زێوار ڕۆژ
بینینی کیاڕۆستەمی لە نێوان هەست و عەقڵ، پیشاندانی ئەو دوو دونیابینییە جیاوازەی نێوان ئافرەت و پیاو، پێداویستی و خواستەکانی هەردوو ڕەگەز، دونیای ئاڵۆزی پیاو لەگەڵ دونیای جوان و سادەی ئافرەت .
سەرەتا با بە دونیابینی ئافرەت دەست پێبکەین لە گۆشەنیگای (کیاڕۆستەمی)یەوە ، بابەتێک وەکو هێڵێکی درێژ کە لە سەرەتا تاوەکو کۆتایی فیلمەکە کێشراوە، ئەوەیە کە ئافرەت زۆرینەی داواکاری و خواستەکانی لە چوارچێوەی بوونی پیاودا دەسوڕێتەوە، لە دەرەوەی پیاو شتێکی ئەوتۆ نامێنێتەوە کە بیخوازێت، بەڵام ئایا داواکارییەکان چین؟
بوونی پیاو بۆ ئەوەی تەنیا نەبن؟
بوونی پیاو وەکو پەناگە؟
پیاو وەکو تاکە فریادڕەس؟
سێکس؟
لەوانەیە خوێندنەوە بۆ دواکارییەکانی ئافرەت لە پیاو زۆر و ئاڵۆزبن تا ڕادەیەک، بەڵام خوێندنەوەی (کیاڕۆستەمی) هێندە ئاڵۆز نییە.
_ پێم وایە هەموو ئەوەی ئافرەت لە تۆی دەوێت ئەوەیە کە لەتەنیشتیەوە ڕێبکەیت و هەروەها دەست بخەیتە سەر شانی.
یەکێکی تر لەو پرسیارانەی کە بەدرێژایی فیلمەکە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە ئەوەیە کە ئایا ئافرەت هەمیشە لە هەوڵدایە بۆ قایلکردنی پیاو؟
دەتوانین بڵێین لێرەدا (کیاڕۆستەمی) وەڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە. لە دوو شوێنی جیاوازدا ئاماژەی پێکردووە، سەرەتا (ئێلی) هەمیشە هەوڵدەدات سەرنجی هاوسەرەکەی (جەیمس میللەر) ڕابکێشێت بە نیشاندانی سەرنجڕاکێشترین ئەو تابلۆیانە بە هاوسەرەکەی. پاشان درککردن بەوەی لە چاو ئافرەتانی دەوروبەر کەمتر سەرنجڕاکێش دەردەکەوێت، بۆیە (ئێلی)ش دەخوازێت وەکو ئەوان سوراوی سوور و گوارە بکات ئامانجیش لەم کارە سەرنجڕاکێشانی هاوسەرەکەیەتی، بۆیە دەتوانین بڵێین کیاڕۆستامی تا ڕادەیەک وەڵامی ئەم پرسیارەی سەرەوەی داوەتەوە.
کیاڕۆستەمی ئاماژەی داوە بەوەی دونیابینی ئافرەت هێندەی لەسەر خەیاڵ و یادگاری بنیادنراوە هێندە لەسەر بیرکردنەوە بنیاد نەنراوە بە پێچەوانەی پیاوەوە. (ئێلی) هێندەی بە ئارەزوو و خەیاڵەکانی دەدوێت هێندە بە بیرکردنەوەکانی نادوێت، بە پێچەوانەی (جەیمس)ی هاوسەرییەوە کە زیاتر بە بیرکردنەوەکانی دەدوێت. ڕابردوو و یادگاری لای ئافرەت نەمر و زیندووترە وەک لای پیاو، هەر بۆیە لای ئافرەت لەبیرکردنی یادگارییەک تا ڕادەیەک چاوەڕواننەکراوە و نائومێدکەرە، کاتێک دەبینین پیاوان هێندە بێباکن بەرامبەر یادگارییەکان و لە بیریان دەکەن.
وردبینی ئافرەت بۆ ماتڕیاڵ و شتە وردەکان لای (کیاڕۆستەمی) هەمدیس جێگەی بایەخ پێدانە، لە دیدی ئافرەتەوە باوەڕ پێنەکراوە کاتێک ئەم وردبینییەی ئەمان بۆ ماتڕیاڵەکان هەیانە لە پیاواندا بوونی نییە هەر بۆیە هەڵە تێگەیەشتنێک ڕوودەدات کاتێک بەر ئەم حاڵەتە دەکەوین.
_تۆ تێبینی ئەوەت نەکرد کە سووراوە سوورەکەم سڕی تەنانەت کە گوارەکانیشم لا برد تێبینیت نەکرد بەڵام من یەکسەر هەستم بە گۆڕانی بۆنەکەت کرد، کێشەکە ئەوەیە تۆ من نابینیت.
لێک تێنەگەیشتن بابەتێکی ئاڵۆزە و هەروەهاش زۆر بابەتی دیکە هەڵدەگرێت کە لەسەری بوترێت. هەروەها بە بڕوای (کیاڕۆستامی) کە لە گفتوگۆیەکدا ئاماژەی پێدەدات کە لێکتێنەگەیشتن خۆشەویستی دروست دەکات.
– عەشق بەرئەنجامی لێکتێنەگەیشتنە، ئێمە هەمیشه بەرەو لێکتێنەگەیشتن دەڕۆین و هەوڵدەدەین، بەڵام کاتێک واقیع دەردەکەوێت و بەڕاستی لێکتێدەگەین، عیشق بەرەو کۆتایی دەڕوات.
هەردوو ڕەگەز بە پێی ئەو بڕوا پتەوەی هەیانە بە گۆشەنیگای تایبەت بە خۆیان، دونیابینی بەرامبەر یاخود گۆشەنیگای بەرامبەر بە بینینێکی پووچ دەبینن، ئەم بڕوا پتەوەش لای ئافرەت لەسەر ئارەزوو و خەیاڵ بنیادنراوە، لای پیاوانیش لەسەر بیرکردنەوە. لێرەدا کە باس لە بیرکردنەوە دەکەین هەمیشە مەبەست لە بیرکردنەوەیەکی داهێنەرانە و مەعریفی نییە. لەلایەن ئافرەتان پووچ و باوەڕپێنەکراوە کاتێ دەبینن پیاوان هێندە بێباک دەبن بەرامبەر هەموو شتێک تەنها بە خاتری ئەوەی ببن بەو کەسەی خۆیان دەیانەوێت، لای پیاوانیش بەهەمان شێوە سەیرە کاتێک دەبینن ئافرەتان ویستێکی ئەوتۆ و گەورەیان نییە لەدەرەوەی بوونی پیاو و خێزاندا، بەڵام ئایا چارەسەرێک هەیە؟ یاخود ئایا ئەگەرێک هەیە کە لە تواناماندا بێت لە گۆشەنیگای بەرامبەرەکەمانەوە شتەکان ببینین؟ تەنها بەخاتری لێکتێگەیشتن. لێرەدا لێدوانێکی (کیاڕۆستەمی) لە گفتوگۆیەکدا هەیە کە ئەشێت لە گۆشەنیگای خودی(کیاڕۆستەمی) خۆیەوە وەکو چارەسەرێک تەماشا بکرێت.
– دەکرێت چارەسەر لە نێوان پیاو و ئافرەت ئەوەبێت، کە دەبێت لەوە تێبگەن کە لە یەکتر تێناگەن. ئەوان لە دوو دونیای تەواو جیاوازدا دەژین.
کۆپییەک کە هاوتای ڕەسەن بێت دەکرێت هەمان بەهای ڕەسەنەکەی هەبێت. کۆپییەک کە لە هەوڵدایە ببێت بە کۆپی ڕەسەنێک هەمیشە هەوڵ دەدات لە ڕەسەنەکە ڕەسەنتر دەربکەوێت. (ئێلی) هەوڵدەدات ببێت بەو کەسەی کە هاوسەرەکەی دەیەوێت یاخود ئەو کەسەی کە هاوسەرەکەی خۆی تیادا دەبینێتەوە، ئەو کەسەی کە هاوسەرەکەی هەموو ئارەزووەکانی خۆی تێدا دەدۆزێتەوە. (ئێلی) هەوڵی ئەوەیە ببێت بەو ڕەسەنەی کە ئەشێت هەر لە ڕاستیدا بوونی نەبێت.
ئەو پرسیارەی کە لە کۆتایدا (کیاڕۆستەمی) ڕووبەڕوومانی دەکاتەوە ئەوەیە، کە ئایا تەنیا و کۆتا پەناگەی ئافرەت دروستکردنی خێزانە یاخود تاکە فریادڕەسی ڕاستەقینە پیاوە؟ ئەم پرسیارە لەو جۆرە پرسیارانە نییە کە بتوانین وەڵامێکمان دەستبکەوێت کە هەمان قورسایی پرسیارەکەی هەبێت. (کیاڕۆستەمی)ش بەهەمان شێوەی ئێمە تاڕادەیەک خۆی لەو بەرپرسیارێتییە گەورەیە لاداوە، ئەویش وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارەیە، دووبارە تەنها وەڵامێکی کیاڕۆستەمیانەمان دەست دەکەوێت، ئەویش ئەوەیە کە ژیان بە هەموو ناڕێکیەکانییەوە هەر بەردەوام دەبێت.