[کورتەیەک لەبارەی سەبزییان و کەرامەت]

زێوار ڕۆژ

ئێمە لێرەدا دەبینین مرۆ‌‌ڤانێک هەن ئەبێ هەمیشە باج بدەن بۆ ئەو ‌حەز و ئارەزووانەی کە هەیانە، ئەگەرچی ئارەزوویان جوانکردنی ژیان و پێکەوە ژیانێکی باشتر بێت. بەرچاومان دەکەوێت کە چۆن مرۆڤ لە دنیای مۆدێرندا کەرامەتی دەشکێت و شتێکی ئەوتۆ نامێنێتەوە بۆی بژی.

– من هێشتم خۆشەویستیم بۆ سینەما ژیانم وێران بکات، بەڵام هێشتا من هەمیشە هەوڵدەدەم فیلمی باش ببینم.

ئەمە دێڕێکی (سەبزییان)ە کە لە چاوپێکەوتنێکدا دەیڵێت، ئێمە و (سەبزییان) هەردووکمان درکمان بەوە کردوە کە (سەبزییان) ناتوانێت ببێت بەو کەسەی خۆی دەیەوێت ، بەڵام هێشتا بە تەماشاکردنی فیلم ڕازییە .

(سەبزییان) تا ڕادەیەک لەو پرسیارە خۆی دەدزێتەوە، کە ئایا ئەم دەتوانێت فیلمی باش دروست بکات؟ زۆربەی کات وەڵامی ئەم پرسیارەمان بەوە دەداتەوە ”کە ئەگەر منیش پارەم هەبووایە دەمتوانی وەکو فیلمسازەکانی دیکە فیلم دروست بکەم” . هەر ئەم دنیا مۆدێرنەی ئەمڕۆیە کە وا دەکات (سەبزییان) پێگەی کۆمەڵایەتی و کار و خێزانی هەمووی لە دەست بدات.

  • فیلمی باش بەشێکی گرنگی ژیانمە، کاتێک فیلمێکی باش دەبینم هەست دەکەم دووبارە لە دایک دەبمەوە.

بۆ زۆربەمان لەوانەیە جێگەی باوەڕ نەبێت چۆن ئەشێت مرۆڤانێک هەبن بەم چەشنە ژیانیان وێران بێت تەنها بەخاتری حەزیان بۆ هونەر، بەڵام ئەوەتا ئەیبینین کە چۆن مرۆڤگەلێک هەن بەر شەپۆلی دنیای مۆدێرن دەکەون و پێگەی کۆمەڵایەتی و کەرامەتی مرۆڤبوونیان لە دەست دەدەن تەنها لەبەر ئەوەی هونەر لە دنیای مۆدێرنەدا جێگەی نابێتەوە، چونکە هونەر ناتوانێ پارە پەیدا بکات تەنها توانای دابینکردنی خود ڕازیکردنی هەیە و هیچیتر . کاتێک ئەم بابەتە دەنوسم دێڕێکی فیلمی ئاماتۆری (کیشلۆوسکی)م دێتەوە یاد کە دەڵێت.

  • کۆمەڵیک شت هەن کە لە هێمنی و ئارامی گرنگترن بۆ مرۆڤ.

بۆ کۆمەڵێک مرۆڤ هونەر لە ئارامی و سەقامگیری ژیانیان گرنگترە، بێگومان (سەبزییان) یەکێکە لەو کۆمەڵە مرۆڤەی کە ئێمە پەراوێزمان خستوون. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە کیاڕۆستەمی فیلمسازی دڵخوازی منە تەنها بەهۆی ئەوەی کە لە نێو فیلمەکانیدا هەرە پەراوێزخراوەکان دەبینم. هەمیشە کاری گەورەی کیاڕۆستەمی پیشاندانی پەراوێزخراوەکانە، ئەگەر فیلمی کلۆسئەپ نەبووایە من هەرگیز (سەبزییان)م نەدەبینی.

Related Posts

Leave a comment