکەکەیان کڕی و یەکێک لە ئەکتەرە بەناوبانگەکانیان بانگهێشت کرد بۆ ڕۆڵگێران تێیدا .
نەمدەویست ناوی خۆم لەسەر فیلمەکە دابنێم. پێموتن دەیکەم لەگەڵتان، بەڵام تەنها وەک یارمەتییەک. تیمەکە تا دەهات زیاتر و زیاتر دەشڵەژان، لە ئەنجامدا ئەرکەکانم گرتە ئەستۆ. بڵاوکەرەوەکە وتی کە ناتوانن بە بێ هەبوونی ناوی من لەسەر فیلمەکە هیچ هۆڵێکی نمایش بدۆزنەوە، بۆیە ناوی خۆمم لەسەر دانا.
لیندسای: ئایا فیلمەکان تەنها لە ڕێگەی بڵاوکەرەوە بەنگالییەکانەوە دەتوانن بەشی پێویست پارە پەیدابکەن؟
ساتیاجیت ڕای: ئەگەر دەتەوێت لە بازاڕی ناوخۆی خۆتەوە پارە قازانج بکەیت، ئەوا ناتوانیت هەندێک سنووری دیاریکراو لە خەرجییەکانت ببەزێنیت، چونکە لە دوای پاکستان بازاڕی بەنگالی یەکێکە لە بازاڕە بچووکەکان. لە پاکستان فیلمی  هیندی ‌قەدەغەیە، بەو جۆرە ئێمە نیوەی بازاڕەکەمان لەدەستداوە. فیلمەکانی من تەنها لە بەنگال پەخشدەکرێن، بینەرەکانم خەڵکی خوێندەواری شار و شارۆچکەکانن لە چینی مامناوەند. هەروەها لە بۆمبای و مادراس و نیودەلهیش کە دانیشتووانی بەنگالی تێدا نیشتەجێن نمایش دەکرێن.
زۆرێک لە کەسانی دەرەوەی بەنگال دەڕۆن و هاوڕێ بەنگالییەکانیشیان لەگەڵ خۆیان دەبەن تا لەکاتی سەیرکردندا ئەو شتانەیان بۆ ڕوونبکەنەوە کە تێیناگەن.
لیندسای: ئایا ژێرنووس بۆ فیلمەکان ناکەن؟
ساتیاجیت ڕای: من هەمیشە لیستێک بۆ بەرهەمهێنەر و بڵاوکەرەوەکان ئامادە دەکەم، بەڵام هەرگیز بەکاریناهێنن. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە ئێمە لە هیندستان ئامێرێکی گونجاومان نییە بۆ کاری ژێرنووس کردنی فیلم. لە سەرەتادا بە ئامێرێکی دەستکردی ڕۆبینسۆن کراوە. ئەگەر بتەوێت فیلمەکانت ژێرنووسی هەبێت ئەوا دەبێت لە بەیروت بیکەیت، بۆ ئەوەش پێویستت بە گۆڕینەوەی دراوی بیانی هەیە کە بە دڵنیاییەوە نزیکەی شەش مانگ دەخایەنێت تا لە دێلهییەوە بگاتەوە ئێرە.
لیندسای: ئایا ئەزموونی تۆ لەگەڵ بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتیدا چۆنە؟
ساتیاجیت ڕای: لە ئەوروپا کەسێك هەیە، لە میونخ،  هەموو ئەو فیلمانە دەکڕێت کە من دروستیان دەکەم و هەرگیزیش نمایشیان ناکات!
(پێکەنین)
بۆ هەموو ئەوروپای دەکڕێت، بە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاشەوە. هەرچەندە زیاتر لە کۆکەرەوەیەک دەچێت…
من نازانم ئەو چییان لێدەکات. من بیر لەوە ناکەمەوە چی بەسەر فیلمەکانمدا دێت. کاتێک لە دەرهێنانی فیلمێک  تەواو دەبم، دەڕۆم بۆ دانەی دوای ئەوە و  ئەوەی تری بۆ بڵاوکەرەوەکانم جێدەهێڵم. هەر دەبێت متمانە بە کەسێک بکەیت…
(پێکەنین)
لیندسای: ئایا ئەوان لە دەرەوە دەیانفرۆشن؟
ساتیاجیت ڕای: لە ئەمریکا بڵاوکەرەوەیەکمان هەبوو بە ناوی ئید هاریسۆن کە بەداخەوە دوو ساڵ لەمەوپێش مرد.  لەلایەن کەسێکەوە لە بەرلین پێم وتراوە کە فیلمەکانم لە هەموو شوێنێک بڵاوبوونەتەوە بە نێو بڵاوکەرەوەکاندا . ئەوان فیلمەکان بڵاودەکەنەوە بەڵام کەسیان ناناسم و هیچ لەبارەیانەوە نازانم من خاوەنی تەنها دووان لەو بڵاوکەرەوانەم، هیچ نەبێ ئەبێت مانگانە شتێکم بۆ بگەڕێتەوە.

لیندسای: ئایا ئەوە توڕەت ناکات؟
ساتیاجیت ڕای: تەنها بۆ چەند ساتێک، چونکە من عادەتەن سەرقاڵی کارێکی ترم. بۆیە دەبێت بەردەوام تەرکیز بکەم….

موزیک
کەس پرسیاری هەیە؟
پرسیار: ئایا یەکەم پارچە موزیکی فیلمەکانت لەلایەن ڕاڤی شانکارۆوە نووسرا؟
ساتیاجیت ڕای: بەڵێ، لە دوای دەرهێنانی فیلمی ( دوو كچ)ەوە خۆم ئاوازی کارە موزییکیەکانم داناوە. ئەو ئاوازدانەرانەی کە پێشتر کارم لەگەڵ دەکردن ئاوازدانەری فیلم نەبوون. کاری کۆنسێرتیان دەکرد. ڕاڤی شانکار ئاوازێکی زۆری بالێتی  داناوە.
لیندسای: ئایا هەر ئەو ئاوازی فیلمی ڕووباری دانا؟
ساتایجیت ڕای: نەخێر، بەڵام ئاوازی ئەو سێتارەی کە لە سەرەتای فیلمەکەوە گوێبیستی ئەبیت وێنەگرەکەم دایناوە، ئەو سێتار ژەنێکی زۆر بەهرەمەندە.
(پێکەنین)
هەروەها لە یەکێک لە دیمەنەکانیشدا سێتار دەژەنێت.
ئیش کردن لەگەڵیان زەحمەت بوو چونکە هاوڕێم بوون و منیش بیرۆکەی زۆرم بۆ دەهات. ئاشکرایە ئاوازدانەر حەزی لەوە نییە کە بەدەر لە هەندێک خاڵی دیاریکراو ڕێنمایی بکرێت و منیش نەمدەویست هاوڕێیەتیەکەمان بخەمە مەترسییەوە بۆیە بڕیارمدا خۆم هەوڵ بدەم و تاقیبکەمەوە. ئەزموونی پێشوترم نەبوو، بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر موزیک، خۆشەویستی یەکەمم بوو. شەیدای هەر دوو موزیکی کلاسیکی ڕۆژئاوایی و هیندی بووم.
لە قۆناغەکانی سەرەتادا زۆر قورس بوو، ئەوەی من دەمنووسی لە ئۆرکێسترادا دەنگێکی زۆر ناخۆشی لێ دەردەچوو، بۆیە زۆریانم لەناو برد. هەندێک موزیکم بۆ فیلمی بەڕێوبەری پۆستە نووسی، بەڵام هیچیانم بەکارنەهێنا، چونکە باش نەبوون. دواتر لەو بوارەدا گەشەم بە هەندێک شارەزایی دا.
لیندسای: ئایا ئەو کەسەی موزیک دەنووسێت بەهەمان ڕێنووسی موزیکی ڕۆژئاوا دەینووسێت؟
ساتیاجیت ڕای: لە موزیکی هیندیدا هیچ جۆرە سیستەمێکی ئۆرکێسترەیشن بوونی نییە، بۆیە ئەوەی کە نوسراوە جۆرێکە لە (پچڕانی دەنگ)
لیندسای: ئایا دەستکاری زۆری تێدایە؟
ساتیاجیت ڕای: زۆرباشە، هەندێک سیفاتی دیاریکراوی ڕاڤی شانکار هەیە بۆتان باس دەکەم، ئەو بە دەگمەن ئەو فیلمانەی  دیووە کە کاریان لەسەر دەکات، بەڵام بیرۆکەی سەرەکی موزیکەکە لە مێشکیدا هەڵدەگرێت. بۆیە کاری ئەو شەش بۆ حەوت پارچە موزیکەی بە ئامێری مۆسیقی جیاواز و کێشی جۆراوجۆرەوە بۆ کردین، پاشان چەند پارچە موزیکێکی سێ خولەکی بە ئامێری سێتار ژەند و هەندێک پارچە ئۆرکێسترەیشنی کە دەستکاریکرابوون بە شێوازی جۆراوجۆرەوە  بۆ ژەندین. کاتێک هاتینە سەر لێدانی تراکەکان بۆم دەرکەوت کە هەندێک کەموکوڕتی موزیکم هەیە، پێویستم بە موزیکی زیاتر بوو. هەندێک لە کارە موزیکییەکان لەلایەن وێنەگرەکەمەوە کرا. کاری موزیکی  لە فیلمی  حەڵواچی دا  کاری ئەو بوو نەک ڕاڤی شانکار. ڕاڤی شانکار لە ئەمریکا تووشی هەندێک کێشە بوو چونکە هەمووان داوای ئەوەیان لێدەکرد کە هەمان پارچە موزیکی فیلمی حەڵواچی بژەنێت، بەڵام ئەو نەیدەزانی!
(پێکەنین)
لیندسای: کەواتە کاتێک موزیک دادەنێیت، لە نزیک وێنەکانەوە ئاوازەکان دەنووسیت؟
ساتیاجیت ڕای: ئەوەندە باش وێنەکان شارەزام کە پێویست ناکات سەیریان بکەم.
تێگەشتن لە  باگراوند، میوزیک دەگۆڕێت. لەم ڕۆژانەدا تا دێت کەمتری لێ بەکاردەهێنرێت. لە جیهانی ئاپودا ، ڕاڤی شانکار شتومەکی وەک کوپی چا و ئەو بابەتانەی بەکاردەهێنا. لەو شتانەی دەدا. لە فیلمە پۆلیسیەکەدا، چێژم لە چیرۆکەکە نەبینی بۆیە بڕیارم دا تۆزێک چێژ لە موزیکەکە وەربگرم. هەندێک ئامێری مۆسیقیم ژەند و بە خێرایی جیاواز ڕیکۆردم کردن هەموویانم کرد بە یەک. هەموویم لە ژوورەکەمدا کرد، کەسیش نەیدەتوانی بزانێت چ ئامێرێکم بەکارهێناوە، بەڵام کاریگەریەکی سەیری هەبوو.
لیندسای: کاتێک گروپێکی موزیکی بۆ کاری تۆمارکردن بەکاردەهێنیت، چەند کەس لە خۆ دەگرێت؟
ساتیاجیت ڕای: زۆرترین ژمارە نزیکەی سی کەس بووە.  بە گشتی نزیکەی شەست دەبوو- پێویستت بە گروپێکی بەهێزە. هەمیشە ئامێری مۆسیقی هیندی لەگەڵ ڕۆژئاوایی تێکەڵ دەکەم.
لیندسای: ئایا دەتوانیت بە ڕێنووسی رۆژئاوایش ئاواز دابنێیت؟
ساتیاجیت ڕای: بەڵێ، هەندێک لە موزیکژەنەکانم ڕێنووسی ڕۆژئاوایی نازانن، بۆیە هەندێکجار دەبێت ڤێرژنی هیندیش بنووسم. یاریدەدەرێکم هەیە کە فلوت دەژەنێت.
لیندسای: ئایا پێش ئەم فیلمە لیریکی زۆرت نوسیووە؟
ساتیاجیت ڕای: لیریکم بۆ  پارچە میوزیکێکی زۆر تەقلیدی نوسیووە، کە سەدان ڤێرژنی هەیە.
(پرسیارەکە نەبیسترا)
ساتیاجیت ڕای: ….. هەمیشە و بەتایبەتی لە قۆناغەکانی کۆتاییدا بۆم دەردەکەوێت کە پەلەمە. شتێکی باش نییە کاتێک لە قۆناغی مۆنتاژدا بیت و پەلەت بێت، زۆربەی فیلمە کۆنەکانم لەکاتی بڕیندا کەلێنیان تێکەووتوە. هەندێک هەڵەی زەقیان تێدایە کە ئەگەر کاتی زیاترم هەبوایە و خەریکیان بومایە، ئەو کەلێنانەیان تێدا نەدەبوو. یەکێک لەو هۆکارانەی کە بۆچی زۆربەی فیلمەکانم خاو دەردەکەون ئەوەیە کە  هێڵە دەنگییەکانی بەباشی کار ناکەن، لەوانەیە پێویستی بە دەنگ و موزیکی زیاتر بێت.
لیندسای: ئایا هیچ مۆنتێرێکی تایبەت بە  دەنگت هەیە؟
ساتیاجیت ڕای: نا، هەر هەمان تیمی مۆنتاژەکەن.

ڕیتم و ڕووناکی

لیندسای: لەبارەی ڕیتمەوە…
ساتیاجیت ڕای: هەندێک جار لەوە تێدەگەم کە بۆچی کەسانێک هەن هەندێک شتی دیاریکراو بە خاو لێکدەدەنەوە، چونکە هەستی پێدەکەم…. لەوانەیە کورتکردنەوەکە وەک ئەوە نەبێت کە دەبوایە بکرایە، بەڵام پێموایە زۆربەی کاتەکان کێشەی خاوی پەیوەندی بەوە هەیە کە ئایا لەناو مەسەلەکەدایت یان نا.
ئێمە هەندێک سیمبوڵی وێنەیی بەکاردەهێنین کە خەڵکی ڕۆژئاوایی ئاشنانین لەگەڵی بەڵام بۆ بینەری بەنگالی یا هیندی مانایان هەیە و بەڵام هیچ مانایەکی بۆ بینەری ڕۆژئاوایی نییە. بۆیە لەوانەیە ئەوە ببێتە هۆی بێزاری لە فیلمەکەدا. لەڕاستیدا ئەمە زۆر ڕوودەدات.
لیندسای: ئایا پێت وایە ئەوە پەیوەندی بە ڕیتمی ژیانیشەوە هەبێت؟
ساتیاجیت ڕای: باشە، بەڵام چەندین فیلمی ئەوروپایش هەن خاون.
لیندسای: بێگومان. بەڵام زۆربەی بینەران زیاتر ئامادەن بۆ بینینی بوڵیت.
(پێکەنین)
خەریکە ژیان بەرەو ئەو ڕیتمە دەڕوات
ساتیاجیت ڕای: من ئەم هەقیقەتی بێزارییەم قبووڵ کردووە.. هیچ شتێک نییە بتوانم لەم بارەیەوە بیکەم.
(پێکەنین)
پرسیار: ئایا دەتوانیت لەسەر میتۆدی ڕووناکی خۆت شتێکمان بۆ باسبکەیت؟
ساتیاجیت ڕای: من و کامێرامانەکەم مێتۆدێکمان داهێنا، کە لە فیلمی دووەممەوە دەستمان کرد بە بەکارهێنانی، بەشێوەیەکی سەرەکی ئەو میتۆدە بۆ دیمەنی وێنەگرتنی ڕۆژ لە ناو ستۆدیۆدا بەکاردێت، لەو شوێنەی کە لە جیاتی ڕووناکی هاتوو ڕووناکی دراوەمان بەکاردەهێنا. ئێمە لەسەر ئەو شتە ڕێکەوتین کە شوێنکەوتنی ئەکتەرەکان بە چوار بۆ پێنج سێبەرەوە شتێکی نامۆیە. تەنانەت کاتێک وێنەی ڕەنگدارم دەگرت، تەنها یەک دیمەنمان هەبوو لە ژوورەوە ئەویش لەناو هۆتێلەکەدا بوو،  ئاوێنەمان بەکاردەهێنا بۆ شکانەوەی  تیشکی ڕۆژ کە لەپەنجەرەکانەوە دەهاتنە ژوورەوە، بۆ سەر پارچە پەڕۆیەکی سپی، پارچە پەڕۆکەش  تیشکەکەی دەدایەوە. دواتر بۆمان دەرکەوت کە میتۆدێکی قەناعەت پێکەرە.
بەڵام لە سەردەمی کۆندا دەبڵ-ئێکس و سێ-ئێکسمان نەبوو بۆیە پێویستمان بە بڕێکی زۆر لە ڕووناکی هەبوو. تا دەهات ئاسانتر دەبوو بۆمان، بۆکسێکمان بەکاردەهێنا کە ڕووناکی تێدا بوو لەگەڵ هەندێک پارچە کاغەزی نیمچە ڕوون کە تیشکێکی بەهێز و  ڕووناکی دەبەخشی.

لیندسای: ئایا خۆت دروستت کردن؟
ساتیاجیت ڕای: وێنەگرەکەم دروستی کردن. کەسێکی زۆر زیرەکە. شتێکی سەرنجڕاکێش بوو، چونکە نزیکەی پێنج بۆ شەش ساڵ لەمەوپێش وێنەگرەکەم ئەو وتارەی ئەمریکان سینەماتۆگرافەری پیشان دام  کە لەلایەن وێنەگرەکەی بێرگمانەوە نوسرا بوو، باسی ئەو میتۆدە سەرنجڕاکێشەی دەکرد کە دۆزیبوویانەوە. لە ١٩٥٨وە ئێمە بەکاری دەهێنین. میتۆدێکە کە لە ئەنجامی پێویستیت پێی دایدەهێنیت.
لە ئەمریکا هێشتا ڕووناکی هاتوو بەکاردەهێنن. من پێموایە، مەگەر سەرچاوەیەکی دیاریکراوی ڕووناکی لە ژوورەکەدا هەبێت وەکو گڵۆپ، ئەگەر نا بۆ ڕووناکی هاتوو بەکاربهێنرێت؟ تیشکی ڕۆژ بڵاودەبێتەوە.
لیندسای: ئایا دەتوانیت سیمبوڵێکمان وەک نموونە بدەیتێ کە بینەری ڕۆژئاوای نەتوانن لێی تێبگەن؟
ساتیاجیت ڕای: بەدڵنیاییەوە بۆنموونە لە هەموو دیمەنە بچووکە نەریتییەکاندا دەردەکەوێت. ئەو دیمەنەی کە باوکی ئاپو دەمرێت و ئەو شتانەی کە لە دوای ئەوەوە ڕوودەدات، کۆمەڵێک دیمەنی تێدایە ئەوە دەردەخات کە چی دەگوزەرێت، بەڵام هیچ وشە یا ژێرنووسێک نیە تا پیشانی بدات چی ڕوودەدات.
لە هیندستان، ژنانی بێوەژن جلی سپی دەپۆشن. لە سەرەتای فیلمەکەدا دایکی ئاپو شاڵی ڕەشی لەبەردایە. بەڵام دوای مردنی مێردەکەی، یەکەم دەرکەوتنی ئەو بە جلی سپییەوە کاریگەریەکی وای لەسەر بینەری هیندی هەیە کە بینەری ڕۆژئاوای هەرگیز هەستی پێ ناکات. نموونەی زۆری تر هەن وەکو ئەوە.

چیرۆک
پرسیار: ئایا لە چیرۆکدا بە دوای چی شتێکدا دەگەڕێیت تا وات لێبکات هەستبکەیت ئەو چیرۆکە بۆ فیلم دروستکردن دەبێت؟
ساتیاجیت ڕای: باسکردنی ئەوە قورسە، شتی زۆر دەگرێتە خۆی. کارەکتەری دیاریکراو و بارودۆخی دیاریکراو و هتد…
لیندسای: هەرشتێک کە بتوانرێت کاری لەسەر بکرێت؟
ساتیاجیت ڕای: بەڵێ! بەڵام قورسە نموونەی بۆ بهێنیتەوە. حەزم لەوەنییە زیاد لە پێویست پشت بە وشە ببەستیت، بۆیە ئەوە گرنگە.
لیندسای: بۆ من وانییە، بۆ نموونە، کارەکانی دۆستۆڤیسکی ئەتوانرێت بکرێت بە فیلم.
ساتیاجیت ڕای: بەڵێ، من زۆر ئارەزووم لە فیلم نییە لە ڕۆمان وەرگیرابێت. ئەگەر بڕیاربێت ڕۆمانێک بکەم بە فیلم ئەوا بە شەش سەعات دەیکەم، چونکە ئەگەر بتەوێ لەگەڵ ئەو قووڵیەدا مامەڵە بکەیت ئەوا پێویستت بە فیلمی ماوە درێژترە. کە باس لەوە دەکەین دەکرێت فڵان چیرۆک بکرێت بە فیلم، مانای وایە دەبێ  لەباربێت بۆ ئەوەی بکرێت بە فیلمێکی  دوو سەعاتی.
ئەوەی من لەگەڵ کورتە چیرۆکەکان کردوومە ئەوەیە کە پاکێجێک لە کورتە چیرۆکم کۆکردۆتەوە و هەر بە کورتی هێشتوومنەتەوە، لە جیاتی ئەوەی بۆ درێژکردنەوەیان هەوڵبدەم.
کاتێک چیرۆکێک دەخوێنیتەوە یا ئەوەتا لە ڕووی سینەماییەوە بە دڵت دەبێت یاخود نا. شتێکی کیمیاییە. ببورە ئەمە دەبەنگییە، بەڵام ئەو باکگراوندانەی کە لە ڕووی بینینەوە چێژ بەخشن بۆ من، کۆشکێکی لادێ، یان هەندێک جووڵەی دیاریکراو و پێشکەوتوو، شتێک کە بەرەوەپێش بچێت. بەدڵنیایەوە کاتێک پەیوەندیەک بەرەوپێش دەچێت دەگاتە قۆناغی بە ئاوات گەیشتن.
لیندسای: ئایا دەتوانیت شتێک لەبارەی چیرۆکە سینەماییەکانی خۆتەوە بڵێیت؟
ساتیاجیت ڕای: یەکەم دانە کانچۆنژۆنغا بوو. کاتێک چیرۆک دەنووسم، لەبارەی ئەو کەسانەوە دەنووسم کە لە نزیکەوە دەیان ناسم یان ئەو بارودۆخانەی کە ئاشنام لەگەڵیان. من چیرۆک لە بارەی سەدەی نۆزدەوە نانووسم.
لیندسای: پێموانیە کانچۆنژۆنغا لە لەندەن نمایش کرابێت، چیرۆکەکە زیاتر باس لە هەڵسوکەوتی خەڵکی بۆرژوا دەکات لە دارجێڵینگ، بابەتەکە بەتەواوی دەربارەی هەڵسوکەوت و کەسایەتی خەڵکە.
ساتیاجیت ڕای: دەربارەی خێزانێکە کە لە پشوودان لە دارجێڵینگ، فیلمەکە کۆتا ڕۆژی پشووەکەیانە، لە کاتژمێر چواری دوانیوەڕۆ دەست پێدەکات و لە شەشدا کۆتایی دێت. ماوەی ئەم فیلمە دوو کاتژمێر درێژە، بۆیە چیرۆکەکە بەردەوام دەبێت.
باوکێکی ئۆرستۆکراتی، ژنێک و دوو کچ، یەکێک لە کچەکان هاوسەرگیری کردووە. کچە بچووکەکەیان خوازبێنیکەرێکی هەیە کە دەیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ بکات، بەڵام ئەو هەستێکی جیاوازی هەیە. کوڕەکەیان کەسێکی دڵ تەڕ و پڕ کەیفە، لەو ماوە کورتەدا لەلایەن کچێکەوە بەجێدەهێڵرێت، بەڵام ئەو دانەیەکی تر دەدۆزێتەوە.
سەرەڕای دەسەڵاتی زۆری باوکی بەسەریدا، کچە بچووکەکە هێزی ئەوەی دەبێت بڵێت نا و خوازبێنی کەرەکەی ڕەت دەکاتەوە. کچە گەورەکەشی لەسەر پەتی جیابوونەوەیە لەگەڵ مێردەکەیدا، بەڵام لە کۆتایی چیرۆکەکەدا بە هۆکاری هاتنە دوونیای منداڵەکەیان یەک دەگرنەوە.
لە سەرەتای چیرۆکەکەدا هەموویان پێکەوەن، پاشان چیرۆکەکە دابەشدەبێت و هەر یەک لە کارەکتەرەکان بە ڕێگای خۆیاندا دەڕۆن.  بەدرێژای ڕێگاکە هەندێک بەرەوپێشچوونی بچووک هەیە، بەڵام دواتر لە پڕێکدا باوکەکە بۆی دەردەکەوێت کە دەسەڵاتی بەسەر خێزانەکەیدا لە دەست داوە. لە سەرەتای فیلەمەکەوە هەموویان دەیانەوێت بەفری سەرنجڕاکێشی سەر لووتکەی شاخەکان ببینن و خۆزگە دەخوازن هەورەکان  بەرزتر ببنەوە تا ئەو دیمەنە ببینن. ئەوان وا ڕێکی دەخەن لە کاتژمێر شەشدا لە شوێنێک یەکتری ببینین. کاتێک باوک دەگاتە ئەوێ، جگە لە خۆی کەسی تر لەوێ نییە، چونکە هەموویان بە کێشەی خۆیانەوە سەرقاڵن. لە کۆتاییدا ئەوە بینەرەکانن کە لووتکەکە دەبینین، کەسی ترنایبینێت چونکە باوکەکە زۆر توندبووە لەگەڵیان.
پرسیار:  کاتێک فیلم دەربارەی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دروست دەکەیت، هەرگیز پێشنیاری چارەسەر ناکەیت، بۆ؟
ساتیاجیت ڕای: من وەڵامەکان ناخەمە بەردەست، بەڵام حەز دەکەم خەڵکی لە هەندێک شتی دیاریکراو ئاگادار بکەمەوە و هەندێ شتی دیاریکراویش هەیە ڕوونیبکەمەوە.
پرسیار: ئایا پێت وانییە خەڵکی دەیانەوێت ئەو شتانە بگۆڕن کە ئاگادارن لێی؟
لیندسای: نەخێر.
ساتیاجیت ڕای: بەداخەوە، هەموو ئەوەی کە من دەتوانم بیکەم ئەوەیە. لە توانامدا نییە …ئایا هیچ فیلمێک هەیە شتێکی گۆڕیبێت؟ نەخێر. ئایا….ئەوە سیستمی خوێندنگە دەگۆڕێت؟
(قاقا لێدان)
من شەیدای  فیلمم…
لیندسای: من پێم وانەبووە کە هیچ شتێک بگۆڕێت، بەڵام ئێستا خەریکم بیری لێدەکەمەوە …لەم ڕۆژگارەدا پەڕەی ڕۆژنامەکان پڕن لە شتی زۆر بێزارکەر. بێگومان هونەرمەند بە هەستێکی قووڵتر و جیاوازتر هەوڵدەدات خەڵکی وشیاربکاتەوە وەک لەوەی لەلایەن ڕۆژنامەنووسێکەوە دەکرێت. تەنها چارەسەرێک کە شایەنی باسبێت ئەو چارەسەرانەن کە خەڵکی خۆیان دەیاندۆزنەوە.

چێتارجی و تاگۆری
پرسیار: وا دەردەکەوێت فیلمەکانت وابەستەی ڕابردووبن؟ بۆچی ئیش لەسەر بەرهەمی نووسەرێکی مۆدێرن ناکەیت؟
ساتیاجیت ڕای: تۆ هەموو فیلمەکانی منت بینووە؟
پرسیار: زۆربەیان
ساتیاجیت ڕای: فیلمی شارە گەورەکەت بینیوە؟ ئەو فیلمە دەربارەی کالکوتای هاوچەرخە. پاڵەوانی ڕاستەقینەت بینیوە؟ چیرۆکێکی سەردەمیانەیە. لە ئێستایا لە نیوەی کاری دەرهێنانام بۆی، چیرۆکێکە لەلایەن یەکێک لە ڕۆمان نووسە سەرکەتووەکانەوە دەربارەی مرۆڤی مۆدێرن نووسراوە. بەهەمان شێوە حەزم لە چیرۆکی سەدەی نۆزدەش هەیە. حەزم لە چیرۆکی خەیاڵی و کۆمیدیای گاڵتەئامێزیشە.
لە سەدا پەنجای فیلمەکانم دەربارەی کۆمەڵگای مۆدێرنی بەنگالییە. بەڵام دیمەنی شار و لادێشی تێدایە. ڕابردوو، ئێستا، موزیک و مێژووی تێدایە….زۆرێک لەو شتانەی کە دەبێت بیانکەیت.
پرسیار: واپێدەچێت فیلمەکانت بە ئیحساسێکی زۆرەوە وێنەیەکی چارەنووسساز و سۆزداری تاکی مۆدێرنی بەنگالی بکێشن، بەڵام من پێموایە ئەمە لە شارەکاندا گۆڕاوە.
ساتیاجیت رای: من ناڵێم دەستم لەو بابەتە نەداوە،  تەنها چاوەڕێی چیرۆکە گونجاوەکە دەکەم. ئەو دەقەیەی کە چیرۆکێکم بەدڵە، یان کاتێک خۆم چیرۆکێکی سینەمایی دەنووسم…
لیندسای: هونەرمەند، هونەرمەندێکی باش نییە  ئەگەر بە ناچاری بۆ ئەم یا ئەو بەشی کۆمەڵگا فیلمێک دەربهێنێت کە هاوتا نیە لەگەڵ هەستی داهێنەرانەی خۆی. لەوانەیە لە ڕووی ڕەخنەییەوە قبووڵ بکرێت، بەڵام لە ڕووی داهێنانەوە مردووە. هونەرمەند ڕاوێژکاری  هونەر نییە…
پرسیار: ئایا بۆچی زیاتر بە ڕۆمانەکانی تاگۆری کاریگەر بوویت وەک لە چاتێرجی؟
ستیاجیت ڕای: زۆربەی ڕۆمانەکانی چاتێرجی زیاتر لە یەک یا دوو جار کراون بە فیلم، ڕێک لە سەرەتای سەرهەڵدانی سینەمای بێدەنگدا. تەنها چەند دانەیەکی کەمی ماوە و ئەوەشی ماوە ئەوەندە نرخێکی گرانی هەیە کە لە سەروو دەسەڵاتی منەوەیە.
حەزم لە هەموو نووسینەکانی نیە، بەڵام دوو بۆ سێ چیرۆکی هەیە کە حەزدەکەم ڕۆژێک لە ڕۆژان  بیان کەم بە فیلم، ئەگەر کەمێک نرخەکەی هەرزان بکەن.
پرسیار: ئەی چی دەڵێیت دەربارەی ڕیالیزم؟
ساتیاجیت ڕای: پێم وایە تاگۆر نوسەرێکی ڕیالیستیە.. بەتەواوی لەگەڵت هاوڕا نیم.
پرسیار: ئایا لە بەنگال هیچ کولتورێکی داڕێژراوی تایبەت هەیە  بۆ ڕۆڵگێڕان، یاخود ئەکتەرەکانت لە شوێنی تر دۆزیونەتەوە؟
ساتیاجیت ڕای: لە سێینەکەدا زۆربەی ئەو ئەکتەرانەم بەکارهێنا کە هەرگیز پێشتر ڕۆڵیان نەگێڕا بوو، جگە لە سێ بۆ چوار دانەیان. بێگومان، ئەو ئەکتەرانە زۆر بە پێویست دانەنرابوون بۆ ڕۆڵبینین لە فیلمدا جگە لە ڕۆڵبینین لە شانۆیەی کلاسیکی کە کەمێک لە ژیان گەورەترە. ئێمە کلتورێکی شانۆی گەورەمان هەیە لە بەنگال، لە سەدەی هەژدەدا لەلایەن ڕووسییەکانەوە بناغەی بۆ دانراوە. هەندێک ئەکتەری گەنجمان هەیە کە دەتوانن لە سەر ستەیج و لەسەر شاشەش ڕۆڵ بگێڕن.
کاتێک کەسانی نا پڕۆفیشنال بەکاردەهێنم، میتۆدی جیاواز بۆ ئەکتەری جیاواز بەکاردەهێنم، هەندێکیان بەڕاستی زیرەکن.
لیندسای: لەگەڵ زۆربەی ئەکتەرەکاندا زیاتر لە یەک جار کارت کردووە.
ساتیاجیت ڕای: بەڵێ، پەیوەندییەک بنیات دەنێیت کە وادەکات دروستکردنی فیلمێکی تر لەگەڵیان ئاسان بێت. ئەوەش وادەکات ببێتە پڕۆسەیەکی ئاسانتر و خێراتر. هەندێک لەو ئەکتەرە کوڕ و کچانەی کە من دۆزیومنەتەوە ئێستا ئەستێرەی بەناوبانگن. هەندێکیان ڕۆشتن بۆ بۆمبای. شارمیلا تاگۆری یەکێکە لە ئەکتەرە کچە بەناوبانگەکانی بۆمبای. لە ئێستادا لەم فیلمە تازەیەمدا ڕۆڵدەگێڕێت و بوەوە بە شارمیلا کۆنەکە. هێشتا لە فیلمەکانی من ڕۆڵدەگێڕێت. پێموایە لە بۆمبای ئەکتەرە کچ و کوڕەکان بازرگانی گەورە و زۆر زیرەکن.
لیندسای: ئەگەر پێویستیت پێی بێت ئەکتەری زۆر بەکاردەهێنیت…
ساتیاجیت ڕای: دەست دەکەم بە گەڕان بە دوای ئەکتەری نا پڕۆفیشناڵدا، ئەگەر ئەو کەسە نەدۆزمەوە کە لە مێشکمدا وێنەم بۆ کێشاوە ئەوا بە دوای ئەکتەرە پرۆفیشناڵەکاندا دەگەڕێم. یاخود بە پێچەوانەوە.
پرسیار: ئایا هەرگیز حەزتکردووە لە دەرەوەی هیندستان کار بکەیت؟
ساتیاجیت ڕای: هیچ تەماحێکی لەو جۆرەم نییە، شتی زۆر هەیە بۆ ئەوەی لەناو بەنگالدا بکرێت.
پرسیار: ئایا حەزدەکەیت لە شوێنێکی تری هیندستان فیلم دروست بکەیت؟
ساتیاجیت ڕای: لەبەرئەوەی من خۆم چیرۆکە سینەماییەکانی خۆمم دەنووسی، نمایشکردن بە زمانی هیندی پێویستی بە نووسەرێکی تر هەبوو، چونکە من نەمدەتوانی بە زمانێک دەرهێنان بکەم کە باش نیم تێیدا. هەستم بە ونبوون دەکرد و متمانەم لە دەستدا، منیش پێویستم بە بڕوا بەخۆبوونە.
پرسیار: (پرسیارێکی نەبیستراو دەربارەی دیمەنێک لە فیلمی چارولاتا)
ساتیاجیت ڕای: نەمدەویست بەتەواوی سروشتگەرابم چونکە بە دەمارێکی سروشتگەرایانە دەستمپێکرد کاتێک لەسەر پیانۆکە هەستایەوە بۆ سەماکردن و منیش لەوێدا جۆرێک لە گۆڕانم دەویست. بۆ ئەوەی بچێتە ئاستێکی ترەوە. وابڕیار بوو دیمەنێکی زۆر بەجۆش دەرچێت. پێچەوانەی ئەو دیمەنەی کاتێک چارولاتا لەسەر جۆلانێکە لە باخچەکەدا گۆرانی دەڵێت بەڵام ئۆرکێسترای لێ نییە. دەمویست جیاوازی نێوان ئەو دوو دیمەنە پیشان بدەم.
پرسیار:( پرسیارێکی نەبیستراو دەربارەی چیرۆکی کلاسیکی هیندی ماهابهراتا)
ساتیاجیت ڕای: نەخێر، وازم لێ هێنا. بەدڵنیاییەوە دەمتوانی بەشێکی بکەم ، بەڵام کۆی چیرۆکەکە زۆر فراوانە. یەکێک لەو زەحمەتیانەی لە کاتی هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی و کردنی بە سینارۆ ڕووبەڕووی بومەوە ئەو ڕاستییە بوو کە چیرۆکەکە چواردە کارەکتەری سەرەکی تێدایە و  پەیوەندییەکانیان زۆر ئاڵۆزە. و بینەری هیندیش دەزانێت کێ پەیوەندی بە کێوە هەیە…
ئەم چیرۆکەیان درەختی خێزانی تێدایە، بۆیە مەحاڵە. لە فیلمدا، زۆر قورسە پەیوەندی لە نێوان ئەکتەرەکان دروست بکەیت. ئەگەر کەسێک باوکی کەسێك بێت، پێویستە سێ جار پێش ڕۆڵبینینەکە بەو ناوەوە بانگی بکەیت. هەمان شتیش بۆ جوگرافیا ڕاستە.
پرسیار: بۆچی بیرت لێ کردەوە؟
ساتیاجیت ڕای: داستانێکی مەزنە. لە هیندستان بە هیندی و لە تامیلیش چەند جارێک کراوە بە فیلم- هەموو داستانەکە نەکراوە، بەڵام بەشێكی زۆری لێ کراوە. من ویستم لەسەر ئاستێکی نێودەوڵەتی بیکەم، بەڵام پێموایە بەهۆی ئەو هۆکارانەی کە باسم کردن سەرکەتوو نابێت. لەوانەیە ڕۆژێک بێت بەشێکی لێ بکەم.
پرسیار: ئەی چی دەڵێیت دەربارەی هەڵبژاردنی ڕامایان لە ماهاباراتادا؟
ساتیاجیت رای: پێموایە ماهاباراتا کەمتر ڕۆحییە. پاسەوانی ئاینی و ئەو بابەتانە…
پرسیار: (پرسیارێکی نەبیستراو دەربارەی کۆتایی فیلمی چارولاتا)
چیرۆکەکە کۆتاییەکی ڕوونی نیە، هەردوو دەستم لێ نزیک کردەوە، پاشان وەستان بۆ ئەوەی ئەوە دەربخات کە نەدەکرا فیلمەکە لەپڕ بوەستێت. دەمویست کۆتاییەکەی ناڕوون بێت .
لیندسای: لەڕاستیدا ئەوە کۆتایی چیرۆکەکە نییە…
ساتیاجیت ڕای: نەخێر، بە وشەیەک کۆتایی دێت، مێردەکە شتێک دەڵێت. بەدوای دیمەنێکی هاوتا دەگەڕام بۆ وشەکە، بۆیە وەستانم بەکارهێنا.

پێشکەوتن
پرسیار:  ئایا کەی ئەتوانین پێشبینی بینینی فیلمێک بکەین دەربارەی هیندییەکان و ئەزموونی کەسانی  غەیرە سپی پێست لە بەریتانیا. بێگومان دەبێت کەسێک بەرپرسیاریەتی باسکردنی ئەو بابەتە بگرێتە ئەستۆ؟
ساتیاجیت: ئایا هیچ هیندییەک نیە لە بەریتانیا کە بتوانێت فیلمێک دەربهێنێت لەوە باشتر بێت کە من دەیکەم.
(گفتووگۆیەکی نەبیستراو لە نێوان بینەراندا)
پرسیار: پێموانیە بەرێز ڕای پێشبینی ئەوەی لێبکرێت فیلم دەربارەی شتێك دروست بکات کە ئەزموونێکی کەمی لەبارەوە هەیە.
(قسەی زیاتری بینەران کە نابیسترێت )
ساتیاجیت ڕای: من تەنها دە بۆ دوانزە جار لە بەریتانیا ماومەتەوە، هەرگیز بۆ ماوەیەکی زۆر نەماومەتەوە.
لیندسای: ئەتوانم پێشنیاری ئەوە بکەم بۆتان کە کات بەوە بەفیڕۆنەدەین کە بە بەڕێز ڕای بڵێین ئەبێ چی جۆرە فیلمێک دروست بکات و چی جۆرە  فیلمێک دروست نەکات .
(چەپڵە لێدان)
پرسیار: بەڕێز ڕای، تۆ تا ئێستا خۆت لە کاروباری موسوڵمانانی دانیشتووی بەنگال تێوە نەگلاندووە…
ڕای: دەتوانین بگەڕێینەوە سەر باسی فیلم؟
پرسیار: ئایا حەزت لە کامە دەرهێنەری ترە؟
ساتیاجیت ڕای: تروفۆ، کورۆساوا، حەزم لە زۆرێک لە  دەرهێنەرە ژاپۆنییەکانە. دەرهێنەری زۆر بەتوانان، واتا لە هەموو ڕوویەکەیەوە. کورۆساوا شێوازێکی هیومانیستی و زیندووی هەیە. ستایلەکەی زۆر جیاوازە و شتێکی ڕۆژئاوایی لە ئەودا هەیە. هەروەها حەزم لە دەرهێنەرانی ڕۆژئاواییشە. لە ئێستادا بۆم دەرکەوتووە زیاتر فیلمەکانم بەدڵە وەک لە دەرهێنەرەکان چونکە لەم ڕۆژگارەدا کاری دەرهێنەرەکان هەمیشە وەک ئەوە نابێت کە تۆ پێشبینی دەکەیت. ماسکولەن فێمینەی گۆدارم بەدڵە، بەڵام زۆر فیلمیشی  هەیە کە چێژی لێ نابینم.
پرسیار: ئایا سانسۆرکردن لە هیندستان سنوری بۆ کارەکانت داناوە؟
ساتیاجیت ڕای: لە هەندێ بواردا  سانسۆرکردن هەیە. بۆ نموونە لە مەسەلەی سێکس و هەندێک بواری سیاسەتدا. ئەکرێت ئەو مەسەلەی سانسۆرکردنە وەک مەسەلەیەکی بەرەنگاریش بەکاربهێنرێت، چونکە تۆ ناچارکراوی پابەندی هەندێ وردەکاری بیت، ئەمەش وادەکات شتێکی چێژبەخش بێت.
لیندسای: بەڵێ وات لێدەکات زیرەکتر بیت.
ساتیاجیت ڕای: بەڵێ، لادەرە.
پرسیار: ئایا هەستدەکەیت شێوازی کارکردنت بەرەو پێشەوە دەچێت، ئەگەر وایە لە چی ڕوویەکەوە؟
ساتیاجیت ڕای: نەخێر. لە مەسەلەی کامێرادا ئیشکردن لەسەر چیرۆکی ئەفسانەیی پێویستی بە شێوازی جیاواز هەیە. دەبێت بە ڕێگای جیاواز و ڕیتمی جیاواز بگێڕدرێتەوە. بابەتی ستایل لەگەڵ بەشەکانی تر پێش دەکەوێت. من دەرهێنەریکی بلیمەت نیم، سەر لە سێگۆشە و چوارگۆشە دەرناکەم. شتەکان تەنها خۆی پێشدەکەوێت. ئەگەر هەستبکەم شتێکی باشە ئینجا دەیکەم.
پرسیار: ئایا  سنووری تەکنیکی تا چی ئاستێک دەستی گرتوویت؟
ساتیاجیت ڕای: پرۆسەی کارەکانم زۆر بەدڵ نییە . چونکە لە ڕاستیدا ئێمە تەنها یەک لابی باشمان هەیە لە کالکوتا، بۆیە ئەوێ پەستانێکی زۆری لەسەرە و قەرەباڵغە،  ناشتوانیت بە دڵی خۆت کارە کەسییەکانت بکەیت. سویدییەکان ناوازەن، هەرگیز کوالێتی لەو جۆرەت دەست ناکەوێت بەڵام لەم سەردەمەدا، واپێ ناچێت زۆری گەرد و ڕووناکی زۆر کێشە بێت. سوپاس بۆ گۆدار.
لیندسای: ئەی چی دەڵێیت دەربارەی سینەمای ڕەنگ؟
ساتاجیت ڕای: لە هیندستان پێشکەوتنی ڕەنگ زۆر نایابە.
لیندسای: ئایا حەزدەکەی  زۆر کار لەسەر فیلمی ڕەنگ بکەیت؟
ساتیاجیت ڕای: مەرج نییە. کەوتۆتەوە سەر ئەو چیرۆکەی کاری لەسەر دەکەیت. ناتوانیت وابیربکەیتەوە کە هەموو چیرۆکێک بۆ کاری ڕەنگ گونجاوە. هێشتا کەسێکی تەقلیدیم.
لیندسای: تۆ بە بەختیت. لێرە بۆ ئەوەی پارە پەیدابکەیت، ئەبێت وێنەی فیلمی ڕەنگدار بگریت. هەروەها ئەگەر بە شێوازێکی جیاواز پیشانبدرێت ئەوا ناتوانیت بە شێوەیەکی گونجاو ئاواز بۆ فیلمەکە دابنێیت چونکە کەمێک لە فرەیمەکەی دەبڕدرێت. ئایا هێشتا بۆ هەموو فرەیمەکە ئاواز دەنووسیت؟
ساتیاجیت ڕای: بەڵێ، بەڵام ڕقم لە دیمەنی فوول شاشە نییە . شتێکی باشە. زۆر حەزم لە سکۆپی سینەمایی نییە.
کێشەکە ئەوەیە کە چیتر ناتوانین کەلوپەلی کۆداک بەکاربهێنین. پێمان وتراوە کە ئەبێت لە جیاتی ئەوە فیلمی ڕۆژهەڵاتی- ئەوروپا بەکاربهێنین. ئەبێت لابەکان بەم کەلوپەلە تازانە ڕابێن.
ئەکتەر و شەمەندەنەفەر و هەموو شتێکمان هەیە، بەڵام ئایا ئەکتەرێکی باشە یان نا، هەرگیز نازانین.
لیندسای: پێتوایە ئەوە ستایلەکەت بە سادەیی دەهێڵێتەوە؟
ساتیاجیت ڕای: لە ڕاستیدا، ئیتر کاری فەنتازیا ئاوا سادە نییە. ئەتوانیت هەندێک شتی  ئاڵۆز لە کاتی بڕینیشدا دروستبکەیت، تەنها جووڵەی کامێرا نییە. هەرچەندە حەزم لە شێوازی جوڵاوی وێنەگرتنە. ئێستا بۆم دەرکەوتووە زوومەکە زۆر بە سوودە.
فیلمی مێژووی
پرسیار: ئایا وا ئاسانترە فیلمی مێژوویی لە هیندستان یان ژاپۆن دەربهێنیت وەک لە ڕۆژئاوا؟
ساتیاجیت ڕای: نازانم ئەگەر بۆ ڕۆژئاوا قورس بێت، بەڵام وەکو ئەزموونێک حەزم لێیە. حەزم لە لێکۆڵینەوە و ئەو زەحمەتیانەیە کە دێتە بەردەمم لە کاتی دەرهێنانی ئەو جۆرە فیلمەدا.
لیندسای: پێموایە زۆر قورسە بڵێیت لێرە دەیکەم چونکە خەرجی زیاتری تێدەچێت. ئەگەر بتوانی لە لادێیەکدا وێنەی فیلمی مێژوویی بگریت کەواتە بە دڵنیاییەوە هەرزانترە.
ساتیاجیت ڕای: بۆ ئێمەش قورسە، بۆ ئێمە چارولاتا  ئاسان بوو چونکە هیچ پێویستی بە وێنەگرتن نەبوو لە دەرەوە. تەنها یەک دیمەن هەبوو لەسەر شەقامێک کە قورسبوو ڕووناکی کارەبایی تێدا نەهێڵیت، بەڵام پێمان وانەبوو بتوانین لە ١٨٢٠کاندا چیرۆکێک لە کالوکاتا دەربهێنین کە پێویستی بە وێنەگرتنی زۆر نەبێت لەسەر شەقامەکان. بۆیە وازمان لەوە هێنا.
(پرسیارێکی نەبیستراو)
لیندسای: شتێک کە ئێمە لێرە ئەنجامی نادەیەن وەرزێکی تازەی باشە بۆ ئێن ئێف تی. لە ئینگلتەرە سێ کچ دەبێت بە دوو چونکە یەکێک لە فیلمەکان لە کاتی خۆیدا ژێرنووسی بۆ نەکراوە.
پرسیار: تا چ ئاستێک فیلمەکانت وەکو ململانێیەک دەبینیت لە نێوان هیندیستانی کۆن و هیندیستانی نوێدا؟
ساتیاجیت ڕای:  بەڵێ، لەگەڵ ئەوەدا هاوڕام. پێموایە یەکێکە لە شتە زۆر باشەکان لە وڵاتەکەماندا.
پرسیار: ئایا هیچ ئارەزوویەکت هەیە بۆ مەسەلەی گاندی؟ حەزدەکەیت فیلمی لەبارەوە بکەیت؟
ساتیاجیت ڕای: ڕاستیەکەی، دۆکومێنتەرێکی سێ بۆ چوار سەعاتی دروستکراوە، بە یارمەتی چیرۆکە سینەماییە بەردەستەکان لەسەر گاندی خۆی. حەزناکەم کار لەسەر بایۆگرافی گاندی بکەم، پێمخۆش نەبووە کەس مەسەلەی گاندی بکاتە مەسەلەیەکی شەخسی. زۆر زووە بۆ ئەوە.
لیندسای: لە ئێستادا خەریکن کاری لەسەر دەکەن. پێموایە دەیڤید لەین دەیکات.
ساتایجیت ڕای: کێ ڕۆڵی گاندی دەگێڕێت؟
لیندسای: باشە. پێموایە ئالێکچیوونێس….
(پێکەنین)
بۆچی پێدەکەنن؟ پێت وایە شتی وا ڕوونادات؟
ساتاجیت ڕای: بەڵێ، بیستومە گێنیس ئەتوانێت ڕۆڵی گاندی بگێڕێت چونکە گوێچکەکانی هاوشێوەی گوێچکەکانی ئەوە.
(پێکەنین)

کۆتا پرسیارەکان
پرسیار: ئایا ئەتوانیت بە درێژی ئەو سانسۆرانەمان بۆ  ڕوونبکەیتەوە کە دێتە بەردەمت؟
ساتیاجیت ڕای: لە دەلهی ئەنجوومەنێکی ناوەندی هەیە یاسای بۆ  فیلمی بیانی و هاوکات فیلمی ناوخۆی لە بەنگال دادەنێت. تەقریبەن هەمان کۆمەڵە یاسا لە هەموو وڵاتدا جێ بەجێدەکرێت. لە مەسەلەی توندوتیژیدا زۆر توندن، هەموو دیمەنەکانی خوێن ڕشتن لادەبەن. هەروەها دیمەنەکانی ژووری نووستنیش. هەتا ئێستاش، مەسەلەی سیاسەت سانسۆری لەسەرە. من تێناگەم بۆ، لە دەلهی لەگەڵ خەڵکدا باسم کردووە، هەروەها چەند هەوڵێک دراوە بۆ قسەکردن لەسەر ئەم کێشەیە. هەوڵدەدەن بگەنە ئەنجامێک بۆ دانانی هەندێ یاسای باشتر تا بتوانین بە لایەنی کەمەوە دیمەنی ماچکردن لەسەر شاشە پیشان بدەین.
لە کۆندا ماچکردن هەبوو لەسەر شاشە، بەڵام مەسەلەی سانسۆرکردن لەلایەن بەریتانییەکانەوە دەستی پێکرا.

پرسیار:  ئەتوانیت زیاترمان پێڵێیت لەبارەی ئەو فیلمەی کە لە ئێستادا خەریکی وێنەگرتنیت بۆی؟ وە ئایا هیچ دەرهێنەرێکی بەنگالی تر هەیە کە شەیدای کارەکانی بیت؟
ساتیاجیت ڕای: لە دە ساڵی ڕابردوو لە بەنگال چەندین ئیشی جوان  و باشکراون. گاتاک و سێن هەردووکیان باشن، دەبوایە کارەکانیان لێرە پیشان بدرێن. گاتاک وازی لە دەرهێنانی فیلم هێنا چونکە کەس کارەکانی لێ وەرناگرێت. ئەو ئالودەی کحولە. لە جیاتی ئەوە سێن دەستی کرد بە دەرهێنانی فیلمی هیندی، بۆ ئەوەی پارە پەیدا بکات.
وەکو وتم ئەو چیرۆکەی کە لە ئێستادا کاری دەرهێنانی بۆ دەکەم، لەلایەن ڕۆماننووسێکی زۆر گەنجی بلیمەتەوە نوسراوە. دەربارەی هەندێک پیاوی گەنجە کە لە پشوودا دەچنە دەرەوە بۆ دارستان. دەیانەوێت قەرەجێکیان دەست بکەوێت و کاتێکی خۆشی پێ بەسەربەرن. زۆر بە جدی دەکەونە داوی  سێ کچەوە. چیرۆکێکە دەربارەی پەیوەندی خۆشەویستی.
لەم چیرۆکەدا سێ جۆر لە پەیوەندی هەیە، یەکێکیان ئەوەندە جدی و ژیرانە دەیکات کە  دەگۆڕێت بۆ پەیوەندییەکی خۆشەویستی. دووەمیان پیاوێکی زۆر گەنجی شەرمنە، کە لەلایەن بێوەژنێکی گەنجەوە هەڵخەڵەتێنراوە، بەڵام ناتوانێت واز لە شەرمنیەکەی بهێنێت. سێهەمیان پیاوێکی وەرزشییە کە پەیوەندییەکی زۆر کورتی هەیە لەگەڵ کچی هۆزێک تەنها لەسەر ئاستێکی سێکسی. لە کۆتایدا هەموویان یەکدەگرنەوە.
پرسیار: کام لە فیلمەکانت لە هەموویان زیاتر خۆشدەوێت؟
ساتیاجیت ڕای: کاردانەوەی کەسێک بەرامبەر فیلمەکانی بەستراوە بەکاردانەوەی بینەران و ڕەخنەگران پێوەی. من هەندێک ئەزمونی ناخۆشم هەیە لەگەڵ فیلمەکانم کە پێموابوون باشن بەڵام دواتر شایەنی دووبارە بیرلێکردنەوە بوون. هەندێک جار سەرت لێدەشێوێت.
سێینەکەم بەدڵە، وا بیردەکەمەوە یەک فیلم بێت. حەزم…. ئۆۆۆ… زۆربەی فیلمەکانمم بەدڵە!
یەکەم چیرۆکی سینەمایم زۆر شەخسی بوو بۆ من، پێشبینم نەدەکرد هەموو کەس بەدڵی بێت.
لیندسای: خانمان و پیاوماقوڵان، ساتیاجت ڕای.

Related Posts

Leave a comment