تەها کەریمی
سەرچاوە: سینەنا
ناسراوترین و دیارترین دەرهێنەری هێڵی جیاوازی سینەمای هیند تا ئەمڕۆ، (ساتیاجیت ڕای)ـە. سینەمای هاوتەریبی هیندی بە فیلمەکانی ئەمەوە دەستیپێکرد و بووە هۆی جیابوونەوەی هێڵی سینەمای هونەری لە سینەمای بازرگانی. ئەو هێڵەی هەوڵی دەدا ڕوویەکی دیکەی کۆمەڵگای هیندی وێنا بکات، کە لە سینەمای بازرگانیی ئەو وڵاتەدا بزر بووبوو. ڕای ساڵی ١٩٢١ لە ویلایەتی بەنگال لەدایکبووە، لەگەڵ شاعیری ناسراوی بەنگالی (رابیندرانات تاگوور) فێری شێوەکاری بووە و دواتر وەک گرافیست لەگەڵ کۆمپانیایەکی ڕیکلامی بەریتانی – لقی کەلکەتە – کاریکردووە. ڕای وەک دیزاینەر و گرافیستێکی بەتوانا ئاڵوگۆڕێکی گەورەی لە دیزاینی ڕووبەرگی کتێبی هیندیدا دروستکرد، ئەو چیرۆکە منداڵان و چیرۆکە زانستی خەیاڵئامێزیشی دەنووسی، هەوەها لە دانانی موزیک بۆ فیلم پێشکەوتنی بەدەستهێنا و بۆ زۆرینەی فیلمەکانی خۆی میوزیکی دروستکرد. ڕای ساڵی ١٩٤٧ (ئەنجوومەنی فیلمە کەڵکەتە) دروستدەکا و بەمشێوەیە ڕێگا خۆش دەکات بۆ هاتنە ناوەوەی فیلمە ئەوروپی و ئەمریکیەکان، ئەم ئەنجوومەنە کۆمەڵێک لە گەنجانی ڕووناکبیری بەنگالی لە خۆی کۆدەکاتەوە و (بینینی فیلم) دەبێتە خولیایان. چەندین گەنج لەم ئەنجوومەنەدا دواتر بوونە دەرهێنەری سەرکەوتوو و ناودار، لەوانە (رەتویک قاتاک و مێریناڵ سین).
ساڵی ١٩٥٠ لەلایەن ئەو کۆمپانیایەی کاری بۆ دەکرد بۆ ماوەی ٦ مانگ دەنێردرێتە لەندەن، ئەم سەفەرە دەبێتە خەیاڵی وەرچەرخان لە ژیانیدا. لە لەندەن فیلمی (پاسکیل دز ١٩٤٨)ی (ڤیتیۆریۆ دی سێکا) دەبینێت و لە کاتی گەڕانەوەیشیدا بە (ژان ڕینوار) ئاشنا دەبێت و دەچێتە سەر کارەکەی ئەو – فیلمی ڕووبار- ١٩٥١.
ڕیالیزمی نوێی ئیتاڵی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دادەنێت و دەبێتە هۆی نزیکبوونەوەی زیاتری لە سینەما. (ڕای پێشتر سینەمای جۆن فۆرد و وایلەر و ژان ڕێنواری بەباشی بینیووە و لێیان نزیکبۆتەوە هەروەک خۆی ئاماژەی پێکردووە ئیلهامی لێ وەرگرتوون). (پاتر پانچالی – سروودی ڕێگەی باریک – ١٩٥٥) یەکەم فیلمی ئەوە، کە دوای دوو ساڵ کێشە و زەحمەتی زۆر بەرهەمهات، ئەم فیلمە لە بەشی یەکەمی ڕۆماننووسی بەنگالی (بیبۆ تیبۆسال بانێرجی) وەرگیرابوو. ساڵی ١٩٥٦ ئەم فیلمە لە فیستیڤاڵی (کان) خەڵاتی ڕەخنەگرانی وەرگرت و لەهەمان کاتیشدا بووە پڕفرۆشترین فیلمی ئەو ساڵەی بەنگال.
(ئاپاراجیتۆ ١٩٥٧) و (ئاپوورسانسار- دنیای ئاپۆ ١٩٥٨) دوو فیلمی دیکەی ڕای بوون، کە لە بەشی دووەم و سێیەمی هەمان ڕۆمانەوە وەرگیرابوون. ئەم سێ فیلمە کە لە ناو کۆی سێ فیلمی درێژی ڕای بەناوبانگترینیان بوون، بە (سیانەی ئاپۆ) دەناسرێن. پاتر پانچالی فیلمێکی تایبەت و چارەنووسساز بوو لە مێژووی سینەمای هیند، زیاتر دیمەنەکانی ناو ئەم فیلمە لە شوێنە واقیعییەکان – دەرەوەی ستۆدیۆ- وێنە گیرابوون.
نواندن، بەپێچەوانەی ڕەوتی باوی سینەمای هیندەوە، زۆر دەروونیتر و نادیارتر بوو. چیرۆکی ئەم فیلمە باس لە ژیانی کوڕێکی منداڵی گوندیی، ئاپۆ، دەکات کە دایەگەورە و خوشکی کۆچی دوایی دەکەن، دواتر ڕای لە فیلمی ئاپاراچیتۆ شوێن ژیانی ئاپۆ دەکەوێت، کە ئێستا مێردمنداڵە و لەم تەمەنەیشدا کۆچی دوایی دایک و باوکی دەبینێت.
سێینەی ئاپۆ بە فیلمی (دنیای ئاپۆ) کۆتایی پێدێت. لەم فیلمەدا ئاپۆ ژن دەهێنێت و ژنەکەی بە منداڵەوە دەڕوات، مەرگی هاوسەرەکەی وادەکات ڕقی لە منداڵەکەی بێت، دواجار دوای دوودڵیەکی زۆر لەگەڵ منداڵەکی ئاشت دەبێتەوە.
ڕووداوی هێمن و (غەیرە دراماتیک)ەکانی سیانەی ئاپۆ، زیاتر لە تۆمارکردنی ڕوودەواکانی ڕۆژانەی ئەم بنەماڵەیە دەچن. ڕیتم، ئارام و هێمن وەک ڕیتمی ژیانی گوندنشینەکانی بەنگال. علی و معلول، کە تایبەتمەندییەکی گەورەی سینەمای کلاسیکە، لەم فیلمەدا زۆر کاڵە یان هەر بەرچاو ناکەوێت. ڕای بەپێچەوانەی دەرهێنەرانی هیندی، نایەوێت بەردەوام فرمێسکی بینەر بێنێتە خوار و دەستەسڕەکانیان بخوسێنێت. ڕای، بینەر لە بەرانبەر ژیانی بنەماڵەیەک و پەیوەندییەکانیان و ڕووداوە چکۆلەکانی ئەوان دادەنێت و زیاتر لەوەی کە مەبەستی بێت پەیامێک بە بینەرەکەی بدات، لە بینەر دەخوازێت لە ژیان ڕابمێنێت و بچێتە ناو ئەم فەزایە و دواجار خوێندنەوەی خۆی هەبێت، لەوانەشە لە خەڵوەتی ژیانی فیلمێکەوە بۆ خەڵوەتی ژیانی خۆی بگەڕێتەوە. لە کۆتایی فیلمی ئاپارجیتۆ، کوڕەکە (ئاپۆ) بۆ بینینی دایکی لەسەرەمەرگدا بەرەو ماڵ دەگەڕێتەوە، لە سینەمای باوی هندیدا ئەمە هەلێکی باش بۆ دەرهێنەر دەڕەخسێنێت، کە دایک و کوڕ لای یەک دانێت و سۆزی بینەر ڕاکێشێت و فرمێسکی بینەر بێنێتە خوار، بەڵام لەم فیلمەدا ئاپۆ کاتێک دەگاتەوە ماڵ، کاتێک ئیتر دایکی کۆچی دوایی کردووە، هەروەها لە فیلمی دنیای ئاپۆدا مەرگی هاوسەرەکەی لە دەرەوەی کادر ڕوو دەدات، یان لەو دیمەنانەدا کە هەل دەڕەخسێنێت بۆ ئاواز و سەما، ڕای بەئاسانی بەلایدا تێپەڕ دەبێت.
ڕای، ڕووی لە وێناکردنی دیوە نادیار و قووڵترەکەی ئەم ڕووداوانەی ژیانە. ئەو هەر لە گەنجێتییەوە تێکەڵ بە (هیومانیزم)ی ناو شیعرەکانی (تاگوور) بوو، هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەی تاگوور ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕا لە ڕێنیسانسی بەنگال و لەوانەیش خستنەڕووی نیگایەکی تازەتر بوو بۆمرۆڤ، کە بایەخێکی گەورە و گرانتری بەم بوونەوەرە دەدا، ئەو پێی وابوو فیلمسازیی بریتییە لە (خستنەڕووی حەقیقەتی کرداری مرۆڤ).
ڕای ڕەخنەی تووندی ئاڕاستەی سینەمای بازرگانی هیند دەکرد و پێی وابوو ئەم سینەمایە زۆر نامۆیە لەگەڵ ژیانی تاک و کۆی مرۆڤی سەردەمی هیندی و تەنانەت مرۆڤەکانی قۆناغەکانی پێشووتری ئەم وڵاتە، هەروەها پێی وابوو دەبێ سینەما پێ بنێتە ناو ژیانی ڕۆژانەی سەردەم و کێشە و حەز و ئاوات و ئازاری مرۆڤی ئێستای کۆمەڵگا (ئەمە خاڵێکی جەوهەری ڕیالیزمی نوێی ئیتاڵی بوو، وەک قۆناغێکی بەرجەستەی سینەمای مۆدێرن).
ڕای لە سیانەی ئاپۆدا ڕوو لە کێشە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دەکات، مرۆڤێک کە دەستەویەخەیە لەگەڵ مەرگ و ناکامی و ڕووداوە تاڵەکانی ژیان، ناچاریشە ئەو بارە گرانە بخاتە سەرشانی و ڕێی بکات، ناچارە و دەبێت ژیان وەک خۆی وەرگرێت، بە ساتە شیرینەکانییەوە، بەتاڵی و ڕەنج و ئازارەکانییەوە. ڕای زۆر زیاتر لە دەرهێنەرە هندییەکانی دیکە فرمێسکی بینەران دەهێنێتە خوارەوە، بەڵام ئەم فرمێسکانە دەروونی و نادیارن. ئەو زۆرجار بەوە تاوانبار کراوە، کە ڕووی لە خەڵوەتە چکۆلەکان و ڕووداوە وردەکانی ژیان کردووە و برسێتی و قاتوقڕی و دەمارگیریی ئاینیی وڵاتەکەی نابینێت. ئەگەرچی دواتر – کۆتایی ساڵانی ١٩٦٠ – ڕای زیاتر ڕووی لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان کرد، بەڵام ئەوەی ڕای لای کۆی بینەرانی جیهان خۆشەویست کرد، وێناکردنی ئەم خەم و ئاوا و ئارەزووە بێ ناونیشانانە بوو، ئەو هەستانەی زۆر جار مرۆڤەکان بەباشتری دەزانن لای کەس نەیدرکێنن و لای خۆیان بیهێڵنەوە.
مەرگی خوشکی ئاپۆ [کە بە سادەترین شێوە وێنا کرا] تا ئەمڕۆ و لە مێژووی سینەمای جیهانی یەکێکە لە بەهێزترین وێناکردنەکان، خەمی مەرگی ئەو، زۆر نەرم و قووڵ ئاوێتەی ئاپۆ و بینەران دەبێت. ئاپۆ دوای مەرگی خوشکەکەی نهێنیەکی ئەوی بۆ دەردەکەوێت. پێشتر خوشکەکەی، ملوانکەی ئاڵتوونی کچی دراوسێکەیانی دزیوە و ئێستا ئاپۆ بە ڕێکەوت دەیدۆزێتەوە [خوشکەکەی شاردبوویەوە] ئاپۆ هێمن و لەسەرخۆ ملوانکەکە هەڵدەگرێت، لە ماڵ دێتە دەرەوە و بەرەو ئەو گۆمە دەچێت، کە جاران لەگەڵ خوشکەکەی یارییان لێدەکرد. ملوانکەکە فڕی دەداتە ناو گۆمەکە، بۆ ئەوەی کەس بەم دزییە نەزانێت.
ڕای لە فیلمی (ژووری میوزک ١٩٥٨)دا کۆمەڵێک کەسایەتی دەخاتەڕوو،کە بەشێوەیەکی غەیرە مەنتیقی خۆیان بە سوونەتە کۆن و مردووەکان لکاندووە و لێیان نابنەوە، هەروەها لە سیانەی (هۆشیاربوونەوەی ژن) بەتایبەت لە فیلمی (ماها ناگار ١٩٦٣) و (چارولاتا ١٩٦٤) باس لەو ژنانە دەکات، کە لە تۆڕی سوونەتە هیندیەکاندا گرفتارن و هەوڵ دەدەن پێناسەی تایبەتی خۆیان بدۆزنەوە. ڕووداوی چیرۆکەکان، لە شار بێت یاخود گوند، ڕای زیاتر ڕوو دەکاتە ژیان و پەیوەندیەکانی خێزان، خۆشەویستی و کاری ڕۆژانەی کەسایەتییەکان. دوای ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی کۆتایی ساڵانی ١٩٦٠، فیلمەکانی ڕای زیاتر لە جاران ڕوویانکردە کێشە کۆمەڵایەتییەکان، سینەمای ساتیاجیت ڕای لەگەڵ سیاسەتە لیبڕاڵەکانی سەرۆک وەزیران (جەواهیر لال نەهرۆ) یەکی دەگرتەوە. ڕای خۆی لەو فەزایە دەبینییەوە، کە نەهرۆ و هاوبیرانی پێیدا دەڕۆیشتن. ساڵانی دواتر ڕای هەوڵی دەدا خولیاکانی خۆی و کێشە سیاسیەکانی سەردەم بەیەکەوە گرێ بداتەوە. (ماڵ و جیهان ١٩٨٤) وەرگیراو لە تاگوور و (دوژمنی خاک ١٩٨٩) وەرگیراو لە دەقی شانۆیی هێنریک ئیپسن، بەشێک لەمانە بوون.
ڕای مانگێک پێش کۆچی دوایی خۆی، لە ئەپرێلی ١٩٩٢ خەڵاتی ئۆسکاری بۆ تەمەنێک چالاکی هونەری پێ بەخشرا. ئەو لەو کاتەدا خەریکی دروستکردنی فیلمی (سەفەری ناکام) بوو. چیرۆکی ئەم فیلمە باس لە پزیشکێکی گەنج دەکات، کە بێهودە هەوڵ دەدات پزیشکی مۆدێرن بباتە ناو گوندی بەنگال، دواجار کوڕەکەی [ساندیپ ڕای] لە ساڵی ١٩٩٣دا فیلمەکەی تەواو کرد. ساتیاجیت ڕای لە مێژووی سینەمای جیهاندا بە دەرهێنەرێکی بەرجەستەی سینەمای مۆدێرن پێناسە دەکرێت، کە خاوەنی (واژۆ) و تایبەتمەندییە فۆرمی و واتاییەکانی خۆیەتی، بە هونەرمەندێک ناسراوە، کە دەتوانێت لە پەیوەندیی ئەندامانی بنەماڵەیەکی گوندێکی دووری بەنگال، بگاتە خوێندنەوەیەکی قووڵی مرۆڤی سەردەم و کێشەکانی، واتا توانای بینینی خاڵە هاوبەشەکانی مرۆڤی سەردەمی هەیە، بە کەسێک دەناسرێت، کە ژیانی سەردەمی مرۆڤی هیندیی وێناکردووە و گرنگتر لە هەمووی ئەمانە توانیویەتی وێنای لایەنە نادیارەکانی پەیوەندی مرۆڤ بکات، سینەمای ساتیاجیت ڕای ئەو ڕاستییەشی نیشان دا، کە دەکرێ لە گوندێکەوە بۆ گشت مرۆڤەکانی جیهان بڕوانین، بینەرانی جیاوازیش لە دوورونزیک خۆیان لەم فیلمە دەبینیەوە.
ڕۆژی کۆچی دوایی (ساتیاجیت ڕای) لە هیندستان (پشووی گشتی) ڕاگەیەندرا و بۆ مەراسیمی بەخاک سپاردنی تەرمەکەی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بەشدار بوون. چزارە زاوتینی، تیۆری دانەر/ موئەلیفی ڕیالیزمی نوێی ئیتاڵی و سینارۆنووسی فیلمی (پاسکیل دز) دەربارەی ڕای دەڵێت: “ئەوەی ڕیالیزمی نوێی ئیتاڵی دەیویست و نەیتوانی ئەنجامی بدات، ساتیاجیت ڕای ئەنجامی دا”.