[گفتوگۆی فایرفڵایز لەگەڵ کیاڕۆستەمیدا]

لە فارسییەوە: بیار ڕەشید

لە یەکێک لە یەکەمین ڕۆژە هەتاوییەکانی نیسانی ٢٠١٥ لە پاریس سەردانی عەباس کیاڕۆستەمی دەکەم. کاتێک دەگەمە هۆتێلەکەی لە ناوچەی مارە ئەو بە چاویلکە ڕەشەکەیەوە کە هەمیشە لەچاویدا بوو دەبینم کە لە حەوشەکەدا دانیشتووە. چاوەڕێ بووین تاوەکو مەعسومە لاهیجی وەرگێڕی بەردەوامی ئەو بگاتە لامان. عەباس کیاڕۆستەمی ئینگلیزییەکەی باشە، بەڵام پێی باشترە گفتوگۆکانی بە زمانی فارسی ئەنجام بدات. لێی دەپرسم کە ئایا بۆ گەڕان و  خۆشی لە پاریسە یان بۆ کاری هونەریی؟  ئەو بە خەندەوە وەڵام دەداتەوە کاری هونەریی خۆشی و گەڕانی ئەوە و ئەوەشی بۆ زیاد دەکات کە وا بڕیارە لەگەڵ بەرهەمهێنەرەکەی بۆ قسەکردن دەربارەی فیلمی داهاتووی کە بڕیارە لە ساڵی ٢٠١٦ دا نمایش بکرێت یەکتر ببینن. لەگەڵ ئەو دڵەڕاوکێیەی من بۆ چاوپێکەوتنی هونەرمەندێک لە ئاستی ئەودا – دەرهێنەرێکی حەفتاوچوار ساڵ کە نەک تەنها بەناوبانگترین فیلمسازی ئێرانە بەڵکو ناوی لە ناو سینەماکارانی مۆدێرن ڕایتەرز، کاریگەر و شکۆدار دەردەکەوێت – کیاڕۆستەمی زۆر ئارام و میهرەبانانە قسە دەکات. بەو وشە ڕەوان و پڕ لە بیرکردنەوانەی وەک ئەوەی لە فیلمەکانیدا دەبینرێت.

فایرفلایز : یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکان لە هەموو فیلمەکانی ئێوەدا خستنەڕووی پرسێکە، ئەم تایبەتمەندییە تا چ ئاستێک لە شێوەی کارکردنتاندا ڕەنگی داوەتەوە، ئایا فیلمسازیی هەمیشە بۆ ئێوە پەروەردەی دەروونیی بووە؟

عەباس کیاڕۆستەمی: ئێستا کە گوێ لە پرسیارەکەی ئێوە دەگرم دەزانم کە پەروەردەی دەروونییە، باوەڕم وایە شێوەی دروستکردنی فیلم بۆ من وەڵامە بۆ کونجکۆڵییەکانی خۆم.

فایرفلایز: ئەم کونجکۆڵییانە چۆن بە درێژایی ژیانی پیشەگەریتان گۆڕانی بەسەردا هاتووە؟

عەباس کیاڕۆستەمی: هەر فیلمسازێک هاوشێوەی هەر کەسێکی دیکە لە سەردەمە جیاوازەکانی ژیانیدا دڵەڕاوکێ و نیگەرانی تایبەت بە خۆی هەیە. کۆمەڵێک پرسیارت هەیە کە تایبەتن بە سەردەمێک و پرسیارگەلێکیش کە هەمیشەیین و هەرگیز وەڵامێکیان بۆ پەیدا ناکەیت. هەندێک کەس بە من دەڵێن هێشتا وەڵامی ئەو پرسیارەم نەداوەتەوە کە لە فیلمی یەکەممدا هەیە و هێشتا بەو پرسیارەوە سەرقاڵم. هەندێک لە پرسیارەکان هاوشێوەی ڕۆیشتنە بۆ کتێبخانە، کتێبێک هەڵدەگریت و چاوێکی پێدا دەخشێنیت و هەوڵ دەدەیت وەڵامی پرسیارەکەتی تێدا بدۆزیتەوە. دواتر کاتێک دە یان بیست ساڵی دیکە دەگەڕێیتەوە بۆ هەمانشوێن کتێبێکی تر هەڵدەگریت، نەوەک لەبەرئەوەی کە وەڵامی پرسیارەکانی پێشووت دەستکەوتووە، بەڵکو لەبەرئەوەی تووشی کۆمەڵێک نیگەرانی نیوەناچڵی دیکە بوویت.

فایرفلایز: وتارێک لە گۆڤارەکەماندا دەربارەی ئەم بابەتەیە، وەحید مورتەزەوی نووسەری ئەم وتارە تێمای دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکانی فیلمی (کۆپی هاوتای ڕەسەن) بە درێژەپێدەری فیلمی (ڕاپۆرت) دەزانێت. بۆچوونی ئێوە لەمبارەیەوە چییە؟

عەباس کیاڕۆستەمی: دوو هەفتە لەمەوپێش بۆ بەرنامەیەکی زانکۆیی بانگهێشتی ڤیرۆنای ئیتاڵیا کرام. ئەوان وتیان کە بڕیارە سێینەکەی من نمایش بکرێت. وەک هەمیشە وامزانی کە مەبەستیان سێینەی “کۆکەر”ە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو سێ فیلمەی کە ئامادەیان کردبوون (ڕاپۆرت)، (کۆپی هاوتای ڕەسەن)، (وەک عاشقێک) بوون. سەرەتا ناڕەزاییم دەربڕی و وتم ئەمە سێینە نییە، بەڵام وتیان: “بۆچی نا، سێینەیە، فەرموون فیلمەکان ببینن.” فیلمەکانم بینی و تێگەیشتم کە ئەوان ڕاست دەکەن. ئەم فیلمانە لەو لایەنەوە بە سێینە دەژمێردرێن کە (ڕاپۆرت) دەربارەی هاوسەرگیرییە لە تەمەنی لاوییدا، (کۆپی هاوتای ڕەسەن) دەربارەی هاوسەرگیریی یان کێشەکانی ناوەڕاستی تەمەنە و (وەک عاشقێک) دەربارەی پەیوەندی پاش هاوسەرگیرییە. کاتێک هەرکام لەم فیلمانەم دروست دەکرد هاوتەمەنی کەسایەتییەکانی چیرۆکەکە بووم. بە پێچەوانەی سێینەی کۆکەرەوە شتێک کە لەم فیلمانەدا هاوبەشە فەزا نییە بەڵکو تێمای چیرۆکە. لەبەرئەوە نووسەرەکەی ئێوە بە دڵنیایی ڕاست دەکات.

فایرفلایز: لە شوێنێکدا خوێندمەوە کاتێک فیلمی (ڕاپۆرت)ت دروست دەکرد لە ژیانی تایبەتی خۆتدا کێشەت هەبووە. بە زانینی ئەم خاڵە هەستم کرد هەستەکانت لە فیلمەکەدا بە تەواوی لەمس دەکرێت. ژیانی تایبەتی تۆ هەمووکات کاریگەری لەسەر کارەکەت هەیە؟

عەباس کیاڕۆستەمی: ئەگەر کاریگەرییەک هەبووبێت، ڕاستەوخۆ یان لە ئاگاییەوە نەبووە. هەر بەو جۆرەی کە وتم هەوڵ دەدەم نیگەرانییەکانم کە بە تێپەڕبوونی کات بەرۆکم دەگرن تێبپەڕێنم. ئەو فیلمەی ئێستا دەمەوێت دروستی بکەم دەکرێت چوارەمین فیلمی ئەم ڕیزبەندییە بێت. بەمجۆرە دەکرێت بگۆڕدرێت بۆ چوارینە. بەڵام دەربارەی ساتەکانی ئێستایە لە ژیانمدا. ئێستا لەم تەمەنەدا و بەم بارودۆخەوە ناتوانم فیلمێکی وەک (ڕاپۆرت) دروست بکەم. ئەمە بەو مانایە نییە کە وەڵامی ئەو پرسیارانەم داوەتەوە، من تەنها بە دەوروبەری ئەو پرسیارانەدا دێم و دەچم.

فایرفلایز: یەکێک لە پرسیارەکان دەکرێت لەبارەی ژنانەوە بێت؟ نەبوونی کەسایەتی سەرەکی ژن یەکێک لە ڕەخنە دیارەکانی فیلمەکانی سەرەتاتان بووە. بەمجۆرە ئامادەیی ژنان لە فیلمەکانی ئێوەدا بە (بە نێو درەختە زەیتوونەکاندا) دەست پێدەکات و لە (دە) دا بە کەسایەتی سەرەکی چیرۆک کە ژنێکە بە ناوی شیرین دەگاتە لووتکەی خۆی. بە درێژایی کات ئەم گۆڕانکارییە قۆناغ بە قۆناغ دەرئەنجامی ئاشکراکردنی وەڵامی ئەم پرسیارە بووە؟

عەباس کیاڕۆستەمی: هیچکام لەمانە لە ئاگاییەوە نەبوون. بە هێنانی ژن لە فیلمەکانی کۆتاییمدا بەدوای قەرەبووکردنەوە یان لەناوبردنی ئازاری ویژدانی ئامادەنەبوونی ئەوانەوە نەبووم. بە ڕوانینێک لە ڕابردووم هەموو ئەوەی کە دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە ڕەنگە لەو کاتەدا بەهۆی نائومێدیی تایبەتی خۆمەوە دەربارەی پرسی خێزانی و ژیانی ژن و مێردایەتی مەودایەکی ئارامم لە نێوان خۆم و ئەو پرسانەدا دەهێشتەوە.

فایرفلایز: ئەم پرسیارانە تا چەند پەیوەندیدارن بە سوود وەرگرتنی بەردەوامی ئێوە لە لابردن لە چیرۆکدا؟ بۆ نموونە کۆتایی کراوەی (تامی گێلاس) و (بە نێو درەختە زەیتوونەکاندا) یان پەیوەندیی ڕۆڵی سەرەکی (وەک عاشقێک) شیاو بوو یان مەحاڵ بوو دروست ببێت؟

عەباس کیاڕۆستەمی: لابردن بە مانای ئەو ڕاستیەیە کە وەڵامێکم بۆ پرسیارەکان پێ نییە و نەگەیشتووم بەو جێگایەی کە وەڵامێک بۆ پرسیارەکان بخەمە ڕوو. هەر فیلمسازێک کە وا بیردەکاتەوە دەتوانێت بە فیلمێکی یەک یان دوو کاتژمێریی وەڵامی پرسیارە گرنگەکانی بوونی مرۆڤ بداتەوە بەسەختی لەهەڵەدایە. لابردنەکان دانی پێدا دەنێن کە من هیچ وەڵامێکم لانیە. کراوە هێشتنەوەیان باشترە.

فایرفلایز: بۆچوونتان دەربارەی بینەران و ئەو ڕەخنەگرانەی کە بۆ پرسیارە کراوەکانی ئێوە وەڵام دەخەنە ڕوو چییە؟

عەباس کیاڕۆستەمی: تێگەیشتنەکان هەرگیز بابەتییانە نین، هەمیشە وابەستە بە کەسێک یان چرکەساتێکن کە لە فیلمەکەدا دەبینرێت. شتێک کە قایلم دەکات ئەوەیە کە بە درێژایی نمایشێک دەکرێت دوو کەس و دوو تێگەیشتنی جیاواز هەبن. ئەمە هێزم پێدەبەخشێت چونکە بە دوای ئەوەوە نیم کە وەڵامێکی کامڵ بخەمە ڕوو. بە هەمانشێوە کە مەولانا دەڵێت: ” هەرکەس بە گومانی خۆی بوو بە یاری من، لە دەروونمدا نهێنی منی ئاشکرا نەکرد”. بینەر تەنها بە دیدی سنوورداری خۆی بڕیار دەدات کە لەگەڵ فیلمەکەمدا چۆن چۆنی پەیوەندی دروست بکات. من هەقم بەسەر بینەرەوە نییە.

فایرفلایز: بە فیلمەکانی (ئەی بی سی ئەفریقا) و (دە)، دەستپێکەری دەیەی ئەزموونی فیلمسازیی دیجیتاڵ بوویت، ئەگەر بمانەوێت لە ڕوانگەی یەکگرتووییەوە لە فیلمەکانی ئێوە بڕوانین، ئایا ئەم ماوەیە دەکەوێتە دەرەوەی سنووری ئەو یەکگرتووییەوە؟

عەباس کیاڕۆستەمی: لە ڕاستیدا من پەیوەندییەک لە نێوان (ئەی بی سی ئەفریقا) و (دە) دا نابینم، چونکە (ئەی بی سی ئەفریقا) ئەزموونێک بوو کە ناتوانم بە هیچ ڕێگایەک بیبەستمەوە بە فیلمەکانمەوە. ئەم فیلمە بە داواکاریی دروست کرابوو و دەبوو لەسەر بنەمای ئەو شتەی لە من داواکرابوو هەنگاو بنێم. بە پێچەوانەی فیلمەکانی دیکەمەوە لە کێشە تایبەتەکانی خۆم و شێوازی پرسیارکردنەوە دەستم پێنەکرد. بەڵام فیلمی (دە) زۆر پەیوەندی لەگەڵ ئەو یەکگرتووییە دروست دەکات کە لە فیلمەکانی دیکەمدا هەیە و ئێستا ئیدی سێینە یان چوارینە لەبەرچاو ناگیرێت، هەرچەندە کەسایەتی سەرەکی ژنە و تەواوی فیلمەکە لە بازنەی چیرۆکی ئەودا دەخولێتەوە، بەڵام پیاو هەرگیز لە گفتوگۆکاندا و لە ڕۆحی فیلمەکە جیانابێتەوە. بەمجۆرە ئەم فیلمە دووبارە دەربارەی پەیوەندی تایبەتی و کێشمەکێشمەکانی ئەو پەیوەندییەیە و وا هەست دەکەم لە بەراوردکردنی بە (ئەی بی سی ئەفریقا) زیاتر لەگەڵ فیلمەکانی دیکەمدا پەیوەندی دروست دەکات. حەزم دەکرد لە (ئەی بی سی ئەفریقا) دا هەلێکی زیاترم بۆ کارێک هەبووایە کە پێمخۆش بوو بیکەم، واتە بەکاردەهێنرام بۆ ئەنجامدانی کارێک کە تایبەت و چوارچێوە بۆ دانراو بوو کە دەبوو خۆمم لەگەڵ بگونجاندایە، نەوەک ئەوەی بە نیگەرانییەکانی پێشووی زیهنی خۆم دەست بە دروستکردنی فیلمێک بکەم.

فایرفلایز: کەمێک دژبەیەک دێتە بەرچاو، قبوڵکردنی فیلمێکی داواکراو بۆ ئاسوودەکردنی خۆتە؟

عەباس کیاڕۆستەمی: ئاسوودەکردن نییە. لانیکەم جۆرە ناوبڕێکە. زەحمەتی تاکەکەسی کەمتر و قۆناغەکانی ئامادەکاریی کورت دەبێت. ڕاستەوخۆ دەچیتە ناو پڕۆژەیەک و ماوەی ئامادەکارییت تووش نابێت. تۆ بەشێکی لە پڕۆژەکە و لە هەمانکاتدا تەواوی ئەو پڕۆژەیە بۆ تۆ نییە. بەمجۆرە هاوشێوەی کاتێکی پشوودانە بۆ فیلمسازیی خۆت کە دەکرێت تۆکمەتر بێت. کەواتە بەڵێ، تا ڕادەیەک هەستم بە ئازادیی دەکرد. پێش دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی هەر فیلمێک نزیکەی ساڵێک زیهنم سەرقاڵی فەزای ئەو فیلمەیە. فیلمێک کە وا بڕیارە دروستی بکەم یەکەمینجار چوار ساڵ لەمەوپێش بیرم لێیکردەوە. کاتێک کە فیلمێکی داواکراو قبوڵ دەکەیت تەواوی ئەم کات و ئینێرژییەت بۆ دەگەڕێتەوە. بەهۆی ئەمەوەیە کە کۆی فیلمەکە نەبەستراوە بە تۆوە. چونکە ئەم ماوەیەت تێنەپەڕاندووە.

فایرفلایز: ئەمە بۆ من گفتووگۆیەکی ئێوەم بیر دەخاتەوە کە تێیدا فیلمسازیتان بە ئێش و ئازار وەسف کردبوو.

عەباس کیاڕۆستەمی: وا هەست دەکەم مەبەستەکەم خراپ لێکدراوەتەوە. من ئەگەری هەیە وتوومە فیلمسازیی شتێک نییە جگە لە چێژ و دڵخۆشی و بەهەرحاڵ هەر چێژێک لە تەنیشتییەوە ئازارێکیش هەیە.

فایرفلایز: دوو فیلمی کۆتاییتان لە دەرەوەی ئێران دروست کردووە، (کۆپی هاوتای ڕەسەن) و (وەک عاشقێک) لە تووسکانی و تۆکیۆ دروستکراون، پاڵنەری ئەم گۆڕانکارییە چی بوو؟

عەباس کیاڕۆستەمی: ئەگەر ئەم پرسیارەت پێش بڕیاری کارکردنم لە دەرەوەی وڵاتەکەم لێ کردبام ئەگەری هەبوو بمووتایە بۆ هەڵهاتن لە سەختی و سنووردارییەکانی فیلمسازیی لە وڵاتەکەمدا. بەڵام بە ڕوانینێک لە ڕابردوو، ئێستا دەڵێم دەرئەنجامی ئەم گۆڕانکارییە و تەنانەت شتێک کە هانیدام هەستی خۆشی کەشفکردنی شوێنەکان، کەسەکان، زمانەکان و ئەو فەزا نوێیانە بووە کە بتوانم تیایدا چێژ لە فیلمسازیی ببینم.

فایرفلایز: لەم فیلمەدا ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی ستایڵ بوومەوە : زۆربەی ڕووداوەکان لە فەزای ناوماڵدا ڕوویان دا، بە گشتی فەزا ناوەکییەکان بە دەگمەن لە هونەری ئێرانییدا بەرچاو دەکەون ئەمەش لەو فیلمانەی ئێوە لە ئێران دروستتان کردووە بەهەمانشێوە دەردەکەوێت.

عەباس کیاڕۆستەمی: گرنگترین هۆکاری ئەوە بەئاگاییەوە بێت یان نائاگایانە، خۆپارستنە لە درۆکردن لە سینەمادا. بۆ هەڵهاتن لە پێویستیی ساختەکاری. یاسایەک لە ئێراندا هەیە، لەبەر یاساکانی سانسۆر، کە ژنان تەنانەت لە فەزای ناو ماڵیشدا دەبێت حیجابی پۆشی بێت، تەنانەت ئەو کاتەشی لەگەڵ مێرد و منداڵەکانی خۆیان بە تەنهان. لە دنیای واقیعیدا، ئەو ژنە هەرگیز لەم بارۆدۆخەدا قژی داناپۆشێت، بەمجۆرە ئەم دژیەکییە هەیە. تەنها ڕێگایەک کە بۆ بەرهەڵستی ئەم پرسە هەڵمبژارد ئەوە بوو کە کامێرا ببەمە دەرەوەی ماڵ تا ئەو ژنە لەبەر یاساکان حیجابی کردبێت، نەوەک لەبەر ئەو ساختەکارییەی کە من ناچارم لە فرێمێکدا بیسەپێنم.

فایرفلایز: کاتێک کورتە فیلمەکەی ئێوەم لە فیلمی (بلیت) بینی سەرسام بووم بە تێگەیشتنتان لە کولتوری ئیتاڵی. وەک ئیتاڵییەک کەسایەتییەکانم زۆر بە واقیعی بینی. من هیچ کاتێک نەچوومەتە ژاپۆن. لەبەرئەوە ناتوانم دەربارەی (وەک عاشقێک) داوەریی بکەم. هەمان کاردانەوەت لە بینەرانی ژاپۆندا بینی؟

عەباس کیاڕۆستەمی: ئەو کاتەی کە بڕیارم دا لە ژاپۆن دەست بە وێنەگرتن بکەم یەکەمجار دەبوو لەگەڵ بەرهەمهێنەرە فەڕەنسییەکەم قسە بکەم. ئەویش هەمان پرسیاری کرد: بۆچی من وەک ئێرانییەک دەبێت بڕۆم و لە ژاپۆن فیلم دروست بکەم؟ وەڵامەکەی ئەوم بەم شێوەیە دایەوە کە هەر دەرهێنەرێکی ڕیالیستی دەیداتەوە. دەکرێت نەتوانم گەرەنتی ئەوە بکەم فیلمێکی باش دروست بکەم، بەڵام دەتوانم گەرەنتی ئەوە بکەم فیلمێکی ژاپۆنی دروست دەکەم. بەڕێکوپێکی ئەمە تەواو بوو، پێمخۆش بوو پیشانی هەندێک هاوڕێی ژاپۆنیمی بدەم. خاتوو ترویونوگامی کە یاریدەدەری ئاکیرا کورۆساوا بوو، بۆ بینینی فیلمەکە هاتە ژاپۆن. دوای وێنەگرتن پرسیم: ” فیلمەکە بۆ تۆ وەک پێویست ژاپۆنییە؟ لە ڕووی واقیعییەوە هەڵەی تێدا نییە؟ سەلیقەی ژاپۆنی تێدا دەبینرێت؟” ئەو وتی: “ئەم فیلمە لە فیلمەکانی ئێستای ژاپۆن ژاپۆنیترە.” ئەمە هەناسەیەکی ئاسوودەی پێ بەخشیم. من ئازایەتی دروستکردنی (وەک عاشقێک)م هەبوو، چونکە باوەڕم وابوو ئەو شتەی کە تایبەت بە کولتور یان زمانێکە بە ئاسانی بەدەست دەهێنرێت. ئەمە کارێکی قورس نییە. تۆ لەگەڵ هاوڕێیەکی ئیتاڵی یان ژاپۆنیدا قسە دەکەیت و ئەوەت پێدەڵێت کە ژاپۆنییەکان لە کاتی چوونە ماڵەوەدا پێڵاوەکانیان دادەکەنن و ئەمە و ئەوە دەکەن و تۆش فێری دەبیت. خاڵێکی گرنگتر، ماهیەتی مرۆڤە. کاتێک دەگەیتە سەر ماهیەتی مرۆڤێک ئیدی لە نێوان ئیتاڵییەک و ژاپۆنییەکدا جیاوازییەکی زۆر نییە. دەمەوێت بڵێم زمان و کولتوری تایبەت توێژاڵێکی ڕووکەشە، پرسی گرنگتر، ئەو شتەیە کە لە توێژەکانی ژێرەوە هەیە و من فیلمەکانم تەنیا بەمانە پڕ دەکەمەوە.

فایرفلایز: پێشتر ئاماژەت بە فیلمێک کرد کە بڕیارە دروستی بکەیت، ئەم فیلمەش لە دەرەوەی وڵاتی خۆتان دروست دەکرێت؟

عەباس کیاڕۆستەمی: دەبێت لە چین دروست بکرێت، پێویستە بڵێم هۆکاری دڵنیایی و ئاسوودەییم لە پڕۆژەی پێشوودا ئەوە بوو کە وەرگێڕێکی باشی ژاپۆنیم هەبوو کە کاری زیاتر لە وەرگێڕانیشی ئەنجام دەدا. بەڵام ئێستا کە وا بڕیارە بڕۆم بۆ چین نازانم چۆن کارەکەم بەرەو پێش ببەم، بەم هۆیەوە تا ڕادەیەک خۆم لە بەکارهێنانی زمان پاراستووە. فیلمەکە چینییە بەڵام تەنیا چینییەکی دەست و پێ شکاو لە فیلمەکەدا وەک زمان سوودی لێوەرگیراوە. بەمشێوەیە لەگەڵ ئەوەی زمان بابەتە بەڵام ناتوانێت ببێتە هۆی کێشە. وەرگێڕێکی خراپم هەیە و ئەمەم کردووەتە بابەتی فیلمەکە؛ زمانی فیلمەکە دەست و پێی شکاوە. ئیدی ئەمە دەکەوێتە سەر بینەر کە ئەم کەموکوڕییە چارەسەر بکات. زۆر خۆشحاڵم کە توانیم ئەم خاڵە لاوازە کە تایبەتە بە خۆم لەگەڵ بینەردا بەش بکەم.

فایرفلایز: واتە کێشەی دروستکردنی پەیوەندی، تێمای سەرەکی فیلمەکەیە؟

عەباس کیاڕۆستەمی: لە ڕاستیدا نەخێر، ئەمە تەنها پێشەکییە لە فیلمەکەدا کە وەرگێڕان باش نییە. ڕستەیەکی سانت ئاگزۆپری هەیە کە دەڵێت: ” زمان سەرچاوەی لەیەک تێنەگەیشتنەکانە”. ئەمە یەکێک لە ڕەگەزەکانی فیلمەکەیە: کێشەی زمانمان هەیە، ئێستا دەبێت چی بکەین؟

فایرفلایز: مەترسییە چاوەڕوانکراوەکانی فیلمێک بە کولتوری بیانی چین؟

عەباس کیاڕۆستەمی: بەستراوە بە دیدگاوە. جیاوازی هەیە کە چی دەبینیت و بابەتەکەت چییە. بە دڵنیایی کاتێک بۆ “ناشناڵ جیوگرافیک” کاردەکەیت دەبێت لە کارەکەتدا دەربارەی ژینگە و کولتور زۆر بەدیقەت بیت. بەڵام کاتێک بابەتەکە لە شوێنێکی دیکەیە ئەم نیگەرانییانە دروست نابن.

فایرفلایز: ئەم دڵنیاییەی ئێوە دەکرێت بەرهەمی ئەزموونێکی دوورودرێژ بێت؟ لە ژیانی پیشەگەریتدا سەردەمێک هەبووە کە نیگەران بیت بێمەبەستانە سنوورە ئەخلاقییەکان ببەزێنیت؟

عەباس کیاڕۆستەمی: ناڵێم کە گۆڕانکاریی یان تەنانەت شۆڕش لە شێوازی ئەخلاق لە فیلمەکانمدا ڕوویداوە، هەمیشە دەبێت لە سەرەتای فیلمسازییدا لەگەڵ نیگەرانی و پرسیارەکانی خۆتدا ڕووبەڕوو ببیتەوە. چاوپۆشیی لە کاردانەوەی بینەر یان لایەنەکانی دیکە، تەنها لە خۆتدا بخەیتەکار، لە شتێکدا کە بە باشی دەیناسیت. بۆ من ئەخلاق واتە هەڵسوکەوت لەگەڵ شتێکدا کە بە قووڵی ئاگاداری ئەو شتەی یان شتێک کە بە ڕاستی لە دەروونتەوە دێتە دەرەوە. ئەم شێوازەی من لە یەکەمین فیلمی کورتمدا کە دروستم کردووە هەبووە.

فایرفلایز: دەربارەی (کڵۆسئەپ) چی دەڵێیت؟ فیلمێک بەراورد بە بەرهەمەکانی دیکەتان ژیانی کەسانێکی زیاتر تێیدا کێشە و ناکۆکی هەیە؟

عەباس کیاڕۆستەمی: ئێستا کە لە کارنامەی فیلمسازیی خۆم دەڕوانم، دەبینم (کڵۆسئەپ) لەگەڵ (ئەی بی سی ئەفریقا) پەیوەندییان پێکەوە هەیە. ئەم فیلمەش بەجۆرێک داواکراو بوو، چونکە سەرقاڵی ئەو ئامادەکارییانەی کە پێشتر باسم کرد نەبووم. بەنزیکەیی لە کاتێکدا کە تێگەیشتم بڕیارە چی بکەم تا ئەو کاتەی دەستمان بە وێنەگرتن کرد چل و هەشت کاتژمێر درێژەی کێشا. ڕاستەوخۆ لەناو پڕۆژەکەدا خۆمان بینییەوە و لە ڕاستیدا کاتێکم بۆ ئامادەکاریی خۆم یان درککردن بەو ئامادەکارییە نەبوو. لەوێوە کە هەموو شتێک لەناکاو ڕوویدا، لە هەڵسوکەوتم لەگەڵ بارودۆخ و کارکردنم وەک فیلمساز هیچ گوناهێکم نییە. دەبوو خۆم بە کەسانێک کە دەمبینین و بارودۆخێک کە تێیدا بووم بسپێرم. دەبوو قبوڵی بکەم کە فیلمساز نیم، هیچ نەبووم جگە لە هۆکارێک لەنێوان بینەران و ئەو بارودۆخەی کە شاهیدی بووم. لە ڕاستیدا من وێنەی شتێکم بۆ بینەران دەگرت کە شاهیدی بینینی بووم.

فایرفلایز: وێنای ئەوە دەکەم لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٧٠ کە سەرەتای فیلمسازیتان بوو لە ئێران، بەرکەوتنتان لەگەڵ سینەمای نێودەوڵەتی زۆر سنووردار بوو. ئایا دەکرێت بڵێین سەفەرە دووبارەکان و بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکاندا و پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ سینەمای جیهان کاریگەری لەسەر شێوازی فیلمسازیتان هەبووە؟

عەباس کیاڕۆستەمی: تا ئەو جێیەی کە بیرم بێت، هەرگیز وەک فیلمساز دانەنیشتووم بۆ سەیرکردنی فیلمێک، لە گەنجیدا کە لەگەڵ هاوڕێ ئێرانییەکانمدا دەچوومە سینەما تەنانەت بیرم لەو شتە نەدەکردەوە ڕۆژێک ببمە فیلمساز و تەنها فیلمەکانم دەبینی. ئێستا کەمتر و کەمتر فیلم دەبینم و بەدەگمەن دەچم بۆ سەیرکردنی فیلمێک. هەرکاتێک چانسم بیهێنێت یان نا و بچمە هۆڵێکی سینەما فیلمەکە تەنها وەک بینەرێک دەبینم. هیچ کاتێک ناڵێم: “ئەگەر من بوومایە ئەم دیمەنەم چۆن وێنە دەگرت؟ من ئەمەم باشتر دروست نەدەکرد؟” کەواتە ناتوانم بڵێم کە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر فیلمسازییم هەبووە. زیاتر لە سینەما پەیوەندیم لەگەڵ ژیاندا هەیە. ئەوە سینەما یان ئەدەبیات نین کە هاوکاری من دەکەن لە فیلمەکانمدا. سەرچاوەی ئیلهام لە فیلمسازییمدا، ژیانە. کاتێک لە ڤێرۆنا بووم یەکێک لە بینەران لە دوای نمایشی (کۆپی هاوتای ڕەسەن) وتی فیلمەکە بۆ ئەو دیمەنەکانی (دیمەنەکانی هاوسەرگیری)ی بێرگمانی بیر دەهێنێتەوە و پرسی: “سەرنجڕاکێشە کە فیلمەکەی ئێوە کاریگەری ئەو فیلمەی لەسەرە. بەڵام ماوەی نێوانیان چل ساڵە. ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە بە درێژایی ئەم چل ساڵە هیچ وەڵامێک بۆ ئەوەی کە هاوسەرەکان چۆن دەتوانن پێکەوەبن پەیدا نەبووە؟” وەڵامم دایەوە: ” باشە، ئەگەر ئەم دوو فیلمە جیاوازە لە ماوەی چل ساڵدا دروستکراون، وا هەست دەکەم بابەتەکە پەیداکردنی وەڵامی پرسیارەکە نییە، بەڵکو تەسلیمبوونە لەبەرامبەر دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکدا.” فیلم بۆ پەیداکردنی ڕێگاچارە یان پیشنیاری وەڵامێک دروست ناکرێت. فیلمسازیی تەنها جۆرێکە لە دەردەدڵ و دەیەوێت بڵێت ئێمە هەموومان کێشەی هاوشێوەمان هەیە، هەموومان لە ناو بەلەمێکداین و ئەو بەلەمەش لە چل ساڵ لەمەوپێشەوە تا ئێستا لەشوێنی خۆیدایە. ئەوە قبوڵ بکەین کە ئەگەر بە تێپەڕبوونی کات ئەو کێشانە چارەسەر نەبوون نابێت بە جدی لێیان بڕوانین. ئەگەر پێویستمان بە یەکترە و دەمانەوێت پێکەوە بین وەرن با بۆ ئەو کێشانە بە دوای ڕێگاچارەدا نەگەڕێین. باشترین ڕێگاچارە قبووڵکردنی ئەوەیە کە هیچ ڕێگاچارەیەک نییە. هەروەها دەربارەی وەڵامی ئەوەی کە سینەما کاریگەری لەسەر من هەبووە: بەڵێ، بیرم دێت ئەو کاتەی لە پاریس فیلمەکەی بێرگمانم بینی کێشەی تایبەتی خۆم هەبوو و ئەو فیلمە کاریگەری لەسەر دانام. ئەگەر ئێستا بمەوێت ئەو کاریگەرییە وەسف بکەم دەڵێم: قبوڵکردنی ئەوەی کە هیچ ڕێگاچارەیەک بوونی نییە.

فایرفلایز: باشە سینەمایەک کە ڕیشەکەی لە ناو واقیعدایە ئەگەر ڕێگاچارە نەخاتە ڕوو دەکرێت ڕێنوێنیکەر بێت؟

عەباس کیاڕۆستەمی: من باوەڕم بە وەڵام و ڕێگاچارە نییە، بەڵام وا هەستدەکەم دووبارەکردنەوەی پرسیارەکان خۆی جۆرێکە لە وەڵام. ئەم خاڵە ڕوونی دەکاتەوە کە هیچ ڕێگاچارەیەکی شیاو یان پەسەندکراو بوونی نییە. کاتێک کە لە پاریس (دیمەنەکانی هاوسەرگیری)م بینی تەنانەت یەک وشەی لێ تێنەگەیشتم، چونکە فیلمەکە بە زمانی سوویدی و ژێرنووسی فەڕەنسی بوو. هیچکام لەم دوو زمانەم نەدەزانی. جارێک فیلمەکەم بینی و لەهۆڵەکە هاتمە دەرەوە و جارێکی دیکە چوومە سینەما و فیلمەکەم سەیرکرد و ئەمجارەیان کۆی گفتوگۆکان و چیرۆکی فیلمەکەم بۆ خۆم دروست کردەوە. ساڵانێک دواتر سیناریۆکە وەرگێڕدرا بۆ فارسی. کاتێک خوێندمەوە تێگەیشتم کە چیرۆکەکە بەهیچ شێوەیەک ئەوە نەبوو کە پێشتر دروستم کردبوو. دووبارە دەبێت لە زمانی حافزەوە بڵێم :” غەمی عەشق لە چیرۆکێک زیاتر نییە، بەڵام سەیرە لە هەر زمانێکەوە دەیبیستم دووبارە نییە” ڕاستییەکەی ئەمەیە. هەمیشە چیرۆکەکە ئەمە بووە بەڵام هیچ کاتێک چیرۆکەکە هەمانشت نەبووە. ئازاری عەشق کە ژنێکی سویدی و ژنێکی ئێرانی دەیچێژن یەک شتە. ڕەنگە ڕێگاچارە تەسلیمبوون و ڕەتکردنەوەی ناکۆکییەکان بێت تا بتوانی لێیان دوور بیت. فیلمی دواترم دەربارەی ڕاهیبەکانە لە کڵێساکاندا. ڕەنگە تەنیا ڕێگاچارەیەک ئەوان پەیدایان کردووە حاشاکردن بێت لە ژنان. ڕەنگە ئەمە بە هۆی تەمەنی خۆمەوەیە کە هێشتا بە دوای ئەو ئارەزووەوەم، ئەم خەیاڵە نەشیاوەی حاشاکردن لە ژنان. ڕەنگە ئەمە نیگەرانی ئێستام بێت (پێدەکەنێت).

فایرفلایز: ئێوە بە وەڵامدانەوەی جیاواز و هەندێکجار دژبەیەک بەرامبەر هەمان پرسیار بەناوبانگن. دەتوانیت ئەمە لە پرسێکی سینەماییەوە بگوازیتەوە بۆ ناو واقیع؟

عەباس کیاڕۆستەمی: دژیەکیی بەشێک لە ژیانی هەموومانە. ئەگەر ئەوە قبوڵ بکەیت کە وەڵامێکی تایبەتت لانییە، ئەگەر هەوڵ بدەیت درک بە پرسەکان بکەیت بە بێ هیچ چەقبەستنێک ئەو کاتە بەجۆرێک وەڵامی پرسیارەکان دەدەیتەوە کە وا هەست دەکەیت ڕاستە. کاتێک هەست دەکەیت لە جێگایەکدا زیادەڕەویت کردووە هەوڵ دەدەیت لە رێگایەکی ترەوە قەرەبووی بکەیتەوە. هەندێکجار ئەم ڕێگایانە تەریبن. ئەم ڕەزیلی و دەستبڵاوییە هەمیشە هەیە، هەردووکیان واقیعین؛ بەڵام تۆ لە نێوانیاندا درۆ دەگونجێنیت. هەوڵ دەدەیت بگەیتە هاوسەنگی تا کاتێک لە ناوەڕاستی ڕێگاکەدا لەسەر کورسییەک دانیشتوویت و لەبری ئەوە هەوڵ دەدەیت ڕێگای خۆت بدۆزیتەوە، دژیەکییەکانیش دەکرێت قبوڵکراو بن.

Related Posts

Leave a comment