[گفتوگۆ لەگەڵ کیاڕۆستەمیدا ]

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال 

گفتوگۆی دووەمی کیاڕۆستەمی لەگەڵ ڕۆزنباوم و میهرناز سەعید وەفا

مایسی ٢٠٠٠، سان فڕانسیسکۆ

ڕۆزنباوم: کەی بۆ یەکەمجار تەکنیکی تەنیا کارکردن لەگەڵ ئەکتەرەکانتدا بەکارهێنا، بەبێ هەبوونی دیالۆگی نووسراو؟

کیاڕۆستەمی: شتێکی باش بوو کە دوێنێ شەو لە فیلم فێستیڤاڵی سان فڕانسیسکۆ فیلمی گەشتیارم بینییەوە، چونکە هەموو شتەکان لەوێوە دەستییان پێکرد.

ڕۆزنباوم: ئایا سیناریۆیەکی سەرەتایت بۆ ئەو فیلمە لەبەردەست بوو؟

کیاڕۆستەمی: سیناریۆمان هەبوو، دێڕەکانیش لەنێوان ئەکتەرەکاندا دابەشکرابوو. دێڕەکانی ژنە پیرەکە و بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە دیالێکتێکی ئێرانی نووسرابوون، دێڕی دیاریکراوم دابوو بە ئەکتەرەکان و داوام لێکردن لەبەری بکەن. ژنە پیرەکە نەیدەتوانی بنووسێت و بخوێنێتەوە، تەنها بە هاوکاری نەوەیەکی توانی دێڕەکان لەبەربکات. تا ئەو کاتەی دەستمان کرد بە وێنەگرتن، هێندە باش دێڕەکان فێرببوو کە ئەوانەی بەڕێوەبەرەکەشی دەزانی. بۆیە کاتێک هەوڵماندا وای لێبکەین دێڕەکانی بەڕێوەبەرەکە لەبیر بکات و تەنها هی خۆی بڵێت، نەیدەتوانی و کێشەی هەبوو، چونکە وەک کۆمپیوتەر دێڕەکانی لەبەرکردبوو، بێ ئەوەی بزانێت مانایان چییە. لەکۆتاییدا وازمان لەو هێنا و یەکێکی ترمان دۆزییەوە تا ڕۆڵی ژنە پیرەکە بگێڕێت، یەکێک کە بتوانێت لە دێڕەکان تێبگات نەک لەبەریان بکات، لە نواندنی کارەکتەرەکەش تێبگات. لەو کاتەدا پشتمان بە دۆبلاژ بەستبوو، بەڵام بۆ ئەوەی لەگەڵ ژنەکە بە شێوەیەکی سروشتی کار بکەین، دەبوو دەنگەکە بە ڕاستەوخۆ لەو جێگەیەدا وەربگرین. ئەوە یەکەمینجار بوو ئەو کارە لە ئێران بکرێت، بێجگە لە خشت و ئاوێنەی ئیبراهیم گوڵستان [١٩٦٥]، کە هەوڵیدا هەمان تەکنیک بەکاربهێنێت و سەرکەوتوو نەبوو. گوڵستان دەیتوانی ئەو ئامێرە دەنگیانەی دەست بکەوێت کە پێویستی بوو، بەڵام زۆرینەی فیلمسازە ئێرانییەکان بۆیان هەڵنەدەسووڕا.

ڕۆزنباوم: لە فیلمی شاری غەمباری [١٩٨٩] سینەمای تایوان هەمان شت ڕوودەدات. بیستوومە [هاو هسیاو هسین] وەرگرتنی دەنگی ڕاستەوخۆی بە سینەمای تایوان ناساندووە تاوەکو تۆماری دەنگی لی تیان لوی هاوڕێی بکات، کە دواتر ژیانی بووە بابەتی فیلمی گەورەی بوکەڵە [١٩٩٣]، بەتایبەتی شێوازی لی و دیالێکتە ناوچەییەکەی. بۆیە، گەر  باش تێگەیشتبم، هەمان هۆکار هاندەربوون: ئەو خواستەی کە ڕێگە بە خەڵک بدەی بە دەنگی خۆیان  بدوێن.

کیاڕۆستەمی: ئەوەی گرنگ بوو ئەوە بوو کە لەو کاتە بەدواوە، هەر کاتێک ئەکتەرێکی ناپیشەگەرم بەکاربهێنایە، هەوڵم لەگەڵیان دەدا کە بە ئیرتیجالی کارەکە ئەنجام بدەن، بەو جۆرەی کە ئێمە ئێستا قسەی پێ دەکەین، نەک ئەوەی دێڕەکانیان پێ لەبەر بکەم. بەڵام لێرەدا کێشەکە ئەو دەنگە زبرە بوو کە بەهۆی ئامێرەکانەوە دروست دەبوون، ئامێرەکان باش پێکەوە کاریان نەدەکرد، واتە قوورس بوو لێکچوونێکی تەواو لە نێوان دەنگ و وێنەدا لە کاتی مۆنتاژدا بەدەستبێت. بۆیە دەبوو قوماشێک لە کامێراکە بپێچین تاوەکو ئەو دەنگە زبرەی کامێراکە ڕابگرێت.

ڕۆزنباوم: زۆر حەزدەکەم پرسیار لەبارەی ساتێکی دیاریکراوەی ناو فیلمی با دەمانبات [١٩٩٩] بکەم، کاتێک پاڵەوانی فیلمەکە لە کوڕەکە دەپرسێت، (پێتوایە من پیاوێکی خراپ بم؟) کوڕە لاوەکە بە شەرمەوە دەڵێت، (نا، پێموانییە تۆ پیاوێکی خراپ بیت.) کاتێک ئەم دیمەنەم بینی، وام هەستکرد کە تۆ ئەم پرسیارە دەکەیت. ئایا ئەوە ڕاستە؟

کیاڕۆستەمی: بەڵێ، من لە پشتی کامێراکە بووم و ئەو پرسیارەم لێکرد.

ڕۆزنباوم: وا دەردەکەوێت کە ئەمەش وەڵامێکی تایبەت بە کوڕە لاوەکە بێت و وەڵامدانەوەی ئەکتەرەکە نەبێت، ئەوە ساتێکی گرنگ بوو بۆ من.

کیاڕۆستەمی: دەبوو من ئەو پرسیارەی لێبکەم چونکە، بەراورد بەو ئەکتەرەی کە ڕۆڵی سەرەکی دەبینی، زۆر منی خۆش نەدەویست. بۆیە ئەو کاتەی بە پیاوێکی باش بانگی کردم زۆر قەناعەتپێکەر نەبوو! (پێدەکەنێت.)

ڕۆزنباوم: بەڵێ، زۆر شەرمی دەکرد و نائارام بوو. ئایا تەنها لە چەند دیمەنێکدا لەگەڵ ئەو کوڕە ئەم تەکنیکەت بەکارهێنا یاخود هەمیشە بەکارت دەهێنا؟

کیاڕۆستەمی: هەمیشە بەکارم دەهێنا، جگە لەو کاتانەی کە دوو کەس لە هەمان دیمەندا قسە دەکەن یاخود کاتێک کەسێک تەلەفون دەکات. لە کاتی تەلەفون کردندا، هەمیشە من یەکەم کەسم قسە دەکەم و کارەکتەرەکەش ئەوە دەڵێتەوە کە من پێی دەڵێم. لە کاتی چاوەڕێکردنی وەڵامی پرسیارەکانی گوێ بۆ ئەو شتە دەگرێت کە من دەیڵێم و ئەو تەنها دووبارەی دەکاتەوە.

ڕۆزنباوم: ئایا لە کاتی پڕۆسەی وێنەگرتنی ئەم دیمەنانەدا مۆبایلەکەت بەکاردەهێنا؟

کیاڕۆستەمی: لەوێ مۆبایل کاری نەدەکرد، جێگەیەکی دوورەدەست بوو. بۆ ئەوەی مۆبایلەکەت کار بکات، دەبوو بەسەر دوو چیادا سەربکەویت.

میهرناز: دەزانم ئەو لۆکەیشنانە بۆ تۆ زۆر گرنگن، بیستم کە دوو مانگت تەرخانکردووە بۆ گەڕان بە دوای ئەو گوندەی کە لە فیلمی با دەمانبات بەکارت هێناوە.

کیاڕۆستەمی: زیاتر. پێموابێت دوو ساڵ بە دوایدا گەڕام.

میهرناز: بە دوای چ جۆرە گوندێکدا دەگەڕایت؟

کیاڕۆستەمی: تەنها ئەوە نەبوو کە دەبوو لە کوردستان بێت. دەشمویست ئەو جێگە چاند لایەنێکی چاوەڕواننەکراوی هەبێت. وەک کارەکتەری ناو فیلمەکان کە چۆن بە شوێن لۆکەیشندا دەگەڕێن، ئاوها دەگەڕام.

ڕۆزنباوم: چۆن بیرۆکەی ئەو دیمەنەت بۆ هات کاتێک سێوەکە لە ئاستێکی گوندەکەوە بەرەو ئاستێکی خوارتر لە گوندەکە غلۆر دەبێتەوە؟

 

کیاڕۆستەمی: لە کتێبە شیعرییەکەمدا [پیاسەکردن لەگەڵ با]، کە لەم دواییانەدا لە ئێران بڵاوکرایەوە، هەرچەندە من ئێستا چاوەڕێی چاپێکی نوێم کە بەبێ هەڵە بڵاوبکرێتەوە، شیعرێکی تیایە دەربارەی ئەزموونێک کە منی گەیاندە دیمەنی ئەو سێوە. ئەم دیمەنە زۆر پێش ئەو فیلمە ڕوویدابوو. میوەفرۆشێکم بینی کە سێوی دەفرۆشت، کاتێک ویستم سێوێک هەڵبگرم، لێم کەوتە خوار و بە شەقامەکەدا غلۆر بووەوە بۆ جێگەیەک کە دوو پیاوی گەنج لێی دانیشتبوون. هەر ئەو کاتەی سێوەکە لە شوێنێک گیرسایەوە، بێ ئەوەی سەیر بکەن کە ئەو سێوە لە کوێوە هاتووە و هی کێیە، یەکێک لە پیاوە گەنجەکان هەڵی گرتەوە و بە کراسەکەی پاکیکردەوە و قەپێکی لێ گرت.

میهرناز: ئەمە ساتێکە بەهۆی فیلمەکانتەوە ئاشنایە. بیر لەو ساتە دەکەمەوە لە فیلمی کڵۆسئەپ [١٩٩٠] کاتێک پیاوەکە شەقێک لە قوتووەکە دەدات و لەسەر قیرەکە غلۆری دەکاتەوە.

کیاڕۆستەمی: شتێکی لەو جۆرەش لە یەکەمین دیمەنی فیلمی یەکەممدا هەیە، نان و کۆڵان [١٩٧٠]، لە فیلمی چارەسەریش [١٩٧٨]، کاتێک پیاوێک تایەیەک بە جادەیەکدا غلۆر دەکاتەوە.

ڕۆزنباوم: بۆ من، دیمەنی سێوەکە لە فیلمی با دەمانبات ئەوەم پێدەڵێت کە گوندەکە سترەکتۆرێکی شاراوەی هەیە بۆ بێگانەکان. بۆیە دەمەوێت بپرسم، ئەگەر تۆ دوو ساڵت بۆ گەڕان بە دوای ئەو گوندەدا بەسەر بردبێت، ئایا بە دوای چییەوە بوویت؟

کیاڕۆستەمی: بە دوای گوندێکدا دەگەڕام کە دیزاینێکی تەلارسازیی نامۆی هەبێت، شتێک کە نامۆ دەربکەوێت هەم بۆ بینەر و هەم بۆ ئێمەش، پێشنیاری نامۆییەک بکات کە پرسەی ماتەمینی ئەو ناوچەیە پیشان بدات. کاتێک ئەو گوندەم دۆزییەوە، هێندە دوورەدەست بوو کە لە کاتی گەڕانەوەمان بۆ ئەو جێگەیە تا دەست بە وێنەگرتن بکەین، لە دۆزینەوەیدا کێشەمان بۆ دروست بوو.

ڕۆزنباوم: ئەم گوندە هاوشێوەی ئەو گوندەیە کە کوڕە منداڵەکە لە فیلمی ماڵی هاوڕێکەم لەکوێیە [١٩٨٦] تیایدا دەسووڕێتەوە، لەو خانووانەی بە ناجێگیری لە پەنایەکی گردەکەدا پێکەوەلکاون.

کیاڕۆستەمی: ئەوە خەسڵەتێکی باوە و لەو ڕۆژانەوە سەرچاوە دەگرن کاتێک گوندییەکان خانووەکانیان بەو جۆرە دروست دەکرد تا خۆیان لە هەموو شتێک بپارێزن، بۆ نموونە تاوەکو باران بتوانێ جۆگەلە دروست بکات.

میهرناز: [لە تاران] باسی ئەو جۆرە ئەزموونانەت بۆ کردم کە هەتبوون و بەرەو نووسینی شیعریان بردیت. دەتوانیت زیاتر قسە لەبارەی ئەو ئەزموونانەوە بکەیت؟

کیاڕۆستەمی: ئەو کاتە بەرەو شیعر چووم کە دەستم بە دروستکردنی فیلم کردبوو. هەندێک سرووشم لە دیالۆگەکانەوە بۆ هات، بەڵام پێچەوانەکەشی ڕاستە، هەندێک کات شیعر سرووش بوون بۆ دیالۆگەکان. شیعرەکەی فروغی فروغزاد کە لە فیلمەکەدا بەکارمهێناوە، کاتێک ئەمجارە خوێندمەوە، مانای زیاتری هەبوو وەک لە پێشتر. دەمتوانی فەلسەفە و تێماکانی ببینم کە نزیک بوون لە فەلسەفەی ژیان و مردنی عومەر خەیام.

ڕۆزنباوم: لە چ ڕوویەکەوە؟

کیاڕۆستەمی: هەردووکیان تێڕوانینێکیان هەبوو دەربارەی مردن کە ئەویش ئەوەیە ژیان شتێکی کاتییە، بۆیە دەبێت چێژ لە ژیان وەربگریت ئەو کاتەی دەتوانیت. فروغ تەنها سی و دوو ساڵ دەبێت کاتێک دەمرێت، ئەم شیعرەشی کاتێک نووسیووە کە تەمەنی سی ساڵ بووە. تێڕوانینێکی هەبوو بەوەی کە ژیان چەندە تێپەڕ و کاتییە.

ڕۆزنباوم: خاڵێکی گرنگی ئەم دیمەنە ئەوەیە کە ئەم شیعرە بۆ ژنێک دەوترێت کە مانگا دەدۆشێت و تاکە دیمەنیشە لە فیلمەکەدا لە ژوورەوە وێنەیگیرابێت، هەموو دیمەنەکانی تر لە دەرەوە وێنەیان گیراوە. پێشموایە ئەمە لە دواهەمین فیلمەکانتدا گرنگە، بە نزیکەیی هیچ دیمەنێک لە ژوورەوە وێنەی نەگیراوە، مەگەر ئەو دیمەنانەی کە لە ناو ئوتومبیلا وێنەت گرتبن، ئەگەر ئەوانە بە دیمەنی ناوەوە هەژمار بکەین.

کیاڕۆستەمی: دەمویست تاریکییەکی ناوەوە پیشان بدەم، تەنها شوێنێک نا کە سەقفێکی هەبێت بەڵکو شوێنێک کە تاریک بێت و لە ژێرزەمیندا بێت.

ڕۆزنباوم: دیمەنێکی زۆر بەهێزە چونکە لەگەڵ ئەو کونەدا دێتەوە کە دەزگیرانی ئەو ژنەی تیایە و لەسەر گردەکە هەڵیدەکەنێت.

کیاڕۆستەمی: بەڵێ، ئەوە بیرۆکەکە بوو. مردن تێمای چەسپیووی فیلمەکەیە. بۆیە ئەو دیمەنەم لەو جێگە تاریکە و لەو ژێر زەویەدا گرتووە، نەک لە ناو ماڵێکدا.

ڕۆزنباوم: یەک بیرۆکەی سەرنجڕاکێشی تر کە لە چەند فیلمی دوایتدا بەریانکەوتووم ئەوەیە کە لە ژوورەوەبوون مانایەکی نهێنی هەیە و لە دەرەوەبوون مانای گشتی بوون. لە ناو ئوتومبیلدا بوون بە جامی کراوەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەم لە ناوەوە بوون و هەم لە دەرەوە بوونە، بە هەمان شێوە هۆڵی نمایشی فیلم هەم شوێنێکی گشتییە و هەم تایبەتیشە، چونکە هەموو کەس فیلم لەگەڵ بینەرەکانی تر دەبینێت و وەک تاکیش، وەڵامدانەوەیەکی کەسیی هەیە. دەتوانین بڵێین کە هەمان شاراوەیی لە جیاکردنەوەی گشتیی بوون و کەسیی بووندا لە ناو هۆڵێکی نمایشی فیلمدا هەیە.

کیاڕۆستەمی: دەبێت بیری لێ بکەمەوە. ئەوە بیرۆکەی ڕەخنەگرێکە. ڕەنگە بە جۆرێکی نائاگا بیرم لە شتێکی لەو جۆرە کردبێتەوە، بەڵام قورسە وتنی.

ڕۆزنباوم: چیرۆکێکی ئەخلاقیی ئەفڵاتوون هەیە کاتێک سێبەری سەر دیواری ئەشکەوتێک دەبینێت وەک نمایندەی واقیع. دەکرێت وەک جۆرێک لە میتافۆڕ بخوێنرێتەوە دەربارەی سینەما و ئەو دیمەنەش ئەو میتافۆڕەم دەهێنێتەوە یاد.

کیاڕۆستەمی: مەبەستی من لەم فیلمەدا و لە فیلمەکانی پێشتریشمدا ئەوەیە ئەو ئاماژانەی ژیانی واقیع پیشان بدەم کە بینەر هەستی پێ دەکات، بەڵام بیری لێ ناکاتەوە. بە گشتی هەرشتێک لە کامێراوە ببینرێت ڕوانینی بینەر سنووردار دەکات بۆ ئەو شتەی لە لێنزەکەوە دیارە، کە هەمیشە زۆر لەوە کەمترە کە بە چاوەکانمان دەیبینین. گرنگ نییە چەندە شاشەکانمان فراوان بکەین، هێشتا بەراورد ناکرێت بەو شتانەی کە چاوەکانمان لە ژیاندا دەیبینن. تەنها ڕێگەیەکی دەرچوونیش لەم کێشەیە دەنگە. گەر ئەو ڕاستییە پیشانی بینەر بدەیت کە دیمەنی فیلمێک وەک تەماشاکردنە لە کونی دەرگاوە یان کە ئەوەی دەیبینن تەنها تێڕوانینێکی سنووردارە لە دیمەنێکدا، ئەوکات بینەر دەتوانێت خەیاڵی بکات، خەیاڵی ئەو شتانەی لە پشتی ئەوەوەیە کە چاوەکانی دەیگاتێ. لەو کاتەدا بینەریش مێشکێکی داهێنەرانەیان دەبێت. بۆ نموونە ئەگەر ئێمە هیچ شتێک نەبینین بەڵام دەنگی ئوتومبیلێک ببیستین کە لەناکاو ئیستۆپ دەگرێت و پاشان بەر شتێک دەکەوێت، ئێمە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وێنەیەکی ڕووداوەکەمان لە چاوی مێشکمانەوە لەبەردەستە. بینەر هەمیشە خواستی زانین و خەیاڵکردنی ئەو شتەی هەیە کە لە دەرەوەی سنووری بینیندایە، ئەمە هەمیشە لە ژیانی ڕۆژانەدا بەکارهاتووە. بەڵام گەر خەڵک لە هۆڵێکی شانۆ ڕاهێنران کە خواستی زیاتریان نەبێت و خەیاڵیان نەبێت و زۆر بە سادەیی ئەوە وەربگرن کە دەیاندرێتێ، ئەمە ئەو شتەیە کە من دەمەوێت بیگۆڕم.

ڕۆزنباوم: دەپرسم کە ئەگەر ئەوە کلیلی جیاوازی تێگەیشتنی دەنگی فیلمی [با دەمانبات] بێت. لەم فیلمەدا سنووری ئەو شتەی دەیبیستین زۆر فراوانترە لە سنووری ئەوەی دەیبینین، بەمەش ململانێی ئەم دووانە زۆر زیاترە لە چاو فیلمەکانی ڕابردووتدا. ئەوە ڕاستە؟ لە خامەکەدا ئەوەی دەیبیستین زۆر زیاترە؟

کیاڕۆستەمی: دەنگ دەبێت ڕۆڵی ئەو شتە لەبارچاو بگرێت کە دیار نییە. لە تەواوی ئەم فیلمەدا قورس بوو بتوانین شتێک پیشان بدەین بێ پیشاندان، پیشاندانی ئەو شتەی کە نادیارە، لە مێشکی خەڵکدا پیشانی بدەین نەک لەسەر سکرین. هەروەها دەمانویست دژی ئەوە بوەستینەوە کە فیلمە ڕۆژانەییە کەیف بەخشەکان دەیکەن، مەیلی پیشاندانی هەموو شتێک بە بینەر تا خاڵی ڕووتبوونەوە. مەبەستم ڕووتبوونەوەیەکی سێکسی نییە، بەڵکو ڕووتبوونەوە بە مانای پیشاندانی نەشتەرگەری دڵێکی کراوە بە هەموو وردەکارییە توندوتیژەکانییەوە. هەستدەکەم هەرکاتێک بینەر سەری سوڕاند و چاوەکانی لادا، ئەمانە دیمەنی ناپێویستن کە پیشاندراون. ڕێگای من بۆ خستنە فرەیمی ڕووداوەکان لەڕاستیدا وا لە بینەر دەکات هەستێتە سەرپێ و ملی درێژ بکات تاوەکو هەوڵبدەن ئەو شتە ببینن کە من پیشانیان نادەم! دیمەنی هاوشێوە لە فیلمەکانی [هاو هسیاو هسین]دا هەن کاتێک کارەکتەرێک پیشان دەدات دیارنامێنێت لە فرەیمەکەدا بەڵام هێشتا قسە دەکات، دەشزانیت کە کارەکتەرەکە هێشتا لەوێیە، ئەگەر تەنها هەستی پێ بکەیت، یاخود بیبیستی. تەنها وەکو یەکێک کە لە دەرگاکەی تەنیشتەوە بێت لە حەمامەکەدا، نایانبینیت، بەڵام دەزانیت کە لەوێن. لەم کاتەدا بینەر هەست بە ئامادەیی کارەکتەرێک دەکات بێ ئەوەی بیبینێت.

ڕۆزنباوم: ئەمە وەک بیرۆکەکەی [ڕۆبێرت بریسۆن] وایە کە دەڵێت هەر کات توانیت، دەبێت جێی وێنەیەک بە دەنگ دەگریتەوە.

کیاڕۆستەمی: لەڕاستیدا من هەموو فیلمەکانی بریسۆنم لەبەر ئەو هۆکارە دیاریکراوە تەماشاکردووە و لێی وردبوومەتەوە. ئەوە ڕاستە کە جیهان چۆتەوەیەک و شتەکان زیاتر و زیاتر لە یەک دەچن چونکە زۆر شت ئاڵوگۆڕی پێکراوە. هەموو شتێک بە جیهانی کراون: بۆ نموونە، کاتێک لەم دواییانەدا لە ئەفریقا بووم، دەگەڕام تا هەندێک دیاری لەگەڵ خۆم ببەمەوە، بەڵام بە گشتی هەر ئەو شتانەم دەبینی کە لە پاریس و شوێنەکانی تر بینیبووم. شتەکان وا دەردەکەون کە ئەو تایبەتمەندییە دیاریکراوانەی خۆیان لەدەست دابێت کە ناوچەیەک و نەتەوەکانی لە یەکتری پێ جیا دەکردەوە. تەنها جیاوازییەک لەو یاسایەدا، خۆشبەختانە، سروشتی مرۆڤە. هەندێک یاسای دیاریکراو هەن کە حوکومداری گەشەکردنی درەختەکان دەکەن: پێویستیان بە ڕووناکیی، ئاو، گڵ و هەوایە. بە هەمان شێوە، کۆمەڵێک شت هەن کە خەڵکی پێویستیانە. لە بەختی ئێمە هەموو شتە ڕووکەشەکان هێندەی تر ڕووکەش بوون کە تەنها ئەو سروشتەی ئینسان پەنامان دەدات کە قوڵییەکی تێدایە.

میهرناز: ئەو پەیوەندییەی تۆ باستکرد پێشتر لە نێوان شیعر و فیلمەکانت زۆر ڕوون نەبوو. وا تێگەیشتم هەندێک لە شیعرەکانت کاریگەری هەبووە لەسەر دیالۆگی فیلمەکانت.

کیاڕۆستەمی: شیعرەکانم لە مێشکمدان و وەک دیمەنێک لە فیلمێکدا دێنە لام: پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوان ئەم دیمەنانەدا نییە، زیاتر لە زنجیرەیەک دیمەنی لێکپچڕاو دەچن. لە خەیاڵمدا بەکاریان دەهێنم، بەڵام لە دیالۆگی فیلمەکانمدا نا.

ڕۆزنباوم: کەی دەستت کرد بە نووسینی ئەو شیعرانە؟

کیاڕۆستەمی: بیرم نایەت، بەڵام ڕەنگە بیست ساڵێک لەمەوبەر. (بە دەنگی بەرز دەیخوێنێتەوە.) “جوانوویەکی سپی\ لە تەمەکەوە دەردەکەوێت\ پاشان دیارنامێنێت\ لە نێو تەمەکەدا.” بە گشتی تیشک دەخەنە سەر چرکەساتێک. یاخود ڕووبەڕووبوونەوەیەک: “ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توڕە لە نێوان دوو سۆزانیدا\ کڵێساکە جێدەهێڵن\ لە دوانیوەڕۆی یەکشەممەدا. “

ڕۆزنباوم: باشترین لە کورتە فیلمەکانت لای من فیلمی ڕێکی و ناڕێکییە [١٩٨١]، دەپرسم ئاخۆ چۆن ئەو فیلمەت دروستکرد؟

کیاڕۆستەمی: کاتێک بۆ سەنتەری ڕۆشنبیری گەشەپێدانی لاوان و مناڵان [کانون] کارم دەکرد ، بەڕێوبەرێک نەبوو کە زۆرمان لێ بکات فیلمێکی دیاریکراو دروست بکەین. بەڵام سەرنجماندا زۆرینەی فیلمەکانی ئەو کات بۆ منداڵ شیاو نەبوون، بۆیە بڕیارماندا فیلمی پەروەردەیی دروست بکەین دەربارەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی منداڵان. کەتەلۆگی فیلمێکی کەنەدیم دۆزییەوە کە زانیاری دەربارەی زیاتر لە هەزار و چوارسەد فیلمی پەروەردەیی تیابوو، هەندێکیشیان کاری نۆرمان ماکڵارین بوون. منیش ئەوەم وەک خاڵی دەستپێک بەکارهێنا بۆ بیرکردنەوەی لە ئایدیای فیلمەکانی خۆم. یەکێک لە بیرۆکەکانم ئەوەبوو کە بۆچی گرنگە پیشانی منداڵی بدەین کە بە باشی لێخوڕین گرنگە، لێخوڕینی خراپ زیانەکانی چییە، یاخود پیشانیان بدەین کە بۆچی گرنگە ددانیان بشۆن. کاتێک تۆ خەو دەتباتەوە، بۆچی دەبێت ئەو مەعجونی دانە ناخۆشە بخەیتە سەر فڵچەکەت و پاشان بیخەیتە دەمتەوە؟ چونکە یاسای لەم جۆرە بە گشتی لە ئێران گرنگی پێنادرێت. دەتوانین بڵێین کە ئەم فیلمە دەستپێکی زنجیرەیەک کارە کە پیشانی دەدات بۆچی ڕێکی لە ناڕێکی باشترە.

دوو چارەسەر بۆ کێشەیەک [١٩٧٥] لە هەمان بیرۆکەوە دروستبوو، هەمان بیرۆکەش لە سیمیناری (دیالۆگی نێوان شارستانیەتەکان)دا هەیە، کە یەکەم سیمیناری گەورەیە لەگەڵ فیلمسازانی نێونەتەوەیی لە فێستیڤاڵی فیلمی فەجری ئەمساڵدا سازدراوە. ئەمە بیست و پێنج ساڵ پێش ئێستا پێشنیارکرا کە وتمان چارەسەر بۆ ڕێکنەکەوتن ئەوەیە کە دیالۆگت هەبێت. بەهەر حاڵ، لەو کاتەدا بیرم لە دروستکردنی فیلمی هونەری یاخود شتێکی شیعریی نەدەکردەوە. بەڵام چونکە کارەکان بۆ منداڵ بوون و منیش دەبوو زمانێکی سادە بەکاربهێنم، ئەم فیلمانە فۆڕمی خۆیان دۆزییەوە و وەڵامێکی گونجاو بوون بۆ ناوەڕۆکەکە. چونکە ئامانجەکە ئاشکرابوو و زمانەکەش سادەبوو، فۆڕمەکە بووە کارێکی هونەری.

ڕۆزنباوم: لەم فیلمەدا پەیوەندییەکی پەنهان لەنێوان فیکشن و دۆکیومێنتاریدا هەیە کە لە کارەکانی داهاتووشتدا دووبارە دەبنەوە. کاتێک گوێت لە تیمی کامێراکە دەبێت ڕەخنەیەکی ئیستاتیکی دەگرن لەو شێوازەی دیمەنێکی پێ وێنەدەگیرێ، کاتیێک وێنە ئەو منداڵانە دەگریت کە بە شێوازێکی ڕێک یان ناڕێک سوار پاسەکە دەبن، ڕوون نییە تا چ ڕادەیەک ئەم فیلمە دۆکیومێنتەرییە یاخود تەنزگرتنە لە ڕەفتاری فیلمسازەکان. لەڕاستیدا زیاتر هاوشێوەی دیمەنەکانی دەستپێکی فیلمی با دەمانبات و قسەکانی دەرەوەی سکرینەکەیە، بە هەمان شێوەش پێکەنین هێنەرن.

کیاڕۆستەمی: من خۆم ناتوانم پێناسەی جیاوازی نێوان دۆکیومێنتەری و فیلمێک بە گێڕانەوەوە بکەم. بۆ نموونە، کڵۆسئەپ فیلمێکە کە پشتی بە ڕووداوێکی واقیعی بەستووە، بە کارەکتەرە واقیعیەکان و لۆکەیشنە واقیعیەکانەوە، کە ئەمەش وا دەکات وەک دۆکیومێنتەرییەک هەژمار بکرێت. بەڵام چونکە هەموو شتێکی دروست کردۆتەوە، کەواتە دۆکیومێنتەری نییە، بۆیە نازانم کە بیخەمە کام بەشەیانەوە. تەنانەت کارێکی فۆتۆگرافیش دەتوانێت چیرۆکێکت بۆ بگێڕێتەوە، ئەو ڕاستییەشی کە تۆ دیمەنێکیت هەڵبژاردووە و دیمەنەکانی ترت سڕیووەتەوە، یاخود هەڵبژاردنی لێنزێک لەبری لێنزێکی تر، ئەوە پیشان دەدات کە تۆ کارێکی تایبەتت کردووە و بەو فۆتۆگرافە چیرۆکێکت گێڕاوەتەوە: تۆ دەست لە واقیع وەردەدەیت. ڕۆژێک کە لە خۆم دەپرسی، ئایا بەڕاستی دۆکیومێنتەری چییە، بەراورد بە جۆرەکانی تری فیلم کە ئێمە دروستیان دەکەین؟ لەکۆتاییدا بڕیارمدا کە ئەگەر تەنها کامێرایەک ببەستیتەوە بە شاخی گایەکەوە و لە کێڵگەیەکدا بەڕەڵای بکەیت لە تەواوی ڕۆژەکەدا، لە کۆتایی ڕۆژەکەدا دەکرێت فیلمێکی دۆکیومێنتاریت لەبەردەست بێت. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئێمە شوێنەکەمان هەڵبژاردووە و ئەو جۆری لێنزەش کە بەکاری دەهێنین.

ڕۆزنباوم: لەگەڵ جۆری گایەکە.

کیاڕۆستەمی: یاخود ئەگەر ڕۆژێکی هەوراوی بێت یاخود هەتاو. لە مێشکی مندا، جیاوازییەکی وا نییە لە نێوان دۆکیومێنتەری و فیکشن وەک لەو جیاوازیەی کە هەیە لە نێوان فیلمی باش و فیلمی خراپدا.

میهرناز: حەز دەکەم دەربارەی ئەزموونەکانی سەرەتات لە دروستکردنی کاری ڕیکلام و دیزاینکردن و دروستکردنی پێشەکی فیلم بزانم، ئایا هیچ کاریگەرییەکیان هەبووە لەسەر فیلمەکانی دواترت. لەم دواییەدا یەکێک لەو کارانەتم بینی و پێموابوو کە دیزاینەکەی زۆر لە تایبەتمەندی کارەکانت دەچێت.

کیاڕۆستەمی: دەکرێت بڵێیت کە ماوەی کارکردنم لە کاری ڕیکلامدا هیچ کاریگەرییەکی نەبووە لەسەر فیلمەکانی داهاتووم. بەڵام دواتر، ئەگەر لە نزیکەوە لێی وردبیتەوە پەیوەندی و کاریگەری دەدۆزیتەوە. ئەگەر ڕەچاوی پێشەکی فیلمەکان بکەین، یەکێک پێی وتم کە (دیمەنی یەکەم لە فیلمی [با دەمانبات] دیمەنێکی یەکەمین فیلممی دووبارە کردۆتەوە). وتم لەڕاستیدا ئەم دیمەنە لە ڕێگا پێچاوپێچاکەی فیلمی ماڵی هاوڕێ لەکوێیە دەستیپێکرد، بەڵام هاوڕێکەم ئاماژەی بەوەدا کە لە یەکەمین فیلممدا، نان و کۆڵان، ئەگەر لە گۆشەیەکی سەرەوە تەماشای کۆڵانەکە بکەیت، ئەو کۆڵانەی منداڵەکە تیایدا ڕادەکات بە هەمان شێوە پێچاوپێچە. لەڕاستیدا، پێموایە ئەو وێنەیە هەمیشە لە مێشکمدا بووە بەڵام بە نائاگایی دێنە ناو فیلمەکانەوە. بۆیە ڕەنگە شوێنەواری فیلمە ڕیکلامییەکانم لە فیلمە نوێیەکانمدا بدۆزیتەوە، بەڵام شوێنەوارێک نا کە بە ئاگاییەوە دامنابێت.

ڕۆزنباوم: ئاخۆ هەرگیز خواستت لەسەر کۆمیک هەبووە. ئەو ڕێگایەی کە تۆ دیالۆگ لە دەرەوەی سکرینەکە بەکاردەهێنیت لە دیمەنی درێژی ئوتومبیلەکاندا هەندێک لەو فیلمانەم بیردێننەوە.

کیاڕۆستەمی: ڕاستگۆبم لەگەڵت، بیرم نایەت زۆر خوێندبێتمنەوە یاخود بەلامەوە گرنگ بووبن.

میهرناز: وا دەردەکەوێت جوڵەیەکی بەردەوام هەیە لە فیلمەکانتدا کە لە گێڕانەوەوە دووربێت. ئایا ئەمە بەرەوپێشچوونێکە کە خۆت لێی بەئاگایت؟ لە فیلمی ڕاپۆرت [١٩٧٧]، هەموو شتێک وا دەردەکەوێت کە بەسترابێتەوە بە چیرۆکێکی دیاریکراوەوە.

کیاڕۆستەمی: ئەو شێوازە پەیوەستە بەو کاتەوە کە فیلمەکەم تێدا دروستکرد. شۆڕشێکە لە دەرەوە نا بەڵکو لە ناخی خۆمدا، چونکە لەو کاتەدا لە هاوسەرگیرییدا بووم و هەمان کێشەی [پاڵەوانی فیلمەکەم] هەبوو. هەمیشە لە ژوورەوە بووم، کامێراکە لە ژوورەوە بوو، بۆیە ئەو کارە تەواو جیاوازە.

میهرناز: لەم کارەدا ئەکتەری پیشەگەر بەشدارییان کرد؟

کیاڕۆستەمی: نا، لەگەڵ ئەکتەری پیشەگەردا کارم نەکرد. [شوهرە ئەغداشلو] پیشەگەر نەبوو، ئەوە یەکەمین فیلمی بوو، [کوروش ئەفشارپەنا]ش بە هەمان شێوە پیشەگەر نەبوو. کەسیان پیشەگەر نەبوون.

میهرناز: ئایا ئەوە ڕاستە گەر بڵێین کە فیلمی ڕاپۆرت زۆر نزیک بوو لەوەی لەو کاتەدا لە ئێران ڕووی دەدا، جیاواز لە فیلمەکانی دواترت؟

کیاڕۆستەمی: بەڵێ، بەڵام ئەوە خۆی ڕوویدا، نەک بە ئاگاییەوە ئەو کارەم کردبێت. چونکە نەمدەویست کارەکەم یاخود ڕۆڵەکەم بگۆڕم. ئەگەر حەز بە زانینی ئەوە بکەیت لە نێوان فیلمی ڕاپۆرت و فیلمەکانی دواترمدا چی ڕوویدا، بۆ من ئەوەیە کە تێڕوانینی خۆم دەربارەی ژیان گۆڕی. چیتر وەک پێشتر لە ژوورەوە نەبووم، هەمان کێشەشم نەبوو. لەگەڵ منداڵدا کارم دەکرد، بۆیە ئێستا زۆر لە مناڵەوە نزیکترم، زیاتریش لە سروشت و دیمەنی سروشتییەوە نزیکم. لەو کاتەدا فۆتۆگرافەر نەبووم، بەڵام ئێستا فۆتۆگرافەرم. زۆر شت لە ژیانی تایبەتیمدا گۆڕا. لە ماڵەکەی خۆمدا دەژیم. پێشتر خێزانەکەم لە چوار کەس پێکهاتبوو. ئێستا من تەنیام، خۆم بە تەنیا دەژیم. بۆیە هەر سەردەمێک شتێک لە ڕێگای تۆدا دەگۆڕێت، لە شێوازی تۆ، لە سینەمای تۆدا و هەروەها لە تێڕوانینی تۆ دەربارەی ژیان.

ڕۆزنباوم: شتێکی نامۆ کە سەرنجی منی ڕاکێشا لە لە فیلمی کەیسی ژمارە یەک، کەیسی ژمارە دوو [١٩٧٩]دا ئەو فۆڕمە شەڕخوازانەیە کە تیایەتی، بەڵام لە کۆتاییدا ئەم فۆرمە وەک شتێک دەردەکەوێت کە دواتر زیادکرابێت، وەک بیانوویەکە کە پەیوەندییەکی زۆری بە فیلمەکەوە نەبێت. ئەو هەلومەرجەی کە خوێندکارەکان ڕاپۆرت لە دژی یەک دەدەن یاخود پێکەوە سوێندی بێدەنگ بوون دەخۆن، کێشە بۆ هەموو ئەو کەسە گەورانە دروست دەکات کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکرێت و بەدڵنیاییەوە وایان لێ دەکات قسە بکەن. بەڵام بەشی دووەمی فیلمەکە وەڵام لەوانەوە وەرناگرێت، ئەم جیاوازییەش تەواو هەستی پێ دەکرێت.

کیاڕۆستەمی: بەشی یەکەم لەڕاستیدا یارییەک بوو، بیانوویەک بوو بۆ ڕووداوەکانی دواتر و هاتنە قسەی خەڵکەکان. جۆرێک لە هاوکێشەی بیرکاری هەیە لە قوتابخانە کە بەشی یەکەم پەیوەندیدار نییە بە بەشی دووەمەوە، بەڵام هێشتا بەکاری دەهێنیت تاوەکو خاڵێک بپێکیت. بە پیاوێک دەست پێ دەکەیت کە دەیەوێت پەنجا پرتەقاڵ بفرۆشێت، پاشان لە ناکاو دەپرسیت کراسەکەی چ ڕەنگە. بۆیە چیرۆکێک کە تیشک دەخاتە سەر منداڵ لێرەدا کۆتایی پێدێت تاوەکو کەسە گەورەکان پەیامەکەیان پێ بگات. گفتوگۆکانیشم لەگەڵ ئەو خەڵکانەدا وایکرد ئەو ڕاستییە ئاشکرا بێت کە ئەوانەی نەزانن و تێگەیشتنی تەواویان نییە دەربارەی ژیانی کۆمەڵایەتی پێویستیان بە جۆرێک لە حوکومدار هەیە تاوەکو دەستیان بەسەردا بگرن و پێیان بڵێن چی بکەن و چۆن بژین، چونکە خۆیان ناتوانن بڕیاری خۆیان بدەن لەوەی چی ڕاستە یاخود چی هەڵەیە.

_____

سەرچاوە: 

زانکۆی ئیلینۆی پرێس ٢٠١٨

ناوی کتێب: عەباس کیاڕۆستەمی

نووسەر: میهرناز سەعید وەفا و جۆناسان ڕۆزنباوم

Related Posts

Leave a comment