[گفتوگۆی گۆڤاری فیلم کۆمێنت لەگەڵ عەباس کیاڕۆستەمیدا]

لە فارسییەوە: بیار ڕەشید

ساڵی ٢٠٠٠ داوەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان فرانسیسکۆ، خەڵاتی تایبەتی (ئاکیرا کورۆساوا) یان بەرامبەر تەمەنێک لە چالاکیی هونەریی بە عەباس کیاڕۆستەمی بەخشی و ئەویش خەڵاتەکەی پێشکەش بە بەهرۆز وسوقی کرد. ساڵێک پێش ئەوە کیاڕۆستەمی بە فیلمی (با دەمانبات) توانیبووی خەڵاتی تایبەتی ئەنجوومەنی داوەرانی فێستیڤاڵی ڤێنیز بەدەست بهێنێت و وەک باشترین فیلمسازی دەیەی نەوەدی زایینی لەلایەن گۆڤاری فیلم کۆمێنت هەڵبژێردرا.

فیلم کۆمێنت: لەبەرئەوەی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی تایبەتی (ئاکیرا کورۆساوا) لە سان فرانسیسکۆیت، لە سەرەتادا ئەم پرسیارە دەکەم کە ئایا لەگەڵ فیلمەکانی کورۆساوادا هەست بە نزیکیی دەکەیت؟

عەباس کیاڕۆستەمی: نا، بەڵام وا هەست دەکەم فیلمسازێک بە ستایڵێکی تایبەت بتوانێت چێژ لە فیلمەکانی ئەو فیلمسازانە وەربگرێت کە ستایڵەکانیان زۆر جیاوازە. بۆ نموونە، یەکێک لەو فیلمانەی کە زۆر حەزم لێیەتی و چێژ لە بینینی وەردەگرم (The Godfather)ە، هەرکەسێکیش ئەم قسەیە دەبیستێت شۆک دەبێت.

فیلم کۆمێنت: بە سەرنجدان لەو فیلمانەی کە دروستی دەکەیت، چۆن دەتوانی چێژ لەم فیلمە وەربگریت؟

عەباس کیاڕۆستەمی: جوانییەکەی هەر ئەمەیە (پێدەکەنێت)!

فیلم کۆمێنت: ئایا قسەکردن لەبارەی سینەمای نەتەوەیی هێشتا گرنگی خۆی هەیە، یان سینەما گەیشتووەتە ئاستێکی نێودەوڵەتی وەها کە ئیدی ئەم لێکدانەوانە قبوڵ ناکات؟

عەباس کیاڕۆستەمی: هەر فیلمێک ناسنامە یان شوناسێکی تایبەت بە خۆی هەیە. فیلمەکان دەربارەی مرۆڤ و مرۆڤایەتین. هەموو میللەتانی جیهان، لەگەڵ بوونی جیاوازییەکانیان لە ڕوخسار و ئایین و زمان و شێوەی ژیان، شتێکی هاوبەشیان هەیە و ئەو شتەش لە ناخی هەمووماندایە. ئەگەر ئێمە بە ئامێری ئێکس ڕای وێنەی ناوەوەی کەسانی جیاواز بگرین، ناتوانین لەم وێنانەدا پێشینە یان زمان یان ڕەگەزیان دیاری بکەین. خوێنی هەموومان بە یەک جۆر لە لەشدا هاتووچۆ دەکات، سیستمی دەماری و چاوەکانمان بە یەک جۆر کار دەکەن، هەموومان وەک یەک دەگرین و پێدەکەنین، ئازارەکان وەک یەک هەست پێدەکەین. لە هەر میللەتێک بین و هەر باکگراوندێکمان هەبێت ددانەکانی ناو دەممان بە یەکجۆر تووشی ئازار دەبن. ئەگەر بمانەوێت سینەما و بابەتەکانی لەیەک جیا بکەینەوە، ڕێگای ڕاست ئەوەیە کە دەربارەی ئازار و شادیی قسە بکەین. ئەمانە لە هەموو وڵاتەکاندا هاوبەشن.

فیلم کۆمێنت: زۆربەی فیلمەکانتان زانیارییەکی تەواو دەربارەی کەسایەتییەکان یان چیرۆکی فیلمەکە بە بینەر نادەن، لە ئێوەمان بیستووە کە یەکێک لە هۆکارەکانتان ئەوەیە کە بینەر بەشێکە لە پڕۆسەی کارەکە. تێگەیشتن لەوەی خراوەتە ڕوو بەستراوە بە خودی خۆمانەوە، و هەریەکەمان تێگەیشتنێکی تایبەت بە خۆمان هەیە. ئەم بیرکردنەوەیە – کە هەرکەس بە تێگەیشتنی تایبەتی خۆی لە فیلمێک تێبگات – چۆن لەگەڵ ئەو باوەڕەدا یەک دەگرێتەوە کە پێیوایە ئێمە لە بنەڕەتدا بەهۆی مرۆڤبوونی هاوبەشمانەوە یەکین؟

عەباس کیاڕۆستەمی: پرسیارێکی قورسە. خەڵکی بیر و بۆچوونی جیاوازییان هەیە و من حەز دەکەم بە پێچەوانەی خشتەی وشە یەکتربڕەکان کە یەک وەڵامیان هەیە (بە چاوپۆشی لەوەی چ کەسێک وەڵامی داوەتەوە)، هەموو بینەرەکان دەرئەنجامێکی یەکسان لەبارەی فیلمەکانی منەوە لە زیهنیاندا نەبێت. تەنانەت ئەگەر بە هەڵە (وەڵام) بدرێتەوە، ئەو سینەمایەی من مەبەستمە دیسان (ڕاست)ە و لەگەڵ بەها سەرەکییەکەیدا یەکدەگرێتەوە. من لە فیلمەکانمدا فەزا خاڵییەکان تەنها بۆ ئەوە ناهێڵمەوە تاوەکو خەڵکی شتێکیان بۆ پڕکردنەوە هەبێت، بەڵکو ئەم کارە لەبەرئەوە دەکەم تاوەکو خەڵکی لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی خۆیان و ئەو شتەی کە دەیانەوێت، ئەو فەزایانە پڕ بکەنەوە. بە بڕوای من ئەو ئەبستراکتییەی کە بۆ هونەرەکانی دیکە – شێوەکاری، پەیکەرسازیی، موزیک، شیعر – قبوڵی دەکەین دەتوانین لە ناو سینەماشدا جێی بکەینەوە. سینەما هونەری حەوتەمە و دەکرێت کامڵترینیش بێت لەبەرئەوەی پێکهاتەی هونەرەکانی لەخۆیدا کۆکردوەتەوە. بەڵام ئێستا لە بری ئەوەی کە دەبێت هونەر بێت، بەتەواوی گۆڕاوە بۆ گێڕانەوەی چیرۆک.

فیلم کۆمێنت: چەند فیلمسازێک هەن کە هەمان قسەی ئێوەیان کردووە و هەندێک فیلمیان دروستکردووە کە چیرۆکی تێدا نییە. ئەو فیلمانەی کە لەڕاستیدا ئەبستراکتن و تەنها خاوەنی ستراکچەر و ڕەنگ و جووڵەن بەڵام بێبەشن لەو دیمەنانەی کە چیرۆکێک بگێڕێتەوە. ئەم شێوازە بۆ ئێوە سەرنجڕاکێشە؟

عەباس کیاڕۆستەمی: هەر فیلمێک دەبێت جۆرێک لە چیرۆکی تێدا بێت. بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە ئەم چیرۆکە بە چ شێوەیەک بگێڕدرێتەوە. بە بڕوای من دەبێت شاعیرانە بێت و دەبێت بتوانی ئەو چیرۆکە لە گۆشەی جیاوازەوە ببینیت. کۆمەڵێک فیلمم بینیوە کە سەرنجیان ڕانەکێشاوم یان لە کاتی بینینیاندا لەلام باش نەبوون، بەڵام هەندێک دیمەنیان تێدا بووە کە پەنجەرەیەکیان بۆ کردوومەتەوە و توانای داهێنانمیان خستووەتە گەڕ. زۆرکات ڕوویداوە سەیرکردنی فیلمێک لە نیوەدا واز لێ بهێنم چونکە هەستم کردووە کۆتاییەکەم لەو شوێنەدا بینیوە. هەستم کردووە کە فیلمەکە بۆ من تەواو بووە و ئەگەر زیاتر بمامایەتەوە ئەو هەستەم لەدەست دەدا، چونکە فیلمەکە هەوڵی دەدا زیاتر بۆم ڕوون بکاتەوە و وای لێدەکردم داوەری بکەم کێ کەسێکی باشە، کێ کەسێکی خراپە و بڕیارە چ بەڵایەکیان بەسەردا بێت. وام پێباشە سەیرکردنی فیلم بە ستایڵی خۆم کۆتایی پێ بهێنم!

فیلم کۆمێنت: زۆربەی ئەوەی کە دەیڵێیت زیاتر باسکردنی شێوەی کارکردنی شاعیرانە نەک ڕۆماننووسان. مایەی سەرنجە کۆتا فیلمتان، با دەمانبات، لە ڕووی ناونیشان و بەشەکانی دەقەکەیەوە شیعرێکی فروغی فروغزاد نیشان دەدات. ئایا ئێوە هەوڵ دەدەن زیاتر لەسەر ئەم ڕێگایە بڕۆن، بەرەو سینەما وەکو شیعر لەبری سینەما وەکو ڕۆمان؟

عەباس کیاڕۆستەمی: بەڵێ، وا بیردەکەمەوە سینەمای نەمرتر سینەمای شاعیرانەیە، نەوەک ئەو سینەمایەی کە تەنها چیرۆک بگێڕێتەوە. ئەگەر لە کتێبخانەکەی ماڵەوەم بڕوانیت ڕۆمانەکان و کۆمەڵەچیرۆکەکان نوێتر دەکەونە بەرچاوتان، چونکە یەکجار دەیانخوێنمەوە و دەیانخەمەوە شوێنی خۆیان؛ بەڵام کتێبە شیعرییەکانم بە تەواوی لە دۆخی لێکهەڵوەشاندان، چونکە ئەوانم چەندین جار خوێندۆتەوە! شیعر هەمیشە لە مرۆڤ هەڵدێت، تێگەیشتنی زۆر قورسە و هەرجارێ بیخوێنیتەوە، پەیوەندی بەو بارودۆخەوە هەیە کە تێیدایت و تێگەیشتنێکی جیاوازی دەبێت. بەڵام کاتێک ڕۆمانێک دەخوێنیتەوە ئیدی لێی تێگەیشتووی. هەڵبەت ئەمە بۆ هەموو ڕۆمانەکان ڕاست نییە. هەندێک چیرۆک هەن سروشتێکی شاعیرانەیان هەیە، وەک چۆن کۆمەڵێک شیعر هەن کە زیاتر لە ڕۆمانێک دەچن. ئەو شیعرانەی کە ناچار بووین لە قوتابخانە لەبەریان بکەین هەموویان لەمجۆرە بوون؛ دیالۆگەکانی نێوان کرمێکی ئاوریشم و جاڵجاڵۆکەیەک، و ئەو شتانەی کە بەمجۆرە بوون. هەوڵیان نەدەدا بە ڕاستی ئێمە فێری شیعر بکەن، بەڵکو هەوڵیان دەدا لە ڕێگای شیعرەوە ئێمە پەروەردە بکەن.

فیلم کۆمێنت: یەکێک لە جیاوازییەکانی نێوان فیلم و شیعر ئەوەیە کە زۆرینەی خەڵک وا بیردەکەنەوە دەتوانن بە یەک یان دوو جار سەیرکردن لە فیلمێک تێبگەن. لەو ڕووەوە کە خەڵکی ڕانەهاتوون بەوەی چەند جارێک سەیری یەک فیلم بکەنەوە، ئایا پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ سینەمای شاعیرانە قورس نییە؟ ئایا چاوەڕوانیت لە خەڵک هەیە یان ئومێدەواریت هەریەک لە فیلمەکانت چەندجارێک ببینن؟

عەباس کیاڕۆستەمی: دەبێت زۆر خۆپەرست بم ئەگەر بڵێم هەمووان دەبێت فیلمەکانم زیاتر لە جارێک ببینن. ئەگەر قسەیەکی لەمجۆرە بکەم واتە خەریکم ڕیکلام بۆ بەرهەمەکانم دەکەم! بە تەواوی ناتوانم بڵێم بۆچی بەمجۆرە فیلم دروست دەکەم، ئەمە تەنها ڕێگایەکە من شارەزای بم. کاتێک خەریکی دروستکردنی فیلمێکم بیر لە کۆتایی و ئەنجامی کارەکە ناکەمەوە، یان بیر لەوە ناکەمەوە خەڵکی دەبێت جارێک یان زیاتر ئەو فیلمە ببینن، یان ئەوەی کاردانەوەکان چۆن دەبن لەسەر فیلمەکەم. تەنها فیلمەکەم دروست دەکەم و دواتر کۆتایی پێدەهێنم، و بەشێک لەم کۆتاییانە ڕەنگە ئەوەندەی دەمەوێت دڵخۆشکەر نەبن! بەڵام لە شتێک دڵنیام. ڕەنگە زۆربەی بینەران لە کاتی بەجێهێشتنی هۆڵی سینەمادا ڕازی نەبن بەڵام ناتوانن فیلمەکە لەبیر بکەن. دەزانم کاتی نانێ ئێوارە گفتووگۆی لەبارەوە دەکەن. حەز دەکەم بینەرەکان لە دوای بینینی فیلمەکانم کەمێک نائارام بن و هەوڵ بدەن شتێکیان تێدا بدۆزنەوە.

فیلم کۆمێنت: تۆ یەکێکی لەو دەرهێنەرانەی کە بە فیلمسازیی لەسەر بنەمای کۆمەڵێک ڕێسا و ئایدیا کە باوەڕت پێیان هەیە، بینەرەکانت پەروەردە دەکەیت و ئەوان فێر دەکەیت بەها بە سینەمایەک ببەخشن کە شایانی مشتومڕێکی زیاتر بێت، بەجۆرێک لەگەڵ هەر فیلمێک کە دروستی دەکەیت، ئێمە باشتر فێردەبین لەگەڵ بەرهەمەکەت پەیوەندی دروست بکەین.

عەباس کیاڕۆستەمی: من باوەڕم وایە دەرفەتێک کە ئەمڕۆ بۆ ئەم جۆرە سینەمایە هەیە، بیست ساڵ لەمەوپێش بوونی نەبوو. خەڵکی کەم کەم لەو فیلمانەی لەم سەردەمەدا دەیبینن ماندوو دەبن و پێیان خۆشە شتێکی جیاواز ببینن. هەڵبەت لە ئێران ئەم جۆرە فیلمە [شاعیرانە] تەنها لە یەک هۆڵی سینەمادا نمایش دەکرێت و [لە ئەمەریکا] تەنها لە دوو هۆڵدا. بەڵام من ڕازیم. زۆرینەی خەڵک بە دوای سادەییدا دەگەڕێن، پێیان خۆشە بوروژێن، بگرین، پێبکەنن … ناتوانین چاوەڕوانی ئەوە لەوان بکەین بۆ سینەمای [شاعیرانە]ش هەمان جۆش و خرۆشیان هەبێت. نامەوێت بەرهەمەکانم لەگەڵ ئەوەی باسی دەکەین بەراورد بکەم، بەڵام ئەگەر تابلۆکانی  Wassily Kandinsky یان Georges Braque یان Pablo Picasso لە پارکێکدا بخەیتە مەزادەوە، تەنانەت ئەگەر نرخی هەریەکەیان سەد دۆلار بێت، چەند کەس دەیانکڕن؟ دەبێت دەربارەی هونەرێک کە بەڕاستی هونەرە بەراورد بە هونەرێک کە بۆ سەرگەرمی و کات بەسەربردن دروست کراوە، چاوەڕوانییەکی واقیعییانەت هەبێت. خەڵک بە گشتی پارە بە فیلمێک نادەن کە ناتوانن تێبگەن چی تێدایە و دەیەوێت چی بڵێت.

فیلم کۆمێنت: من هەندێجار ڕەگوڕیشەی ئەم بابەتە وەک دیاردەیەک سەیر دەکەم کە بیرکردنەوەی مرۆڤ کڵۆم دەکات – وەک ئەو شیعرانەی ناچار بووین لە قوتابخانە فێریان بین، کە تەواوی وەڵامەکان و ئەوەی دەیانویست بیزانین دەیانخستە دەستمانەوە – و لەبەرامبەردا کۆمەڵێک بەرهەم هەن کە زیهنی تاک دەکەنەوە و وەک فەزایەک دەردەکەون کە دەتوانین تێیدا هەنگاو بەرەو بیرکردنەوە بنێین.

عەباس کیاڕۆستەمی: هاوڕام، فیلمی شاعیرانە وەک یارییەکی پەزڵ وایە کە هەموو بەشەکانی دەخەیتە جێی خۆی بەڵام بەشەکانی بەپێی پێویست پێکەوە ناگونجێن. دەتوانیت بەهەر جۆرێک خۆت پێتخۆشە پارچەکان پێکەوە بنێیت. بە پێچەوانەی ئەوەی خەڵکی بەگشتی خوویان پێوە گرتووە، لە کۆتاییدا کارەکە ئەنجامێکی ڕوون و ئاشکرات ناخاتە بەردەست و هەروەها ئامۆژگاریشت ناکات!

فیلم کۆمێنت: دەگەڕێینەوە سەر با ئێمە لەگەڵ خۆی دەبات، یەکێک لەو تێمایانەی بۆ من سەرنجڕاکێش بوو ململانێ یان پەیوەندییەکی مایەی سەرنج بوو لە نێوان ئەوەی کە ڕیشەکەی لە زەویدایە و پێی دەوترێ فیزیکی و مادی لەگەڵ ئەوەی فیزیکی نییە. ئەم بابەتە بە چەند دیوێکی جیاواز نیشان دەدرێت، بەڵام ئەگەر بمانەوێت یەکێکیان هەڵبژێرین، دەتوانین ئاماژە بە پەیوەندی ڕووبەڕووی خەڵکی ناو لادێ بکەین و خاڵی بەرامبەریشی وەک مۆبایلێک ببینین کە قسەکردنی خەڵکی لە هەوادا دەگوازێتەوە. مایەی سەرنجە بۆم بزانم بە بڕوای ئێوە ئەوەی فیزیکییانە مایەی تێگەیشتن نییە لەگەڵ ئەوەی دەکەوێتە چوارچێوەی ژیانی فیزیکییەوە چۆن پەیوەندی دروست دەکەن؛ لەگەڵ ئەو ڕاستییەی کە ئێمە مادی و فانیین. ئایا لە فیلەکانتدا ململانێیەک هەیە لە نێوان ئەوەی فیزیکییە لەگەڵ ئەوەی پێی دەڵێین مەعنەوی؟

عەباس کیاڕۆستەمی: ڕاستییەکەی هێشتا فیلمەکەم نەدیوە، ساڵێک وەک کەسێکی تەکنیکی سەیرم کرد، و لەم ڕووەوە هێشتا زیاد لە پێویست لە فیلمەکەوە نزیکم، لەبەرئەوە ناتوانم لەبارەیەوە داوەری بکەم. بەڵام یەکێک لەو کەسانەی فیلمەکەی دیوە، پێی وتم ئەم فیلمە دەربارەی ڕۆحی مرۆڤەکانە، دەربارەی کەسانێک کە کۆچیان کردووە، ئیدی بوونیان نییە؛ بۆ نموونە ئەو پیاوەی چاڵ هەڵدەکەنێت، یان ئەو پیرەژنەی لە سەرەمەرگدایە. ژیانیان نابینین. هەر بەو جۆرەی وتت، فیلمەکە سروشتێکی فیزیکی هەیە بەڵام لە هەمانکاتدا لایەنێکی نافیزیکی و مەعنەویشی هەیە. بەشێک لە کەسایەتییەکان نابینین بەڵام هەستیان پێدەکەین. ئەمەش دەریدەخات کە بوون بە بێ هەبوون (دەرکەوتن) مەحاڵ نییە. گومانم هەیە لەوەی ئەمە تێمای سەرەکی فیلمەکە بێت.

فیلم کۆمێنت: بوون بەبێ هەبوون؟ دەتوانی زیاتر ڕوونی بکەیتەوە؟

عەباس کیاڕۆستەمی: لەو فیلمانەی کە بەم شێوەیەن، ئێمە وەک بینەر دەتوانین لەسەر بنەمای ئەزموونەکانمان چەندین شت دروست بکەین، ئەو شتانەی کە نایانبینین، ئەو شتانەی کە دەرناکەون. لەم فیلمەدا یانزە کەسایەتی بوونیان هەیە و دەرناکەون. لە کۆتایی فیلمەکەدا بۆت دەردەکەوێت ئەوانت نەبینیوە، بەڵام هەستیان پێدەکەیت و دەزانیت چ کەسانێک بوون. من دەمەوێت سینەمایەک دروست بکەم کە بە بێ نیشاندان، شتێک نیشان بدات. ئەمەش لەگەڵ زۆرینەی فیلمەکانی ئێستا جیاوازە کە سروشتێکی نمایشییان هەیە، چونکە ئەوەندە شت نیشان دەدەن دەرفەتی وێناکردن بۆ بینەر ناهێڵنەوە. ئامانجی من ئەوەیە ئەو دەرفەتە بە بینەر بدەم تاکو ئەو جێگایەی دەتوانێت لە ڕێگای توانا و وێناکردنەوە شتێک لە زیهنیدا دروست بکات. دەمەوێت ئەو زانیارییە نهێنییانە بخەمە گەڕ کە لە ناو ئێوەدا هەیە و ڕەنگە ئاگاداریان نەبن. لە زمانی فارسیدا بۆ کاتێک کەسێک بە دیقەتەوە لە شتێک دەڕوانێت پەندێکمان هەیە : (دوو چاوی هەیە، دووانی تریشی قەرز کرد.) ئەوەی من دەمەوێت دروستی بکەم ئەو دوو چاوە قەرزکراوەیە؛ ئەو چاوانەی بینەر قەرزی دەکات تاکو ئەوەی لە دەرەوەی کادرەوەیە ببینێت. تاکو ئەوەی هەیە و نییە ببینێت.

فیلم کۆمێنت: دەرهێنەری دیکە دەناسیت کە بەم جۆرە بیرکردنەوەیە فیلم دروست بکەن؟

عەباس کیاڕۆستەمی: هو شیائو شین یەکێکە لەوانە. بەرهەمەکانی تارکۆفسکیش ئێمە بە تەواوی لە ژیانی ماددی دادەبڕن و مەعنەویترین ئەو فیلمانەن تا ئێستا بینیومن. ئەوەی فیلینی لە هەندێک فیلمیدا ئەنجامی دا – واتە هێنانی ژیان لە جیهانی خەونەوە بۆ ناو فیلم – کە تارکۆفسکیش بەهەمانشێوە کارێکی لەمجۆرە دەکات. چەند ساتێکی تایبەت لە فیلەکانی تیۆ ئەنجیلۆ پۆڵۆسیش ئەم جۆرە مەعنەویبوونەیان تێدایە. بەشێوەیەکی گشتی باوەڕم وایە فیلمەکان و هونەر دەبێت لە ژیانی ڕۆژانە دامانبڕن، دەبێت ئێمە بەرەو جیهانێکی دیکە ببەن، هەرچەندە ئەم فڕینە لە ناو هەمان ژیانی ڕۆژانەدا سەری هەڵداوە. ئەمە شتێکە ئارامی و ئاسوودەییمان پێدەبەخشێت. سەردەمی گێڕانەوەی چیرۆک بەشێوەی شەهرەزادی حەکایەتخوان کۆتایی هاتووە.

فیلم کۆمێنت: کەسایەتی سەرەکی فیلمی تامی گێلاس وا دەردەکەوێت هەمان ئارەزووی هەیە: ئارەزووی هەڵهاتنی تەواو لەوەی فیزیکی و ماددییە. دەرهێنەرێکی باو بە دڵنیایی فیلمەکەی بەشێوەی چیرۆکێکی دەروونناسییانە دروست دەکرد، بەڵام بە بڕوای من فیلمەکەی ئێوە بەمجۆرە نییە و بە پێی پێویست جیاوازییەکی بەرچاو لە کارەکتەری سەرەکیدا لە سەرەتاوە تا کۆتایی نابینین. وا دەردەکەوێت ئەمە فیلمێکە دەیەوێت هەموو لایەنەکانی ئارەزووی دەرچوون لە دۆخی فیزکی نیشان بدات. هەمان ململانێ لە نێوان دۆخی ماددی و مەعنەوی لێرەشدا هەیە.

عەباس کیاڕۆستەمی: بینەری جیاواز، بیروبۆچوونی جیاوازییان هەیە. لە ئیسلامدا خۆکوژیی حەرامە و هیچ قسەیەک هەڵناگرێت. بەڵام هەندێک کەسی ئایینی فیلمەکەیان حەز لێبوو. ئەوانیش وەک تۆ وا بیریان دەکردەوە فیلمەکە بۆ گەیشتن بە دۆخێکی ئاسمانی، وێڵی ڕێگایەکە بۆ هەڵهاتن لە ژیانی فیزیکی. دیمەنی کۆتایی کە بریتییە لە سروشتی جوان و درەختی پڕ لە هەڵاڵەی گێلاس بە بۆچوونی ئەوان هەمان پەیامی هەبوو؛ ئەوەی کە ئەو پیاوە دەرگایەکی بەرەو بەهەشت خستە سەر پشت و خۆکوژییەکەی، کارێکی جەهەنەمی نەبوو. ئەمە دەکرێت گواستنەوەیەک بێت بۆ بەهەشت و دنیای فانی.

فیلم کۆمێنت: ئایا (تامی گێلاس) لە ئێران بەهۆی بابەتەکەیەوە ڕووبەڕووی سانسۆر بوویەوە؟

عەباس کیاڕۆستەمی: کۆمەڵێک بەرهەڵستی تووشی فیلمەکە بوون، بەڵام دواتر کاتێک لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار قسەم کرد، ئەوان ئەو ڕاستییەیان قبوڵ کرد کە فیلەکە دەربارەی خۆکوژی نییە. بەڵکو فیلمێکە لەبارەی ئەو هەڵبژاردنەی لە ژیاندا هەمانە؛ ئەوەی کە هەرکاتێک بمانەوێت دەتوانین کۆتایی پێبهێنین. ئێمە دەرگایەکمان هەیە هەرکات بمانەوێت دەتوانین بیکەینەوە، بەڵام ئێمە مانەوە هەڵدەبژێرین. ئەو هەقیقەتەی لەم هەڵبژاردنەدا شاراوەیە ئێمە دەگەیەنێت بە میهرەبانی و بەزەیی خودا؛ بە ڕاستی خودا میهرەبان بووە کە ئەم هەڵبژاردنەی بە ئێمە داوە. ئەوان ڕازی بوون بەم ڕوونکردنەوانە. ڕستەی فەیلەسوفێکی ڕۆمانیی (ئێمیل سیوران) زۆر یارمەتی منی دا : (بە بێ ڕەخسانی خۆکوژیی، من بە دڵنیایی زۆر پێشتر خۆم دەکوشت) ئەم فیلمە دەبارەی شیاویی ژیانکردن و ئەو هەڵبژاردنانەیە کە لە ژیاندا هەمانە. ئەمە تێمای سەرەکی فیلمەکەیە.

Related Posts

Leave a comment