[کیاڕۆستەمی بە ڕیوایەتی مەخمەڵباف]

لە ساڵیادی کۆچی کیاڕۆستەمیدا 

لە فارسییەوە: داستان مارف

 

جەمالەدین موسەوی: چ تایبەتمەندییەک لە کاری کیاڕۆستەمیدا بوو کە تا ئەم ئەندازەیە لە دونیادا بە باشە پێیدا هەڵبڵێن؟

 

موحسین مەخمەڵباف: پێش هەموو شتێک، لەڕاستیدا من دەمویست لەم ڕۆژەدا بێدەنگ بم و لەم غەمەدا تەنها لە یادی ئەودابم، بەڵام دۆخەکە بە جۆرێکە کە مرۆڤ دەبێت ئەرکی خۆی بەجێبهێنێت.

 

بە بڕوای من کیاڕۆستەمی بۆ ناوەوەی ئێران چەند تایبەتمەندییەکی هەیە، یەکێکیان ئەوەیە کە ئەو زیاتر لە هەر فیلمسازێکی تر سینەمای ئێرانی بردە ئاستی نێودەوڵەتیبوونەوە. دووەمیان ئەوەیە کە تەلەفزیۆن لە ئێراندا جگە لە درۆ و وێنەی درۆینە شتێکی دیکەی نیشانی کۆمەڵگەی ئێرانی نەدەدا، لە دۆخێکدا کە توندوتیژی بایەخی زۆربوو، کیاڕۆستەمی سوهرابانە هاتە نێو سینەماوە.

 

لە سینەمای دونیاشدا هەمان ئەم کارانەی کردووە، لە دۆخێکدا هۆڵیوود ببووە پیشەسازی، سینەمای ئێران و بەتایبەتی سینەمای کیاڕۆستەمی، هەم هونەر بوو هەم پیشەسازی نەبوو، فیلمێکی بە بودجەیەکی کەم دروست دەکرد، لەگەڵ خەڵکی کۆڵان و بازاڕ و چیرۆکی ڕۆژانەی خەڵک، بەڵام نەک ڕوکەش بەڵکو قووڵ، بەجۆرێک تامێکی دیکە بوو وەک فیلمەکانی سەرەتای دروستبوونی سینەما، سینەمایەک کە لە ژیانەوە دروست بوو، نەوە بە نەوە لە ژیان دورکەوتەوە و گۆڕا بە پیشەسازی، ئەمە گەڕانەوە بۆ ئەو سینەمایە بوو، لە ڕاستیدا ڕۆحی سینەما یان ڕۆحی هونەر. هەروەها پەیامی مرۆڤایەتی.

 

بە بڕوای من زۆرێک لە فیلمەکانی کیاڕۆستەمی لەگەڵ ئەوەی واقیعیانە کێشەکان پیشان دەدات، بەڵام ڕێگەچارەش بوون. بۆ نموونە تەنهایی  بووە بابەتی سەرەکی فیلمە ئەوروپییەکان و هیچ کامێکیان ڕێگە چارەشیان نەدەدۆزییەوە. لەپڕ هەمان پەیامە سادەکەی فیلمی “ماڵی هاوڕێ لەکوێیە؟” ڕێگەچارەیەک بوو، تۆ ئەگەر ڕێگەی هاوڕێیەتی بدۆزیتەوە تەنیایی مانای خۆی لەدەست دەدات. یاخود بۆ نموونە لە نائومێدیدا چۆن مشتومڕ لەگەڵ خۆتدا بکەیت کە ژیان لە نائومێدی گرنگترە. لە فیلمەکانی دواتریدا وەک “ژیان و هیچی تر” یان “تامی گێلاس” یان “کڵۆسئەپ” لە کۆمەڵگەیەکدا کە پڕ لە بڕیار لەسەردان بوو، هات دەست بخاتە سەر کەسێک کە تاوانێکی ئەنجام داوە و وەک پارێزەرێکی بەرگری، بەرگری لێکرد.

جەمالەدین موسەوی: یەکێک لەو کەسانەی کە لەبارەی کیاڕۆستەمییەوە نوسیبوویان “حوسێن درەخشان” بوو، نوسیبوی: “لە ساڵانێکدا کە ئێران خراپ پیشان دەدرا، بە ئەندازەی یەک وەزارەت کاریدەکرد، ئێرانی باشتر لەوە پیشاندا کە بوونی هەبوو” من بە جۆرێکی دیکە دایدەڕێژمەوە، کاتێک زۆرێک لە هونەرمەندەکان بە ڕەچاوکردنی دۆخی کۆمەڵگەی ئێرانی فیلمیان دروست دەکرد و کارەکانیان بۆ بازاڕی ناوخۆ بوو. کیاڕۆستەمی کارێکی جیاوازی دەکرد.

موحسین مەخمەڵباف: من بەو شێوەیە نایبینم، بە بڕوای من فیلمەکانی کیاڕۆستەمی بۆ کۆمەڵگەی ئێرانیش بوو بۆ نموونە وادەزانیت فیلمی “ئەرکی ماڵەوە” بۆ کۆمەڵگەی ئێران نییە؟ ئەو دۆخەی کە قوتابخانەکانی ئێمە پڕ لە تەمبێکردنی منداڵان بوو. یان بۆ نموونە “هاوشاریی” بۆ کۆمەڵگەی ئێران نەبوو؟ ئەو شێوازی ترافیک و فێڵ و گەندەڵییانە، یاخود هەر بۆ نموونە فیلمی “کڵۆسئەپ” عەشق بۆ سینەما لە ئێران و ئەو هەژارییەی لە پشتیەوەیە و ئەو هەموو خەونانەی کە نایەنە دی، یاخود “ماڵی هاوڕێ لەکوێیە؟” بۆ خەڵکی ئێران نەبوو؟ خەڵکانێک کە بە قوڵی لە پەیوەندییە شاراوەکانیاندا یەکترییان خۆشدەوێت بەڵام سیاسەت کردوونیەتە دووژمن. یاخود “بە نێو درەختە زەیتوونیەکاندا” کە خەڵکی فێردەکرد هەبوونی خانوو گرنگ نییە، ئەگەر عاشقی دەتوانی لە ژێر نایلۆنیشدا بژیت. بە بڕوای من سادەیی، فیلمەکانی ئەوی دەکردە فیلمی خەڵک، فیلمەکانی هیچ ئاڵۆزییەکیان بۆ هۆشی خەڵک نەبوو. لە دونیاشدا پێشوازی لێدەکرا لەبەر ئەوە نەبوو کە فیلمەکانی ئێرانی نین، بەپێچەوانەوە لەبەر ئەوەبوو کە تەواو ئێرانین. سەرەنجام ئەم فیلمانە لە ناوخۆدا پەیامێکی هەبوو، لە دەرەوەی ئێرانیش پەیامێکی دیکە.

لە ناوخۆدا وەک ئاوێنەیەک بوو ڕووە و ڕۆحی کۆمەڵگە، کۆمەڵێک وێنەی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەکەی پیشانی خۆی دەدا. لە دەرەوەی ئێرانیش وەک نامەیەک بوو  لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەکی دیکە کە دەیووت: “کاکە ئەو وێنە ڕەشەی کە سیاسەتمەدارەکانی ئێمە دروستیان کردووە هاوشێوەی ژیانی ڕاستەقینەی ئێمە نییە” هەندێک لەو وڵاتانە دەیانووت ئێمە لە دوای بینینی ئەم فیلمانە تێگەیشتین کە ئێوەش دەچنە قوتابخانە و ئێوەیش یەکتریتان خۆشدەوێت و عاشقیش دەبن. ئەو وێنەیەی کە ئەو سەردەمە بۆ ئێران کێشرابوو، وێنەی میلەتێکی شەڕانی، توڕە و ترسنۆک کە لەگەڵ دونیادا لە شەڕدایە. من وا هەست دەکەم ئەم جۆرە لە سینەما لەبەر چاو نەگیرابوو.

فێستیڤاڵەکان هەموو جۆرە کاڵایەکییان دەوێت، ئێرانیش بۆتە خاوەنی بەشێک لە فێستیڤاڵەکان نەک هەموویان. لە سەرەتادا بە شێوەیەک بوو خەڵات دەدرایە ئەو فیلمسازە ئێرانییانەی کە ناسراو نەبوون، دواتر زۆرێک لە فێستیڤاڵەکان خەڵاتەکانیان دەدا کە شانازی بکەن و بڵێن ئەم فێستیڤاڵە هێندە گرنگە کە فڵانە دەرهێنەر تێیدا خەڵاتی بردووە. من وابیردەکەمەوە کیاڕۆستەمی لەم کۆتاییانەدا بەو شێوەیە بوو، ئەوە فێستیڤاڵەکان بوون کە سوودیان لەو وەردەگرت و خەڵاتیان پێدەدا تا پێگەیەکی بڕواپێکراو بۆ خۆیان دروستبکەن.

جەمالەدین موسەوی: دەمەوێت لەبارەی کلۆسئەپەوە قسە بکەین پێموابێت یادەوەری زۆرتان لەگەڵی هەیە. سەرەتا دەمەوێت باسی چیرۆکی کلۆسئەپەمان بۆ بکەیت، لەوانەیە هەندێک خەڵک ئەو فیلمەیان نەبینیبێت.

موحسین مەخمەڵباف: فیلمەکە چیرۆکی “حوسەینی سەبزییان”ە کە یەکێکە لە ئارەزوومەندانی سینەما  و لە ڕاستیدا خۆی دەخاتە شوێنی “من”ەوە و دەڕوات بڕوا بە خێزانێک بهێنێت کە ئەو موحسین مەخماڵبافە، بۆ ئەوەی ڕێگەی بدەن فیلم دروست بکات، بەڵام خێزانەکە دواتر پێیدەزانن و ڕادەستی پۆلیسی دەکەن و پۆلیس دەستگیری دەکات و کاتێک دەستگیر کرا هەواڵەکە بە من گەیشتەوە و لە ڕێگەی گۆڤاری “سرووش”ەوە ڕاپۆرتێکیان ئامادەکردبوو. من هەمان ڕۆژ لەگەڵ کیاڕۆستەمیدا بڕیاربوو یەکتر ببینین و لەبارەی ڕۆیشتن بۆ فێستیڤاڵێکەوە قسەبکەین. بەڵام من ڕۆیشتم بۆ بنکەی گۆڤاری سرووش، ئەو گۆڤارەم بینی کە بڕیاربوو سبەی چاپ ببێت، هەرچەند هەوڵمدا ڕێی پێبگرم سەرکەوتوو نەبووم. درەنگ گەیشتمە لای کیاڕۆستەمی، لێی پرسیم بۆچی درەنگ گەیشتی؟ گوتم ئەو ڕوداوە ڕویداوە. هەر لەوشوێنەدا وتی من ئەم فیلمە دروست دەکەم.

هەر لەوێدا ئێمە سواری تاکسی بوین و ڕۆیشتینە ئیدارەی پۆلیس، ئەو ئیدارەیەی کە سەبزیانیان تیادا دەستگیر کردبوو، لەوێ گوتیان گوێزراوەتەوە بۆ زیندانی “قەسر” هەر ئەو شەوە کیاڕۆستەمی ئەو ماڵەی دۆزییەوە کە پێشتر سەبزیان ڕازی کردبوون لە ماڵیاندا فیلم دروست بکات. لەدەرگاماندا گوتیان کێیە؟ من گوتم مەخمەڵبافم ئەوان گوتیان “دیسان هاتەوە” بە سەختی ڕێگەیان داین، دواتر کیاڕۆستەمی بڕوای پێهێنان کە هەمان ئەو دیمەنانە ئەنجام بدەینەوە.

ڕۆژی دواتر چوینە زیندانی قەسر منیان لە دەرەوە هێشتەوە و خۆی چووە ژوورەوە و چاوی بە سەبزییان کەوت، کاتێک هاتە دەرەوە ڕۆژ گەیشتبووە نیوەی، بە دڵنیاییەوە بڕیاریدا ئەم فیلمە دروست بکات، بە کامێرای ١٦ ملیم وێنەگرتنی فیلمەکە دەستی پێکرد. ئەوەی بەلای منەوە سەیر بوو ئەوەبوو کاتێک ئەو بڕیارەیدا هێشتا بە تەواوی بابەتەکەی لە گۆڤارەکەدا نەخوێندبوەوە، ئەمە هەم هۆش و ئاوازی ئەومان نیشاندەدات هەم ئەوەی لە پشت کارەکەوە تا نیوەشەو نەڕۆشتەوە بۆ ماڵەوە تا لۆکەیشنەکانی ئەم فیلمە فەراهەم بکات، دواتریش ئەم فیلمە لە دونیادا زۆر بڵاوبوەوە و بە ناونیشانی یەکێک لە باشترین ١٠ فیلمی ئاسیا لە سەد ساڵی ڕابردودا لە لایەن کۆریاوە هەڵبژێردرا.

جەمالەدین موسەوی: لە شوێنێکی فیلمەکەدا دەنگ دەبڕێت، کە گومان دەکەم بە ئەنقەست بێت، لەوێدا تۆ بە سەبزیان دەڵێیت بۆچی دەتەوێت ببیە مەخمەڵباف، هەر لەوێدا تۆ پێی دەڵێیت من خۆم ماندووبووم لە مەخمەڵبافبوون، چیرۆکی ئەمە چییە؟

موحسین مەخمەڵباف: کیاڕۆستەمی بەدوای ئەوەوە بو کە لەم فیلمەدا ئەوە پیشان بدات کە هیچ کەسێک لە شوێنی خۆیدا نییە، بۆ نموونە شۆفێری تاکسییەکە لە ئاسمان دەڕوانێت چونکە ئارەزووی ئەوەیە ببێتە فڕۆکەوان، یاخود سەبزیان دەیەوێت لە شوێنی مندا بێت. کیاڕۆستەمی بە منی وت بڕۆرە ئەوێوە بوەستە، واتە شوێنێکی تایبەتی بۆ دیاریکردم، منیش چومە هەمان شوێنەوە وەستام، دواتر بە جۆرێک فیلمەکە دروست کراوە، کیاڕۆستەمی دەڵێت دەنگ بڕا و مەخمەڵبافیش لە شوێن خۆیدا نەوەستاوە. لە ڕاستیدا بەو تێگەیشتنەی کە کێ لە شوێنی خۆیدا وەستاوە، هەموو شوێن گۆڕکێیان کردووە. بەڵێ ئەنقەست بوو بەڵام ئەنقەستێک بۆ مانای فیلمەکە. فیلمەکە بە دوای ئەوەوە بوو کە چۆن عەشقی سینەما دەتوانێت مرۆڤێک تەنانەت بە چ تاوانێک تێوەبگلێنێت، لە بری ئەوەی ڕوانینی دادوەری هەبێت، ڕوانینی پارێزەری بەرگری بەم مرۆڤەدا. وەک فیلمی “پاسکیل دز” کە ئێمە دزەکە دەبەخشین لەبەر ئەو نیازەی هەیەتی. ئێمەیش لەوێدا سەبزیانمان بەخشی هەرچەندە فێڵی کردووە و خۆی کردۆتە کەسێکی تر، بەڵام کاتێک هۆکارەکەی دەزانین دەیبەخشین. ئەمە ئەو ڕوانینە بوو کە کیاڕۆستەمی دەیویست بیگوێزێتەوە بۆ کۆمەڵگە.

Related Posts

Leave a comment