[گفتوگۆ لەگەڵ بێرناردۆ بێرتۆلوچیدا]

مەهدی ئومیدواری

لە فارسییەوە: ئارام ڕەشید

“گفتوگۆ لەگەڵ بێرنارد بێرتۆلوچى، جۆش و خرۆشێكى زۆرى هەبوو. حەزم دەكرد دروستكەرى فیلمەکانی (دوايين تانگۆ لە پاريس) و (ئاسمانى سەرپەنا) ببينم و لەبارەی فيلمەكانییەوە پرسياری لێبكەم. کۆمەڵێک پرسيارم هەبوون لێى، بەڵام تەنيا نيو كاتژمێر كاتم هەبوو تاوەکو پرسیارەکانم بکەم. ئەو بەو تەمەنەشەوە هێشتا وەك فیلمسازێکی گەورە ماوەتەوە و زۆر پێى خۆشە لەبارەی سينەماوە قسەبكات. لە پەراوێزدا لەبارەی سينەماى ئێرانيشەوە قسەى زۆرى كرد. بڕيارمدا لەناو گفتوگۆکەم دايبنێم، هەرچەند بووە هۆى ئەوەى كارەكەم لە سياقى چاوپێكەوتنێكى فەرمى بچێتە دەرەوە.”

– ئێ، وتت خەڵکی ئێرانيت. لە یادمە چەند ساڵێکی زۆر پێش ئێستا گەشتێکم بۆ ئێران کرد. ساڵى 1965 بوو، بۆ دروستكردنى فیلمێکی بەڵگەیی سەبارەت بە هەڵكەندنى بيرە نەوتييەكانى ئيتاليا لە چياكانى زاگرۆس. فيلمەكەت بينوە؟

– بەداخەوە نەخێر، هێشتا نەمبينيوە. ڕەنگە بزانن کە ئێوە لەناو عاشقانی سينەمای ئێراندا لايەنگرانێكى زۆرتان هەيە. ماوەيەك پێش ئێستا گفتوگۆیەکی ئێوە كە لەگەڵ (فيلم كۆمێنت) ئەنجامتاندابوو، ئێمە لە ماڵپەڕەکەمان داماننا، پێشوازييەكى زۆرى لێ كرا.

– شتێكى زۆر باشە. ئێ، با بڕۆينە سەر پرسيارەكان.

لەگەڵ پازۆلينى دەستت بە کاری فيلمسازى كرد. وەكو ياريدەدەرى ئەو لە (دەرۆزەكەر) تاوەكو يەكەمين فيلمتان كە بە سيناريۆى پازۆلينى دەستتان پێكرد. چۆن بوو لەگەڵ بەردەوامبوونتاندا، لە شێوازی کارکردنی پازۆلينى خۆتان دەربازکرد؟

  • پازۆلينى بۆ من مامۆستايەكى ڕێنماييكار بوو. لە تەمەنى 15 ساڵيدا چاوم پێى كەوت. ئەو هاوڕێى باوكم بوو. ئەوەى كە چۆن چاوم پێى كەوت زۆر سەرنجڕاكێش بوو. ڕۆژێك كەسێك لە دەرگاى ماڵەكەمانى دا، منيش دەرگاكەم كردەوە و پياوێكم بينى كە وتى: ((من پيێر پاولۆ پازۆلينيم.)) هاتبوو چاوى بە باوكم بكەوێت. لە ژوورەوە بە باوكمم وت: ((كەسێك لە بەر دەرگايە دەيەوێت ئێوە ببينێت، دەڵێت هاوڕێى ئێوەيە، بەڵام سەر و بيچمى بە پياوخراپ دەچێت.)) باوكم پێى وتم: ((ئەوە تۆ دەڵێيت چى، ئەوە يەكێكە لە گەورەترين شاعيرەكانى سەدە.)) دواى دوو ساڵ گواستيیەوە بۆ هەمان ئەو باڵەخانەيەى كە خێزانەكەى ئێمە تیايدا دەژيان. شيعرەكانى منى دەخوێندەوە و پێكەوە دەربارەى شيعر قسەمان دەكرد. هێندە پێداگرى كرد، تاوەكو كتێبى شيعرەكانمم چاپ كرد. ئەوكاتە تەمەنم 21 ساڵ بوو، ئەوەش يەكەمين كتێبم بوو. ئەو كاريگەرييەى ئەو لەسەر من هەيبوو، لەبەر ئەوە بوو كە ئەو نەك تەنيا هاوڕێيەكى باش و كەسايەتييەكى گەورە بوو، بەڵكو شاعيرێكى بێ وێنە و نووسەرێكى بەتوانا بوو. کاتێ فيلمى (دەرۆزەكەر)مان دروستكرد، لەگەڵ پازۆلينى لە يەك شوقەدا دەژياين. هەموو ڕۆژێك سوارى ئۆتۆمبێلە (ئەلفا ڕۆميۆ)كەى پازۆلينى دەبووين و دەچوون بۆ سەر كار. ڕێگايەکە دوور و درێژ بوو، بە درێژايى ڕێگا پێكەوە زۆرمان قسەدەكرد. لەبارەی خەونەكانمان و ئەدەبيات و شيعر و هەر شتێكى تر. بە ڕۆحە شاعيرانەكەى ڕاهاتبووم و پەيوەندييەكى نزيكمان هەبوو. من تازە فیلمی (هەناسەسواری)ى گۆدارم لە پاريس بينيبوو. هەر لەو ڕۆژانەدا پێموت: (دەبێت ئەو فیلمە ببينيت.) دواى چەند ڕۆژێك وتى: (بينيم.) پاشان لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تێروپڕ بە فيلمەكە پێكەنين. بەڵام دواى پێنج ساڵ لە شيعرێكدا نووسى: (Come un film di Godard) واتە: وەكو فيلمێكى گۆدار. بۆچوونى دەربارەى گۆدار گۆڕابوو.

چەند ساڵێك دواى ئەوەش فيلمى (La commare secca) لە چيرۆكێكى ئەوەوە دروستكرد. سيناريۆكەيم لەگەڵ سێرجيۆ چيتى نووسی. سێرجيۆ براى فرانكۆ چيتى بوو، كە لە فيلمى (دەرۆزەكەر) و (ئۆدیپ) ڕۆڵیگێڕا. پاش چەند ساڵێك فیلمی (پێش شۆڕش)م دروستكرد. هەر لەو ساڵانەدا پازۆلينى وتارى سينەماى شيعرى نووسى و لەبارەی فيلمەكانى منيش قسەى كرد. ئەم وتارە لە فێستيڤاڵى سينەمايى (پزارۆ) لە ساڵى 1965 پێشكەش كرا.

ئێ، ئەوجا با بێينە سەر باسى كاريگەرى پازۆلينى لەسەر سينەماى من. پرسيت چۆن شێوازێکی وێنەيى جياوازم لە يەكەمين مامۆستامەوە دۆزییەوە. هەر بەڕاستى ئومێدەوارم ئەوە ڕوويدابێت. من لە هەمووانەوە فێر بووم. لە عەباس كياڕۆستەمى فێربووم، لە بەهمەن قوباديش فێر بووم، لە فروغيش فێر بووم. زۆر تەماشاى فيلم دەكەم. وەكو پيكاسۆ بير دەكەمەوە كە دەيگوت: (من كۆپى ناكەم، بەس ئەيدزم). پازۆلينيش وەكو هەمووان بۆ من مامۆستا بوو. بەڵام جياوازييەكەى ئەوە بوو لە كاتێكدا ئەوم بينى كە لە سەروبەندى كەشفكردنى سينەمادا بوو. ئەو شاعيرێك بوو كە لەناو كەنارنشينەكانى ڕۆما بەدواى وێنەكانيدا دەگەڕا. وەكو شێوەكارێكى چاخى ناوين، گرتەكانى كەشف دەكرد. بينينى گۆڕانی ئەو لە نووسەرێكەوە بۆ فيلمسازێك، زۆر شتی فێری من کرد. ئەو لە ساتی دۆزينەوەى سينەما و كامێرا و وێنەدا بوو.

دەزانيت هەمان ساڵ، لە فێستيڤاڵى پزارۆ فيلمێكى ئێرانيش نمايش كرا

پێم وابێت فيلمێكى فروغى فروغزاد بوو.

هەروەها فيلمى (خشت و ئاوێنە)ى ئيبراهيم گوڵستان.

بەڵێ وايە، ئەو فيلمەش بوو. بەڵام فيلمى (خانووی ڕەش)ى فروغيش لەو فێستيڤاڵەدا بوو، كە شاكارێكى دۆکیومێنتارییە. لە يادمە کاتێ لە ساڵى 1965 فیلمە بەڵگەییەکەم لە ئێران دروست دەكرد، ئيبراهيم زۆر يارمەتیدام. بانگهێشتی ماڵەوەيانى كردم، پێكەوە لە هۆڵی نمايشەكەى، فيلمەكانى (كريس ماركير)مان تەماشا كرد. فروغيش بۆ ژەمى ئێوارە خواردنێكى زۆر بەلەزەتى بۆ دروست كردم. بەڵێ ڕاست دەكەيت، ئيبراهيم گوڵستانيش لەو فێستيڤاڵە بوو. بيستم پاش شۆڕش، ئێرانى جێهێشتووە و لە بەڕيتانيا دەژى. هێشتا زيندووە؟

هەڵبەت پێش شۆڕش ئێرانى جێهێشت. بەڵێ، هێشتا زيندووە و هێشتا بە هەمان زرنگى و وريايى دەربارەى سينەما قسە دەكات. هەڵبەت چەندين ساڵە وازی لە دروستکردنی فيلم هێناوە.

تەمەنى چەندە؟

93 ساڵ.

چى؟

بەڵێ 93 ساڵ.

واتا 20 ساڵ لە من پيرترە. شتێكى زۆر چاكە. كەوايە من هێشتا چەند ساڵێكى تريش جێگەم هەيە. زۆر حەزدەكەم بيبينم. من زۆر سەفەر بۆ لەندەن دەكەم، حەز دەكەم جارێك چاوم پێی بکەوێت.

پەيامەكەتانى پێدەگەيەنم.

بەدڵنياييەوە. بەهۆى نەشتەرگەريى پشتمەوە لەسەر كورسى پێچكەدارم، بەڵام دەتوانم بە قيتار بڕۆم بۆ سەردانى.

يەكێك لە گرنگترين كارەكانى ساڵانى سەرەتاى ئێوە فیلمی (شوێنكەوتوو)ە. لەو فیلمەدا دوو دەستە لە مرۆڤەكان دەبينين، كەسانێك كە لە ڕژێمێكى فاشيستيدا گەشە دەكەن و ڕوانگەيەكى ڕەشبينانەيان هەيە، لە بەرامبەردا كەسەكانى تر ڕوانگەيەكى گەشبينانەيان هەيە. ئەگەر دووبارە فيلم دروست بكەيتەوە ديسانەوە مرۆڤەكان بەسەر ڕەش و سپيدا دابەش دەكەيت؟ فيلمەكانى دژە نازيەت لە ماوەى چەند دەيەدا لە نيشاندانى كەسايەتى ڕەش و سپى ڕوانگەيان گۆڕى و كەسايەتى ڕەساسيش تێياندا دەبينرێت.

فیلمی (شوێنكەوتوو)م ساڵى 1969 دروستكرد، بەڵام لە ڕاستيدا ئاماژەم بە ساڵەكانى كۆتايى دەيەى 30 دابوو نەوەكو تەنيا ڕژێمى فاشيستى. فیلمی (شوێنكەوتوو) لە بنەڕەتدا كەوتنى كەسايەتييەكە، كە بە شێوەيەكى جياواز لەگەڵ ئەوانى تر دەفەوتێت. حەز دەكات شوێنكەوتووى گروپێك بێت، بەڵام سەرگەردانە. ئەوە تەنيا لە كۆتايى فيلمەكەدايە كە ئەو گروپە دەدۆزێتەوە كە سەر بەوانە. هەمان ديمەن كە لە كەنارنشينەكانى ڕۆما، ئەو پياوە دەبينێت. لەو ديمەنەدا ئەوپەڕى ترسنۆكیى ئەو دەبينين، ئەو مرۆڤێکی ترسنۆكە.

بەڕێكەوت ئەوە ديمەنى دڵخوازى منە، چونكە لە يەك ديمەندا ئەو كەسايەتييە بە باشى شيكار دەكات.

بەڵێ وايە.

وەختێ لە كارەكانتان دەڕوانم، لە (دوايين تانگۆ لە پاريس) تاوەكو (ئاسمانى سەرپەنا) و (گەمارۆ)، پێموايە خۆشەويستى وەكو وەسوەسەيەكى جەستەيى دەبينيت. ئايا ئەمە ڕوانينى ئێوەيە دەربارەى خۆشەويستى لە ژيانيشدا؟

واتە دەڵێيت (پاوڵ و ژان) لە (دوايين تانگۆ لە پاريس) و (شاندوراى و جيسۆن) لە (گەمارۆ)دا زياتر پەيوەندييەكى جەستەيى و فيزيكيان هەيە؟

ئەوەى ڕاستى بێت پێموايە خۆشەويستى بۆ ئەوان زياتر لەوەى دياردەيەكى دەروونى بێت، مەيل و وەسوەسەيەكى جەستەييە.

هەر بە ڕاستى پێموايە ئەمە ديدگايەكى زۆر كۆنە. چۆن دەتوانيت لەم ڕۆژگارەدا بەمجۆرە ڕۆحانييە باسى خۆشەويستى بكەيت؟ جەستە و مێشك بە هيچ جۆرێك لە يەكتر جیانين. سەيرم پێدێت گەنجێكى وەكو تۆ بەمجۆرە بيردەكاتەوە. بە منت وت پزيشكى دەروونيت، ئەگەر ئەمە بۆچوونت بێت، خەمى نەخۆشەكانتمە. چۆن دەكرێت بەو ڕايەدە بەرامبەر وەسوەسەى جەستەيى بێ موبالات بيت. بڕوا بكە من 37 ساڵە دەڕۆم بۆ دەروونشيكاريى، ئەگەر نەبوومايە بە فيلمساز، ڕەنگبێ ببوومايە بە چارەسەركارى دەروونيى. پێموانييە كەسايەتييەكانم هيچ وەسوەسەيەكى جەستەييان هەبێت. ئادەى بزانم دەربارەى پازۆلينى چۆن بير دەكەيتەوە؟ پێتوايە ئەويش وەسوەسەى جەستەيى هەبووە؟

بەڵێ، بەڕێكەوت چەند ڕۆژێك پێش ئێستا لەگەڵ (پاولۆ تاڤيانى) ديمانەم هەبوو. ئەويش پێيوابوو فيلمى (ديكاميرۆن) دەربارەى جەستەی مرۆڤە، پازۆلينيش ئەو وەسوەسەيەى لەبەر هەميشە سانسۆربوونى بەرهەمەكانى نيشان داوە. هەڵبەت بە بۆچوونى من ئەو جەستەى مرۆڤى لەناو پێكهاتەى ڕياليزمەكەيدا نيشان ئەدات كە لەگەڵ شێوەكاريدا فرە جياوازە.

تەنيا دەتوانم بڵێم هاوڕانيم لەگەڵت.

(مارلۆن براندۆ) لە (دواين تانگۆ لە پاريس)دا باشترين ڕۆڵى خۆى لە ژيانى ئەكتەريدا بەرجەستە كرد. كاركردن لەگەڵ براندۆ بۆ ئێوە چۆن بوو؟

لە يادمە ڕۆژى يەكەم من و كاستى فيلمەكە هەموو زۆر ترسابووين. من هەردەم فيلمەكانم بە پلانى كاتيى وێنەدەگرم. كاتێك خەريكى ئەو گرتەيەى يەكەم بووين كە (مارلۆن براندۆ) لەناو ميترۆكە هاوار دەكات، وێنەگرەكە بڕی و هات بۆ لام وتى: (بمبوورە، بەڵام کاتێک (مارلۆن براندۆ) لە دیمەنەکەدا دەبينم، ناتوانم تەركيز بكەم.) پێموايە (براندۆ) كۆمەكێكى زۆرى ئێمەى كرد بۆ دروستكردنى كەسايەتييەكى ئەمريكايى لە پاريس. گشت دیالۆگەکانمان پێكەوە پاكنووس كرد، دووبارە بارودۆخەكانمان لەسەر بنەماى كەسايەتييەكى ئەمريكى گۆڕى. ئەو ئەکتەرێکی پلە يەك بوو. کاتێک لە ديالۆگێك تێنەدەگەيشت، بە تێروتەسەلى لەبارەیەوە گفتوگۆمان دەكرد. بۆ هەموو كاستەكە جازبیەتێكى تايبەتى هەبوو. هەموو ڕۆژێك بيرى خۆمم دەخستەوە كە من كار لەگەڵ ئايكۆنێكى سينەمای كلاسيك دەكەم و دەبێت لە بەرامبەر ئەودا شتێك پێشكەش بكەم.

دڵنيام ئەگەر لێرە دانيشم تۆ تاوەكو بەيانى پرسيار دەكەيت و منيش تا بەيانى وەڵام ئەدەمەوە، كەوايە با لێرەدا كۆتايى پێ بهێنين.

سوپاس. بەدڵنياييەوە پەيامەكەتان بە (ئيبراهيم گوڵستان) دەگەيەنم.

ڕێگە بدە من پرسيارى كۆتايى بكەم؟ دەربارەى (مەخمەڵباف و قوبادى) چۆن بير دەكەيتەوە؟

حەزم لە فيلمەكانى هيچكاميان نييە. بە تايبەت قوبادى سينەمايەكى خۆنوێنانەى هەيە. هەرگيز هەستم نەكردووە ئاسەوارى واقيعيەت لە فيلمەكانيدا بوونى هەيە.

ئەو فيلمەى قوباديت بينيوە كە دەربارەى منداڵانى چياكانى ئێرانە؟ من زۆر حەزم لەو فيلمەيە.

بەڵێ، بەڵام هەرگيز ناتوانم بڵێم ئەو چيرۆكە چەندە نزيكە لە واقيعيەتى ژيانى كوردستانەوە.

ئەى دەربارەى كياڕۆستەمى چۆن بير دەكەيتەوە؟

كياڕۆستەمى مامۆستاى بێ بەديلى سينەماى ئێرانە.

هاوڕاتم. زۆر حەزم لە شيعريەتى فيلمەكانيەتى.

_______

سەرچاوە: (سینما-چشم)

Related Posts

Leave a comment