ئیبراهیم ئەلعەریس – ڕەخنەگری سینەمایی
“چەند هەفتەیەك دوای مردنی کیاڕۆستەمی ئەم وتارە نوسراوە”
لە عەرەبییەوە: زرار حەمید
(وشەکانم ناتوانن دەربارەی هەستی من بەرامبەر ئەم فیلمانە بدوێن، کاتێك [ساتیاجیت ڕای] کۆچی دوایی کرد، بەتەواوی هەستم بە نائومێدی کرد. بەڵام کاتێك فیلمەکانی [کیاڕۆستەمی]م بینی سوپاسی خودام کرد چونکە کەسێکی گونجاوی بە ئێمە بەخشی بۆ شوێنگرتنەوەی ساتیاجیت ڕای). ئەمە قسەی دەرهێنەری مەزنی یابانی “ئاکیرا کورۆساوا”یە، لەم چەند وشەیەدا هەموو شت ڕوونە دەربارەی فیلمەکانی دەرهێنەری کۆچکردوو عەباس کیاڕۆستەمی. هەروەها “مارتن سکۆرسیزی” کە یەکێكە لە ئایکۆنەکانی تری سینەما لە ڕۆژگاری ئێمەدا، دەربارەی کیاڕۆستەمی دەڵێت؛ ” کیاڕۆستەمی یەکێکە لە باشترین ئەو سینەماکارانەی کە هێشتا لە ژیاندایە.
ئەمڕۆ، دوای ئەوەی دەرهێنەری “تامی گێلاس” و ” ماڵی هاوڕێ لەکوێیە؟” جێیهێشتین. دەکرێت پرسیاری ئەوە بکەین، کیارۆستەمی لە مێژووی سینەمادا چ پێگەیەکی هەبوو! لەکاتێکدا ئێستا ئیتر مردووە و ناتوانێت هیچی نوێ بۆ سەر خەرمانی پڕ بەرهەمی خۆی زیادبکات!
مردنی کیاڕۆستەمی زۆر لەناکاو بوو، لەکاتێکدا ئەو پیاوە هێشتا پڕ بوو لە خەون و پڕۆژە. ئەو کە هەمیشە دەیووت بەردەوام شتێکی نوێ هەیە بیڵێت لە سینەماکەیدا، ئەو شتەش نوێگەری بوو لە بابەت و فۆڕمە سینەماییەکاندا کە تایبەت بوون بەخۆی، ئەمە جگە لە گرنگیدانی بەکۆمەڵێك هونەری تر، وەك ئۆپرا و شیعر و فۆتۆگرافی و شانۆ. کیاڕۆستەمی لە ڕەگەزی ئەو داهێنەرە دەگمەنانە بوو کە وەك سینەما سەیری سینەمایان نەدەکرد، واتە وەك هونەرێکی تاكڕەو، بەڵکو جۆرێك سینەمای باس دەکرد کە کۆکراوەی کۆمەڵێك هونەربن پێکەوە. کیاڕۆستەمی لەگەڵ ئەوەی ئێرانیی بوو، لە کلتوور و گوزارشتەکانیدا، بەڵام ئەو خۆی قەتیس نەکردبوو لەچوارچێوەی شوناسێکی دیاریکراودا، یان کولتورێکی دیاریکراودا.
لە ساڵانی کۆتاییدا، کیاڕۆستەمی کاتێك ڕویکردە تاراوگە بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکانی لە ئەفریقا و جارێك لە ئیتاڵیا و جارێکیش لە یابان، وەك کەسێك لە مەنفا و دوور لەوڵاتی خۆی و کولتوری خۆی بیرینەکردەوە. بەڵکو بەردەوام بوو لەسەر ئەو بابەتانەی بەلایەوە گرنگ بوون. لەمەش زیاتر، ئەو فۆڕمانە لە فیلم کە حەزی پێیان نەبوو تازەی دەکردنەوە، نوێگەری تێیاندا دەکردن، واتە کیاڕۆستەمی داهێنەری سینەمایەکی دەگمەن بوو، سینەمایەک قورسە بڵێین لە هیچ سینەمایەکی تر دەچێت.
داهێنەری حەقیقەت:
یەکەم سیما لە فۆڕمی تایبەتی کیاڕۆستەمیدا بریتییە لە تێکەڵاوکردنی سەرنجڕاکێشی نێوان واقیع و خەیاڵ، یان دووبارە داهێنانی هەقیقەت لە خەیاڵێکەوە کە سەرچاوەکەی واقیعە. ئەم دەربڕینە یاریکردن نییە بە وشە، بەڵکو لە جەوهەری یارییەکی هونەرییەوە خوڵقاوە کە لای کیاڕۆستەمی لەسەرەتاوە بوونی هەبووە. لەوانەیە دیارترین نمونەش ئەو پەیوەندییە هەڵهێنجراوە بێت کە لە نێوان سێینە بەناوبانگەکەی کیاڕۆستەمی (سێینەی کۆکەر)دا هەن، چونکە ڕووداوەکانی هەرسێ فیلمەکە لەناوچەی شاخاوی کۆکەری ئێران ڕوودەدەن، ئەو ناوچەیەی جگە فیلمەکانی کیاڕۆستەمی بەو زەمین لەرزە ترسناکە بەناوبانگە کە رۆژێك تێیدا ڕوویدا. ئەوەی جێگەی تێبینیە، کیاڕۆستەمی وەك سینەماکار ئیشی لەسەر گوندێكی ئەو ناوچە شاخاوییە کرد، پێش زەمین لەرزەکە، ئەویش کارکردنی بوو لەیەکەم فیلمی سینەمایی ناوداری بەناوی (ماڵی هاوڕێ لەکوێیە؟) دوای تەواوبوونی فیلمەکە زەمین لەرزەکە ڕوویدا، ئەمەش وای لە دەرهێنەرکرد پەیوەندییەکی مەحکەم لەنێوان سینەما و واقیعدا دروستبکات، دوای زەمین لەرزەکەش بگەڕێتەوە هەمان ناوچە و فیلمێکی تر بەرهەمبهێنێت، ئەویش فیلمی ( ژیان و هیچی تر)ە، کە بابەتی سەرەکی فیلمەکە زەمین لەرزەکە و گەڕانە بەدوای چارەنووسی مێردمنداڵەکەی فیلمی یەکەم، واتە (ماڵی هاوڕێ لەکوێیە)، لە پاش ڕووداوی زەمین لەرزەکە.
لەوانەیە لێرەدا وشەکانمان وەك وشەی یەکتربڕ دەربکەون، بۆیە پێویستە ڕێکیان بخەینەوە. با بەم پرسیارە دەستپێبکەین، کە لەوانەیە تاڕادەیەك ئاساننکار بێت، بەڵام گرنگییەکەی دواتر دەردەکەوێت، ئایا ئەگەر ئەو زەمین لەرزە ترسناکەی ناوچەی باکوری ئێران نەبووایە کە لەساڵی ١٩٩٠ ڕوویدا، ئایا کیاڕۆستەمی وەك ئێستا سەرنجی دونیای بەلای خۆیدا ڕادەکێشا؟ یان دەکرێت پرسیارەکە بەمجۆرە بکەین، ئەگەر سێیەنی کیاڕۆستەمی، واتە فیلمەکانی (ماڵی هاوڕێ لەکوێیە؟)( ژیان و هیچی تر) و (بە نێو درەختە زەیتوونەکاندا) نەبووایە، دەکرا ئەو زەمین لەرزە ترسناکە لە یادەوەری ئەو کەسانەدا بمایەتەوە کە بەڕاستی لە زەمین لەرزەکەدا نەژیاون؟
ئەم دوو پرسیارە لەبەرئەوە دەوروژێنین، تاوەکو ئاماژە بەو پەیوەندییە سەرنجڕاکێشە بدەین کە لە نێوان ئەوەی لە دونیای واقیع، واتە ژیاندا ڕوودەدات و ئەوەی لەدونیای هونەردا ڕوودەدات، مەبەستمان ئەو هونەرە ڕاستەقینەیەیە کە لە دەمارەکانی ژیانەوە هەڵدەقوڵێت. لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندی کیاڕۆستەمی و زەمین لەرزەکەی باکوری ئێران لە ٢١/٦/١٩٩٠ تەنها ڕێکەوتێك بوو وایکرد ئەو ناوچەیە ببێتە ئەو شوێنەی کیاڕۆستەمی یەکێك لە جوانترین فیلمەکانی تێدا وێنەبگرێت، ئەویش فیلمی (ماڵی هاوڕێ لەکوێیە؟).
کەواتە، کاتێك دەرهێنەر لەو ناوچەیە دەرهێنانی بۆ فیلمی (ماڵی هاوڕێ لەکوێیە؟) کرد لەوێ زەمین لەرزە ڕووینەدابوو، بەڵکو دواتر ڕویدا. فیلمەکە چیرۆکێکی سادەیە دەربارەی منداڵێك بەدوای ماڵی هاوڕێیەکیدا دەگەڕێت تا دەفتەری قوتابخانەی بۆ بگەڕێنێتەوە کە بەهەڵە کەوتۆتە لای. دوای بەرهەمهێنانی فیلمەکە زەمین لەرزەیەك ڕوودەدات و ئەو ناوچەیە وێران دەکات کە لە فیلمی یەکەم بەدوای ماڵەکەیدا دەگەڕێت.
لێرەدا کیاڕۆستەمی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچەیە و فیلمێکی نوێ بەرهەم دێنێت دەربارەی گەڕان بەدوای چارەنوسی پاڵەوانە بچکۆلەکەی فیلمی پێشووی، لە فیلمەکەدا کیاڕۆستەمی باس لەسوربوونی خەڵک دەکات لەسەر بەردەوامیدان بە ژیان سەڕەڕای دڵڕەقی زەمین لەرزەکە. بەڵام بەشی سێیەم لە سێینەی کۆکەر دەربارەی هێزی هونەر و پەیوەندیەتی بە خەونەوە، ئەمەش لەڕێگەی خۆشەویستی کوڕێك بۆ کچێک کە خێزانی کچەکە حەز بەو پەیوەندییە ناکەن، چونکە کوڕەکە ماڵێکی نییە، دواتر زەمین لەرزەکە وا دەکات ماڵباتی کچەکەش بێ ماڵ بمێننەوە، ئێستا هەردوولا یەکسانن، ئەم دوو کارەکتەرە تەنیا لە بەشی دووەمی سێینەی کۆکەر وەك کۆمبارس پێکەوە دەرکەوتوون، بەمەش پێکەوەبوونیان لە کارێکی هونەریدا جێگەی پێکەوەبوونیانی گرتۆتەوە لە ژیانیاندا.
هەرچەندە جیهان گرنگی زۆری بەم سێینەیە داوە، بەڵام خودی ئێرانییەکان زیاتر گرنگی بە زەمین لەرزەکە دەدەن، ئەمەش شتێکی ئاساییە، چونکە سینەما هەرچەند جوان و قووڵ بێت ناکرێت قووڵی کارەساتەکەیان بیر بباتەوە.
لەڕاستیدا ئەمە زێدەڕەوی نییە، بەڵکو تەنها ئەمە بەسە بۆئەوەی درک بەو پەیوەندییە قوڵە بکەین کە کیاڕۆستەمی لەنێوان واقیع و هونەردا چێیکردووە.
با بگەڕێینەوە بۆ مردنی کیاڕۆستەمی، هیچ کەس چاوەڕوانی ئەوە نەبوو کیاڕۆستەمی هێندە لە ناکاو کۆچی دوایی بکات، هەرچەندە چەند مانگێك بوو نەخۆش بوو، باری تەندروستی تا دەهات خراپتر دەبوو، بەڵام لە خەیاڵی کەسماندا نەبوو ئاوا بەخێرایی کۆتایی پێبێت.
کیاڕۆستەمی، گەورە سینەماکار و خاوەنی فیلمە ناوازەکان، ئەو فیلمانەی مۆرکێکی نوێیان بە سینەمای جیهانی بەخشی بە نوێگەری زمانەوانی و بیرۆکە سەیرەکانی، ئەندازیاری ئەو ناوبانگە جیهانییە باشەی سینەمای ئێرانی لەئێستادا هەیەتی، ئەو سینەماکارەی پڕ بوو لە وزە، بەردەوام پرۆژەی نوێ! ئەو لەکاتێکدا جێی هێشتین ئێمە بیرمان لەوە دەکردەوە دەبێت ئیشی داهاتووی چی بێت؟ سینەماکار… فۆتۆگرافەر ..ئەدیب!! هەموو ئەمانە لەکەسێکدا، ئەویش تەنیا کیاڕۆستەمی و کەسی تر نا.
هەرچەندە هەموو ئاماژەکان ئەوە دەڵێن، کیاڕۆستەمی هیچ ڕازی نەبووە لە سیاسەتی وڵاتەکەی، کەچی نە خۆی و نە هونەرەکەی نەکردە چەکێك بۆ ئەم جۆرە جەنگە، زۆرکەس لایان سەیربوو بۆچی کیاڕۆستەمی بەهیچ شێوەیەك ئێران بەجێناهێڵێت، وەك ئەوەی زۆرێك لە داهێنەران و بیرمەندانی ئێران ئەم کارەیان کرد.
دیسان کاتێك کیاڕۆستمەی بەبێ ئەوەی پێشتر کەس ئاگادار بکاتەوە ئێرانی جێهێشت زۆرێك سەریان سوڕما. واتە کاتێك بۆ دوو بەرهەمی نوێ یەکێکیان لە ئیتاڵیا (کۆپی هاوتای ڕەسەن) و ئەوی تریش لە یابان (وەک عاشقێک) ڕوویکردە دەرەوەی ئێران، ئەوەی جێگەی تێبینییە هیچ کام لەم دوو فیلمە نوێیەی پەیوەندیان بە دونیا کۆنەکەی سینەمای کیاڕۆستەمیەوە نەبوو، تەنانەت پەیوەندیان بە ئێرانیشەوە نەبوو!
جیهانە جیاوازەکان:
هەر زوو، لە فیلمەکانی سەرەتاوە، لە فیلمی (با دەمانبات) و( کلۆسئەپ) و فیلمەکانی دواتر، کیاڕۆستەمی سنورەکانی بڕی و خەڵاتەکانی کۆکردەوە، ناوی عەباس کیاڕۆستەمی چووە پاڵ سینەماکارە جیهانییەکانی وەك “ساتیاجیت ڕای” لەهیندستان و “کورۆساوا” لە یابان. کیاڕۆستەمی ژانرە سینەماییەکانی خۆی دیاریکردبوو: سینەما دەربارەی مردن و ژیان، سینەما دەربارەی سینەما، سینەمای ئەزموونەکان، سینەمای دۆکیومێنتەری، سینەمایەك دەربارەی تاک و پێگەی تاک، سینەمایەكی ڕۆحی تا ڕادەی صۆفییەت، سینەمایەکی سەرکێش، ئەمەش هەموو پشت بەستوو بە لێزانی و زیرەکی خۆی، لێزانییەک کیاڕۆستەمی سەردەستەی بوو لە بواری هونەردا.
ئێمە دەبێت فیلمەکای کیاڕۆستمەی بێنینە بەرچاوی خۆمان، بیریان لێبکەینەوە تاوەکو درك بەو لەدەستدانە بکەین کە نەبوونی کیاڕۆستەمی دروستی دەکات، ئەو کیاڕۆستەمییەی ڕۆژێك لێیان پرسی: بۆچی وەك ئەوانی تر بیر لەبەجێهێشتنی ئێران ناکەیتەوە؟ بە پێکەنینەوە وەڵامی دایەوە: “ئێوە گەر درەختێك لە زەویەکەی خۆی هەڵکێشن و لە زەویەکی تردا بیڕوێننەوە، لەوانەیە دیسان بەروبومەکەی بخۆن، بەڵام هەرگیز ئەو تامە خۆشەی نابێت کە لە زەویەکەی خۆیدا هەیبوو” . لەڕاستیشدا هەروایە، گەر بەراوردێکی خێرای ئەو فیلمانەی بکەین کە لە ئێران دروستیکردوون، لەگەڵ ئەو فیلمانەی لە دەرەوەی ئێران دروستی کردوون، زۆرباش لەو قسەیەی سەرەوە تێدەگەین.
– لەسەردەمی جیهاندا :
لەگەڵ ئەوەی فیلمی (تامی گێلاس) بۆ کیاڕۆستەمی گەورەترین دەستکەوتی سینەمایی بوو لە مێژوویدا، وە خەڵاتی چڵە خورمای ئاڵتوونی فیستیڤاڵی –کان-ی بردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ماوەیەك بوو وازی لە بەرهەمهێنانی ئەو فیلمانە هێنابوو کە پەیوەندیان بە دونیای منداڵەوە هەیە، ئەو فیلمانەی کە تاکە جۆری فیلمن بە ڕەسمی ڕێگەپێدراون لە سیەماکای ئێران. بەڵام کەڵکەڵەی گەورەی سەری کیاڕۆستەمی سینەمای ئەزمونگەرایی(تەجریبی) بوو، لێرەوە ئیتر ئەم پیاوە هەرچی لە مێشکیدا چەکەرەی بکردایە ئەوەی دەیکرد، لەگەڵ فیلمی (دە) کارێکی نەکردەنی ئەنجامدا، شێوازێکی نوێی سینەمای داهێنا، کە لەنێوان سینەما و دێکۆمێنتەریدا بوو: کامێرایەکی جێگیری لەپێشی ئوتومبێلی خانمە پاڵەوان (لەیلا حاتەمی) دانا، دواتر بەهاتووچۆکردنی بە شەقامەکانی تارادا دە جار خولی خوارد، چەدجارێك کوڕەکەی و چەندجارێکیش هاوڕێکانی لە ئوتومبێلەکەدا دەبیندنرێن، لەم فیلمەدا وەك بڵێیت ویستوویەتی فیلمێکی دێکۆمێنتەری بەرهەمبهێنێت لەسەر ئێران، ئەمە بۆخۆی ئەزمونێکی گرنگی سینەماییە و بڕێکی زۆر ئیرتیجالی تێدایە، واتە بێ ئەوەی بەرنامەیەکی تایبەتی هەبێت یان پلانێک، کیاڕۆستەمی دیسان داهێنانی کرد. لەوەش گرنگتر، لەپاڵ شێوازی هونەری نوێ، فیلمەکە باس لە کێشەی ژنانی ئێران دەکات بە بێ ئاماژە و بەبێ ئەوەی بە ئاشکرا دەهۆڵی بۆ بکوتێت، لە فەزایەکی گشتیدا باس لە بارودۆخی تایبەتی ئێران دەکات. وەك دەزانین دوای فیلمی (دە) عەباس کیاڕۆستەمی هەستی بەوە کرد ئیتر ناتوانێت داهێنان بکات، چیتر بۆی ئەستەم بوو بابەتی نوێ و گونجاو بدۆزێتەوە، بابەتێك لەگەڵ زمانە سینەماییەکەی کیاڕۆستەمی گونجاو بێت. هەر بۆیە کاتێك سیناریۆی (خوێن و ئاڵتوون)ی ئامادەکرد بۆ ئەوەی خۆی دەرهێنانی بۆ بکات، بەڵام لەکۆتاییدا زانی کە فیکرەی فیلمەکە بۆ ئەو وەک دەرهێنەرێك گونجاو نییە، دواترکارەکەی سپار بە هاوڕێ و یاریدەدەری پێشووی خۆی (جەعفەر پەناهی) ئەمیش کارەکەی ئەنجامدا و سەرکەوتووش بوو، بەمەش کیاڕۆستەمی یەکێك لە باشترین فیلمەکانی لەدەست دەرچوو.
لە جیهاننی ئەزمونکردندا:
دیسان لەگەڵ کیاڕۆستەمی دەگەڕێینەوە بۆ فیستیڤاڵی کان، ئەمجارە دوای چەند ساڵێك لەبێدەنگی کیاڕۆستەمی و پەرۆشییەکەی بۆ ئیشکردن لە دەرەوەی ئێران، ئەمجارەش بێ هەرا و بێ ئەوەی هیچ کەس توڕە بکات.
ئەو ڕۆژە، لەگەڵ بوونی ڕێژەیەکی زۆر خوێن و دڵرەقی لە فیلمی (هیجان)ی دەرهێنەری یابانی تاکیشی کیتانو، وە ئەو هەموو فرمێسکەی فیلمی ( پارە ناخەوێت)، وە چەندان فیلمی تر کە لە کان نمایشکران، سەرەڕای جوانی و سەرجڕاکێشی فیلمی (بیوتیفول)ی ئەلیخاندرۆ ئیناریتۆ. ئامادەبووانی کان بیریاندەکردەوە چۆن بتوانن چەند ساتێکی جوان و شاعیری هەست پێبکەن تاکو بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت خەمی دونیا ململانێکانی لەبیربکەن. چۆن دەربازبن لە دڵرەقی ژیان و ململانێی بوون کە لە فیلمەکانی کان و دەرەوەی کان ئامادەیی بەردەوامیان هەیە. بێگومان؛ ئەم ساتە ناوازەیە لە سینەمادا بە عەباسی کیاڕۆستەمی بەدیدێت، ئەویش بە فیلمە نوێیەکەی (Copia Conferme).
دوای نمایشی فیلمەکە ئامادەبووان هەموو هەستانە سەرپێ بۆماوەیەکی زۆر چەپڵەیان لێدا، چەپڵەکانیان مانای زۆری لەخۆدەگرت؛ چەپلە بۆ دەرهێنەری گەورەی ئێرانی؛ کە یەکەم فیلمی لەدەرەوەی کیشوەرەکەی خۆی دروستکرد – دوای ئەو فیلمەی لە ئەفریقا لەسەر پەتا و نەخۆشیەکانی ئەو کیشوەرە بەرهەمیهێنا- بۆ فیلمێك جیاواز لە فیلمەکانی تری کیاڕۆستەمی لەڕووی بابەتەوە، کە ئەمە خۆی قسەی زۆر هەڵدەگرێت، چەپڵە بۆ ئەو چێژەی فیلمەکە لەماوەی دوو سەعاتیدا بە بینەرانی ئامادەبووی بەخشی، چەپڵە بۆ ئەکتەر جۆلێتت پینۆش کە ڕۆڵێکی ناوازەی بەرجەستەکرد و شایەنی هەموو خەڵاتەکانی کان بوو. بەڵام زۆرترینی چەپڵەکان بۆ خودی فیلمەکە بوو، هەرچەندەش چیرۆکی فیلمی (Copia Conferme) هێندەی مێژووی مرۆڤ کۆن بوو، خۆشەویستی ژن و پیاوێك، وە زێدەڕۆیی لەبەردەم گێژاوی ژیانی هاوسەرێتی… فیلمێك جگە سینەماکارێکی مەزن، راستتر بڵێین جگە کیاڕۆستەمی، کەسی تر ناتوانێت بەو جۆرە نیشانی بدات.
جێدەستی کیاڕۆستەمی بە سەرتاپای فیلمەکەوە دیاربوو، گەڕان بەدوای شتێکدا، دیالۆگە درێژەکان، دیمەنە جێگیرەکان، ئەمانە هەموو فیلمەکەیان داگیرکردووە، هەروەك( تامی گێلاس و بەناو درەختی زیتونەکاندا)، بیرمان بێت؛ ئافرەتیش ئامادەیە، بە هەموو تایبەتمەندییەکانیەوە، هەڵچوون، ناڕەزایی، دڵخۆشی بچووك و دڵتەنگییەکانی، وەک بڵێیت هەموو ژنانی فیلمی (دە)ی لەیەك کەسدا کۆکردبێتەوە… هەموو ئەمانە و شتی زیاتر، بەهەردوو دۆخی درامی و ئەو دیمەنە بێدەنگانەی زۆرترین پەیامیان تێدایە، لەکامێراکەی کیارۆستەمییەوە دەبینین.
ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەو هەموو پرسیارەیە کە کیاڕۆستەمی لای بینەر دەیوروژێنێت: نمایش تەواو دەبێت و بینەر بەتەواوی نازانێت چی ڕویدا! لێرەدا بیەر وەك وەك ئەو کەسە وایە کە شیعرێکی چینی کۆن دەخوێنێتەوە دەربارەی کچێك کە خەون دەبینێت بەوەی بووە بە پەپوولەیەك، کاتێکیش شیعرەکە تەواو دەکەیت نازانیت؛ کجەکە خەونی بەوەوە دیوە کە پەپوولەیە یاخود پەپوولەکە خەونی بەوەوە دیوە کە کیژۆڵەیەکە. لێرەدا هێنانەوەی نمونەی شیعر زۆر گونجاوە، چونکە ئەوەی سینەمای کیاڕۆستەمی پێشکەشی دەکات شیعرییەتێکی پەتییە. لە فیلمی (CopiaConferme)دا بەهەمان شێوە، یەکتربینینێکی سادە لەنێوان نوسەرێکی ئینگلیز و خانمێکی فەرەنسی خاوەن گەلێرییەك لە گوندێکی ئیتاڵی قەشەنگ، کە خانمەکە لەوێ دەژی، نوسەرەکە سەردانی خانمەکە دەکات بۆ پێشکەشکردنی سیمینارێك دەربارەی کتێبەکەی کە باس لە گرنگی ساختەکردن دەکات لە مێژووی هونەر. لیرەوە یەکتری دەبینن و لەسەر داوای خانمەکە گەشتێك ئەنجام دەدەن بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێك، ئەوەش ماوەی ڕووداوەکانی فیلمەکەیە، لەمیانەی گەشتەکەیاندا نە ئەوان دەگەڕێنەوە نە ئێمەش دەزانین ئایا ئەوا دوو غەریبە بوون یان دوو هاوسەر بوون و لۆمەی ڕابردووی خۆیان دەکەن.
کۆتا گۆرانی
دوای فیلمی (Copia Conferme) چیتر کیاڕۆستەمی لە سینەمادا ئەو ئامادەییەی پێشووی نەبوو، تەنیا یەکجاری تر ناوی کیاڕۆستەمی لەسەر شاشەی سینەما بیندرا، کۆتاجار بە فیلمێکی یابانی ناوازە گەڕایەوە. خۆی سیناریۆکەی نوسی هەر خۆشی ناونیشای یەکێك لە ناودارترین گۆرانی عاشقانەی ئینگلزی وەك ناونیشانی فیلمەکە دانا ( like someone in love). وەك هەمیشە هەرکاتێك بڕیار بێت فیلمێکی کیاڕۆستەمی نمایش بکرێت کۆمەڵێکی زۆر هەواداری سینەما و ئەهلی سینەما چاوەڕێی دەکەن، دیسان فیلمەکە ئێرانی نییە! دەکرێت بڵێین ئەمە لە شانسی سینەمای جیهانە ئەمجارە شانس یاوەری یابانییەکان بوو، بەتایبەت تۆکیۆ کە ڕووداوی فیلمەکەی تێدا ڕوودەدات، وەک دەزانین ئەمە سێیەم ئەزموونی کۆزمۆپۆڵێتی کیاڕۆستەمییە، دوای (ABC Africa)و گەشتە ناوازە ئیتاڵیەکەی (CopiaConferme). ئەمجارە کیاڕۆستەمی لە یابانە، ئایا ئەو بۆ دەرهێنانی فیلمێکی یابانی لێرەیە؟ وادیارە بەڵی.. چونکە فیلمەکە یابانیە، پاڵەوانەکان و جوگرافیا و زمانەکەش یابانییە. لەگەڵ ئەوەشدا فیلمەکە هی عەباسی کیاڕۆستەمییە و تایبەتمەمندی ئەوی پێوەیە، هەمان ڕیتم، بەکەمترین ڕووداو. زیاتر وەک وێنەیەكی ژیان، کە دەڵێین وێنە مەبەستمان کینایە نییە، چونکە کیاڕۆستەمی بەبەردەوامی دەمانخاتە بەردەم پرسیاری وێنە و واقیع.
فیلمی ( like someone in love) کاتێک نمایشکرا، بینەرانی دابەش کرد بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەک بەپەرۆشییەوە لێیان دەڕوانی، بەرەیەکی تر دەیانپرسی؛ سودی ئەمە چییە! بەڵام بۆ ئێمە ئەمە شتێکی ئاساییە کە سینەمای کیاڕۆستەمی پێویستی بە زەمەن هەیە تا بچێتە ناومانەوە و بە دەمارەکانی مێشکماندا سەرکەوێت، سینەمای ئەم داهێنەرە بەردەوام لە سەرەتادا ساردییەکی پێوە دیارە، لەوانەیە ئەمەش تەکنیک بێت! ئەمەش دیسان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کیاڕۆستەمی دەیەوێت فیلمە نوێیەکەی، وەك ئەوانی تر، لە دیمەنێکەوە دەستپێبکات کە خۆی بیری لێدەکاتەوە. ئۆتۆمبێلێك بە گۆڕەپانی تەنیشت وێستگەی تۆکیۆدا دەسوڕێتەوە، لێرەدا کامێرا دەیەوێت تەرکیز بخاتە سەر خانمێك لەژێر پەیکەری گۆڕەپانەکەدا وەستاوە، بێ ئەوەی بزانین بۆچی لەوێدا وەستاوە و دەیەوێت چی بکات!
ڕەنگە لەسەر کاغەز یاخود خوێنەر ئەم قسانە بەلایەوە گرێکوێرە بێت، بەڵام لەسەر شاشە وانیە، لە سایەی سینەما ناوازەکەی کیاڕۆستەمی و ڕیتمە سەرەنجڕاکێشەکەیدا، بەهۆی هێزی ئەم سینەمایەوە ئیتر هەموو شت سانا دێتەپێش چاو.. بەڵام ئەم ساناییە لەڕاستیدا فریودەرە، بەڵێ بەدڵنیاییەوە.
سەرچاوە :
عباس كياروستامي.. السينما التي لا تشبه إلا ذاتها –
- إبراهيم العريس – ناقد سينمائي لبناني | أغسطس 30, 2016 | سينما, فنون