پیته‌ر ماتیوز
وه‌رگێڕانی لە فارسییەوە: هێشوو خسره‌وی
له‌ساڵی ١٩٥٢ واته یه‌كه‌مین جار كه گۆڤاری سایت ئاند ساوند[1] له نێوان ڕه‌خنه‌گرانی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ دیاریكردنی ده فیلمی زۆر دیاری مێژووی سینه‌ما ڕاپرسی ئه‌نجامدا، چیرۆكی لوییزیانا[2]، دۆكیومێنتا‌رییه‌ك سه‌باره‌ت به دۆزینه‌وه نه‌وتییه‌كان كه ڕۆبێرت فلاهێرتی[3] له ساڵی ١٩٤٨ دروستی كردبوو، له‌گه‌ڵ ده‌مارگیری[4] به‌رهه‌می گریفز توانیان به‌هاوبه‌شی له پله‌ی پێنجه‌مدا بمێننه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ساڵی ١٩٦٢ ئه‌م فیلمه له لیسته‌كه هاته ده‌ره‌وه و هیچ دۆكیومێنتارییه‌كی تر نه‌یتوانی جارێكی‌تر بچێته‌وه ناو ئه‌و لیسته. ئه‌گه‌ر ئه‌م جۆره ڕاپرسییه وێنه‌ییه ناڕه‌سمییانه گۆڕینی تێڕوانینی ڕه‌خنه‌گرانه ده‌خه‌نه به‌رده‌ممان، ئه‌وا پێده‌چێت به ته‌واوی و یه‌كپارچه‌یی به‌په‌له بڕیاردان بن دژی فیلمه دۆكیومێنتارییه‌كان- ڕه‌نگه ئه‌م خاڵه له‌م ڕووه‌وه زیاتر مایه‌ی سه‌رسوڕمان بێت كه گشتێتیی بنچینه‌ی سینه‌ما به هه‌موو ئاڵۆزییه‌كانییه‌وه زاده‌ی فیلمه بێ بانگه‌شه هه‌واڵییه‌كانی-ڕۆژانه[5] بووه. به‌م هۆیه‌وه وه‌ڵامه‌كه هه‌ر له‌م شوێنه شاراوه‌دایه كه ئێستا په‌نجه‌مان خستۆته سه‌ری. دیمه‌نه ماندووكه‌ره‌كانی هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی كرێكاره‌كان له كارگه یان به‌ركه‌وتنی شه‌پۆله‌كان به كه‌نار به‌س بوون بۆ وروژاندنی خۆشی و شادی بینه‌ره سه‌ره‌تاییه‌كان، چونكه ئه‌وان شاهیدی موعجیزه‌ی مۆدێرن بوون- جیهانێك كه به‌شێوه‌ی نهێنی له‌ڕێگه‌ی ده‌زگایه‌كه‌وه دووباره به‌رهه‌م ده‌هێنرایه‌وه. پارچه به‌ڕێكه‌وته‌كانی واقیعیه‌ت ڕێك به‌و هۆیه‌وه‌ی كه به‌شێوه‌ی دیمه‌ن و دووره‌دیمه‌نن، پاساوهه‌ڵگر ده‌رده‌كه‌وتن، به‌ڵام زۆری نه‌كێشا كه چه‌رخه‌ی دووباره، ڕووناكایی له بازاڕی ئه‌م به‌رهه‌مانه‌دا نه‌هێشت. فیلم ئه‌گه‌ر بڕیاربێت له ڕووی كونجكۆڵییه‌وه توێكڵی دیاریكراوی خۆی بشكێنێت، واقیعییه‌تی په‌تی ده‌بووایه ده‌ستبژێر بكرێت و به‌شێوه‌یه‌كی مانادار چنرابایه‌ته‌وه. سینه‌ما ده‌بووایه سه‌ره‌نجام له ته‌كنه‌لۆژیایه‌كی ڕووت زیاتر بڕ‌ۆیشتایه تاوه‌كو بگۆڕێت به جۆرێك له هونه‌ر.
هونه‌ر به‌ته‌واوی درۆیه، ئه‌فلاتوون زۆر به دروستی له‌مه به‌ئاگامان ده‌هێنێته‌وه- به دروستی له‌و سۆنگه‌یه‌وه كه نواندنه‌وه[6] جۆرێك چیرۆك دروستكردنه[7]. كاتێك سینه‌ما له‌جیاتی نمایشێكی ڕووت، نواندنه‌وه‌ی ده‌ست پێكرد، به‌ناچاری چیرۆك گێڕانه‌وه وه‌كو ته‌نیا شێوه‌ی باڵاده‌ست هه‌ڵبژێردرا و له ئه‌نجامدا كرانه‌وه‌یه‌كی ڕیشه‌یی بنیاتنا. هه‌مان ڕاماڵینێك كه به‌رهه‌می چیرۆكی به‌رهه‌م ده‌هێنا، خاڵی به‌رامبه‌ری ئه‌وی دووباره له قاڵبی دۆكیومێنتدا ده‌هێنایه بوون. چونكه ئه‌گه‌ر درۆسازیی داهێنه‌رانه‌ی چیرۆك، به هونه‌ر له قه‌ڵه‌م بدرێت، له‌م حاڵه‌ته‌دا له‌گه‌ڵ پێوه‌ری وێنه‌ییدا ده‌توانین بڵێین كه دۆكیومێنت هونه‌ر نییه (ناهونه‌ر[8]ـه). فیلمی ڕیالیستی په‌یوه‌سته به بواری حه‌قیقه‌ته‌وه كه ده‌شێت زیاتر هه‌ڵگری شێوازی ئه‌خلاقی بێت، به‌ڵام هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره له‌لایه‌نی جوانیناسییه‌وه بێ بایه‌خانه ده‌رده‌كه‌وێت. له چوارچێوه‌ی هونه‌ردا لێهاتووترین درۆزنه‌كان ئه‌وانه‌ن كه به په‌نابردنه‌به‌ر ستایلی تایبه‌تی واقیعییه‌ت به‌شێوه‌ی بڕیارده‌رانه و له‌سه‌ر بنه‌مای ئیراده‌ی خۆیان فۆڕمی پێده‌ده‌ن. ئێمه ئه‌وانه ناوده‌نێین دانه‌ر [موئه‌لیف]. به‌ڵام سه‌ره‌نجام دۆكیومێنت بێبه‌ش له هونه‌ر و به بێ دانه‌ر ده‌مێنێته‌وه، چونكه جگه له په‌نجه‌ره‌یه‌كی ڕووه‌و دنیا شتێكی تر نییه.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له بازنه‌ی سه‌رنجی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه هۆكاری لابردنی دۆكیومێنت ڕوون بكه‌ینه‌وه هۆكاره‌كه‌ی شتێك نییه جگه له گریمانه‌ی تازه‌كارانه كه پێیوایه دۆكیومێنت به‌ده‌ره له ئاڵۆزییه‌كانی هونه‌ر. هه‌ڵبه‌ت به‌دڵنیاییه‌وه ده‌زانین كه به‌م شێوه‌یه نییه. فیلمسازی دۆكیومێنتییش شاره‌زایانی خاوه‌ن ستایلی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، هونه‌رمه‌ندانێك كه مۆر‌و نیشانه‌ی تایبه‌تی خۆیان به ته‌وێڵی ماده‌ی خاوه‌وه ده‌چه‌سپێنن –فلاهێرتی، لێنی ڕێفنشتاڵ[9] یان هومفری جێنینگز[10] به‌ته‌واوی چه‌ند نموونه‌یه‌كی زۆر ناسراوی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ن. له‌م سۆنگه‌یه‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌و دیمه‌نه پێشه‌نگه‌ی لویی لۆمێر له گه‌یشتنی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه به وێستگه‌كه هه‌ر گرتنه‌به‌ری بڕیاردانی بنیاتنه‌ر و سه‌ره‌تایی جوانیناسی بوو، له‌وه‌ی كه ده‌بووایه وێنه‌ی چ شتێك بگیرێت و هه‌روه‌ها ده‌بێت كامێرا له‌كوێدا دابنرێت. به‌م هۆیه‌وه فیلمێكی فیكشن كه‌م تا زۆر به دانانی ئه‌كته‌ره‌كان، دیكۆر و شكڵه ئاشناكانیتر، یارییه‌كه قبوڵ ده‌كات و بڕوا به‌وه ده‌هێنێت. له‌م ڕووه‌وه، [فیلم] چیرۆكێكی درۆینه‌یه كه هه‌قیقه‌ت ده‌خاته ڕوو. به‌ڵام دۆكیومێنت، خه‌ڵكانێكی واقیعی له لۆكه‌یشنه واقیعییه‌كاندا وێنا ده‌كات و له ئه‌نجامدا جه‌خت له‌سه‌ر ئازادیی درۆسازی ده‌كاته‌وه.
كاربه‌ده‌ستانی سینه‌مای دۆكیومێنت ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین سه‌رتاپا ڕیاكارن كه‌واته به‌لایه‌نیكه‌مه‌وه ده‌بێت كۆمه‌ڵێك گه‌مژه‌ی دڵ ساف بن كه سروشتیان به دروستكردنی ئه‌و چیرۆكانه‌ی كه دووباره ده‌یانڵێنه‌وه، شاردۆته‌وه یان كه‌م ڕه‌نگی ده‌كه‌ن. ئه‌و ڕاستییه‌ی كه دراوه‌ته‌پاڵ فیلمی دۆكیومێنت، له‌ڕاستیدا پرسی لیستێكی پڕكراوه له درۆیه‌كان -یان شتێكی له‌هه‌مان ده‌سته به‌هه‌مان شێوه كه نه‌وه‌یه‌ك له تیۆرزانه ڕۆشنگه‌ره‌كانی سینه‌ما به بیروباوه‌ڕی ئێمه‌یان نیشانداوه. فیلمی دۆكیومێنتاریان له لایه‌كه‌وه دوور له هونه‌رو له لایه‌كیتریشه‌وه زۆر هونه‌ری وێناكردووه. ئه‌م دوودڵی و گومان دروستكردنه هێنده پێ به‌پێی دۆكیومێنت هه‌نگاوی نا كه سه‌ره‌نجام بووه هۆی فه‌رامۆشكردنی. هه‌رچه‌نده هێشتاش ده‌توانرێت پشت به پاڵنه‌ری سێیه‌م [بۆ لابردنی دۆكیومێنت] ببه‌سترێت. فیلمی فیكشن به درۆسازی ئازادانه، خۆی له ئاست و لای خه‌یاڵكردن، جه‌ربه‌زه‌یی و ئه‌كته‌ری، فه‌نتازیا، خه‌یاڵ و سه‌رگه‌رمی جێ ده‌كاته‌وه.
پاڵنه‌ری ڕاستی بوونی سینه‌مای دۆكیومێنتاری، هه‌رچه‌نده‌ش كه به‌ڕووكه‌ش فریوده‌ر بێت یان نه‌بێت، به پانتایی ئاكاره‌كان، فێربوون و ئیش گرێ ده‌درێته‌وه. دۆكیومێنت به هه‌ڵگرتنی په‌یامێكی ڕۆشنگه‌ری به ئه‌ستۆی خۆیه‌وه، به‌سه‌ر ئه‌و چێژه سه‌ره‌تاییه سینه‌ماییه‌ی ئێمه‌دا سه‌رده‌كه‌وێت و دوای ده‌خات و له‌م سۆنگه‌یه‌وه به‌دڵنیاییه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌كانی ئه‌م [چێژه] ده‌وه‌ستێت.
درككردنی ئه‌م شێوازه چوارچێوه‌ییه [له دۆكیومێنت] به‌شێوه‌ی فێركاریی مه‌عنه‌ویی لاوازانه ده‌توانین به میراتی جۆن گریسۆن[11]ی بزانین، به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلمه دۆكیومێنتارییه‌كان و منداڵی قه‌شه‌یه‌كی كاتولیست كه به‌وه به‌ناوبانگه سینه‌مای لێكچواند به مینبه‌ری ئامۆژگاری و وتاردان. به‌و شێوه‌یه نییه كه ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له ئه‌و به‌جێماون (ڕوخساری خه‌ڵوزی به‌ردی[12] ١٩٣٥، پۆستی شه‌وانه[13] ١٩٣٦) به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی وشك وخاڵین له هه‌ست و سۆز، به‌ڵام ئه‌م به‌رهه‌مانه په‌یامێكی هاوبه‌شیان هه‌یه: ئامۆژگاری و وتاردان له پێگه‌ی باڵاده‌سته‌وه و بنیاتنانی پاڕادایمێك بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو. دۆكیومێنتی گریسۆنی فۆڕمده‌ری په‌یوه‌ندییه‌كی یه‌ك لایه‌نه‌یه – كه ئه‌مه نه‌ك ته‌نیا دۆخی ناگیرۆده‌بووی له‌خۆده‌گرت كه ئه‌و ئومێدی ئه‌وه‌ی هه‌بوو تاوه‌كو له ئه‌واندا هه‌ستی هاووڵاتیبوونی باش بورووژێنێت، به‌ڵكو ده‌بووه له‌خۆگری ئه‌و سوژه وێنه‌ییانه‌ش كه به ده‌نگی گێڕه‌ره‌وه باس ده‌كران و زۆر به‌كه‌می ڕێگه‌یان پێده‌درا خودی خۆیان ده‌نگیان هه‌بێت. دۆكیومێنتساز هه‌روه‌كو ده‌سه‌ڵاتێكی باوكسالار ده‌رده‌كه‌وت كه له سه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا قسه‌ی ده‌كرد یان له‌جیاتی ئه‌وان قسه‌ی ده‌كرد. دادپه‌روه‌رانه یان نادادپه‌روه‌رانه، فیلمه‌كانی گریسۆن به‌گشتی سیمبۆلی جوانیناسی دۆكیۆمێنتاری نه‌ریتین –[فۆڕم]ی داخراویان هه‌یه نه‌ك كراوه، په‌ندئامێزن نه‌ك پرسیاركه‌ر، حوكمكه‌رن نه‌ك به‌ژداریپێكه‌ر.
ستایل و شێوازی گریسۆنی پێگه‌ی پیاوانی ده‌وڵه‌ت به دڵسۆزی له‌پێش چاوده‌گرێت كه ده‌غده‌غه‌ی خۆشگوزه‌رانی گشتی له مێشكیاندایه و ده‌بووایه كه ئه‌و هاوده‌نگی فه‌رهه‌نگییه له‌باره‌ی دۆكیومێنته‌وه بروخێت تاوه‌كو ئه‌و ده‌ربڕینه بیرۆكراتیك و ڕه‌سمییه ناڕاستگۆیانه له‌ناو بچێت. تیغی تیژی هێرشه‌كانی فریدریك وایزما‌ن به دامه‌زراوه‌كانی ئه‌مریكا له دڵی دژی فه‌رهه‌نگی ده‌یه‌ی ١٩٦٠ ده‌پشكوت و به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و له‌م سۆنگه‌یه‌وه كه به‌ربڵاوی دۆكیومێنتاری په‌روه‌رده‌ییان هه‌ڵگرته‌وه خاوه‌نی گرنگی پێدانن. به‌رهه‌می ئه‌كادیمیانه‌ی ئه‌و ”قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی”[14] (١٩٦٨) نیشانی ده‌دات كه چۆن كۆمه‌ڵگا، به‌هاكانی خۆی به به‌رده‌وامی ده‌به‌خشێت به ئاسته كه‌م ته‌مه‌نه‌كانی فێركاریی ناوه‌ندی. لێره‌دا ئێمه بینه‌ری چه‌ند مامۆستایه‌كی خێرخوازین كه تایبه‌تمه‌ندییه باشه ئه‌خلاقییه‌كانی هاووڵاتیبوون به ئیملا له قوتابییه‌كانیان ده‌گرن – په‌روه‌رده‌كردنێكی پارێزكارانه كه ڕه‌نگه گریسۆن ستایشی بكات، به‌ڵام نه‌ریتشكێنێكی وه‌كو وایزما‌ن، ئه‌وه به مایه‌ی شه‌مه‌زاری ده‌زانێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ئێستا كاتی شه‌ڕی ڤێتنامه و خوێندكاره‌كان ئه‌وه فێرده‌بن كه چۆن ده‌بێت بگۆڕێن به هه‌ڵسوڕێنه‌ره ملكه‌چكه‌ره‌كان له‌ناو ئامێری جه‌نگدا. وایزما‌ن كه په‌یڕه‌وكاری ئاكاری شاهیدی بێلایه‌ن[15] له سینه‌مای ڕاسته‌وخۆ بوو، خۆی ده‌پاراست له هه‌ر جۆره مونتاژكردنێك – مامۆستاكان، ڕاوێژكاره‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه به قسه‌كانیان و وشه ڕیاكارانه‌كانی خۆیان، دزێو و ناشرین ده‌بن. هه‌رچه‌نده گومانی بابه‌تیبوون به‌شێوه‌یه‌كی قودره‌تمه‌ند بوونی هه‌یه، به‌ڵام له ڕاستیدا كه‌ره‌سته‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كار به‌ژیرانه هه‌ڵبژێردراون و به‌لاڕێدابراون تا به‌رهه‌مێكی دژه سته‌مكاری بخوڵقێنن. لێره‌شدا هێنده خۆمان به‌دوور نه‌گرتووه له هونه‌ری فێركاریی گریسۆنی به‌ڵام ئه‌مجاره بابه‌ته‌كه چنینی ڕایه‌ڵ و ده‌ستێوه‌ر‌دانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نییه به‌ڵكو له‌یه‌كترازاندنی ئه‌وه.
فیلمێكی دۆكیومێنتاری دیكه‌ش هه‌یه كه خوێندنی منداڵه كوڕه‌كانی وه‌كو بابه‌ت له خۆیدا هه‌ڵگرتووه، به‌رهه‌مێك كه كه‌متر شه‌ڕخوازانه‌یه و له دیدی ئینسانییه‌وه قوڵتره. ”ئه‌ركی ماڵەوە”، به‌رهه‌می عه‌باس كیاڕۆسته‌می، توێژینه‌وه‌یه‌كی زۆر قوڵ و كاریگه‌ره كه هاوشانی پڕشانازیترین به‌رهه‌می ئه‌م ژانره ده‌وه‌ستێت-نانۆك له باكوور[16]ی فلاهه‌رتی[17] (١٩٢٢)، وڵاتی بێ نان[18] به‌رهه‌می لویس بونوێڵ[19] (١٩٣٣)، شه‌و و ته‌م[20]ی ئالان ڕێنه[21] (١٩٥٥)، گێڕانه‌وه‌ی هاوینێك[22]ی ژان ڕۆش[23] (١٩٦٠). به‌تایبه‌ت دواهه‌مین دانه‌یان كه په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر نزیكی [لێره‌دا] هه‌یه له‌به‌رئه‌وه‌ی كه كیاڕۆسته‌می هه‌روه‌كو ژان ڕوش له شێوه‌ی ئه‌زموونی و دۆزینه‌وه‌ی سینه‌مای حه‌قیقه‌ت[24] سود وه‌رده‌گرێت. ئێستا ڕه‌نگه دانانی چوارچێوه‌كانی تێگه‌یشتنی ئه‌وروپایی به‌سه‌ر فیلمێكی ئێرانی و یان دانانی ئه‌و به ته‌نیشت لیستێكی بچووك له دۆكیومێنتارییه كلاسیكییه ڕۆژئاواییه‌كان وه‌ك كارێكی هه‌ڵه ده‌ربكه‌وێت. به‌ڵام به‌هه‌مان شێوه كه گێلبرتۆ پێرێز[25] له كتێبه‌كه‌یدا ڕۆحی مادی[26] سه‌باره‌ت به كیاڕۆسته‌می ده‌ست نیشانی ده‌كات، چ داگیركه‌رانه ده‌ربكه‌وێت یان نا، فۆڕمه هونه‌رییه‌كانی ڕۆژئاوا له‌هه‌موو شوێنێكی دنیادا ڕیشه‌یان بڵاوبۆته‌وه (كه هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه خاك و ڕووبه‌ری نوێ توانای به بڕشتیان نییه).
ئه‌و دووباره بیركردنه‌وه‌ییه خۆشه‌ویسته‌ی مۆدێرنیزمی ئه‌وروپایی بێگومان له نێوان هونه‌رمه‌ندانی هاوچه‌رخی ئێرانی لایه‌نگیری زۆری هه‌بووه، هه‌رچه‌نده كه هه‌ندێكیش به‌دوای بیر و ناوه‌ڕۆكی دیكه‌ی خۆماڵیه‌وه بوون- نۆرمه‌كانی ڕه‌فتاری پته‌و و ڕه‌ق (كه ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی نیگاكان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا باڵاده‌سته) سه‌ره‌نجام ده‌بێته هۆی به فۆڕم گرتنی جۆرێك ئاگایی سه‌باره‌ت به دووباره وێناكردنه‌وه. كیاڕۆسته‌می چه‌ندین جار ئاماژه به ته‌كنیككار و ئاماده‌كاره‌كانی خۆی ده‌دات: دووباره دروستكردنه‌وه‌ی بابه‌تێكی هه‌واڵی به سودوه‌رگرتن له كه‌سایه‌تییه ڕاسته‌قینه‌كانی نێو ڕووداوه‌كه (كلۆز ئاپ)، به هێنانه‌ناوه‌وه‌ی دووه‌مین ده‌رهێنه‌ر له چیرۆكی (ته‌نیا ژیان و ئیتر هیچ؛ له ژێر داره‌كانی زه‌یتووندا)، به نیشاندانی كامێرا (تامی گێلاس، ١٩٩٧). به‌ڵام ئه‌مانه خۆده‌رخستنه پوچه‌كانی پۆست مۆدێرنیستی نین. ”جگه له‌ڕێی درۆ هه‌رگیز ناتوانی له حه‌قیقه‌ت نزیك ببیته‌وه”، وشه‌گه‌لێك له كیاڕۆسته‌مییه‌وه كه بیرهێنه‌ره‌وه‌ی ژان ڕوش ده‌رباره‌ی سینه‌ما حه‌قیقه‌ته: ”[سینه‌ما] به گومان و دوودڵی، ئه‌و به‌شه چیرۆكی و خه‌یاڵییه‌ی كه له‌ناو وجودی هه‌مووماندایه ئاشكرا ده‌كات، كه بۆ خودی من واقیعیترین به‌شی هه‌ر ئینسانێكه”. حه‌قیقه‌ت به‌رده‌وام له‌به‌رده‌ستدا دوور‌و دوورتر كه‌وتۆته‌وه و واقیعییه‌تیش به‌رده‌وام ده‌سپێردرێت به دووباره وێناكردنه‌وه‌ی؛ به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی ئێمه بۆ گه‌یشتنه به هه‌ردووكیان كه ئینسانییه‌تمان پێناسه ده‌كه‌ن.
به‌هه‌مان شێوه كه ژان ڕوش داهێنه‌رانه سه‌رنجی دابوو، تۆماركردنی ئه‌و درۆیانه‌ی ناو چوارچێوه كه ڕاستی ئاشكرا ده‌كه‌ن، ئیش و كاری سه‌ره‌كی سینه‌ما حه‌قیقه‌ته. چیرۆكی ده‌ستپێك ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خودی ده‌رهێنه‌ر و ده‌ست تێوه‌ردانێكی لێهاتووانه‌ی كرده‌وه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه‌ی به‌دوادا دێت. له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌زموونێك، ” گێڕانه‌وه‌ی هاوینێك”، بارودۆخێكی ناواقیعی و ساخته‌ی ئاماده كردووه و به وردییه‌وه پلان داده‌نێت كه تێیدا كه‌سانێكی غه‌ریبه و نائاشنا به‌ته‌نیشت یه‌كه‌وه كۆبوونه‌ته‌وه و ناچارده‌بن له‌گه‌ڵ ژان ڕوش، هاوكاره‌كه‌ی ئێدگار مۆرین[27] و له‌گه‌ڵ یه‌كتردا مامه‌ڵه‌یان هه‌بێت. سینه‌مای ڕاسته‌وخۆی[28] ئه‌مریكایی به‌گشتی ئاماده‌یی كامێرا ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و ده‌ره‌نجامیش بناغه‌كه‌ی له‌سه‌ر درۆیه‌كی پته‌و داده‌مه‌زرێنێت. به‌ڵام سینه‌ما حه‌قیقه‌ت ڕووداوه‌كان بۆ وێنه‌گرتن ده‌سته‌به‌ر ده‌كات و له تێپه‌ڕین به‌م درۆیه‌دا، به‌ته‌مایه ئاشكرا و بێ په‌رده ڕووپۆشی واقیعییه‌ت له‌به‌ر بكات. هه‌روه‌ك ئه‌م سه‌ره قسه‌كه‌رانه كه چاوی كامێرا جووڵاندوونی، گێڕانه‌وه‌كانی [دیكه] له‌خۆیانه‌وه ڕۆڵ ده‌بینن – هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پێیانوایه هه‌ن یان پێیانخۆشه هه‌بن. شوێنێك بوونی نییه كه تێیدا بزانین له كوێدا ئه‌و خوده كه‌سی و تایبه‌تیه كۆتایی پێدێت و له كوێدا كرده‌كه‌ی [له ڕووبه‌ری] گشتیدا ده‌ست پێده‌كات؛ ژان ڕوش خۆی به‌و ده‌ره‌نجامگیرییه ڕه‌ق و سه‌خته‌وه كه ئێمه ده‌یبینین نانوێنێت. هه‌موو ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌ر ئه‌م یارییه گره‌و ده‌كات ئه‌وه‌یه كه كامێرای [ئه‌و] له ڕۆڵێكدا كه وه‌كو كاتالیزه‌ر[29] له ئه‌ستۆی گرتووه، ڕوودانی شتێك بوروژێنێت -شتێك كه هه‌رچه‌نده‌ش پێوانه‌هه‌ڵنه‌گر خۆی نیشان بدات داوێنی تێگه‌یشتنی حه‌قیقه‌ت جێگای ده‌گرێته‌وه.
به‌م شێوه‌یه، كیاڕۆسته‌می له ”ئه‌ركی ماڵەوە”دا به‌تێچوونێكی به گۆتره‌وه له‌سه‌ر مێزی یاری بۆ قومار داده‌نیشێت. گرته‌ی ده‌سپێك كۆمه‌ڵێك كوڕیژگه‌ی منداڵ نیشان ده‌دات كه به‌جانتاكانی شانیانه‌وه به‌ره‌و قوتابخانه ده‌ڕۆن. هه‌ندێك له‌وان بۆ كامێراكه خۆیان ده‌نوێنن و جوڵه‌ی سه‌یروسه‌مه‌ره ده‌كه‌ن، كامێرایه‌ك كه ده‌رهێنه‌ر هیچ هه‌وڵێك بۆ شاردنه‌وه‌ی نادات، چه‌ند منداڵێكیتریش سه‌یرێكی كامێراكه ده‌كه‌ن و به شه‌رمه‌وه نیگاكانیان له كامێراكه ده‌دزنه‌وه. له قسه‌كانی سه‌ره‌تای ناو فیلمه‌كه پیاوێكی ڕاگوزه‌ر له كیاڕۆسته‌می ده‌پرسێت كه بابه‌تی فیلمه‌كه چییه؟ ئه‌ویش ئه‌وه به پرۆژه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌یی ناوده‌بات ئه‌وه‌ش زیاد ده‌كات كه ”تاوه‌كو فیلمه‌كه ته‌واو نه‌بێت ناكرێت هیچ له‌باره‌یه‌وه بوترێت”. ئه‌مه په‌یمانێكه كه ”ئه‌ركی ماڵەوە” پێش ئه‌وه‌ی كه وه‌ڵامی قانیعكه‌ر بداته‌وه، پرسیار ده‌خاته‌ڕوو و ئومێدی به‌م ڕاگوزه‌ره‌یه تاوه‌كو به‌خشكه‌یی له حه‌قیقه‌ت نزیك ببێته‌وه.
كیاڕۆسته‌می زۆرترین كاتی فیلمه‌كه‌ی به‌ته‌واوی ته‌رخان ده‌كات بۆ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ فێرخوازه‌كاندا سه‌باره‌ت به دۆخی ئه‌ركه‌كانیان، هه‌روه‌ها له‌هه‌مان كاتدا كامێراكه‌ی، خۆی و هاوكاره‌كانی به‌ڕاستی ده‌خاته پێش چاوی بینه‌ر. به‌هه‌مان شێوه كه پێرێزیش به‌بیرمان ده‌هێنێته‌وه، خۆ-ڕسكاوێتی[30] لێره‌دا بێ هۆكار نییه به‌ڵكو ته‌واو سروشتی خۆی ده‌نوێنێت له‌به‌رئه‌وه‌ی كه كامێرا و ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی له‌و واقیعییه‌ته‌دا كه ده‌نوێنرێته‌وه خۆشیان ئه‌كته‌رن. له‌به‌رئه‌وه‌ی منداڵه كوڕه‌كان به‌هه‌مان شێوه كه وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی كیاڕۆسته‌می ده‌ده‌نه‌وه، كاردانه‌وه‌شیان ده‌بێت به‌رامبه‌ر كامێراكه، كامێرایه‌ك كه له ڕۆڵی هاوڕێ و هاوده‌نگی ڕێگای قوتابخانه هاتۆته ده‌ره‌وه و له‌ناو قوتابخانه‌كه‌دا گۆڕاوه بۆ به‌ڕێوه‌به‌رێكی توند و پێ‌داگر. به پێچه‌وانه‌ی پاریسیه خه‌مناكه‌كان له ”گێڕانه‌وه‌ی هاوینێك”دا، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و گه‌نجه ئارام و بێهێزانه‌ی ده‌وروبه‌ری شاریشه‌وه له ”قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی”، ئه‌م منداڵانه كه له چینی كرێكاره‌وه هاتوون، له‌م تاقیكردنه‌وه قورسه‌ی كه ده‌رهێنه‌ر خستوویه‌تییه به‌رده‌میان ترساون، تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك كه پێده‌چێت ڕێی هه‌ڵاتنیان نه‌بێت لێی.
كیاڕۆسته‌می، چاویلكه‌یه‌كی ڕه‌شی له‌چاودایه، ده‌فته‌ری نمره‌كان و ڕاپۆرتی مامۆستاكانی له ده‌ستدایه و له‌ولای مێزه‌كه‌وه ڕووبه‌ڕووی پۆلی یه‌كه‌كان دانیشتووه، به‌شێوه‌یه‌كی ئازارده‌ر ئاماده‌ییه‌كی بێ‌باك و خه‌مساردی هه‌یه؛ هه‌رچه‌نده كه ڕه‌فتاری ئه‌و تا كۆتایی به ئه‌ده‌ب و ڕێزه‌وه ده‌مێنێته‌وه. له نیگای یه‌كه‌می كامێراشدا هه‌ر ئاوا ناكاریگه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت – هه‌رچیبێت كامێراكه به‌ته‌واوی ته‌نیا ئامێرێكه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و نیگا سارد و بێ هه‌ست و سۆزه‌ی كامێرا (كه كیاڕۆسته‌می به ڕێكخستنێكی دیاریكراو ئه‌وه كه‌ت ده‌كات)، كاتێك پێشتر نیازخراپانه خۆی ده‌نوێنێت كه منداڵه‌كان به جۆرێك سه‌ره‌رۆیی ئه‌و له‌خۆیان دوورده‌خه‌نه‌وه و ئه‌و به لاوازی و بێ توانایی خۆیان په‌یوه‌ست ده‌كه‌ن. كامێراكه له شوێنی خاوه‌ن هێزه‌كاندا وه‌ستاوه -مامۆستاكان، دایك و باوكه‌كان، خوشك و براكان [ی گه‌وره‌تر] – كه له‌گه‌ڵ ئه‌واندا چ له‌ڕووی جه‌سته‌یی و چ له لایه‌نی ڕۆحییه‌وه به توندوتیژی ڕه‌فتار ده‌كه‌ن. به‌ڵگه له‌به‌رامبه‌ر چاوه‌كانی ئێمه‌دایه، نه‌ك ته‌نیا له ڕوخساری حه‌په‌ساو و په‌شۆكاوی فێرخوازه‌كاندا، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی نیگه‌رانكه‌ر له برینه‌كان و پاشماوه‌ی ئازارداندا كه له‌سه‌ر پێستی ئه‌وان به‌جێماون.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا دۆكیومێنت ئاوێنه‌یه‌ك نییه كه سروشت له خۆیدا ڕه‌نگ بداته‌وه – یان به‌لایه‌نیكه‌مه‌وه به‌ته‌واوی ئه‌مه نییه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه كیارۆسته‌می مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه تا ده‌كرێت به ڕاستگۆیانه‌ترین شێوه كار بكات، به‌ڵام ئه‌و دیمه‌نانه‌ی كه ئێمه شاهیدیانین له قۆناغی دوای به‌رهه‌مهێنان كه‌ت كراون و سڕدراونه‌ته‌وه. ئه‌و هه‌روه‌كو ژێگاڤێرتۆف[31] له ”پیاوێك به كامێرای وێنه‌گرتنه‌وه”[32] (١٩٢٩) كه له‌ڕاستیدا پرۆسه‌ی پێكه‌وه‌نانی دیمه‌نه‌كان نمایش ده‌كات مامه‌ڵه ناكات، به‌ڵام ئیدیدتی ده‌ستبه‌جێ و خاوی ” ئه‌ركی ماڵەوە” هه‌موو سه‌رنجه‌كان به‌ره‌و لای خۆی ڕاده‌كێشێت و نیشانده‌ری یه‌ك له دوای یه‌كی ئاگایانه‌ی زانیاریی وێنه‌ییه. به درێژایی چاوپێكه‌وتنه‌كان شاهیدی ڕه‌وتێكی به‌ره‌و داكشانین، له منداڵه كوڕه‌كه‌ی یه‌كه‌م كه به ڕوخۆشی و متمانه‌ی ته‌واوه ڕووبه‌ڕووی كامێرا ده‌وه‌ستێت، تا ئه‌و منداڵه كوڕه‌ی كۆتایی كه هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی به په‌شۆكاوی له‌سه‌ر لێواری هه‌ڵدێرێك وه‌ستا بێت، پچڕپچڕ و به تێكه‌ڵی قسه‌ده‌كات. منداڵه‌كان به‌زۆری ده‌سته ده‌سته و به‌بێ وتنی ناویان دێنه به‌رده‌م كامێرا و ده‌رده‌كه‌ون و ده‌ڕۆن. كه‌واته زۆر به‌ئاسانی ده‌توانی وێنای بكه‌ین كه ئه‌وان به‌رجه‌سته‌كردنی به‌جیای ته‌نیا منداڵێكن كه به‌ره‌به‌ره له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه و ئه‌شكه‌نجه‌ی كامێرا و ده‌رهێنه‌ر خۆی ته‌سلیم ده‌كات. كیاڕۆسته‌می كه‌م و زۆر به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌زموونكراو له‌ڕێگه‌ی خۆهاوشوناسكردنه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و منداڵانه‌ی كه له ناو ده‌سته‌كانیدا ئه‌شكه‌نجه ده‌درێن، به‌هره‌مه‌ند ده‌بێت و به‌دڵنیاییه‌وه ده‌توانین له‌م ڕووه‌وه ڕه‌خنه له ئه‌و بگرین. ئه‌و به قبوڵكردنی سیمای دادوه‌رێك (چ په‌سه‌ندی بكه‌ین یان نا ئه‌و بۆ منداڵه‌كان ڕۆڵێكی له‌م شێوه‌یه‌ی هه‌یه) ئاماده‌یه -به‌شێوه‌ی هه‌ست پێكراو و به‌بێ پێویستی ڕوونكردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی دوایی- نیشانمان ده‌دات كه حاكمییه‌ت چۆن هێزی خۆی به‌كارده‌هێنێت. ئێمه كاریگه‌ری ئه‌و هێزه به‌سه‌ر قوربانیه‌كانه‌وه ده‌بینین و هه‌ستی پێده‌كه‌ین، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه كیاڕۆسته‌می ڕێگه نادات كه ده‌مامكی بێ هه‌ستییه‌كه‌ی ته‌نانه‌ت بۆ یه‌ك چركه‌ش له سه‌ر ڕوخساری لابچێت.
ده‌توانین مودێرنیزمی كلاسیكی ئه‌ركی ماڵەوە پێش هه‌ر شتێكی تر له ناڕاسته‌وخۆبوون و چاوپۆشی زه‌ق و قووڵه‌كه‌ی له مانا دیاره‌كاندا ببینین. به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی جوانیناسی به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ش جۆرێك حوكم و ده‌ستووره و به سه‌رنجدان به‌وه‌ی كه كیاڕۆسته‌می خۆشی له‌ژێر تیری چاوه‌كانی حاكمییه‌تدایه (له چوارچێوه‌ی سیستمی فه‌رمانڕه‌وای ئێران دوای شۆڕش)، ئه‌و ده‌بێت له‌سه‌ر سنورێكی باریكی نێوان مانا ڕاسته‌قینه‌كان و مانا لاوه‌كییه‌كان هه‌نگاو بنێت. ناسازگارانه ئه‌م ئاڵۆزییه داسه‌پاوه به قازانجی فیلمه‌كه ته‌واو ده‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ناوه‌ڕۆكێكی هێمایی پێده‌به‌خشێت. ئێمه ڕێمان پێنه‌دراوه كه به قایلبوونه‌وه بیربكه‌ینه‌وه كه منداڵئازاردان جێكه‌وته‌ی كێشه‌یه‌كه كه تایبه‌ته به كۆمه‌ڵگای باوكسالاریی ڕۆژهه‌ڵاتی. دۆكیومێنتارییه‌كه‌ی كیاڕۆسته‌می هه‌روه‌كو ئاوێنه‌یه‌ك، ڕووبه‌ڕووی ئێمه دانراوه.
ئه‌و پرسیارگه‌لێكی سه‌ره‌تایی و زۆر ئاسایی له منداڵه‌كان ده‌پرسێت؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تادا پرسیار‌و وه‌ڵامه‌كان له‌گه‌ڵ منداڵه‌كاندا به ڕه‌سمی ده‌ربكه‌ون، له كۆتاییدا خۆیان شكڵ و شێوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یی وه‌رده‌گرن. ”بۆچی ئه‌ركه‌كانت له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام ناده‌یت؟” هه‌روه‌ها ئێمه به تۆنێكی یه‌ك ڕیتم لیستی پڕ دووباره‌وه‌بووی بیانووه‌كانی ئه‌وان ده‌بیستین: مامۆستاكان ئه‌ركی زۆر قورسمان پێده‌ده‌ن، خوشك و براكانمان له‌لامان نین تاوه‌كو یارمه‌تیمان بده‌ن، دایكمان خه‌ریكی چێشتلێنان و خاوێنكردنه‌وه‌یه و باوكمان نه‌خوێنده‌واره. له‌كاتی به‌رگرییه به‌سته‌زمانه‌كانی ئه‌م منداڵانه‌دا، ده‌توانین په‌ی به‌و فه‌رهه‌نگه ببه‌ین كه به ته‌واوی له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌ركوتكردنه، كه تێیدا كه‌سه گه‌وره‌كان خۆیان خستۆته ژێرباری زێده‌كاری، نیگه‌رانی و لاوازی و بێتواناییه‌وه، وردبوون و له‌ناوچوون و تۆڵه‌ی نائومێدییه‌كانی خۆیان له‌و كه‌سانه ده‌كه‌نه‌وه كه كه‌وتونه‌ته خواره‌وه‌ی ئه‌م پله‌به‌ندییه. ”ده‌زانیت كه سزادان چییه؟” به ده‌ستبه‌جێی و له‌سه‌رخۆیی فه‌یله‌سوفانه كه لای خۆیه‌وه ترسناكه، یه‌ك به‌یه‌كی منداڵه‌كان وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه كه سزادان واته لێدان. له‌نێوان ئه‌واندا كه‌م بوون ئه‌و منداڵانه‌ی كه ده‌یانتوانی پێناسه‌ی هاندان بكه‌ن -ته‌نانه‌ت بۆ شیكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه چ شتێكیان بۆ هاندان لاپه‌سه‌نده ده‌بوایه زۆر بیریان لێ بكردایه‌ته‌وه. (”یه‌ك شیرینی؟ دوو شیرینی؟” یه‌كێك له‌وان زۆر به پارێزه‌وه بیر له پرسیاره‌كه ده‌كاته‌وه).
منداڵه كوڕه‌كان بۆ یه‌ك چركه‌ش هیچ نیشانه‌یه‌كی ڕه‌نجان و زیزبوون له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌كانی كیاڕۆسته‌می له ڕوخساری خۆیاندا نیشان ناده‌ن و زۆر ئاساییانه‌ش خێرا و هاوشێوه‌ی توتی وه‌ڵامی ئه‌و ده‌ده‌نه‌وه، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێیت كه ماوه‌یه‌كی زۆره ڕۆحی ئه‌وان به مه‌رج و مه‌رجكاریی وردبووه. هه‌رله‌به‌ر ئه‌مه به هه‌مان شێوه كه له سه‌ره‌تادا بینیمان، منداڵه‌كان هێشتا منداڵن و له فه‌زای ئازادی نێوان ماڵ و قوتابخانه‌دان. كه‌واته وا ده‌رده‌كه‌وێت به‌شێكی به‌رچاو له خوێندن ته‌رخانكراوه بۆ سه‌ركوتكردنی غه‌ریزه سروشتیه‌كانی ئه‌وان و هه‌روه‌ها بۆ كارامه‌یی و باڵاده‌ستی به‌سه‌ر ڕه‌فتاری ملكه‌چانه‌یاندا كه به‌شێوه‌ی فه‌رمی له‌وان چاوه‌ڕوان ده‌كرێت. ئه‌م منداڵانه به‌ته‌واوی له تاكایه‌تی بێبه‌ش نین؛ ئه‌مه شتێكه كه به‌ته‌واوی ده‌رده‌كه‌وێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیبوونی سه‌ره‌تایی، ئه‌وانی فێر كردووه كه مانه‌وه پێویستی به به‌رقه‌رابوونی ته‌بایی مه‌یله تایبه‌تییه‌كان و ڕوخسارێكه كه له فه‌زای گشتیدا قبووڵكرابێت.
شێوازی پرسیار‌و وه‌ڵام، ته‌وسێكی لێهاتووانه‌ی كیاڕۆسته‌مییه له سیسته‌می فێركردن كه زانست به زه‌بری هێز ده‌رخواردی فێرخوازه‌كان ده‌دات و به‌شداریی خه‌یاڵكردن نامومكین ده‌كات. ئه‌ركه‌كان بریتییه له ئه‌ندازه‌ی ئیملا‌ی زۆروزه‌به‌ند -كه فیلمه‌كه به‌شاراوه‌یی ئاماژه‌ی پێده‌دات كه هه‌روه‌كو هه‌مان ئیملاكردن و دیكتاتۆرییه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌كان. ده‌شێت ئه‌م نووسینه دووباره‌بیركه‌ره‌وه‌یه ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ك دژی سینه‌مای دۆكیومێنتاریش بێت، له‌و شوێنه‌دا كه به هۆی دیسیپلینی بیرۆكراتیكه‌وه له به‌رده‌م هونه‌ر و خه‌لاقییه‌تدا ڕاستیه‌كان سه‌ركوت ده‌كرێن. ئه‌م ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌یه خۆی به شێوه‌یه‌كی پڕ ڕه‌نگ له ئه‌م پرسیاره به مه‌به‌سته‌ی كیاڕۆسته‌میدا نیشان ده‌دات:
”كامیانت زیاتر حه‌ز لێییه؟ ئه‌ركه‌كانت یان كارتۆن؟” هه‌موو منداڵه‌كان هاوپه‌یمانانه ده‌ڵێن كه ئه‌ركه‌كانیان به‌لاوه گرنگتره له دانیشتن به‌دیار ته‌له‌فزیۆن و سه‌یركردنی كارتۆنه‌وه. كامێرا كه به‌پێی باوه‌ڕی گشتی هه‌رگیز درۆ ناكات له ژێر زمانی منداڵه‌كانه‌وه درۆ ده‌هێنێته ده‌ره‌وه. یان ئه‌گه‌ر فێركردن له‌لای حه‌قیقه‌ت و كارتۆن له‌لای چیرۆك دروستكردن دابنێین، كه‌واته ئه‌م منداڵه كوڕانه، چیرۆكێكیان سه‌باره‌ت به حه‌قیقه‌تی دڵخوازیان پێكه‌وه‌ناوه. ”ئه‌ركی ماڵەوە” ده‌توانێت نموونه‌یه‌كی به‌ته‌واوی مانا بێت بۆ سینه‌ما حه‌قیقه‌ت، ئه‌وه‌ش له‌ڕووی توانایی بۆ خستنه‌ڕووی ئه‌و درۆیانه‌ی كه حه‌قیقه‌ت ئاشكرا ده‌كات. حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه كه ئه‌م سیسته‌می فێركردنه، كه بانگه‌شه‌ی په‌روه‌رده‌كردنی فێرخوازه‌كانی هه‌یه به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌وان به تۆقاندن و ترساندن په‌روه‌رده ده‌كرێن، خودی ئه‌مه درۆیه. كیاڕۆسته‌می تا پێش ئه‌و چاوپێكه‌وتنه وێرانكه‌ره‌ی كۆتایی، خێرایی ئه‌و تۆقاندنه‌ی كه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی منداڵه‌كان ئاره‌زووی سروشتی خۆیان بۆ خه‌یاڵكردن به درۆبخه‌نه‌وه، به خه‌یاڵی ته‌ماشاكه‌ر ده‌سپێرێت. به‌م هۆیه‌وه پرسی سه‌ركوتكراو دووباره ده‌گه‌ڕێته‌وه و له‌خۆیدا درز ده‌خاته پرۆسه‌ی درۆكردن بۆ ده‌ره‌وه -له‌وێدا كه یه‌كێك له منداڵه‌كان دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه خه‌وی به پینۆكیۆوه بینیووه، هه‌مان ئه‌و كاره‌كته‌ره كارتۆنییه‌ی كه لوتی به‌هۆی درۆكردنه‌وه درێژ ده‌بێت.
له‌وانه‌شه ئه‌م منداڵانه به‌ته‌وای درۆ نه‌كه‌ن. كوڕێكیتر به ناڕه‌زایه‌تییه‌وه ده‌ڵێت كه ئه‌ركه‌كانی زیاتر له كارتۆن حه‌زلێیه چونكه خوێندن گرنگتره. ئه‌وه‌ی كه ئایا ئه‌م قسه‌یه له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه درۆ بێت یان نا (هه‌ڵبه‌ت كێ هه‌یه كه بتوانێت ئه‌وه هه‌ڵسه‌نگێنێت؟)، به‌ڵام ڕاستییه‌كی هه‌رچه‌ند بێ به‌هاش بێت به‌ڵام شیاوی نكۆڵینه‌كردنی به شاره‌وه‌ی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه. ئازادیی بێبه‌ندو‌باری یاری و چێژێك كه له كارتۆندا دووباره نیشان ده‌درێته‌وه، خۆراكی ته‌واو نییه بۆ په‌روه‌رده‌كردنی مرۆڤه‌كان. هه‌رچی بێت منداڵه‌كان ده‌بێت گه‌وره‌ببن و گوڕوتینیان له شوێنی گونجاو‌دا بخه‌نه‌گه‌ڕ و به‌ره‌و تێگه‌یشتنی قووڵتر له هه‌ستی به‌رپرسیارییه‌تی ئه‌خلاقی بڕۆنه پێشه‌وه. كیاڕۆسته‌می به‌شێوه‌یه‌كی ڕووكه‌شی ته‌نیا ده‌پرسێت كه ئه‌م په‌روه‌رده و فێركردنه به چ شێوازێك ده‌بێت به‌رهه‌م بێت، به سزادان یان هاندان. به‌ڵام له لابه‌لای ڕیزه‌كانی ”ئه‌ركی ماڵەوە” كیاڕۆسته‌می بوێری وێناكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی (كۆمه‌ڵگای خۆی و به هه‌مان ئه‌ندازه‌یش كۆمه‌ڵگای ئێمه) ته‌واوه‌تی هه‌یه كه تێیدا نامۆیی ئیتر باڵاده‌ست نییه و كار چێژبه‌خشه.
فیلمه‌كه له‌ساڵی ١٩٨٧ وێنه‌گیراوه، له ڕۆژه‌كانی ترۆپكی شه‌ڕی ئێران و عێراق و كیاڕۆسته‌می هه‌روه‌كو وایزما‌ن سیسته‌می فێركردنی ده‌وڵه‌تی هه‌روه‌كو یه‌كه‌ی فێربوونی سه‌ربازی وێنا‌ده‌كات. دوو سێ جار هه‌موو منداڵه‌كان ده‌بینین كه له حه‌وشه‌ی قوتابخانه‌كه‌دا كۆبوونه‌ته‌وه و هه‌ڵبه‌زودابه‌زیانه و له ڕێوڕه‌سمی پرسه‌گێڕانه‌كه‌دا به سنگی خۆیاندا ده‌كێشن، مشته بچووكه‌كانیان له هه‌وادا ده‌جوڵێنن و گۆرانی ده‌ڵێن: (( شۆڕشگێڕان سه‌رده‌كه‌ون، سه‌دامییه‌كان تێكده‌شكێن)). له چه‌ند شوێنێكدا كه فیلمه‌كه نمایش ده‌كرا و منیش ئاماده‌ییم هه‌بوو، هه‌ندێك له ته‌ماشاكه‌را‌ن به بینینی ئه‌م دیمه‌نانه [به ڕه‌فتاری منداڵه‌كان] عه‌شق و خۆشه‌ویستیان ده‌رده‌بڕی، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان له‌و دیمه‌نانه‌ی كه میلیتاریزمی منداڵه‌كانیان وێناده‌كرد شتێكی شیاوی ستایشكردن بدۆزنه‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وان هێنده ساویلكه نه‌بوون له‌به‌رئه‌وه‌ی نمایشی جوان و شیرینی بێ ئازار[ منداڵه‌كان] یه‌كێكه له‌و شێوازانه‌ی كه فیلمه‌كه بۆ گومڕاكردنی ده‌سه‌ڵاتداریه‌ت سودی لێ وه‌رده‌گرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م ڕۆحییه‌تی په‌یوه‌ندییه‌ی كه فێرخوازه‌كان له خۆیانی نیشان ده‌ده‌ن به‌ئاشكرا ناجێگیره -مامۆستاكان هه‌رچه‌نده‌ش به‌شێوه‌ی پته‌و و خۆڕاگر هه‌وڵده‌ده‌ن تاوه‌كو دیسیپلینی سه‌ربازی باڵاده‌ست بێت، هه‌میشه چه‌ند منداڵێك ڕێك و پێكی ڕیزه‌كه تێك ده‌ده‌ن. (له یه‌كێك له دیمه‌نه‌كاندا كیاڕۆسته‌می به نیشاندانی ئه‌وه‌ی كه شپرزه‌یی مه‌راسیمه‌كه ده‌بێته سوكایه‌تی، ده‌نگه‌كه ده‌پچڕێنێت). جێی ئومێده كه هه‌وڵدان بۆ سه‌پاندنی دیسیپلین به‌سه‌ر ناڕێكیه‌كانی منداڵه‌كاندا ڕووبه‌ڕووی شكست ده‌بێته‌وه. به‌م هۆیه‌وه تا ئه‌و شوێنه‌ی كه ئه‌م سه‌پاندنه به‌سه‌ركه‌وتوویی كارده‌كات، دیسیپلین [ئاماده له ئه‌ودا] هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه به مه‌راسیمی جوانی جوانیناسیانه ده‌به‌خشێت. هونه‌ر ڕووداوه په‌رشوبڵاوه‌كانی ژیان له فۆڕم و نموونه‌ی ماناداردا ڕێك ده‌خات (هونه‌ری دۆكیومێنت هه‌ر ئه‌مه‌یه). پرسیاره‌كه لێره‌دایه، چه‌نده و بۆ چ مه‌به‌ست و ئامانجێك؟ هارمۆنی و هاوئاهه‌نگبوون نابێت له‌گه‌ڵ شكاندنی سروشت، یان لایه‌نیكه‌م له‌گه‌ڵ شكاندنی سروشتی ده‌روونی، به‌رهه‌م بێت. توندوتیژییه‌كه كه له ”ئه‌ركی ماڵەوە”دا كار له‌سه‌ر منداڵه‌كان ده‌كات [بوونی] دیسیپلین ئاسان ده‌كات، یان به ده‌ربڕینێكی ڕوونتر ملكه‌چ بوون بۆ دیسیپلین. منداڵه كوڕه‌كان ملكه‌چ و به‌كۆیله‌كراون تا باشتر بۆ خزمه‌تی سه‌ربازی ببنه شه‌ڕكه‌ر (به‌سیج). ئه‌م خاڵه‌ش حه‌تمییه كه له هه‌ناوی توندوتیژییه‌وه توندوتیژی زیاتر به‌رهه‌م دێت. له‌گه‌ڵ وروژاندنه به‌رده‌وامه‌كانی كیاڕۆسته‌میدا یه‌كێك له منداڵه‌كان پێیوایه كه له جیاتی پێنج یان شه‌ش زلله، كه باوكی هه‌میشه به ڕوخساری ئه‌ویدا ده‌كێشا، ئه‌و له داهاتوودا حه‌وت زلله ده‌كێشێت به ڕوخساری كوڕه‌كه‌یدا. منداڵێكیتریش هه‌یه كه بیركردنه‌وه‌ی جیاواز و ناكۆكتری هه‌یه و توانای ئه‌وه‌ی نییه كه بڕیار بدات له داهاتوودا ببێته پزیشك و برینه‌كانی ئه‌وانیتر چاره‌سه‌ر بكات یان ببێته فڕۆكه‌وان و بیه‌وێت سه‌دام بكوژێت.
په‌شۆكاوانه‌ترین چاوپێكه‌وتن بۆ دوایین ساته‌كانی كۆتایی فیلمه‌كه هه‌ڵگیراوه. ناوی منداڵه‌كه ده‌زانین (مه‌جید)ـه‌و به دڵنیاییه‌وه ئه‌وه له‌به‌رچاوگیراوه كه ئه‌و نیشانده‌ری منداڵه‌كانیتر بێت. منداڵه‌كه به‌ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ر، كامێرا و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه ئه‌وان به كۆمه‌ڵ نیشانده‌رین، هه‌روه‌كو ئاژه‌ڵێك كه كه‌وتبێته ته‌ڵه‌وه له ترس‌دا ده‌له‌رزێت. منداڵه‌كه، ناوله‌پی ده‌ستی ئاره‌قه‌ی كردۆته‌وه، هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی كه‌وتوونه‌ته له‌رزین و ده‌نگی كه به‌ره و خیزه‌خیزێكی خه‌مناك نزم بۆته‌وه، سه‌ره‌نجام بۆ هاتنه‌وه سه‌ر خۆی، په‌نا ده‌باته به‌ر فرمێسكه‌كانی. كیاڕۆسته‌می كه په‌ی به‌و ناپاكییه ده‌بات كه كردوویه‌تی، ڕێگه به باشترین هاوڕێی مه‌جید ده‌دات بۆ دڵنیایی ئه‌و به‌ته‌نیشتییه‌وه ڕابوه‌ستێت. كیاڕۆسته‌می له هاوڕێكه‌ی ئه‌و ده‌پرسێت: ((بۆچی هێنده ترساوه؟)) ئه‌مه خۆی پرسیارێكی بێ وه‌ڵامه. له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ئێستا ئیتر ئه‌ویش هه‌ر به‌لایه‌نیكه‌مه‌وه هێنده‌ی ئێمه وه‌ڵامه‌كه ده‌زانێت. مه‌جید هه‌روه‌كو وێنه‌ی منداڵێكی لێك هه‌ڵوه‌شاو له ته‌نیشت ئیدمۆندی ئه‌ڵمانیا، ساڵی سفر[33] له ده‌رهێنانی ڕۆسلینی[34] و هه‌روه‌ك پائولت له یارییه قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان[35] به‌رهه‌می كیلمنت[36] ڕاده‌وه‌ستێت. هه‌ڵبه‌ت كه جیاوازییه‌كی زۆر گرنگ له‌م نێوه‌نده‌دا هه‌یه. مه‌جید نه‌ك به‌ته‌واوی وێنه‌یه‌كه به‌ڵكو ئینسانێكی واقیعییه و مومكین نییه كه خۆمان بیرنه‌كه‌ینه‌وه چی به‌سه‌ر ئه‌و هاتووه و ئه‌وه‌ی كه ئایا ئه‌و هێشتا زیندووه یان نا. كیاڕۆسته‌می ئه‌وی وه‌كو منداڵێكی توقیو، كه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازاره‌كانی له‌به‌رخۆیه‌وه دۆعایه‌ك ده‌ڵێته‌وه، بۆ هه‌میشه له چوارچێوه‌ی وێنه‌یه‌كدا هه‌ڵده‌كۆڵێت: ((خودایه! خۆت دڵمان پڕبكه له شادی))، ئه‌و گۆرانی ده‌ڵێت و هاواری تكای ئه‌و، جیهانێك كه له‌ناو ده‌ردو ئازاردا نغرۆبووه، له باوه‌ش ده‌گرێت.
______________
پەراوێز:
[1] Sight and Sound
[2] Louisiana Story
[3] Robert Flaherty
[4] Intolerance
[5] actualité
[6] representation
[7] fiction
[8] non-art
[9] Leni Riefenstahl
[10] Humphrey Jennings
[11] John Grierson
[12] Coal Face
[13] Night Mail
[14] High School
[15] fly-on-the-wall
[16] Nanook of the North
[17] Flaherty
[18] Land without Bread
[19] Luis Buñuel
[20] Night and Fog
[21] Alain Resnais
[22] Chronicle of a Summer
[23] Jean Rouch
[24] Cinema vérité
[25] Gilberto Perez
[26] Material Ghost
[27] Edgar Morin
[28] Direct Cinema
[29] كارلێككه‌ر(و.ك)
[30] auto-referentiality
[31] Dziga Vertov
[32] Man with a Movie Camera
[33] Germany, Year Zero
[34] Rossellini
[35] Jeux interdits
[36] Clément
بۆ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌م نووسینه کرتە لێرە بکەن: