[گفتوگۆ لەگەڵ عەباس کیاڕۆستەمیدا]

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال 

گفتوگۆی سێیەمی کیاڕۆستەمی لەگەڵ ڕۆزنباوم و میهرناز سەعید وەفا

مایسی ٢٠٠١، ئاڵوگۆڕکردنی فاکس بە زمانی فارسی لە نێوان شیکاگۆ و تاران

ڕۆزنباوم: ئایا فیلمی ئەی بی سی ئەفریقا وەک بەشێک لەو پڕۆژەیە دەیبینی کە تیایدا خەیاڵی بینەر لە فیلمەکەتدا بەشداری پێ بکەیت؟ گرنگی ئەو دیمەنە تاریکانە لە دوو فیلمی دوایتدا زۆر سەرنجڕاکێشە. پێتوایە هەموویان بە شێوەیەکی لێکچوو کاردەکەن؟

کیاڕۆستەمی: بەڵێ، بەڵام ئەوە ئامانجێکی پێشوەختە نەبوو. پاش چەند ڕۆژێک لە ئەفریقا، درکم بەوە کرد کە کۆنسێپتی من بۆ وڵاتەکە، کە لە تەلەفزیۆنەوە وەرمگرتبوو، زۆر جیاواز بوو لەوەی کە بینیم. [لە تەلەفزیۆنەوە] ئەفریقایەکم ناسی کە لە قوڵایی ناشرینی و نەخۆشی و پۆخڵیدا لە پڕۆسەی لەناوچووندا بوو، لەو ڕوانگەیەوە ئایدز وەک پیرۆزییەک دەبینرا کە بتوانێ لە زووترین کاتدا کۆتایی بەم تراژیدیایە بهێنێت. بەڵام، هەر لە ڕۆژە سەرەتاکانی مانەوەم لەوێ، کۆنسێپتی من بۆ ئەفریقا گۆڕا. تەنانەت خەڵکەکەشم زۆر جوان دەبینی، شوێنەکەش بە هەمان شێوە، سادە بەڵام شارستان. جیاوازییەکی سەیر هەبوو: لە دەرەوە زۆر هەژار بەڵام لە ناخەوە زۆر دەوڵەمەند و زۆر زیاتر بە ژیان تامەزرۆ بوون، پێموایە ئەمەش وێنەیەکی ئاشکرای فیلمەکەیە.

تاریکی لەو دوو فیلمەدا هەستیان پێ دەکرێت، بەڵام لە هەریەک لەو دوو کەیسەدا هۆکاری خۆیان هەیە. بۆ من، ڕووناکی و وێنە دەکرێت بەراورد بەم تاریکییە ماناداربن. ئێمە خومان بە وێنەوە گرتووە، وێنەیەک کە بەردەوام لەبەردەم چاوەکانمانە. تەنانەت زمانمان خواستی ئەوەی هەیە کە لەگەڵ وێنەدا کار بکات، بە شێوەیەکی سروشتیش لەم بۆمبارانکردنە وێنەییەدا مانای وێنە لەبیرکراوە. پێموایە وێنە ئەو کاتە ماناکەی بەدەست دەهێنێتەوە کە ڕووبەڕووی تاریکی دەبێتەوە، هەروەک چۆن ڕووناکیش هەمان ئەو کارە دەکات. لە تاریکیدا بەهۆی دەنگەوە بە وێنە دەگەین، وێنەیەک کە پەیوەستە بە ئەزموونی خۆمان و هەر بۆیە بۆ هەر بینەرێک جیاوازە. بینەر بە خەیاڵەکانی وێنە بۆ خۆی دروست دەکات، ئەمەش ئەو شتەیە کە من دەمەوێت. لەو هەلومەرجە نموونەییەی کە من دەمەوێت: بەشداری کردنی بینەرە لە دەرهێنانە داهێنەرییەکانی فیلمەکە. ئایدیاڵی تاریکی لە فیلمی ئەی بی سی ئەفریقادا فۆڕمەکەی لە هەقیقەتی ژیانی ناو تاریکی ئەفریقاوە وەردەگرێت، کاتێک لە نەبوونی کارەبادا بەیانییەکی باراناوی پاش ئەو حەوت خولەکە بە ئازارەی ناو تاریکی دەبێتە خەڵاتێک بۆ ئەوانەی کە بە ئارامییەوە تا بەیانی بەرگەی تاریکی شەویان گرتووە.

میهرناز: ئایا هەندێک لە دیمەنەکانت دروستکردنەوە، وەکو ئەو دیمەنانەی ناو تاریکی و ناو وێرانەکان؟ پێشتر چەند لۆکەیشنت هەڵبژاردبوو؟

کیاڕۆستەمی: هیچ دیمەنێکمان لەم فیلمەدا دروستنەکردەوە، ئەو کاتەمان نەبوو، بەڵام دوو کامێراکە لە شوێنی خۆیان و لە کاتی خۆیاندا بوون و ئەو هەلەیان بۆ ڕەخساندین کە بتوانین ئەو جۆرە لە دەرهێنان بۆ فیلمەکە بەدەستبهێنین لە هەندێک ساتدا. هەموو لۆکەیشنەکانمان بۆ یەکەمینجاربوو کە دەمانبینین، پلانمان دانابوو کە سەردانی نەخۆشخانەکە بکەین و پلانمان دانابوو بیست خولەک بمێنینەوە. بۆیە مردنی منداڵەکە و بەستنەوەی جەستەی بە پشتی پاسکیلەکەوە دیمەنێکی لەناکاو و پلان بۆ دانەنراوبوو.

ڕۆزنباوم: ئایا ڕۆڵی جیاوازت بۆ دوو کامێراکە دانابوو؟ تێبینی ئەوەم کرد کە کامێراکەی سەیفوڵا سەمادیان زۆر گەورەتر بوو لەوەی تۆ.

کیاڕۆستەمی: نا، ئەوە ئەو کامێرایانە بوون کە وا ڕێکەوت پێمان بێت. لە فیلمەکانی تریشدا بەهەمان شێوە، کاتێک بە دوای لۆکەیشندا دەگەڕاین و کارمان لەسەر سیناریۆکە دەکرد، کامێرایەکی ڤیدیۆی دیجیتاڵیم پێبوو کە وەکو قەڵەمێکی ڕەشنووس بەکارم دەهێنا. لەم گەشتەدا سەیفوڵا کامێراکەی خۆی هێنا، کە کەمێک لەوەی من ئاڵۆزتر بوو. بەدڵنیاییەوە، مەبەستی سەرەکی ئێمە ئەوە نەبوو کە لەو گەشتەدا فیلمەکە دروست بکەین. وەک چۆن لە بانگهێشتەکەدا پێشنیارکرابوو جێگەکە ببینین تاوەکو لە دواتردا فیلمەکە دروست بکەم لەسەر خواستی [ئابوونەی نێونەتەوەیی گەشەسەندنی کشتوکاڵ]. بەڵام هەستمان کرد گرتە ڕەشنووسەکان ئەوەندە دەبوون کە فیلمێکیان لێ دروست ببێت. پێموایە فیلمێکی ئەوەندە باش نەدەبوو ئەگەر گرتەکانی دروستکراوبن لەکاتێکدا پلانی فیلمێکی ڕەسەن لەبەردەستدایە . بۆیە هەر ئەوەی کە هەمانبوو مۆنتاژمان کردنەوە. کامێراکەی من زۆرباش نەبوو، بەڵام پێموابوو کە بۆ فیلمێکی لەمجۆرە زۆرباشە، فیلمێک کە بە دەوری بابەتێکدا دەخولێتەوە.

میهرناز: ئایا ئەوە یەکەمجار بوو کە ڕێگە بدەیت کەسێکی تر بڕیار لەسەر گۆشەی کامێراکەت بدات؟

کیاڕۆستەمی: نا، ئەوە یەکەمجار نەبوو. لە هەموو فیلمێکمدا کە کامێرا لەلایەن کامێرامانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، ئەو خۆی کار لەسەر هەڵبژاردن و ڕێکخستنی یەکەکانی ناو فرەیمەکانی پەیوەست بە بابەتی فیلمەکەوە دەکات. بە هەمان شێوە، تا چ ڕادەیەک فیلمساز و سینەماتۆگرافەر لە نزیکەوە مامەڵە لەگەڵ بابەتەکە دەکەن پەیوەستە بە هەوڵی یەکگرتوویی لە میزان سیێنەکە یاخود بەلایەنی کەمەوە لەو ئایدیاڵە نزیک دەبێتەوە.

ڕۆزنباوم: ڕات چییە لەسەر گواستنەوە بۆ کامێرەی سی و پێنج میلیمەتر، دەبێت تا ئێستا بینیبێتت؟ (ئێمە نەماندیووە.)

کیاڕۆستەمی: پێموایە بۆ ئەوەی لە دیجیتاڵەوە بۆ کامێرەی سی و پێنج میلیم بگوازیتەوە، دەبێت ڕێز لە میزان سیێن بگریت کە بۆ کامێرەی دیجیتاڵ کاردەکات. گواستنەوەی خێرا زۆرکات دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە. بۆ بەکارهێنانی ئەو کامێرایانە، دەبێت هەمیشە وریای دیزاینی شوێن و دیزاینی جلوبەرگ بیت. ڕەنگی سپی و پڕشنگدار کێشە دروست دەکەن. بۆ گرتەی نزیک، ئەم کامێرایە سەرنجڕاکێشە. سوودە هەرە گرنگەکە ئەوەیە کە پێویستت بە ڕووناکی قورس و ئاڵۆز نییە، بۆیە پێویستت بە کرویەکی کەمتر هەیە لە چواردەورت لەکاتی وێنەگرتندا، بەتایبەتی بۆ ئەکتەری ناپرۆفیشناڵ، کە بۆ ئەوان ئامادەیی کامێرا هەمیشە بێزارکەرە. ئەوان ئاسانتر دەتوانن کامێرایەکی قەبارە بچووک لەبیر خۆیان ببەنەوە، دیمەنە هەستیارەکانیش کە پەیوەستن بە هەستی نێوان دەرهێنەر و ئەکتەرەکان دەکرێت لە دەرئەنجامی ئەوەدا دروست ببن. بۆیە دەکرێت بەو ڕێگایە بگەین بە نواندنێک کە ڕاستگۆیانەتر و سادەترە. دیمەنی وەستاوی شەو بە بەکارهێنانی ڕووناکی بەردەست یەکێکە لە شتە هەرە گرنگەکانی ئەم کامێرایە. پێموایە فیلمسازی بە شێوازە بریسۆنیەکەیدا بیرۆکەیەکی سەرنجڕاکێشە بۆ ئەم جۆرە لە کامێرا.

ڕۆزنباوم: ئەی بی سی ئەفریقا بە چەند کەسێک دەست پێ دەکات کە دەگەنە ئۆگەندا و بە چەند کەسێک کۆتایی دێت کە جێی دەهێڵن. ئایا لە دیمەنەکانی کۆتاییدا، دەخوازیت بینەر ئامادەیی فیلمساز لەیاد بکات؟

کیاڕۆستەمی: ئەوە چوارچێوەیەک بوو تا شێوە بە فیلمەکە بدەین. گەیشتنی فیلمسازەکان بە ئۆگەندا لە واقیعەوە سەرچاوەی گرتبوو. بیرۆکەی کۆتاییەکەشی، پەناهەندەبوونی منداڵەکە و وەدەرنانی لە خاکی خۆی بەرەو جێگەیەکی نادیار، وەک چارەسەرێکی دڵڕەقانە و ناژیرانەیە. ڕەنگە ئەم جۆرە لە کۆتایی چارەسەرێکی لەبار نەبێت. لە شوێنێکی فیلمەکەدا دەوترێت کە ئێمە هەوڵ دەدەین ئەم منداڵانە لەگەڵ خێزان و ماڵ و کۆمەڵگەکەیان بهێڵینەوە: نامانەوێت لە خاکەکەی خۆیان دووریان بخەینەوە. بۆیە بڕیاری فیلمەکە ئەوە نییە کە چارەسەرێکی لەبار بخاتە بەردەست، بەڵکو فیلمەکە کۆتایی پێدەهێنێت. من بڕوام بە هەست و زانیاری و بڕیارەکانی بینەر هەیە لەم بابەتانەدا. ئەگەر ئەم بڕیارانە هەڵەبن، ئەی ڕاستەکە چییە؟ ئایا هەڵگرتنەوەی منداڵێک هەستی تاوان دەربارەی چارەنووسی ملیۆنان هەتیو لە تەواوی ئەفریقادا کەمدەکاتەوە؟ ئایا بەڕاستی ئێمە بەشێکین لە دروستکردنی ئەم تراژیدیایە؟ بە پشت بەستن بە ووردبوونەوەی بینەر، کە پێموایە پڕ زانیاری و پڕ بیرکردنەوەیە، ڕێگە بە خۆم دەدەم هەڵەیەک بکەم.

ڕۆزنباوم: ئایا ئەندامانی یوێسۆ [هەوڵەکانی ژنانی ئۆگەندا بۆ ڕزگارکردنی هەتیوەکان] یاخود ئیفاد فیلمی ئەی بی سی ئەفریقایان دیووە؟ ئەگەر بینیوویانە، بۆچوونیان چییە؟

کیاڕۆستەمی: بەڵێ، بینیوویانە و کاردانەوەکانیشیان زۆر ئیجابی بوون. بەڕێوەبەرەکەی کە بانگهێشتی کردم بە شتێکی پێوتم کە سەرسامی کردم. وتی، ئەو دیمەنانە دەربهێنە کە وا پیشان دەدات فیلمەکە لەسەر خواست دروستکرابێت، هەرواشمان کرد. بڕوای وابوو کە فیلمەکە دەکرێت زۆر سەرنجڕاکێشتر بێت بەبێ ئاجێندایەکی زۆرلێکراو. پێچەوانەی ئەوەی کە چاوەڕێم دەکرد، پێیوابوو فیلمەکە لەو فیلمانەی تر ناچێت کە لەسەر خواست دروستکراون و هەر لەبەر ئەو هۆکارەش کاریگەربوو.

میهرناز: هیچ داواکاری ترت لێکراوە بۆ دروستکردنی فیلم دەربارەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان؟ ئەگەر وایە، بۆچی بڕیارتدا ئەم کارەیان بکەیت؟

کیاڕۆستەمی: پێشتر داواکارییەکی وەک ئەمەم لێنەکراوە. ئەرکی ماڵەوە و هەندێک کورتە فیلمی وەکو هاونیشتیمانی [١٩٨٣] و ستایشێک بۆ مامۆستا [١٩٧٧] تێمای کێشەی کۆمەڵایەتییان تێدایە کە وایان کردووە قبووڵیان بکەم، وەک کارێک لەسەر خواستی خۆم. بابەتی ئەم فیلمە لەبەر چەند هۆکارێکی تر سەرنجیان ڕاکێشام: دەمتوانی لە کاتێکی باشی ساڵدا (لە بەهاردا) بڕۆم، سەردانێکی ئەو کیشوەرە بکەم کە هەرگیز بۆی نەچووبووم (ئەفریقا)، کار لەسەر بابەتێکی ڕەسەن و نادیاری وەک ئایدز بکەم، بگەڕێمەوە بۆ جیهانی منداڵانیش.

ڕۆزنباوم: بە ئاشکرا جیاوازی لەنێوان دەنگ هەیە لەو ڤێرژنەی کە لە تاران نمایشکرا لەگەڵ ڤێرژنی کۆتایی. لەو دەنگانەی کە من هەستم پێکردبێت ئەو گۆڕانکاریانەن کە لە موزیکدا کراون، کە دیارە و پێموایە لە کێشەی مافی خاوەندارێتی موزیکەوە دروستبوون. هەرچەندە پێمناخۆشە گۆرانی “گەڵای پایز” لە دیمەنی ناو وێرانەکەدا نەماوە (کە بۆ من جوانترین دیمەنە لە فیلمەکەدا، بەدڵنیاییەوە دیمەنە هەرە شیعرییەکەیە)، چونکە ئەو گۆرانییەم خۆشدەوێت، بەڵام دەنگی ئەو ئاوازە هێواشەی گیتار بەدڵنیاییەوە زۆر بەچێژترە. بە هەمان شێوە، لە دوا دیمەندا دەنگی فڕۆکەکان و تەنانەت واڵتی “دانوبی شینت” گۆڕیووە بە موزیکێکی باڕۆک کە پێموایە هی هاندێڵە. موزیکە باڕۆکەکە بۆ من ڕۆژئاوای ئەوروپا پیشان دەدات، لەکاتێکدا واڵتی ستراوس وام لێدەکات بیر لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بکەمەوە، بەتایبەتیش ڤییەنا. جیاوازییەکی گشتی لە هەردوو ئەم گۆڕانکارییانەدا ئەوەیە کە موزیکی ئەفریقی زۆر ناوەند و زاڵتر دیارە. ئایا ئەوە مەبەستی تۆ بوو؟

کیاڕۆستەمی: لەگەڵتدا هاوڕام کە لە ئامادەیی موزیکی ئەفریقیدا، موزیکی کلاسیک هەمان کاریگەریی نەبوو. موزیکە ڕەسەنەکە کوالیتییەکی سروشتییبوونی هەبوو، ئەمەش مانای وایە موزیکی کلاسیکی، کە من زۆر عاشقیم و هەرگیز ناتوانم بە ڕۆژئاوای و ڕۆژهەڵاتی ناوی ببەم، ئەو کوالیتییەی نەبوو. بۆ من موزیکی کلاسیکی هی هەموو جێگەیەک و هەموو کەسێکە، وەک ئاسمان، نەتەوە و جیۆگرافیای نییە. بەڵام پێموابوو موزیکێکی زۆر دەوڵەمەندانەیە بۆ ئەم فیلمە، بۆیە موزیکی کۆتایی فیلمەکەمان لە ڤێرژنی کۆتاییدا گۆڕی، کە هێشتا نەتبینیووە. واڵتی “دانوبی شین” بۆ کۆتایی ئەم فیلمە گونجاوتر بوو لەو پارچەیەی هایدن کە لە تاران گوێت لێی بوو، ئەو پارچەیەی هایدن زۆر قورس بوو بۆ ئەم فیلمە. هەرچەندە “دانوبی شین” گونجاوتر بوو بۆ ئەم فیلمە، بەڵام بۆم دەرکەوت کە لە بابەتەکە داتدەبڕێت. بۆیە کەمێک دەنگەکەیم کز کرد و لە کۆتایشدا بە تەواوی سڕیمەوە. لە چاپە سی و پێنج میلیمیەکەدا، فیلمەکە تەنها بە دەنگی فڕۆکەکان کۆتاییان دێت.

دەربارەی گۆڕینی پارچەکانی تر لە فیلمەکەدا، هەندێکیان بەهۆی مافی خاوەندارێتیەوە بوون هەندێکیشیان چونکە زۆر دڵنیا نەبووم کە ئەوانە هەڵبژاردنە باشترینەکەن، بۆیە لە کۆتاییدا دەرمان هێنان. “گەڵای پایز” یەکێک بوو لەو نموونانە. پارچەیەکی دڵخۆشکەربوو لە دەرەوەی فیلمەکە و لە فیلمەکەدا خراپ نەبوو، بەڵام شتێکی لە مێشکی بینەرەکاندا جوڵاند کە هیچ پەیوەندی بە بابەتی فیلمەکەوە نەبوو. لەبەر ئەم هۆکارە، کاتێک لە نمایشی تایبەتدا درکم بەوە کرد بینەر بە گوێی یەکیاندا دەچرپاند، ئەو ڕاستییەی کە دەیانزانی کە ئەو پارچەیە لەویادا ناگونجێت، بۆیە لە کۆتاییدا لە بری ئەوە پارچەیەکی ترم بەکارهێنا. هەڵبژاردنی پارچە نوێیەکە پەیوەندی هەبوو بە ویستنی دەنگێک وەک لە گۆرانییەک. ئەو موزیکەی بە گیتارەکە دەیبیستیت لەلایەن موزیسیانێکی ئێرانییەوە نووسراوە و دەمویست لە جێگەیەکی فیلمەکەدا جێی بکەمەوە. پیاوە گەنجەکە ئەو کوڕەیە کە لە فیلمی ژیان و هیچی تر [١٩٩٢] لە پشتی درەختێکەوە خۆی دەشارێتەوە بۆ ئەوەی میز بکات.

میهرناز: ئایا پەیوەندیت لەگەڵ هەندێک لەو خەڵکانە دروستکردووە کە وێنەت گرتوون، لە نێویاندا دوو عاشقە نەمساییەکە؟ دەزانیت چییان بەسەرهاتووە؟ حەز ئەکەیت جارێکی تر لە ئەفریقا وێنە بگریتەوە؟

کیاڕۆستەمی: من هێشتا پەیوەندیم نەکردووە بە دوو عاشقەکەوە. ناونیشانەکەیانم لایە، بەرهەمهێنانی ئێم کەی تو بڕیارە کۆپییەکی فیلمەکەیان بۆ بنێرن. ئایا گفتوگۆی ناو ئوتومبیلەکەی خێزانە نەمساییەکەت لەبیرە؟ کاتێک باوکەکە بە دەنگێکی شۆخییەوە بە منداڵەکەی دەڵێت، ئەتەوێت شتێک بە زمانێکی منداڵانەوە بڵێیت؟ منداڵەکەش مایکرۆفۆنەکەی نا بە ڕوومەتییەوە؟ هیوادارم ئەو هەلەم بۆ بڕەخسێت کە چەند ساڵێک دواتر لێی بپرسمەوە، ڕەنگە لە بیست ساڵی ئایندەدا، کە ئەگەر ئەو لەگەڵ خێزانە سپی پێستەکەیدا لە دەرەوەی وڵاتی خۆی خۆشبەختە، سوپاسگوزارە کە کۆچی کردووە.

جیاواز لەوەی کە حەزدەکەم وەک فیلمسازێک بگەڕێمەوە بۆ ئەفریقا، حەزدەکەم وەک فۆتۆگرافەرێکیش بگەڕێمەوە، بچم بۆ ناوچە دوورەدەستەکان کە کامێرا هەرگیز نەگەیشتوونەتە ئەوێ، کە کامێرا ناناسن و لەبەردەمیدا دەوەستن هەر چەندێک تۆ حەز بکەیت و تەماشای بکەن بێ ئەوەی جێگەی خۆیان بگۆڕن. لەبەرئەوەی هیچ بیرۆکەیەکیان نییە کە ئەوە تۆماریان دەکات و هیچ لەبارەی فۆتۆگرافییەوە نازانن، ئەو هەلەم پێدەدات کە چەندین جار گۆشەکەم بگۆڕم، لێنزەکەم بگۆڕم، وێنەکانیان لە ئەتمۆسفێرێکی کەیفخۆشدا بگرم کە فۆتۆگرافەرە پیشەگەرەکان بە خۆکردی ناوی دەبەن.

 

بەشی یەکەم: https://sulyon.com/?p=2326

بەشی دووەم: https://sulyon.com/?p=2355

 

_____

سەرچاوە: 

زانکۆی ئیلینۆی پرێس ٢٠١٨

ناوی کتێب: عەباس کیاڕۆستەمی

نووسەر: میهرناز سەعید وەفا و جۆناسان ڕۆزنباوم

Related Posts

Leave a comment