[گفتوگۆ لەگەڵ عەباس کیاڕۆستەمیدا]

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال 

گفتوگۆی یەکەم لەگەڵ ڕۆزنباوم و میهرناز سەعید وەفا

مارتی ١٩٩٨، شیکاگۆ

جۆناسان ڕۆزنباوم: وادیارە فیلمەکانت لە فەڕەنسا، پێش زۆر جێگەی تر، ستایشکراون. پێتوایە هۆکاری ئەمە چییە؟

عەباس کیاڕۆستەمی: لەبەرئەوەی [فەڕەنسییەکان] ووردتر تێبینی شتەکان دەکەن. ئەوان جیاوازییەکان دەخەنە لاوە و بە مێشکێکی کراوەوە تەماشای فیلم دەکەن. بە هیچ جۆرێک جەوهەری فیلمەکانیان نەدەگۆڕی، بەڵکو گرنگییەکی زیاتریان پێدەدا. کاتێک دەڵێم بینەر لە یەک دەچن، مانای وانییە کە هەموویان بە هەمان ووردییەوە تەماشای فیلم دەکەن. لە وڵاتەکەی خۆم، لە ئێران، کەمتر گرنگی بە کاری لەو شێوەیە دەدەن چونکە هێشتا کولتوری میلۆدرامایان تێنەپەڕاندووە، هێشتایش بە سینەمای هۆڵیوود سەرسامن چونکە ئەزموونی تەواوی ئەو سینەمایەیان نەکردووە. لە وڵاتەکەی من، خەڵکی تەنها لەبەر دوو هۆکار دەچن بۆ تەماشاکردنی فیلم: تا پێبکەنن یاخود بگرین. بە شێوەیەکی سروشتیش ناتوانم ئەم بینەرە بە بینەری فەڕەنسیی بەراوردبکەم.

جۆناسان ڕۆزنباوم: لەم ڕووەوە بینەری ئەمریکی و بینەری ئێرانی لە یەک دەچن.

میهرناز سەعید وەفا: خەڵکی لە تەواوی دونیادا کاتێک تەماشای فیلم دەکەن یان دەیانەوێت پێبکەنن یاخود بگرین.

عەباس کیاڕۆستەمی: دەزانم، بەڵام من باسی بەشێکی دیاریکراوی ئەو بینەرەم دەکرد کە بە دوای جۆرێک لە فیلمی جیاوازەوەن لە ئێران و ئەمریکا و ئەوروپاشدا.

ڕۆزنباوم: هەستدەکەم کێشەکە لە تەواوی جیهاندا ئەوەیە کە چۆن بگەین بەو بەشە، چونکە میدیا تەنها بە فیلمی بازرگانییەوە سەرقاڵن. بڕێکی زۆر لە زانیاری نادروست هەیە دەربارەی سینەمای ئێران.

میهرناز: (بۆ ڕۆزنباوم) ڕۆڵی ڕەخنەگران لەمبارەیەوە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ هەست بەوە دەکەیت، کە بەراورد بە زۆرێک لە بڵاوکراوە و بەرهەمهێنەرەکان، دەسەڵاتێکی وایان نییە؟

ڕۆزنباوم: هەندێک کات دەتوانن ئەو هێزەیان هەبێت. بۆ من گرنگترین ڕۆڵی ڕەخنەگر گواستنەوەی زانیارییە. ساڵی ڕابردوو، کاتێک فاکسەکەم بۆ ناردیت [عەباس کیاڕۆستەمی]  لە نامەکەدا دوودڵیی خۆم پیشان دابوو دەربارەی  بڕیاری بڕینی بەشی کۆتایی تامی گێلاس [١٩٩٧] پێش ئەوەی لێرە نمایش بکرێت، کە تۆش زۆر بە دڵێکی گەورەوە هەر زوو وەڵامت دایەوە. ئەم [پڕوپاگەندەیە] شتێک بوو لە زۆرێک لە ڕەخنەگرەکانەوە بیستبووم، هەندێکیان تەنانەت بیرۆکەی بڕینی بەشی کۆتاییان پەسەندکردبوو. لەو کاتەشەوە، زۆرجار هەمان چیرۆکی هەڵە دەبیستمەوە. ئەم دەربڕینە هەڵانە بەردەوام دەماودەم دەکەن.

میهرناز: کاتێک گۆدفری چێشایەر بابەتێکی بۆ نیویۆرک تایمز لە پایزی ڕابردوودا [٢٨ی ئەیلوول، ١٩٩٧] نووسی تا برەو بە فیلمەکە بدات و بڵاویبکاتەوە بۆ بینەرێکی زیاتر، نووسیبووی کە چونکە یاسای ئیسلام خۆکوشتنی قەدەغە کردووە، کیاڕۆستەمی کێشەیەکی زۆری لەگەڵ دەسەڵاتی ئیسلامیدا هەبووە.

ڕۆزنباوم: ڕۆجەر ئیبەرت دوو ڕۆژ پێش ئێستا هەمان شتی لە شیکاگۆ سەن تایمز نووسیووتەوە.

کیاڕۆستەمی: لەڕاستیدا، حەزم بەم جۆرە لە لێکدانەوە لە گفتوگۆکردن و دیالۆگکردن لەبارەی فیلمەکانمەوە هەیە.

ڕۆزنباوم: باشە، هەندێکیان دەکرێت باش بن، بەڵام هەندێکیان دەکرێت زیانیان هەبێت. کێشەکە ئەوەیە کەم جار ڕەخنەگرتن و بانگەشەکردن لێکجیادەکرێنەوە، هەندێکجاریش فیلمەکانت دەبنە قوربانی بانگەشەی هەڵە.

کیاڕۆستەمی: کاتێک ئەم لێکدانەوەیە دەکەوێتە دەستی میدیا زەبەلاحەکان، لەو کاتەدا کێ دەتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات؟ هەندێکجاریش ڕەخنەگران و ڕۆژنامەنووسان دەیانەوێت هەڵە تێبگەن.

ڕۆزنباوم: ڕەنگە ئەمە زیاتر لە فیلمەکانی تۆدا ڕووبدەن بەهۆی ئەو پارچە ونانەی ناو گێڕانەوەی فیلمەکانتدا. لە بری ئەوەی بینەر ئەم بۆشاییە بەتاڵانە پڕ بکاتەوە، ڕۆژنامەنووس و ئەوانەی فیلمەکان بڵاودەکەنەوە ئەم بۆشاییانە پڕدەکەنەوە.

کیاڕۆستەمی: لە هەموو حاڵەتەکاندا، باشترە کە لەلایەن ئەوانەوە هەڵبخەڵەتێنرێیت لە بری فیلمسازەکان. لەو کاتەدا هەمیشە مەودایەک دەمێنێتەوە کە بینەر بیر لەو بەشانە بکەنەوە و چارەسەرەکانی خۆیانی تیادا بدۆزنەوە.

ڕۆزنباوم: ئایا لە ئێراندا پڕوپاگەندە دەربارەی فیلمەکانت بڵاودەبنەوە؟

کیاڕۆستەمی: ئەم کارە بەسەر زۆر فیلمدا دێت، نەک تەنها ئەوانەی من. خەڵکی لەگەڵ ئەو پڕوپاگەندانانەدا دەژین. بۆ نموونە، ئەگەر ڕایبگەیەنین کە من لە کۆتایی نمایشی فیلمەکەدا ئامادەیم دەبێت، پاشانیش لەبەر هەندێک هۆکار لە ترافیکێکدا بچەقم، ڕاستەوخۆ پێیان وایە کە من گیراوم. چونکە ئەوان پێویستیان بەو چیرۆکانە هەیە. ئەوە تەنها لە سینەمادا ڕاست نییە: پڕوپاگەندە سەرچاوەیەکی سەرەکی زانینی کێشەی خەڵکانی ترە. زۆرێک لەو پڕوپاگەندانە دەربارەی پەیوەندی نهێنی سێکسین. ئەمەش ئەوە دەردەخەن کە پێویستە چەندین خەڵک بوونی ئەو پەیوەندییانە دووپات بکەنەوە، سەرباری قەدەغەکردنیشییان. کاتێک ئەم چیرۆکانەی دووایم دەربارەی بیل کڵینتن بیست، ئەوەی پیشاندام کە دەکرێت ئەمە لە هەموو جێگەیەک ڕووبدات، کە پێویستە خەڵک بیربکاتەوە کە ئەویش مرۆڤە و وەک هەموو ئەوانی تر دەکرێت هەڵە بکات.

ڕۆزنباوم: بەڵێ، ئەم [چیرۆکەی بیڵ کڵینتۆن و مۆنیکا لێوینسکی] فیلمە هەرە بەناوبانگەکەی ئێستای ئەمریکایە.

میهرناز: ئایا لە ڕێگەی ئەزموونی دروستکردنی فیلمەکانتەوە وردە وردە گەیشتیت بە بنەمای سڕینەوە و لەیادکردن؟

کیاڕۆستەمی: بەڵێ. کاتێک فیلمی (ئەرکی ماڵەوە)م [١٩٨٨] نمایشکرد، یەکێک لە بینەرەکان کە فیگەرێکی ناسراو بوو هات و سوپاسی کردم، پاشان پێشنیاری ئەوەشی کرد کە ڕەنگە بتوانم فیلمەکانم باشتر دروست بکەم ئەگەر  کەمتر پشت بە ئەزموونی خۆم ببەستم و زیاتر بیر لە فیلمەکە بکەمەوە وەک جۆرێک لە دۆکیومێنتکردن، تا بۆ بینەر  ببنە سەرچاوە. ئەوکات بۆ یەکەم جار بیرم لە نووسینی جۆرێکی جیاواز لە فیلم کردەوە کە بینەر بتوانێت بۆ خۆی پارچەکان پێکەوە گرێ بدات. کاتێک دەچیتە سوپەرمارکێتێک، هەر کەسە و هێزێکی جیاوازی هەیە بۆ شت کڕین، بۆیە هەموو کەس بە هەمان کەرەستەوە ناچنە دەرەوە. بە هەمان شێوە، کاتێک تەماشای فیلم دەکەیت، پێویستە بە لێکدانەوەی تایبەتی خۆتەوە بێیتە دەرەوە، پشتبەستوو بەوەی کە تۆ کێیت. فیلمەکە پێویستە ڕێگەی لێکدانەوە لە خوێنەر نەگرێت، بۆشاییەک جێبهێڵێت بۆ ئەو بەریەک کەوتنە.

ڕۆزنباوم: بۆ من ئەم جۆرە بەریەککەوتنە پەیوەندی بەو ڕاستییەوە هەیە کە تۆ ژمارەیەکی زۆر لە دیمەنی درێژ پیشاندەدەیت. لە زۆرێک لە فیلمە بازرگانییەکاندا، دیمەنە نزیکەکان ئەو بۆشاییە کراوانە پڕ دەکەنەوە کە تۆ باسی لێوە دەکەیت. ڕەنگە ئەمەش پەیوەندییەکی کەمی بە مانای وتەیەکی [چارلی] چاپلنەوە هەبێت: کۆمیدیا دیمەنێکی درێژە و تراژیدیاش دیمەنێکی نزیک.

کیارۆستەمی: کاتێک ژنەکە لە ڕۆیشتن دەوەستێت لە دوا دیمەنی بە نێو درەختە زەیتوونیەکاندا [١٩٩٤]، بینەر بۆ خۆی کڵۆس ئەپی دیمەنەکە دروست دەکات بێ ئەوەی من هیچی بۆ بخەمە بەردەست بەهۆی ووردبوونەوەیان لە ڕووداوەکان. ئەوان مانا بە ڕووداوەکە دەبەخشن.

ڕۆزنباوم: میتۆدی وێنەگرتنت لەگەڵ ئەمەدا یەکدەگرێتەوە. ئەو ڕاستییەی کە هیچ یەک لە ئەکتەرە سەرەکیەکانت لە کاتی وێنەگرتنی فیلمی تامی گێلاسدا یەکترییان نەدیووە، مانای وایە کە هەریەکەیان خەیاڵی کارەکتەرێکی جیاوازیان هەیە بۆ ئەو کەسەی قسەی لەگەڵ دەکات یان گوێی لێ دەگرێت. بۆیە ئەمە باوەڕێکە و لەکاتی دروستکردنی فیلمەکانتدا بەکاریان دەهێنیت، نەک تەنها لە تەماشاکردنیاندا.

کیاڕۆستەمی: دەبێت شوێن ئەوە بکەویت چونکە ئەکتەرەکانت بەنرخن؛ ئەوان یەکەم بینەری فیلمەکەی تۆن، بۆیە دەبێت لە هەمان پڕۆسەدا بەشداری بکەن.

میهرناز: لە فیلمی تامی گێلاسدا ئایا ئەکتەرەکانت ئاگاداردەکردەوە لەوەی کە لە پڕۆسەی وێنەگرتندان یان ڕاهێنان؟

کیاڕۆستەمی: نا، هیچ ستافێکی دروستکردنی فیلمم لەگەڵ نەبوو. کامێراکەیان لە ئوتومبیلەکەدا بۆ ڕێکدەخستم چونکە تەنها من لەگەڵ ئەکتەرەکەدابووم [بۆ نموونە، من وەکو ئەو کەسە خزمەتم دەکرد کە کارەکتەرەکە قسەی بۆ دەکات یان گوێی لێ دەگرت].

ڕۆزنباوم: دەبوو ئەکتەرەکان حیوارەکانیان لەبەربکەن؟

کیاڕۆستەمی: هیچ شتێک نەنووسرابوو، هەموو شتێک ئیرتیجالی بوو. من کۆنترۆڵی هەندێک بەشم دەکرد و واشم لێ دەکردن هەندێک ڕستەی دیاریکراو بڵێن، بەڵام بەشێوەیەکی سەرەکی ئیشەکە ئیرتیجالی بوو.

ڕۆزنباوم: ئایا هەموو ئەو ئەکتەرانە وەک ژیانی ئاسایی خۆیان قسەیان دەکرد؟

کیاڕۆستەمی: بە تەواوەتی نا. بۆ نموونە ئەو ئەکتەرەی ڕۆڵی سەربازی هەبوو سەرباز نەبوو، خۆم پێشتر دەربارەی شوێنی کەمپە سەربازییەکە لەگەڵیدا کارمکرد. فیلمەکە تێکەڵەیەکە لە ڕاستی و ناڕاستی. بۆ نموونە، هەندێک چەکم داواکرد، بۆیە ئەکتەرەکە پێیوابوو لە دواییدا، لە کاتی وێنە گرتندا، هەلی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت کە فیشەکێک بهاوێژێت. درکی بەوە نەدەکرد کە کاتی ڕێنماییەکردنم فیلمە ڕاستەقینەکەی دروست دەکرد، پەرێشان ببوو و هەر دەیپرسی کە ئایا وێنەگرتنەکە کەی دەست پێ دەکات. لەڕاستیدا وام لێکرد بڕوا بەوە بهێنێت کە پلانم دانابوو خۆم بکوژم.

ئەمە دێڕە شیعرێکی ڕوومیم دەهێنێتەوە یاد، کە دەڵێت:

تۆ تۆپی پۆڵۆی منیت

لە پێش گۆچانەکەی من، بە فەرمانی من دەجوڵێیت

من هەمیشە بە شوێن تۆدا ڕادەکەم،

هەرچەندە ئەوە منم کە دەتجوڵێنم.

ڕۆزنباوم: ئایا ئەمە هاوشێوەی ئەو تەکنیکەیە کە لە فیلمی [ئەرکی ماڵەوە] بەکارت هێناوە؟

کیاڕۆستەمی: بەڵێ، هەرچەندە [ئەرکی ماڵەوە] لە کۆنتێکستێکی دۆکیومێنتەریدایە. بەشە هەرە گرنگەکەی تەکنیکەکە ئەوەیە کە هەموو کاردانەوەکان پەیوەست بکەیتەوە بەیەکەوە، هەموویان پێکەوە گرێ بدەیت. هەندێکجار هیچ ڕێگایەک نییە کە پێکیانەوە ببەستیتەوە.

ڕۆزنباوم: وا دەیبینم ئەم تەکنیکە کە شتێکی هاوبەشی لەگەڵ میوزیکی جاز هەبێت. ڕەنگە هۆکارەکە ئەوەبێت کە حەزم بە بەکارهێنانی گۆرانییەکەی لویس ئارمسترۆنگە لە دیمەنی کۆتایی فیلمی تامی گێلاسدا.

کیاڕۆستەمی: تەواو وایە. چونکە هەرچەندە تۆ شوێن هەندێک تێبینی دیاریکراو دەکەویت، لە هەمانکاتدا شوێن هەستی ئەو پارچە میوزیکەش دەکەویت، بۆیە ئەو نمایشەی کە تۆ ئەمشەو دەیبەخشیت جیاواز دەبێت لە نمایشی سبەینێ.

ڕۆزنباوم: پەیوەندی هەیە بە کارکردنی پێکەوەییشەوە.

کیاڕۆستەمی: بەڵێ، بەڵام ئەم ئەکتەرانە ناتوانن دیالۆگێکیان لەگەڵ یەکتریدا هەبێت چونکە هەمیشە من ڕۆڵی لایەنێکیان دەگێڕم.

ڕۆزنباوم: ڕاستە، تۆ ڕێکخەر و سەرۆکی باندەکەیت.

کیاڕۆستەمی: لە خاڵێکی فیلمەکەدا ویستم کارەکتەری سەربازەکە وا لێبکەم سەرسامی دەرببڕێت، بەڵام چونکە نەمدەتوانی داوای ئەوەی لێبکەم، دەستمکرد بە قسەکردن بە زمانی چیکی. وتی تێناگات لەوەی کە من باسی چی دەکەم، هەر ئەوەشم لە فیلمەکەدا بەکارهێنا. لە خاڵێکی تردا، کاتێک دەمویست ڕووخسارێکی ترساوی ببینم، دەمانچەیەکم خستبووە ناو سنووقی داشبۆردەکەوە و داوام لێکرد شۆکۆلاتەیەک لە سنووقەکەدا دەربهێنێت.

ڕۆزنباوم: هەرگیز لەگەڵ ئەکتەری پیشەگەردا لە فیلمەکانی ترتدا کارت کردووە؟

کیاڕۆستەمی: تەنها لە یەک فیلمدا، ئەو پیاوەی ڕۆڵی دەرهێنەرەکە دەگێڕێت لە فیلمی [بە نێو درەختە زەیتوونیەکاندا].

ڕۆزنباوم: شتێک کە [تامی گێلاس] زۆر بەهێزەوە پیشانی دەدات ئەزموونکردنی تەنیاییە، میتۆدی تۆش لە وێنەگرتندا ئەو هەستی دابڕانە زیاتر دەکات.

کیاڕۆستەمی: لە فیلمەکەدا هەندێک ئاماژە هەن کە بەهۆیانەوە وا بیردەکەمەوە کە پیاوەکە نەیدەویست خۆی بکوژێت، کە بۆ جۆرێک لە پەیوەندی دروستکردن دەگەڕا لەگەڵ کارەکتەرەکانی تردا. ڕەنگە ئەوە یەکێک بێت لە فێڵەکانی تەنیاییەکەی، تا خەڵک پەیوەست بکات بە کێشە هەستییەکانی خۆیەوە. لە سەرەتاوە ئەو کرێکارانە هەڵناگرێت کە ڕەنگە ئامادەبن بە پاچەکەی دەستییانەوە بیکوژن؛ ئەو کەسانە هەڵدەبژێرێت کە پێیوایە دەتوانێت گفتوگۆیان لەگەڵ بکات. ئەمەش ئاماژەیە کە بۆ کەسێک ناگەڕێت یارمەتی خۆکوشتنی بدات.

ڕۆزنباوم: خاڵێکی سەرنجڕاکێش لەوەدایە کە وێنەکانت وەک مێتافۆرێک بارودۆخی بینەر بەرهەم دەهێننەوە. لە زۆرێک لە فیلمەکانتدا، دیمەنی جامی پێشەوەی ئوتومبیل دەربڕی ئەم بارودۆخەیە، لەم دیمەنانەدا بینەر بۆ شتێک دەگەڕێت بەڵام لەهەمان کاتدا هەست بە جیابوونەوەش دەکات لێی.

کیاڕۆستەمی: ئەم بارودۆخە لە ئەزموونی خۆمەوە هاتووە، ئەزموونی گەشتکردنم بە ناو تاراندا و هەندێکجاریش لە دەرەوەی شار. ئەمان دەبنە فرەیمی من، لە جامی پێشەوە تەماشای دەرەوە دەکەم و بەهۆی جامەکانی لاتەنیشتیش تەماشای پشتەوە دەکەم.

 

_______

زانکۆی ئیلینۆی پرێس ٢٠١٨

ناوی کتێب: عەباس کیاڕۆستەمی

نووسەر: میهرناز سەعید وەفا و جۆناسان ڕۆزنباوم

Related Posts

Leave a comment