[کیاڕۆستەمی شێرپەنجەی لۆکەیشنی هەیە]

یاداشتی جەعفەر پەناهی, یاریدەدەری کیاڕۆستەمی

لە فارسییەوە: داستان مارف

“سڵاو بەڕێز عەباس کیاڕۆستەمی، من جەعفەر پەناهیم، لە دەرهێنەرانی فیلمی تەلەفزیۆن، پێشتر کورتە فیلمێکم بە ناوی (دۆست) لە ژێر ڕۆشنای فیلمی (نان و کۆڵان)ی ئێوەدا دروست کرد.

لە گۆڤارێکدا خوێندمەوە کە دەتانەوێت فیلمێکی نوێ دروستبکەن، زۆر حەزدەکەم لەگەڵتاندا کاربکەم، گرنگ نییە لە کارەکەتاندا چ پۆستێکم دەبێت…”

بە نزیکەیی هەمان ئەم وشانەم بە دەنگ بۆ نارد، ڕۆژی ٧/٤/١٩٩٣ کاتێک لەگەڵ گروپەکەدا لە بەرامبەر ڕێستورانتی “دورفەک” لە “ڕۆستەم ئاباد” لە مینی بوس دابەزین، ئەمە بۆ کیاڕۆستەمی چاوەڕوان نەکراو بوو.

گروپەکە لە باڵەخانەی پشت ڕێستۆرانتەکە بارگەی خست، ئێرە تەنیا شوێنێک یاخود باشترین شوێنێک بوو لە ڕۆستەم ئاباد بۆ گروپێکی فیلمسازی بدۆزرێتەوە.

شەو دەرفەتێک ڕەخسا سیناریۆکە بخوێنمەوە، نوسراوێک کە بە درێژایی کارەکە کیاڕۆستەمی بۆ تەنها جارێکیش نەگەڕایەوە بۆی، بەڵکو تەواوی دیمەنەکان لە مێشکیدا بوو. دواتر لە گەشتە جیاوازەکاندا زۆر سیناریۆی بۆ باسکردم، وابزانم نزیکەی ١٠ سیناریۆ کە هیچیان نەنووسرابون، بەڵام ئەو بە تەواوی وردەکارییەکانییەوە لە مێشکیدا بوو.

گەشت لەگەڵ کیاڕۆستەمیدا  گەلێک چێژبەخشە چونکە لە هەر دەرفەتێکدا چەند سیناریۆیەک باسدەکات، مرۆڤ تیا دەمێنێت، ئاخۆ کەی ئەمانە دەکرێنە فیلم!

بە تەواوی بیرم نییە چی ڕویدا، بەڵام تێگەیشتم یەکێک لە شەرتە گرنگەکانی کیاڕۆستەمی، باوەڕبوون بە کارەکەتە. گرنگ نییە پیشەگەر بیت یاخود نا، گرنگ ئەوەیە کاتێک لەگەڵ کیاڕۆستەمی کاردەکەیت، باوەڕی تەواوت بەو کارە هەبێت کە دەیکەیت و  ئەویش هەست بەو باوەڕە بکات لە تۆدا.

ئەو شەوە لەگەڵ کیاڕۆستەمی و سەبا و سەماک باشی سواری ئۆتومبیل بوین و بەرەو “کۆکەر” کەوتینە ڕێ، لە سەرەتای شەقامی کۆکەردا گردی “ماڵی هاوڕێ…..” مان بینی، تاقە درەختەکەی سەر گردەکەش ڕاست بە پێوەبوو، هەرچەندە ڕووت و عوریان دەهاتە پێش چاو و بەو شێوەیە جوان نەبوو کە لە فیلمەکەدا بینیبووم. بەڵام هێشتا نرخی ئەوەی هەبوو کە منداڵێک لە شەقامە قەشەنگەکەیدا بەدوای هاوڕێکەیدا ڕابکات. هەروەها پیرەمێردێکیش لەو خوارەوە لە پاڵ گردەکەدا نییە، دانیشتبێت و لەبارەی پازدە ڕۆژ جارێک تێهەڵدان و پارە وەرگرتنی هەفتانەی قسەبکات. گەیشتینە کۆکەر و لە ماڵی دایە گەورە دابەزیم، کیاڕۆستەمی چەند جارێک ئەو کارانەی پێوتم کە دەبووایە بۆ ئامادەکاری ئەنجامم بدایە، بڕیاربوو لەگەڵ چەند کرێکارێکدا ئەوێ ئامادەبکەم، بەڵام هێشتا دڵنیایی لەکاردا نەبوو: کەواتە دوبارە بیرهێنانەوە. تەنانەت لەگەڵ سەبا و سەماک باشی سواری ئوتۆمبیل بوو کەمێکیش ڕۆیشتن، بەڵام دووبارە گەڕایەوە و خاڵە دووبارەکانی بۆ چەندەمین جار پێگوتم، ڕۆیشتمە پێشەوە و دڵنیاییم پێدا و مۆڵەتی تا کاتژمێر چوارم لێخواست، پاشنیوەڕۆ  گەڕایەوە و ئەوەی دەیویست وەریگرت، دڵنیاییشی بۆ دروست بوو.

ڕۆژی دواتر وێنەگرتن لە ماڵی دایە گەورە دەستیپێکرد، هەمیشە وا وێنام دەکرد کیاڕۆستەمی ئەکتەرە نا پیشەگەرەکان ئازاد دەکات تا دیالۆگەکانی خۆیان بڵێن، بەڵام بینیم کە تەواوی دیالۆگەکانی فیلمەکە هی خۆیەتی، بە شێوەیەک لە کاتە بەتاڵەکانیدا دیالۆگەکان لە زاری ئەکتەرەکاندا جێدەکاتەوە کە ئەکتەر سنووری نێوان دیالۆگەکانی خۆی و ئەو فەرامۆش دەکات. لەگەڵ ناسینی چینی کۆمەڵایەتی و کار و مرۆڤەکان، لە زاری ئەوانەوە قسەدەکات نەک ئەوەی داهێنان بکات بەڵکو دیالۆگەکان کۆدەکاتەوە. بۆ نموونە دەزانێت حسێن بەو تایبەتمەندییەوە و لەو دۆخە تایبەتەدا چی دەڵێت، هەروەها “ماه بانو” بەو تەمەنەوە چ قسەیەکی هەیە بۆ گوتن. لەم ڕوەوە ئەکتەرەکان هەمان ئەو دیالۆگانە بە زمان و شێوەزاری خۆیان و بە کەمێک پاش و پێش خستنی وشەکانەوە دەڵێن کە بەشێوەیەکی ئاسان جیاوازی لەگەڵ فیلمەکانی دیکەدا دەکرێت.

هەر ڕۆژی یەکەم ئاشکرابوو کە کیاڕۆستەمی بەو دیکۆپاژەوە پابەند نییە کە لە مێشکیدایە. پێشتر هێڵی گشتی دیکۆپاژەکەی هەیە بەڵام لە کاتی وێنەگرتندا خۆی ئازاد دەکات، تا ئەو هەستەی لە کاتی وێنەگرتندا دروستی کردوە بیگۆڕێت بۆ بەهادان بە وێنەگەلێکی پتەو. وە ئەم بەهادان بە وێنەیە هەندێک کات تا سنوری شێتی دەڕوات، باشترە بڵێم کیاڕۆستەمی شێرپەنجەی لۆکەیشنی هەیە، تا ڕۆژی کۆتایی بە دوای لۆکەیشنی نوێ و وێنە و گۆشەی گونجاودا دەگەڕێت. کاتێک بە هۆی کەش و هەوا یان هەر دۆخێکی نەخوازراوەوە وێنەگرتن پەکی دەکەوێت، ئەو خۆشحاڵدەبێت و سواری پەتڕۆڵەکە دەبێت و بە دوای لۆکەیشنی دیکەدا دەگەڕێت “ڕێک وەک منداڵانی قوتابخانە کە بە نەهاتنەوەی مامۆستاکەیان خۆشحاڵدەبن” باوەڕی وایە حیکمەتێک لە گۆڕێدایە کە نەیتوانیوە لەو ڕۆژەدا وێنەگرتن ئەنجام بدات، وە بڕیارە شتێکی باشتر شوێنی بگرێتەوە.

لە یادی ناکەم ئەو ڕۆژەی خەندەی تێکەڵ بە شەرمی لەو کچە قەرەجە بینی، سێ ڕۆژ بوو بەهۆی کەش و هەواوە نەیتوانیبوو وێنە بگرێت بەڵام چاوەکانی دەبریسکانەوە و دڵنیابوو کە ئەگەر سێ ڕۆژی دیکەش نەتوانێت وێنە بگرێت، ئەو خەندەیە کافیی بوو. سەیربوو کە بە هەموو ئەو پەککەوتنانەی دواتریشەوە بەڵام هەموو کاتی وێنەگرتن دوو مانگ زیاتر تێنەپەڕی، جاری یەکەم ٤٥ ڕۆژ،  ١٥ ڕۆژیش بە شێوەی پچڕپچڕ.

 لەگەڵ گروپێک کە لە پەنجەکانی یەک دەست تێپەڕی نەدەکرد، بۆ گرتنی چەند گرتەیەک لە تاقیگەی خراپ و چەند گرتەیەکی دیکە بەرەو ڕۆستەم ئاباد ڕۆیشتین.

لە دوای ماڵی دایە گەورە نۆرەی دیمەنی یەکەمی فیلمەکە هات، کاتێک دەڵێن (نۆرە) هەڵە نەبێت، بەڕاستی لە کارەکانی کیاڕۆستەمیدا بەرنامەڕێژی ورد ناکرێت.

کافییە کە بەیانی لە دەموچاوی ئەکتەرەکە بڕوانێت و  هەست بکات کە ئەم ئەکتەرە بۆ دیمەنێکی تایبەت ئامادەیە، کەواتە دەبێت واز لە بەرنامە بهێنیت و خەریکی ئامادەکاری بۆ دیمەنە نوێکە بیت. کار لەگەڵ “محەمەد عەلی کەشاوەرز” دەستی پێکرد، کەشاوەرز بە تەواوی تێگەیشتبوو لە کارکردن لەگەڵ کیاڕۆستەمیدا، تێگەیشتبوو ئەگەر بیەوێت سەرکەوتوبێت دەبێت کارکردنی دەیان ساڵەی لە شانۆ و سینەمادا فەرامۆش بکات و بەتەواوی خۆی ڕادەستی کیاڕۆستەمی بکات، لەبەر ئەم هۆکارەش لە یەکەمین کاردا ترسێکی زۆری هەبوو، نازانم وشەی ترس ڕاستە یان نا، بەڵام لەژێر ئەو خەندە هەمیشەییەیەوە بە ئاسانی مەراق و دڕدۆنگیت تێیدا دەبینی. یەکەم گرتە کە نزیکەی سی چرکە درێژەی کێشا، بە پێچەوانەی بیرکردنەوە و بە دوو جار وێنەگرتن گەیشتە کۆتایی و جوتیارەکە هەناسەیەکی ئارامی هەڵکێشا.

هەرچەندە لە درێژەی دوو مانگ وێنەگرتندا بە هۆکاری “ئەزموون لە کاری سینەمادا” بە هەمان ئاسانی ئەکتەرانی ناپیشەگەر نەدەهاتە پێش کامێرا، بەڵام چونکە لەگەڵ خۆیدا بە ئەنجام گەیشتبوو، خێرا دەگەڕایەوە و هەوڵی دەدا وەکو ئەوان مامەڵە بکات. لە دیمەنی ماڵی زاوادا کەشاوەرز لە تەنیشت حسەین جەعفەریان دانیشتبوو  و زۆر خۆشحاڵ دەهاتە پێش چاو چەند گرتەیەک گیرا بەڵام کەشاوەرز گۆڕانکارییەکی لە دۆخی خۆیدا نەکرد، لەم کاتەدا بە بەرنامەی پێشتر ئامادەکراوەوە کیاڕۆستەمی گوتی “من دیلۆگەکانی حسەین دەڵێم و ئەم دیمەنە تۆ بیگرە” هەموو ئامادە: کەشاوەرز، جەعفەریان، کەریمی، ئەنصاریان، دەنگ… کامێرا… ئاکشن.

بەڵام کەشاوەرز گۆڕانکاری نەکرد، لە وێنەگرتنی شەشەم جاریشدا بە هامن شێوە، لێرەدا دەبوایە من ناڕەزایەتیم دەرببڕیایە، وە دەرمبڕی “بەڵام کەمێک توندتر لەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ کیاڕۆستەمیدا هەمبوو” کەشاوەرز جوڵەی تێکەوت و دیمەنەکەمان گرت و دڵپەسەندی کیاڕۆستەمی بوو. دواتر هەوڵمدا دڵی کەشاوەرز بهێنمەوە و کیاڕۆستەمیش نێوەندگیری کرد، کەشاوەرز بە پێکەنینەوە گوتی “دەمزای گاڵتە بوو”!

لە ڕاستیدا بڕیار بوو تێبینی بنوسم، ڕاپۆرت یان یادەوەری؟ لە ڕاستیدا نازانم ئەمە باسبکەم یان نا بەڵام نادادییە ئاماژە بە دێرینی هاوڕێیەتی سەبا و کیاڕۆستەمی و ئەو بەریەککەوتنەی ئەو ڕۆژە گەرمە. کەش و هەوا زۆر گەرم بوو لەوانەیە بە درێژایی کاتی وێنەگرتن کەش و هەوا هێندە ئازاردەر نەبووبێت. حەزدەکەم بە باسکردنی ئەم بابەتە کۆتایی بە هەموو ئەو پڕوپاگەندانە بهێنم کە ئەو بەریەککەوتنە هۆکاری بوو.

هەموو ئەو کەسانەی کە کاری سینەما دەکەن نکۆڵی لەوە ناکەن کە ئەم بەریەککەوتنانە لە کاتی وێنەگرتندا ڕودەدەن. لەوانەیە لە کاتی وێنەگرتن لە فیلمەکانی دیدا دەیان بەریەککەوتنی توندتر ڕوبدات و هیچ کاریگەرییەکیش لەسەر کارەکە دروست نەکات. ئەم بەریەککەوتنەش هێندە سادە بوو کە دەکرا بە ئاسانی چارەسەر بکرێت بەڵام بە هۆی دێرینی هاوڕێیەتی سەبا و کیاڕۆستەمی باشترین ڕێگە چارە ئەبوو کە هەردوکیان بڕیاریان لەسەردا : بەردەوامی وێنەگرتن لەگەڵ وێنەگرێکی دیکە.

ئەگەر ئەم تێبینییە بەم شێوەیە بڕواتە پێشەوە دەبێتە کتێبێک و باشترین کتێب “ماڵی دۆست لە کوێیە؟” نوسینی کیومەرز پور ئەحمەد. کەواتە Cut

وە دواتر:

بە هۆکاری کەش و هەوا زۆرتین ماوە لە کار ڕایگرتین و تا کۆتا ڕۆژیش هێز و بازووی نیشان دەداین. ڕۆژی ٧/٦/١٩٩٣ کۆتایی کار ڕاگەیەندرا و گروپەکەمان ناردەوە بۆ تاران.

لەگەڵ کیاڕۆستەمیدا دوبارە سەردانی لۆکەیشنەکانمان دەکردەوە کۆتا حسابمان لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەدا کرد و گەڕاینەوە تاران، ئێستاش نۆرەی کەش و هەوا بوو کە کۆتا هێمای سەرکەوتنی خۆیمان نیشان بدات…

فلاش باک

ڕۆژەکانی سەرەتای کار، کاتێک سەردانی لۆکەیشنەکانمان دەکرد، چوینە ناوچەیەکەوە کیاڕۆستەمی داوای لێکردم چاوەکانم دابخەم، نزیکەی دوو دەقەی پێچو تا ئۆتومبێلەکە وەستا، دابەزی دەرگاکەی کردەوە و دەستی گرتم و بە ئارامی تا کەنار شەقامەکەی بردم، ئێستا مۆڵەتم هەبوو چاوەکانم بکەمەوە. و … ئەو کێڵگە جوانەی زەیتون کە لە دیمەنی کۆتاییدا بوو. دواتر چەندین جار گەڕایەوە بۆ ئەو شوێنە تا باشترین گۆشەی بۆ وێنەگرتن پەیداکرد، چەندین جار ڕۆیشتینە ئەوێ  بۆ وێنەگرتن، حەزیدەکرد لە ساتی وێنەگرتندا با هەڵبکات و یاری هەور و هەتاو و ئەو دوو خاڵە سپییە، هاوڕێیەتی “لۆنگ شۆت”ی گەورە بکات. با هەڵیکرد بەڵام هەور و هەتاو یار نەبوون، هەوڵەکانی دواتریش لە ڕۆژە جیاوازیشدا هەر بێسوود بوو.

دواتر:

کاتێک (مەنجیل)مان تێپەڕکرد پەلکەزێڕینەیەکی گەورە لە نزیکمانەوە دروستبوو، دەتتوانی دەستت درێژ بکەیت و بیگریت، لە پاش (لۆشان) لەو دەشتە گەورەیەدا یاری هەور و هەتاوی وێنە نەگیراو دەستیپێکرد. چارەیەک نییە، بێدەنگییەکی قووڵ، کە تەنانەت نەدەکرا سیناریۆیەکیش باسبکرێت.

Related Posts

Leave a comment