لەبارەی کیاڕۆستەمییەوە
محەمەد تاهیر
ناونیشانی بابەتەکە دێڕێکی کیاڕۆستەمی خۆیەتی کە لەچاوپێکەوتنێکیدا دەربارەی هونەر و ئامانجی سینەما وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە ئاخۆ هونەر و ئامانجی سینەما چییە؟ ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت: “هونەر هیچ ئامانجێکی دیاری کراوی نییە، هونەر پووچە.”
ئەم وەڵامەی کیاڕۆستەمی بەرەو ئەو بیرکردنەوەیەمان دەبات کە بە درێژایی مێژوو مرۆڤ سەروکاری لەگەڵیدا هەبووە. بەردەوام پرسیاری لەخۆی کردووە کە ئاخۆ ئەو بۆچی هەیە؟ بۆچی لێرەیە؟ ئاخۆ پاڵنەر و مۆتیڤەکانی پشت ئەم سەیروسەمەرەیە چییە؟
دواتر ئەم پرسیارە تەواو خۆی مانیفێست و تۆختر دەکاتەوە لەناو جیهانی فیکرو فەلسەفەدا و ڕیشەی پرسیارەکە ڕەنگە لەو جێگەیەوە دەست پێبکات کە “تالیس” بنەمای فەلسەفەکەی خۆی لەسەر دادەڕێژێت. دواتر لەسەدەکانی نۆزدە و بیستدا زۆر ڕۆشنتر دەردەکەوێت، کە لەڕاستیدا ڕەنگە جیهان خۆی هیچ ئامانجێکی دیاری کراوی نەبێت! ڕەنگە بوون هەڵهێنجراوی ناو بێواتاییەکی ئەبستراکت بێت، بەڵام ئێمە لێرەین دەبێت مانایەک بەبەری ئەم پوچیەدا بکەین، ڕەنگە هونەر گەورەترین کاری هەبێت لە نیشاندان و ڕەنگ کردن و دووبارە مانادانەوە بەم بێماناییە. سیزیف لای “ئەلبێرت کامۆ” زۆر ڕۆشنتر لە مەبەستەکە نزیکمان دەکاتەوە کە بەردەوام لەهەوڵی بردنی بەردەکەدایە بەرەو لووتکەی چیاکە و دووبارە غلۆر بوونەوەی و بەرەو سەرەوە بردنی و دووبارە غلۆر بوونەوەی لەپێناو بەگژداچوونەوەی ئەم پوچیەدا بەردەوام لەهەوڵ و کۆششدایە.
بەبڕوای من پووچی لەم وەڵامەی کیاڕۆستەمیدا بەمانای بێمانایی نایەت، یاخود بێ واتاییەکی ڕووت و قوت، بەڵکو میتافۆڕێکە کە دەکرێتماناکەی بە دیوێکدا وا دابڕێژینەوە کە هونەر لەدەرەوەی ئەو پێناس و شوناس و واتایانە بێت کە لە دەوری چنراون، کەخودی کارەکانی کیاڕۆستەمی سەلمێنەری ئەم ڕاستیەن.
بەبڕوای من وەڵامەکە هەتا ئەو جێگەیە ژیرانەیە کە بۆ ڕزگارکردنی خودی هونەرە لەهونەر! تێکوپێکدان و داڕنینی کۆی ئەو پێناس و واتایانەیە کە ئێمە لەدەوری میدیۆمێک خڕمانکردۆتەوە کە ڕەنگە خۆی لە دەرەوەی ئەو پێناس و شوناسانەوە بێت.
هەربۆیە کیاڕۆستەمی خۆی دەڵێت: من هیچ کات ستایشکردنی فیلمەکانم دڵم خۆش ناکەن وەک چۆن ڕەخنەی ئەو ڕەخنەگرانەش لە کار کردنم ناموەستێنن کەدەڵێن فیلمەکان نەدەبوو بەم جۆرەبن، چونکە لەڕاستیدا هونەر هیچ یاساو ڕێسایەکی دیاری کراوی نییە تامن خۆمی پێوە پەیوەست بکەم.
لەڕاستیشدا هەر شوناس و ناسمەیەک بۆ هونەر و لەناو ئەویشدا سینەما بەجۆرێک لەجۆرەکان لە قاڵبدان و هێڵ کێشانە بەدەوریدا کە سینەمای ڕاستەقینە لەخۆیدا دژ بە هەر جۆرە نۆرم و چوارچێوە و قاڵبێکە.
لێرەدا من هەوڵدەدەم بەشێوەیەکی گشتی لەبارەی جیهانبینی کیاڕۆستەمییەوە قسەیەک بکەم، کە لەسەرەتای کاری فیلمسازی ئەوەوە لەبەرهەم هێنانی کورتە فیلمەکانییەوە بوونیادی ناوە و ئەم هێڵە درێژ دەبێتەوە تا بەرهەم هێنانی کۆتا فیلمی بەناوی (24 فرەیم).
ئەگەر سینەمای ئێران لەشەستەکاندا بە فیلمی “مانگا”ی دەرهێنەر (داریوش میهرجویی) قۆناغێک بچێتە پێشەوە و بنەماکانی سینەمای مۆدێرنی ئێرانی لێوە سەرهەڵبدات کە تەواو لەژێر کاریگەری نیوڕیالیزمی ئیتاڵیدا خۆی بونیادناوە. ئەوا لەدوای بەرهەمهێنانی فیلمی “ماڵی هاوڕێ لەکوێیە”ی کیاڕۆستەمی قۆناغێکی تر لەفیلمسازی دەستپێدەکات کە تەواو جودا و جیاوازە لەسینەمای پێش خۆی.
جیهانی کیاڕۆستەمی جیهانێکی تەواو سادە و ساکارە
دەڵێت لێرە چیرۆکێک هەیە، ئێمە دەبێت بیگێڕینەوە بەڵام کیاڕۆستەمی شاعیرو هاوکات وێنەکێش و دواجار سینەماکارە. واتە ئەزمونی سینەمای کیاڕۆستەمی ئەزمونێکی شیعری و ئیستاتیکییە. سینەما بۆ کیاڕۆستەمی کۆکردنەوەی کۆی ئەو هونەرانەیە کە ئەو لە ڕێگەیەوە بەر جیهان دەکەوێت. لەیەک کاتدا بینەر مامەڵە لەگەڵ شیعر و تابلۆ و سینەماشدا دەکات ئەوەش خاڵی تایبەت و جیاکەرەوەی کیاڕۆستەمییە لەگەڵ پێش خۆی . ئیشکردنی کیاڕۆستەمی بەپلەی نایاب مامەڵەیە لەبارەی پەراوێز خراوانەوە، ئەوانەی کەس ئاگای لێیان نییە، خۆیان و ژیانیان، خۆشەویستیان، ئازارەکانیان، تەنیایی و بێدەنگییان، خەونەکانیان، ئەوان ڕێگا دوورەکان دەبڕن و لەژێر ئازاری ئەم دونیا بێڕەحمەدا دەژین. وەک بڵێی گەر کیاڕۆستەمی نەبێت کەس ئەمانی خۆش ناوێت، کەس نایانبینێت و نایانبیستێت
.
سینەمای کیاڕۆستەمی سینەمایەکی ئەخلاقیە ئەخلاق بەومانایەی بەرپرسیارانە هەڵوێستەکردنە لەبارەی کردارێکەوە کەتەواو مرۆڤانەیە، دەبێت شتێک وەک ئەوەی هەیە و بێلایەنانە تەماشای بکەین و بیگێڕینەوە ئەخلاق بەو واتایەی بەرپرسیارە بەرامبەر شتێک، کە دونیا تەواو فەرامۆشی کردون و ئاوڕیان لێناداتەوە بەڵام ئەوان بوونیان هەیە و لێرەن .
ئەو چیرۆکێک دەگێڕێتەوە کە ئێمە ڕۆژانە بەلایدا تێدەپەڕین و تەماشای ناکەین و بۆمان گرنگ نییە. سینەمای کیاڕۆستەمی بەردەوام دەمانخاتە بەردەم ئەو پرسیارەی بۆچی منت خۆش ناوێت؟ بۆچی دەبێت دەنگم هەڵبڕم و هاواربکەم ئینجا تەماشام دەکەین؟ بۆچی گەر کێشەکەم گەرچی چکۆلانەش بێت بۆ تۆ گرنگ نییە؟ لە تەنیشتی هەموو ئەمانەشدا وێنەو دیمەنە شیعر ئامێزەکانی تەواو سەرشارن لە ژیان و جوانی.
هەتا دەتوانم بڵێم لەناو سینەمای کیاڕۆستەمیدا شتێک پێچەوانە دەبێتەوە، بۆ نموونە گەرچی زۆربەی جار ئێمە میوزیک بۆ ڕونکردنەوە و باشتر نیشاندانی دیمەنێک یاخود ڕونکردنەوەی بارودۆخی سایکۆلۆژی کارەکتەرەکانمان بەکاردەهێنین، بەڵام لای کیاڕۆستەمی هەندێکجار ئەمە پێچەوانە دەبێتەوە و ئەوە وێنەیە میوزیکمان بۆ ڕوون دەکاتەوە و نۆتە و دەنگەکان دەبنە وێنە و بەجۆرێک کیاڕۆستەمی ڕەنگ و شێوەی میوزیکمان بۆ وێنادەکات. ئەمەش بە ڕوونی لە فیلمی “ژیان و هیچی تر”دا دەبینینەوە.
کیاڕۆستەمی هەمیشە بەرەو گێڕانەوەیەکی جیاوازمان دەبات وەک خوێندنەوەی ڕۆمانێک، یاخود چیرۆکێک، یاخود شیعرێک. بەشێوەیەکی ڕواڵەتی و گشتی ئێمە دووجۆر گێڕانەوەی باومان هەیە کە گێڕانەوەی لینیەر و نەن لینیەرە، گێڕانەوە لەفیلمەکانی کیاڕۆستەمیدا زیاتر لەناو بازنەی یەکەمدا دەخولێتەوە.
سینەمای کیاڕۆستەمی سەرشارە لەهێواشی و لەسەرخۆییەک کە بینەر ماندوو ناکات و سەرپشکی دەکات لەهەر وچانێک کەخۆی بیەوێت.
جارێک لە چاوپێکەوتنێک لێی دەپرسن: تۆ کام جۆر فیلم و سینەمات خۆش دەوێت؟
لەوەڵامدا کیاڕۆستەمی دەڵێت: (ئەو فیلمانەی وادەکەن لەکاتی تەماشاکردندا بینەر بخەوێت یاخود وچانێک بدات، لەڕاستیدا ئەوانە فیلمی میهرەبانن نەک لە ژێر هێزی گێڕانەوە خێرا و ڕووداوە بەدوایەکداهاتووەکاندا بینەر بپڕوکێنێت و نەتوانێت وچانێک بدات).
لەبەشێک لەفیلمەکانی کیاڕۆستەمیدا هەندێک جار حیکایەت خوانێک دێت و چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، چیرۆکێک کە چیرۆکی خۆی نییە بەڵکو ئازاری ئینسانێکی بەڕاوێزخراوە، ئینسانێک کە لە گوند یاخود لەشار دەژی بەڵام خاوەنی ئازار و نیگەرانی خۆیەتی، خاوەنی دڵشکان و وردوخاش بوونی خۆیەتی، لەفیلمەکانی (دە ، کڵۆسئەپ ، ژیان و هیچی تر و بە نێو درەختە زەیتونەکاندا) بەر ئەم جۆرە ئەزموونە دەکەوین.
ئەوەی کیاڕۆستەمی لە فیلمسازانی تر جیادەکاتەوە و فۆڕمێکی تایبەت بەخۆی دەداتێ ڕوانینی ئەوە بۆ کێشەکان، کە هەرگیز بەرەو ئاڵۆزی زۆر و کێشەی زۆر گەورەمان نابات، بەڵکو دەرگیری کۆمەڵێک کێشەی جیاوازمان دەکات کە هەندێ کات “دۆستایەتییەک ،عەشقێک،گریانێک یاخود پیاسەکردنێک، سەفەرێک، گفتوگۆیەکی هاوڕێیانە، یاخود پرسیارێکی بچکۆلانە کە لەگەڵ خۆی دەمانبات و ئەزمونێکی جیاوازی لەگەڵ تاقی دەکەینەوە.
بۆ نمونە بۆچی کەس ئاگای لەمن نییە؟ کەس منی خۆش ناوێت؟ بۆچی تەنیا لەبەر ئەوەی من مرۆڤم تۆ منت قبوڵ نییە و شتێکی زیاتر لەوەت دەوێت کەڕەنگە من نەمبێت یاخود نەتوانم هەمبێت؟ قبوڵ نەکردن و پەراوێزخستنی خودی سەبزیان لە فیلمی “کلۆسئەپ”دا تەواو ڕەنگدانەوەی ئەم پرسیارەیە کە سەبزیان هەوڵدەدات شتێک لەخۆی زیاتر بکات بۆ ئەوەی ببێتە جێگەی سەرنج و گرنگی پێدان و بوونی لەمەترسیدا نەبێت لە بەرامبەر ئەوانی تردا. گەرچی ئەو دەیەوێت ئەزموونی جیهانی ئەفسوون ئامێزی سینەما بکات بەڵام ئەم هەوڵدانەی لە پێناو ئەوەدایە ببێتە جێگەی بایەخی ئەوانیتر و سینەما لەوە دەربازی بکات لەوەی چیتر پەراوێز بخرێت. ڕوبەڕووی هەمان ئەزموون دەبینەوە لە فیلمی “بە نێو درەختە زەیتوونەکاندا”.
پرسیاری کیاڕۆستەمی بەردەوام پرسیارێکی بوونگەرا و ژیان دۆستانەیە، پرسیارێک مرۆڤێک لە کونج و ناواخنی خۆیدا هەڵی دەگرێت و دەیشارێتەوە. هەموو مرۆڤێک خاوەنی چیرۆک و پرسیاری خۆیەتی کە ڕەنگە نەبوونی دەرفەتێک وابکات ئەو پرسیارە بۆ ئەبەد بمرێت و قەت نەیدرکێنێت بەڵام کیاڕۆستەمی پیشانمانی دەدات وەک ئەوەی منیش وەک تۆ دەتوانم قسەبکەم و هەناسەدەدەم و ئازار دەچێژم و پێدەکەنم و دەگریم، منیش مرۆڤم! کەواتە سەیرم بکە و ئاگات لێم بێت. بەردەوام تکایەک، نیگایەک، دەستێک، وەستانێک، شەرمێک، ڕستەیەک هەیە و فەرامۆشکراوە، بەڵام کیاڕۆستەمی پیشانی دەدات و دەپرسێت بــۆ؟ هەموو ئەم ڕووداوانەش لەناو خودی ژیانەوە وەردەگرێت. کیاڕۆستەمی ئەوەندەی چاوی لە ژیانە چاوی لە سینەما نییە و ڕەنگە ئەم ڕستەیەی خۆی لێرەدا تەواو گونجاو بێت کەدەڵێت: (من چیرۆکی تەواوی فیلمەکانم لەڕووداوەکانی ناو ژیانەوە وەرگرتووە جگە لەفیلمی تامی گێلاس!) واتە سینەمای ئەو هەڵهێنجراوی ناو خودی ژیانە. ئەو ڕاستییەش ناشارێتەوە کە چەند بە سینەمای (یاسیجیرۆ ئۆزۆ) کاریگەرە.
تەنانەت چەند خاڵێکی گەلێک نزیک و هاوبەش لەنێوانیاندا بوونی هەیە، ئەویش دووبارەبوونەوەی منداڵ یاخود کارەکتەری پیرو بە ئەزمون و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کامێرا و هەڵبژاردنی چیرۆکدا.
ئەو چیرۆکێک دەگێڕتەوە، چیرۆکێک لەڕێگەی کامێراکەی دەستییەوە ئەوەی ئارەزوویەتی نایخاتە ناو فرەیمەکەیەوە و هیچ فریوێک لەئارادا نییە، بەڵکو ئەوەی هەیە ئەوەیە کە چیرۆکەکە دەخوازێت و دێتە بەردەم کامێراکەی. کامێرای ئەو هەمان ئەو چیرۆکەیە کە خۆی دەیەوێت قسە بکات و دەنگ هەڵبڕێت و خۆی بەیان بکات. لەسینەمای کیاڕۆستەمیدا ئازارێک بوونی هەیە، هەمووکات مرۆڤێک ئەم ئازارەی نییە هەندێککات سەبجێکتێکی بێگیانە وەک تۆپێک، وەک بەردێک، درەختێک، ڕێگایەک، یاخود قوتویەک کە چیتر خاڵیەو کاری خۆی ناکات.
کیاڕۆستەمی تەواوی چیرۆکی فیلمەکانی لەناو ژیانەوە وەردەگرێت جگە لەفیلمی “تامی گێلاس” کەدەڵێت: (ئەم فیلمە تەواو لەناو خۆمەوە هاتۆتە دەرەوە). ڕەنگە تاکە فیلمی ڕاستەقینەی ئەو بێت. گەرچی لەکاتی نمایشکردنی لە ئێران دەبێتە جێگەی ناڕەزایەتییەکی گەورە و بەگشتی فیلمێکی دڵگیر نابێت بۆ بینەرەکانی بەڵام لە ڕێگەیەوە دەبێتە براوەی خەڵاتی پاڵمێ دۆر لە ڤیستیڤاڵی فیلمی کان.
لەسینەمای کیاڕۆستەمیدا بەردەوام چاکەیەک هەیە کە ئەم چاکەیە نەتەوە و زمان و کولتور و ئاین ناناسێت، چاکەیەکە مرۆڤێک لەشوێنێک ئەنجامی دەدات و لە کاتێکدا کە دەڵێی کامێرای کیاڕۆستەمی خۆ نەویستانە چاوی دەکەوێتە سەری و ئەم چاکەیەمان بۆ دەگوازێتەوە، چاکەیەک لە هەموو مرۆڤێکدا بوونی هەیە بەڵام دەبێت خەبەری بکەینەوە و بەئاگای بێنینەوە.
کێشەی مرۆڤ کێشەی سینەمای کیاڕۆستەمییە، مرۆڤێک ژیانێکی سادەو ئارەزوویەکی سادە و ویستێکی سادەی هەیە، مرۆڤێک دەیەوێت ژیانی خۆی بژی ئەزمونی خەیاڵەکانی بکات، مرۆڤێکی بێ تەماح و ژیان دۆستە.
کیاڕۆستەمی چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، کەخۆشی دەوێت، چیرۆکێک دەست پێناکات و تەواو بێت بەڵکو چیرۆکێکە دێت و ڕەنگە بۆ ئەبەد کۆتایی نەیەت، کۆی گشتی فیلمەکانی لەو کاتەدا دەست پێدەکەن کە ئێمە هۆڵەکانی سینەما جێدەهێڵین و شتێک لە فیلمەکەدا ماوەتەوە کە ئێمە لەگەڵ خۆمانی دەبەین و دواتر مامەڵەی لەگەڵ دەکەین.
چیرۆکێک کە شیکاری ورد و پێچاوپێچی تێدا نییە وەک گریانی ژنێک، عەشقی کوڕێک، بێهودەیی، بێدەنگیی، یاخود هیچکام لەمانە.
ڕەنگە تەنیا گێڕانەوەیەکی بێئامانج بێت وەک خۆی دەڵێت: (هونەر هیچ ئامانجێکی دیاری کراوی نییە، تۆ بۆ دەتەوێت لەفیلمێک تێ بگەیت مەگەر ئێمە لە مۆسیقایەک تێدەگەین؟ مەگەر لە وێنەیەک یاخود شیعرێک تێدەگەین؟)
ئێمە ئەزمونی هەموو ئەوەی ڕوودەدات لەناو چیرۆکەکانی کیاڕۆستەمیدا ناکەین، بەڵکو زۆربەی جار شتێک دەمێنێتەوە کەخودی چیرۆکەکە تا ئەو جێگەیە هەنگاو دەنێت و دەڕوات.
پرسیاری گرنگ لای کیاڕۆستەمی ئەوە نییە من دەبێت لەناو کامێراکەوە شتێک بگێڕمەوە کە دەرئەنجامێکی گەورە و گرنگی هەبێت هەندێک کات چیرۆکەکە لەو شوێنەدایە کە گێڕانەوەکە کۆتایی دێت لەو شوێنەدا کە فیلمەکەمان بەکۆتا دەگات و چیتر چیرۆکێک بونی نییە، ئیتر ئێمە لە گێڕانەوە دەوەستین و تۆ دەبێت شتێک بکەیت، ئیتر تۆ دەرگیری پرسێکی ئەخلاقی دەبیت کە ڕەنگە پێویست بکات بڕیارێک بدەیت، یاخود شتێک دەزانیت و دەبینیت کە ڕەنگە ڕۆژێک لەڕۆژان پێویست بکات ئەنجامی بدەیت.
بەشێوەیەکی گشتی سینەمای هۆڵیود یاخود سینەمای باو گێڕانەوە دەکەوێتە خزمەتی کارەکتەری سەرەکی یاخود ڕووداوێکی زەق کە کۆی چیرۆکەکە دەکەوێتە هەوڵی ڕوونکردنەوەی ئەو ئامانجەوە کە لە کۆتایدا بە دەرەنجامەکە دەگەین. بەڵام لەسینەمای کیاڕۆستەمیدا گێڕانەوە لەبەشی زۆری فیلمەکانیدا دەکەوێتە خزمەتی دیمەنێکەوە یاخود (شوێن-کاتێک)ی دیاری کراوەوە. زۆربەی کات لەکۆتایی فیلمەکەدا نییە یاخود لەناو هێڵ و پڵۆتی سەرەکی ڕوداوەکاندا نییە کەئەمەش یەکێکی ترە لەو خاڵانەی کیاڕۆستەمی لەدەرهێنەرەکانی تر جیادەکاتەوە.
کیاڕۆستەمی مامەڵەیەکی زۆر نزیک لەگەڵ واقیع دەکات بەجۆرێک فیلمەکانی وەک بڵێی لە کاتی ڕاستەقینەی ئێمەدا ڕوودەدەن، کە ئەمەش هەندێک کات بۆتە جێگەی ڕەخنەی ڕەخنەگرەکان و دیارترینیان لەئێران ڕەنگە (مسعود فەراسەتی) بێت کەدەڵێت: (کیاڕۆستەمی نازانێت مامەڵە گەڵ کاتدا بکات. نیشاندانی ئەو منداڵەی لە فیلمی “ماڵی هاوڕێ لەکوێیە” کاتێک بەسەر گردەکەدا سەردەکەوێت کاتێکی زیاد لەپێویست دەخایەنێت لەکاتێکدا ئێمە دەتوانین لەڕێگەی دووجار بڕینەوە بە بینەر بڵێین کارەکتەرەکە بەوێدا ڕۆشت، بەڵام ئەم لەکاتی خۆی زیاتر کات بەوە دەدات.) بەڵام خودی ئەم ڕەخنەیەی فەراسەتیش پشت بەجۆرێک لە گێڕانەوە و ستراکتۆری هۆڵیودی دەبەستێت کە ناکرێت ئێمە وەک بنەما و خاڵێکی بنچینەیی وەریبگرین کە گونجاو نەبێت لەدەرەوەی ئەوە کاربکەین. چیرۆکەکانی کیاڕۆستەمی ئەگەر لە دەرەوەی فیلمەکەوە ڕوبدات هەمان کات و زەمەن دەخایەنێت ئەمەش لەقۆناغەکانی سەرەتای فیلمسازی ئەوەوە دەست پێدەکات هەتا کۆتاییەکانی ژیانی لەگەڵی دەمێنێتەوە.
سینەما لای کیاڕۆستەمی لەشوێنی زۆر بچوکدایە، هەندێککات فرەیمێک، هەندێککات پرسیارێک، هەندێککات هیچ کام لەمانە و ڕوونەدانێک، شوێنێک کە هیچ شتێک ڕوونادات وەک هەموو ڕۆژە بێمانا و دووبارەکانی ئێمە کەهیچ شتێک ڕونادات.
پرسیاری گرنگ لای کیاڕۆستەمی کە دەرگیری دەبیت ئەوەیە بۆ هەمیشە دەبێت شتێک ڕووبدات؟ بۆ هەمیشە دەبێت شتێک بدۆزینەوە؟ بۆ هەمیشە دەبێت بە وەڵامێک بگەین؟ بۆ هەمیشە دەبێت شتێک بە بنبەست بگات؟ مەگەر تەواوی ژیانی ئێمە بەو جۆرەیە؟ مەگەر ئێمە هەمیشە بەدەرئەنجامێک دەگەین و شتێک دەدۆزینەوە و کێشەیەک چارەسەر دەکەین؟
ئەوەی سینەمای کیاڕۆستەمی دروستی دەکات بەرپرسیاری ژیاندۆستی و هاوڕێیەتیە کە ڕەنگە ئەگەر کیاڕۆستەمی نەناسیت و نەبینیت و نەتوانیت ئەزمونی بکەیت.
ئەوەی دەربارەی سینەمای کیاڕۆستەمی هەیە ئەوەیە کە چیرۆکێک لەشوێنێکی دوور یاخود نزیک هەیە، بەڵام پەراوێزخراوە، بێ دۆست و بێهاودەمە، ئێمەش لەڕێگەی وێنە یاخود شیعرێک یاخود چیرۆکێکەوە دەیگێڕینەوە و نیشانی ئەوانی تری دەدەین، بەوپەڕی خۆشەویستییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین. ئێمە نە پێغەمبەرین نە سیاسین تاوەکو بەڵێنی شتێکی ترتان پێبدەین، بەڵکو هەستێک هەیە بۆ ئێوەی دەگوازینەوە، هەستێک کە ڕۆژێک لەڕۆژان لەتۆدا هەبوە یاخود ڕوودەدات.
ئەم بابەتە بەشێوەیەکی گشتی ڕووانینە بەدەوری ئەو جیهانەدا کە کیاڕۆستەمی بەسینەماکەی بوونیادی ناوە، ئەگینا هەر فیلم و فاکت و بابەتێک کە ئەو مامەڵەی لەگەڵ دەکات لەناو فیلمەکانیدا شایەن بە بابەت گەلی گەورە و لێکوڵینەوەی جدین لەبارەیانەوە بکرێت و بنووسرێت.
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم دێڕێکی کیاڕۆستەمی خۆیەتی کەدەڵێت: (هەموو ئەمانەی کردوومن بیرکردنەوە و قسە جدییەکانی من نین).
لەستایشی کیاڕۆستەمیدا
(سینەما بە گریفس دەستی پێکرد و بەکیاڕۆستەمی کۆتای هات).
“گۆدار”
______
سەرچاوە:
عباس کیاروستمی و فیلم- فلسەفە ترجوم سالح نجفی
گفتگوی نازی بگلری با عباس کیارستمی
گفتوگو با عباس کیارستمی بعد از دریافت جایزه نخل طلایی جشنواره کن
گفتگو با عباس کیارستمی در فستیوال تورنتو
میز نقد برنامه سینمایی هفت، بررسی و مرور آثار عباس کیارستمی
عباس کیارستمی در دانشگاه سیراکیوز