[ئایا پێویستە فیلمساز ڕەسەن بێت؟]

نووسینی: ساتیاجیت ڕای
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

هەموو فیلمسازە مەزنەکان لە چیرۆکی خەڵکانی ترەوە فیلمی گەورەیان دروستکردووە.

(ئاپور سانسار) لە هەلومەرجێکی وادا هاتەبوون، کە لە مێشکی نوسەرەکەوە خولقاوە. من وەک وەرگێڕی ئەم چیرۆکە بۆ نێو نێوەندی سینەما، بە مافی خۆمم زانیووە کە لە هەڵبژاردن و گۆڕین و ڕێکخستنەوەی ئەم تێکستەدا کار بکەم. هەموو فیلمسازێک ئەو مافەی هەیە، فیلمسازێک کە ئارەزووی ئەوە دەکات لە بری کارێکی بازرگانی، هەوڵی کارێکی هونەری بدات، بە کارکردن لە تێکستدا، کە ئەمەش لە ڕاستیدا خاوەندارێتییە.

ئەو فیلمسازە ڕەنگە بابەتەکانی لە خەڵکی ترەوە وەربگرێت، بەڵام پێویستە بە ئەزموونی خۆی لەو نێوەندەی کاری تیادەکات ڕەنگپۆشی بکات. پاشان ئەو کاتە فیلمە بەرهەمهاتووەکە دەبێتە بەرهەمی ئەو، بێ پێچ و پەنا وەک چۆن شانۆیی شاکونتالای کالیداسا بەرهەمی کالیداسایە نەوەک ڤیاس.

ئەمە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە کە زۆرینەی فیلمە گەورەکان پشتیان بە چیرۆکی نووسراو بەستووە. هیچ شتێکی ناشرین لەمەدا نابینرێت. لەڕاستیدا، ئەم جۆرە لە کارکردن بە ئاشکرا دوو ڕەهەندی پەسەندی هەیە: نووسەری چیرۆکەکان سەرچاوەیەکی گەورەیان تەرخانکردووە و بە زیادەشەوە (کە زۆرجار پێشبینی ناکەیت). دەرهێنەرەکان سەرچاوەیەکی نووسراویان لەبەردەستدایە کە لێیەوە بتوانن دەست پێ بکەن.

ئایا پێویستە دەرهێنەر هونەرمەندێکی بە ویژدان بێت و دوو دڵ بێت لە وەرگرتنی بیرۆکەی کەسانی تر؟
لەڕاستیدا نەخێر پێویست ناکات، ئەو پەیوەندییەکی هاوڕێیانەی باشی دروستکردووە. شکسپیر و کالیداسا لە ئەدەبدا ئەو کارەیان ئەنجامداوە. زۆرێک لە ئۆپێرا و بالێ مەزنەکانی جیهان پشتیان بە بیرۆکەی ئامادەکراو بەستووە. جگە لە چاپلن کە ناچاربووە چیرۆکەکانی بۆ کەسایەتیە تایبەتەکەی دروست بکات (هەرچەندە ئەویش جارێک بیرۆکەیەکی لە مسیو ڤیردووە وەرگرتووە)، هەموو فیلمسازە مەزنەکان لە چیرۆکی خەڵکانی ترەوە کاریان دروستکردووە.

دەکرێت ئەوە بپرسین: ئەگەر ئەم فیلمسازانە هیچ بەشدارنەبن لە چیرۆکێک یان بیرۆکەیەکدا، کەواتە ئەوان بەشداری لە چ شتێکیدا دەکەن؟
یەکێکیش ڕەنگە بپرسێت: شکسپیر لە هاملێتدا چی زیادکردووە یاخود کالیداسا لە شاکونتالادا؟ یاخود شاعیرانی ڤایسناڤا بەشدارییان لە چیدا کردووە، کە ئەوان تەنها یەک هەلومەرجی سەرەکییان هەبووە بۆ نووسینی دێڕەکانیان: عەشقی کریشنا بۆ ڕەزا؟

با چیرۆکی ئانا کارنینا بچووک بکەینەوە بۆ بەشە بنچینەییەکانی، چیمان بۆ دەمێنێتەوە؟ هێڵی چیرۆکێک کە لە هەزار نۆڤلێتی هەرزان باییدا دەیبینیتەوە. ئەی باشە ئەوە چییە کە ئانا کارنینا دەکاتە بەرهەمێکی شاکار؟ پێش ئەوەی کەسێک وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە، با کەمێک بگەڕێینەوە و بزانین چی یاریدەی فیلمسازێک دەدات تاوەکو چیرۆکێک هەڵبژێرێت و بیکاتە فیلم.

ئەگەر فیلمسازێک بەشێوەیەکی سەرەکی بخوازێت لە ڕێگەی فیلمەوە پارە پەیدا بکات (کە ئەمەش داهاتێکی تەواو یاسایی و ئاساییە)، زۆر ڕێی تێدەچێت کە ئەو نووسینێکی پڕفرۆش بۆ فیلمەکەی هەڵبژێرێت. بۆ دروستکردنی فیلمێک لە چیرۆکێکەوە، ئامانجە سەرەکیەکەی ئەو بریتی دەبێت لەوەی کە خۆی ببەستێتەوە بە چیرۆکە ڕەسەنەکەوە و هیچ لێی لانەدات، ئەو درک بەوە دەکات کە بینەر شارەزای چیرۆکەکەیە و خۆشیاندەوێت، بۆیە لە هێڵی چیرۆکەکەدا هیچ لادانێکی گەورە ناکات. هەر لەبەرئەوە فیلمسازەکە هەموو هێزی خۆی دەخاتە سەر گوێگرتن لە وەڵامەکانی کۆتایی: (چەند جوانە! هەر ڕێک وەک چیرۆکی ناو کتێبەکە وابوو!)

بەڵام کەمێک لەو فیلمسازە کۆیلانەی ژێر دەستی چیرۆک فیلمی شایستەشیان بەرهەمهێناوە، ڕێژەی قبووڵکردنی فیلمی لەو جۆرە لەلای بینەر ئاستی بێ ئاگایی ئەوان لە مەبەست و بواری وەرگرتنی فیلمێک لە چیرۆکێکەوە دیاریدەکات.

بەراوردی فیلمێک بکە بە کتێبەکە خۆی، بۆت دەردەکەوێت کە چیرۆکە ڕەسەنەکە پڕۆسەیەکی گۆڕانی لە شێوەیدا کراوە. هۆکارەکەشی ئاسانە، بەڵام پێویستە بە شێوەیەکی دووبارە و بەردەوام تیشکی بخرێتە سەر ئەویش ئەوەیە کە: لە بنەڕەتدا کتێب بۆ فیلم نەنووسراوە.
ئەگەر وابووایە، وەک سیناریۆ دەخوێنرانەوە، ئەگەر سیناریۆی باشیش بوونایە، نەدەبوون بە تێکستێکی ئەدەبی باش، چونکە سیناریۆ هیچی تر نییە جگە لە ئاڕاستەکردنێکی نووسراو بۆ گواستنەوەی مەبەست بۆ ناو وێنە.

کە دەڵێم دیسانەوە (شێوە پێدانەوە)ی، مەبەستم لەوە نییە کە تێکستەکە بە جۆرێک دابڕێژرێتەوە کە نەناسرێتەوە. بەدڵنیاییەوە یەکە هەیە لە نووسینەکەدا کە دەکرێت بێ گۆڕانکاری بمێنێتەوە یاخود بە لایەنی کەمەوە بۆ بینەر ئاشنا بمێنێتەوە. بە دڵنیاییەوە ئەمانە ئەو یەکانەن کە هەر لە سەرەتاوە فیلمسازەکە ڕادەکێشن بەرەو لای چیرۆکەکە: ڕەنگە ئەو یەکانە کارەکتەرێک بێت، یاخود هەندێک جۆری پەیوەندی، یاخود ڕەنگە هەلومەرجێکی بەهێزی تاکێک بێت یاخود بیرۆکەیەک بێت، هەموو ئەم یەکانە یاخود بەشێکی، خانەدانبوون یان زیرەکی، یاخود تەنها سەرسامی، ڕەنگە دێڕێکیش بێت یان خاڵی وەرچەرخانی ناو چیرۆکەکە بێت…

فیلمێکی سێینەم دروستکردووە کە لە دوو ڕۆمانی بەنگالییەوە سەرچاوەی وەرگرتووە. بەشی یەکەمی سێینەکە، پاتەر پانچالی، لە کتێبێکەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە ژێر هەمان ناونیشاندا نووسراوە. کتێبێکی گەورەیە، ئەدەبی نووسراوی کلاسیکی بەنگالە و چەندین کوالیتی هەیە، کە تێکستێکی بینراو و لە هەمان کاتیشدا پڕ سۆزە، ئەم کوالیتییانە شایەنی ئەوەن دووبارە لە فیلمدا پیشان بدرێنەوە. هەوڵمدا ئەو کوالیتییانە لە فیلمەکەدا بهێڵمەوە.

دووەم فیلمی سێینەکەم، (ئاپاراخیتۆ) باس لە ئاپوی هەرزەکاری کارەکتەری سەرەکی دەکات، لە دواهەمین بەشی کتێبی (پاتەر پانچالی)ی و یەکەمین بەشی دووەم ڕۆمانەوە بە ناوی (ئاپاراخیتۆ) وەرگیراوە.
وەک ڕۆمان، (ئاپاراخیتۆ) زۆر لە خوار (پاتەر پانچالی)یەوەیە، ڕۆمانێکی زۆر درێژدادڕ و بەربڵاوە، کۆمەڵێک کارەکتەری زۆری تیایە، زۆر جاریش لە ناچورالیزمێکی وشکدا گیردەخوات. بەڵام نیوەی یەکەمی ڕۆمانەکە ڕەهەندێکی تیایە جێی سەرنج بێت، متمانەیەکی قووڵ لە پەیوەندی نێوان دایکێکی بێوەژن و کوڕەکەیدا هەیە کە کوڕەکەی لە دووری ئەودا ژیان دەکات و گەورە دەبێت. هۆکاری هەبوونی سیناریۆکە بە تەواوی، بەو جۆرەی لە فیلمەکەدا دەیبینین، ئەو  ململانێ کاریگەرەی پەیوەندی نێوان دایک و کوڕە.

سێیەم بەشی سێینەکە، (ئاپور سانسار)، لە نیوەی دووەمی ڕۆمانی ئاپاراخیتۆوە وەرگیراوە، ئەمیش کێشەی زیاتر دەخاتە ڕوو. ئاپوی بێ دایک و باوک گەورە بووە و بووەتە کوڕێکی لاو، وەک بیبوتی بوسان بانێرجی نوسەر باسی لێوە دەکات، شێوازێکی سۆزی شاراوە دەردەبڕێت.

ئاپو کۆلێژی تەواوکردووە و بە دوای کاردا دەگەڕێت، بەڵام لەڕاستیدا زیاتر مەیلی بەلای نووسینەوە. عاشقی کچێک دەبێت، بەڵام دواتر زۆری لێدەکرێت هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی تردا بکات. ئەمەش نابێتە هۆی ئەوەی ئەم کوڕە لاوە قەیرانی سۆزداریی بۆ دروست ببێت چونکە ئاپو هەر زوو عاشقی هاوسەرەکەی دەبێت و بە بێ ئەوەی پێویستی بە هەوڵێکی زۆربێت. نووسەر هەوڵنادات ئەم دوو پەیوەندییە پێکەوە گرێ بداتەوە.

هاوسەرەکەی لە کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەیدا گیان لەدەست دەدات. ئاپو هێندە تووڕە و بێزارە کە تەنانەت پرسیاری منداڵە لەدایکبووەکەشی ناکات. ئاپو منداڵەکە فەرامۆش دەکات، شار جێدەهێڵێت و لە شارۆچکەیەکی دوورەدەستدا دەست بە کاردەکات. پاش چەند ساڵێک لە کارەکەی بێزار دەبێت و ئیتر دەیەوێت منداڵە فەرامۆشکراوەکەی ببینێتەوە.

کۆبوونەوەکە ماوەیەکی کورت دەخایەنێت، دواتر ئاپو دیسانەوە کوڕەکەی جێدەهێڵێت، دەچێتە دارستانەکانی ناگپور بۆ دۆزینەوەی ئارامی و لەوێش بۆ خۆی کارێک بکات، جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ لای کوڕەکەی و سۆزی لە ناکاوی باوکانە سەرسامی دەکات، بڕیار دەدات لەگەڵ کوڕەکەیدا بچنە شار و لەوێ نیشتەجێ ببن.

لە ڕۆمانەکەدا دواهەمین یەکتربینینی ئەو کچەی تیایە کە ئاپو عاشقیەتی، ئەو دەیەوێت خۆی بکوژێت. ئاپو ڕۆمانێک دەنووسێت، ناوبانگ پەیدا دەکات، بۆ تەواوکردنی چیرۆکەکە، دیسانەوە کوڕەکەی جێدەهێڵێت، کە ئێستا تەمەنی هەشت ساڵانە و هاوڕێیانی ئاپو ئاگاداریی دەکەن، ئاپوش لە گەڕانێکی سۆفیانەی نهێنیدا، بێوەی لە ناوچەیەکی نادیاردا دادەنیشێت.

ئەوە ڕاستە کە لە ماوەی چوار سەد پەڕەی کتێبەکەدا، ڕووداوەکان بەو جۆرە ئەبسۆردییە دانەڕێژراون کە لە فیلمەکەی مندا هەستی پێدەکەیت، بەڵام ڕوونە کە فیلمێک لەو کاتە دیاریکراوەدا ناتوانێت جێگەی سێ بەشی ئەم بابەتانە بکاتەوە.

لەڕاستیدا من بە شێوەیەکی سەرەکی تەنها تیشکم خستە سەر  دوو ڕەهەندی ناو ڕۆمانەکە، یەکەمیان ئەو پەیوەندییە بوو کە لە نێوان ئاپوی نووسەری لاوی هەژار و ئاپارنای نەخوێندەوار کە لە ناکاو بێ هیچ خواستێک دەبن بە هاوسەری یەکتری، ئاپارنایەک کە لە خۆشی و ماڵێکی پڕ ساماندا گەورە دەبێت و بە هەژاری ماڵی هاوسەرەکەی ڕادێت چونکە خۆشیدەوێت.

دووەم ڕەهەند سەرنجڕاکێشترە. ئاپاڕنا لە کاتی منداڵبووندا دەمرێت. نووسەری باو کارەکتەری باوک وا لێدەکات بەرەو باوەشی منداڵە ڕزگاربووەکەی ڕا بکات، بەڵام بیبوتی بوسان زۆرینەی کات دەستی بۆ ئەو هەقیقەتانە ڕادەکێشا کە لە ژێر ڕووکەشەوەن، وا لە ئاپو دەکات لە دژی منداڵەکەی بوەستێتەوە، لۆمەی منداڵەکەی دەکات کە بۆتە هۆکاری مردنی دایکی.

یەکەمین بینینی باوک و کوڕ دوای تێپەڕینی چەند ساڵێک ڕوودەدات. سیناریۆنووسێک بە دەگمەن لەوە زیاتر  داوا دەکات، لەو هەلومەرجە دەربڕینەدا.

ئەم بابەتە لە گۆڤاری فیلمفەیر لە ٢٨ی ئۆگەستی ١٩٥٩ بڵاوکراوەتەوە
کتێبی (ساتیاجیت ڕای دەربارەی سینەما)

Related Posts

Leave a comment