[دوو کتێب لەبارەی کیاڕۆستەمییەوە وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی]

سولی ئۆن

کتێبی [عەباس کیاڕۆستەمی] لە نووسینی میهرناز سەعید وەفا و جۆناسان ڕۆزنباوم هەروەها کتێبی [وانە لەگەڵ کیاڕۆستەمیدا] کە ئەمەیان لەلایەن عەباس کیاڕۆستەمی خۆیەوە نووسراوە و [پاوڵ کڕۆنین] پێداچوونەوەی بۆ کردووە و پێشەکی کتێبەکەش لەلایەن فیلمساز و ڕەخنەگری ناسراوی بەڕیتانی [مایک لیغ]ەوە نووسراوە، هەردوو کتێبەکەش لە زمانی ئینگلیزییەوە لەلایەن [پشتیوان کەمال]ەوە وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی.

کتێبی یەکەم [عەباس کیاڕۆستەمی] لە ئەمریکا و لەلایەن زانکۆی ئیلینۆی پرێسەوە لە شیکاگۆ بڵاوکراوەتەوە و هەریەکە لە، [میهرناز سەعید وەفا] کە فیلمساز و مامۆستای سینەمایە لە کۆلێژی کۆڵۆمبیا لە شیکاگۆ و چەندین نووسینی هەیە دەربارەی سینەمای ئێران، لەگەڵ [جۆناسان ڕۆزنباوم] کە نووسەری چەندین کتێبی گرنگە دەربارەی سینەمای جیهان و وەک ڕەخنەگری سینەماش بۆ شیکاگۆ ڕیدەرس کاری کردووە.


کتێبی [عەباس کیاڕۆستەمی] پێکهاتووە لە خوێندنەوەیەکی هەریەک لە دوو نووسەری کتێبەکە [میهرناز سەعید وەفا و جۆناسان ڕۆزنباوم] دەربارەی سینەمای کیاڕۆستەمی و دواتریش دیالۆگێکی نووسەرانی کتێبەکەی تیادایە و پێکەوە قسە لەبارەی سینەمای کیاڕۆستەمی و ئەم کتێبەوە دەکەن، هەردوو نووسەر گفتووگۆیەکی سێ بەشییان لەگەڵ عەباس کیاڕۆستەمی لە ماوەی سێ ساڵی جیاوازدا لەگەڵیدا ئەنجامداوە و لە کۆتایی ئەم کتێبەدا جێیان کردۆتەوە.

کتێبی [وانە لەگەڵ کیاڕۆستەمیدا] بە ماوەیەکی کەم پێش کۆچی دوایی کیاڕۆستەمی بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و فارسی بڵاودەکرێتەوە. کتێبەکە لەو تێبینیانەوە سەرچاوەی گرتووە کە [پاوڵ کڕۆنین] لە کاتی وانە و وۆرکشۆپەکانی عەباس کیاڕۆستەمیدا لە سەرانسەری جیهاندا تۆماریکردوون و پاراستوونی. نووسینەکە لە کەسی یەکەمەوە نووسراوە، واتە لە تێڕوانینی عەباس کیاڕۆستەمییەوە و هەوڵ دەدات ئەو میتۆدە ڕوونبکاتەوە کە کیاڕۆستەمی کاری پێکردووە.

Related Posts

Leave a comment